لەیادی ٢٤١ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سلێمانی وەک هەمیشە مەڵبەندی داهێنان و بیری ئازاد دەبێت.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:
لە یادی ٢٤١ ساڵەی بونیادنانی شاری شاران، جارێکی دیکە خۆشەویستیی قوڵی خۆمان بۆ سلێمانی و دانیشتووانە ئازا و سەربەرزەکەی دووپات دەکەینەوە و شانازی بە ئێستا و بە مێژووە درەوشاوەکەی دەکەین.
سلێمانی نەک هەر بۆ خەڵکی شارەکە، بەڵکو بەهۆی ئەو رۆڵە پێشەنگەی کە بە درێژایی مێژووەکەی بینیوویەتی لای هەموو کوردێک شارێکی خۆشەویستە. بە دڵنیاییەوە لەمەودواش هەر پێشەنگ دەبێت و ساڵ لە دوای ساڵ ئاوەدانتر و گەشەسەندووتر دەبێت و وەک هەمیشە مەڵبەندی داهێنان و رۆشنبیری و بیری ئازاد دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، چوار رێكخراو و دەزگای چالاكیان لە سێ وڵاتی ئەوروپا خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، كە چالاكی تیرۆرستییان لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا ئەنجامداوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، چوار رێكخراوی سەر بە ئەنتیفایان لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و یۆنان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، كە چوار رێكخراوی دژە فاشیزمی توندڕەون و تێوەگلاون لە ئەنجامدانی چەند چالاكییەكی تیرۆرستی لە ناو ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو رێكخراوانە چەند گروپێكی توندڕەون و پۆلێنكردنیان لەناو لیستی تیرۆردا لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئەمریكادا دێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی زیادبوونی توندوتیژی چەپە توندڕەوەكان.
وەزارەتەكە ئەوەشی خستووەتە روو، ئەو گروپانە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی چەند چالاكییەكی توندڕەویی و تەقینەوە و ئامانجیان تێكدانی سەقامگیری و بناغەی شارستانییەتی رۆژئاوایە و بەشیكیان بەرپرسیارێتی خۆیان لە چەندین هێرش راگەیاندووە.
ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، ئەگەر هاوكاریی داراییان پێشكەش نەكرێت، ئەوا لە مانگی داهاتووەوە نزیكەی 75 هەزار كەس لە غەززە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بێبەش دەبن.
ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران 'ئۆنروا' رایگەیاند، بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی رێكخراوەكە لەلایەن ئەمریكاوە رووبەڕووی قەیرانی دارایی بوونەتەوە و ئەگەر وڵاتانی بەخشەر هاوكاریی دارایی زیاتریان پێشكەش نەكەن، ئەوا لە مانگی داهاتووەوە، نزیكەی 75 هەزار كەسی دانیشتووی كەمپەكانی غەززە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بێبەش دەبن و ناتوانن موچەی كارمەندەكانیشیان بدەن.
ئۆنروا ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستیان بە دەستپێكردنی هەڵمەتێكی كوتانی منداڵانە و ئەگەر قەیرانی دارایی بەمجۆرە بەردەوام بێت، ئەوا ناتوانن خزمەتگوزارییەكانیان بەم جۆر و كوالێتییەی ئێستا پێشكەش بكەن.
مامۆستا شەماڵ جەمال رەشید، برای دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی چوارشەممە، 12ی 11ی 2025، لە وڵاتی سوید کۆچی دواییکرد.
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، 14ی 11ی 2025، یەکەم رۆژی پرسەکەی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت و دواتر لە بەغداش پرسەی بۆ دابنرێت.
بەرنامە و کاتی پرسەکەی لە سلێمانی و بەغداد:
لە شاری سلێمانی:
ئەمڕۆ هەینی 14ی 11ی 2025: لە مزگەوتی شێخ فەرید، لە سەعات 1:00ی پاشنیوەڕۆ تا 5:00ی ئێوارە.
رۆژانی شەممە و یەکشەممە 15و 16ی مانگ: لە هۆڵی نیعمەت خان لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد (قرگە)، لە سەعات ١٠:٣٠ی بەیانی تا 6:00ی ئێوارە.
