سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو، لە یادی نەورۆزی ئەو ساڵاندا، مێردمنداڵ بووم، لە گەرەکی جەلەوەی شاری خانەقین دەژیام . بە خەیاڵێکی کوردانەوە لە گەڵ خەڵکی گەرەکدا، بە ژن و پیاوەوە بە گەورە و بچوگەوە دوای خاڵو فرە بەھرەکەم مامۆستا موحسن ئەکەوتین و بەدەنگی بەرز، لەقەراخ ھاژەی رووباری ئەڵوەن ھاوارمان دەکرد
(ئیمرۆ رۆژی خۆشییە،کاوە زووحاک کوشتییە )
ساڵی(١٩٧٠) ھەرزەکار بووم ، یادی نەورۆز لە تەیارەخانەی شاری خانەقین سازکرا . یەکێک لە سونبولەکانی کوردایەتی لە شاری خانەقین مامۆستا عەزیز پشتیوان بوو. ئەو بە دەنگە پر سۆز و زوڵاڵەکەی بە دەستە راستە پڕ ئاماژەکەی ھاواری دەکرد (یان کوردستان یان نەمان) وەکوو بروسکەیەک لە ناخماندا دەنگیدایەوە و ئەو دروشمە بووە وزیەکی ھەتاھەتایی کوردایەتی بۆ خەڵکی شارەکەم.
ساڵی (١٩٨٤) لەھەڕەتی گەنجایەتی بووم ،یادی نەورۆز لە سورداش ساز کرا، بە ئامادەبوونێکی جەماوەری بێوێنەی خەڵکی کوردستان و بە وتە پر جۆش و خرۆشەکەی ھەڤاڵ مامجەلال کە دەیفەرموو (جەماوەری لە بن نەھاتووی یەکێتی) دڵنیایی بەسەر خەڵکی کوردستان دەباراند و نەورۆز و پێشمەرگەو خەڵک ئاوێتەی یەکبوون.
ساڵی(٢٠١٢) قۆناخی کامڵبوونی دید و تێڕوانین و تێگەیشتنم بوو ،بۆ یادی نەورۆز ، کاک دلێری سەید مەجید، مامە خەمەی ھەمووان ، کۆمەڵێک ھاوڕێ و کەس وکاری ھەردوولامان ، لە کانی ماسی قەراغی شاری سولەیمانیدا، میوانداری کردین و بە دیار ئاگرێکی گەورەوە و بە دەنگی زووڵاڵ و بەرزی حەسەن زیرەک سروودی (ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە......) ئێوارەی نەورۆز مان بەسەربرد.دڵۆپ دڵۆپ خۆشەویستی و خۆشی دەڕژایە ناخی دەرونماندا
ساڵی (٢٠٢٢) لە سێبەری رەشماڵی پایزی تەمەندا ، یادی نەورۆز یادێکی یەکجار جیاواز لە جاران دەبینم
پەرتەوازەیی زۆر و یەکریزی زۆر کەم
ھیوا کەم و نائومێدی زۆر!
بورجی عاجی زۆر و دادپەروەری زۆر کەم !
کاوە کەم و زووحاکیش زۆر!
لە بنچینەدا دیداری یەکێتی دیداری گفتوگۆیی ھەڤاڵان و ناوەندی ڕوناکبیری ئێمە و مامۆستایانی زانکۆ و تەنانەت ئەوانەشە کە لە ڕابردوودا بەشێک نەبوون لە ئەندێشە و بیرکردنەوەی یەکێتی، لە ئەمڕۆیەکی جیاوازدا کە بێ دوودڵی سیاسەت و ھاوپەیمانیەتی و بەرژەوەندییەکان و دونیایی پەیوەندیە کۆمەڵایەتەکانیشمان گۆڕاون، جارێکی تر پێویستمان بە خۆداڕشتنەوە و ڕەخنەسازیەکی تەواو جیاوازە کە بنەما سەرەکیەکانی لەسەر لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندنی زانستی و بە ڕەچاوکردنی ئەو دوونیا گۆڕاوە بینا بکەینەوە، فەلسەفەیەک تەرح بکەین کە مانایەک بۆ ژیان کردن و کۆیی سیستەمی سیاسی و ژیانی فەرمان ڕەواییمان بگەڕێنێتەوە، دیداری یەکێتی کنە و پشکنینە بە ناو مانا قوڵ و فەرامۆشکراوەکانی دونیایەک کە بۆ ئازادیی خوازان و تێکۆشەرانی زیاد لە ئامانجێکی ھەڵگرتووە بۆ داھاتوویەکی باشتر و بۆ ھەندێکیش بە دیار گرفتەکانی ئەمڕۆوە گرەوی داھاتوویەکی نادیاریان لەسەر کردووین.
یەکێتی لە ڕێگەی دیدارەوە دەیەوێت ڕووبەرێکی گەورەی خەڵک و ئەندێشە جیاوازەکانی شەقامەوە ڕوئیایەکی نوێ بەرجەستە بکات، تا بتوانێت کۆی ئامانجە بەدینەھاتووەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەدیبھێنێت و دیدێکیش بخاتەڕوو کە بە ھۆیەوە ھێزە سەرەکییەکانی کوردایەتی بۆ یەک ھێڵی گشتی خەباتکردن ڕابکێشێت و جیاوازییەکانی نێوانمان بۆ خاڵی بەھێز بگۆڕێت و سیستەمێکی فرەیی ھاوچەرخ بینا بکات.
رەنگە ئەوەی ئەو پێشەکیە بخوێنتەوە بڵێت دەبێ چی کردبی؟
لەگەڵ سەرھەڵدانی نارەزایەکانی ئەم دوایەی خوێندکاران لەسنوری سلێمانی، ھەر زوو بافڵ جەلال تاڵەبانی پێش ھەموو کەسێک ھاتە سەرخەت و لەنزیکەوە دیداری لەگەڵ نوێنەری زۆرینەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان ئەنجامدا.
لەنزیکەوە گوێبیستی داوا رەواکانیان بوو، سێ کۆبونەوەی دور و درێژی لەگەڵ بەستن، دەستی کرد بەجێبەجێکردنی داواکاریەکانیان ھەر لەنۆژەن کردنەوەی بەشەناوخۆکان و دابینکردنی پێداویستیەکان و گەرانەوەی دەرماڵە بۆیان، ھەر بەوەش نەوەستا بۆ ئەوەی دوا رۆژی خوێندکاران و گەنجان گەش بێت بەڵێنی ئەوەی پێدان لەسەر ئەرکی یەکێتی ژمارەیەک پرۆژەی زانستی ئەنجام بدرێت لەپێناو باشترکردنی ئاستی زانکۆکان و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ پێشخستنی خوێندن و دۆزینەوەی ھەلی کار و ئامادەکردنی خوێندکاران بەپێی پێویستی رۆژ.
ئەو مۆدێلە بەلای من لەژیانی حزبایەتی نوێیەو حزب دەیەوێ یان باشتر بڵێن بافڵ جەلال تاڵەبانی دەیەوێ حزب ببێتەوە ئامراز بۆ خزمەت کردن نەوەک بار بەسەر شانی گەنجان و خوێندکاران.
دیارە گەنجێکی وشیار میلەتێکی وشیاری لێبەرھەم دێت، گەنجان و خوێندکارانیش شادەماری ئەو کۆمەڵگایەن گرنگی پێدانیان بەم جۆرە و کۆبونەوەی لەگەڵیان بەچەندان سەعات دەرخەری ئەوەیە کە یەکێتی دەیەوێ دانەبرێت لەبەگەنج مانەوەی.
ئەوەی لەدورەوە لەرێگای ھەواڵەکان لەبارەی کۆبونەوەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ خوێندکاران دەیبینم مایەی دڵخۆشییە ، بەدیوێکی تر دڵخۆشیەکەم زیاتر ئەوەیە راستەوخۆ خۆی دەیانبینێت نەوەک لەرێگای نوێنەر و کەسانی ترەوە.
ئەمرۆ خوێندکاران و گەنجان ھی سەردەمی راپەرین و پێش ڕاپەرینیش نین ئەوان ژیانێکی شایستەیان بۆخۆیان دەوێت مافی ڕەوای خۆشیانە، کەمافەکەیان بۆ دەستەبەر کرا ئەوانیش رێز لەخەبات و ماندوبون و قوربانیەکان دەگرن.
