ئەمڕۆ، 8ی 11 /2025، 36 ساڵ بەسەر ئەو شەوە مێژووییەدا تێدەپەڕێت تێیدا دیواری بەرلین، کە وەک هێمای دابەشبوونی جیهان لە سەردەمی شەڕی سارددا دەبینرا، روخێنرا. ئەم دیوارە بۆ ماوەی 28 ساڵ نەک تەنها شارێکی دابەشکرد، بەڵکو بووە سنورێکی بەرجەستە لەنێوان دوو ئایدۆلۆژیای دژ بەیەک: سەرمایەداریی رۆژئاوا و کۆمۆنیزمی رۆژهەڵات. چیرۆکی ئەم دیوارە، چیرۆکی دابڕان، هیوا و دواجار سەرکەوتنی ئیرادەی مرۆڤە بەسەر بەربەستەکاندا.
دیواری بەرلین تەنها کۆمەڵێک بلۆکی کۆنکرێتی نەبوو، بەڵکو برینێکی قووڵ بوو کە بۆ ماوەی28 ساڵ جەستەی نەتەوەیەک و دڵی هەزاران خێزانی لەت کردبوو. لە 13ی ئابی 1961، حکومەتی ئەڵمانیای رۆژهەڵاتی ژێر هەژموونی سۆڤیەت، بە شەوێک قەڵایەکی دروست کرد کە هاوڕێی لە هاوڕێ، برای لە برا و دایکی لە رۆڵەکانی جیاکردەوە. ئەم دیوارە بووە زیندانێکی گەورە بۆ ملیۆنان کەس کە خەونیان بە ئازادییەوە دەبینی و بووە سیمبولی بەرجەستەی "پەردەی ئاسنین" و جەنگی سارد.
هۆکاری دروستکردنی دیوارەکە:
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی 1945، ئەڵمانیای دۆڕاو لە کۆنفرانسەکانی یاڵتا و پۆتسدامدا کرایە دوو ناوچە و بەسەر چوار هێزدا دابەشکرا: رۆژهەڵات بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، و رۆژئاوا بۆ ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا. شاری بەرلین، هەرچەندە بە تەواوی دەکەوتە ناو بەشەکەی سۆڤیەتەوە، بەڵام ئەویش بەهەمان شێوە دابەشکرا.
ئەم دۆخە بووە هۆی دروستبوونی دوو دەوڵەتی ئەڵمانی: کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی (ئەڵمانیای رۆژئاوا) و کۆماری دیموکراتیی ئەڵمانیا (ئەڵمانیای رۆژهەڵات). بەرلینی رۆژئاوا وەک دوورگەیەکی سەرمایەداری لەناو دەریایەکی کۆمۆنیستیدا مایەوە، خاڵێک کە نیکیتا خرۆشۆڤ، سەرکردەی سۆڤیەت، بە "ئێسکێک لە قوڕگی سۆڤیەتدا" وەسفی کرد.
بۆشایی گەورەی ئابووری و سیاسی لەنێوان هەردوو بەشەکەدا بووە هۆی شەپۆلێکی گەورەی کۆچکردن لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا. تا ساڵی 1961، نزیکەی 3 ملیۆن ئەڵمانیی رۆژهەڵات، کە زۆربەیان کرێکاری شارەزا، پزیشک و مامۆستا بوون، بەرەو رۆژئاوا هەڵهاتبوون. تەنها لە 11 رۆژی یەکەمی مانگی ئابی 1961دا، 16هەزار کەس سنووریان بەزاند.
لە بەرەبەیانی 13ی ئابی 1961، خەڵکی بەرلین بەدیمەنێکی چاوەڕواننەکراو خەبەریان بووەوە؛ حکومەتی کۆمۆنیستیی ئەڵمانیای رۆژهەڵات دەستیکردبوو بە دروستکردنی دیوارێکی تەلبەند و کۆنکرێتی، کە بە رەسمی ناوی "قەڵغانی دژە فاشیزم"ی لێنرابوو. بەڵام ئامانجی سەرەکی، رێگرتن بوو لەو لێشاوی کۆچکردنە.
لەناکاو، خێزانەکان دابڕان، کرێکاران لە کارەکانیان دوورکەوتنەوە و دەرگای نێوان رۆژهەڵاتی سۆسیالیستی و رۆژئاوای ئازاد بۆ ماوەی 28 ساڵ داخران. ژیان بە تەواوی گۆڕا.
