هەندێكجار بۆشایی ئاسمان دەبێتە مەیدانی نمایشێكی گەورەی دیاردەی سروشتی گەردوونی، كە تێیدا چەندین دیاردەی سەرنجڕاكێش پێكەوە كۆدەبنەوە، بەڵام زنجیرەیەك پڕوپاگەندە و زانیاریی هەڵە كە بەتایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوونەتەوە، بوونەتە هۆی دروستكردنی دڵەڕاوكێ لای بەشێك لە هاووڵاتییان.
دیارترینی ئەو دەنگۆیانە، باسكردنە لە "نەمانی هێزی كێشكردنی زەوییە بۆ ماوەی 7 چركە". لەكاتێكدایە ئەم دەنگۆیە هیچ بنەمایەكی زانستی نییە و تەنها پڕوپاگەندەیەكی تۆركۆمەڵایەتییەكانە، ئاژانسی ناسا لەوبارەیەوە رایگەیاندووە كە هیچ روداوێكی لەو شێوەیە روونادات و هێزی كێشكردن پەیوەستە بە كێش و بارستایی زەوییەوە، هەر بۆیە مەحاڵە بوەستێت یان تێكبچێت.
بڵاوكردنەوەی دەنگۆی نەمانی هێزی كێشكردنی زەوی هاوكاتە لەگەڵ روودانی دیاردەی خۆرگیرانی تەواوەتی ئەمە دیاردەیەكە كە تێیدا مانگ بە تەواوەتی دەكەوێتە نێوان زەوی و خۆر و بۆ ماوەیەكی كورت ئەوبەشەی زەوی تاریك دەبێت كەسێبەری مانگی دەكەوێتەسەر، ئەو كاتەش دەرفەتێكی زێڕینە بۆ زانایان تاوەكو لێكۆڵینەوە لە سەر تیشكەكانی خۆر و بەرهەگەوای زەوی بكەن.
لەگەڵ روودانی دیاردەی خۆرگیرا وبڵاوبنەوەی دەنگۆی نەمانی هێزی كێشكردنی زەوی، بارانی نەیزەكی روودەدات كە بە "ئەستێرەی كشاو" ئەمە تەنها بریتییە لە تەپوتۆز و وردەبەردی گەردوونی كە بەر بەرگەهەوای زەوی دەكەون و دەسوتێن، دیمەنێكی درەوشاوە بە ئاسمان دەبەخشن. هاوكات، 6 هەسارەی كۆمەڵەی خۆر (موشتەری، عەتارد، مەریخ، ئۆرانۆس، زوحەل و نەپتون) لە سەر یەك هێڵی خەیاڵی لە ئاسماندا ریز دەبن، كە پێی دەوترێت "رێپێوانی هەسارەكان".
ئەم دیاردانەش هیچ مەترسییەكیان بۆسەر ژیانی مرۆڤ نییە و تەنها گۆڕانكاریی سروشتین لە گەردووندا، شارەزایانی گەردوونناسی داوا لە خەڵك دەكەن چێژ لەم دیمەنە دەگمەنانە وەربگرن و بڕوا بەو دەنگۆیانە نەكەن كە باس لە كارەساتی گەورە یان نەمانی كێشكردن دەكەن، چونكە زەوی وەك خۆی دەمێنێتەوە و گەردوون تەنها جوانییەكانی خۆیمان نیشان دەدات.
پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد کێشەیەکی نوێیان بۆ بازاڕی کاری جیهانی دروست کردووە، بەپێی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO)، رێژەی بێکاری لە نێو گەنجاندا بە تایبەتی لەو وڵاتانەی خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزن، رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
لە راپۆرتە ساڵانەکەیدا کە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی گەنجانەوە بڵاوکراوەتەوە، رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی رایگەیاندووە کە رێژەی بێکاری بۆ تەمەننی نێوان 15 بۆ 24 ساڵ لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 12.4٪، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا 12.3٪ بووە. بەپێی ئەم ئامارە، لە ئێستادا زیاتر لە 67 ملیۆن گەنج لەسەر ئاستی جیهاندا بێکارن.
دەستدەستکەوتەکانی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکەن کە رێژەی ئەو گەنجانەی کە نە کار دەکەن، نە دەخوێنن و نە بەشداری هیچ خولێکی مەشق و راهێنان دەکەن، بەرزبووەتەوە بۆ 20٪، کە زیاتر لە 257 ملیۆن گەنج دەگرێتەوە. شارەزایانی رێکخراوەکەش پێشبینی دەکەن رێژەی بێکاریی گەنجان لە ساڵانی 2026 و 2027 لە دەوروبەری 12.3٪ جێگیر بێت.
کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر هەلی کار
فراوانبوونی رۆڵی ژیریی دەستکرد ئاسۆی داهاتووی کاری گەنجانی گۆڕیوە. ئەو پیشانەی پێشتر دەروازەی سەرەکی بوون بۆ چوونە ناو بازاڕی کار — وەک بوارەکانی کارگێڕی، خزمەتگوزاری، فرۆشتن، پیشەسازی و هەندێک پیشەی تەکنیکی —روویان لە کەمی کردووە.
لەبارەی مەترسییەکانی ئەم دیاردەیەوە، (سوکتی داسگوپتا)، بەڕێوەبەری بەشی دامەزراندن و مەشق لە رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: "6.1٪ی ئەو کۆمپانیا و پیشانەی کە کەسانی تەمەن 15 بۆ 29 ساڵ کاری تێدا دەکەن، ئێستا بەشێکی زۆری ئەرکەکانیان راستەوخۆ لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە رایی دەکەن، ئەمەش مەترسیی بێکاربوونی گەنجانی زیاتر کردووە."
داسگوپتا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر تەنها 10٪ی ئەو کارانە بە تەواوی رادەستی ژیریی دەستکرد بپێردرێن و پێویستیان بە دەستی کاری مرۆیی نەمێنێت، ئەوا زیاتر لە 5 ملیۆن و 600 هەزار گەنج (بەتایبەت لە وڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتووەکان) رووبەڕووی مەترسیی بێکاری، ناچاربوون بە گۆڕینی پیشەکەیان، یان دوورکەوتنەوە لە بازاڕی کار دەبنەوە.
لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەڕازیل، گۆڕستانێک هەیە کە لە ساڵی 1770 تا ساڵی 1830، نزیکەی 40 هەزار کۆیلەی ئەفریقی تێدا بەخاکسپێردراون.
ویستی چاکسازی بکات، بەڵام مێژوویەکی رەشی بینی
چیرۆکەکە ساڵی 1996 دەستپێدەکات، کاتێک ژنێک بەناوی 'مێرسێد گێماراس دۆس ئەنجۆس'، لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەڕازیل بڕیار دەدات چاکسازی لە ماڵەکەیدا بکات، کاتێک دەست بە کارەکانی دەکات، هەندێک ئێست دەدۆزێتەوە، سەرەتا وادەزانێت هی ئاژەڵە، دواتر هەندێک ددان دەدۆزێتەوە کە هی مرۆڤی پێگەشتووە، دواتریش ددانی منداڵ دەدۆزێتەوە.

مێرسێد گێماراس کە خاوەنی ماڵەکەیە دەڵێت، سەرەتا زۆر ترسام، کە ددانی منداڵەکانیشم بینی دەستم بە گریان کرد، بیری خراپ بە مێشکمدا هات و پێم وابوو کە خاوەنی پێشتری ماڵەکە کەسێکی کوشتووە، بەڵام زوو وەڵامەکەم پەیدا کرد، دراوسێیەکمان کە شارەزای مێژووی ناوچەکە بوو، هات و بە نەخشەیەک بۆی روونکردمەوە کە ماڵەکەی ئێمە و سێ ماڵی دیکەش لەسەر گۆڕستانێک دروستکراون کە لە پێشتردا بۆ بەخاکسپاردنی کۆیلە نوێیە ئەفریقییەکان بەکارهاتووە.
