بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە لە درەنگانی شەوی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر ناوچەکە دەگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5-2-2026، ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە. خێرایی با لە نێوان 5 بۆ 15 کم/س دەبێت و مەودای بینینیش 7 بۆ 9 کم دەبێت.
بۆ سبەینێ هەینی، 6-2-2026، ئاسمان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. بەپێی راگەیەندراوەکە، بەهۆی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی باکووری دەریای ناوەڕاست، لە سەعاتەکانی درەنگانی شەودا نمە باران و بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی رۆژهەڵات و پارێزگای سلێمانی دەست پێ دەکات، پاشان لە رۆژی شەممەدا کاریگەرییەکەی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی داباریندا مەودای بینین بۆ 4 تا 6 کم کەم دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 15
سلێمانی: 11
دهۆک: 13
کەرکوک: 17
هەڵەبجە: 14
زاخۆ: 14
گەرمیان: 16
سۆران: 8
پیرمام: 11
چەمچەماڵ: 13
حاجی ئۆمەران: 1
رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، یەک لەسەر سێی کارمەندانی لادەبات و روماڵکردنی هەواڵە وەرزشی و دەرەکییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
ئەم بڕیارە کە رۆژی چوارشەممە راگەیەندرا، کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر بەشەکانی وەرزش، هەواڵە ناوخۆییەکان و بەشی نێودەوڵەتی. مات مۆرای، سەرنوسەری جێبەجێکاری رۆژنامەکە رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بۆ هێنانەدیی "سەقامگیری"یە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی گەشەسەندنی خێرای ژیریی دەستکردەوە، هاتوچۆی هاووڵاتییان بۆ سەر ماڵپەڕی رۆژنامەکە کەمی کردووە و مۆدێلی کارکردنی رۆژنامەکەش پێویستی بە گۆڕانکاریی جدی هەیە تاوەکو بتوانن لەم سەردەمە نوێیەدا بەردەوام بن.
ئەم بڕیارەی واشنتن پۆست، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ جێف بێزۆس، ملیاردێری ئەمریکی و دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن دەگەڕێتەوە، هێدمە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە. مارتی بارۆن، کە تا ساڵی 2021 سەرنوسەری رۆژنامەکە بووە، ئەم رۆژەی بە "تاریکترین رۆژ لە مێژووی یەکێک لە گەورەترین رێکخراوەکانی هەواڵ لە جیهاندا" ناوبرد. بارۆن رەخنەی لە جێف بێزۆس گرت و وتی، لە کاتی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، بێزۆس بە جۆش و خرۆشەوە باسی لە ئازادیی رۆژنامەگەری دەکرد، بەڵام ئێستا هیچ ئاماژەیەک بەو رۆحیەتە نابینرێت.
دەرکردنی رۆژنامەنوسان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ ئەنجامدراوە؛ بەڕێوەبەری پێشوی نووسینگەی قاهیرە رایگەیاند، خۆی و "تەواوی لیستی" پەیامنێر و سەرنوسەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکراون. هەروەها پەیامنێرێکی دیکەی رۆژنامەکە لە ئۆکراین، نیگەرانیی خۆی نیشاندا کە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی جەنگدا کارەکەی لەدەستداوە.
سەندیکای کارمەندانی واشنتن پۆست لە راگەیەندراوێکدا جەختیان کردەوە کە دەرکردنی کارمەندان تەنیا دەبێتە هۆی لاوازکردنی رۆژنامەکە و دوورکەوتنەوەی خوێنەران، نەک چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان. واشنتن پۆست کە بێزۆس لە ساڵی 2013دا بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار کڕیویەتی، ئێستا روبەڕووی یەکێک لە گەورەترین ئاڵێنگارییەکانی مێژووی خۆی بووەتەوە.
ڤلادیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لەوەتەی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و روسیا لە شوباتی 2022ـەوە دەستیپێکردووە نزیکەی 55 هەزار سەربازی ئۆکراین کوژراون.
زیلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فرانس 2"ی فەرەنسی ئاماژەی بەوە کرد، جگە لەم ژمارەیە، ژمارەیەکی دیکەی زۆر لە سەربازەکانیان بە رەسمی وەک بێسەروشوێن هەژمار دەکرێن. وتیشی: "لە ئۆکراین بە رەسمی و لە گۆڕەپانی جەنگدا، ژمارەی سەربازە کوژراوەکان 55 هەزار کەسە، جا چ ئەوانەی لە سەرەتادا لە ریزی سوپادا بوون یان ئەوانەی لە کاتی جەنگدا ناویان نوسراوە؛ هەروەها ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکەش هەن کە ئۆکراین بە بێسەروشوێن ناویان دەبات."