ژیان لە پشتی دیوارەوە: ٢٨ ساڵ دابڕان:
ژیان لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات کەوتە ژێر چاودێریی توندی پۆلیسی نهێنی "ستازی". وەک خانمێک کە دوای رووخانی دیوارەکە سەردانی رۆژئاوای کردبوو دەیگێڕێتەوە، "بۆ ماوەی 28 ساڵ بوو خەیارێکی تازەم نەبینیبوو" و سەرسام بوو بە بینینی فرۆشگاکانی پڕ لە سەوزە و میوەی فرێش. خێزانەکان خەونیان بە بینینی پاریسەوە دەبینی و بە ئۆتۆمبێلە بچوکەکانی جۆری "ترابانت" و بە ساندویچی ماڵەوە گەشتێکی دوو رۆژەیان بۆ ئەوێ دەکرد.
سەرەڕای مەترسییەکان، زیاتر لە پێنج هەزار کەس، لەنێویاندا 600 پاسەوانی سنوور، توانییان لە رێگەی سەرسوڕهێنەرەوە هەڵبێن: بازدان لە پەنجەرەوە، خۆهەڵواسین بەسەر تەلبەندەکاندا، فڕین بە باڵۆنی گەرم، خشین بەناو ئاوەڕۆکاندا و لێخوڕینی خێرا بەناو بەشە لاوازەکانی دیوارەکەدا. بەڵام ئەم هەوڵانە بێ قوربانی نەبوون؛ بەلایەنی کەمەوە 171 کەس لە هەوڵی پەڕینەوەدا کوژران.
ڕووخانە چاوەڕواننەکراوەکە: هەڵەیەکی بیرۆکراسی کە مێژووی گۆڕی
لە ساڵی 1989دا، شەپۆلی شۆڕش و گۆڕانکاری بەسەر بلۆکی رۆژهەڵاتدا هاتبوو. ریفۆرمەکانی میخائیل گۆرباچۆڤ ("گلاسنۆست" و "پەرەسترۆیکا") و سەرکەوتنی بزوتنەوەی "یەکبگرن" لە پۆڵەندا و کردنەوەی سنووری نەمسا لەلایەن هەنگاریاوە، کۆڵەکەکانی سیستمی کۆمۆنیستییان لەرزاندبوو.
شەوی 9ی تشرینی دووەمی 1989، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، گونتەر شابۆڤسکی، وتەبێژی حزبی کۆمۆنیستی ئەڵمانیای رۆژهەڵات، بەبێ ئەوەی بە وردی ئەو یاداشتەی بەدەستییەوە بوو بیخوێنێتەوە، رایگەیاند؛ رێوشوێنی نوێ بۆ گەشتکردن گیراوەتەبەر و هاووڵاتیان دەتوانن گەشت بکەن. کاتێک رۆژنامەنووسێک پرسی "کەی؟"، ئەو بە شڵەژانەوە وتی: "تا ئەو شوێنەی من بزانم... دەستبەجێ، بێ دواکەوتن."
ئەم هەواڵە وەک بۆمبێک لە تەلەفزیۆنەکاندا تەقییەوە. هەزاران هاووڵاتیی رۆژهەڵات روویان لە خاڵە سنوورییەکان کرد و هاواریان دەکرد "دەرگاکە بکەنەوە!". پاسەوانەکان کە هیچ فەرمانێکی روونیان پێنەگەیشتبوو، دواجار ناچاربوون دەروازەکان بکەنەوە. دیمەنی باوەشپیاکردنی ئەڵمانییەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، پێشکەشکردنی گوڵ و شامپانیا و سەماکردن لەسەر دیوارەکە، بووە یەکێک لە زیندووترین دیمەنەکانی مێژووی هاوچەرخ.
رووخانی دیواری بەرلین تەنها کۆتاییهاتنی شەڕی سارد و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا نەبوو، بەڵکو سەلماندی کە هیچ دیوارێک، هەرچەندە بەرز و پتەو بێت، ناتوانێت بۆ هەتاهەتایە ئیرادەی مرۆڤەکان بۆ ئازادی زەوت بکات.