"هۆڵۆکۆستی رەش پێستەکان"
گۆڕستانەکە ناوی ' Pretos Novos'ـە، واتە کۆیلە نوێیەکان، ساڵی 1770 تا 1830 ئەو کۆیلانەی تێدا بەخاکسپێردراوە کە لە ئەفریقاوە گوازراونەتەوە بۆ بەڕازیل، بەڵام ماوەیەکی کەم دوای گەیشتنیان بە هۆکاری نەخۆشی یاخود هەر هۆکارێکی تر بێت گیانیان لەدەستداوە.
خاوەنی ماڵەکە ئاماژە بەوەشدەدات، من هۆڵۆکۆستی رەشپێستەکانم بینی، کەس بە منی نەوتبوو کە لەم ناوچەیە شتێکی وا بوونی هەیە.
ماڵەکە کراوە بە مۆزەخانە
ماڵەکە لە ساڵی 1866ـەوە دروستکراوە، لە ئێستادا کراوە بە مۆزەخانە و هاووڵتیان رۆژانە سەردانی دەکەن.

پێنج ملیۆن کۆیلە گوازراونەتەوە بۆ بەڕازیل
بەپێی زانیارییەکانی زانکۆی هارڤارد، لە ماوەی 300 ساڵی رابردوودا، نزیکەی پێنج ملیۆن کەس لە ئەفریقاوە وەک کۆیلە گوازراونەتەوە بۆ بەڕازیل، 300 هەزار کەسیان پێش گەیشتنیان گیانیان لەدەستداوە و فڕێدراونەتە دەریا، بەشێکی زۆری ئەوانەشی دوای گەیشتنیان گیانیان لەدەستداوە لە گۆڕستانی 'کۆیلە نوێیەکان'ـی ریۆ دی جانیرۆ بەخاک سپێردراون.
قەدەغەکردنی کۆیلایەتی لە بەڕازیل
ساڵی 1888، بەڕازیل بە یاسا کۆیلایەتی قەدەغەکرد و ماڵەکەی مێرسێد گێماراسیش وەک بەشێک لە مێژووی رەشی بازرگانیی بە مرۆڤەوە ماوەتەوە.
دوای زیاتر لە 80 ساڵ، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی روباری دانوب لە شاری بودابێستی پایتەختی هەنگاریا، روفاتی دوو سەربازی سوپای ئاڵمانیای نازی و موتۆڕسکیلێک و بڕێک ئامێری سەربازیی سەردەمی جەنگی دوەمی جیهانی لە قوڵایی روبارەکە دەرهێنران.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی جەماوەریی ئاڵمانیا بۆ چاودێریکردنی گۆڕەکانی جەنگ، پڕۆسەی دەرهێنانی روفاتەکان لەلایەن شارەزایانی ئەنجومەنەکە و بە هاوکاری تیمەکانی هەنگاریا ئەنجامدراوە.
بەهۆی تێکەڵبوونی لیتاوی بنی روبارەکە لەگەڵ گازوایل لە ناوچەی مەیدانی باتیانی، کەشێکی گونجاو لە ژێر ئاودا دروست بووە، کە رێگری لە شیبوونەوەی تەواوەتی جەستەکان کردوە لەو ماوە دورودرێژەدا؛ بە شێوەیەک، کە ناسنامەی سەربازەکان بە تەواوی و بەبێ کێشە ناسراونەتەوە.
دۆزینەوەی هەردوو بەشی ئەو پارچە پلێتانەی ناوی سەربازەکانیان لەسەر بووە، نیشانەی ئەوەیە لە کاتی جەنگەکەدا زانیاری کوژرانیان هەرگیز نەگەیشتووەتە فەرمانگەی زانیارییەکان لە بەرلین تا خێزانەکانیان ئاگادار بكرێنەوە.
بڕیاریشە دوای تەواوبوونی پشکنینەکان، روفاتی ئەو دوو سەربازە لە گۆڕستانی سەربازیی بودائورش لە دەروازەی شاری بودابێست بە خاك بسپێردرێن.
جگە لە رووفاتەکان، موتۆڕسکیلێک لە جۆری (DKW NZ 350-1) کە لە سەردەمی جەنگدا بە بەهێزی و بەرگەگرتن دەناسرایەوە، لەلایەن پەیمانگا و مۆزەخانەی مێژوی سەربازییەوە لە ئاوەکە دەرهێنراوە.
هەروەها ژمارەیەک مینی دژەتانکی ئاڵمانی لە جۆری (Tellermine 35)، نیشانەیەکی رێزلێنانی سەربازی و گالۆنێک سوتەمەنی دۆزراونەتەوە.
پێشبینیش دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی دابەزینی ئاستی ئاوی روباری دانوب، پاشماوەی کەشتیی نوقمبوو و روفاتی زیاتری قوربانیانی جەنگی دوەمی جیهانی بدۆزرێنەوە.
جەنگی دوەمی جیهانی، کە لە ساڵی 1939 تا 1945 بەردەوام بوو، زۆربەی وڵاتانی جیهانی لە خۆگرت، بەتایبەت وڵاتە زلهێزەکانی جیهانی لەخۆگرتبوو .
لە جەنگەکەدا زیاتر لە 100 ملیۆن کەس لە 30 وڵاتی جیاواز بەشدارییان تێدا کرد و لە ئەنجامی جەنگەکە 70 بۆ 85 ملیۆن کەس کوژران، کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی بوون، هەروەها دەیان ملیۆن کەس بەهۆی کۆمەڵکوژی و برسێتی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستدا.
لە قوڵایی دڵگیرییەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان و لە شارۆچکەی خاش چیرۆکی پیاوێک، کە بە بێدەنگی ژیانێکی پڕ لە ئازار و شکۆ بەڕێدەکات بوتە خەمی هەموان.
عەبدولنەسیر نەتوزەیی شاد، گەنجێکی 35 ساڵەیە کە روبەڕووی نەخۆشییەکی دەگمەن و سەخت بووەتەوە بە ناوی "ئەپیدێرمۆدیسپلازی وێرموسیفۆرم" – هەمان ئەو نەخۆشیەی لەناو خەڵکدا بە "نەخۆشیی پیاوی دار" ناسراوە، چونکە زیپکە و ئاوساوی و شێوەی پێستی، وەک توێکڵی دارێکی دێرین دەردەکەون.
عەبدولنەسیر، تەنانەت روخسار و جەستەی، کە ساڵانێکە لەژێر قورسیی ئەم ئازارەدا دەناڵێنن، نەبوونەتە رێگر لە بەردەم کەرامەت و سەربەرزیییەکەیدا.
عەبدولنەسیر، زیاتر لە 20 ساڵە توشبوی ئەم نەخۆشییەوە و پێوەی دەناڵێنێت، بەڵام خۆیپیشان نەداوە و لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، کە لە هەژماری ئینستاگرامی گەشتیارێک بڵاوبوەتەوە، بە دەنگێکی پڕ لە حەسرەت و لە هەمان کاتدا سەربەرزانە دەڵێت؛ سوپای خودادەکەم لەسەر ئەم حاڵەتەم.
چیرۆکی تاڵی عەبدولنەسیر لەوەوە دەستی پێکرد، کە ساڵانێک لەمەوبەر، زیپکەی بچوک لەسەر قاچەکانی دروست بون و سەرەڕای سەردانیکردنی پزیشکەکان و ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە ساڵی 2015دا، نەخۆشییەکەی نەک هەر چاک نەبووەوە، بەڵکو رۆژ بە رۆژ زیادی کرد و جەستەی بە تەواوی داگیر کرد.