لە شاری بەغدا:
رۆژی چوارشەممە 19ی 11ی 2025: لە هۆڵی "البرار" لە ئەلجادریە، لە سەعات 2:00ی پاشنیوەڕۆ تا 5:00ی ئێوارە (تەنها بۆ یەک رۆژ).
لەیادی 241 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی شارەکە کرد و رایگەیاند، خزمەتکردنی سلێمانی بە کاری لەپێشینەیان دەمێنێتەوە.
دەقی پەیامەکە:
سڵاو سلێمانی، شاری ھەڵمەت و قوربانی، پایتەختی رۆشنبیری.
ئەمڕۆ بە دڵخۆشی و خۆشەویستیی زۆرمانەوە بۆ سلێمانی یادی 241 ساڵەی بونیادنانی شاری شاران دەکەینەوە.
ئەمڕۆ یادی شارێک دەکەینەوە کە بەدرێژایی مێژوو شانازیی نووسیوەتەوە و پێشەنگی قوربانیدان، بیری ئازاد، رۆشنبیری و نوێگەری بووە.
ئێمە بە شوێن باوک و باپیرانماندا هەنگاو دەنێین و بەردەوام لەگەڵ خەڵکی دڵسۆزی سلێمانی دەبین و وەفادارین بەرامبەریان.
وەک هەمیشە خزمەتکردنی سلێمانی بە کاری لەپێشینەمان دەمێنێتەوە و لەگەڵ خەڵکە خۆشەویستەکەمان پێکەوە هەنگاو بۆ داهاتوویەکی گەشتر دەنێین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

شەوی رابردوو روسیا هێرشێکی بەرفراوانی بە موشەک و درۆن کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراین، کە بەهۆیەوە لانیکەم کەسێک کوژرا و دەیانی دیکە برینداربوون و زیانێکی زۆر بەر باڵەخانە و ژێرخانی شارەکە کەوت. لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، زیاتر لە 200 درۆنی ئۆکراینیان لە ئاسمانی چەندین ناوچەی وڵاتەکەیان خستووەتە خوارەوە.
هێرشێکی گەورە بۆ سەر پایتەختی ئۆکراین:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، چەندین تەقینەوەی گەورە کیێڤی پایتەختیان هەژاند و بەرپرسانی ئۆکراین رایانگەیاند، هێرشەکە "بێوێنە" بووە و "نزیکەی هەموو ناوچەکانی" شارەکەی کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لانیکەم کەسێک کوژراوە و 26ی دیکە برینداربوون کە دوو منداڵ و ژنێکی دووگیانیان تێدایە و رەوشی تەندروستیی ناجێگیرە. تیمەکانی فریاگوزاری زیاتر لە 40 هاووڵاتییان لە باڵەخانە روخاوەکان رزگارکردووە.
تیمور تکاچینکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی شارەکە رایگەیاند، "روسەکان باڵەخانەی نیشتەجێبوون بۆردومان دەکەن... چەندین باڵەخانەی بەرز لە سەرانسەری کیێڤ و لە نزیکەی هەموو ناوچەیەکدا زیانیان بەرکەوتووە."
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ، هێرشەکەی بە "هێرشێکی گەورە بۆ سەر پایتەخت" وەسفکرد و داوای لە دانیشتووان کرد لە پەناگەکاندا بمێننەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگر لە چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون، قوتابخانەیەک و نەخۆشخانەیەک کەوتووەتەوە و بەشێک لە تۆڕەکانی گەرمکردنەوەی شارەکە زیانیان بەرکەوتووە.
روسیا: زیاتر لە 200 درۆنمان خستووەتە خوارەوە
هاوکات، وەزارەتی بەرگریی روسیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "شەوی رابردوو، سیستمی بەرگریی ئاسمانی 216 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی تێکشکاندووە."
بەپێی راگەیەندراوەکە، 66 درۆن لە هەرێمی کراسنادار، 45 لە ساراتۆڤ، 19 لە نیمچەدورگەی قرم و دەیانی دیکەش لەسەر ناوچەکانی ڤۆڵگۆگراد، رۆستۆڤ، بێلگۆرۆد و ئاسمانی دەریای رەش خراونەتە خوارەوە.