كۆمیسیۆن دەڵێت، ناوی ئەو كەسانەی لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا بەشداری دەكەن جیاكراوەتەوە و ناتوانن لەگەڵ دەنگدەرانی گشتی دەنگ بدەن.
نیبراس ئەبو سەودە جێگری وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، ناوی هێزە ئەمنبیەكان و دەنگدەرانی تایبەت بۆ سبەینێ جیاكراونەتەوە و وردبینی تەواویش كراوە و ناوەكانیان جیاكراوەتەوە لە دەنگدەرانی گشتی.
وتیشی، بەپێی سیستمی نوێی دەنگدان، دەنگدەری تایبەت ناتوانێت لە رۆژی دەنگدانی گشتی بەشداری هەڵبژاردن بكات، بۆ ئاوارەكانیش چەند شوێنێك دیاریكراون بۆئەوەی دەنگ بدەن و دەنگەكانیشیان بۆ پارێزگاكانیان ئەژمار دەكرێت نەك ئەو شار و ناوچەیەی ئێستا تێدا دەژین.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنیش رایگەیاند، یەك ملیۆن و 313 هەزار و 980 دەنگدەری تایبەت لە سەرانسەری عیراق هەیە و سبەینێ لە 809 ناوەند و چوار هەزار و 501 وێستگەی دەنگدان لە سەعات حەوتی بەیانی بۆ شەشی ئێوارە دەنگ دەدەن.
ئەمڕۆ شەممە، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە کارگە و کۆگایەکی دروستکردنی بۆن لە ناوچەی دیلۆڤاسی لە پارێزگای کۆجائەلی لە باکووری رۆژئاوای تورکیا، شەش کرێکار گیانیان لەدەستدا و شەشی دیکەش برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
ئاگرەکە نزیک سەعات 9ی بەیانی لە باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی لە گەڕەکی میمار سینان روویدا و بەهۆی سروشتی مادەکانەوە، بەخێرایی تەشەنەی سەند و دوکەڵێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی گرت.
دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی فریاکەوتن، ژمارەیەکی زۆر لە تیمی ئاگرکوژێنەوە، پۆلیس و ئەمبوڵانس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام دواتر ئاشکرابوو کە ژمارەیەک کرێکار لەناو باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە.
لێدوانی بەرپرسان و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە:
ئیلهامی ئاکتاش، پارێزگاری ناوچەکە، رایگەیاند کە ئاگرەکە کوژێنراوەتەوە و بەداخەوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی شەش کەس و برینداربوونی شەشی دیکە.
لەلایەن خۆیەوە، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، رایگەیاند کە داواکاری گشتیی گەبزە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی دادوەریی لە رووداوەکە دەستپێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش جێگرێکی داواکاری گشتی و دوو داواکاری گشتیی دیکە لەگەڵ لیژنەیەکی پسپۆڕ راسپێردراون.
پرسیار لەسەر کەمتەرخەمی و مۆڵەت:
رووداوەکە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە و پرسیاری جددی لەبارەی چۆنیەتیی مۆڵەتدان بەو جۆرە کارگەیە لەناوچەیەکی نیشتەجێبوون و ئاستی رێکارەکانی سەلامەتی وروژاندووە.
چالاکوانان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە "قەزا و قەدەر" نییە، بەڵکو ئەنجامی زنجیرەیەک "کەمتەرخەمییە کە دەکرا رێگری لێبکرێت." هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە "مافی ژیان، سەرەکیترین مافە. نەمردن لەکاتی کارکردندا خۆشگوزەرانی نییە!"
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رۆژی هەینی، یفعات تۆمەر یەرۆشالمی، داواکاری گشتیی پێشووی سەربازیی ئیسرائیلیان ئازادکرد بەڵام خستیانە ژێر مانەوەی زۆرەملێ لە ماڵەوە، هاوکات ئەو مۆبایلەی کە بۆ چەند رۆژێک ئیسرائیلی سەرقاڵ کردبوو، دۆزرایەوە.
ئەم پێشهاتانە دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی تۆمەر یەرۆشالمی و هەفتەیەک دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی و دانپێدانانی بە دزەپێکردنی ڤیدیۆیەک دێت کە ساڵی رابردوو کاردانەوەی گەورەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لێکەوتەوە.