کاتێک ساڵی رابردوو چیرۆکی ژیانی بەشێوەیەکی بەربڵاو دەنگیدایەوە، تروسکایەکی هیوا روی تێکرد؛ بەخشەرێک بە ناوی برایان ئیعتماد ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ لەئەستۆگرتنی تەواوی خەرجییەکانی چارەسەری عەبدولنەسیر لە ئەمریکا، بەڵام ئەم هیوایە لە پشت دەرگا داخراوەکانی کێشەی پێدانی ڤیزە گیری خوارد وتا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.
عەبدولنەسیر بە دڵێکی پڕ لە ئومێد و خەمەوە رایگەیاند کە بەهۆی "کێشەی ڤیزا"وە ناتوانێت گەشت بکات و داوای لە خەڵک کرد تەنها نزای خێریان بۆ بکەن تا دەرگای ئەم دەرفەتەی لەسەر بکرێتەوە.
عەبدولنەسیر شوێنی تەمەن و ئازار بە جەستەیەوە دیارە، بەڵام رۆحی ئەوەندە گەورەیە، کە رێگەی نەداوە دەستەکانی، کە وەک چڵە داریان لێهاتووە، ببنە هۆی شکانی سنوری سەربەرزیی خێزانەکەی.
ئەو هێشتا بە هەناسەیەکی پڕ لە هیواوە هەوڵدەدات بۆ ژیان دەکات، لە نێوان ئەو جەستەیەی رۆژ بە رۆژ دەبێتە دار و تروسکایی هیوای کەمتردەکاتەوە لەگەڵ ئەو دڵە میهرەبانەی کە هەوڵدەدات بەردەوامبێت، بەبێ ئەوەی موحتاجی کەس بێت.
جێ باسە، نەخۆشی Epidermodysplasia Verruciformis - EV))، کە لە زمانی گشتییدا بە (نەخۆشیی پیاوی دار) یان (بوون بە دار) ناسراوە، نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی و لە تەواوی جیهاندا لە ساڵی 1922 تا ئێستا نزیکە 500 توشبوی ئەو نەخۆشییە تۆمار کراون.
شارەزایان و دامەزراوە جیهانییەکان ساڵی 2028 وەک خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی ناو دەبەن؛ کاتێک کە باڵادەستبوونی ژیریی دەستکرد لە ئابوریی راستەقینەدا، گۆڕانکاریی لە میدیا و یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە ئامرازە زیرەکەکان هاوکات دەبن، هەروەها شێوازی کارکردن، دەنگدان و دەستگەیشتن بە زانیارییەکان لە سەرانسەری جیهاندا سەروبن دەکەن.
سەرکردە سیاسییەکان، وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا لە چاوەڕوانی ساڵی 2028دان؛ نەک تەنیا بۆ روداوێکی دیاریکراو، بەڵکو بەهۆی ئەگەری هاوکاتبوونی چەندین گۆڕانکاریی جەوهەری لە بواری ژیریی دەستکرد، ئابوری، سیاست و راگەیاندن، بە شێوازێک کە دەکرێت تەواوی شێوازی کارکردن، دەنگدان و دەستگەیشتن بە زانیارییەکان لە جیهاندا بگوڕێت.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە شیکارییەکی زانستیدا لەژێر ناونیشانی "هەموو شتێک لە 2028دا بە یەک دەگەن"، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو ساڵە دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەو رەوتە جیاوازانەی ئێستا بە جیا گەشە دەکەن، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا کاریگەرییەکانیان رونتر و بەهێزتر دەبن.
راپۆرتەکە ساڵی 2028 وەک وادەیەکی پێشوەختە بۆ تەقینەوەی گۆڕانکارییەکان ناناسێنێت، بەڵکو وەک وێستگەیەکی گونجاو سەیر دەکرێت کە تێیدا گۆڕانکارییە سیاسی، تەکنەلۆژی و ئابورییە خێراکان یەکدەگرن، ئەمەش وا لە حکومەتەکان و کۆمپانیاکان دەکات لە ئێستاوە خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.
ژیریی دەستکرد لە شاشەکانەوە دەچێتە ناو واقیع
تەوەرەی یەکەم پەیوەندیدارە بە بەکارهێنانی بەربڵاوی ژیریی دەستکرد لە کەرتی کار، پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکاندا، لە بڕی ئەوەی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ نووسینی دەق و شیکردنەوەی زانیاری بمێنێتەوە، وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان پێشبینی دەکەن بە شێوەیەکی پلەبەند بەرەو بەڕێوەبردنی کارگەکان، تۆڕەکانی وزە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کانزاکان و کەرتە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان هەنگاو بنێت.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە راپۆرتێکی گۆڵدمان ساکسەوە گواستوویەتییەوە کە وەبەرهێنانی جیهانی لە ژێرخانی ژیریی دەستکرددا کە ناوەندەکانی زانیاری، وزە و توانای کۆمپیوتەری دەگرێتەوە لە نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2031 دەگاتە نزیکەی 7.6 تریلیۆن دۆلار، ئەمەش بەپێی راپۆرتەکە بەو مانایەیە کە سنوری چاولێکەری نێوان کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان و دامەزراوە پیشەسازییەکان کاڵتر دەبێتەوە.
کاریگەرییەکانی ئەم خەرجییە گەورانە گەیشتووەتە ئەو کۆمپانیایانەی بەرهەمهێنەری کەیبڵ، بۆیە و کەرەستەکانی ساختوومان و پێداویستی ناوەندەکانی زانیارین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بازدانی ژیریی دەستکرد تەنیا لە روی چیپ و بەرنامەسازییەوە نەماوەتەوە، بەڵکو بووەتە هۆکارێک کە کاریگەریی لەسەر ناوچە بەربڵاوەکانی "ئابوریی راستەقینە" هەیە.
بەڵام ئەم گۆڕانکارییە مەترسیی هاوتەریبیشی لەگەڵدایە، کە دیارترینیان ئەگەری فراوانبوونی جیاوازییەکانە لە نێوان کۆمپانیا و ئەو کارمەندانەی توانای سوودوەرگرتنیان لە تەکنەلۆژیا هەیە لەگەڵ ئەوانەی کە بەهۆی سیستمە ئۆتۆماتیکییەکانەوە مێژووی کار و لێهاتووییەکانیان پاشەکشە دەکات.
یەکەمین هەڵبژاردن کە ژیریی دەستکرد رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت
تەوەرەی دووەم سیاسییە، لە ئەمریکا، ساڵی 2028 وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی دەبێت، بەڵام هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەکرێت بە تەواوی جیاواز بن لەوەی دەنگدەران لە خولەکانی رابردوودا بینیویانە.
ئەکسیۆس پێی وایە ژیریی دەستکرد بووەتە ئامرازێکی سیاسیی دووجەمسەر؛ لەلایەک یارمەتی هەڵمەتەکان دەدات بۆ شیکردنەوەی ئاڕاستەی دەنگدەران، دارشتنی پەیامەکان و گەیشتن بە توێژە وردەکان، لەلایەکی تریشەوە رێگە خۆش دەکات بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی چەواشەکار، ڤیدیۆی ساختە (دیپ فەیک) و هەڵمەتی قەناعەتپێکردنی ئۆتۆماتیکی بە رووبەرێکی بەربڵاو.
ئاماژەکانی ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ساڵی 2026دا دەرکەوتن، لە رێگەی بەکارهێنانی وێنە و ڤیدیۆی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد لە رێکلامە سیاسییەکاندا، جگه لە هەوڵەکان بۆ کاریگەرییدانان لەسەر ئەو وەڵامانەی کە مۆدێلە زمانەوانییەکان دەربارەی کاندیدەکان و پرسە گشتییەکان پێشکەشی دەکەن.
بەمەش، دەکرێت هەڵبژاردنی 2028 ببێتە یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە کێبڕکێ تێیدا تەنیا لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبێت، بەڵکو درێژببێتەوە بۆ ناو ئەو وەڵامانەی کە یاریدەدەرە زیرەکەکان' AI Assistants' بە دەنگدەرانی دەدەن کاتێک پرسیاریان لێ دەکەن.