کە بافڵ جەلال تاڵەبانی بەخۆیندکاران و گەنجان دەڵێت سەرمایەی نیشتمانی لای یەکێتی نەوت و غاز و داھات و پارە نییە، بەڵکو بۆ یەکێتی سەرمایەی نیشتمانی گەنجان و خوێندکارانی ئەو وڵاتەن، ئەمە خۆی لەخۆیدا خوێندنەوەی واقعی ئەمرۆی کۆمەڵگەیە ، پەروەردەکردنی گەنجان و خوێندکارانە بۆ دوارۆژێکی گەش، پێشکەشکردنی ئەو ھەستە کرداریەیە کەبافڵ جەلال تاڵەبانی بەخوێندکارانی دا.
ھەر حزبێک خۆی لەگەڵ گۆرانکاریەکانی سەردەم بگونجێنیت و لەدروشمەوە بیکاتە کردار ئەوا ئەو حزبە سەردەکەوێ، ھەر حزبێکیش گەنج و خوێندکارانی لەگەڵ بوو ئەوا ھەرگیز ناکەوێ.
لەکۆبونەوەکانی لەگەڵ خوێندکاراندا بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشنیارو سەرنجی خوێندکاران وەردەگرێت لەبارەی چۆنێتی کارکردنی داھاتووی یەکێتی، لەبارەی پێویستی ئەمڕۆی خەڵک، داواکانی شەقام، پێویستی رێکخراوە خوێندکارییەکان و کارکردن لەپێناو بوژاندنەوەی ژێرخانی خوێندنی باڵا، ئەمەش بۆ یەکێتی ھەم بەرچاو رونی دەبێت کەئیستا خەڵک چی دەوێت و چی پێویستە بەمەش خەڵک روی لەیەکێتی دەبێت بۆ داھاتویەکی باشتر و خۆشگوزەران، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەی من تێگەیشتوم بەم کارانەی دەیەوێ بڵێت بارەگاو دامودەزگاکانی یەکێتی ئەو قۆناغەی تێپەراند تەنیا شوێنی حزبایەتی تەقلیدی بێت، ئێستا بارەگا گرنگەکانی حزب بۆ خزمەتکردنی گشتیە، نەوەک تەنیا بۆ ئەندامان و لایەنگران، بەمەش بافڵ جەلال تاڵەبانی تەکانێکی خێرای بەرۆحی حزبایەتی دا.
کاک بافڵ کەدەڵێم بۆ وا دەکەی؟ زیاتر و زیاتریش بکە بۆ دوارۆژێکی گەش بۆ یەکێتی و گەشتریش بۆ کۆمەڵگە، خۆیندکاران سەرەتا بوون چاومان لەزیاترە، سەرۆک مام جەلال کەسی بێ بەش نەدەکرد لەخزمەتکردن، ھەر بەردەوام بن بەڵام وەک خوێندکاران و گەنجان ئەوانی تریش ببینە ژیانی حزبایەتی دەگەشێتەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتر.
لە کوردستانی باشوردا سەرەتا چارەسەری مەسەلەی کورد بە داخوازی لامەرکەزی دەستی پێکرد و ئینجا بە ئۆتۆنۆمی و دواتر بە ئۆتۆنۆمی راستەقینە و دوای راپەرینیش بە دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دەگات بە فیدراڵیەت ، کە یەک لایەنە جار درا ، بەمەش دۆزی کوردستان بەرەو پێشچونێکی بەر چاو لە جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنووسین بەرجەستە دەکات و دەچێتە قۆباغێکی نوێ و جیاوازەوە.
لە سادەترین پێناسەدا فیدراڵیەت بریتیە لە دابەشکردنی دەسەڵاتی ئیداری و دارایی و دیاریکردنی سنور لە نێوان حکومەتی ناوەندو هەرێمەکاندا، کە بێگومان ئەم دابەشکردن و پێکەوەژیانە لە رێگەی دەستورەوە رێکدەخرێت، بەو واتایەی بێ بوونی دیموکراسی، فیدراڵیەت بوونی نییە، واتا پێشمەرجی فیدراڵی، بوونی سیستمێکی سیاسی دیموکراسییە.
بێگومان فیدراڵیەت چەند جۆر و چەند فۆرمێکی جیاوازی بەرجەستەبوی هەیە، فیدراڵیەت لەسەر بنەمای نەتەوەیی، لەسەر بنەمای دین و مەزهەب، لەسەر بنەمای ئیداری، بەڵام لەهەموو ئەو فۆرمانەدا خەسڵەتی سەرەکی بریتیە لە دابەشکردنی دەسەڵات و جۆری بەیەکەوەژیانی ئەو پێکهاتانەی لە چوارچێوەی ئەو کیانەدا ئەژین کەئەمەش بابەتێکی ھەستیار و ھاوبەش و گرنگە.
وەک لە ئەزموونەکانی فیدراڵیەت دەردەکەوێ ئاڵۆزترین جۆری فیدراڵیەت ،فیدراڵیە لەسەر بنەمای نەتەوەیی، کە دوو شوناس یان زیاتری نەتەوەیی بڕیار ئەدەن لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بەیەکەوە کار بکەن. لەم ڕوەوە بەڵگە نەویستە کە ئەزموونی دیموکراسی و فیدراڵیەتی عیراق تازەیەو خاوەنی چەندین تایبەتمەندی و خەسڵەتی جیاوازی تایبەت بەخۆیەتی، لەوەش زیاتر دەکرێت بڵێین بارودۆخی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراقدا بە جۆرێکە کە ڕەنگە بە ئاسانی و بەماوەیەکی کورت نەکرێت وا بەئاسانی سیستەمی فیدراڵی تێدا بەرقەرار بکرێت.
رەگی فیدراڵیەتی ئێمە تەنها ناگەڕێتەوە بۆ کاتی رووخاندنی دکتاتۆریەت لە عیراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا ، بەڵکو بەشێکی ئەگەڕێتەوە بۆ دەرئەنجامەکانی دوای ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ ئەو کاتەی کورد توانی بۆ یەکەمجار ئیدارەیەکی نیمچە سەربەخۆ بونیادبنێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پاڵپشتی بکات کەئەمەش بوو بە دەروازەی گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی بۆ درووستکردنی عیراقی تازە لە ساڵی ٢٠٠٣، واتە راپەڕین، کۆڕەو، ناوچەی ئارام و دژەفڕین، دواتریش بڕیاری ٩٨٦ نەتەوە یەکگرتوەکان وای کرد کورد کیانێکی جیاواو لە رژێمی بەعسی ئەوکات دروست بکات کە بووە بنەمای دیاریکردنی رێژەی ١٧% نەتەوە یەگکڕتووکان بۆ هەرێمی کوردستان لە بریاری نەت بەرامبەر خۆراک.
دوای روخانی سەدام ئێمە بەسەر دۆخێکی تەواو جیادا کەوتین، کاراکتەری سەرەکی روخاندنی ئەو رژێمە بووین، بەهێزو پێگەیەکی بەرچاو چووینە بەغدا، سەرەنجام سیستمی فیدراڵیشمان لەدەستوردا چەسپاندو هەرێمی کوردستان بووە قەوارەیەکی دەستوری دانپێدانراو لەعیراقدا، بەڵام لەرووی عەمەلیەوە هەندێ کێشە و بەربەست هاتنە ئاراوە لەوانە :
- لە رووی بەرژەوەندی ستراتیجی ئێمە کوردین و بەشێکین لە کوردستانی گەورە، عەرەبی عیراقیش بەشێکن لە نەتەوەی عەرەب
ـ بەهۆی ئەوەی سوننەی عەرەب ئەوکات بەشداری پرۆسەی سیاسی نەکرد، کوردو شیعە بۆشایی ئەوانیان پڕ کردەوە و وا هاتە بەرچاو کە ئێمە بەهێزین و پێگەمان پتەوە، لەکاتێکدا لەپیادەکردنیدا تووشی کەموکورتی و کێشە هاتین، بۆ نمونە کات هەبووە ئێمە وا هەڵسوکەوتمان کردوە مافمان هەیەو ئەرکمان نییە، تا لەم دووایەدا وەکو فاکتەری بەھەدەردان و خواردنی پشک و بەرکەوتە و داهاتی بەشەکانی تری عیراق پێناسەیان کردوین.
ـ خاڵێکی دیکە کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە توانیمان لە ساڵی ٢٠٠٥ ھابەشی بکەین لە نوسینەوەی دەستور و بەشێکی سەرەکیش بوین لە پەسەندکردنی، بەڵام لەڕاستیدا چەندین مادەی دەستوری هەن سەبارەت بە فیدراڵیەت کە پێویستە بەیاسای ڕوون رێک بخرێن، ئێمە ئەوانەمان فەرامۆش کردو ئەو یاسایانە کەگرنگ بوو دەربچن ھەر دەرنەچوون، ئەمەش وای کرد شڕۆڤەی سیاسی جێگەی لێکدانەوەی قانونی و دەستوری بگرێتەوە و سەرەنجام کێشەکان ئاڵۆزتربن.
