هەواڵەکانهەواڵەکان

رۆژنامەیەکی تورکی ئاماژە بە ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی یان تەقاندنەوەی تەقەمەنی دەکات لەناو ئەو فڕۆکە سەربازییەی تورکیا کە لە جۆرجیا کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە 20سەرباز گیانیان لەدەستدا، هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا وێنەی قوربانییەکان بڵاوکراوەتەوە.

رۆژنامەی "تورکیا" کە لە حکومەتەوە نزیکە، بڵاویکردەوە، فڕۆکەکە لە جۆری C-130 Hercules بووە، لە فڕۆکەخانەی گەنجە لە تورکیاوە فڕیوە و دوای چوونە ناو ئاسمانی جۆرجیا، لە دووری پێنج کیلۆمەتر لە سنوورەوە تێکشکاوە.

رۆژنامەکە نووسیویەتی: "تێکشانی فڕۆکەکە لە ئاسماندا، نەک بەهۆی کێشەی تەکنیکی یان هەڵەی نیشتنەوە، گومانەکان بە ئاراستەی ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی یان تەقینەوەی ئەو تەقەمەنییەی هەڵیگرتبوو، دەمانبات."

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە تیمە تەکنیکییەکان لە شوێنی رووداوەکە دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ دیاریکردنی هۆکارە وردەکان.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، فڕۆکەکە لەسەر خاکی جۆرجیا کەوتۆتەخوارەوە و جەختیشیکردەوە، ئەنکەرە بە شێوەیەکی نزیک هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی جۆرجیا دەکات لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن و کۆکردنەوەی بەڵگەکاندا.

نوسینگەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش رایگەیاندووە، "لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی رووداوەکە بە شێوەیەکی زۆر ورد" ئەنجام دەدرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی سوریا رایگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ یەكخستنەوەی هێزەكان لە سوریادا ئەوەیە ئەمریكا سەرپەرشتی پرۆسەكە بكات. دەشڵێت: لەگەڵ ئیسرائیل لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر سنورەكانیان.

ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی راگەیاندووە، باشترین چارەسەر بۆ یەكخستنەوەی هێزەكان لە سوریا و تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات 'هەسەدە' بە سوپای سوریا ئەوەیە، ئەمریكا سەرپەرشتیی ئەو یەكگرتنەوەیە بكات، بە جۆرێك كە دەوڵەت ئەركی پاراستنی سوریا لە ئەستۆ بگرێت.

شەرع وتووشییەتی، لەئێستادا لەگفتوگۆدان لەگەڵ ئیسرائیل و بەرەو رێككەوتن هەنگاو دەنێین، بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتاییش پێویستە ئیسرائیل بۆ ئەو ناوچانە بكشێتەوە كە بەر لە رووخانی رژێمی ئەسەد لێی بووە.

سەرۆكی سوریا ئەوەشی خستووەتە روو، ماوەی 10 ساڵ وەك ئۆپۆزسیۆن شەڕی روسیایان كرد، بەڵام لە ئێستادا حكومەتی سوریا پێویستی بە روسیایە و بەرژەوەندی ستراتیژیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سورن لەسەر دادگاییكردنی ئەسەد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەڵێنیدا کار بۆ خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانیان بە چوارچێوەی رەسمی دەوڵەتی سوریاوە بکات و هاوکات رێزی خۆی بۆ رۆڵی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی رێڕەوی سیاسی لە سوریا دەربڕی.

مەزڵوم کۆبانێ، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەم بۆ سەرکردایەتیکردنی دۆسیەی سوریا و پێدانی دەرفەت بە گەلی سوریا بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی مەزن."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامداوە لەگەڵ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا و نێردەی تایبەت بۆ سوریا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا لە کۆشکی سپی.

مەزڵوم کۆبانێ راشیگەیاندووە، هەردولا رێککەوتوون لەسەر "خێراکردنی هەنگاوەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریاو."

