مێرولەیەک بە نرخی زێڕ.. بازرگانییەکی نایاسایی و سەیر لە ئەفریقا
سەوسەن سەید
٢١ی ئایاری ٢٠٢٦
لە نێوان درەوشانەوەی ئەڵماس و زێڕدا، کەم کەس هەیە بڕوا بکات کە "سامانێکی نوێ" لە جیهاندا پەیدابووە کە قەبارەکەی تەنها چەند سانتیمەترێکە.
مێروویەک کە خەڵک راهاتوون بەبێ بایەخ بن پێشێلی بکەن، ئێستا لە بازاڕە رەشەکانی جیهاندا بە نرخی پارچە زێڕی دەگمەن دەفرۆشرێت و نرخی تەنها یەک دانەی دەگاتە زیاتر لە $1,100$ دۆلار.
ئەم مێرووە بووەتە کاڵایەکی لوکس بۆ ئەو کەسانەی حەزیان لە کۆکردنەوە و بەخێوکردنی مێرووی دەگمەنە.
وڵاتی کینیا بە مەیدانی راوکردنی مێرولە گرانبەهاکان دادەنرێت، ئەم جۆرە مێرولەیە کە بە "مێرولەی سوور و رەش" ناسراوە، بە سەدان هەزاریان لە دەوروبەری شاری (نایرۆبی)ی پایتەختی کینیا دەژین.
ئێستا خەڵکی ناوخۆیی و راوچییەکان هێرشیان بردووەتە سەر ئەو ناوچانە بۆ گرتن و قاچاخچێپیکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەم بازرگانییە نایاساییە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ژینگەی کینیا دروستکردووە، بۆیە دامەزراوە ژینگەیییەکان رێکارەکانیان توندتر کردووەتەوە.
بۆ نموونە، لە ئایاری ساڵی2025دا دوو گەنجی بەلجیکی لە کاتی قاچاخچێتی بە پێنج هەزار مێرولە دەستگیرکران و دادگا هەر یەکێکیانی بە بڕی 7 هەزار دۆلار سزا دا.
بۆچی حەزیان لەم مێرولەیەیە؟
دینۆ مارتینز، کە زانایەکی مێرووناسی کینیاییە، دەڵێت: ئەم مێرولە ئەفریقییە گەورە و ئازایە کە ناوی (میسور سيفالوتس)ە، خاوەنی رەنگێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، بۆیە ئارەزوومەندانی مێروو پێی دەڵێن نموورەکانی جیهانی مێرولە." لە ماڵپەڕە ئەورووپییەکاندا نرخی یەک دانەی دەگاتە 230 دۆلار و زۆربەی کاتیش دەستناکەوێت.
بازاڕێکی ئەلیکترۆنی گەورە و مەترسی ژینگەیی
بەپێی توێژینەوەکانی زانکۆی (فریبۆرگ)ی سویسری، ئەم کارە لە کەیف و سەفایەکی سادەوە گۆڕاوە بۆ بازاڕێکی ئەلیکترۆنی گەورە. لە ساڵی 2017دا، نزیکەی 500 جۆر مێرولە لە ئینتەرنێتدا بۆ فرۆشتن دانراون.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە 10٪ ی ئەم مێرولانە ئەگەر بچنە ژینگەیەکی نوێوە، دەبنە "مێرووی داگیرکەر" و زیانێکی گەورە بە سروشت دەگەیەنن.
لەکاتێکدا کینیا مۆڵەتی رەسمی بۆ هەناردەکردنی مێرولە هەیە، بەڵام پارێزەرە کینیاییەکان دەڵێن تا ئێستا هیچ بازرگانێکیان نەدیوە مۆڵەتی رەسمی پێبێت و هەمووی بە قاچاخ دەکرێت.