پلاتفۆرمە تەقلیدییەکان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی نوێدا
تەوەرەی سێیەم پەیوەندیدارە بە داهاتووی راگەیاندن و ئینتەرنێت، دوای گواستنەوەی جەماوەر لە رۆژنامە چاپکراوەکانەوە بۆ ماڵپەڕەکان و دواتریش بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڤیدیۆ، ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد وەک دەروازەیەکی نوێ بۆ دەستگەیشتن بە هەواڵ و زانیارییەکان دەرکەوتوون.
راپۆرتی هەواڵە دیجیتاڵییەکانی ساڵی 2026 کە لەلایەن پەیمانگای رۆیتەرز بۆ توێژینەوەی رۆژنامەنووسی دەركراوە، ئاماژە بە بەردەوامیی گواستنەوەی بەکارهێنانی هەواڵ بەرەو پلاتفۆرمەکانی پەیوەندی و ڤیدیۆ دەکات، هاوكات لەگەڵ گەشەکردنی بەکارهێنانی چاتبۆتە زیرەکەکان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نیگەرانییەکان دەربارەی زانیاریی چەواشەکار، ئاستی متمانە و سەرچاوەی زانیارییەکان.
ئەم گۆڕانکارییە دامەزراوە هەواڵییەکان دەخاتە بەرانبەری ئاڵۆزییەکی دوولایەنە: چۆنیەتی گەیشتن بە جەماوەر کاتێک وەڵامی یاریدەدەرێکی زیرەک دەبێتە جێگرەوەی سەردانیکردنی ماڵپەڕەکە، لەگەڵ چۆنیەتی دەستەبەرکردنی ئەوەی هەواڵەکان کورتبڕ نەکرێن یان بە شێوازێکی هەڵە و ئاڕاستەکراو دووبارە دانەڕێژرێنەوە.
ئابوری، قەرزەکان و نادادپەروەری
شیکارییەکەی ئەکسێۆس پەیوەندی لە نێوان پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و ئابوورییەکاندا دروست دەکات، سودەکانی ژیریی دەستکرد دەکرێت بە شێوازێکی ناهاوسەنگ بڕوات بۆ خاوەن سەرمایەکان، کۆمپانیا گەورەکان و کارمەندە لێهاتووەکان، لە کاتێکدا توێژەکانی تر رووبەڕووی فشاری موچە، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و مەترسیی لەدەستدانی کارەکانیان دەبنەوە.
هاوکات پێشبینی دەکرێت قەرزی گشتی و خەرجییەکانی سودەکانیان وەک کۆسپێکی سەرەکی لەسەر توانای حکومەتەکان بمێننەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی داهاتوودا، بەتایبەت ئەگەر گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان هاوکات بێت لەگەڵ سستبوونی ئابوری، قەیرانی وزە یان ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکان.
بۆچی ساڵی ٢٠٢٨ بە دیاریکراوی؟
هیچ سەعاتێکی زانستی نییە کە ژمێرەیی پێچەوانە بۆ ساڵی 2028 بکات، و هیچ کۆدەنگییەکیش نییە کە گۆڕانکارییە گەورەکان بە تەواوی لەو ساڵەدا رودەدەن. بەڵام گرنگیی ئەو ساڵە، بەپێی خوێندنەوەی ئەکسێۆس، لە هاوکاتبوونی خولێکی هەڵبژاردنی یەکلاکەرەوەی ئەمریکاوە دێت لەگەڵ قۆناغێکی پێشکەوتووی بڵاوبوونەوەی ژیریی دەستکرد، فراوانبوونی وەبەرهێنانەکانی لە ئابوریدا، و گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراو لە شێوازی وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری لەلایەن جەماوەرەوە.
لەبەر ئەوە، دەکرێت ساڵی 2028 ئەو ساڵە نەبێت کە جیهان تێیدا "لە یەک کاتدا بگۆڕێت"، بەڵام دەکرێت ببێتە ئەو ساڵەی کە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئێستا تێیدا رونتر دەبنەوە، و کاریگەرییە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی بە شێوازێک دەردەکەون کە پشتگوێخستنیان ئەستەم دەبێت.
ئەمریکا لە 6ـی ئابی 1945 بە بۆمبی ئەتۆمی هێرۆشیمای بۆردومان کرد و دوای سێ رۆژ بە بۆمبێکی تر ناکازاکی کردە ئامانج، ئەمەش تاکە دوو حاڵەتە لە مێژوودا کە چەکی ئەتۆمی لە سەردەمی جەنگدا بەکارهاتبێت. ژاپۆن دوای ماوەیەکی کەم خۆی رادەست کرد و کۆتایی بە جەنگی جیهانی دووهەم هێنا.
دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بە نهێنی لە بنکەی سەربازیی لۆس ئەلامۆسی ئەمریکا کاری لەسەرکرا، دواجار بۆمبە وێرانکەرەکە لە هاوینی ساڵی 1945 ئامادەکرا.
پێکهاتە جیاوازەکانی بۆمبەکە رەوانەی بنکەی سەربازیی تینیان کران و لەوێ کۆکرانەوە و دوو بۆمبی لێ دروستکرا.
یەکێکیان ناوی "کوڕە بچکۆلە"کەی لێنرا کە بۆمبێکی یۆرانیۆمی 4.5 تۆنی بوو. هێزی تەقینەوەکەی یەکسانبوو بە تەقینەوەی 15 هەزار تۆن TNT.
بۆمبەکە خڕایە سەر فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بی-29 بە ناوی "ئینۆلا گەی"، لە کاتی خۆرهەڵاتندا لە 5ی ئاب بەرەو ژاپۆن بەڕێکەوت. دوو فڕۆکەی تری لەگەڵدا بوو، یەکێکیان بۆ وێنەگرتن و ئەوی دیکەیان بەرپڕسیار بوو لە پێوانی زانستییەکان.
شاری هێرۆشیما بەهۆی ئەوەی بنکەیەکی سەربازیی گەورەی تێدابوو، لە سەرووی لیستی ئامانجەکانی ئەمریکاوە بوو.
کاتێک فڕۆکە ئەمریکییەکان گەیشتن، ئاسمانی هێرۆشیما ساماڵ بوو. لە سەعات 8:15 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆی ژاپۆن بۆمبەکە فرێدرایە خوارەوە.
بۆ ئەوەی کاریگەریی تەقینەوەکە زیاتر بێت، بۆمبەکە پێش ئەوەی بگاتە زەوی لە بەرزیی 600 مەترەوە تەقێنرایەوە.
تروسکەیەکی گەورە ئاسمانی رووناککردەوە، پاشان گۆڕا بۆ هەورێکی سپیی چڕ کە 15 کیلومەتر بەرزییەکەی بوو.
لە سەر زەوی و لە مەودای دوو کیلومەترەوە، خانوو و باڵەخانەکان لە چاو ترووکانێکدا تەخت بوون و ئاگر لە هەموو شوێنێک کەوتەوە.
زیاتر لە 70 هەزار کەس دەستبەجێ بوون بە قوربانی، دەیان هەزاری تریش بەهۆی برینداربوون و کاریگەریی تیشکدانەوە گیانیان لەدەستدا. مەزەندە دەکرێت بە گشتی 140 هەزار کەس لەو بۆردوومانەدا گیانیان لەدەستدابێت.

دوای سێ رۆژ و لە 9ـی ئابدا ئەمریکییەکان بۆمبی دووهەمیان بەکارهێنا. بەڵام ئەم بۆمبەیان لە پلۆتۆنیۆم دروستکرابوو. ئامانجەکە سەرەتا شاری کۆکورا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەور ئاسمانی داپۆشیبوو، لە کۆتا خولەکەکاندا ئامانجەکە بەرەو ناکازاکی گۆڕدرا.
