وتاروتار

کابینەی (٩) کابینەیەکی ئەمنی پارانۆیدە، و پڕیەتی لە زھنی سیخوڕیکردن و تۆقاندن و زەمینە سازی بۆ دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن و کوشتن و بڕین؛ ئەم ھەموو ڕووداوی کوشتن و لێدان و ئەتککردنەش، مسۆگەر دەرھاویشتەی زھنیەتی ئیدارەدانی کابینەکەیە.

ئەم کابینەیە ھەر لە ئیدارەدانەوە بگرە تا دەربڕین بە خراپترین شێوە فەشەلی ھێناوە. زمانی ئێستای حکومەت و نوسینگەی سەرۆکی حکومەت و وتەبێژەکەی لە ھەر کاردانەوەیەک، زمانێکی ئاستنزمی ڕێزمانی و دەربڕینێکی جاھلیانەی سەردەمی شەڕی ناوخۆییە؛ ئەگەر ئەمە زمانی سەرۆکی حکومەت لە ھەڕەمەی ھەرە سەرەوری ئیدارەدانبێت، بێشک ھیوایەک نامێنێ بۆ گەشەسەندن و بەرەو پێشبردنی وڵات؛ بە پێچەوانەوە، ھەموو چاوەکان لەسەر دوا بزماری تابووتی ئەم جەھالەتە و جەھەننەمە دروستکراوە دەبن!

سەرباری نادادی، گەندەڵی، بیرۆکراسیەت، ژێرپێخستنی یاسا، ناشەفافیەت، تاڵانی، و تۆقاندن و سیاسەتی برسیکردن، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و جومگەکانی حکومڕانی دووچاری شەلەل و داڕمان بوون. وێڕای ڕێزم بۆ ھەر کەسێکی دڵسۆز، بەڵام سەرجەم بەرپرسانی شوێنە ئاماژە بۆکراوەکانیش، تەنھا دەوری فەرمانبەر و تێپەڕاندنی ڕۆتینی ڕۆژانە دەبینن، نە زیاتر. 

بەزمانێکی دیکە، لەم کابینەیە، مسرور بارزانی بڕیار دەدات و ئومێد سەباح دەینوسێت و ڕێبەر ئەحمەد جێبەجێی دەکات و جوتیار عادل (محەمەد سەعید سەحاف) دەیگەیێنێت. 

کاروان گەزنەیی

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ یەکەمجارە کەسێک لەبەرزترین ئاستی حیزبیدا، دان بەڕاستیەکاندا بنێ وەک خۆی، لەڕوی ووڵاتپارێزی ھێزی تورک لەناو ماڵەکانتاندایە، لەسەر سفرەکانتانە، ئێوە ھەرگیز بەشداری خاک فرۆشیتان نەکردووە بەڵکو خاکفرۆشیتان بۆکەس نەھێشتۆتەوە و ڕێگەنادەن کەس ھاوشان و بەشدارتان بێ، لەڕوی گەندەڵیەوە ھەمووجیھان سەرسامتانە ھێندە سیستەماتیکن گەندەڵی دەکەن، تیرۆرو تۆقاندن داھێنانی خۆتانەو وای لێھاتووە کۆمێنتێکی فەیسبووک ٢٥ دەقە لەکۆبوونەوە گرنگەکانتان باسی دەکەن، لەڕوی سەرانەسەندنەوە ئێوە ھەرگیز سەرانە وەرناگرن بەڵکو تەواوی لاشە دەدزن، ئێوە ھێندە بەرژەوەندی خەڵک لەبەرچاو دەگرن کە کۆمپانیاکانتان ئۆکسجینی خواشیان قۆرغ کردووە، لەھەموی ھەزەلیتر ئەوەیە کە دەڵێی ڕێکەوتنمان لەگەڵ بەغدا کردووە ئەرێ جەنابی جێگری دووەمی پارتی ئێستا پێمان بڵێ ئابوری سەربەخۆ چی لێھات؟ باش بوو یان خراپ؟ لەسەر ئەوھەموو ساڵە وێرانکردنی ئابوری ھەرێم کێ بدەینە دادگا ؟

ئێستا پێمان بڵێ شین بکەین یان شایی بۆ ئابوری سەربەخۆ نا ببورە بۆ گێڕانەوەی سامانی خەڵک؟ ئەرێ بەڕاست بەقاچاخبردنی نەوتی خەڵک دەبێتە ھۆی بوژانەوەی ھەرێم یان ناچارکردنتان بۆگەڕانەوە بۆ بەغدا؟ جەنابی جێگری دووەمی پارتی لەھیچ عورفێکی کوردەواریدا نییە پێش جەژن لەبری پەیامی ئاشتی پڕیشکی ئاگر ھەڵدان بەڵام تۆ ئەو عورفەت لەکوێ ھێنا؟ ئەوە عورفی ڕژێمی بەعسە یان داھێنانی حیزبەکەتانە؟

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرەنسا بۆ پشتی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد.؟
دوای ئەوەی لەساڵی 2014ەوە عێراق لەدادگای نێوبژیوانی پاریس داوای لەسەر تورکیا تۆمارکرد بەردەوام دوای چەند ساڵێک هەرکات دادگاکە نزیکبوایەتەوە لەبڕیاردان وەفدێکی هەرێمی کوردستان دەگەیشتە پاریس و لەرێگەی حکومەتی پاریسەوە رێگری دەکرد لەوەرگرتنی پلەی کۆتای داواکەی عێراق لەسەر تورکیا، بەلام ئەمجارە دۆخەکە جیاوازبوو 
لایەنە شیعیەکان کەکارەکتەری سەرەکی نێو حکومەتی عێراقن هەوڵێکی جیاوازتریاندا، دوای پێکهێنانی حکومەت لەلایەن سودانیەوە فشارییان لەسەر تۆتاڵی فەرەنسی دروستکرد کاتێک دەیویست بەردەوامبێت لەچوار پرۆژەی ستراتیژی تایبەت بە نەوت و وزە کەسەرمایەی پرۆژەکان 27 ملیار دۆلارە، یاریەکە لەوکاتەوە دەستی پێکرد کاتێک حکومەتی عێراق داوای 40% پشکی ئەو پرۆژانەی دەکرد کە تۆتاڵ لەباشوری عێراق ئەنجامی ئەدات ئەوەش نارەزایەتی لای کۆمپانیا فەرەنسیەکە دروستکرد 
هەنگاوەکانی سودانی و پەیوەندی بەهەناردەی نەوتی هەرێمەوە 