دادوەرێک بڕیاریدا بەرپرسە پێشووەکە بە کەفالەتی 20 هەزار شیکڵ (نزیکەی6 هەزار دۆلار) ئازاد بکرێت و بۆ ماوەی 10رۆژ لە ماڵەوە بمێنێتەوە، هەروەها بۆ ماوەی 55 رۆژ رێگری لێکراوە پەیوەندی بە هەر کەسێکەوە بکات کە تێوەگلاوە لە کەیسەکەدا.
دەسەڵاتداران گومانیان هەیە کە تۆمەر یەرۆشالمی تێوەگلابێت لە "فێڵکردن و ناپاکی لە ئەمانەت، خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی، رێگریکردن لە بەڕێوەچوونی دادپەروەری، و ئاشکراکردنی نایاسایی زانیاری."
لەو ڤیدیۆیەدا کە ساڵی رابردوو دزەیپێکرا، دەردەکەوێت کە سەربازانی ئیسرائیل مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستبەسەرکراوێکی فەلەستینی خەڵکی غەززە دەکەن لە بنکەی دەستبەسەرکردنی سدی تێمان، کە بووە هۆی ئەوەی تووشی پێکانێکی سەخت بێت و بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
چیرۆکی ونبوونی مۆبایلەکە
تۆمەر یەرۆشالمی ئێوارەی یەکشەممەی رابردوو دەستگیرکرا، دوای ئەوەی بۆ چەند سەعاتێک لە کەناراوەکانی نزیک تەلئەبیب ونبوو، ئەمەش ترسی ئەوەی لای پۆلیس دروستکرد کە خۆی کوشتبێت.
کاتێک دۆزرایەوە، مۆبایلەکەی نەدۆزرایەوە، ئەمەش گومانەکانی لای پۆلیس زیاتر کرد کە رەنگە بەڵگەی تێدابێت کە دژی خۆی بێت.
دۆزینەوەی مۆبایلەکە:
بۆ چەند رۆژێک، دەسەڵاتداران و خۆبەخشان بەدوای مۆبایلەکەدا دەگەڕان، تا دواجار رۆژی هەینی لە کەناراوێکی باکووری شارەکە دۆزرایەوە.
بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی بەشدار لە لێکۆڵینەوەکەدا، "سەرەڕای گومانە سەرەتاییەکان، دڵنیابوونەوە کە مۆبایلەکە هی تۆمەر یەرۆشالمییە، چونکە دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی هێشتا نیوەی بارگەی تێدامابوو و کاری دەکرد."
ئەو ژنەی کە مۆبایلەکەی دۆزیوەتەوە رایگەیاندووە، بەدوایدا نەدەگەڕا، بەڵکو "بە رێکەوت لەکاتی مەلەکردندا لە دەریادا" دۆزیویەتییەوە و یەکسەر پۆلیسی ئاگادارکردووەتەوە.
دوای 36 ساڵ چاوەڕوانی و گەڕانێکی بێوچان، دایکێک توانی چارەنووسی کچەکەی ئاشکرا بکات کە لە تەمەنی ساواییدا بۆ هەڵگرتنەوە دابووی بە کەسێک، بەڵام دەرکەوت لەلایەن ئەو باوکەیەوە کە هەڵیگرتبووەو کوژراوە و لە حەوشەی ماڵەکەیدا نێژراوە. چیرۆکی کاتی تەرکانیان، چیرۆکی دایکێکە کە هەرگیز کۆڵی نەدا تا راستیی مەرگی کچەکەی، ئەلێکسیس، ئاشکرا بکات.
لە ساڵی 2010دا، "کاتی تەرکانیان"، کە پەرستارێکی خانەنشین بوو، نامەیەکی لە فەرمانگەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی ویلایەتی ڤێرجینیا پێگەیشت. تێیدا داوای نمونەی DNAی لێکرابوو بۆ بەراوردکردن لەگەڵ تەرمێکی نەناسراودا کە رەنگە هی کچە ونبووەکەی بێت. هەرچەندە ئەنجامی پشکنینەکە نەرێنی دەرچوو و هیوابەخش بوو، بەڵام ئەمە سەرەتای گەشتێکی درێژی "کاتی" بوو بۆ دۆزینەوەی راستییەکان.
