سبەینێ بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دوایین و گەورەترین کەرنەڤاڵی جەماوەریی، لیستی ٢٢٢ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی ئەنجام دەدات.
لە کەرنەڤاڵەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سلێمانی دوایین وتاری خۆی پێش دەنگدان، ئاڕاستەی سەرجەم دەنگدەران و کۆمەڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عیراق دەکات.
کەرنەڤاڵەکە لە یاریگەی یانەی سلێمانی لەگەڕەکی چوارباخ بەرێوەدەچێت.
لە چوارچێوەی هەڵەمەتەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کادر و لایەنگرانی یەکێتی لە دەڤەری راپەرین کۆبوەوە و رایگەیاند خەڵکی دەڤەری راپەرین خۆیان بە خاوەنی یەکێتی دەزانن و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی پێگەی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین، بەڵام بە پاڵپشتی خەڵکە دڵسۆزەکە شکستیان هێناوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵیان رایگەیاند؛ خەڵکی دەڤەری راپەڕینی ئازیز خۆیان بە خاوەنی یەکێتی دەزانن، ساڵی رابردوو ماوەی مانگێکی بانگەشەی هەڵبژاردن لەناویاندا بووە و لەگەڵ هەزاران کەس قسەی کرد، لە پەرۆشییانەوە بۆ یەکێتی قسەی یەکەم و کۆتایی هەموویان ئەوە بوو کە نابێت ئەمجارەیان بە لاوازییەوە بەشداری لە حکومەتدا بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ساڵێکە حکومەت پێکنەهاتووە لەبەر ئەوەی وەک سەرۆک بافڵ وتی بە خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش بە خەڵکی دەڤەری راپەڕینیان وت بەسەرچاو، ئێوە چی دەڵێن یەکێتی وا دەکات.
دەشڵێت؛ ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە دەڤەری راپەڕینی سەربەرز و لەناو کۆڕی هەڤاڵاندا جەختیان کردەوە یەکێتی حزبی خەڵکە و خەڵک ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ئومێدیان بە یەکێتییە، چونکە دەزانن داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵك لە بەغداد بەس بە یەکێتی چارەسەر دەکرێت و دەشزانن کە یەکێتی ئێستا بەهێزە و قسە و کرداریشی یەکە.
لە کۆتایشدا قوباد تاڵەبانی نوسیویەتی؛ لەوەتی یەکێتی هەیە، نەیارەکانی هەوڵیانداوە کە پێگەی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین لاواز بکەن، بەڵام هەموو جارێک ئەم خەڵکە ئازیزە نەیارانیان بێ ئومێد کردوە و دڵنیاشە ئەمجارەشیان بە بێ ئومێدییەوە دەیاننرێنەوە بۆ ماڵەوە و دەیسەلمێنن کە هێز نییە یەکێتی و دەڤەری راپەڕین لێک جیا بکاتەوە.
ئەدهەم بارزانی سیاستەمەداری کوردستان رایگەیاندوە، دەسەڵات بەرەو تاکڕەوی دەڕوات و ئۆپۆزسیۆنیش بە کۆن و نوێوە توانای گۆڕانکاریان نییە و قەیرانی ئابوری و دارایی و کۆمەڵاییەتی و سیاسی و نەمانی باوەڕ و کەرامەت بەرۆکی هاووڵاتیانی گرتووە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی تێکنەچێت، لە رۆژی دەنگدان دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە بافڵ تاڵەبانی دیاریکردون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەدهەم بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بڕیار وایە لە رۆژی 11ـی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت، گرنگە هاووڵاتیان بە دەنگەکانیان لێ نەگەڕێن لایەنێک باڵادەستی خۆی بەسەر لایەنەکاندا فەرز بکات.