لە ناوەراستی مانگی یەکی 2023 کۆبونەوەیەک لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆتاڵ بەڕێوەچو کە وەزیری نەوتی عێراق بەشداربوە تێیدا، بەپێی ئاژەنسە جیهانیەکان کۆبونەوەکە تەنها دە خولەکی خایاندوە بەهۆی ناکۆکیانەوە پاتریک بویانە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆتاڵ رۆشتۆتە دەرەوەو دواتر تەواوی کارمەندە بیانیەکانی تۆتال کەلەو پرۆژانە کارییان دەکرد کشانەوە، ناکۆکیەکان درێژەی کێشا تا کارگەیشتە هاتنەناوەوەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا کاتێک بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ بۆ ئەو وڵاتە، سودانی لە 2023/1/26سەردانی فەرەنسای کرد  وەک راگەیەندراوی کۆشک ئەلیزێ باسیکردوە سەردانکەی تایبەتبوە بەگفتوگۆکردن لەسەر کەرتی وزەو ئەمنی کە مەبەست کێشەی گرێبەستەکانی تۆتاڵ بوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و راستەوخۆ وەفدی عێراق رێکەوتنیان لەگەڵ تۆتاڵ بەستۆتەوە بە بڕیاردانی دادگای نێوبژیوانی پاریس بۆیە پێناچێت رێکەوتبێت کاتێک دوای دوهەفتە لەسەردانی سودانی بریارەکە لەلایەن دادگای نێوبژیوانی لە 2023/2/13 ئاراستەی تورکیاو عێراق کراو پلەی کۆتای وەرگرت.
کارەکە لێرە کۆتای نەهات بەلکو لەهەمان رۆژی رێکەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر هەناردەی نەوت، هاوکات کۆمپانیای تۆتاڵ و حکومەتی عێراقیش رێکەوتن بەوەی بەغداد خاوەندارێتی 30% پشکی کۆمپانیاکە بکات لەوچوار پرۆژەیەی لەعێراق ئەنجامی ئەدات، ئەوەی جێگەی سەرنجە پێشتریش کۆمپانیای تۆتاڵ ئامادەی نیشاندابو ئەم رێژەیە بداتە حکومەتی عێراق 
ئێستا رونە لە ئەنجامی ناکۆکی حکومەتی عێراق و تۆتاڵی فەرەنسی بەغداد دەستکەوتێکی نەبوە جگە لەوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم.!
فەرەنسا بۆچی پشتی لەهەرێمی کوردستان کرد؟

توانی گرێبەستە 27 ملیاریەکەی تۆتاڵ لەهەڵوەشاندنەوە رزگاربکات بەوەش لەلایەک وەبەرهێنانێکی لەبارە بۆ کۆمپانیا فەرەنسیەکەو لەلایەکی ترەوە جێپێی فەرەنسا لە سێکتەری نەوت و غاز و وزە لەعێراق پتەوتر دەکات.
فەرەنسا توانی گورزێکی باش لەکۆمپانیا روسیەکان بەتایبەت رۆسنەفت بدات کەپشکی شێری بەردەکەوێ لەداهاتی نەوتی هەرێم
گورزێکی بەهێزتری لە تورکیا وەشاند و بێبەشیکرد لەو پێگە گرنگەی لە سێکتەری نەوتی هەرێم بنیاتی نابوو وە سودمەندێکی سەرەکیبو لەداهاتی نەوتی هەرێم.

لەلایەکیترەوە دوای سەردانەکەی ماکرۆن بۆ عێراق لە ساڵی 2021 پاریس چاوی لەوەبو کۆمپانیا فەرەنسیەکان دەستیان هەبێت لەئەنجامدانی پرۆژەو ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە وێرانبون بەتایبەت پارێزگای موصڵ و فرۆکەخانەی ئەو شارە، بەلام دوای چەند هەفتەیەک لەسەردانی ماکرۆن و دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی فرۆکەخانەی موصڵ، ستاندی بەردی بناغەی پرۆژەکە تێکشکێندراو کۆمپانیا فەرەنسیەکان ناچار بەکشانەوە کران و کۆمپانیا تورکیەکان جێگەیان گرتنەوە فەرەنسا توانی بەم دەرفەتە تۆڵەی خۆی لە کۆمپانیاو تورکەکان بکاتەوە و توانی بەم هەنگاوە حەق لەتورکیا بکاتەوە کاتێک ناکۆکی ئەو دو وڵاتە لەسەر وەبەرهێنان و ئەنجامدانی پرۆژە لەناوچەکانی وێرانبوی شەڕی داعش گەیشتە لوتکە، کەقەبارەی ئەو پرۆژانە بەملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت بەتایبەت پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی فرۆکەخانەی موصڵ
ئێستا فەرەنسا پشتیوانی رۆژئاوایەو پشتی لەباشورە کە پێدەچێت زیادبونی هەژمونی تورکیاو روسیا لە هەولێر هۆکاری نیگەرانیەکانی پاریس بێت.

تۆتاڵی فەرەنسی لەئەیلولی 2021 گرێبەستێکی لەگەل وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجامدا بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی راکێشانی بۆری ئاو بەتوانای 7.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لەکەنداوی عەرەبیەوە بۆ کێڵگەنەوتیەکانی باشور و پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ئەرتاوی و زیادکردنی بەرهەمی رۆژانەی لە 80 هەزار بەرمیلەوە بۆ 200 هەزار بەرمیل و بنیاتنانی کێڵگەی غازی ئەرتاوی بەتوانای 600 ملیۆن پێ سێجا و دروستکردنی وێستگەیەکی 1000 مێگاواتی لە تیشکی خۆر کە قەبارەی سەرمایەی پرۆژەکان بەگشتی 27 ملیار دۆلارە.

حکومەتەکەی سۆدانی لەگەڵ دەستبەکاربونی کەوتەکێشە لەگەڵ کۆمپانیایی تۆتاڵ و داوای پشکی لە 40% ئەو پرۆژانەی دەکرد بەلام کۆمپانیاکە نارازیبو تا دواتر لە 2023/4/4 بەپێی راگەیەندراوێک حکومەتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ گەیشتنە رێکەوتنی کۆتایی و حکومەتی عێراق رەزامەندبوو لەسەر وەرگرتنی تەنها 30% پشکی پرۆژەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رووداوەکانی دادگای فەرەنسا و خستنە خوارەوەی کۆپتەرەکان و پەلاماری جندریس لە نەورۆزو درۆنی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی یەک ئامانجن

تورکیا مانگێکی تر ئەچێتە ھەڵبژاردنەوەو ئەگەری دۆڕانی ئەردۆغان زۆرە. لە ئێستاوە شەڕێک ئەخوڵقێنێ بۆ مانەوەو دروستکردنی دۆخی نائاسایی بۆ دەستبەردار نەبوونی دەسەڵات. 