پێشتر و لە شوباتی 2025دا، زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی"ی ئەمریکی رایگەیاندبوو کە زیاتر لە 46 هەزار سەربازی ئۆکراین لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا کوژراون، ئەمەش نیشان دەدات لە ماوەی یەک ساڵدا ژمارەی قوربانییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
جەنگی روسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین لە 24ی شوباتی 2022ـەوە دەستیپێکردووە. لە ئێستادا روسیا نزیکەی 20%ی خاکی ئۆکراینی لەژێر دەسەڵاتدایە، کە نیمچە دوورگەی قرم و بەشێکی ناوچەی دۆنباس دەگرێتەوە. بەپێی خەمڵاندنی شرۆڤەکارە سەربازییەکان، مۆسکۆ لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە توانیویەتی 1.5%ی دیکەی خاکی ئەو وڵاتە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران جەختیان لەسەر هەوڵەکانیان بۆ بەردەوامبوونی رێگەچارە دیپلۆماسییەکان کردەوە، بڕیاریشە سبەینێ هەینی یەکەم کۆبوونەوە لە وڵاتی عومان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ناکۆکی لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکان ماوەتەوە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە "رۆیتەرز"ـی راگەیاندووە، پلانی کۆبوونەوەکەی مەسقەت گەڕاوەتەوە سەر رێڕەوی رەسمیی خۆی. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە دوای فشارێکی زۆری سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان هاتووە بۆ سەر ئیدارەی ترەمپ تاوەکو لە دانوستانەکان نەکشێتەوە. واشنتن وەک رێزێک بۆ داواکاریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، رازی بووە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکان بەیانی رۆژی هەینی لە مەسقەت دەستپێدەکەن. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "تەسنیم"، گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبن و چاوەڕوان دەکرێت ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و عەباس عراقچی تێیدا بەشدار بن.
پێشتر ئەمریکا داوای کردبوو کۆبوونەوەکە لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بێت و ژمارەیەک وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک چاودێر بەشدار بن، بەڵام ئێران داوای کردووە دانوستانەکان بگوازرێنەوە بۆ سوڵتان نشینی عومان و تەنیا لە چوارچێوەی هەردوو وڵاتدا بێت، تاوەکو تەنیا تیشک بخرێتە سەر دۆسیەی ئەتۆمی.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ چەندین بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و واشنتن بۆ کۆبوونەوەکەی سبەینێ ئامادەیە. رۆبیۆ جەختی کردەوە کە تەنیا گفتوگۆ لەسەر یەک دۆسیە بەس نییە و دەبێت پرسی موشەکە بالیستییەکانی ئێرانیش تاوتوێ بکرێت. لە بەرامبەردا، ئێران رایگەیاندووە کە تەنیا لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەتۆمی ئامادەی دانوستانە و توانا سەربازییەکانی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی و قابیلی گفتوگۆ نییە.
ترەمپ پێش رێککەوتن لەسەر شوێنی دانوستانەکان، رایگەیاندبوو کە دەبێت عەلی خامنەیی نیگەران بێت. هەروەها بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، ئەمریکا بە وردی چاودێریی جوڵەکانی ئێران دەکات و هۆشداریی داوە: "بیستوومە ئێران هەوڵدەدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی کارا بکاتەوە، ئەگەر ئەوە بکەن، فڕۆکە جەنگییەکانمان دەنێرینەوە."
هاوکات، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عراقچی، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پەنابردن بۆ دیپلۆماسی دووپات کردەوە، تاوەکو گەلانی ناوچەکە لە لێکەوتەکانی ئاڵۆزی و جەنگ بپارێزرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی شوبات، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بە رێژەی یەک دۆلار دابەزی. ئەم دابەزینە دوای ئەوە هات کە واشنتن و تاران رێککەوتن رۆژی هەینی لە وڵاتی عومان دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە، بەتایبەت لەبارەی دۆسیە ئەتۆمییەکەی ئێران.
لە بازاڕەکاندا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور یەک دۆلار دابەزی و بە 68 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساسی ئەمریکی بۆ 64 دۆلار و 23 سەنت دابەزی، کە ئەوەش نزمبوونەوەی 91 سەنتی لە نرخەکەیدا بەخۆوە بینیوە.