رەنگە لێرەوە پرسیاری سەرەکی ئەوە بێت بۆ ئەوکات قەیرانەکان بەو قورسایەی ئێستا سەریان هەڵنەدا؟ سەرەرای ئەوەی کە لە سەرەوە باسمان کرد رۆڵی دەستێوەردانی دەرەکی و دەوروبەر بە ڕاستەوخۆ ناراستەوخۆ بۆ تێکدان و سەرنەکەوتنی فیدراڵیەت لە عیراق لە ترسی کێشە ناو خۆی و نەتەوەیی خۆیان، هۆیەکی تر ئەوەیە تەرازووی هێز لە نێوان ناوەند و هەرێم تێکچوو و لە قازانجی ناوەند شکایەوە.
بەبڕوای ئێمە یەکێک لەهۆکارەکانیش ئەوە بوو کە نەوەیەکی سیاسی رەسەن ئەوکات لە کایەکەدابوون، کە خۆیان ئۆپۆزسیۆن و ئەندازیاری روخاندنی بەعسیش بوون، خاوەن ئەزموون و شارەزایی بوون، قوڵایی مێژووی و دەرکی سیاسی پێویستیان هەبوو، وەکوو مام جەلال، کاک مەسعود، کاک نەوشیروان ، محمد باقر حەکیم ، مەحەمەد بەحر العلووم ، ئەحمەد چەلەبی،عدنان پاچەچی، ئەیاد عەللاوی،نەسير چادرچی ....هتد ئەمانە سەرەڕای ئەزموون و شارەزایی، خەبات و یادەوەرەکی هاوبەشی مێژووییان پێکەوە هەبوو، ئێستا ئەو یادەوەریە خەریکە کاڵ ئەبێتەوە .
بۆیە پێویستە لەبەر رۆشنایی ئەم واقیعە تازەیە مامەڵە لەگەڵ عیراق بکەین بە روونی ئەرک و مافەکانمان دیاری بکەین، بۆ ئەوەش رێکخستنەوەی ماڵی خۆمان پێشمەرجی هەموو ئەو هەنگاو پێویستانەیە کە لە پێشمانن، بۆشایی نێوان دەسەڵات و خەڵک کەمبکەینەوە، لەکوردستان دەرگا بۆ بەشداری راستەقینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکەینەوە، ناکرێ لە بەغدا داوای سازان و رێکەوتن و تێپەڕاندنی قەیرانەکان بکەین، لێرەش پێچەوانەی ئەو داخوازیانە کار بکەین، خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە ئێستا بۆشایی لەنێوان کوردو شەقامی عەرەبی بەتایبەت شەقامی شیعی دروست بووە، پێویستە ئەم بۆشاییە چارەبکەین و وەکو جاران خاڵە هاوبەشەکان دەستنیشان بکەین، ھەوڵیشبدەین بەشێک لە کێشەکانیش هەڵبگرین بۆ کاتێکی تر کە زەمینە لە بار بێت بۆ چارەسەرکردنیان.
بۆیە پێویستە کورد پێداگری لەسەر سازان و شەراکەت و بەرژەوەندی هاوبەش و شەفافیەت لە مەلەفی نەوت وگاز و گونجاندنی لە گەڵ دەستوور و نێوماڵی خۆی قایم بکات ، کە ئەمەش تاکە رێگای بێ چەندوچوونی مانەوەو بەهێزبونمانە لە عیراق و کوردستان.
دواجار ڤلادیمێر پۆتین-ی سەرۆکی رووسیا ھێرشی سەربازی کردە سەر ئۆکراینا، ئەمە پێچەوانەی ئەو بانگەشانە بوو کە چەندین مانگە جیھانی پێ چاوبەستە کرد گوایا کۆکردنەوەی ھێزەکانیان لەسەر سنووری ئەو بۆ ھێرشکردن نیە بەڵکو تەنھا چەند مانۆڕێکی سەربازیە و بەس، بەڵکو ھەندێکجار ئەمریکا و رۆژئاوایان بە بزوێنەری ماکینەیەکی ئیعلامی چەواشەکار دەدایە قەڵەم کە بێ ھیچ بنەمایەک دەیانەوێت بەو کارانە وێنەی رووسیا ناشیرین نیشان بدەن.
ھەموو جیھان بۆنی ئەو پەلامار و ھێرشەی رووسیای کردبوو، لە ھەمووی نزیکتر روژ دوای رۆژ ئۆکراینیەکان زووتر ھەستیان بەگەرمی جۆشدانی کوورەکە کردبوو، بۆیەش سەرکردەکانی جیھان لە پێش ھەموویانەوە ئەوروپیەکان لەوە تێگەیشتبوون کە شەڕەکە تادێت لەبەردەگایان نزیک دەبێتەوە، زیانێکی مادی و مەعنەوی زۆریان بەردەکەوێت، ئەمەش جووڵە دبلۆماسیەکانی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن-ی سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆلتز راوێژکاری ئەڵمانیا لە نێوان کیڤ و مۆسکۆ لە رۆژەکانی پێش ھێرشی سوپای رووسیا چڕتر و جدیتر کردەوە، ئەمە جگە لەو چەندین سەعات پەیوەندیە تەلەفۆنیانەی کە نووسینگەی سەرۆکایەتی زۆربەی وڵاتانی سەرقاڵ کردبوو.
من پێم وایە، ھەموویان لەوە گەیشتبوون رووسیا بێ ھۆ ئەو سەدان ھەزار سەرباز و چەک و جبەخانە جۆراوجۆرە پێشکەوتووانەی لەسەر سنوور و ناوچەکە کۆنەکردبۆوە.
جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا ھەفتەیەک بەر لەوە، لەدەرەنجامی گفتوگۆ تەلەفۆنیە درێژخایەنەکەی لەگەڵ پۆتین بۆی دەرکەوت کە رووسەکان زۆر جدین لە جێبەجێکردنی پلانەکەیان، رایگەیاند کە رووسیا ھێرش دەکات، بەڵام وا بڵاو یکردەوە کە گوایا دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا ئەوزانیاریانەی دەستکەوتووە.
ئەگەر سەیرێکی سەعات و رۆژەکانی دوای کۆبوونەوەی ماکرۆن لەلایەک و ئۆلاف شۆڵتز-ی راوێژکاری ئەڵمانیا لەلایەکیتر لە کیڤ و کرملن بکەین، بێ ھیوایەکی زۆر بەدیدەکرا لە ھەوڵەکانیان، لە لێدوانی سەرکردە ئەوروپیەکان بۆ میدیا بۆنی ئەو ھێرشە دەکرا چونکە ھەمیشە ھیوایان دەخواست کە شەڕ روونەدات.
ئێستا کە ھێرش و پەلامارەکان دەستیان پێکردووە، لێرە و لەوێ سەرکردەی ھەندێک لەوڵاتان بەرووکەش ئیدانەی رووسیا دەکەن، بەڵام لە دڵەوە ئەم کارەی رووسیایان پێخۆشە، نا لەبەر ئەوەی رقیان لە ئۆکراینایە، بەڵکو بۆ بەدیھێنانی خەون و ئامانجە لەمێژینەکانیانە، چونکە بەو کارەی رووسیا کە پێشێلکردنی رێکەوتننامە و میساقە نێودەوڵەتییەکانە ھیچ بەھایەک بۆ رێزگرتن لە سەروەری ووڵاتان نامێنێت، دەرگایەکی فراوانی رەوایەتیدان بە ھێرش و پەلاماری چەندین ووڵاتیتر دەدات بۆ نموونە:
- چین، بەئاشکرا پشتگیری لە رووسیا دەکات بۆ ئەوەی بەیانی ئەویش لە مەسەلەی تایوان و ھۆنگ کۆنگ دا دەستی کراوەبێت.
-تورکیا دەمێکە خەون بەگێرانەوەی ویلایەتی موسڵ دەبینێت بۆسەر نەخشەی وڵاتەکەی، کە ئەمەش راستەوخۆ مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوا و کۆی مەسەلەی نەتەوایەتی کورد و دەستکەوتەکانی دروست دەکات، ئەو برینە گەورەیە دەکولێنێتەوە کە رەنگە بەسەدان ساڵیتر خوێنی لێ بچۆرێت.
زۆر شوێنی تر لە جیھان کە چەندین دەیەیە ھەمیشە وەک قومبەلەیەکی تەوقیتکراو لە ئان و ساتی تەقینەوە و قۆستنەوەی دەرفەتێکی لەو شێوەیەن، ئەو کات ھەموو ئەو وڵاتانەی باسمان کرد لە بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەنجە بۆ رووسیا درێژ دەکەن کە ئایا بۆچی بۆ روسیا (غفورالرحیم) بوو، بۆچی بۆ ئێمە (شدید العقاب) بێت لە گەراندنەوەی ئەو ناوچەی کە ھاوشێوەی روسیا بۆ ئۆکراینا بە ھی خۆمانی دەزانین.