"کاتی" خودی خۆی، لە تەمەنی14 ساڵیدا لە ماڵەوە هەڵهاتبوو بەهۆی ژیانی سەختی خێزانەکەیەوە. لە نیو ئۆرلیانز، لەگەڵ راندی بێجەر ئاشنا بوو و پێکەوە لە سێرکێکدا کاریان دەکرد، کە کاتی رۆڵی "کچە گۆرێلا"کەی دەبینی. لە تەمەنی 15 ساڵیدا دووگیان بوو و کچەکەی ناونا ئەلێکسیس. بەڵام بەهۆی فشاری دایکییەوە کە توشی شێرپەنجە ببوو، ناچاربوو کچەکەی بداتە خێزانێک بۆ هەڵگرتنەوە.
دوای وەرگرتنی نامەکە، "کاتی" دەستیکرد بە لێکۆڵینەوەی خۆی و زانیارییەکانی کۆکردەوە. بۆی دەرکەوت کە کچەکەی، کە ناوی گۆڕدرابوو بۆ ئاندریا بۆومان، لەلایەن دێنیس و برێندا بۆومانەوە هەڵگیرابووەوە. هەروەها زانی کە باوکە هەڵگرەوەکەی، دێنیس بۆومان، خاوەنی رابردوویەکی تاوانکارییە و پێشتر بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستدرێژیی سێکسی زیندانی کرابوو.
کاتێک پۆلیس هاوکاریی پێویستی نەکرد، "کاتی" بڕیاریدا خۆی بجوڵێت. بیلبۆردێکی گەورەی لە نزیک ماڵی بنەماڵەی بۆومان بە کرێ گرت، خەڵاتێکی 11 هەزار دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک دانا و بە ئاشکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دێنیس بۆومانی بە کوشتنی کچەکەی تۆمەتبار کرد. ئەو دڵنیابوو کە تەرمی کچەکەی لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەیاندا لەژێر پارچە زەوییەکی کۆنکرێتکراودا شاردراوەتەوە.
وەرچەرخان لە کەیسەکەدا لە ساڵی 2019دا روویدا، کاتێک دێنیس بۆومان بە تۆمەتی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی دیکە بەناوی کاتلین دۆیڵ لە ساڵی 1980دا، دەستگیرکرا. پۆلیس ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و بە بۆومانیان وت ئەگەر دان بەوەدا بنێت چی بەسەر ئەلێکسیسدا هێناوە، رێگەی پێدەدەن لە زیندانێکی نزیک لە هاوسەرەکەی بمێنێتەوە.
ئەم تاکتیکە سەرکەوتوو بوو. بۆومان دانی بەوەدانا کە دوای ئەوەی زلەیەکی لە ئەلێکسیس داوە، کچەکە کەوتووە و ملی شکاوە. دواتر بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی، تەرمەکەی پارچە پارچە کردووە و لە حەوشەی ماڵەکەیدا ناشتوویەتی.
لە ساڵی 2020دا، پۆلیس حەوشەی ماڵی بۆومانی هەڵکۆڵی و پاشماوەی مرۆڤیان دۆزییەوە. دوای پشکنینی DNA، دەرکەوت کە پاشماوەکە هی ئەلێکسیسە.
دێنیس بۆومان بە دوو زیندانیی هەتاهەتایی بۆ کوشتنی کاتلین دۆیڵ و 35بۆ 50 ساڵی دیکەش بۆ کوشتنی ئەلێکسیس سزادرا.
ئەلێکسیس بۆ ئەوەی لەبیربکرێت، لە داهاتوو بێبەشکرا، بەڵام دایکە راستەقینەکەی هەرگیز لەبیری نەکرد و دواجار، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، دۆزییەوە.
نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناسنامەی ئەو تەرمەی ئاشکراکرد کە دوێنێ وەریانگرتبووەوە و رایگەیاند، پاشماوەکە هی لیئۆر رودایفە کە یەکێک بوو لە دەستبەسەرکراوەکان.
بەپێی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی؛ رودایف لە کاتی کوژرانیدا تەمەنی 61 ساڵ بوو، خێزان و چوار منداڵ و سێ نەوەی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.
بزوتنەوەی جیهادی فەلەستینی ئێوارەی رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، تەرمی بارمتەیەکیان رادەستی خاچی سور کردووە و ئاماژەیان بەوەکردبوو کە پاشماوەکە لە شاری خان یونس لە باشوری کەرتی غەززە دۆزراوەتەوە.