ئەم گۆڕانکارییەی نرخەکان دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی رێکنەکەوتنی هەردوولا لەسەر شوێن و بابەتی دانوستانەکان، نرخی نەوت بە رێژەی 3% بەرز ببووەوە. بەڵام رێککەوتنی نوێی هەردوولا بۆ کۆبوونەوەی رۆژی هەینی، کاریگەریی خێرای لەسەر ئاراستەی نرخەکان هەبوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: رۆژی هەینی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ماڵپەڕی ئەکسیۆسیش ئاشکرایکرد، لەسەر داوای سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆکان دەستپێدەکاتەوە.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی؛ بڕیارە رۆژی هەینی سەعات 10ـی بەیانی، گفتوگۆکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریکا لە مەسقەت بەڕێوەبچن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی برا عوممانییەکانیان دەکەن لە بەرانبەر ئەنجامدانی هەموو ئامادەکارییە پێویستەکان.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، لە دوای نێوەنگیرییەکان و لەسەر داوای چەند سەرکردەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران ئەنجام دەدرێت.
دوای تەنها چەند سەعاتێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەکخستنی پلانەکانی گفتوگۆ، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو لێپرسراوی باڵای ئەمریکییەوە ئاشکرایکرد، بڕیاری ئەنجامدانی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە رۆژی هەینیدا چوونەتەوە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە دوای فشار و هەوڵی چڕی سەرکردەکانی ناوچەکە دێت، کە هۆشدارییان دابووە ئیدارەی ترەمپ لە مەترسییەکانی کشانەوە لە دانوستانەکان. بەپێی سەرچاوەکان، نێوەندگیریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە واشنتۆن لە هەڕەشەکانی پاشەکشە بکات و جارێکی تر بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ تاران.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوا دەكەن رێز لە وادە دەستورییەكان بگیرێت و هیچ بیانوییەكیش نەبێت بۆ هێرشەكردنەسەر عیراق و تێكدانی سەقامگیرییەكەی.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە نوسینگەی سەرەكی رەوتی حیكمە لە بەغداد كۆبووەوە، بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش، جەختكراوەتەوە لەپێویستیی رێزگرتن و پابەندبوون بە وادە دەستوورییەكان، داواش دەكات كاندیدی سەرۆك كۆماری داهاتووی عیراق بەزووترین كات یەكلابكرێتەوە، داواش لە لایەنە كوردییەكان دەكات پێشنیازەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە هەند وەربگرن، بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و كۆتایی هێنان بە چەقبەستوویی.
دەشڵێت، لە ئەگەری نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پەرلەمانتارانیان سەرپەشك دەكەن بۆ دەنگدان بە هەر كاندیدێكی ئەو پۆستە.
چونكە بەردەوامی چەقبەستووی دامودەزگاكانی دەوڵەت لەگەڵ ئاستەنگە سیاسییە و ئابووری و ئەمنییەكانی وڵات یەكناگرێتەوە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە، بەكارهێنانی خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر هەر وڵاتێك رەتدەكەنەوە، داوا لە هێزە ئەمنییەكانیش دەكات رێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بگرنەبەر، بۆئەوەی هیچ پاساوێك نەبێت بۆ هێرشكردنەسەر عیراق و تێكدانی سەقامگیرییەكەی.
ئەكسیۆس بڵاویکردەوە، پلانی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریكا شكستی هێنا، ئێرانیش دەڵێت: تەنها لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دانوستان دەکەن.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەینێ "ویتکۆف" و "کۆشنەر" لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە بگەڕێنەوە واشنتۆن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ جۆرە کۆبوونەوە و دیدارێکیان لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران نابێت و راستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا.
ئەکسیۆس ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی هەینی داهاتوو هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان تاران و واشنتۆن لە عوممان بەڕێوەناچێت.
لە بەرانبەردا، لێپرسراوێکی ئێرانی بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ـی راگەیاندووە، تاران تەنها سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێداگریی واشنتۆن لەسەر گفتوگۆکردن دەربارەی پرسە نائەتۆمییەکان، دانوستانەکان دەخاتە مەترسییەوە.
پۆلیسی ئاکرێ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە بڕی 51 ملیۆن دینار و بڕێک زێڕ و دۆلاری لە سنوری ناحیەی دینارتە دزیبوو.