بۆمبەکە ناوی "پیاوە قەڵەوەکە" بوو، لە بەرزیی 500 مەترەوە تەقێنرایەوە. مەزەندە دەکرێت کۆی گشتیی گیانلەدەستدان تا کۆتایی ساڵی 1945، 74 هەزار کەسی تێپەڕاندبێت.

بەهێزیی تەقینەوەکە یەکسانبوو بە تەقینەوەی 20 هەزار تۆن TNT. هەرچەندە بۆمبی دووهەم لە یەکەم بەهێزتر بوو، بەڵام گرد و بەرزاییەکانی ناکازاکی کاریگەریی بۆمبەکەیان کەمتکردەوە، کە ناوەندی شارەکە لەسەروو ناوچەی پیشەسازییەوە بوو، چڕیی دانیشتوانەکەی کەمتر بوو لە دانیشتوانی شاری هێرۆشیما.
سەرچاوەکان: ئاژانسی فرانس پرێس، بی بی سی
دواجار لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و باكووری كوردستان، ناوەڕۆكی یاسای پتەوكردنی یەكگرتنی نەتەوەیی و یەكپارچەیی كۆمەڵایەتی بڵاوكرایەوە، كە لە 12 مادە پێكهاتووە.
لە مادەی یەكەمدا ئاماژە بەوەكراوە، یاسای چوارچێوە كاتێك دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی توركیا لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاویبكاتەوە، كە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" و كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" بە كردار هەڵوەشاونەتەوە و چەكیان رادەستكردووە، یاساكە ئەو تاوانانەش دەگرێتەوە كە پەیوەندیدارن بە دامەزراندن، بەڕێوەبردن و ئەندامبوون و هاوكاریكردنی پەكەكە.
ماددەی دووەمی یاساكە تایبەتە بە دەستەواژەكان، دەستەواژەی رێكخراو بەكاردەهێنرێت بۆ پەكەكە و كەجەكە، دەستەواژەی دەستە و ئەنجومەنیش تایبەتە بە لیژنەیەك كە چاودێری جێبەجێكردنی یاساكە دەكات.
ماددەی سێیەمی یاساكە، تایبەتە بە لێكۆڵینەوە و دادگاییكردن، بۆئەو كەسانەی تاوانەكانیان سزاكەی لەژێر 15 ساڵە زیندانیكردنەوەیە و جێبەجێكردنی سزاكەی بۆ ماوەی 5 ساڵ دوادەخرێت، ئەگەر ئەو كەسانە هیچ تاوانێك ئەنجام نەدەن، دۆسێكەیان دادەخرێت و سزاكەیان بە هەژماكردوو تۆمار دەكرێت، واتە ئازاد دەبن.
ئەو كەسانەشی تاوانەكانیان سزاكەی لەسەروی 15 ساڵ زیندانیكردنە، ماوەی جێبەجێكردنی سزاكەیان 10 ساڵ دوا دەخرێت و هاوشێوەی كەسانی سزای خوار 15 ساڵ زیندانی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
یاساكە كوشتنی بە ئەنقەست ناگرێتەوە كە لە چوارچێوەی كاری رێكخراویی و لە پێش یەكی حوزەیرانی ساڵی 2006 ئەنجام درابێت، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش دەتوانن لەماوەی دوو هەفتەدا پەڵپ لە بڕیاری دواخستنی سزاكان بگرن.
لە مادەی چوارەمدا هاتووە، دادگا یان داواكاری گشتی توركیا پێداچوونەوە بۆ بڕیارەكانی دەستبەسەركردن و چاودێریی دادوەری دەكات و ئەو دۆسێیانەشی لە دادگای پێداچوونەوە یان لە دادگای باڵادان، هەڵدەوەشێنرێنەوە.
مادەی پێنجەم و شەشەمی یاساكەش دەڵێت، بڕیارەكانی دواخستنی سزاكان لە سیستمێكی ئەلیكترۆنیدا تۆمار دەكرێن، ئەگەر سوودمەندبوویەكی بڕیارەكە تاوانی نوێ ئەنجام بدات، دواخستنی سزاكەی هەڵدەوەشێتەوە و سەرلەنوێ دادگایی دەكرێتەوە.
ماددەی حەوتەمی یاساكە تایبەتە بە پێكهێنانی دەستەیەك لە گەورە لێپرسراوانی توركیا، كە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دەكات، دەسەڵاتی هەیە لیژنەی لاوەكی بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆسەكە پێكبهێنێت و پێشنیازی یاسایی و ئیداریش پێشكەش دەكات، پەرلەمانی توركیاش لیژنەی چاودێری دروست دەكات بۆ بەدواداچوونی یاساكە و سەرۆكایەتی كۆماری توركیاش لێپرسراوی خانەی راپەڕاندنی لیژنەكە دەبێت.
ماددەی هەشتەمی یاساكە تایبەتە بە تۆماركردنی سەرجەم چەك و تەقەمەنی و كەرەستە جەنگییەكانی پەكەكە و كەجەكە دوای رادەستكردنیان و تۆماركردنیان لەلایەن وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری توركیاوە.
لە ماددەی نۆی یاساكەشدا ئاماژە بەوە كراوە، ئەو كەسانەی دەیانەوێت لە یاساكە سوودمەند بن، دەبێت لەماوەی شەش مانگدا دوای دەرچوونی بڕیاری جێبەجێكردنی یاساكە، داواكاری پێشكەشی داواكاری گشتی ناوچەكەیان بكەن.
ماددەی 10ی یاساكەش تایبەتە بە پارێزبەندی یاسایی، سەرجەم ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە جێبەجێكردنی یاساكە پارێزبەندی یاساییان دەبێت، لە ماددەكانی 11 و 12ی یاساكەشدا هاتووە، یاساكە لە رۆژی بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی رەسمی توركیا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرۆك كۆماری توركیاش لێپرسراو دەبێت لە جێبەجێكردنی یاساكە.
سەرباری ئاڵۆزییە سەربازییەکان و ئاستەنگە لۆجیستییەکان، عیراق لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە پێشوازی لە نزیکەی پێنج ملیۆن زیارەتکار کردووە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێندا.
بەپێی وتەی شارەزایانی ئابووری، ئەگەرچی ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵانی رابردوو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات کە بەهۆی کێشەکانی پلاندانان و تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکەوە بەتەواوی نەقۆستراوەتەوە.

نزیکەی ٥ ملیۆن زیارەتکار و ڕێکاری ئەمنی
بەپێی دوا ئامارەکانی بارەگای کۆنترۆڵکردنی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن لە نووسینگەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق، ژمارەی ئەو زیارەتکارانەی لە یەکەم رۆژی مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو ئێستا هاتوونەتە وڵات گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 887 هەزار و 660 کەس.
دەسەڵاتدارانی بەغداد ئاماژەیان بەوە کردووە کە پلانێکی ئەمنی چڕ و توندیان بۆ پاراستنی گیانی زیارەتکاران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست جێبەجێ کردووە.
کاریگەریی جەنگ و ئاستەنگە ئابوورییەکان
لە لایەکی ترەوە، سەرکردەکانی کەرتی گەشتوگوزار و میوانداری لە شارەنی نەجەف وکەربەلا ئاماژە بە بەربەستەکان دەکەن.
ئەزهەر کلش، جێگری سەرۆکی رابیتەی هۆتێلەکان لە پارێزگای کەربەلا، رایگەیاند کە ئاڵۆزی و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەرییەکی راستەوخۆ و نەرێنی لەسەر ئاستی هاتنی زیارەتکاران دروستکردووە، بەتایبەتی لە رووی ئاستەنگی دەستکەوتنی ڤیزا و سستبوونی جوڵەی فڕۆکەوانی.
کلش جەختیشی کردەوە: جەنگ تەنیا هۆکار نییە، بەڵکو "لاوازیی پلاندانانی حکومەت و ئیدارەکان" هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی بەپێی پێویست سوود لەم دەرفەتە ئابوورییە وەرنەگیرێت.