دواتر نوسینگەی ناتانیاهۆ پشتڕاستیکردەوە کە تابوتێک کە پاشماوەی یەکێک لە بارمتەکانی تێدابووە، لە رێگەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سورەوە لە غەززە رادەستی هێزەکانی ئیسرائیل کراوە و بۆ دیاریکردنی ناسنامەکەی گواستراوەتەوە بۆ ئیسرائیل.
جێی باسە، بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، حەماس هەر 20بارمتە زیندووەکەی ئیسرائیلی ئازادکرد، لە بەرامبەر ئازادکردنی نزیکەی دوو هەزار دیلی فەلەستینی لەلای ئیسرائیل.
رێککەوتنەکە رادەستکردنەوەی پاشماوەی تەرمی 28 بارمتەی دیکەشی لەخۆگرتبوو، لە بەرامبەر پاشماوەی تەرمی 360 چەکداری گروپە فەلەستینییەکان.
تا ئێستا تەرمی 22بارمتە لە بەرامبەر پاشماوەی تەرمی285 فەلەستینی گۆڕدراونەتەوە، بەڵام دەسەڵاتە تەندروستییەکانی غەززە هێشتا نەیانتوانیوە ناسنامەی هەموویان دیاری بکەن.
حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، رۆژی شەممە، شکستی دوایین خولی گفتوگۆکانی ئاشتیی لەگەڵ پاکستان راگەیاند کە لە تورکیا بەڕێوەچوو و بەرپرسیارێتیی شکستەکەشی خستە ئەستۆی "رەفتاری نابەرپرسیارانە و ناهاریکارانەی" ئیسلام ئاباد.
زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، رایگەیاند، "لە میانی گفتوگۆکاندا، لایەنی پاکستانی هەوڵیدا بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایشی خۆی بخاتە ئەستۆی حکومەتی ئەفغانستان، لە کاتێکدا هیچ ئامادەییەکی نیشان نەدا بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ئەفغانستان یان ئاسایشی خۆی."
زەبیحوڵا موجاهید جەختیکردەوە: پاکستان نایەوێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عیراق، رایگەیاند، داهاتووی عیراق گەشە و جەختیشیکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە عیراقێکی بەهێز، سەربەخۆ و ئازاد لە میلیشیا پشتیوانیکراوەکانی دەرەوە دەکات.
ساڤایا لە پەیامێکدا ستایشی گەلی عیراقی کرد و وتی، "داهاتووی عیراق گەش دیارە بەهۆی گەلە بەهرەمەند و زیندووەکەیەوە، کە بەنرخترین سامانی هەر نەتەوەیەکە."
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵانی رابردوودا عیراق پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە و لە کاتێکدا وڵاتەکە خۆی بۆ "ساتێکی وەرچەرخان لە پرۆسەی دیموکراسیدا" ئامادە دەکات، پێویستە ئەو رەوتە بپارێزرێت.
هەڵوێستی وڵاتەکەشی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکان شانبەشانی عیراق دەوەستێتەوە لە هەنگاوەکانیدا بەرەو پێشکەوتن:" بەهێز، سەربەخۆ، و ئازاد لە میلیشیا پشتیوانیکراوەکانی دەرەوە."
گیدۆن سەعر، وەزیری دادی ئیسرائیل، بە توندی هێرشی کردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان و رایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا بووەتە ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی رکابەرە سیاسییەکان، جەختیشیکردەوە کە ئیسرائیل نوێترین هەنگاوی تورکیا "بە سوکایەتییەوە" رەتدەکاتەوە.
سەعر لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی، "نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ — کە وەک بیرمان دێت، بەم دواییانە دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵی رێکخست تەنها لەبەرئەوەی بوێریی ئەوەی کرد.
وەزیری دادی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە تورکیاکەی ئەردۆغاندا، دەسەڵاتی دادوەری ماوەیەکی درێژە بووەتە ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی رکابەرە سیاسییەکان و دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووسان، دادوەران و سەرۆک شارەوانییەکان."
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، گیدۆن سەعر هەڵوێستی وڵاتەکەی راگەیاند و وتی، "ئیسرائیل بە توندی و بە سوکایەتییەوە، نوێترین شانۆگەریی راگەیاندنی ستەمکار ئەردۆغان رەتدەکاتەوە."