ئاماژەی بەوەشکردوە؛ بەهەیۆ قەیران بەردەوامەکانەوە لە دۆخێکی مەترسیداردا دەژین و ئۆپۆزسیۆنیش بە کۆن و نوێوە توانای گۆڕانکاریان لەم سیستەمە چەقبەستووەدا نەبووەو نیە، دەسەڵاتیش بەرەو ڕەهاییەکی تەواو بەنەبوونی چاودێریەکی وردی پەرلەمانی دەچێت کە زۆر مەترسیدارە و ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە دەستی دەناڵێنێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ راگرتنی هاوسەنگی و دەنگدان بە یەکێتی نە تەنها پێویستی نییە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتیمانییە و دەرکەوت کە بەغداد و ناو پەرلەمانی عیراق بووە بە چەقی ململانێ سیاسیەکان و ناوەندێکی چارەسەکردنی سەرجەم کێشەکان.
ئەدەهەم بارزانی لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا رودەکات هاووڵاتییان و داوا لە سەرجەم چین و توێژەکان دەکات بە شێوەیەکی بەرفراوان روو لە ناوەندەکانی دەنگدان بکەن، دەنگ بدەن بەو کاندیدانەی کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دیاری کردون، بۆ ئەوەی ئەم هاوسەنگییە پارێزراو بێت و خزمەتێکی زیاتر بە هاووڵاتیانی کوردستان بکرێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی ئەدهەم بارزانی
ئەدهەم بارزانی ـ سیاسەتمەداری کوردستان:
"بۆ ئەوەی هاوسەنگی هێز تێکنەچێت دەنگ بدەن بەو کاندیدانەی هێژا بافڵ جەلال تاڵەبانی دیاری کردون"
دەقی پەیامەکەی نوسینگەی ڕاگەیاندی ئەدهەم بارزانی:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
ـ برایان و خوشکانی بەڕێز
ـ سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان
هەر وەک هەموومان چاوەڕێین بڕیار وایە لە ڕۆژی 11ـی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، کە پرۆسەیەکی گرنگ و هەستیارە لەبەردەم دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە ئەوەی پێویستەو زۆر گرنگە بۆ ئەم شێوازە دەسەڵاتەی ٣٤ ساڵەی ڕابردوو هاوسەنگی و (تەوازنی) هێز رابگیرێت لە کوردستان و تێکنەچێت، وە گرنگە هاوڵاتیان بە دەنگەکانیان لێ نەگەڕێن لایەنێک باڵادەستی خۆی بەسەر لایەنەکاندا فەرز بکات".
هەر وەک دیارە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و تاکو ئێستا قەیرانی ئابوری و دارایی و کۆمەڵاییەتی و سیاسی و نەمانی باوەڕ و کەرامەت بەرۆکی هاوڵاتیان و جەماوەری هەرێمی کوردستانی گرتووەو
لەبەر ئەوە نە تەنها پێویستە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتیمانییە کە هاوڵاتیان هاوسەنگی لەم دەسەڵاتدا ئەم جارە بە تەواوەتی بپارێزن و دەرکەوت کە بەغداد و ناو پەرلەمانی عێراق بووە بە چەقی ململانێ سیاسیەکان و ناوەندێکی چارەسەکردنی سەرجەم کێشەکان".
بۆیـە ئەم هەڵبژاردنە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیەو داوا لە سەرجەم چین و توێژەکان دەکەم بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕوو لە ناوەندەکانی دەنگدان بکەن، دەنگ بدەن بەو کاندیدانەی کە هێژا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دیاری کردون، بۆ ئەوەی ئەم هاوسەنگییە پارێزراو بێت و خزمەتێکی زیاتر بە هاوڵاتیانی کوردستان بکرێت."
هەروەها داوا لە کوردانی نەینەوا و کەرکوک و خانەقین دەکەم کە ساڵانێکی زۆر خۆتان و باوباپیرانتان قوربانی دەستی ستەمی سەرکوتکارانە بوون و ئێستا هەلێکی تر لەبەردەمتانە تاوەکو بتوانن بەپڕکردنی سندوقەکان بەدەنگی کورد برینەکانتان سارێژ ببێت".