هەروەها سائیب ئەبو غەنیم، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێلەکانی نەجەف روونی کردەوە کە 80٪ی داهاتی ناوخۆیی شاری نەجەف راستەوخۆ پشت بە زیارەتکاران دەبەستێت.
ئەبو غەنیم ئاشکرای کرد کە سەرباری ملیۆنیبوونی ژمارەی زیارەتکارانی ئەمساڵ، بەڵام ئاستی داهاتەکە بەراورد بە ساڵانی پێشوو بە شێوەیەکی بەربلاو کەمی کردووە.

گەشتیاریی ئایینی سەرچاوەیەکی فەرامۆشکراوی داهات
عیراق ساڵانە پێشوازی لە ملیۆنان زیارەتکار دەکات کە سەردانی مەزارگە و شوێنە ئایینییەکانی شارەکانی کەربەلا، نەجەف، کازمییە و سامەڕا دەکەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی گەشتوگوزار، ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیاران لە عیراق گەیشتە نزیكەی 10 ملیۆن کەس، کە 85٪یان گەشتیاری ئایینی بوون و داهاتێکی چەندین ملیۆن دۆلارییان بۆ وڵات دەستەبەر کردبوو.
شارەزایانی ئابووری دووپاتی دەکەنەوە کە ئەگەر حکومەتی عیراق ژێرخانی کەرتی گەشتوگوزاری ئایینی ببووژێنێتەوە و گەشەی پێبدات، ئەم کەرتە دەتوانێت ساڵانە چەندین ملیار دۆلار داهات بۆ خەزێنەی دەوڵەت دابین بکات و ببێتە جێگرەوەیەک بۆ رزگاربوون لە پشتبەستنی تەواوەتی بە داهاتی نەوت..
12ساڵ بەسەر كارەساتی شەنگال تێدەپەڕێت، تاوانێك كە بە بەرچاوی جیهانەوە لەلایەن یەكێك لە دڕندانەترین گرووپی تیرۆریستییەوە دژی پێكهاتەی ئێزدییەكان ئەنجامدرا.
دوای 53 رۆژ لە كەوتنی موسڵ، بەرەبەیانی رۆژی 3ی ئابی 2014، تیرۆریستانی داعش هێرشیانكردەسەر شەنگال و ناوچە ئێزدی نشینەكانی سنورەكە و داگیریان كردن.
دوای داگیركردنی قەزاكە، هەزاران كوردی ئاوارەی ئێزدی پەنایان بۆ چیای شەنگال برد و دوای 10 رۆژ مانەوە، توانرا رێگەی دەربازبوون بۆ ئەو هاووڵاتیانە بكرێتەوە و بەشێكی زۆریان گەیەندرانە رۆژئاوای كوردستان و بەشێكیان لە رێگەی دەروازەی سێمێلكاوە گەیەندرانەوە هەرێمی كوردستان.
لەو هێرشەدا تیرۆریستانی داعش زیاتر لە شەش هەزار و 500 ژن و منداڵی ئێزدییان رفاند و زیاتر لە 350 هەزار كەسی تریش ئاوارەی كەمپەكان بوون لە هەرێمی كوردستان، تا ئێستاش چارەنووسی هەزاران ئێزدی نادیارە.
پەلامارەكەی داعش تەنها ئێزدییەكانی نەگرتەوە، بەڵكو ژمارەیەك مەزارگەی ئایینی و سەدان ماڵیش تەقێنرانەوە.
بەپێی ئامارە رەسمییەكان بەهۆی ئەو پەلامارەی داعشەوە بۆسەر شەنگال و دەوروبەری هەزار و 293 كەس كوژران و 400 پیاویش لە گوندی كۆجۆ گوللـەباران و زیندەبەچاڵكران.
رۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2015 هێزەكانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئۆپراسیۆنێكیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شەنگال دەستپێكرد و لە 24 سەعاتدا، ناوچەكە لە داعش پاك كرایەوە.
فەرمانگەی رزگاركردنی كوردانی ئێزیدیش لە دەستی داعش رایگەیاندووە، تائێستا 119 گۆڕ كە 82 گۆڕی بەكۆمەڵ و 37 گۆڕی تاكەكەسی كوردانی ئێزیدی لە شنگال دۆزراونەتەوە و ژمارەی ئەو كەسانەشی لەلایەن داعشەوە رفێندراون، شەش هەزار و 417 كەس بوون و تائێستا سێ هەزار و 570 كەسیان رزگاركراون كە هەزار و 208 كەسیان ژن و 339یان پیاو و هەزار و 66 كچ و 957یشیان كوڕ بوون.
ژنان و كچانی ئێزدی لەلایەن تیرۆیستانی داعشەوە بە شێوەیەكی سیستماتیك وەك كۆیلە كڕین و فرۆشتنیان پێوەكرا و منداڵانیش ناچاركران بۆ مەشقە سەربازییەكان بەكاربهێنرێن.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش جەختیكردووەتەوە، داعش تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە و پەرلەمانی ئەوروپا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و كەنەدا و ئوسترالیاش كارەساتەكەیان بە جینۆساید ناساندووە.
سەرەڕای تێكشكاندنی داعش لە ساڵی 2017 و رزگاركردنی زۆربەی ناوچەكان، تائێستاش رەوشی شەنگال و ئێزدییەكان ناسەقامگیرە و ژێرخانی قەزاكە بە تەواوی وێرانبووە و پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە هەیە.
پێنج ساڵ دوای كارەساتەكەش، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنێكی نائاساییدا، رۆژی 3ی ئابی وەك ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەكان پەسەندكرد.
شەنگال لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و نزیكەی 120 كیلۆمەتر لە ناوەندی موسڵەوە دوورە، بە دووەم گەورەترین قەزای عیراق دادەنرێت و 85%ی دانیشتوانەكەشی ئێزیدین.
سەرباری داواكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ راگرتنی پێشێلكارییەكان لەناو خاكی سوریا، ئیسرائیل بەردەوامە لە چونە ناو خاكی ئەو وڵاتەو لە دواین پێشهاتیشدا هێزێكی سەربازیی ئیسرائیلی چووەتە ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگای دەرعا و قونەیتەرە.
سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكرایانكردووە، هێزێكی سەربازی ئیسرائیلی كە پێكهاتووە لە دوو تانك و ئۆتۆمبێلێكی سەربازی، لە دەروازەی تەل ئەبو غیسارەوە بەرەو ناوچەی غورفەت موجەحەم لە ڕۆژئاوای دەرعا پێشڕەویی كردووە، لەكاتی پێشرەوییەكەشدا ئەو هێزە بە چەكی قورسی سەر تانكەكان تەقەی لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان و ڕێگەی سەیل ئەبو عومەر كردووە، بێ ئەوەی زانیاری لەبارەی زیانی گیانییەوە هەبێت.
هاوكات كاروانێكی سەربازیی ئیسرائیلی پێكهاتوە لە پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی، چووەتە ناو گوندی عەجرەف لە ناوەڕاستی قونەیترە و خاڵێكی پشكنینی كاتیی لە ناو گوندەكەدا داناوە.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەو هێزە سەربازییە كامێرای چاودێرییان لەسەر ڕێگەی عەجرەف _ ئوم باتنە و كامێرایەكیان لەناو شارۆچكەی سەمدانیە لە قونەیترە داناوە، هێلیكۆپتەرێكی ئیسرائیلیش بە ئاسمانی پارێزگاكانی دەرعا و قونەیترە دەسورێتەوە.
ئەم پێشهاتە لە چوارچێوەی پێشلێكارییە بەردەوامەكانی سوپای ئیسرائیلدایە لەناو خاكی سوریا كە ماوەیەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیانكردووە بەتایبەت لە ناوچەكانی باشوری سوریا كە تارادەیەكی زۆر نیگەرانیی سورییەكانی لێكەوتوەتەوە، چونكە لە بەشێك لە ناوچەكان كاری روخان و تێكدان و رێكخستنەوەی زەوییەكان ئەنجام دەدات.