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، چوونەپاڵی سوریا بۆ "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی" دژی رێکخراوی داعش بە "هەنگاوێکی سەرەکی" دادەنرێت کە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەدەستهێنانی شکستێکی هەمیشەیی بەسەر رێکخراوەکە و نەهێشتنی هەڕەشەکانی لەسەر ئاسایشی هەرێمی بەهێزتر دەکات.

لە کۆتایی پۆستەکەیدا، مەزڵوم کۆبانێ نووسیویەتی: "ئێمە بە جدی و متمانەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان کاردەکەین، بە هەماهەنگییەکی نزیک، بۆ پاڵنانی کاروانی پێشکەوتن بەرەو داهاتوویەکی ئارامتر و گەشاوەتر بۆ گەلی سوریامان، لە دەوڵەتێکی یەکگرتوو و سەروەردا."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا ئێستا لە دەنگدانی گشتیدا زیاتر لە 355 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و دەنگەکانی لە سلێمانی بەرێژەی  ٪77 زیادیکردووە.

لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەركەوتنی یەكێتی سەركەوتنێكی فرە رەهەندە و جارێكیتر توانیمان بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگەكانی یەكێتی 77.4%ی زیادیكردووە.

وتیشی، لە سلێمانی و كەركوك یەکێتی یەکەمە و لەهەولێریش لە پلەی دووەمدا.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان یەکێتی لە سلێمانی 195 هەزار و 203 دەنگی بەدەستهێناوە، لە کەرکوکیش دەنگەکانی یەکێتی 84 هەزار دەنگی تێپەڕاندووە.

هاوکات لە هەولێر پلەی دووەمی بەدەستهێناوە و لە هەڵەبجەش لە پلەی یەکەمدا دێت، هەر بەپیی ئەنجامە بەراییەکان تائێستا لە هەولێر سێ کورسی مسۆگەر کردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پارتی لە سلێمانی لە پلەی پێنجەمدا دێت کەمتر لە 47 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.

هەروەها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای دیالە   29175 دەنگی بەدەستهێناوە و پلەی یەکەمی لیستە کوردیەکانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامێكدا پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە هاووڵاتیان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكات.

د.لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامەكەیدا دەڵێت، سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن پابەندبوونی گەلی عیراق بە بژاردەی ئاشتییانە دووپاتدەكاتەوە بۆ داڕشتنەوەی حكومڕانیی.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگیرێت و بە رۆحی نیشتمانپەروەریی و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی باڵا، كار بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتێك بكرێت كە رەنگدانەوەی ئیرادەی راستەقینەی هاووڵاتییان بێت و كاربكات بۆ دابینكردنی پێداویستی و داواكارییەكانیان لە ژیانێكی شایستە و ئارام و سەقامگیردا.

سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامەكەیدا، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرجەم ئەو لایەنانەش كردووە كە بەشدارییانكردووە لە رێكخستن و سەرخستنی هەڵبژاردن، هیوای سەركەوتنیش بۆ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنەكەدا دەخوازێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: هیوادارم دوای بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و عیراق بێتە کایەوە.

 

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان....

 

 

پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عیراق دەکەم و سوپاسیان دەکەم بەهۆی بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.

سوپاسێکی تایبەتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق و تەواوی هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە ڕۆڵی خۆیان بە باشترین شێوە جێبەجێکرد و پرۆسەکەیان سەرخست.

داوا لە تەواوی ئەو نوێنەرانە دەکەم کە متمانەی دەنگدەران بەدەستدەهێنن داکۆکی لەسەر مافی هاوڵاتییانی تەواوی ناوچەکان بکەن.

هیوادارم دوای بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و عیراق بێتە کایەوە و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەشێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەچوو و هیچ پێشێلکارییەکی هونەری لە کارەکانی کۆمیسیۆندا تۆمار نەکراوە.

جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، هەماهەنگییەکی تەواو لەنێوان کۆمیسیۆن و لیژنەی باڵای ئەمنی و وەزارەتە ئەمنییەکاندا هەبووە بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و گەڕانەوەی ئارامیی زانیارییەکان.

وتەبێژی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا دەستکراوە بە ژماردنی دەستیی دەنگەکان و بەراوردکردنی لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی لە رێگەی ئامێرەکانەوە بەدەستهاتوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆتاییهات و سندوقەکانی دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی داخران.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز و ئامارە ناڕەسمییەکان، لە خوێندنگەی 11 ی ئادار لە کەرکوک 2364 کەس دەنگی دا لە کۆی 3380 کەس کە ئەمەش دەکاتە رێژەی 61%ـی دەنگدەران.

هاوکات لە بنکەی بیتوێنی بنەڕەتی لەڕانیە لەکۆی 2813 دەنگ 1707کەس دەنگیداوە بە رێژەی دەنگدان ٪60ـی دەنگدەران.

هەروەها ئەنجامی کۆتایی  بنکەی گەرمیان 2211 دەنگدەر لە کۆی 3517 کەس دەنگیان داوە.

لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.

هاوکات رۆژی یەکشەممە، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، کە رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت 82.48% بووە.

کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عیراق 329 کورسییە و لەو ژمارەیە 46 کورسیان بۆ پارێزگاکانی هەرێمە، ئەوەش جگە لە کورسییەکانی ناوچە دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق سێ رێنمایی گرنگی بڵاوکردەوە  و هۆشداریش دەداتە دەنگدەران کە سێ هەڵە هەیە ئەنجامی نەدەن بۆئەوەی دەنگەکانیان نەسوتێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە هەرێمو عیراق پرۆسەی دەنگدانی گشتی دەستیپێکرد و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقیش چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە

 سێ رێنماییەکەی کۆمیسیۆن:

یەکەم – کۆمیسۆن داوادەکات دوو جار قەڵەمی دەنگدان نەخەنە سەر وەرەقەکە، ئەگەرنا دەنگەکەی دەسووتێت، دەشڵێت: ئەگەر کاڵبوو مۆرەکە کێشەنییە و خەمتان نەبێت.

دووەم- نابێت پەنجەمۆرەکەی  بەر وەرەقەی دەنگدانەکە بکەوێت.

سێێەم – نابێت وەرەقەی دەنگدانەکە بنوشتێتەوە بە هیچ شێوەیەک

سەعات حەوتی بەیانی ئەمڕۆ بنکەکانی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتیی بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەرووی دەنگدەراندا کرایەوە و بڕیارە تا سەعات شەشی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوم بێت و دوای 24 سەعاتیش کۆمیسیۆن ئەنجامە بەراییەکان بڵاودەکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی لە ئامادەیی رەوشەن بەدرخان لە سلێمانی دەنگیدا و لە پەیامێکیشیدا بۆ خەڵکی هەرێم و عیراق رایگەیاند دەنگ بدەن بەو حزبەی دەتوانێت لە بەغداد کێشەکان چارەسەر بکات، نەک ئەوانەی تێکیانداوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە سەعات حەوتەوە بنکەکانی دەنگدان بەرویی هاووڵاتییاندا کرایەوە و قوباد تاڵەبانیش لە سلیمانی بەشداری پرۆسەکەی کرد.

لە دوای دەنگدانیش، قوباد تاڵەبانی قسەی بۆ رۆژنامەنسان کرد و رایگەیاند؛ داوا لە خەڵک دەکەم بچن دەنگ بدەن و دەنگدان مافی هەموانە.