ئەمریکا لە تورکیا نیگەرانە، تورکیاش لە وەک ھەمیشە لە کورد نیگەرانە، ئەم جارە کورد لە تورکیا پارسەنگی ھێز ئەگۆڕێ بۆیە ئەردۆغان تووشی ھستریا بووە.

لەم پرسەدا ئەرکی کورد لەوەدا چڕ ئەبێتەوە گەر پشتیوانی ھەدەپە نەکات بەلای کەمەوە با پشتیوانی ئەردۆغان نەبێ!

ھەر لێدوانێک بچێتە خانەی خزمەت کردن بە ئەردۆغان خیانەتە.

تورکیا درۆنی دژی ئابوری ھەرێم و دەزگایەکی مەدەنی بەکارھێناوە کە فڕۆکەخانەیە.

ھەروەھا فیتنەیەکی زیاتری دروست کرد لەناوەوەی خۆمان.

لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەتی کوردستان دژی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان بوو، ئاوی کردە ئاشی داگیرکەرانی کوردستانەوە.
حکومەتی ھەرێم لەناو دەیان قەیران و کێشەدا یاسایی و ئیداریدا چەقیوە، بەرگەی بەکارھێنان ناگرێ بۆ مەرامی نانیشتمانی و نا نەتەوەیی.

ھەر لێدوانێک بۆ مەرامی کەسی و حزبی بدرێت جۆرێکە لە خزمەتکردنی ئەجندای داگیرکەران. کوردستان یەکە، ھیچ دەڤەرێک تاپۆ نیە لەسەر لایەک، ھەڕەشە لەسەر سلێمانی تەنیا ھەڕەشە نیە لەسەر پارێزگایەک بەڵکو شەڕی ئیرادەیە. دژایەتیکردنی ھەموو کوردێکی ئازادیخوازە.

رۆژئاوای کوردستانیش قەوارەیەکی دانپیانراوەو لەپەرلەمانی کوردستان ناسێنراوەو بەدەنگی ھەموو لایەنەکان ئیعترافی پێ کراوە. دژایەتی کردنی لەیاسا لادانە.

مێژوو ئەم لێدوان و قسانەی ھەموان ئەنوسێتەوە، 

لەم تەنگژەی کە دروستکرا ھەر لێدوانێک بچێتە خزمەت داگیرکەرانەوە خیانەتە. 
ئەم تێکچڕانە پەیوەندیدارە بە نزیکبونەوەی ھەڵبژاردن لە تورکیا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەمانگی رەمەزاندا کورد ئەنفال کرا

 "دەمەوێت لەسەدام و عەلی کیمیاوی بپرسم بۆچی لەمانگی رەمەزانی پیرۆزدا کیمیابارانیان کردین و دایک و باوکم بەزمانی رۆژوەوە گیانیان لەدەستدا؟".
ئەم دەربڕینە وتەی یەکێک لەشایەتحاڵەکانی دۆسیەی ئەنفال بوو لە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق. کەلەبیستەمین دانیشتنی دادگادا، لەکاتی گێڕانەوەی ئەو دەردە سەریانەی لە شاڵاوی ئەنفالدا بەسەریاندا هاتووە لەناو هۆڵی دادگادا باسی لێوە دەکرد. سکاڵاکارە شایەتحاڵەکە خەڵکی گوندی(وەرێ)ی ناوچەی بالیسان بوو, بەزمانێکی سادەو کوردیەکی رەوانەوە؛ ئەو بەسەرهاتە دوورو درێژو پڕ مەترسیانەی گێراِیەوە. کەچۆن چۆنی لە ڕۆژی ١٨\٥\١٩٨٨ چوار فڕۆکەی رژێمی بەعس هاتوونەتە سەر گوندەکەیان و کیمیابارانیان کردووە. 
رۆژی حەشر چۆن بوو، ئاوامان بەسەر ھێنرا ترس و تۆقاندن و ناڵەو ھاوارمان گەیشتە کەشکەڵانی فەلەک. بەڵام ھەر سۆزو رەحمێکمان بەسەرا نەڕژا جگە لە دوکەڵ و غازی کوشتن و خنکاندن نەبێ.
سەدام حسێن بەبێ ئەوەی هیچ وڵامێک یان قسەیەکی بۆ ئەو پرسیارەی شایەتحاڵ هەبێ، بەو پەڕی خوێن ساردیەوە خۆی و عەلی کیمیاویش نقەیان لەخۆیان بڕیبوو.
لەو دەربڕینانەی شایەتحاڵەکە؛ کەتەزووی بەگیانی هەموو کەسێکی خاوەن هەست و کەسایەتیی و مرۆڤایەتیدا دەهێنا.
تەنانەت لەبەر خاتری ئەو مانگەو لەو مانگە پیرۆزەشدا بەعسیەکان دەستیان لە کورد قڕان ھەڵنەگرت.
جگە لەوەش بەگەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمەو هەڵوێستی دونیا، بۆ جیھانی عەرەبی  و  ریکخراوە ئیسلامیەکان و رێکخراوی دەوڵەتانی ئیسلامی بێدەنگیان شورەییەکی گەورە بوو. چونکە ھەموو دونیا بەئاگابوون لە ئەنفال. مانگە دەستکردەکان وڵاتانی بەناو مافی مرۆڤ و دیموکراسی بە 'مانگە دەستکردەکان'یان قافڵەی ئەنفالکراوەکانیان وێنە دەگرت. بە هەڵدانەوەی ئەو فایلانەو دەرخستنی ئەو راستیانە جگە لەچەسپاندنی تاوانەکانی رژێمی بەعس لەدادگای باڵای تاوانەکان، لەرووی سیاسیی و ویژدانیشەوە. زۆر لایەنی تریش بە ھەموو پێوەرێکی ئاسمانی و زەمینی خەتابار دەردەچن. لەو مانگەدا لەژێر ناوی لەشکری قەعقاع و قادسیەو خالد لەمانگی خێرو ئاشتیدا کوردی دەست بەدەستنوێژو  دەم و زمان بەڕۆژوو، گوندنشینی خاوەن مزگەوت و خانەقا, ئەنفال و کیمیاباران کراوە.  لەناو ماڵ وحاڵ و گوندی دوورە دەستی خۆیاندا خنکێنران. بەعس غەدری لە ئاینی ئیسلام و سورەتی ئەنفال و قورئان و سەرجەمی مرۆڤایەتی و ھەموو ناوو بەھاو پیرۆزیەک کرد لە ئەنفالدا.
ئەبێ تاوانی ئەو خەڵکە چی بێت؟ هەر وەکو دواتر پارێزەری دەستەی بەرگریکار لەمافی کەسێتی ئەنفالکراوەکان پرسیاری لەشکایەتکار کرد. بۆچی ئێوە کیمیاباران کراون؟ ئەویش دەمودەست هاتنە وەڵام و وتی: تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بووین!.
پێیان دەوتین ئێوە جەلالین.. موخەڕیبن
هیچ پاساوو تۆمەت و بیانویەک نەبوو. ژن و مناڵ و پیرو خەڵکی بێدیفاع بەو جۆرەی بەسەریاندا هات مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەوەی جەلادەکانی بەعس بەخەڵک و بە ناوچە ئەنفالکراوەکانیان کردوە, بەپێوانەی گشت یاسا ئاسمانی و زەمینیەکان؛ نەک هەر جێی نابێتەوە, بەڵکو قبوڵی ناکات. چونکە  نامرۆڤانەیی رەفتاری جەلادەکان دەرهەق بەژن و پیرو جوانی ناوگرتوخانەکان بەجۆرێک بووە،  مەگەر هەر خودی ئەنفالکراوەکان بتوانن بیگێڕنەوەو گوزارشت لەو ژان و ئازارو زوڵمە بکەن.
لەئەنفالدا زیاتر لە ٣٠٠٠ مزگەوت روخێنراوە.
بە رووخانی قەزاکانی ھەڵەبجەو پێنجوێن و سەید سادق و قەڵادزەو ناحیەکانەوە دەگاتە نزیکەی ٣٥٠٠ مزگەوت.
ئەمە جگە لە تێکدانی ئەو سەدان بەردە نوێژانەی لەسەر حەوزی ئاوو کانیاوەکان ھەبوون.
یاساناس تارق جامبار کتێبێکی نوسیوە بەناوی "اسماء اماكن العباده المدمره للمسلميين والمسيحين والايزيديين' تیایدا ئاماری ٢٨٥٥ پەرستگای ئاینی تۆمار کردوە کەلە شاڵاوەکانی ئەنفالدا روخێنراون.
ھەروەھا چەند سەرچاوەیەکی تری پچڕپچڕ لەو بارەوە ھەن بەڵام ھێشتا داتاو ئاماری تەواوەتی کۆ نەکراوەتەوەو دیکۆمێنت نەکراوە.
ھەر چەندە تاوانەکە بە ژمارەو بە کەم و زۆری نیە بەڵام گرنگە بە دروستی بزانرێ چەن مزگەوت و پەرستگا روخێنراون.
بەھەزاران کتێبی قورئان و تەفسیری ئایەتەکان و بەرماڵ سوتێنران.
ھەزاران کتێبی کوردی و دیوانەکانی مەولەوی و نالی و مەحوی لەتەکیەو خانەقاو دیوەخانی سۆفی و شێخ و مەلاکانی گوندنشیندا سوتێنران و ئەنفالکران.
بابەتەکە لەسەر ژمارەو کەم و زۆری روخانی مزگەوت و خانەقاو پەرستگاکان نیە، ھێندەی تێبینیە لەم مانگەدا چەند وتارێکی ئاینیمان نەبینی باس لەوە بکات لەم مانگەدا و بەناوی ئاینەوە کورد قڕان کراوەو ستەم لە کوردو ئاینەکەشی کراوە.!
پێویستە مینەبەرەکانی مزگەوت بەردەوام باس لەو تاوانانە بکەن و نەھێڵن بیربچێتەوە.
وتاری سیاسی دەسەڵاتی کوردستان چەن شەرمن و بێ پرۆژەیە لەبەرامبەر پرسی جینۆسایدی کوردستان، گوتاری ئاینیش بەھەمان شێوە خەم ساردو بێ ھەژانن لەو بارەیەوە.