براتان
ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی
٦-١١-٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بڵاویکردوەتەوە؛ بەهۆی نەشیاوی بۆ خواردن و دەرنەچونی لە پشکنیندا، لە مەرزی تەوێڵە شوشمێ دەستیان بەسەر زیاتر لە 10 تۆن کاڵەکی خراپ بوودا گرتووە و گەڕاندویانەتەوە بۆ ئێران.
ئەمڕۆ پێنجشممە، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە رایگەیاندوە، لەلایەن هۆبەی کەرەنتینەی کشتوکاڵی مەرزی تەوێڵە شۆشمێ وە دەستبەسەر 10تۆن و 830 کیلۆ کاڵەکی خراپ بوودا گرتووە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ دوای پشکنین بۆ کاڵەکەکە، دەرکەوتوە شیاوی خواردن نییە، بۆیە بڕیاریان داوە نەهێڵن داخڵی هەرێم بکرێت و گەڕاندویانەتەوە بۆ وڵاتی ئێران.
لە سەردانێکی رانەگەیەندراودا، دوای گەیشتنی ئەکتەری ئەمریکی ئەنجلینا جولی بۆ شاری خێرسۆن، کە لەلایەن دەسەڵاتی ئۆکراینەوە کۆنتڕۆڵکراوە، پاسەوانەکەی لەلایەن کارمەندانی ناوەندی دامەزراندنی خاکی (TCC)، کە هاوشێوەی فەرمانگەی وەرگرتنی سەربازییە لە ئۆکراین دەستبەسەرکرا و ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.
میدیاکانی ئۆکراین وێنە و ڤیدیۆی ئەو خانمە ئەکتەرەیان بڵاوکردوەتەوە کە لە خێرسۆن گیراوە و دوو وێنەی ئەنجلینا جۆلی بوونی ئەو ئەستێرەیە لە شارەکەدا پشتڕاست دەکاتەوە، هەندێک لە میدیاکان دەڵێن؛ ئەنجەلینا جۆلی بە بێ پرس سنوری ئۆکراینی بەزاندوە.
لە کاتی گەشتەکەی ئەنجەلینا جۆلی روداوێکی نامۆ رویدا، کاتێک شۆفێر و پاسەوانی تایبەتەکەی دەستبەسەر کرا، بە بیانوی پێنەبونی بەڵگەنامە، تا ئێستا نازانرێت ئەو کەسە ئازاد کراوە یان نا و ئەو خانمە ئەکتەرە خۆی لە ئێستادا لە خێرسۆنە و هیچ لێدوانێکی لەسەر روداوەکە نەداوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پاسەوانەکەی ئەنجلەینا جۆلی دەبرێت بۆ بەرەی جەنگ و نوسینگەی وەرگرتنی سەربازی ناوچەیی میکۆلایڤ روداوەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە شۆفێرەکەی جۆلی یەدەگ بووە و ئەرکی گەیشتن بە مەشقی سەربازی پێسپێردراوە.
جۆلی سەردانەکەی بۆ ئۆکراین لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوکاری خێرخوازیدا بووە و توانیویەتی سەردانی دامەزراوە پزیشکییە ناوخۆییەکان بکات.
لایخۆشیەوە ڤلادیمێر سالدۆ، پارێزگاری ناوچەی خێرسۆن رایگەیاند، سەردانەکەی ئەو خانمە ئەکتەرە لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەیوەندییە گشتییەکانی کیێڤەوە رێکخراوە بۆ ئەوەی ببێتە هۆی سەرنجراکێشیانی جیهان بۆ ئەو بەرەیەی کە لەگەڵ روسیا لە شەڕدایە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق بۆ کۆچی دوایی خوشکی هونەرمەند ماهیر حەسەن پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی خاتوو (نیگار) خوشکی هونەرمەند ماهیر حەسەن، زۆر غەمباربووم و پرسە و سەرەخۆشی لەخێزان و کەسوکارەکەی ئەکەم.
دەقی پەیامەکەی خانمی یەکەمی عیراق
خانمی یەکەمی عیراق پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی خاتوو نیگار حەسەن بڵاوکردەوە، کەئەمە دەقەکەیەتی:
بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی خاتوو (نیگار) خوشکی هونەرمەند ماهیر حەسەن، زۆر غەمباربووم.
پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و کەسوکارەکەی ئەکەم، هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، و جێگەی بەهەشت بێت، سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
قائیمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بڕیاریانداوه پاڵاوگه نایاساییهكان دابخهن و خاوهنهكانیشیان روبهڕوی رێكاری یاسایی بكهنهوه و ئەوەشیخستوەتەروو، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ شهش پاڵاوگهیان داخستوه و 12 کەسیشیان بە بە تۆمەتی پیشکردنی ژینگە دەستگیر کردوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قائیمقامیەتی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ له درێژهی ههڵمهته بهردهوامهكان بۆ پاراستنی ژینگهو تهندروستی هاووڵاتیانی سلێمانی، لیژنه هاوبهشهكانی قائیمقامیهت سهردانی ناوچهی تانجهرۆ-یان كرد و بههۆی سهرپێچیكردن له رێنمایهكانی كاركردن، بڕیاری داخستنی ژمارهیهك پاڵاوگه درا.
ههڵمهتهكه بهسهرپهرشتی فازڵ عومهر عهبدولڕهحمان- قائیمقامی سلێمانی به وهكالهت ئهنجام دراوه و ئهو پاڵاوگانه بهسهركرانهوه كه بهشێوهیهكی نایاسایی كاردهكهن، بهپێی یاسای پاراستنی ژینگهی ههرێمی كوردستان، مامهڵه لهگهڵ ئهو پاڵاوگایانه دهكهن بهشێوهی نایاسایی كاردهكهن و تێزاب بهكاردههێنن.
ئاماژەبەوەشکراوە؛ سهرباری ئهوهی بڕیاری داخستنی سهرجهم پاڵاوگه نایاساییهكانیان داوه، دوێنێ چوارشهممه بههاوكاری یاریدهدهرێتی ئاسایشی زڕگوێز شهش پاڵاوگهی نایاسایان داخستوه، ههروهها بهتۆمهتی پیسكردنی ژینگه 12 تۆمهتبار دهستگیركراوه.
قائیمقامی سلێمانی راشیگهیاند؛ لهپێناو پاراستنی ژینگهی شارهكه و تهندروستی گشتی هاووڵاتیان، ههڵمهتهكانی لیژنه هاوبهشهكان بهردهوام دهبێت و تهواوی پاڵاوگه نایاساییهكان دادهخرێن و خاوهنهكانیشیان روبهڕوی رێكاری یاسایی دهكرێنهوه.
سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی شاری سنەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی شارەكە كۆبوەوە، میدیاكانی ئێرانیش دەڵێن ئامانجی سەردانەكەی ئابوریی و ئیدارییە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی شاری سنەی كرد و لەگەڵ پارێزگار و لێپرسراوانی شارەكە كۆبوەوە.
نوسینگەی سەرۆك كۆماری ئێران بڵاویكردوەتەوە ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی پزیشكیان كردنەوەی ژمارەیەك پرۆژە و بەنداوە بە مەبەستی دابینكردنی ئاو بۆ خواردنەوە و كشتوكاڵ.
پزشكیان لەگەڵ لێپرسراوانی پەروەردە و مامۆستایانی ئاینیی پارێزگای سنە كۆبوەتەوە و بڕیارە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزۆنیدا ئەنجامی سەردانەكەی روون بكاتەوە.
پارێزگای سنە بە ناوچەیەكی ستراتیژی و ئابوریی لەقەڵەم دەدرێت كە دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای ئێران و لە رۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی هاوسنورە، پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و كەلتوری و بازرگانیی فراوان لە نێوان سنە و سلێمانیدا هەیە.
توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی کامبریج دەریدەخات کە چاوی مرۆڤ لە بارودۆخی ئاسایدا ناتوانێت رونیی شاشەی نێوان 4K و8K جیا بکاتەوە و ئەمەش مشتومڕی دروست کردوە لەسەر بەکاربەران تەکنەلۆژیا.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستی زانکۆی کامبریجدا بڵاوکراوەتەوە و بە هاوکاری تاقیگەی واقیعی مەجازی مێتا ئەنجامدراوە، دەریدەخات تەنانەت لە تەلەفزیۆنە گەورەکانی ماڵەوەدا، زیادکردنی روونی لە 4K بۆ 8K هیچ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئەزموونی بینین نییە.
