مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان ئامادەن لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا گفتوگۆ بکەن، بە حکومەتی دیمەشقیشەوە.
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد، پشتگیری گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن بۆ ئەوەی ھەسەدە ئەرکی شکستپێھێنانی داعش جێبەجێ بکات.
وتیشی، بەھۆی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکور و خۆرھەڵاتی سوریا ڕوبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان توانیویانە روبەڕووی ئەو ئاستەنگانە ببنەوە.
مەزڵوم کۆبانێ ھۆشداریشیدا لە مەترسی گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا.
وتیشی، ١٠ ھەزار تیرۆریستی داعش لە زیندانەکانی ھەسەدەن، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکانیش رێگە بدات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چارەسەرێک بۆ ئەو دیلانە بدۆزێتەوە.
ئەنتۆنی فاوچی رایگەیاندوە، پێشبینی ناکەن جارێکی تر لە ئەمریکا کەرەنتین رابگەیەندرێت بەھۆی کۆرۆنای دەلتاوە، چونکە پێی وایە ژمارەیەکی باش لە ئەمریکییەکان ڤاکسینیان وەرگرتوە، بەڵام ھۆشداری داوە لە زیادبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا لەوڵاتەکەیدا ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانەی ڤاکسین بەکاردەھێنن زیاتر نەبێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش داوایکردوە ئەمریکییەکان پەلە بکەن لە بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا و رایگەیاندوە، تا زانیاری زیاتریان سەبارەت بە کۆرۆنای دەلتا دەست دەکەوێت زیاتر نیگەران دەبن، بۆیە پێویستە ھەر کەسێک دەیەوێت لەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا رزگاری ببێت، بەپەلە ڤاکسین بەکاربھێنێت.
لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا، زانایانی بەریتانیا ھۆشدارییانداوە لە سەرھەڵدانی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە ھەردوو جۆری ڤایرۆسەکەوە دروست دەبێت و گیانلەدەستدانی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
بە وتەی ئەو زانایانە، رەنگە ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤاکسینەکانی ھەبێت، ھۆشداریشیانداوە لەناوبردنی کۆرۆنا ئاسان نییە و بەردەوام جۆری نوێ سەرھەڵدەدات.
داواشیان کرد رێکارەکان توندتر بکرێنەوە، چونکە جیھان چیتر بەرگەی روبەڕوبوونەوەی جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا ناگرێت.
دوای چەند رۆژێک لەو بڕیارانەی بۆ سڕکردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی و دورخستنەوەی سەرۆکی حکومەت دای، قەیس سەعید سەرۆکی تونس بەڵێن دەدات ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەکەی پتەوتر بکات.
دوپاتیشیکردەوە، ھەر کەسێک بازرگانی بە تەندروستی ھاوڵاتیانی تونسەوە بکات، لە حکومەتدا جێگەی نابێتەوە.
قەیس سەعید راشیگەیاند، دەستبەرداری ماف و ئازادی تونسییەکان نابن، بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی داراییش لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمانیان لە پەیوەندیدان.
وتیشی، تائێستا دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆز لە ڤاکسینی کۆرۆنایان لە ئیتاڵیا و ئەمریکا وەرگرتوە.
عەمید کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بە کوردسات نێوزی راگەیاند، پاڵپشت بەزانیارییەکی ھەواڵگری، ھێزێکی تایبەتییان توانیویانە لەناو شاری کەرکوک ئەو گەورە تیرۆریستە دەستگیر بکەن.
وتیشی، ئەو گەورە تیرۆریستە بەرپرسی گواستنەوەی تیرۆریستان و تەقینەوەکانی داعشە لەنێوان کەرکوک و جەزیرە.
بەپێی پێگەی "ئەلدورادۆ وێزەر"، ھەشت شاری کوەیت بەرزترین پلەکانی گەرمایان تێدا تۆمارکراوە و "عێراق"یش بە چوار شار لە پلەی دووەمدا ھاتووە لەڕووی بەرزی پلەکانی گەرماوە و دواتر شارەکانی وڵاتانی سعودیە و ئێران و بەرازیل ھاتوون.
بەپێی ریزبەندییەکە، شاری بەسرە بە ٤٩ پلە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە و خانەقین بە ٤٨.٥ پلە و شاری بەدرە بە ٤٨.٢ پلە لە گەرمترین شارەکانی جیھاندان.
ئاژانسەکانی ھەواڵ لە عێراق بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکداری تیرۆریستی داعش ھێرشیان کردە سەر ماڵی ھاوڵاتیان لە گوندی "ئەلبوجیوار" لە قەزای زەلوعییە لە پارێزگای سەڵاحەدین.