ئەوە لەكاتێكدایە ، ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رایگەیاندوە، كار دەكەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بە بەشداری ژمارەیەك دەوڵەت، بەو ئامانجەی رێككەوتنەكە دەرگایەك بێت بۆ ئاشتییەكی گشتگیر لە نێوانیانیاندا كە چیتر مافەكانی سوریا پێشێلنەكرێت بە تایبەت لە بەرزاییەكانی جۆلان.
هەفتەی رابردووش ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە میانی سەردانێكیدا بۆ سوریا دوپاتیكردەوە كە بەرزاییەكانی جۆلان خاكی سوریایە و پێشێلكارییەكانی ئیسرائیلیش لەناو خاكی سوریا قبوڵ كراو نییەو دەبێـت تەلئەبیب پابەند بێت بە رێككەوتنەكەی ساڵی 1974وە.
بڕیارە بەم نزیكانە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، راپۆرتێكی ورد لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل لە سوریا دەداتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ یەكەمجار وردەكاریی چەند سەعاتی دوای كوژرانی عەلی خامنەیی، رابەری پێشووی ئێران لە 28ی شوباتدا ئاشكراكرد و دانی بەوەدا نا كە دەسەڵات ترسی لە كاردانەوەی شەقام هەبووە.
بەپێی لێدوانەكانی قالیباف لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی پەرلەمان، لێپرسراوانی باڵای ئێران نزیكەی سەعاتێك دوای بۆردومانی بارەگای خامنەیی دڵنیابوونەتەوە لە كوژرانی ناوبراو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا لە كۆبوونەوەیەكدا كە سەعات 8ی ئێوارە بە ئامادەبوونی كەسایەتییە دیارەكان لەوانە عەلی لاریجانی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی كە دواتر لە بۆردومانێكی ئەمریكادا كوژرا بەڕێوەچوو، بەوتەی قالیباف بڕیار بوو هەواڵەكە سەعات8ی بەیانیی رۆژی دواتر بۆ رایگشتی رابگەیەندرێت تا بتوانن لیژنەیەك پێكبهێن بۆ بەڕیچوەبردنی وڵات بە كاتی.
بەڵام بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە لەلایەن میدیاكانی دەرەوە، پلانەكە پێچەوانەبووەتەوەو ناچاربوون زووتر هەواڵەكە بۆر رایگشتی ئاشكرا بكەن.
قالیباف ئاماژەی بەوەداوە، سەعات 1ی شەو پەیوەندی بە لاریجانییەوە كردووە و دوای هەڵسەنگاندنی دەیان هاوكێشەی ئەمنی، بڕیاریانداوە هەواڵەكە لە كاتی زووتر بڵاوبكەنەوە.
راشیگەیاندووە، ئەوان بەرپرسیارێتییە كەسییەكەیان لە ئەستۆ گرتووە، سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی رەنگە پاشان پرسیاریان لێ بكرێت بە چ دەسەڵاتێك ئەو بڕیارەیان داوە.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بە ئاشكرا باسی لەوە كردووە، هاتنە سەر شەقامی لایەنگرانی خامنەیی، هۆكارێكی یەكلاكەرەوە بووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوشەكە، ئەگەر نا ئەگەری ئەوە هەبووە رەوشی شەقام ئاراستەیەكی تری جیاواز بگرێتەبەر.
سیاسەتی شاردنەوەی راستییەكان یەكێكە لەو سیاسەتانەی وڵاتان پەیڕەوی دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن هاووڵاتیان و شەقام تا رادەیەك كۆنتڕۆڵ بكەن و لە كولتووری سیاسەتی ئیرانیشدا ئەو سیاسەتە پشكی شێری بەركەوتووە.
لە دوای كوژرانی عەلی خامنەییەوە، تا ئێستا چارەنووسی موجتەبا خامنەیی كوڕیش دیار نییە كە دەوترێت هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی سەر ماڵی باوكیدا پێوەبووەو كوژراوە، بەڵام بەرپرسانی تاران رەتیدەكەنەوەو دەڵێن موجتەبا لە ژیاندا ماوەو تەنها بریندار بووە.
لە ساڵی 1989 و كاتی مردنی خومەینی كە دەسەڵات توانی بۆ ماوەیەك مردنەكەی بشارێتەوە، بەڵام ئەمجارە میدیا ئیسرائیلی و ئەمریكییەكان پێش هەموو لایەك بڵاویانكردەوە.
لە پەرەسەندنێكی چاوەڕواننەكراودا كە ئاڵۆزیی رەوشی ناوچەكە دەردەخات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری راگرتنی هەر هێرشێكی سەربازیی بۆ سەر ئێرانی راگەیاند.
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، داواكاری لەلایەن تاران و وڵاتانی ناوچەكەوە هاتوون بۆ ڕەخساندنی هەلێك بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی خێرا، كە ئامانج لێی كردنەوەی گەرووی هورمز و كۆتاییهێنانە بە دۆسیەی هەڕەشە ئەتۆمییەكانی ئێران.
ترەمپ جەختیكردەوە كە ئەمریكا لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشی سەربازیدا بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئامادە بوون هێزێكی بێوێنە لە چەند دەیەی ڕابردوودا بەكاربهێنێت.
بەپێی لێدوانەكانی ترەمپ، بڕیاری ڕاگرتنی هێرشەكە بە مانای كۆتاییهاتنی قەیرانەكە نایەت، بەڵكو هەوڵێكە بۆ پێدانی دوا هەل بە دیپلۆماسی پێش گەڕانەوە بۆ بژاردەی هێز.
راشیگەیاندووە، راگرتنەكە خۆی لە دوو دۆسیەی گرنگدا دەبینێتەوە، ئەوانیش كردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز وەك یەكێك لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەكانی جیهان بۆ وزە، هەروەها، كۆتاییهێنان بە مەترسییە ئەتۆمییەكان، ڕێكخستنی نوێ بۆ دڵنیابوون لە چاودێری و سنوورداركردنی پێویست لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
ڕاگەیەندراوەكەی ترەمپ هاوكات بوو لەگەڵ راپۆرتێكی ماڵپەڕی ئەكسیۆس سەبارەت بە پەیوەندییە ناوچەیییەكان، لەوانەش پەیوەندیی نێوان محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆكی ئەمریكا.
لەو پەیوەندییەدا لایەنی سعودی نیگەرانیی خۆی نیشاندا لە فراوانبوونی هێرشە سەربازییەكان بۆ سەر ئێران و بانگەوازی بۆ ڕێگەچارەیەك كرد كە ئەگەری تەقینەوەی پێكدادانێكی گشتگیر كەم بكاتەوە.
هەڕەشەكەی ترەمپ لەكاتێكدابوو كە بەوتەی خۆی، ئیسرائیل پابەندبوونەكەی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕیوە، سەرباری ئەوەش، تەل ئەبیب هەمیشە بەرنامە ئەتۆمییەی ئێرانی بە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ زانیوە.
لە دڵی شاری سێواسی باكووری كوردستان، مزگەوتی گەورەی دێڤریگی و دارولشیفا وەك یەكێك لە ناوازەترین شاكارە تەلارسازییەكانی سەردەمی سەلجووقییەكان دەدرەوشێتەوە.
ئەم شوێنەوارە مێژووییە كە تەمەنی نزیكەی 800 ساڵە، تەنها بە نەخش و نیگارە دەگمەنەكانی سەر بەردەكانی ناناسرێتەوە، بەڵكو بە دیاردەیەكی بینایی سەرسوڕهێنەر ناوبانگی دەركردووە و بەو مزگەوتەی كە سێبەرەكانیشی نوێژ دەكەن دەناسرێتەوە.