گروپی "دێلۆ" کە کارپێکەری وێستگەیەکی کۆنتێنەرە لە بەندەری نۆڤۆرۆسیسکی روسیا، رایگەیاند، پاشماوەی درۆنێک کەوتووەتە خوارەوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
زیانەکان لە هەرێمی کیێڤ:
لە هەرێمی کیێڤ (دەوروبەری پایتەخت)، میکۆلا کالاشنیک، پارێزگاری ناوچەکە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە 6 کەس برینداربوون کە منداڵێکیشیان تێدایە. هەروەها زیان بەر چەندین خانوو، کۆگا و دامەزراوەی پیشەسازی کەوتووە.
ئەم هێرشە چڕانەی روسیا لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئۆکراین و رۆژئاوا پێشبینی دەکەن مۆسکۆ لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا، هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراین چڕتر بکاتەوە.
دەزگای پەخشی بەریتانی (بی بی سی) بە رەسمی داوای لێبوردنی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد، بەهۆی دەستکارییەکی "چەواشەکارانە" لە وتارێکیدا، کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسی هەواڵی دەزگاکە. لەگەڵ ئەوەشدا، بی بی سی داواکارییەکەی ترەمپی بۆ قەرەبووکردنەوە بە بڕی یەک ملیار دۆلار رەتکردەوە.
کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەیەکی "پانۆراما" لە ساڵی 2024، کە تێیدا بەشێک لە وتارەکەی رۆژی 6ی کانونی دووەمی 2021ی ترەمپ بەجۆرێک دەستکاری کرابوو کە وا دەربکەوێت راستەوخۆ داوای توندوتیژی دەکات.
لە بەرنامەکەدا، قسەکانی ترەمپ بەم شێوەیە لکێندراون: "بەرەو کاپیتۆڵ بەڕێدەکەوین... لەوێ لەگەڵتان دەبم. و ئێمە دەجەنگین. وەک دۆزەخ دەجەنگین."
بەڵام لە راستییدا، ترەمپ سەرەتا وتوویەتی: "بەرەو کاپیتۆڵ بەڕێدەکەوین، و لەوێ هانی سیناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێسی ئازامان دەدەین." پاشان دوای زیاتر لە 50 خولەکی دیکە دەڵێت: "و ئێمە دەجەنگین. وەک دۆزەخ دەجەنگین."
بی بی سی دانی بەوەدا ناوە کە "دەستکارییەکە بەبێ مەبەست وێنەیەکی هەڵەی دروستکردووە" و رایگەیاندووە کە جارێکی دیکە ئەو بەرنامەیە پەخش ناکاتەوە.
پارێزەرانی ترەمپ هەڕەشەیان کردووە ئەگەر دەزگاکە داوای لێبوردن نەکات، قەرەبووی نەکاتەوە و لە کارەکەی پەشیمان نەبێتەوە، ئەوا سکاڵای یاسایی تۆماردەکەن و داوای یەک ملیار دۆلار (759 ملیۆن پاوەند) قەرەبوو دەکەن.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیوز رایگەیاند، وتارەکەی "شێوێندراوە" و شێوازی پێشکەشکردنەکەی "فێڵی" لە بینەران کردووە.
پاساوەکانی بی بی سی:
سەرەڕای داوای لێبوردنەکە، بی بی سی رەتیکردووەتەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ داوای قەرەبووکردنەوەکە هەبێت و لە نامەیەکدا بۆ تیمی یاسایی ترەمپ، پێنج پاساوی سەرەکی خستووەتەڕوو:
بەرنامەکە لە کەناڵە ئەمریکییەکانی بی بی سی پەخش نەکراوە.
بەرنامەکە زیانی بە ترەمپ نەگەیاندووە، چونکە ماوەیەکی کەم دواتر هەڵبژێردرایەوە.
دەستکارییەکە بە مەبەستی چەواشەکاری نەبووە، بەڵکو تەنیا بۆ کورتکردنەوەی وتارێکی درێژ بووە.
