عيراق چوارمین وڵاتی عەرەبييە لە زۆری ژمارەی ئەو منداڵانەی كار دەكەن
لاڤە
١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سەرباری ئەوەی یاسای كاری عیراقی تەمەنی كاركردنی منداڵانی بەلایەنی كەمەوە لە 15 ساڵەوە دیاریكردووە، بەڵام كاركردنی منداڵان لە وڵاتەكە بووەتە دیاردە و یەكێكە لە مەترسیدارترین ئاڵنگارییە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكان.
بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، عیراق پلەی چوارەمی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی وەرگرتووە، لە زۆری ژمارەی ئەو منداڵانەی كار دەكەن.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، نزیكەی 1.1 ملیۆن منداڵی عیراقی لە مافە سەرەتاییەكانی وەك خوێندن و تەندروستی بێبەشبوون.
بەپێی ئامارەكاین رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك كاری نێودەوڵەتی و یونسێف، نزیكەی 4.5 ملیۆن عیراقی بەهۆی ململانێكانەوە لەژێر مەترسی هەژاریدان و منداڵان زۆرینەیان پێكدەهێنن.
هەروەها نزیكەی 4.8%ی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەنێوان 5 بۆ 14 ساڵدایە لە عیراق كاردەكەن، 4.2%ی منداڵانیش لە هەمان كاتدا هەم دەخوێنن و هەم كار دەكەن.
ناوەندی ستراتیژی مافی مرۆڤ بڵاویكردووەتەوە، ئەو كارانەی منداڵان دەیكەن لە كۆڵان و شەقام و بازاڕەكان بریتییە لە فرۆشیاری و پاككردنەوەی جامی ئۆتۆمبێل، هەروەها لە وەرشەكانی ئاسنگەری و دارتاشی و بیناسازی كاردەكەن، یاخود لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان و هەروەها لە كۆكردنەوەی خاشاك و سواڵكردن، كە سواڵكردن بە مەترسیدارترین شێوازەكانی خراپ بەكارهێنانی منداڵان دادەنرێت.
هەر بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی كاركردن لەنێو منداڵانی عیراقدا دەگەڕێتەوە بۆ، هەژاری و بێكاری و كەمی داهاتی خێزانەكان، هەروەها لێكترازانی خێزانی و ئاوارەبوونی ناوخۆیی و ململانێ چەكدارییەكان و وازهێنان لە خوێندن. هەندێك جاریش چاوچۆنێكی بەشێك لە خاوەنكارەكان هۆكارە كە منداڵان لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا بەكاردەهێنن.
ناوەندە یاساییەكانیش ئەوە دەخەنەڕوو، ئەوەی مەترسی لەسەر منداڵان زیاتر كردووە ئەوەیە، ئەو منداڵانەی لەسەر شەقامەكان كار دەكەن لە هەر كەسێكی تر زیاتر روبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێكسی و پێشێلكاری دەبنەوە و ئەوانەش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.
شارەزایان دەشڵێن، ئەگەر كاركردنی منداڵان بەو شێوەیە لە عیراق بەردەوام بێت، دەبێتە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ لەسەر گەشەپێدانی وڵاتەكە، چونكە زیادبوونی نەخوێندەواری و فروانبوونی بازنەی هەژاری و زیانگەیاندن بە تەندروستی جەستەیی و دەروونی منداڵی لێدەكەوێتەوە.
حەسەن خوام وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق رایگەیاندووە، وەزارەتەكەیان بایەخی زۆر بەو بابەتە دەدات و رێوشوێنی یاسایی توند دەگرێتەبەر بەرامبەر ئەو خاوەنكارانەی سەرپێچی یاسا دەكەن، هەروەها لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی هەماهەنگی دەكەن بۆ داڕشتنی پلانی پاراستنی منداڵان.
بەپێی نوێترین راپۆرتی رێكخراوی یونسێف و رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2025، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە جیهاندا كار دەكەن گەیشتووەتە نزیكەی 138 ملیۆن منداڵ و لە نێویاندا نزیكەی 54 ملیۆن منداڵ هەیە كە كاری مەترسیدار دەكەن و هەڕەشە لەسەر تەندروستی و گەشەكردنیان هەیە.