ئاماژەی بەوەشکرد یەکێتی حزبێکی کاریگەرە و لە بەغداد گوێی لێدەگیرێت، داواشیکرد خەڵک دەنگ بدەن بەو لایەنەی دەتوانێت لە بەغداد کێشەکان چارەسەر بکات، نەک ئەو لایەنانەی تێکی دەدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ئامادەیی رەوشەن بەدرخان لە سلێمانی دەنگیدا و لە پەیامێکیشیدا بۆ خەڵکی هەرێم و عیراق رایگەیاند بە ویژدانەوە دەنگ بدەن بەو لایەنەی دەتوانێت زیاتر لە 222 کێشەتان بۆ چارەسەر بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان بەرووی دەنگدەراندا، سەرۆکی یەکێتی لە سلێمانی بەشداری پرۆسەکەی کرد و پەیامێکیشی ئاراستەی خەڵک کرد.

 لە دوای دەنگدان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی خەڵک کرد و رایگەیاند بە ویژدانەوە دەنگ بدەن و دەنگیش بە لایەنێک بدەن کە دەتوانێت زیاتر لە 222 کێشە چارەسەر بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ رۆژێکی جیاواز  و گرنگە  بۆ هاووڵاتیانی هەرێم و عیراقییەکان لە کاتژمێر حەوتی بەیانیەوە دەنگدانی گشتی لە هەرێمی کوردستان و عیراق بۆ هەڵبژاردنی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستیپێکرد، لە دەنگدانی گشتیدا زیاتر لە 20 ملیۆن و 63 هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە  و پرۆسەکە کاتژمێر شەشی ئێوارە تەواو دەبێت و بە گوێرەی زانیاریەکانی کۆمیسیۆن، دوای 24 سەعات ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیەندرێت.

لە پرۆسەکەدا بەکۆی گشتی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی زیاتر لە 21 ملیۆن و 400 هەزر کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ هەشت هەزار و 703 بنکە و 39 هەزار و 285 وێستگە لە تەواوی عیراق  و هەرێم ئامادەکراون بۆ پرۆسەکە.

لە هەرێمی کوردستان کە بە دەنگدانی تایبەت و گشتی رێژەی ٪14.3ـیی دەنگدانی عیراق پێکدەهێنت، کێبڕکێکە لەسەر 42 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانە و دەنگدەرانیش بەمشێوازە دابەشبون بەسەر هەرسێ بازنەکەدا؛

لە سلێمانی +( هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین) ملیۆنێک و 210 هەزار و 658 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

لە هەولێر ملیۆنێک و 87 هەزار و 880 کەس مافی دەنگدانی هەیە.

لە دهۆک 778 هەزار و 846 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

ئەمڕۆ هاووڵاتییان  دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بۆ چوار ساڵ نوێنەری خۆیان  بۆ خولی شەشەمی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق  هەڵدەبژێرن و بڕیارە پڕۆسەکە کاتژمێر شەشی ئێوارە کۆتایی بێت.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاسۆ مامەند داوا لە ئاوارەکانی کەرکوک دەکات بە جۆش و خرۆشەوە بگەرێنەوە بۆ خاکی باوک و باپیریان و دەنگ بە کوردستانی بونیی کەرکوک بدەن، چونکە ئەم پرۆسەیە بۆ میللەتەکەمان ئێجگار گرنگ و چارەنووسسازە، بە تایبەتیش بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.

ئاماژەی بەوەشکردوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان هەموو رێوشوێنێکی پێویستیان بۆ دەستەبەرکردوون تەنانەت بە تێچووی هاتن و رۆیشتن.

 

دەقی پەیامەکەی ئاسۆ مامەند

پەیامێک لە هەڤاڵ ئاسۆ مامەندەوە بۆ ئاوارە سەربەرزەکانی کەرکوک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان

-ئاوارە سەربەرزەکانی دانیشتووی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان

 سبەینێ 11-11 پڕۆسەی هەڵبژاردنی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عیڕاق لە کەرکوک و تەواوی عیڕاق بەڕێوەدەچێت.

 ئەم پڕۆسەیەش بۆ میللەتەکەمان ئێجگار گرینگ و چارەنووسسازە، بە تایبەتیش بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.