کلیپەکە تەنیا 12 چرکە بووە لەنێو بەرنامەیەکی یەک سەعاتیدا کە چەندین دەنگی پشتیوانی ترەمپیشی تێدابووە.
قسەکردن لەسەر بابەتی سیاسی لە ئەمریکا بەپێی یاسا پارێزراوە.
هاوکات، رۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف" ئاشکرایکردووە کە پێشتریش لە ساڵی 2022 و لە بەرنامەیەکی "نیوز نایت"دا، هەمان وتاری ترەمپ بە شێوازێکی هاوشێوە دەستکاری کراوە.
وتەبێژی تیمی یاسایی ترەمپ رایگەیاندووە، "ئێستا روونە کە بی بی سی بە شێوەیەکی سیستماتیک ناوبانگی سەرۆک ترەمپی زڕاندووە."
تارانی پایتەختی ئێران روبەڕووی خراپترین قەیرانی وشكەساڵی بووەتەوە، كەماوەی 60 ساڵە قەیرانی لەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە.
پلانێك هەیە بۆ ئەوەی گەیاندنی ئاو بە دانیشتووانی تاران رابگیرێت یان زۆر كەم بكرێتەوە.
لێپرسراوانی ناوخۆی وڵاتەكەش دەڵێن، باران بارین لە تاران گەیشتووەتە كەمترین ئاست لە ماوەی سەدەیەكدا، تەنانەت نیوەی پارێزگاكانی وڵاتەكە چەندین مانگە یەك دڵۆپ بارانیان نەبینیوە.
بەڕێوەبەری پەیمانگای كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاو و ژینگە و تەندروستی دەڵێت، رەوشەكە زۆر مەترسیدارە، چونكە شەش ساڵە وڵاتەكە لە وشكەساڵیدایە.
قەیرانەكە گەیشتووەتە ئەو ئاستە مەترسیدارەی مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر بەر لە كۆتایی ئەمساڵ باران نەبارێت، دەبێت تاران چۆڵ بكرێت. بەڵام ئەو شارەزایە دەڵێت، چۆڵكردنی ئەو شارە هەروا ئاسان نییە.
تاران پشت بە پێنج بەنداوی سەرەكی دەبەستێت لە نێویاندا بەنداوی ئەمیر كەبیر، رێژەی باران بارینیش لە شارەكە بە نزیكەی 40% دابەزیوە.
دەستەی ئاو لە تاران رایگەیاندبوو، كۆگاكانی ئاو لە شارەكە گەیشتوونەتە كەمترین ئاست لە ماوەی نزیكەی سەدەیەكدا.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەبۆنەی یادی دامەزراندنی شاری سلێمانییەوە، ئەمڕۆ چەند چالاکییەکی هونەری لە ناوەندی شار بەڕێوەدەچن و شەقامێکی سەرەکیش دادەخرێت.
لە ئاگادارییەکدا، هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ هەینی 14ی 11ی 2025، لە بەردەم سەرا لە ناوەندی شاری سلێمانی، چەند چالاکییەکی هونەری بەڕێوەدەچن.
هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات، بۆ دروستنەبوونی قەرەباڵغی و ئاستەنگی هاتوچۆ، ئۆتۆمبێلەکانیان لە شوێنی گونجاو رابگرن و هاوکاریی تیمەکانیان بن.
رونیشیکردووەتەوە، تەنیا شەقامی پیرەمێرد لە بەردەکی سەرا دادەخرێت کە بە ئاراستەی بازاڕی ئۆرزدی دەڕوات.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیسرائیل لە رێگەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە، تەرمی یەکێک لەو چوار بارمتەیەی وەرگرتۆتەوە کە لای بزوتنەوەی حەماس لە غەززە مابوونەوە.
لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی ناتانیاهۆدا هاتووە، ئەو تابوتەی لە کەرتی غەززە رادەستی سوپای ئیسرائیل و دەزگای شاباک کراوە، دەگوازرێتەوە بۆ پەیمانگای نیشتمانیی پزیشکیی دادوەری لە تەلئەبیب، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ناسنامەی روفاتەکە.
