ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، لە وتارێکدا رایگەیاند کە جیهان لە قۆناغی گۆڕانکاری ریشەییدایە و سەردەمی فەرمانکردن بەسەرچووە. 

پوتن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە داڕمانی هەژمونی رۆژئاوا "تەنها مەسەلەی کاتە" و سیستەمی فرەجەمسەری لە جیهاندا دەرەنجامێکی راستەوخۆی هەوڵەکانی رۆژئاوایە بۆ پاراستنی ئەو هەژموونە.

پوتن ئاماژەی بەوەدا: "ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە هەموو شتێک بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕێت و پێویستە ئامادەی هەموو ئەگەرەکان بین." هەروەها وتیشی کە چیتر هیچ هێزێک لە جیهاندا ناتوانێت بەسەر هەموواندا فەرمان بسەپێنێت و هەر بڕیارێکی تاکلایەنە کە بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکە لەبەرچاو نەگرێت، سەرکەوتوو نابێت.

سەرۆکی روسیا رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت و وتی کە هەوڵدەدەن خۆیان بسەپێنن و لە رێگەی زیادکردنی گرژییەکانەوە هاووڵاتیانی خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن. ئەو جەختی کردەوە کە هاوسەنگی جیهانی بەبێ بەشداری روسیا مەحاڵە و وتی: "دوژمنانمان هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی لە رێگەی سزاکانەوە ملکەچمان بکەن."

پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوا و ناتۆ:

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا، پوتن ئاشکرای کرد کە روسیا کراوەیە بۆ هاریکاری، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا نایانەوێت دەستبەرداری سیاسەتی فەرمانکردن بن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پوتن باسی لەوە کرد کە روسیا دووجار ئامادەیی خۆی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانیی ناتۆ دەربڕیوە، بەڵام داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە.