لە پێشكەوتنێكی زانستیی نوێدا كە رەنگە ئاسۆیەكی نوێ لە چارەسەركردنی نەخۆشی شێرپەنجەدا بكاتەوە، چارەسەرێكی نوێ بۆ گرێ شێرپەنجەییەكان دۆزراوەتەوە.

رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ئەنجامی تاقیكردنەوەی دەرزییەكی نوێی بە ناوی "ئەمیفانتاماب" ئاشكرا كرد كە بەپێی تاقیكردنەوەكان ئەو دەرزییە توانایەكی بەرچاوی هەیە لە بچووككردنەوەی گرێ شێرپەنجەییەكان و تەنانەت لەناوبردنی تەواوەتییان بۆ هەندێك لەو نەخۆشانەی كە هیوایان بە چارەسەرە باوەكان نەمابوو.

بەپێی راپۆرتەكە، دەرزییەكە لەسەر 102 توشبووی شێرپەنجەی سەر و مل لە 11  وڵاتی جیاواز ئەنجامدراوە وبەپێی ئەنجامەكان دەركەوتووە چارەسەرە نوێیەكە سەركەوتوو بووە لە بچووككردنەوەی گرێكان لای 43 نەخۆش، گرێی 15  نەخۆشیش بە تەواوی لەناوچوون و نەماون، ئەوەش لە لایەن پسپۆڕانەوە وەك دەستكەوتێكی بێپێشینە لەم جۆرە حاڵەتە پێشكەوتوانەدا وەسف دەكرێت.

پرۆفیسۆر كیڤن هارینگتۆن مامۆستای چارەسەرە بایۆلۆژییەكانی شێرپەنجە لە پەیمانگای توێژینەوەی شێرپەنجە لە لەندەن، دەڵێت، ئەو چارەسەرە نوێیە توانای هەیە ساڵانە سوود بە هەزاران نەخۆش بگەیەنێت، ئەوەش قەبارەی ئەو هیوایە نیشان دەدات كە ناوەندە پزیشكییەكان لەسەری هەڵیانچنیوە.

دەرمانی "ئەمیفانتاماب" بەوە جیا دەكرێتەوە كە خاوەنی میكانیزمێكی سێلایەنەیە بۆ هێرشكردنە سەر شێرپەنجە لە چەند گۆشەیەكی جیاوازەوە لە یەك كاتدا، ئەوانیش پەكخستنی پڕۆتینی ئیگفر كە بەرپرسە لە هاندانی گەشەی گرێكان، رێگریكردن لە رێڕەوی مێت كە خانە شێرپەنجەییەكان بەكاری دەهێنن بۆ هەڵاتن لە كاریگەریی چارەسەرەكان، بەرگری جەستەی مرۆڤیش بەهێز دەكات بۆ هێرشكردنی راستەوخۆ بۆسەر گرێیەكە.

ئەو چارەسەرە لە رێگەی دەرزییەكی بچووك لە ژێر پێستەوە بەكاردەهێنرێت، نەك لە رێگەی دەرزی ناو دەمار، ئەوەش وای لێدەكات بۆ نەخۆشەكە ئاسانتر و ئاسوودەتر بێت و چارەسەرەكەش لە نۆرینگە دەرەكییەكانیشدا خێراتر جێبەجێ بكرێت.
سەرەڕای ئەو ئەنجامەش، توێژەران جەخت دەكەنەوە كە "ئەمیفانتاماب" هێشتا لە ژێر هەڵسەنگاندنی كلینیكیدایە و هێشتا نەسەلمێنراوە كە چارەسەرێكی بنبڕكەر بێت بۆ هەموو جۆرەكانی شێرپەنجە، بەڵام نیشاندەرە سەرەتاییەكان دەرگای قۆناغێكی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە دەكەنەوە، بەتایبەت بۆ ئەو نەخۆشانەی كە چیتر سود لە چارەسەرە باوەكان وەرناگرن.