لەناو دادگادا بەعسیەکان وڵامی ئەو ژنەو ھەموو کوردیان نەدایەوە بۆچی لەمانگی رەمەزاندا ئەو ھەموو خەڵکەیان ئەنفالکردو بردو نەھێنایەوە.
بەداخەوە ھێشتا کورد خۆیشی نەک بەدوای وڵامی ئەو پرسیارەدا نەچووە! بەڵکو پرسیاری لا دروست نەبووە بۆچی ئەنفال کرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کوردستان یان نەمان
وتە بەنرخەکانی (مامی کوردان) تا هەتایە سەروەت و سامان و پەند و ئامۆژگارین بۆ میللەتەکەمان، دووربینی و سیاسەتی حەکیمانەی بۆ ئێستا و داهاتوو رۆشنکەرەوەی رێگا راستەقینەکەی تێکۆشان و خەباتی کوردایەتییە.

لای هەموومان روون و ئاشکرایە کە(سەرۆک مام جەلال) خوێندنەوەیەکی وردی بۆ ئایندەی گەلی کوردستان هەبوو، بۆیە خەمی گەورەی مام کە هەمیشە دەیفەرموو (مافی میللەتەکەمان نە لە ئەنقەرە، نە لە تاران، نە لە دیمەشق نیە، بەلکو مافی میللەتەکەمان لە بەغدایە).

ستراتیجی قوڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی سیاسەتی هەڵەو تاکڕەوی لە حکومڕانی و عینادی سیاسی لایەنێکی سیاسی، وایکرد کە یەکێتیی هەموو؟هەوڵ و هەنگاوەکانی بۆ سەر لەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەڕێی سیاسی بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لە گەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق خستە گەڕ و بۆ ئەو مەبەستە هەڤاڵ ( قوباد تاڵەبانی) وەک کەسی یەکەمی خۆی لە حکومەتی هەرێم، بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ گفتوگۆو چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، چەندین گەڕی دانوستان و گفتووگۆی لەگەڵ بەغداد دەستپێکرد و زنجیرەیەک کۆبونەوەی بەرهەمداری لێکەوتەوە،کە دواجار رێگا چارەسەر و لەیەکگەیشتن دروست بوو لە نێوان هەرێم و بەغداد.