گەڕاندنەوەی تەرمەکان بەپێی ئەو بڕگانەیە کە لە رێککەوتنی ئاگربەستی غەززەدا هاتووە، کە لە 10ی تشرینی یەکەمەوە کاری پێدەکرێت.
لەوەتەی رێککەوتنەکە دەستیپێکردووە، تەرمی 24 بارمتە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئیسرائیل و ئەگەر ناسنامەی ئەم روفاتە نوێیەش پشتڕاست بکرێتەوە، روفاتی سێ بارمتەی دیکە لە غەززە دەمێنێتەوە.
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە پرسەنامەیەکدا هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی شەماڵ رەشید، برای دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق دەربڕی.
لە پرسەنامەکەدا، مەندەلاوی سەرەخۆشیی گەرمی خۆی ئاراستەی سەرۆک کۆمار و بنەماڵە بەڕێزەکەی کردووە.
موحسین مەندەلاوی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "داواکارین لە خوای گەورە رۆحی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە خانەوادە و کەسوکاری ببەخشێت."
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، لیژنەی یاسایی بە سەرۆکایەتیی دادوەر و راوێژکاران بۆ یەکلاییکردنەوەی تانەکان پێکدەهێنرێت و جەختیشیکردەوە کە بڕیارەکانی ئەنجومەنی کۆمسیاران دوای راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان، لە ماوەی سێ رۆژدا شایەنی تانەلێدان دەبن.
جوممانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆن، رایگەیاند: "کۆمسیۆن لیژنەی لە فەرمانبەرانی یاسایی پسپۆڕ بە سەرۆکایەتیی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران کە لە دادوەر و راوێژکاران پێکهاتوون، بۆ یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکان پێکهێناوە."
وتیشی: "هەر بڕیارێکی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە ماوەی سێ رۆژ لە رۆژی بڵاوکردنەوەیەوە، لەبەردەم دەستەی دادوەریدا شایەنی تانەلێدانە."
غەلای روونیکردەوە، دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی تانەکان و یەکلاییکردنەوەیان، ئەنجامە کۆتاییەکان بە بڕیارێکی ئەنجومەنی کۆمسیاران رادەگەیەنرێن و دواتر لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند دەکرێن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "دەنگی ئەو کاندیدانەی کە دوورخراونەتەوە لە لیستەکانیان دەسڕدرێنەوە."
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی، رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە سەلاحەدین دەمیرتاش جێبەجێ ناکرێن و دەسەڵات پێداگری لەسەر "جێبەجێنەکردنی یاسا" دەکات.
وتەبێژی دەم پارتی جەختیکردەوە کە دۆسیەی دەمیرتاش و زیندانیانی دۆسیەی کۆبانێ "دۆسیەیەکی سیاسی و تۆڵەسەندنەوەیە" و داوایکرد دەستبەجێ کۆتایی بەو پێشێلکارییە یاساییانە بهێنرێت.
"پێویستە دەمیرتاش یەک خولەکیش لە زینداندا نەمێنێت"
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ چەندین جارە نایاساییبوونی دۆسیەکەی سەلماندووە و رایگەیاند: "ئەوەی پێویستە بکرێت روونە، بەڵام ناکرێت. نۆ ساڵە پێداگری لەسەر ئەم نایاساییە دەکرێت."
وتیشی: "بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تەنها دەمیرتاش ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو زیندانیانی دۆسیەی کۆبانێ و دۆسیە سیاسییەکانی دیکەش دەگرێتەوە. بۆیە پێویستە سەلاحەدین دەمیرتاش بەپەلە و بەبێ بەفیڕۆدانی کات ئازاد بکرێت و نابێت یەک خولەکی دیکەش لە زینداندا بمێنێتەوە."
بانگەواز بۆ کۆمسیۆنی پەرلەمان: لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە:
وتەبێژی دەم پارتی باسی لە کارەکانی "کۆمسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا کرد و رەخنەی لە دواکەوتنی کۆبونەوەکانی گرت.