بۆیە بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ھاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکا بەرامبەر کارێکی لەم شێوەی رووسیا بابەتەکە لە حالەتەوە دەکاتە دیاردەیەکی مەترسیدار.
پێویستە پارێزگاری لە سەنگ و بەھا و رێزی پرەنسیپ و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بکرێت، ئەگینا ئاشوبێکی گەورەی مرۆڤایەتی بەدوایخۆیدا دەھێنێت کە لەمێژووی دوور و نزیک لەسەر ئەم ھەسارەیە رووینەدابێت.
ئێستا بە پێی یاسای ھەڵبژاردن، ھەرێمی کوردستان یەک بازنەیە. واقیعی سیاسی و ھەژموونی دوو حزب لە دوو زۆنی سەوز و زەرد وایکردووە حوکمڕانییەکی تەندروست پیادە نەکرێت.
ئەوەی یەکێتی دەیەوێت ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان لە ھەڵبژاردن بکرێتە فرەبازنەیی لایەنی کەم دابەش بکرێتە سەر چوار بازنەی ھەڵبژاردن، بەمەش ھەر بازنەیە و پشکی خۆی بە پێی ڕێژەی دانیشتووانی بەردەکەوێت و دابەشکارییەکی دادپەروەرانە پیادە دەکرێت و ھەموو ناوچەکان بێ ستەم لێکردن نوێنەری خۆیان لە پەرلەمان دەبێت.
ئەم دابەشکردنەی ھەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانییە، شێوازێکی ھەڵبژاردنە خزمەت بە پڕۆسەی دیموکراتی کوردستان دەکات.
دابەشکردنی ھەرێمی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنە وادەکات ھەژموونی ناوچەیەک یان پارێزگایەک لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت.
ھەروەھا پێویستە کورسی کۆتای پێکھاتەکانیش پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و دابەشی سەر چوار بازنەکە بکرێن و نوێنەرە ڕاستەقینەکانی خۆیان ھەڵبژێرن.
ساڵی ١٩٧٥ کە سەرۆک مام جەلال و ھەڤاڵانی دەستیان بە خەباتی نوێی کوردایەتی کرد و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان دامەزراند، بە ئامانجی روونەوە ھێڵە گشتییەکانی بیڕوڕای یەکێتییان داڕشت. ئەو کاتە، گفتوگۆی چڕی ھەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر بۆ ئەوە بوو کە یەکێتی بگاتە گەڵاڵەی ستراتیجێکی پێشکەوتنخواز و دیموکرات و کوردانە لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و روبەڕووبوونەوەی ستەم و تاوانەکانی دەسەڵاتی عێڕاق، بەجۆرێک کە لە توانایدا بێت گەلی کوردستان لە نائومێدییەوە بگوازێتەوە بۆ سەردەمی نوێی و تێکۆشان، بەم ھیوایەوە لە شەوەزەنگی نائومێدیدا چرای ئومێدی ھەڵکرد.
سەرۆک مام جەلال لە نامیلکەی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆچی؟) کۆبەندی ھیواو ئاواتەکان، پرسیار و وەڵامەکانی کردە رێنوێنی یەکێتییەکان و نامیلکەی گیرفانی پێشمەرگەو کادیران و ئەندامانی یەکێتی، ھەر لەم نامیلکەیەدا شوناس و ئەرکی تێکۆشەرانی ناو یەکێتیشی دیاری کرد.
دیارە لە ھەموو قۆناخێکی سیاسیدا، پرسیاری نوێ دێتە ئاراوەو وەڵامی یەکێتییانەش ھەر دەبێ پڕ بەپێستی ئەرکەکانی ھەلومەرجی نوێ بێت. قۆناخی تازەی کۆمەڵگەی کوردستان پێویستی بە پرسیاری تازەو وەڵامی تازەش ھەیە.
لە ھەموو وێستگەکانی کەمپینی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێڕاق و بۆنەکانی تری جەماوەریدا، لە کاتی کۆبونەوە و گفتوگۆی ھەڤاڵانەشم لەگەڵ کادیر و دڵسۆزانی یەکێتی، رووبەڕوی ئەم پرسیارانە دەبمەوە: یەکێتی چی پێیە بۆ دواڕۆژی کوردستان؟ پلان، ستراتیج و دیدگای چییە بۆ پرس و بابەتە ھەمەجۆرەکان؟ راستە یەکێتی مێژوویەکی پڕ شانازی و دەسکەوتی دیاری ھەیە، کاروانێکی دورودرێژی شەھیدان و خەباتێکی ھەمەلایەنی فیکری و سیاسی ھەیە لە سەرخستنی پرسی رەوای گەلەکەماندا، سەرکردەی مەزنی وەک مام جەلالی پێشکەشی کوردستان کردوە، لە چەندین بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوریدا دەستپێشخەر بووە، بەڵام ھێشتا پرسیاری زۆر ماون کە یەکێتی چی پێیە بۆ دوارۆژ و ئایندەی نەوەکانی داھاتوو؟ لەھەمان کاتدا لە واقعی ئێستادا کێشە راستەقینەکانی بەردەم یەکێتی چییە و چۆن بتوانێ لە ھەموو ئاستەکاندا دونیابینی خۆی نوێ بکاتەوە؟ یەکێتییەکان دەپرسن و ھەقیشیانە، ئاخۆ ئیتر بە چ دڵنیایی و متمانەیەکەوە پڕۆژەی یەکێتی و ستراتیجمان بۆ(ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنوسین) سەربخەن؟
پرسیارەکان کە لێمان دەکرا و خۆشمان لەناوخۆمان تاوتۆی دەکەین، پرسیاری راست و رەواو بەجێن. یەکێتییەکانیش ئەم پرسیارانە لە خۆیان دەکەن و بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن کە ھەم درێژەی رێگای تێکۆشانی چوار دەیەی رابڕدوو بێت و ھەمیش ئاسۆی روونی دواڕۆژی گەلەکەمان نیشان بدات. لەم پێناوەدا ئێمە دیالۆگ و دیداری چڕوپڕمان پێویستە بۆ ئەوەی پێکەوە بیر لە گەڵاڵەیەکی پڕو دەوڵەمەند و کاریگەر بکەینەوە. تا سەرەنجام شوناسی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکێتیش رونترو جیاوازییەکانی بەرچاوتر بێ بۆ ھەمووان.
بەشانازییەکی زۆرەوە ھەڤاڵانم لە مەکتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی سەکردایەتی ئەم ئەرکەیان پێ سپاردم کە دیداری یەکێتی ساز بکەین و سیاسەت و دیدی یەکێتی لەم قۆناغە نوێیەدا دیاری بکەین لە ھەموو بوارەکاندا، بەندەش داوادەکەم ھەموو ھەڤاڵانم ھاوکار بن بۆ ئەوەی پێکەوە شان بدەینە بەر ئەم ئەرکە حزبییە و جێبەجێی بکەین.
(دیداری یەکێتی) کە بە پەرۆشییەوە دەستمان داوەتێ و مەبەستمانە لە فراوانترین و بەرزترین ئاستدا سەرپێی بخەین. لەم روانگەوەیەوە دەبێتە دیداری خەمخۆری و ھەوڵی یەکێتییانەیە بۆ نوێبونەوەو چاکسازی و بەھێزکردنی پێگەی یەکێتییە لە ھەموو ئاستەکان.
ھەڤاڵان! راستە لە کۆنگرەی چوار کە ناوی ((کۆنگرەی نوێبوونەوە ))بوو، گۆڕانکاری و نووێبونەوە لە پێکھاتەو ھەندێ لە کاراکتەرەکان کرا، بەڵام بەداخەوە لەبەر چەندین ھۆ، کۆنگرەی چواریش نەبووە ھۆی نوێبوونەوەیەکی جەوھەری و راستەقینە لە فکر و دیدی سیاسیمان بۆ ئایندەو دواڕۆژی یەکێتی و وڵاتەکەمان. بۆیە پێویستە ئەم دیدارە نوێبوونەوەی جەوھەری و راستەقینە بکاتە ئەرکی سەرەکی خۆی و پەرەی پێبدا، ئەم ئەرکەش بەلای منەوە چەند حیزبییە ئەوەندەش نیشتیمانی و ئەخلاقییە. چونکە بوونی یەکێتییەکی بەھێز گرەنتی پاراستنی ئازادییەکان و بەدیھێنانی خواستی کۆمەڵانی خەڵکە، کە ئەوەش نیشانەی وەفاو پێزانینە بۆ خەباتی شەھیدان و ئەوانەی لە رابڕدوی خەباتی یەکێتی و کوردایەتیدا رەنجیان داوەو ماندو بوون.