یەکیتی لە رێگای سەرۆکەکەی (بافڵ جلال تاڵەبانی) کە هەمان رێچکەو سیاسەت و تێروانینی حەکیمانەی مامی کاریزمای گرتەبەرو لە دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆکی یەکێتیی،  زۆرترین قوڕسایی خۆیی و حزبەکەی خستە پایتەختی عێراق، لە پێناوی سڕینەوەی ئەو وێنا ناشیرنەی لایەنێکی سیاسی کوردی لە بەغداد دروستی کردبوو، بە ناوی ئابوری سەربەخۆو ئەنجامدانی (ریفراندۆم) کە بۆ قۆناغی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی گەورەبوو، بەڵکو بەوەش نەوەستان بەردەوامبوون و هەڵە لە دوای هەڵەیان کرد و دوا هەڵەشییان دەرکردنی بەیاننامەی فەرمی بوو کە گوایە بەغداد خەنجەری ژەهراوی لە پشتی کورد دەدات ، بەمەش تەواوی شیعەیان ئەوێ رۆژێ خستە بەرەی نەیاری کوردستان و جیا لەمانەش هەڵەکانیان سەبارەت بە بابەتی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و گرێبەستە نەوتیەکان و یاساو رێکارە پەیوەندیدارەکانی پەیوست بە سیاسەتی  غاز و نەوت و ماددەی ١٤٠ و کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکان و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ترمان لە گەڵ بەغداد بەردەوام بوو، کە لە دوا جاریشدا هەر هاتنەوە سەر ئەو رێگا راستەی کە یەکێتیی نەخشەی بۆ کێشابوو، بەڵام دوای چی؟ دوای ئەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەیان دەرفەتی زێڕینیان لەدەست هەرێمداو پێگەو رۆڵی بەهێزی کوردستانیان لە ناوەندەکانی بڕیاری ووڵاتانی زلهێزی دونیاو ئەقلیمی هێندە لاواز کرد تا لە لێواری روخانیان نزیک کردەوە.

 لە کاتێکدا گەر ئەوکات رێککەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغداد لەسەر دەستی ( قوباد تاڵەبانی) بکرابووایە بەدڵنیایی هەرێمێکی بەهێزتر و دەسکەوتی زیاترمان دەبوو.

لە دوای پەیامی (سەرۆک بافڵ) لە نەورۆزی ئەمساڵی ئامەدو بەکارهێنانی چەمکی ( کوردستان یان نەمان ) کە یەکێکە لە سەرەتایەکانی ستراتیجی یەکێتیی و ئەدەبیات و دروشم و ئامانجی یەکێتیی، کە یەکێتیی لە پێناوی دروست بوو وە لە دوای روداوی کەوتنەخوارەوەی دوو فرۆکەو گیان لەدەستدانی (٩) لە گیانفیدایەکانی دژەتیرۆری رۆژئاڤا، پشتگیری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی یەکێتیی لە خەباتی رەوای گەلەکەمان لە پارچەکانی تری کوردستان کە جێگای شانازیمانەو ئەو بڕوایەشمان تازەنیەو بەندە بە سیاسەت و دیدگاو فەلسەفەو خوێندنگەی سەرۆک مام جەلال، کە یەکێتیی تا بە دیهێنانی تەواوی ئامانجە باڵاکانی گەلی کوردستان لە سەر ئەو بیرو باوەڕە جێگیرەی بەردەوام دەبێت، ئەو کاتانەی لایەنی تر پێش هێزی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەکەوتن، بۆ قڕکردنی خوشک و برایەکانمان و وێرانکردن و سوتاندنی رەزو باخەکانیان و  سڕینەوەی جوگرافیای کوردستان و لەناوبردنی حزبە سیاسییە کوردییەکان، ئەوکاتانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو هێزی پشتیوانی بەرگری لە خاک و خەڵک و شەڕەفی کورد دەکرد.

ئەوکاتەی پارچەی تری نیشتمان  لە قۆناغی دەستپێکی دانانی بناغەی دامەزراندنی حکومەتی خۆسەری بوو، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری دژ بە کوردو کوردستان، پیلان دژی رۆژئاڤا دەگێردرا بە شێوەی جیاواز و لە رێگای لێدانی خەندەق و داخستنی سمێلکا و گەمارۆخستنەسەری، هەر یەکێتیی بوو بڕیاری ناردنی هێزیداو بە ناردنی چەندین تەن چەک و تەقەمەنی جۆراو جۆر و ئازوقە و دەرمان و پێداویستی پزیشکی، بۆ بەرگرتن لە هێرشەکانی دوژمنانی کوردو لە گۆڕنانی خەونی لە مێژینەیان ، کە پشتیوانییەکانی یەکێتیی بوون بە مایەیی مانەوەو هەستانەوەی رۆژئاڤاو دەربازکردنی لە کەوتن و داگیرکردنی.  

هەست و بیری نیشتمانیی و نەتەوەیمان ئەو راستییە کە بۆ دووژمنان و نەیاران و ناحەزانی کوردستان سەلمێنراوەو دووپاتی دەکەینەوە ، بەڵێ لە هەرشوێنێک کوردێک جەستەی بریندار بێت ئەوا خوێن لە جەستەی ئێمە دەچۆرێ ، زیانگەیاندن بە هەر پارچەیەکی تری کوردستان ئازارەکەی لە دڵی ئێمەدایە .

ئەوە مەبدەئمانەو رێچکەی نەتەوەیی و نیشتمانیی یەکێتیی و کوردایەتییە، بۆیە پەیامی یەکێتیی هەموو نیشتمانیی کوردستانەو لە کوێ خوشک و برایانمان پێویستیان بە یەکێتیی بوبێت ئامادەبووین و شەهیدیشمان بێ جیاوازی لە پارچەکانی تری کوردستان بەخشیوە، ئەو کاتانەی لایەنیتر نۆکەری و پێشڕەوی و چاوساغی بێگانە بوون، یەکێتیی شان بەشانی خوشک و برایەکانی بەرگری لە خاک و میللەتەکەی کردووەو لەو پێناوەشدا قوربانی و باجی زۆری داوە،،بەڵام ئەوە بە شانازی و سەربەرزی و شکۆمەندی دەزانین کە واجبی نەتەوەیی و سیاسی و ئاکاریی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانیمانە.

بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت مێژوو گەواهیدەری راستیەکانە و تا ئێستاش یەکێتیی بەردەوامە لەسەر هەمان نەهج و رێباز و بیری بەرزی رێگای راستەقینەی کوردایەتی، گەرچی  باجی زۆریشمان لەسەرداوە بەڵام هەڵبژاردنی بەرەی گەل و نەتەوەو نیشتمان ئاسان نیەو باجی دەوێ ،قوڕسە لە یەکێتیی بترازێ هێزیتر دەسکەوێ ئەو شانازیەی بەرکەوێ.

لاپەڕەکانی تۆماری مێژووی سەروەری و شانازییەکانی زۆر زۆرن، ئەوەش شانازییەکی تری گەورەیە و خەرمانی شانازییەکانمان باڵا دەکات کە تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بەروماندا دابخات ، لەگەڵ نۆکەرانیان گەمارۆمان بخەنە سەر و پیلانمان لێبگێرن.