راشیانگەیاند، لە ئەنجامی پەلامارەکەی داعش دوو ھاوڵاتی کوژران و پێنج ھاوڵاتی تریش بریندار بوون، دواتر چەکدارەکانی داعش ناوچەکەیان جێھێشت و بەرە و شوێنێکی نادیار ھەڵاتن.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، وەزارەتی کارەبا رۆژانە ٣٥٠٠ تا ٣٦٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت، بەڵام خواست لەسەر کارەبا دەگاتە ٥٠٠٠ مێگاوات، بەو ھۆیەشەوە رۆژانە ١٤ بۆ ١٥ سەعات کارەبای نیشتیمانی دابەش دەکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، خەرجی مانگانەی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان ٨٥ ملیۆن دۆلارە و ئەو قەرزەشی لە ماوەی ساڵانی رابردوو کەوتەسەر ھاوبەشانی کارەبا دەکرێت بە قیست، بۆ ئەوەی بتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێم روونیشیکردەوە، یەکێک لە ھۆکارەکانی بەرزی خواست لەسەر کارەبا، ئەو ئامێرانەی کارەبایە کە بەبێ تێپەڕبوون بە کوالێتی کۆنترۆڵ ھاوردەی ھەرێم دەکرێن و بۆ کارکردنیان کارەبایەکی زۆریان پێویستە.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێم رایگەیاند، مانگانە ٧٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکرێت و حکومەتی ھەرێم ساڵانە ٣١١ ملیار دینار بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێن خەرج دەکات و لەمساڵیشدا ١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دیناری بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و کەمئاوی تەرخان کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رۆژانە ٢٤٠ ملیۆن دینار بەھۆی بەفیڕۆدانی ئاوی خاوێن بەھەدەر دەدرێت و ساڵانەش ئەو بڕە پارە دەگاتە ٩٠ ملیار دینار.
سکرتاریەتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی لە رونکردنەوەیەکدا بۆ ئەندام و لایەنگران و سەرجەم دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی یەکێتی رایگەیاندووە، رۆژانە لە چەند شوێنێک بە ناوی سەرچاوەیەکی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی راگەیەندراو و لێدوان بڵاودەکرێتەوە، ئەوانە ھیچ پەیوەندییەکان بە ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە نییە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی ھەر راگەیەنراوێکیان ھەبێت لە کەناڵە رەسمییەکانەوە بڵاویدەکەنەوە.
نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چەکی پارەی قۆناغی یەکەمی گەنمی جوتیارانی ھەرێم لە بەغدادەوە گەیشتووە و سەرقاڵی رێکارەکانی وەرگرتنی پارەکەن بۆئەوەی لە رۆژانی داھاتوودا دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
وتیشی، ئەگەر لەم رۆژانەدا دابەش نەکرێت، بە دڵنیایی سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دابەشدەکرێت.
راشیگەیاند، بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو ئەمساڵ عێراق زووتر پارەی جوتیارانی ناردووە و بڕەکەی پێنج ملیار دینارە، ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ سنووری پارێزگای ھەولێر و ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن بۆ سلێمانی و ملیارێکیش بۆ جوتیارانی سنووری پارێزگای دھۆک دەنێرن.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ٣٠٧ ملیار دینار لە پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لای حکومەتی عێراق ماوە و وەزارەتی بازرگانی بەردەوام لە ھەوڵدایە بۆ دابینکردنی.
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەکە رایگەیاندووە، پڕۆژەیاسای بودجەی ھەموو ساڵێک لە مانگی حوزەیران ئامادە دەکرێت و دواتر وەزارەتی دارایی و پلاندانان رەشنوسێک ئامادە دەکەن و لە مانگی تشرینی یەکەمی داھاتوو پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەکەن.
وتیشی، پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٢ لە مانگی تشرینی یەکەمدا پەیوەستە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەوە کە لەھەمان مانگدا دەکرێت، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکەش لە وادەی خۆیدا گەیشتن و تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە دوادەخات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشکرد، ھێشتا رەوشی ئابوری عێراق بەھۆی ناجێگیری نرخی نەوتەوە جێگیر نییە.
قایمقامیەتی قەزای رانیە رایگەیاند، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ٤٨ یەکەی نیشتەجێبوون دابەش دەکات.
قایمقامیەتی قەزای رانیەش داوای لە ھاوڵاتیان و فەرمانبەران کردووە ھەر سکاڵا و تانەیەکیان ھەیە دەتوانن لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری راپەڕین سکاڵا تۆمار بکەن و بەدواداچوون بکەن.