ئەم دیدارە بانگەوازێکی ھەڤاڵانەو نیشتمانییانەیە بۆ تاوتوێ کردنی واقعی ئێستای یەکێتی و ناسنامەکەی، بۆ نوێکردنەوەی گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانییەتی، بۆ ئەوەی بە دیدگایەکی نوێوە ئامادەبێت ئەرکەکانی سەرشاشنی جێبەجێ بکا و سەرەنجام باشتر خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک و خاکی کوردستان بکات، بۆ سبەینێیەکی باشتر کوردستانێکی ئاوەدان بۆ ھەمووان، بێ جیاوازی، فەراھەم بکات.
لەم چواچێوەیەدا( دیداری یەکێتی) دەیەوێ چەندین تەوەری جێی بایەخی ئێستاو ئایندەی حزبەکەمان، پێداویستی و کێشەو پێشھاتەکانی کۆمەڵگەکەمان، ئەزموونی سیاسی گەلەکەمان تاوتوێ بکات، چونکە پێشھات و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا و سەردەم لە ئاستی کوردستان و دەرەوەشدا ئەم ھەوڵ و کۆششە تازەیە دەخوازێت. پێویستمان بەوەیە لەھەموو سێکتەرەکاندا، دیدی نوێ و دەسپێشخەری یەکێتییانە بێنینە کایەوە.
ھەڤاڵان! با راشکاو بین و بە کراوەیی قسە بکەین، ئێمەی یەکێتی دەمێکە تووشی چەندین کێشەو گرفتی ھەمەجۆر بوینەتەوە، کە زۆر جار باجی قورسمان لەسەری داوە، ئەگەر بۆ داھاتوش بە جدی ودڵسۆزانە ھەوڵی چارەسەرو تێپەڕاندنیان نەدەین، دوور نییە توشی کێشەو گرفتی گەورەتر نەبین. جگە لەوەش دۆخی تازەی کۆمەڵگاو ھەلومەرجی ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتی نوێ، پرسیارو کێشەو ئەرک و پێداویستی نوێی ھێناوەتە کایەوە، کە وا دەخوازێ دوودڵ نەبین لە گفتوگۆو راگۆڕینەوە بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕیەکان و دۆزینەوەی چارەسەرەکان. بۆیە پێمان وایە دیالۆگ و گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانەی ھەڤاڵانی یەکێتیی لەنێوخۆمان ، ھەم گیانی ھەڤاڵێتیمان گەرموگوڕ دەکاتەوە و ھەمیش جوانترین و بە کەڵکترین بیروباوەڕەکان دەخاتە خزمەت دەسپێکردنەوەیەکی نوێی تێکۆشانمان.
ھەڤاڵان! ئەم وتارە بۆ ناساندنی سروشتی دیدارەکەو لەھەمان کاتدا داواکارییەکە لە ھەموو ھەڤاڵانمان لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی بەشدارێکی کارا بن لە دەوڵەمەندکردنی و سەرەنجام لە گەشەپێدان و نوێکردنەوەی گوتاری سیاسیی و فیکری یەکێتی لە دەیەی سێیەمی ئەم سەدەیەدا: سەدەی بیست و یەک.
ھەڵبەت زیاتر لە پەنجەرەیەک و پتر لە رێوشوێنێکی کراوە ھەیە تا بیروڕاکان لە خزمەت دیدارەکە گەڵاڵە دەبن و پێکەوە بیربکەینەوە بۆ خزمەتی دیدو ستراتیجی نوێی یەکێتی.
بەو ئامانجە، پیرۆزانەوە ھیوادارین رێوشوێنی پێویست بگرینە بەر بۆ ئەوەی دیداری یەکێتی ببێتە دیداری گشت یەکێتییەکان.
ھەڤاڵانی خۆشەویست.
فەرمون لەم وتارەوە ھەڵمەتێکی فراوان دەسپێبکەین، پێکەوە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە وتێکۆشەرانی حزبایەتی و خەباتی پیشەیی و دیموکراتی خوێنکاران و لاوان، کچان و کوڕانی ئایندەخواز، رۆشنبیران و نوسەران و ئەکادیمیانی ئەندام و دۆستی یەکێتی، کەسایەتییە ئایینی وئابوریناس و وەرزشوانی خەمخۆری کوردستان، کارێک بکەین دیدارەکە بکەینە بۆنەیەک بۆ جۆشدانەوەی حزبایەتی راستەقینە لە پێناوی ئامانجە دوورمەوداکانی حزبەکەی مام دا. دەمەوێت ھەموو ھەڤاڵان بەشدار بن لە دیاریکردنی سیاسەت و دیدی یەکێتی.
ھەروەھا لەم وتارەوە دەمەوێت سەکۆی دیداری یەکێتیتان پێ بناسێنم. جگە لە کۆڕو کۆبونەوەکانمان، ئەم سەکۆیەش دەکەینە پردێکی پەیوەندی نێوانمان و زۆرترین دیدو پڕۆژەو بۆچونەکان کۆکەینەوە و ئامادەی بکەین بۆ رۆژی دیداری یەکێتی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کات و شوێنەکەی دیاری دەکرێن.
ماڵپەڕی دیداری یەکێتی
تا رۆژی دیداری یەکێتیی، بە ھیوای دیدار... بۆ پێشەوە
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
مامەڵە لەگەڵ دۆخی نوێدا
بڕوامان وایە ھێزە سەرەکییەکان ئەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی نوێدا بکەن و گۆڕانکاری و چاکسازی دەستبەجێ لە ئاستی ناوخۆیان و ئینجا لە ھەرێم دەستپێبکەن و سیستەمی حوکمرانی بگۆڕن و خۆیان ئامادەبکەن بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەم قۆناغە ھەستیارە بە تایبەت بە ئاراستەی ئاشتکردنەوەی خەڵک و جەماوەر، چونکە کەمی بەشداری ھاووڵاتیان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق نیشانەی نیگەرانی و دوودڵی و نەمانی متمانەی خەڵکە بە سیستمی حوکمڕانی.
لە راستیدا لێکەوتەکانی ھەڵبژاردن و ئاراستەی دانوستان و دەستێوەردانی زیاتری دەرەکی و غیابی حیکمەتی مام جەلال و ھاوپەیمانێتییەکانیش دەرکەوتێکی ترن کە مایەی نیگەرانی و رەنگە ئاماژەی مەترسیداریش بن، بۆیە لێکەوتەکانی ئەم قۆناغە، پێش ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش پێویستە مایەی ھەڵوەستە و راچەنین و راچڵەکین و بەخۆداچونەوەیەکی تایبەتی و دەستەجەمعی جدی بن، بە جۆرێک وەڵامدەرەوەی پێشھات و ئەرکەکانی ئەم ماوە مێژووییە جیاواز و دژوارە بن.
لە تازەترین رووداویشدا بڕیاری دادگای باڵای ئیتحادی دەربارەی یاسای نەوت و گازی ھەرێم کە رایگەیاند «یاساکەی ھەرێم گونجاو نییە لەگەڵ دەستووری عیراق»، لە بەرژەوەندی ھەرێم نییە و یەکێکی ترە لە تەحەدییەکان و گۆمەکەی بە پێچەوانەی ویستی ھەرێم شڵەقاند، بەڵام پێویستە دەسەڵاتی ھەرێم بە ھێمنی و بە وریایەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، نەک کاردانەوەی سەرپێی بنوێنێت. بۆیە وا پێویست دەکات ھەوڵی جدی و فراوان بدرێت بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز لە عیراق بە پێی دەستوور، بەشێوەیەک کە ماف وئەرکی ھەرێم بە روونی دیاری بکات و گەرەنتی مافەکانی خەڵکی کوردستان بێت و بەروونی پێگەی ھەرێمی وەکو قەوارەیەکی دەستوری تێدا پارێزراو بێت.
چونکە بۆ ئێمە روونە چارەسەری کێشەکان بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێم یان بە دەستێوەردانی حکومەتی ئیتحادی ناکرێت لە کاروباری ھەرێم، بەڵکو پێویستی بە دیالۆگێکی فراوانی گشتگیر ھەیە، چونکە نادیدەگرتنی پێگەی دەستوری ھەرێم گەورەترین سەرپێچییە لەسەر دەستوور.