ئەوە تازەنیە ( گورگمان دیت نەترساین ، لە جەقەڵیش ناترسین ) 
بانگی هەموو جیهان دەکەین و دەڵێین ( کوردستان یان نەمان ) 
زوبێر عوسمان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دانایی و دیبلۆماسیەتت كۆشكی كۆماریی شكۆدارتركردبوو مام 

كۆشكی كۆماریی لە سەردەمی مامی ڕابەرمان زۆر جیاوازتربوو بە بە راورد بە قؤناغةكاني تر، ئەوەش بە هۆی كاریزماییی و ئاست بەرزی و دیبلۆماتكاری مام و هەنگاوە ژیرو داناییە كانی مام بوو، بە واتایە كی ترخودی مام خۆیی و كەساییەتییە بەهێزەكەیی مام ڕەنگدانەوەیی گەورەیی بە سەر پێگە و ڕۆڵی كۆشكی كۆماریی هەبوو  ئەمیش دەرخەری ئەو ڕاستیەیی بە دوایی نەمانی مام هەمان ئەوكۆشكە كۆمارییە نییە كە مام تیایدا بوو.

‎گێڕانەوەی مێژوویی زێڕینی سیاسەتە حەكیمانەكەی مام بۆ گەلانی عيراق بە گشتی و بۆ كورد بە تایبە ت و دەرهاویشتە كانی بەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا واریدو مومكینە و جەوهەریەتیی كاروشكۆداریی و مەزنی هەڵوێستە كانی و ماندوو نەبوونی و بەردەوامی و كۆڵنەدانی بۆمافە ڕەواكانی گەلی كوردو تەواوی پێكهاتە و گەلانی تری عيراق زێڕین و بەهادارەو لاپە ڕەكانی مێژووبە سانایی ناتوانن  لێكدانەوەیەكی ڕاستە قینە و پێویست بە شیاوی ڕۆڵە زێڕینە كانی بۆبكەن، تەنانەت تێگەیشتن لە فەلسەفەو سیاسەت و دیبلۆماسیەتی مام ئاسان نیە و لێكۆلَەرەوان و سیاسیە ناودارەكانی دنیا لە ئاست فەلسەفەی سیاسی مام تێڕامان و جۆش دەگرن و سەرساميی گەورە ئەنوێنن و وە هەستی شكۆداریی و مەزنی ئەنوێنن كە لە نزیكەوە ئاشنایی فەلسەفەیی سیاسەتی مام بووبن و ڕەنگدانەوەیی ڕاستە قینەی بەسەر تەواوی عيراق و دەورووبەری هەبوو ، سەردەمی كۆشكی كۆماریی مام بە سەردەمی زێڕین وەسف دەكرێت لە مێژووی كۆماریی عيراقدا، بە هۆی ڕۆڵی مام لە جێگركردنی ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و دیموكراسی و سەربەستی و ئازادی و مافی تاك و كۆمەڵ كە لە ئاستێكی باڵادابوو وە گەلانی عيراق و تەواوی پێكهاتە جیاجیاكانی عيراق لەوپەڕی تەبایی و ئاشتیدا بوون و بە برایانە لەتەك یەكتری ئەژیان  بەهۆی سیاسەت و دیبلۆماتكاریی مام بو، بۆ هەمیشەش شایەدی ئەو مێژووە زێڕینە بوو بە نەمانی مام پەرۆشی و نیگەرانی و دڵتەنگیان بۆمام بەسەر هەموو گەلانی عيراق دا دیاربوو، وە مام بوو بوو بە سەمامی ئەمان  بۆتەواوی پێكهاتە جیاكانی عيراق  كوردو عەرەب و كلدانی و ئاشوری و توركمان و سریانی و مەزهەبە جیاكانی شیعە وسونە لە ناو یەك بازنە بە ئاشتیانە بژین و ڕابەرایەتی ئەكردن.

‎هەرچەند وەك ئاماژەم پێدا مام گەورەتر لە حیزبێكی دیاری كراو پێكهاتەیەك كاری دەكرد كارێزمایی مام باڵی بەسەرعيراقدا كێشابوو كە هەمووان بە سەرۆك و ڕابەرو خەمخۆریی خۆیانیان ئەزانی وەك مام وتەنی مامی هەمووان بوو، وەلێ ئێمە وەك كادرو پارتی سیاسی و یەكێتیي نیشتمانی ئەبێ هەستی شانازیمان مەزن ترو دیارتر بێت كە ئەو مێژووە زێڕینەی خرایە ڕوو هی سكتێری یەكێتيی نیشتمانی كوردستان بوو ئەویش ڕابەرمان هەڤاڵ مام جەلال پێشەواو سەركردەی شۆڕشی نوێی گەلە كەمان وە ئەبێ وەفاداربین و ڕێڕەوی سیاسەتی مامو فەلسەفەیی سیاسی مام بخوێنینە وەوڕەنگدانەوەیی هەبێ لە سەر سیاسەتكردن و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە ڕابەرایەتی سەرۆكی گەنج و ليَهاتوو دڵسۆز بۆ گەلە كەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و هەموو سەركردەو هاوڕێ و هاوخەباتگێرِانی مام و دڵسۆزانی ڕێبازی حیزبی شەهیدان كە سەروەری مێژوویی زێڕینی مام و خوێنی  باوكم و هەزاران شەهیدی سەركردەو فەرماندەو هەڵۆیی سەرشاخەكانی كوردستان لەیاد نەكەین و وەفاداربین بۆ خەبات وخوێنی ئاڵیان لە پێناو گەلە كەیان..

‎یادو یادەوەری مامی ڕابەرمان و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلەكەمان هەمیشە مەزن و شەكاوەیە و وەفادار وئەمەكداردەبین بۆ خەبات و مێژووی زێڕینیان و خوێنی ئاڵی شەهیدانمان بۆ گەلی كورد..

‎شكۆداربێت ساڵیادی بووني هەڤاڵ مام جەلال بەیەكەم سەرۆك كۆماری كورد لە عيراق لە٦ی نیسانی  ۲٠٠٥دا..

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە وتاری دەسپێكی سەرۆكایەتیدا هەم باسی  شەهید شەهاب و هەم باسی شەهید سەدری كرد. 
ئینجا لەسەر ئاسۆی دیموكراسی و دەورانی ڕابردوی دیكتاتۆری قسەی كرد.
رۆژەكە وێستگەی خۆش و سەركەوتن بوو، مێژوو بوو لە درەوشانەوەی خۆیدا، كەچی وێستگەكانی تریشی لە بیر بوو، بۆیە بە زمانی جەواهیرییەوە وتی(باق و عمر الطفاة قصار) یانی ؛ ماوین و تەمەنی ستەمكاران كورتە.