ئەمە لە پاش ئەوەدێت؛ رۆژی هەینی داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ رایگەیاند، 37 گومانلێکراوی ئیسرائیلی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، و لە ناویشیاندا ناوی ناتانیاهۆ هاتووە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین زۆری خایاندوە و روسیا نایەوێت کۆتایی پێبهێنێت، ئەمەش تێچویەکی زۆری بۆ روسیا و ئۆکراین هەبوە، دەشڵێت؛ ئۆکرانیا بەشێکی زۆری خاکەکەی لەدەستداوە لە شەڕەکەدا.
ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، چەنگی نێوان کێیف و مۆسکۆ درێژەی کێشا و هەردولا زیانێکی زۆریان کردووە و خەڵکێکی زۆر کوژراون.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردوە باوەڕی وایە دەتوانن کۆتایی جەنگی روسیا و ئۆکراین بهێنن و نەیشاردوەتەوە پێی باشە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پوتن لە بوداپێست ئەنجامبدات ئەگەر ئەنجام بدرێت.
ناوبرا ئەوەشیخستوەتەڕوو، لە ئێستادا هەردوولا گەشتونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت کۆتایی بەشەڕ بهێندرێت و بە ئومێدە بەم نزیکانە ئەوە روبدات.

رفعەت عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری بازنەکانی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی لەسەر کۆتاییهێنان بە بانگەشەی هەڵبژاردن پەیامێکی بڵاوکردەوە وتێیدا هاتووە؛ کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشە لەسلێمانی، ئاوێتە بەوتاری کاریگەری سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و جۆشو خرۆشی یەکێتیەکان، مژدەی داستانی سەرکەوتنێکی ترە
دەقی پەیامەکەی رفعەت عەبدوڵا
سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ سەرجەم هەڤاڵانی (ی.ن.ک) و جەماوەری خۆڕسک، لەسەرجەم بازنەکان کەپەرۆشانەو لەخۆبردوانە کەمپەینێکی کاریگەروو یەکێتیانەتان جێبەجێکرد، سڵاو لەماندووبون و ڕۆحیەتی بەرپرسیارانەتان بەرامبەر حزبی شەهیدان و ئەمانەتەکەی مامی ڕابەرمان.
کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشە لەسلێمانی، ئاوێتە بەوتاری کاریگەری سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و جۆشو خرۆشی یەکێتیەکان، مژدەی داستانی سەرکەوتنێکی ترە، کەیەکێتی لەشارە حەیاتەکەی هەڵمەت و قوربانیەوە قسەی خۆی کردوو ئاماژەی سەرخستنی لیستی ٢٢٢ بەهێزی کۆمەڵانی خەڵکدا.
ئومێدەوارم رۆژی ١١/١١ سندوقەکان و سەرجەم کوردستان سەوز پۆش بکەن و مژدەی سەرکەوتنی سەرتاسەری بدەین بەشەهیدە سەربەرزەکان و رۆحی شادی سەرۆک مام جەلال و هیوامان بەکۆمەڵانی خەڵک هەیە کەدەستی یەکێتی ئاوەڵا بکەن هەتا هەمیشە هێزی گەورەو داکۆکیکاری مافە ڕەواکانتان بین.
سڵاو لەکێلی بەرزی شەهیدان، سڵاو لەرۆحی ڕابەری گەلەکەمان سەرۆک مام جەلال
هەموومان پێکەوە بەرەو سەرکەوتنی گەورەی یەکێتی و لیستی ٢٢٢
ئێوەش هەر شادو سەرفرازبن
ڕفعەت عەبدوڵا
سەرپەرشتیاری بازنەکانی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دواین وتاری بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند؛ یەكێتی هێزی ئێوەیە لە بەغداد و کەس ناتوانێت یەکێتی بکڕێت، یەكێتی تەنها حزبە لە بەغداد كاری پێدەكرێت و دەتوانێت كوردستان و عیراق بەرەوپێش دەبات.
ئەمرۆ هەینی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کورستان بەشداری گەورەترین و دواین کەرنەڤاڵی حزبەکەی کرد و رایگەیاند یەکێتی لە بەرپرسیارێتی راناکات و حزبی گەنجانە و بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد دەچنە بەغداد بۆ مافەكانی خەڵک، هەر كەس لەم وڵاتە بژی ئەوان خزمەتی دەكەن بەبێ جیاوازی و ئەمەش جیاوازی یەکێتییە لەگەڵ حزبەکانی دیکە کە ئەوان تەنها خزمەتی لایەنگرانی خۆیان دەکەن.