گەندەڵی و ناعەدالەتی
بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە، گەندەڵی و ناعەدالەتی و نەبوونی ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئیتحادیش زۆرە، دۆخی ژیان و خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عیراق لە ئاستێکی شایستەدا نییە، ئەوە سەرەڕای دەوڵەمەندی شارستانی و فەرھەنگی و ئیداری و ئابووری عیراق، بەڵام دیسان دۆخی ئەوێش ئەوە نیە ئاھی بۆ بخوازرێت، لەم رووەوە پەنابردن بۆ بەغدا لە دژی دەسەڵاتدارانی ھەرێم ھەڵەیەکی کوشندەیە، چونکە (ئەگەر کەچەڵ تیمارکەر بوایە تیماری سەری خۆی دەکرد)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە رای گشتی کوردستان بەھۆی توڕەییان لە ھێزە دەسەڵاتدارەکان و بەھۆی ئەو ناعەدالەتی و جیاکارییە حزبییەی ھەستی پێ دەکەن، دۆخەکە بەو شێوە سەیر نەکەن، بەتایبەت گەنجان و لاوان و توێژی کەم دەرامەت و فەرمانبەران و موچەخۆران، کە ئەمەش ئاماژەی مەترسییەکی ھەرە راستەقینەیە و گۆڕانێکی تەواو دراماتیکیە لە تێڕوانینی گشتی بۆ چەمکی کوردایەتی کە رووبارێک خوێن و چەند سەدەیەک راپەڕین و شۆڕشی لە پێناودا خوڵقاوە.
لە سایەی ئەم دۆخە تازەیەی کوردستاندا، پێویستە گۆڕانکاری بنەڕەتی و سەرانسەری ئەنجام بدرێت بەتایبەت لە بواری دارایی و ئیداریی و ئەمنیدا، کە ببێتە مایەی گێڕانەوەی متمانە.
لەم پێناوەدا ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو و زەمینە خۆشکردن لە بەردەم پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد و دانانی یاسایەکی نوێی ھەڵبژاردن لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کە جێگەی رەزامەندی دەنگدەران بێت، کاری ھەرە لە پێشە بەجۆرێک پاراستنی ھەرێم و دەسکەوتەکانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی زامن بکات.
دۆسێی وزە و سامانە سروشتییەکان
ھەر لەم نێوەندەدا رەنگە یەکێکی تر لە ھەنگاوە پێویستەکان ئەوە بێت لە پێکھاتەی کابینەی داھاتوو گۆڕانکاری ریشەیی و نەوعی بێتەدی بەتایبەتی بەڕێوەبردنی دۆسێی وزە و سامانە سروشتییەکان، کە گرنگە بە شێوەیەکی راستەقینە بە دامەزراوەیی و بە نیشتیمانی بکرێت و بخرێتە چوارچێوەیەکی کۆک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ھەرێم و تەبا لەگەڵ دەستووری عیراقدا.
دواجار دەتوانم بڵێم کوردستان بە شێوەیەکی رەھا لە نێوان ھات و نەھات دایە، لە نێوان دەروی دەسکەوت و بوونی مەترسی راستەقینەیە دایە، بۆیە تۆکمەکردنی ئەزموونی ھەرێم لە ناوەوە، پاڵپشت بە رەزامەندی خەڵک و بەدەستھێنانەوەی دوبارە پشتیوانییان، ھەنگاوێکی ئێجگار گرنگە، جگە لەم شاڕێیە، ھیچ ئەلتەرناتیڤێکی ترمان لەبەردەمدا نییە، چونکە بێ پشتیوانی خەڵک و بەھێزکردنی ئەزموونەکەمان لە رێگەی چاکسازییەکی راستەقینە و دیالۆگێکی ئەقڵانی و دواجار رێکەوتنێکی ھاوسەنگ و جێگیر لەگەڵ بەغداد، ناتوانین قەیرانەکان تێبپەڕێنین و پێگەمان بەھێز بێت لە کوردستان و عیراق و ناوچەکە و جیھاندا.
ئەوکات بەندە بەڕێوەبەری نوسینگەی کوردسات بووم لە بەغدا، ئەو ڕۆژە لە ئەنجومەنی حوکم بووم کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی حوکم ھەبوو، چوونە ناو کۆشکی کۆماری زۆر قورس بوو چونکە ھێشتا ھەموو شوێنەکان بە دەست ئەمریکاوە بوو کە پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی عیراق بوو، مام جەلال ٨ ستافی ھەبوو کە ھەویەیان بۆ کرابوو لەلایەن CPAەوە کە دەیانتوانی بچنە ناو کۆشکی کۆماریەوە، من یەکێک بووم لەو ھەشت کەسە کە کاری ڕاگەیاندنم دەکرد.
لە ھۆڵی کۆبوونەوە کاک ئازادی وێنەگر کە پێمان دەگووت ئازادی گیتار وێنەگری تایبەتی مام جەلال و سکرتاریەت بوو، ئەو چووە ژوورەوە بۆ وێنەگرتن و ھەم فۆتۆ و ھەم ڤیدیۆشی دەگرت بۆ کوردسات و ڕۆژنامەی ئیتیحاد و کوردستانی نوی و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، واتە ھەموو میدیاکانی یەکێتی و زۆرجار میدیاکانی تریش وێنە و ڤیدیۆکانیان بەکاردەھێنا.
لە ڕاڕەوی کۆبوونەوەکە وەستابووم بینیم محەمەد بەحر علوم بە شڵەژاوی ھاتە دەرێ، دواتر د. مەحمود عوسمان کە ھەردووکیان ئەندامی ئەنجومەنی حوکم بوون. بەو پێیەی دکتۆر مەحمود ھەمیشە نێوانی باش بوو لەگەڵ میدیا و منیش دەمناسی لێم پرسی دکتۆر ئەو ھاتوچۆ و شڵەژانە چیە؟ پێی وتم "مام جەلال قەومانی" زۆر بووە مەراقم کە بزانم چیە و ئایا دەکرێتە ھەواڵ یان تێدەپەڕێت.
دواتر بۆ پاش نیوەڕۆ چوومەوە بۆ ماڵی مام جەلال لە یەکێک لە سکرتێرەکانم پرسی بۆ ئەوەی بزانم ئەو کۆبوونەوەیە بکەین بە ھەواڵ وتی بۆ ناچیتە ژورەوە ھەر خۆیەتی مام کەسی لانیە فرسەتە خۆت پێی بڵێ، ئەو بڕیارانە کاک ئازادی وێنەگریش نەیدەتوانی بیدات کە بڵاوبێتەوە یان نا و تەنھا ئەویش دەچووە کۆبوونەوەکانەوە بۆ وێنەگرتن، ئیتر چومە ژورەوە و مام جەلال چاکەتەکەی دابوو بەسەر کورسیەکدا و دانیشتبوو لەسەر کورسیەکی تر کە لە دەوری مێزێکی گەورە بوون و لەسەر ئەو مێزە زۆر ڕۆژ نان دەخورا و میوانەکانی مام جەلال کە دەھاتن لەو شوینە نانیان دەخوارد.
کوردسات گرنگی زۆری ھەبوو لای مام جەلال و ھەروەھا بەو پێیەی ھێرۆخان سەرپەرشتی دەکرد پشت و پەنایەکی گرنگ بوو بۆ کوردسات.
پاش سڵاو لێم پرسی ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ بکەین بە ھەواڵ؟ مام جەلال ناوی منی نەدەزانی پێی دەگوتم کوردسات، وتی ئا وەرە بنوسە، مام قسەی کرد و منیش دەستم کرد بە نوسین، لە ناوەڕاستدا ھەستمکرد فریا ناکەوم بۆ نوسین و وتم ئەمە مێژووی زۆر تێدایە و دەقیقە ڕەنگە ھەڵەیەک بکەم لەو ژمارانەدا، دیاربوو ئەو ڕۆژە مام جەلال زۆر کامەران بوو کە ئەو شەڕە گەورەیەی کردبوو و بەڵگەکانی خستبووە ڕوو، وتی "باشە، ئەو قەڵەمەم بەرێ" دەستی بۆ چاکەتەکەی ڕاکێشا کە لەناو چاکەتەکەی بوو، وەرەقەکانم خستە بەردەستی و دەستیکرد بە نوسین.
مام جەلال لەو سیاسیانە بوو دەیزانی ئەگەر ھەواڵێک گرنگ بێت دەبێت خۆی بینوسێت کە یەکێکیان لەبەر ئەوەبوو پەیامەکەی وەک خۆی بگات و نەک ڕاگەیاندن دەستکاری بکەن دووەم کە دەستوخەتی خۆی بوایە ئیتر کەس لە ڕاگەیاندن دەستکاری نەدەکرد، لە ڕووی زمانەوانیەوە ورد بوو پاشان خۆی یەکێک بوو لەوانەی بەشداری گەورە بوو لە زمانی ڕاگەیاندنی یەکێتیدا، کە دیارە یەکێتی زمانی نوسینی جیاواز بوو لە حزبەکانی تر.