عیماد حوسێن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند: دوای ئەوەی رۆژی رابردوو هاووڵاتییەک لە سنوری ناحیەی دینارتە سەردانی بنکەی پۆلیسی کرد و سکاڵای تۆمارکرد، کە بڕێکی زۆر پارە و زێڕ لە ماڵەکەیدا دزراوە، دەستبەجێ تیمەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
ئاماژەی بەوەشدا، پاش بەدواداچوونی ورد، ئەمڕۆ توانرا تۆمەتبارەکە لەناو شاری ئاکرێ دەستگیربکرێت و دەستبگیرێت بەسەر ئەو کەلوپەلانەی دزیبوونی، کە پێکهاتبوون لە 51 ملیۆن دیناری عیراقی و 600 دۆلاری ئەمریکی و سێ پارچە زێڕ.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ وتیشی: تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
دەزگای ئاسایش هەرێم دەستگیرکردنی حەوت تیرۆرستی راگەیاند، کە بەمەستی خۆحەشاردان هاتبوونە سنوری پارێزگای سلێمانی.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بڵاویکرەوە، دوای بەدواداچووونەکانی لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عیراقی فیدراڵ، لەچەند ئۆپراسیۆنێکدا لەمانگی 1ـی 2026 لەسنوری پارێزگای سلێمانی توانرا حەوت تیـرۆریستی داواکراوی دادگاکانی عیراق دەستگیربکەن، کە تیرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان هاتبوونە سنورەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەمادەی (4)لەیاسای تیـرۆر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.
میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ ئاشکرایانکرد، رۆژی هەینی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە عومان دەستپێدەکاتەوە.
میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی داهاتوو لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچن و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبن.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەشکرد، دانوستانەکان تەنها سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و هەڵگرتنی سزاکان دەبن.
ئاژانسەکانی هەواڵ رایانگەیاند، پێشتر بڕیاربوو دانوستانی ئەتۆمیی لە توركیا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەمریكا لەسەر داوای ئێران شوێنی گفتوگۆ دانوستانەكانی بۆ مەسقەتی پایتەختی عومان گواستەوە.

بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نیگەرانی خۆیی بەرانبەر داخستنی نوسینگەكانی كەناڵی NRT لەهەولێر و دهۆك دەردەبڕێت و ئاماژە بەوەدەکات: ئەم هەنگاوە جێگەی نیگەرانییە و كاریگەریی نەرێنێ لەسەر ناوبانگی هەرێم جێدەهێڵێت و دەبێتە هۆی زیاتر بەرتەسككردنی ئازادی رادەربڕین و میدیایی.
دەقی پەیامەكە:
بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نیگەرانی خۆی بەرامبەر داخستنی نووسینگەكانی كەناڵی NRT لەهەولێرو دهۆك دەردەبڕێت .
بەداخەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیریی و بەبڕیارێكی ئەمنی و حزبی لەهەولێر و دهۆك نووسینگەكانی كەناڵی NRT دادەخرێن، ئەم هەنگاوە جێگەی نیگەرانییە و كاریگەریی نەرێنێ لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان جێدەهێڵێت و روبەڕووی رەخنەی زۆر دەبێتەوە، بەتایبەت كە تەنها چەند رۆژێكە وەزارەتی رۆشنبیریی سوپاسنامەی پێشكەش بەسەرجەم میدیاكانی كوردستان لەپای سەنگینیان لە روماڵی هەواڵ و رووداوەكانی رۆژئاڤای كوردستان كردووە، هەروەك دەبێتە هۆی زیاتر بەرتەسككردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیایی لە وڵاتەكەمان، بۆیە وەكو بۆردی راگەیاندنی یەكێتی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەولێرو دهۆك دەكەین دەرفەت بە هەردوو نوسینگەی NRT بدەن كە جارێكی دیكە بتوانن ئازادانە كارە میدیاییەكانی خۆیان لەو دوو پارێزگایە جێبەجێ بكەن .
دامەزراوەی میدیایی نالیا، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە داخستنی نووسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگای بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و بە ناوی حکومەتەوە چوونەتە سەر نووسینگەی کەناڵەکانی ئێن ئارتی لە هەولێر و دهۆک و هەردوو نووسینگەکەیان داخستووە.
جگە لەوەی ڕێگا بە تیمە ڕۆژنامەنووسییەکانی ئێن ئاڕ تی نەدراوە کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکان ببەنە دەرەوەی نوسینگەکە، هەروەها لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بڕیاری قەدەغەکردنی کاری ڕۆژنامەوانی لە ئێن ئاڕ تی دراوە، بە بێ هیچ بنەما و پاساوێکی یاسایی و لۆژیکی. لە کاتێکدا وەزارەتی ڕۆشنبیری بێ ئاگایی خۆی لە بڕیارەکە دەربڕیوە.