 بۆیە داواتان لێدەکەم بە جۆش و خرۆشێکی کوردانەوە بگەڕێنەوە خاکی باوک و باپیرتان و دەنگ بە کوردستانیی بوونی کەرکوک بدەن.

 بۆ ئەو مەبەستەیش هەموو رێوشوێنێکی پێویستمان بۆ دەستەبەرکردوون تەنانەت بە تێچووی هاتن و رۆیشتن.

 

سڵاو لە خۆڕاگریتان

سڵاو لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان

 

براتان

ئاسۆ مامەند

سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی ئاراستەی فایزل میرانی کردوە و رایگەیادوە ئەگەر ئەتەوێت لاپەرەکانی خیانەت هەڵبدرێنەوە کێشە نیە باهەڵی بدەینەوە، بەڵام پێویستە پێشەکی بزانین لە فەرهەنگی ئێوەدا خیانەت و جاشایەتی و خۆفرۆشی بە واتای چی دێت؟ ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەگەر چی ئێمە وا پەروەردە نەکراوین کە بێرێزی بەرانبەر بە مردوو بکەین بەس تو و زۆر زیاد رۆیشتیت و کارێکی واتکرد کە پڕیشکی هەڵتەکاندنی قەبرێک، قەبرەکانی خوشتان هەڵتەکێنێت ..!!

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەشیدا نوسیویەتی؛ خۆ کە ئێمە بێدەنگین مانای ئەوە نیە کە زمانمان قرتاوە و پەنجەکانمان هەڵوەریون.. ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتی ئەکەین بەرامبەر بە ژیانی هاووڵاتیانمان و ڕاگرتنی ئاشتی و تەبایی و ئارامی و سەقامگیری هەرێمەکەمان.

 

دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

پەیامێک بۆ فازل مەتنی

جارێ یەکەم ناماقوڵیت کرد و نەک هەر تەنیا شەکرت شکاند بەڵکو قەندی کەرەجیشت شکاند!!

ئەگەر ئەتەوێت لاپەرەکانی خیانەت هەڵبدرێنەوە کێشە نیە باهەڵی بدەینەوە، بەڵام پێویستە پێشەکی بزانین لە فەرهەنگی ئێوەدا خیانەت و جاشایەتی و خۆفرۆشی بە واتای چی دێت و لای ئێمەی کوردیش بەچی ؟

تۆ باسی شەستەکانت کرد بەڵام من پێم باشە بگەڕێنەوە بۆ چلەکان و بەتایبەتی بۆ سەردەمی کۆماری مەهاباد، ئەرێ ئەوە باوکی من بوو کە پشتی کردە پێشەوا و لەچاوتروکانێکا بە جۆگەلەی ئاراسا پەریەوە و بەجێیهێشت ؟؟ ئەرێ ئەوە باوکی ئێوە بوو کە باوکی منی لە رووسیاوە دووبارە گەڕاندەوە عیراق و کردیە ئەوەی کە بوو و پاشان خیانەتی لێکرد یا باوکی من بوو؟

ئەوە باوکی من بوو لە سەرەتای شەستەکانا تەیارەی باجرو سۆخۆی و دەبابەی حکومەتی عیراقی ناردە سەر لادێ و ژن و مناڵی ئێوە لە کانی حسێنی؟؟ ئەی ئەوە باوکم بوو کە ئاگری بەردایە ماڵە گڵییەکەتان و کتێب و یادگاریەکانی مناڵی رابووردووتانی سوتاند ؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا باوکی ئێوە بوو کە بە شانازیەوە گووتی من قەیتانی پێلاوەکانی عەبدوالکریمم ؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا باوکی ئێوە بوو کە پەیماننامەی ئازاری لە پشتەوە بە دەرهێنانی کەرکوک لە موعادەلەیەکا واژوو کرد بە بێ گوێدانە گرنگی و ماندووبوونی ئەوانەی کە کەرکوکیان بە گرنگترین خاڵی ئەو پەیماننامەیە دانابوو ؟ ئەری ئەوە ئێوە بوون یا باوکی من بوو کە ئاشبەتاڵی کرد و چەمایەوە و دەستی شای ئێرانی ماچ کرد ؟ باوکی من تەرمی سلێمانی موعینی و برادەرانی دایەوە ئیران ؟ ئەرێ ئەوە باوکی من نەبوو کە لە مەلا مستەفا پاڕایەوە و ووتی کاک عەلی عەسکەری ودکتۆر خالید و شێخ حسین ئازار مەدە با ناکۆکییەکان قووڵتر نەبنەوە ؟ باوکم تاوانی هەکاری ئەنجامدا ؟

ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە دەبابەی سەدامتان هێنایە ناو هەولێری پایتەختەوە و پەرلەمانی بەخوێن دەستکەوتووی گەلەکەمانتان داگیر کرد ؟؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە زیاتر لە نەوەد ئەفسەری ئەندامی ئای ئێن سی و ئوپۆزسیۆنی عیراقی کە لە هەولێرەکەمانا پەنابەر بوون رادەستی سەدامی کردن و لە سێدارەی دان ؟ ئەرێ ئەوە ئێمە بووین یا ئێوەبوون کە لە بەرەبەیانا شەنگالتان رادەستی داعش کرد و رێگەتان دا لە بازارەکانی رەقەدا کڕین و فرۆشتن بە کێژۆڵە نازدارەکانمانەوە بکرێت؟ ئەرێ باوکی من نەوتی هەرێمی تاڵان فرۆش کرد ؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە بە ریفراندۆمێکی بێ سەروبەر لەسەدا پەنجا و یەکی خاکی کوردستانتان بە کەرکوکیشەوە لەدەستدا ؟ ئەرێ ئەوە ئێوە نین کە شاری ئازیزی قەڵا و منارەتان کردوەتە شانۆیەک بۆ سەماکەرو کچە مۆدێل و ئاست نزمەکانی ئەملاو و ئەولا؟ پێ ئەچێت کە تێکەڵاویتان لەگەڵ دەرودراوسێکاندا کاریگەری لەسەر زمانتان دروست کردبێت !! چونکە بافڵ باسی سەردەمێکی کرد کە هەمووان شاهێدین و تێیدا ئەژین کەچی تۆ باسی هەڵتەکاندنی قەبری مردوو ئەکەیت .. !!

ئەگەر چی ئێمە وا پەروەردە نەکراوین کە بێرێزی بەرامبەر بە مردوو بکەین بەس توو زۆر زیاد رۆیشتیت و کارێکی واتکرد کە پڕیشکی هەڵتەکاندنی قەبرێک، قەبرەکانی خوشتان هەڵتەکێنێت ..!! گەر پێویستت بە بەڵگەش هەیە دەتوانم نامەکانی خوالێخۆشبووان پێشەوا قازی محمد و مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانی و تۆمارە دەنگیەکانی نێوان باوکم و خودی کاک مسعودی کاتی شەڕی ناوخۆ و بەڵگە نامەکانی ئەحمەد چەلەبیت بۆ بڵاو بکەمەوە؟

خۆ کە ئێمە بێدەنگین مانای ئەوە نیە کە زمانمان قرتاوە و پەنجەکانمان هەڵوەریون.. ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتی ئەکەین بەرامبەر بە ژیانی هاووڵاتیانمان و ڕاگرتنی ئاشتی و تەبایی و ئارامی و سەقامگیری هەرێمەکەمان.

بابەت زۆرن کە لێرەدا جێی نابێتەوە و ئەمەوێت بگەرێمەوە سەر بەیانەکەی کە لە یانزەی ئازاردا بڵاوتان کردەوە، ئەگەر ووردەکارییەکانی ناو پەیماننامەکەشم لەیاد کردبێت هەرگیز لافیتەکانم لەیاد نەکردوە کە بە خەتی خۆم نوسیم و بەدیوارەکانی بەغدایا بۆمان هەڵواسین گەر بیرت چووە بابیهێنمەوە بیرت کە چی لەسەر نوسرابوو ( يامن تعب يامن شكه يامن على الحاضر لگه )..