مام جەلال کە لەسەر کاغەزێک بینوسیایە ئەگەر لاپەرەکە تەواوبووایە دەچووە دیوی دووەمی لاپەرەکە واتە نەیدەکرد بە پەڕەیەکی تر، جگە لەوەش دەستوخەتی زۆر جوان بوو، بە ئاسانی دەخوێندرایەوە.
ئەو وەرەقەیەی ئەو ھەواڵەی تیا نوسرابوو من لەلای خۆم بوو پاشان سکانم کرد و کە لە کاک ئازادم پرسی بۆ وێنە و ڤیدیۆکان کە من خەمم بوو ھەواڵەکە تێکستەکەی زۆر درێژە و پێویستە وێنەی ڤیدیۆمان زۆر بێت، ئەوەی باش بوو ھەم فۆتۆی جوانی گرتبوو ھەم ڤیدیۆش لە کاتێکدا ئەو کۆبوونەوەیە شڵەژانێکی زۆری دروستکردبوو ھەم لای سوننە و شیعەکان ھەم لای ئەمریکیەکان.
دواتر کاک ئازاد وێنە و ڤیدیۆکانی بۆ ناردین و فۆتۆکانیش بۆ ڕاگەیاندنەکانی تری یەکێتی نارد، ئێمەش بە ئێس ئێن جی ناردمان بۆ کوردسات لە سلێمانی و ئەو شەوە ھەواڵەکە بڵاوبووەوە.
رەنگە ھیچ بابەتێک ھێندەی بابەتی خنکان بێ تەفسیرو سەربووردە نەبێ، بەجۆرێک ھەرکات باسی خنکان ھاتەگۆڕێ ئیدی بێدەنگ دەبین و وەک کردەیەکی سروشتی و قەدەرێکی تاریک سەیری دەکەین.
خنکاندن جۆری زۆرە، لەڕووی سایکۆلۆژییەوە بە جۆرێک لە ئەلیەناسیۆن و نامۆبوون باس دەکرێ و لە رووی ئینسرۆپۆلۆژییەوە ئیگۆی سوپەرمانە و ھەروەھا سۆسیۆلۆژیا بە پەراوێزکەوتن و حیرمانی تاک پڕۆسەی خنکانیان تیۆریزە کردووە.
مرۆڤ دەکرێ پڕ بە سییەکانی ھەوا ھەڵمژێ، بەڵام ھەست بکات گەرووی ئەو بۆ ھەوا تەنگەبەرە. دەکرێ ھەنگاوەکانت بھاوێژی، بەڵام تەنھا خۆت ھەست بە خنکانی قاچەکانت بکەی. ئەوەی مرۆڤ لێی بەرپرسیارە ھەوڵدانە بۆ ئەوەی نەخنکێت لە راستیدا ئەوەی ھێزی مانەوەشی پێدەبەخشێ ھەستی نەخنکانە، بۆیە دەتوانێ شەڕ لەگەڵ چارەنووسی خۆی بکات. وەکو قورگ و ھەناسە دەکرێ پەنجەکانی دەستیش بخنکێن بە جۆرێک تەوق بن بەسەر جەستەتەوە ئەگەر وانەبا چی لە دەستەکانمان بەنرخترە بۆ پاراستن، بەڵام وەک کورد دەڵێ ماری پێدەگرین. ھەموو ئەندامێکی جەستەی مرۆڤ دەکرێ بە رێگای جیاواز بخنکێنرێ. دەکرێ مرۆڤێکی خنکاو بیت و جەستەیەکی سارد و سڕی ماندوو بەدوای خۆتتدا کێش بکەی. بەڵام ھۆکار و فاکتەرەکانی پشتی خنکان چین و لە کوێدا ھەستی خنکان لە مرۆڤدا دروست دەبێ.
یەکێک لەو خاڵانەی بۆ مرۆڤ قووتناچێ و بەتەواوەتی گۆشەگیری دەکات بابەتی ھیوایە. ھەرکات ھیواو ئومێد لە ژیانی مرۆڤدا بەرەو کوژانەوە رۆیشت ئیدی خنکان دەستپێدەکات. ھیوا بۆ ئازادی، بۆ کەرامەت بۆ نان، سیانەی ئەو تێرمانەن مرۆڤ لە ئەگەری خنکان دووردەخەنەوە. ھەرکات لەم جۆرە ھەلومەرجە نزیک بووینەوە ئیدی سەرەولێژبوونەوەیەک بەرەو نامۆبوون و بێھیوایی دەستپێدەکات کە لە دواجارا بە خنکان کۆتایی دێت.
ھەڵەین ئەگەر پێمان وابێ خنکان تەنھا کاتێک روو دەدا کە کەسێک دەستی خستبێتە بینەقاقامان. یان لە شیرین خەودا سەرینێک بخرێتە سەر دەممان و بتاسێین. وەکو چۆن خنکانمان ھەیە بە نەبوونی دادپەروەری لە وڵات ئاوھاش خنکان ھەیە بەو ھەموو رێگرییە ئاینی و کەلتورییانە ھیچ تێگەشتنێکی ناوکۆیی لە نێوان ھۆشیاری نەوەی نوێ و سەردەمەکەی لەگەڵ رابردوو نابینینەوە.
کاتێک ھەست بکەی بەھرەکانت و خەونەکانت لە گۆشەگیریی و نامۆبووندا دەژین ھەناسەت توند دەبێ. ئەو کاتەی خەڵکانێکی گەندەڵ و نابەرپرس دەبینی وڵات تاڵان دەکەن و تۆش ناتوانی رێگری بکەی ھەست بە خنکان دەکەی. ھەندێک جار کۆچ و راکردن و دوورکەوتنەوە دەبێت بەو نوزەی ئەو ھیوایەی کە لە خنکان نەجاتت دەدا، بەڵام بە داخەوە خنکانی دەریاچەی ئیجە و دەریاچەی کاڵاس و کەناراوەکانی دنیا ئەو ھیوایەت پێڕەوانابینن و تۆ دەخنکێیت.
ھەندێک جار لە خنکان و دڵ رەقی دنیا ناترسین و بەرگری دەکەین بەڵام بارانێکی تووڕە دەتوانێ ببێت بەلافاو لە شارێکی بێ پلانی تەلارسازیدا لە شیرینی خەودا ئاو بێتە ژوورەوەو تۆ دەخنکێیت.
بۆ ئەوەی بیر لە چارەسەری خنکانی بە کۆمەڵ بکەینەوە دەبێ بیر بکەینەوە. ھەموو بەھرەو ھێزی فیکری خۆمان بەکار ببەین تارووبەڕووی مەترسی خنکان ببینەوە. ھێشتا درەنگ نییە دەست بە دروستکردنی خەونی گەورە و رووداوی گەورە و ھیوای گەورە بکەین لای تاکی کورد. پلان و ستراتیژی حکومەتی ھەرێم دەبێت بە ئاڕاستەی دروستکردنەوەی ھاونیشتمانی خاوەن خەون و ھیوا ئیش بکات. ئیشکردن لەسەر تاکی کورد یەک لە ئەرک و وەزیفە ھەرە قورسەکەی حکومەت و تەواوی سەندیکا و داموودەزگا پەروەردەیی و پیشەییەکانی حکومەتە، وڵات ناتوانێ تەنھا یەک ھەنگاویش بچێتە پێشەوە ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگا بێ ھیواو خەونی گەورە بژین. ئیشکردن لەسەر ھیوای نەخنکان زۆر قورسترە لە پرسی خنکان خۆی .
ئەم بۆشاییە زەقە بە بەرچاومانەوە، دەنا بۆشایی تریش زۆرن کە خۆیان مەڵاس داوە و لە ڕووداو و بەسەرھاتەکاندا خۆیان دەردەخەن و دەبنە بەڵا.
بۆشایی ئەمنی، سیاسی، فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی تر وا کە ھیچیان لەوەی نێوان ھەولێر و بەغدا کەمتر نییە کە داعشی بەدناو، ھەر ئەو ناوی بەدە، دەنا ڕەفتار داعشی تریش زۆرن، بە کاری دێنێت. بگرە بۆشایی نێوان و نێوان خەریکە دەبێتە لۆگۆیەکی جێگیر لە جێی ئەوەی دیاردەیەکی تێپەڕ بێت. بۆچی ئێمە پێمان وایە بۆشایی لە نێوان ھەولێر و سلێمانی، نێوان یەکێتی و پارتی، حزبەکان لە نێوان یەکتری، حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆن نییە کە ھێشتاش پڕ نەکراوەتەوە؟
بۆشایی وا کە نە ڕێککەوتنە کۆنکرێتییەکان پڕیان کردووەتەوە، نە دەرس و پەندەکانی ڕابردوو و نە چانسەکانی داھاتوو دەتوانن بەھانایەوە بێن.