بەپێی توێژینەوەکە، مێشکی مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی وردەکارییە ونبووەکان "دروستدەکاتەوە" و توانای چاو بۆ جیاکردنەوەی پێکسڵەکان زۆر سنووردارترە لە تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ.
توێژەران دەڵێن؛ بۆ تەلەفزیۆنێک کە قەبارەکەی نزیکەی 44 ئینج( 110)سم بێت، لە دووری دوو بۆ سێ مەترەوە، جیاوازی نێوان ئەو دوو رونییە بە کردەوە نابینرێت و لە چاوی مرۆڤدا یەک کوالێتییان هەیە.
ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە مشتومڕێکی زۆری لەسەر "بەکاربەریی تەکنەلۆژیا" دروستکردووە؛ بابەتێک کە نیشان دەدات کە گرنگیدان تەنها بە زیادکردنی رونی هەمیشە بە مانای باشتربوونی راستەقینە لە کوالیتی وێنەدا نییە..
کەناڵی 12ی ئیسرائیل، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کردووە کە چەکدارانی حەماس لە تونێلەکانی رەفەح لە کەرتی غەززە چەکەکانیان رادەستی لایەنی سێیەم بکەن لە بەرانبەر لێخۆشبوونی مەرجدار لەلایەن ئیسرائیلەوە.
کەناڵەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، واشنتۆن بوونی ئەو چەکدارانە کە هێشتا لەناو تونێلەکانی رەفحدان، وەک سەرچاوەیەکی گرژی و هەڕەشە بۆ سەر رێککەوتنی ئاگربەست، دەزانێت و هەوڵدەدات ئەم "مینە" ئەمنییە لاببات.
ئەو بەرپرسانە رایانگەیاندووە، کە ئیدارەی ترەمپ پەیامێکی بە ئیسرائیل گەیاندووە و ئاماژە بەوە دەکات کە دەتوانرێت ئەم دۆخە بگۆڕدرێت بۆ جۆرێک لە "پڕۆژەی تاقیکاری" بۆ داماڵینی چەک لە حەماس و ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی دواتر مۆدێلەکە لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە بەکاربهێنرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لەناو داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە، جۆرێکی نوێ لە شەڕ سەری هەڵداوە. لە نێوان حەماس و ئیسرائیل کە بە ناوی "شەڕی تونێلەکان" ناودەبرێت.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە رووبەڕووبوونەوەی خوێناوی، تەلئەبیب جارێکی دیکە ئەم بابەتەی خستە پێشەوەی کارە لەپێشینەکانی سەربازییەکانییەوە، بە پێی قسەکانی ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، تونێلەکان بڕبڕەی پشتی توانا سەربازییەکانی حەماسن و تا ئێستا زیاتر لە ٪60ی تونێلەکان نەتوانراوە لە ناو ببرێن.
عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە شەڕی 12 رۆژەدا ئێران نیشانیدا کە توانای دابینکردنی بژێوی خەڵک و پێداویستییەکانی شەڕێکی قورسی هەیە، ئەوان دەیان وت ئاسمانی ئێران بەدەست ئیسرائیلەوەیە، بەڵام دەیانشاردەوە کە ئاسمانی ئیسرائیلیش گۆڕەپانی موشەکەکانی ئێمە بوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کارگێڕی پارێزگای هەمەدان ئاماژەی بەوەکردوە؛ زۆر کەس دەڵێن؛ لە ماوەی شەڕی 12 رۆژەدا، ئاسمانی ئێران لە بەردەستی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بووە، بەڵام ناڵێن ئاسمانی ئیسرائیلیش گۆڕەپانی موشەکەکانیان بووە، مووشەکەکان توانای نیشتمانیی ئەوان بوون و لەو شيڕەشدا لە بری دیپلۆماسی، هەر موشەکەکان بە فریای ئەوان کەوت.