ئێمە لە دامەزراوەی میدیایی نالیاوە سەرباری ئەوەی کاری ڕۆژنامەوانی پیشەییانەی خۆمان لە چوارچێوەی یاسای کاری ڕۆژنامەنوسیدا دەکەین، ئەم ڕەفتارەی پارتی بە دەستدرێژی ئاشكرا بۆ سەر کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕۆژنامەنووسانی هەرێم دادەنێین و بە تووندی سەرکۆنەی دەکەین و داوا لە کونسوڵخانەی وڵاتان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان دەکەین فشاری زیاتر لە دەسەڵات بکەن، چونکە ئەم جۆرە رەفتارانە جگە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕا دەربڕین و ڕۆژنامەوانی ناوبانگی هەرێمیش لەکەدار دەکات، بیری هەموو لایەکی دەخەینەوە کە یاسای ژمارەی 35ـی ساڵی 2007ـی کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێم لە هیچ بەند و بڕگەیەکی تێدا نییە کە ڕێگا بە داخستنی کەناڵی ڕاگەیاندن و میدیایی بدات.
ئێن ئاڕ تی وا پێدەنێتە 16ـیەمین ساڵی تەمەنییەوە، ئەم مێژووەش دەریخستووە، ئەم ڕەفتارانە نەک کار لە کەناڵەکە ناکات بەڵکو پێداگیرترمان دەکات لە کاری پیشەیی ڕۆژنامەنووسییانەی خۆمان بۆ بەرگریکردن لە خەڵک.
دامەزراوەی میدیایی نالیا
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، لەلایەن لێژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی قەزای چەمچەماڵەوە توانیویانە 10 تۆن شمەک و خۆراکی بەسەرچوو لەناوبەرن، کە لە ناو بازاڕ و مارکێت و شوێنە گشتییەکانی چەمچەماڵ دەستیان بەسەدا گیرا بوو.
ئەمڕۆ چوار شەممە، لە راگەیەندراوێکدا، تەندروستی چەمچەماڵ لەناوبردنی 10 تۆن تۆن شمەک و خۆراکی لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامیەتی قەزاکەوە راگەیاند.
ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەو خۆراک و شمەکەیی لەناویانبردوە، لەناو بازاڕ و مارکێت و شوێنە گشتییەکانی چەمچەماڵ دەستی بەسەرداگیراوە و رێکاری یاسایی بەرانبەر خاوەن ئەو شوێنانە گیراوەتەبەر.
تەندروستی چەمچەماڵ داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە بینینی هەر شمەکێکی خراپ یان بەسەرچوو ئاگاداریان بکەنەوە و دەستخۆشیش لە لێژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی چەمچەماڵ و چاودێری تەندروستی دەکات، کەبەردەوام لەهەوڵی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاووڵاتییاندان.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیر کردوە، خەڵکی دەرەوەی هەڵەبجەیە و گیرفانی خەڵکی بڕیوە.
پۆلیسی هەڵەبجە بڵاویکردوەتەوە، لەلایەن مەفرەزەکانی چاودێری بازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە توانرا تۆمەتبارێک دەستگیربکرێت بەتۆمەتی دزیکردن لەهاووڵاتیاین و بڕینی گیرفانیان
ئاماژەیان بەوەشکردوە، تەمەنی 52 ساڵە و پێشتریش چەند دۆسیەی دزیکردنی هەبوە لەناوبازاڕی هەڵەبجەدا و لە ئێستادا بەپێی مادەی446 راگیراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر و دهۆک هێزێكی ئەمنی چونەتە سەر نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی، دایانخستوە و کارمەندەکانیشیان ئاگادار کردوەتەوە، رێگەی بە کارکردنیان نادرێت.
مەریوان حەسەن، لێپرسراوی ژوری هەواڵی ئێن ئاڕ تی، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هێزێکی ئەمنی چووەنەتە سەر نووسینگەی کەناڵەکەیان لە هەولێر و دهۆک، کارمەندەکانیان کردوەتە دەرەوە و دەستیاب بسەر ئامێرەکاندا گرتوە.
مەریوان حەسەن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزە بە بێ بونی هیچ پاساوێکی یاسایی، نووسینگەکەیان داخستووە و پێشتریش ئاگادار نەکراونەتەوە.
ناوبرا بە کوردسات نویزی راگەیاند، سەرەڕای داخستنی نوسینگەیەکان، تیمی پەیامنێرانیشیان لە سنووری دەسەڵاتی پارتی ئاگادارکراونەتەوە، کە لە ئەمڕۆوە رێگە بە کارکردنیان نادرێت.