بۆشایی وا کە عورفی کوردانە، عورفی سیاسی و جەنتڵمانیش دەرەقەتی نایەن.
بۆشایی زۆرن، بۆشایی نێوان شارەکان و ناوەندی پارێزگاکانی کوردستان لە ڕووی گەشە و نەشە، لە ڕووی ئاستی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەوە. بۆشایی چینایەتی زەق و ڕەق و تەق کە وێنەی نییە لە ململانێی کۆمەڵایەتی و چینایەتی شەرق و غەربدا کە ئاشتی کۆمەڵایەتی خستووەتە بەردەم ھەڕەشە. بۆشایی نێوان نەوەکانی کوردەواری کە دەڵێی بە زمانی ژاپۆنی لەگەڵ یەک دەدوێن و وەرگێری خائین قسەکانیان دەگوازێتەوە.
بۆشایی نێوان ژن و مێرد، نێوان کوڕ و کچانی کوردەواری کە سەدان مۆدێل و بەدحاڵی بوون و بەدگۆیی تێکی داون، سەدان داعشی کۆمەڵایەتی و خێڵی دوژمن و خێڵی درۆ دەوری داون.
بۆشایی نێوان میدیای ڕەسمی و بەرپرس و ڕەوتی سۆشیال میدیای سەرھەڵداو و گەشەکردوو کە خراپ و باشیان تێدایە و پێمان لێک جیا ناکرێتەوە.
بۆشایی زۆرن، ھەر بۆشایی نێوان پێشمەرگە و سوپا نییە. بۆشایی وا لەسەر سنووری بیلاروسیا کە نازانین کێ کۆچبەری ھەژاری و بێ دەرەتانییە و کێش ناجسن و ناڕەسەنە کە لە بەردەم دیکتاتۆری بیلاروسیا مەدحی دیکتاتۆری بیلامانای بەعس دەکات.
بۆشایی تر زۆرن، کە دەمگوت تۆی خوێنەریش ھی تری لێ زیاد بکە. بەس بە کۆمێنتی زۆری نەشیاودا دەزانم پەیوەندی نووسەر و خوێنەریش وا تێکچووە سەد داعش تەراتێنی تێدا دەکات و سەد کۆمێنتچن و دەستچن و لوغمچێنی دەمامکدار ژینگەکەی ئالودە و پیس کردووە.
مس بێڵ:
گیترۆید بێڵ ١٨٦٨ –١٩٢٦ لە مێژوودا بە دروستکەری پادشاکان ناسراوە، ھەر کە بەشی مێژووی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد تەواو دەکات، دەچێت بۆ ئێران بۆلای خاڵی، کە لەو سەردەمەدا ١٨٩٢، کونسوڵی بەریتانی بوو لە تاران. سەرەتای ڕۆژھەڵاتناسیەکەی لەوێوە دەستپێدەکات. دواتر لە سنووری دەوڵەتی عوسمانیدا وەک شوێنەوارناسێکی گەڕیدە، لە تورکیا و سوریا و میسڕ و عێراق دەمێنێتەوە، فێری زمانەکانی فارسی، عەرەبی و تورکی دەبێت، پەیوەندی کۆمەڵاتی و سیاسی لەگەڵ سەرۆک ھۆز و کەسایەتیە دیارەکانیاندا دروست دەکات .
لە دەستپێکی جەنگی جیھانی یەکەمدا، کاتێک بەریتانیەکان ئۆفیسی قاھیرە دەکەنەوە، میس بێڵ وەک شارەزا لە کاروباری عەرەبی ڕادەسپێرن ببێتە ڕاوێژکاری پیرسی کۆکس و جۆن فیلپی لە عێراق. دواتر دەیکەنە یاریدەدەری حاکمی بەریتانی لە عێراق و تا ڕۆژی مردنەکەی لە بەغدا دەمێنێتەوە و ھەر لەوێش دەنێژرێت.
سیانەی میس بێڵ و لۆرانس و ھۆفارت ، پێکەوە سیاسەتی بەریتانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دادەڕێژن. بێڵ دەبێتە ئەندازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی پادشایی عێراق. لەسەر پێشنیاری ئەو، یەکەم حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدوڵرەحمان نەقیب ١٩٢١، ڕادەگەیەنن. دواتر داوا لە ئۆفیسی قاھیرە دەکات، فەیسەڵی کوڕی شەریفی مەککە لە حیجازە بھێنن، بیکەنە پادشای عێراق.
سەرباری بۆچوونە جیاوازەکانی مێژوو سەبارەت بە خاتوو بێڵ کە ھەندێک پێیان وایە جاسوسێکی بەریتانی بووە، بۆ نزیکردنەوەی سەرۆک ھۆز و سەرکردە دیارەکانی ئەو سەردەمە لە بەریتانیەکان، ھاندانیان بۆ بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی عوسمانیەکان، یاخود تاوانبارکردنی بە دابەشکردنی ناوچەکە لە سایکس-پیکۆدا، ھەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی بە بێ ئەو خاتوونە، دەوڵەتی عێراقی دروست نەدەبوو.
جینین پلاسخارت :
خاتوو پلاسخارتی ھۆڵەندی، ژیانی سیاسی وەک ئەندامی پارلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەستپێدەکات، ماوەیەک وەزیری بەرگری وڵاتەکەی و دواتر نوێنەری ھۆڵەندا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ساڵی ٢٠١٨دا، دەکرێتە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) تا ئێستا لە ئەرکەکەیدا بەردەوامە.
لێکچوونی ئەرک و ڕۆڵی ئەم دوو خاتوونە بە جیاوازی سەدەیەک لە نێوانیاندا، وایکردووە لای ھەندێک لە چاودێرانی سیاسی عێراقی بە مەندوبی سامی بشوبھێنن. لە ڕۆژی دەست بەکاربوونیەوە لە عێراقدا وەک (میس بێڵ) پەیوەندیەکی سیاسی تایبەتی بە سەرکردە جیاوازەکانی عێراقەوە ھەیە. تەنیا کەسایەتی سیاسیە کە بتوانێت سەردانی مەرجەعی باڵای شیعەکان (سیستانی) بکات، لەناو خۆپیشاندەرانی تشرین دەبینرا و سەردانی ماڵی بریندارەکانی دەکرد، پشتیوانی تەواوی خۆی نەشاردووەتەوە بۆیان. لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ پارلەمان، لە بارەگای حیزبەکانەوە بۆ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بەردەوام لە ھاتووچۆدایە. بە عەڕابی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ دادەنرێت. ئەویش وەک میس بێڵ تووشی بەریەککەوتن و ناکۆکی کردووە لەناو فیرقە جیاوازەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا. بە تایبەتی لەناو باڵە جیاوازەکانی شیعەدا. بە تایبەتی لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان ڕەوتی سەدر و باڵی چوارچێوەی ھەمئاھەنگی (الاگار تنسیق)دا.
ھەردوو خاتوون، مس بێڵ و میس پلاخارست، لە ھەردوو سەردەمەکەدا لەناو شیعەکاندا تۆمەتبارن بەوەی جگە لەوەی پشتیوانی سوننەکان دەکەن تا دەوڵەتیان بەدەستەوەبێت، پشتیوانی باڵێکیش لە شیعە دەکەن کە مەیلی بەلای خۆرئاوادا بێت. میس بێڵ لەو سەردەمەدا پشتیوانی ئایەتوڵا سەید محەمەد کازم یەزدی بووە، لەناو مەرجەعەکانی شیعەدا یەزدی بە لایەنگری بەریتانیەکان ناسراوە. ئێستاش باڵی چوارچێوەی تەنسیق کە خۆیان بە محوەری مقاوەمەت دەناسێنن، پێیان وایە پلاخارست پشتیوانی سەدریەکان دەکات، چونکە سەید موقتەدا سەدر بە لایەنگری سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق و نزیک لە سعودیە پێناس دەکەن.
ڕاستی و دروستی ھەرکام لەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی ئەو دوو خاتوونە دەکرێتەوە، لە مێژووی سەد ساڵەی عێراقدا، ناکاتە ئەوەی کە ھەریەکەیان ڕۆڵێکی باڵا و کاریگەری ھەیە لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا. میس بێڵ دەوڵەتی یەکەمی لە ١٩٢١دا دامەزراند و میس پلاخارستیش ھەوڵی دامەزراندی دەوڵەتی دووەمی عێراق دەدات لە ٢٠٢١دا.