داوایکرد کۆمسیۆنەکە لە نزیکترین کاتدا کۆببێتەوە و یەکەم کاری، بڕیاردان بێت لەسەر سەردانیکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی و وتی: "چونکە کاری سەرەکیی کۆمسیۆنەکە دروستکردنی زەمینەی سیاسی و یاساییە بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک. بەبێ گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسی سەرەکیی پرۆسەکە، ناکرێت هەنگاو بنرێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، ئایشەگوڵ دۆغان وتی: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی هەڵبژاردنەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکەین. هیوادارین پرۆسەی دوای هەڵبژاردن بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و دیموکراسیی زیاتر بۆ گەلانی عیراق بهێنێت."
وتیشی: "ئەوەی تا ئێستا دیارە رێژەی بەشداری کەم بووە و هەندێک مشتومڕی دیکەش هەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێین هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی دیموکراتی و لە کەشێکی باشدابوو. هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و دەڵێین با ئەنجامەکان خێریان لەدوابێت."
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 241ـەمین ساڵیادی بونیادنانی شاری سلێمانیدا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵکی شارەکە کرد و رایگەیاند، سلێمانی بە مێژوویەکی کەمی بونیادنانییەوە توانیویەتی ناسنامەیەکی پڕ لە سەرفرازی بۆ خۆی دروست بکات.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی:
لەیادی 241 ساڵەی بونیادنانی شاری سلێمانی، پایتەختی ئیمارەتی بابان، پایتەختی یەکەمین حکومەتی کوردی لە سەردەمی مەلیک مەحمود دا، پایتەختی رۆشنبیری و شۆڕشگێڕی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی خەڵکی شار و جەماوەر و دانیشتوانەکەی دەکەین.
شاری سلێمانی لەبزاوت و جوڵانەوەی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕی و کوردایەتیدا، لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریدا هەمیشە پێشەنگ بووە، بە تایبەتی لە سەردەمی دەستپێکردنی خەباتی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شۆڕشی نوێدا، ئەم شارە و یەکێتی لە گشت قۆناغەکاندا بە قوربانیدان و گیانبەخشینی هەزاران رۆڵەی لەبەر پەتی سێدارە و لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بوونەتە دوانەیەکی دانەبڕاولە یەکتری.
بۆیە لەم یادەدا و جارێکی تر هەموو پشتیوانییەک بۆ برەودانی زیاتر بە گەشانەوەو پێشخستنی شارە حەیاتەکەمان دووپات دەکەینەوە کە لەئاستی جاویدانی و پرشنگداریی سلێمانیدا بێت
سلێمانی بەمێژوویەکی کەمی بونیادنانی وەک شارێک، بەڵام بە تۆمارێکی زۆری پێشەنگی لە بوارە جیاجیاکانی شارستانێتدا، توانیویەتی ناسنامەیەکی پڕ لە سەرفرازی بۆ خۆی دروست بکات.
دووبارە پیرۆز بێت ساڵیادی بونیادنانی شار و هەمیشە ئاوەدانتر بێت سلێمانی.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان





لە چوارچێوەی بەشدارییان لە پێشانگایەکی کولتووری و پیشەسازی لە چین، دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و نوێنەری ژووری بازرگانیی سلێمانی، رێککەوتنی دەستەخوشکیان لەگەڵ شاری یوو-ی ئەو وڵاتە ئیمزا کرد.
ئەم هەنگاوە سلێمانی دەکاتە یەکەم شار لەسەر ئاستی عیراق کە پەیوەندیی دەستەخوشکی لەگەڵ شارێکی چیندا ببەستێت، کە بە دەروازەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوری و کولتوورییەکان.
لەوبارەیەوە، ئارام بابان، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: "وەک ژووری بازرگانی، کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەسەر ئاستی بازرگانی و پیشەسازی، بە ئامانجی بەبازاڕکردن و ناساندنی بەرهەمە خۆماڵییەکان."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە کە ئەو بەرهەمانەی لە پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێنرێن، هەناردەی وڵاتی چین بکرێن، "ئەمەش دەرفەتێکی گرنگ دەبێت بۆ زیاتر هاندانی بەرهەمهێنان لە ناوخۆی پارێزگای سلێمانی."