سەرۆکی یەکێتی وتیشی ئەوانەی سەر دەبابەی سەدام کەوتن بۆیان نییە باسی کوردایەتی بکەن، ئەوانەی لەگەڵ داعشدا بازرگانیان دەکرد، دێن باسی کوردایەتی دەکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا جەختیکردەوە لەوەی یەکێتی لە بەرپرسیارێتی راناکات و حزبی گەنجانە و بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە و ركابەری یەكێتی تەنها یەكێتییە.
سەرۆکی یەکێتی وتیشی؛ یەکێتی ناکردرێت و هەمووان باش دەزانن كێ خاكفرۆشە، یەکێتی وەک لایەنی دیکە نییە، کە خاكی كوردستان دەفرۆشێت بە توركیا و لە ناوخۆش زیندانەکانیان پڕکردوە لە چالاكوان و رۆژنامەنووس.
پرۆژەكان لە سلێمانی حكومەت نایكات و جیاکاری دەکات، ئەوەشی دەکرێت تەنها بە پارەی یەكێتی دەكرێن، لە بارەی کارەبای 24 سەعاتیشەوە ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی یەكێتییەوەیە كە خەڵكی كوردستان كارەبای 24 سەعاتییان هەیە و ئەوان بوون نەیان هێشت غازەکەش هاوسیوەی نەوتەکە تاڵانبکرێت، ئەمەش بەشێکی دیکەوە لە وتارەکەی سەرۆکی یەکێتی.
لە کۆتایشدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رویکردە جەماوەر و رایگەیاند؛ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان موڵكی خەڵكە و لەپێناو مافەكانی هاووڵاتیان دەچنە بەغداد، داواشیکرد لە رۆژی دەنگدان سندوقەکان سەوز بکەن بۆ ئەوەی باشتر لە بەغدادەوە یەکێتی خزمەتی خەڵک بکات.
کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی بە بەشداری دەیان هەزار کەس لە سلێمانی دەستی پێکرد...
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، رۆژئاوا پێیان دەڵێن با دانوستان بکەین لەسەر پرسی موشەکەکانیان و دەیانەوێت تاران موشەکی نەبێت، بەڵام لە بەرانبەردا ئیسرائیل پڕچەک دەکەن بۆ ئەوەی هەرکاتێک ویستیان بۆردومانیان بکەن.
ئەمڕۆ هەینی، لە دیدارێکدا لەگەڵ چالاکوانانی ئابووری دیجیتاڵی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت بە ئارامی بژین و هەموو هەوڵێکیش دەدەن بۆ ئەو ئامانجە، بەڵام ملکەچی زەلیلی و کۆیلایەتی نابن.
ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژئاوا داوایان لێدەکەن لەسەر پرسی موشەکەکانیان گفتوگۆ بکەن و دەیانەوێت تاران موشەکی نەبێت، بەڵام لە بەرانبەردا تا دەتوانن ئیسرائیل پڕچەک دەکەن بۆ ئەوەی هەرکات ویستیان بۆردومانیان بکەن.
روسیا ئاشکرایکرد، بە وردی چاودێری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەمرکا دەکەن، سەرۆکی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا دەست بە تاقیکردنەوەکان بکات، روسیا دەستەوەستان نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی، فەرمانی کردووە پێشنیازەکان سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمییەکان پێشکەش بکرێن، ئەمەش لە ئەگەری دەسپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئەمریکاوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا مۆسکۆ بە وردی چاودێری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا دەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزیری وزەی ئەمریکا، رایگەیاندبوو، پێشبینی ناکات ئەو تاقیکردنەوانە لە ئێستادا گرتنەوەی راستەقینەی کڵاوەی جەنگی ئەتۆمی لەخۆبگرێت.
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنوری سلێمانی زیاتر لە نۆ ملیار دینارە.
ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بڵاویکردەووە، لە رۆژی 1ـی11ـی2025 تا 7ـی11ـی2025 داهاتی نانەوتی نۆ ملیار و 755 ملیۆن و 629 هەزار دیناربووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی لە 15 دینار داهات کەمی کردووە.
جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.