بەداخەوە ئێوە هەر وابوونە و هەموو شتێکتان بۆ لواوە بۆیە باکتان نە بە مردوو و نە بە زیندووش نیە…. وا ئەزانن بۆ بەدەست هێنانی کورسییەک ئەتوانن دەستی چەوری خۆتان بە سەرە بەرزەکان بسڕن.

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

١٠-١١-٢٠٢٥

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى خاوەنکارەکان ئاگادار دەکاتەوە، سەبەینێ سێ سەعاتیك مۆڵەت بدەنە کرێکار و کارمەنەدەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن دەنگبدەن، لە ئەگەری پێندانی مۆڵەتیشدا روبەڕی و سزا دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى، ئاگادارییەکی بۆ خاوەنکار و کرێکاران لەبارەى پڕۆسەى هەڵبژاردن  بڵاوکردوەتەوە  و تێیدا هاتووە؛ بەمەبەستی پەیڕەوکردنی مافەکانیان لە بەشداربوونیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، پێویستە خاوەنکارەکان رێگە بە کرێکاران بدەن،  ئامادەبن لە بنکەکانی دەنگدان.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ بۆ ئەوەى کرێکاران بێبەش نەبن لە مافى دەنگدان، پێویستە سبەینێ 11ی 11ی 2025 بەمەبەستى بەشداریکردن لە دەنگدانى گشتی، خاوەنکار بۆ ماوەى دوو تا سێ سەعات رێگە بە کرێکارەکانیان بدەن سەردانى بنکەکانى دەنگدان بکەن تاوەکو بتوانن بەشداربن لە مافەکەی خۆیان کە دەنگدانە.

 

بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى، ئەوەشیان خستوەتە روو، لە ئەگەرى رێگریکردن لەبەردەم ئەم مافەى کرێکاران، لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەنکار دەکرێت و لە کاتى سەرپێچیکردنیش کرێکاران دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارەکانى هێڵى هۆشیاری کرێکاران بەمشێوەیەى خوارەوە:

راستەوخۆ پەیوەندى بکە بە ژمارەکانى (5500) (07511225500) (07721225500)

یان دەتوانیت لە رێگەى (واتسەپ یان ڤایبەر) نامە بنێرى بۆ ژمارە (07511225500) یان (07721225500) بە شێوەى نووسین یان پەیامى دەنگى.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند؛  لە دوو هێرشدا بۆسەر دوو بەلەم کە کاریان گواستنەوە مادەی هۆشبەر بووە لە زەریای هێمندا شەش کەس کوژراون، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەمریکا کردونیەتییە ئامانج و کوژراون وەک بازرناگی مادەی هۆشبەر گەشتە 76 کەس.

ئەمڕۆ دووشەممە، ، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، درەنگانێکێ شەوی یەکشەممە، لە دوو هێرشدا شەش کەس کوژراون کە سوپای ئەمریکا بە بەلەمی گومانلێکراوی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر وەسفی کردبوو، بەمەش ژمارەی کوژراوانی هەڵمەتی مشتومڕاوی واشنتۆن دژە بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان گەیشتە 76 کەس.

هێگسێت لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس پشتڕاستیکردەوە کە هێرشەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن ئەنجامدراون و دوو بەلەمیان کردوەتە ئامانج کە "مادەی هۆشبەریان هەڵگرتبوو"، ئاماژەیبەوەشکردوە هەریەکەیان سێ کەسیان تێدابوو، تەواوی سەرنشینەکانی کوژراون.

وەزیرەکەی ئەمریکا نوسیویشیەتی؛ لە سەردەمی سەرۆک ترەمپدا ئێمە نیشتمان دەپارێزین و ئەم بازرگانانەی مادەی هۆشبەر دەکوژین کە دەیانەوێت زیان بە وڵات و گەلەکەمان بگەیەنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...119120121122123...983