رۆژی سەرۆكایەتی رۆژی ئاشتبوونەوەی مێژوو و جوگرافیا بوو. مێژوو ئەوەیە كوردستان قەدیمە وەك قەدیمی مێژووی دێرین، جوگرافیاش ئەوە بوو چوارچێوەیەك هەیە ناوی عیراقە دەكرێ لە نەفرەتەوە ببێ بە دەرفەت ، ئەگەر باوكە دامەزرێنەرەكان، وەك مام جەلال، ئیدارەی بدەن، دینگەكەی داكوتن و نەخشەكەی دیمەنی كوردستان و جوگرافیای عیراق ئاشت بكاتەوە.
 
رۆژی سەرۆكایەتییەكەی وا بوو كە پێشمەرگە دەبێتە سەرۆك كۆمار و سەرۆك كۆماریش عەرابی دەستوور و مافەكانی نەتەوە و بەلانسی هاوبەشەكانیش بێت.

رۆژی 6/4/2005 هات و وا چەسپا تا – جوبرانی رۆژە هیچ وپوچەكانی حوكمڕانی بەعس و رۆژی تار و ژاری 7ی نیسانی بەعس بكاتەوە. ئەگەر لە مێژتر عیراق (6/4) بوایە رۆژی شوومی  (7/4) نەدەهات و حەوجا بەم هەموو خوێن و فرمێسكە نەدەبوو. ئەگەر دیزاینەكە وەك ئەوەی لە ئەندێشەی مام هەبوو و  وەك ئەوەی مام جۆشی دەدا لەسەر زەمینی وڵات بگیرسایەتەوە، ئەم هەموو دەرد و بەڵایە نە دەقەوما و ئەو هەموو نەوت و گاز و ئاو و ئاوەدانییە بە خەسار نەدەچوون.
كە سەیری شریتی بەسەرهاتەكانی رۆژهەڵات دەكەینەوە ڕوونە كە رۆژهەڵات سەدەیەكە بێدار بۆتەوە و قسەی لە ماف و دادوەری هەیە. كە نامورادی سەركردە نەمرەكانی وەك مام دەبینی حەسرەتا هێشتا زەین و ئیدراك هاوشانی بێدارییە شۆڕشگێڕییەكە نییە و هێشتا شت ماوە كە دوایی قەدری دەزانین و دوایی دەست بە ئەژنۆدا دەكێشین.
زەمانێك بوو سەرۆكایەتی ئەو، كە كورد بەرز و باڵا، كوردستان لەسەر نەخشەو دیموكراسیی بندەستەكانیش كلاشەیان بە ستەمی دیكتاتۆرەكان دەكرد.
هێشتا ئەو سروشە وزەبەخشە و هێشتا بەو ئیلهامەوە كاروان لە رەوتە و كانیاوی هیوا كوێر نەبۆتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
ھەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ، رێکەوتنامەی  تایبەت بە رێوشوێنەکانی ھەناردە کردن و فرۆشتنی  نەوتی ھەرێمی کوردستانیان لە رێی سۆمۆ وە بە لولە نەوت کێشەکانی عێراقدا بۆ بەندەری جەیھان ئیمزا کرد . ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە چەندین خاڵی تری لە خۆ گرتوە ،کە ھەمو میدیاکان بڵاویان کردەوە.
رێکەوتنەکە بە گوێرەی دەستور ،مافەکانی ھەرێمی کوردستان  دەستەبەر دەکات  ،کە سود و قازانجی  بۆ کۆمەڵانی خەڵکە. بە مەش کۆتایی دێت بەو موزایەدە و ھەرزە سیاسیەی کە بە درێژایی یانزدە ساڵ بو  بە ناوی کوردستانی گەورە، سەربەخۆیی و ئابوریی سەربەخۆ و چی و چییەوە ،نەھامەتیی و چەرمەسەریی بۆ خەڵک و دەزگاو دامەزراوەکانی  حکومەت دروست کرد ،کارەکانی حکومەتی پەک خست . ھەر ئەو بارەناھەموارە  بە ھەردو دیوەکەیدا  (چ دژ چ لایەنگر) ،چەندین  تازە پێداکەوتوی سیاسیی دروستکرد ،پۆپۆلیزم لەھەر کات زیاتر رەواجی پەیدا کرد ،ئەوە دروشمە بریقەدارەکان ھەر لەوێ بوەستێت .
بارودۆخەکە بە جۆرێک بو ، ئێمەومانان لەو بارەیەوە  ھەر کات راستییەکانمان بە پێی  دەستور  رون بکردایەتەوە،  یا ھەر قسەیەکمان بە پێچەوانەی ئەو ناکامڵییە سیاسییە  بکردایە ،کە ئەوە ھەنگاوێکی ھەڵەیە و ئەنجامەکەی نەھامەتیی و مەینەتیی و نەھاتە بۆ ھەرێمی کوردستان بە حکومەت و خەڵکە کەیەوە ،سەرباری ئەوەی پەلامار دەدراین و بەگژماندا دەچونەوە ،تۆمەتی بەکرێگیراو و دژ بە سەربەخۆیی دەخرایە پاڵمان .
ساڵی ٢٠١٤  لە دەرەوەی عێراق  ،لەگەڵ  کوردێکدا کە یەکێک بو لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی  ئەو ئەزمونە شکستخواردوە ،گفتوگۆمان دەکرد.زۆر بە توندیی قسەی دەکرد وەک ئەوەی بەندە خایین بم و حەز بە سەربەخۆیی کورد نەکەم .وتی باش گوێ بگرە نەورۆزی ٢٠١٥   ھەمو قەیرانەکان کۆتایی دێت  ،بەڵام دەبێت تۆ کوردستان جێ بھێڵیت و لە بەغدا دابنیشیت چونکە دژی ئەم سیاسەتە نەتەوەییە قسە دەکەیت .
بە داخەوە سەرباری ئەوەی حزبەکەی خۆشم (ی،ن،ک)  پشتیوانی لەو سیاسەتە نەدەکرد ،بەڵام بەوجۆرە شێلگیرانە نەھاتە پێشەوە کە ئێمە داوامان دەکرد.کەچی  داھێنەری ئەو سیاسەتە ناواقیعییە  بەردەوام دەیویست ئۆباڵی ئەوەی بەسەر خەڵکدا ھاتوە بخاتە ئەستۆ  .
چەندین پڕوپاگەندە بڵاو دەکرایەوە، لەوانە : گوایە فڵانە لێپرسراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  چۆتە لای مالکی و داوایکردوە بودجە و موچەی ھەرێمی کوردستان ببڕدرێت .لەوە زیاتر نامەوێت بنوسم ،تا برینەکان نەکولێنەوە  .
ئێستا وەک بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەروەزیری ھەرێمی کوردستان و چەندین روناکبیری تریش دوپاتیان کردوە، گرنگ ئەوەیە ئەم گۆڕانکارییە بخرێتە خزمەتی خەڵک و پڕ کردنەوەی ئەو ھەمو قۆرت و کەموکورتییانەی کە دروست بوە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوتە و راستکردنەوەی بارە خوار و گلاوەکە.
راستە منیش پشتیوانی ئەوەم نابێت ھیچ لایەن و کەسێک  خۆی بکاتە پاڵەوان کە بڵێت ئێمە ئەم  دەستکەوتەمان بەدی ھێنا، یا ھەندێکی تر بڵێن گوشارەکانی ئێمە بو، چونکە ئەوە  لە شەڕی جارانی مناڵیی دەچێت و بەشێکی تریشی دەچێتە خانەی  پۆپۆلیستییەوە.
بۆیە دەبێت بەو شێوە و رێکارانە سود لەم رێکەوتنە وەربگیرێت کە رون و بێ پێچ و پەنا بێت، کارەکان بچنەوە رێچکەی حوکمداریی رەشید و خزمەتگوزار  تا لەوە زیاتر  کۆمەڵانی خەڵک لە مەینەتیدا نەبن، لەوە زیاتر نەھامەتییەکانیان نەکرێتە کراسەکەی عوسمان  بۆ مەرامی ئەم و ئەو ،تا لەوە زیاتر شکۆی  مرۆڤی کورد نەشکێنرێت و  خەڵک نەخرێنە سەر شاشەکان کە نانی نییە بیخوات و دوسەد و پەنجا دیناری لە گیرفاندا نییە .
لە کۆتاییدا ھەر دەڵێم دەبوایە یانزدە ساڵ پێش ئەمڕۆ  ئەو  ھەنگاوە واقیعییە بنرایە و ھەرزە سیاسییەکان نەبونایەتە دەم راستی پێگەیشتوە سیاسییەکان .چونکە تا ئەم ساتەش ئێمە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵداین .
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەرکەوت بڕیاری دادگای پاریس گرنگ و لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە. تورکیاو ھاو ئاوازەکانی تورکیا لێی زەرەرمەندو نیگەران بوون. رێگا دروستەکەی سیاسەتی نەوتی ھەرێم عیراقە، نەک تورکیا. 