بەپێی لێكۆڵینەوە مێژووییەكان، ئەم مزگەوتە لە ساڵی 1228ی زاینی دروستكراوە و یەكێكە لەو شوێنەوارانەی لە لیستی میراتی جیهانیی یونسكۆدا بە شێوەیەكی رەسمی تۆمار كراوە.
لە مانگەكانی تەممووز و ئابدا، نزیكەی سەعات 7:00ی بەیانی، سێبەرێكی چڕ لەسەر نەخشەكان دروست دەبێت كە شێوەی ژنێكی نوێژكەر نیشان دەدات.
ئەم دیاردەیە تەنها رێكەوت نییە، بەڵكو ئەنجامی لێكدانەوەیەكی زانستیی قووڵە بۆ جووڵەی خۆر و گۆشەی كەوتنی تیشكەكان لەسەر تاق و پەنجەرەكان كە لە هیچ شوێنێكی تر هاوشێوەی نییە.
لە لایەكی تر و لەسەر دەرگایەكی تری مزگەوتەكە، دیاردەیەكی تری ئەندازیاری هاوشێوە لەكاتی نوێژی عەسردا دووبارە دەبێتەوە.
لەو كاتەدا سێبەرێك دروست دەبێت كە لە سەرەتادا وا دەردەكەوێت پیاوێك بێت خەریكی خوێندنەوەی قورئان بێت، پاشان سێبەرەكە دەگۆڕێت بۆ شێوەی پیاوێك كە كڕنۆش دەبات و نوێژ دەكات.
ئەم وردكارییانە لە 365 رۆژی ساڵدا تەنها لە كاتە دیاریكراوەكاندا دەردەكەون، ئەمەش فشار دەخاتە سەر مێشكی بینەر بۆ تێگەیشتن لەو ئاستە بەرزەی ئەندازیاری كە چۆن توانیویانە 8 سەدە پێش ئێستا بەبێ تەكنەلۆژیای مۆدێرن كارێكی وەها ورد ئەنجام بدەن.
ئەوەی ئەم مزگەوتە لە مزگەوتەكانی تر جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە هیچ نەخشێكی سەر دەرگاكان هاوشێوەی یەكتر نین و هەریەكەیان چیرۆكێكی تایبەت دەگێڕنەوە.
بەپێی ئامارەكان، ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ بینینی ئەم سێبەرانە سەردانی دەكەن، بەتایبەت لەو وەرزانەی كە سێبەرەكان بە روونی تێیدا دەردەكەون، تا لە نزیكەوە بینەری ئەو ساتە بن كە بەردەكان تێیدا مانا بە رۆحییەت و پەرستن دەبەخشن.
راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاشكرای كردووە، هێزەكانی ئەمریكا روبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە لە پاراستنی ئەو سەربازەکانیدا.
تا دێت گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران روو لە زیادبوونن و رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناجێگیرە، بەپێی راگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكاش، لە ئێستادا 50 هەزار سەربازی ئەمریكیی لە ناوچەكەدا جێگیر كراون.
لەپاڵ ئاشكراكردنی ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناو هێرشی بەردەوامی موشەكیی ئێران بۆسەر پێگەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاشكرای كردووە، هێزەكانی ئەمریكا روبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە لە پاراستنی ئەو سەربازانەدا.
بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لەدوای ئەوە دێت، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا ناسراو بە سێنتكۆم رایگەیاند، لە 18ی مانگی رابردوودا، هێرشێكی موشەكی و درۆنیی ئێران بنكەی ئاسمانیی موفەق سەڵتی لە ئوردن كردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریكی كوژراون و چەند سەربازێكی تریش بریندار بوون.
بەپێی ئامارەكان، تا ئێستا ژمارەی كوژراوانی سوپای ئەمریكا لەم روبەڕوبوونەوانەدا گەیشتووەتە 17 سەرباز و زیاتر لە 430 سەربازی تریش بریندار بوون.
لەو بارەیەشەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندووە، ئێران باجی كوشتنی سەربازانی ئەمریكی بە چەند بەرامبەر دەداتەوە.
ئاشكراشی كرد، داوای لە وەزیری جەنگ و سەرۆكی ئەركانی سوپا كردووە بۆ گرتنەبەری رێكاری توند لەو بارەیەوە.
هاوكات، سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی فراوانكردنی ئامانجەكانی كردووە تا ئاستی ناوەندەكانی وزە و پردەكان و دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ و بۆردوومانكردنی ناوەندە ئەتۆمییەكان.
لەلایەكی ترەوە واشنتۆن دەستی كردووە بە رەوانەكردنی فڕۆكەی جەنگی زیاتر بۆ ناوچەكە.
وەك روونە؛ ئامانجی ئەمجارەی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكانی ئەمریكا كردنەوەی گەروی هورمز و تێكشكاندنی توانا سەربازییەكانی ئێرانە پێش دەستپێكردنی قۆناغی ئاڵۆزتری روبەڕوبوونەوەكان.
كێوی پیكاكس لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس، ئەو كێوەی لەپشت ئێرانەوە وەستاوە بۆ پاراستنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
زیاتر لە ساڵێك بەسەر جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئەمریكا و ئێران و ئیسرائیلدا تێپەڕیوە و هێشتا ئاگری جەنگی 40 رۆژەش ژیلەمۆیەكە نەبووە بە خۆڵەمێش، كە لە هەر ساتێكدا بێت دەكرێت ئاگرێكی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام بەشێكی سەرەكی ئەوەی ئەمریكا و ئیسرائیل جەنگیان دژ بە ئێران بۆ هەڵگیرساندووە، تاران نەك هەر دەرسبەرداریی نابێت، بەڵكو توندتر دەستی پێوەگرتووە و دەیپارێزێت.
دوایین راپۆرتی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی لە زاری چەند لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكی و ئیسرائیلییەوە ئاشكرای كردووە، ئێران لەدوای جەنگی 12 رۆژەوە بە هەزاران ئامێری سەنتەرفیوجی بۆ تونێلە قوڵەكان و داڵانی كێوی پیكاكس گواستووەتەوە لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس.
كێوەكە بە دووری دوو كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری بنكەی ئەتۆمیی نەتەنز و هەزار و 608 مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە، چەندین تونێلی قوڵ و تۆكمە لەخۆ دەگرێت و بە پێگەیەكی ئەتۆمی نوێ و قایمكراوی ئێران دادەنرێت.
پێگەی هەواڵگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە كردووە، دوای ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی B-52ی ئەمریكی و هێزەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر سێ دامەزراوەی سەرەكیی ئەتۆمیی ئێران، تاران ئەو هەنگاوەی ناوە.
وێنەی مانگە دەستكردەكان كە لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا گیراون، ئاماژە بە جوڵەی بەردەوامی بارهەڵگر و چەند ئامێرێك دەكەن لە ناوچەكەدا و دەردەكەوێت چەند تونێلێك لە قوڵایی نزیكەی 100 مەتر لەژێر زەویدا هەڵكەنراون، كە ئەوەش وادەكات لە دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ قوڵتر و قایمتر بێت و راستەوخۆ بە ئامانجگرتنی لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە زۆر سەخت بێت.
بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتە هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ، كە هەفتەی رابردوو رایگەیاند، كێوی پیكاكس دەكەن بە ئامانج و تونێلەكانی لەناو دەبەن. وتیشی، بە ئێرانییەكان دەڵێین ئامادە بن.
ئەم هەنگاوەی ئێرانیش بە واتای ئەوە دێت، تاران نەك ئامادە نییە دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی هەڵبگرێت وەك لە رێككەوتنەكاندا ئەمریكا و ئیسرائیل داوای دەكەن، بەڵكو لەدوای جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، بە جددی كاری كردووە بۆ پاراستنی و هەموو ئەگەرێكی بۆ هەڵگیرسانەوەی جەنگ لەبەرچاو گرتووە.