وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، کە بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، کۆمپانیای داناغاز بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی هەناردەی غاز بۆ وێستگەکان و کەمبوونی 2500 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانیی هەرێمدا.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئەو بڕە کارەبایەی کە لە وێستگە جیاوازەکاندا بەرهەم دێت، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، تیمێکی هاوبەشیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە راسپاردووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی رێک و پێک کارەبای بەردەست بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بکرێت، و تیمی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمیش بەردەوام چاودێریی رێکخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا دەکات.

سەبارەت بە دابینکردنی غازی شلی ماڵان، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە وەزیری سامانە سروشتییەکان رەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەدەستهێناوە بۆ دابینکردنی پێداویستیی رۆژانە، و هەر ئەمڕۆ چەندین تانکەری غاز رەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان کراون.

هەردوو وەزارەت دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە قەیرانی غازی ماڵان دروست نابێت و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ دۆخی ئاسایی لە زووترین کاتدا.