عیراقچی وتوشیەتی؛ توانای بەرگری و موشەکیان گەڕاوەتەوە بۆ پێش 12ی حوزەیران و تەنانەت بەهێزتر لە پێشوتر، دوژمنیش لە هەموو ئامانجەکانیدا لە شەڕی 12 رۆژەدا شکستی هێنا.
ناوبراو باسی لەوەشکردوە؛ لە رۆژانی سەرەتای شەڕەکەدا پەیامی دانوستانیان دەنارد و دەیانگوت "وەرە بۆ گفتوگۆکردن" ، ئێمە لە ناوەڕاستی دیپلۆماسیدا بووین کاتێک هێرشیان کردە سەرمان.
ئاماژەی بەوەشکردوە ئیسرائیل شکستی هێناوە و ئەوان پێیانوابوو بەو سوپرایزەی کە دروستیان کرد و ئەو هێرشانەی کردیان، ئێران لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژدا دەستەکانی بەرز دەکاتەوە، بەڵام لای هەموان روون بوو، ئەوە رووی نەدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاڕاستەی ماهیر حەسەن، هونەرمەندی دیاری کوردستان دەکات بەهۆی کۆچی دوایی نیگار حەسەنی خوشکی و دەڵێت، "بۆ ئەم خەمەتان پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەم و هاوبەشی ماتەمتانم".
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێز کاک ماهیر حەسەن، هونەرمەندی دیاری کوردستان
بەداخ و خەمێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (نیگار حەسەن)ـی خوشکی بەڕێزتانم پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمەتان پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەم و هاوبەشی ماتەمتانم.
لە خوای گەورە داواکارم رۆحی کۆچکردوو بۆ هەمیشە شادبکات، ئارامی و سەبووری بە هەموو لایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەمڕۆ، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە گەڕەکی رەحیماوای شاری کەرکوک، پەردەی لەسەر مۆنۆمێنتی شەهید رەفیق ساڵح سەعید لادا و مۆمی وەفاداری و رێزی بۆ رۆحی پاکی داگیرساند.
لە وتەیەکیدا لە میانی رێوڕەسمەکەدا، خاتوو شاناز رایگەیاند، زۆر زەحمەتە بۆ ئێمەی کورد ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی لە سایەی رژێمی پێشوودا چەشتوومانە لەبیرمان بچێتەوە و مانەوەمان پێکەوە، وەک مام دەیفەرموو، چەپکە گوڵەکە بوو، چونکە بە رق و کینە هیچ شتێک بونیادنانرێت.
وتیشی: دەبێت دەست لەناو دەستی یەکتر بین و کارێک بکەین کە هیچ کەسێک ئەم دیواربەند و مۆنۆمێنتە لەبیر نەکات.
داواشی لە کەرکوکییەکان و پێکهاتە جیاوازەکانیش کرد، کە ئەوانیش بەشێک لەو ئازارەیان چەشتووە، پێکەوە کار بکەن، دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە ئاوڕێکی جددی لە ئازارەکانی رابردوو بدەینەوە و بە دڵێکی فراوانەوە دەست بخەینەوە ناو دەستی یەک بۆ خزمەتی زیاتری کەرکوک و کەرکوکییەکان.
لە درێژەی قسەکانیدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوای لە کادیرانی یەکێتی کرد هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ سەرخستنی لیستی یەکێتی، لەپێناو ئەوەی مژدەیەک بدەین بە مام و دادە کە یەکێتی سەرکەوتنی مەزنی لە کەرکوک بەدەستهێناوە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەو مۆنۆمێنتەی لە گەڕەکی رەحیماوا پەردەی لەسەر لادرا، لە هەمان ئەو شوێنە دروستکراوە کە شەهید رەفیق ساڵح سەعید لەسەردەمی رژێمی لەناوچوودا، بەبەرچاوی باوکییەوە گولـلەباران کرا و شەهید بوو.
لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لەشاری کەرکوک، بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، باڵیۆز محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، و رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، پارک و باخچەی مام جەلال کرایەوە و تێیدا پەردە لەسەر پەیکەری سەرۆک مام جەلال لەشارەکەدا لادرا.
لەو رێوڕەسمەدا، کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەماوەرێکی بەرچاو لە چین و توێژەکان و هاووڵاتییانی شاری کەرکوک لە کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی تری شارەکە ئامادەی بوون، تیشک خرایەسەر مێژووی پرشنگدار و روانگەی سەرۆک مام جەلال بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و خزمەت، وەک رەمزێکی نیشتمانی و سەمامی ئەمانی عیراقییەکان.
هەروەها، ئەوەش خرایەڕوو کە ئەم ڕێوڕەسمە، نیشانەی وەفاداری و بەخشینە، و یادکردنەوەیەکی هەمیشەیی ئەو سەرکردەیەیە کە ژیانی خۆی لە پێناوی نیشتمانەکەیدا بەخت کرد. بە تایبەت جەخت کرایەوە سەر گرنگیی کەرکوک لە دیدگا ڕوونەکەی سەرۆک مام جەلالدا بۆ هاندانی برایەتی و پێکەوەژیان لە شارەکەدا.
دواتر، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هاوڕێ لەگەڵ جەماوەری ئامادەبوو، بەرەو سەکۆی بڵندی لادانی پەردە لەسەر پەیکەری سەرۆک مام جەلال کەوتنەڕێ و دواتر بەلادانی پەردەکە پەیکەری سەرۆک مام جەلال، شکۆی نەتەوە و نیشتمان، بەڕووی کەرکوکدا کردەوە.
لە چوارچێوەی هەڵەمەتەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کادرو لایەنگرانی یەکێتی لە هەولێر کۆبوەوە و رایگەیاند؛ پەیوەندیی باش لەگەڵ بەغدا و لایەنە سیاسییە عیراقییەکان نە تاوانە و نە خیانەت، بەڵکو پێویستییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی لە میانی کۆبوەنەوەکانی لەگەڵ ژمارەیەک هەڤاڵ و لایەنگرای یەکێتی رایگەیاند؛ پەیوەندیی باش لەگەڵ بەغدا و لایەنە سیاسییە عیراقییەکان نە تاوانە و نە خیانەت.
جەختیکردەوە لەوەی پێویستیان بە پەیوەندیی باش و لێکتێگەیشتن هەیە، تا مافە دەستوورییەکانیان دابین بکرێت، تا موچە و بودجە و شایستە داراییەکان دابین بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد؛ یەکێتی وەک هەندێک لایەن نییە، لە کوردستان قسەیەک بکەن و لە بەغداش هەوڵ بۆ شتێکی تر بدەن، یەکێتی لە کوردستان چی دەڵێت، لە بەغدادش هەمان قسە دەکات و هەوڵ بۆ هەمان شت دەدات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند پرۆسەی ئاشتی پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە و لەبارەی ئازادکردنی هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپەشەوە وتویەتی؛ تورکیا وڵاتی یاسایە و ئەوان پابەندی بڕیارەکانی دادگان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵیاندا، بە پەرلەمانتارەکانی حزبەکەی وتووە؛ هەفتەی رابردوو گفتوگۆی زۆرباش و بنیادنەری لەگەڵ سەرکرەکانی دەم پارتی ئەنجامداوە.
ئەوەشیخستوەتەروو، دەم پارتی پێشنیازیان کردووە، رێگە بدرێت وتاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانی کراوی پەکەکە سەبارەت بە چەکداماڵینی حزبەکەی لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بخوێنرێتەوە و ئەویش قبوڵی کردووە.
لە وەڵامی رۆژنامەنوسانیشدا سەبارەت بە پرسی دەمیرتاش، ئەردۆغان رایگەیاندوە، تورکیا وڵاتی یاسایە و دادگا هەر بڕیارێک بدات لەسەر کەیسی دەمیرتاش ئەوان پێوەی پابەند دەبن.