راستکردنەوەی ھەڵەی چەند ساڵە درەنگیش بێت ھەر باشە. بەڵام شایستە فیدراڵیەکانی ھەرێم پارێزراو بن.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا بەپێی دەستور قەرەبووی ناوچە زیانلێکەوتوەکان لەم رێکەوتنەدا ھاتوە؟ باسی قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید کراوە؟

باسی گەڕانەوەی موڵک و ماڵی كوردی ناوچە دابڕێنراوەکان کراوە؟

باسی قەرەبووی قوربانیانی ھەڵەبجەو کیمیاباران  فەیلیەکان کراوە؟.

چونکە لە دەستوردا باسی ئەوە ھاتوە لە داھاتی نەوت قەرەبووی ئەو توێژانە بکرێتەوە و بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق ھەیە کە پێویستە حکومەتی عیراقی قەرەبویان بکاتەوە.

بەدڵنیایی باس نەکراوە بەڵام با ئەم دۆسیەیە لەناو پرۆژە بودجەی گشتی عیراق جێ بگرێت.

ئەم رێکەوتنە یارمەتیدەرە بۆ شەفافیەت و رونکاری لە پرۆسەی نەوتی لە کوردستان کە نوخبەیەکی کەم لێی سودمەند بوونەو زۆرینەی خەڵکی کوردستان لێ بێبەش بوون.

عیراق بەھەشت بۆ کوردستان مسۆگەر ناکات، بەڵام بە ھەموو پێوەرێک رێکەوتن لەگەڵ عیراق کە ھێشتا کورد بەشێکە لە حوکمڕانی بەغدا ھەزاران جار لەو رێکەوتنە شاراوەو نادروستەی لەگەڵ تورکیای دژ بەکوردو کوردستان باشترە.

لەپشتی پەردەوە فرەنسا رۆڵی ھەبوە لەسەرخستنی ئەم رێکەوتنە.

ئەم رێکەوتنە مەترسی تێکدانی ھەیە لەلایەن تورکیاوە، بەمیکانیزم و رێگای جیاجیا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دوای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاسۆیەکی نوێ لەھەرێم دەردەکەوێت"

سەیرو سەمەرەترین بابەت ئەوەیە لە کێشەیەکی یاسایی نێوان  تورکیاو عیراق، لە دادگا عیراق بیباتەوە  ھەرێمی کوردستان پێی نیگەران بێت!. یا لایەنگیری تورکیا بێت!

پرۆژەی تەسلیم کردنی ئابوری ھەرێمی کوردستان بە تورکیا تەواو ئیدی شکستی ھێناو رێگا دروستەکە گەڕانەوەیە بۆ بەغدا.

نوخبەی دەسەڵاتداری ھەرێم لەبەر بەرژەوەندی بچوکی کەسی و گروپ نایانەوێ تەسلیمی واقیعێکی باشتر ببن.

واقیعی نوێ لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ئایندەی قەوارەکەیە.

چەندین ساڵە دەڵێیین ئەزمونەکە لەبەردەم مەترسیە، مەترسیە راستەقینەکەش ئەوەیە ھەرێمی کوردستان ئیرادەی دەرەکی و بەتایبەتی تورکیا لانی کەم بەسەر ئابوریەکەیەتی، نەمانەوەی ئەم سێبەرە رەشە لانی کەم دەرفەت بەھەرێم دەدات بەخۆیدا بچێتەوەو رێگا دروستەکە ھەڵبژێرێت.

شەرمە بۆ قەوارەیەکی فیدراڵی خاوەنی ئەنفال و کیمیاباران و چەندان کەیسی جینۆساید بێ، لەناوەندە جیھانیەکاندا ھەموو لایەک ببێتە ئامۆژگاریکاری.

نەدەبوو  بگاتە ئەو ئاستەی تەنانەت دیبلۆماتکارە بازرگانەکان  ببنە ئامۆژگاریکارو ئەوان رێگای باش و راست بە کورد پیشان بدەن.

ھێشتا دەرفەتێک ماوە بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغدا. 

لەدوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وپەرلەمانی تورکیا گۆڕانکاری نوێ دروست دەبن و ئاسۆیەکی نوێ روو لە ھەرێمی کوردستان دەکات.

ئەگەر کوردستانی عیراق بەیەکگرتوویی خۆی بۆ ئامادە بکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەكپەنجەرە، بەپێی ئەو پێناسەیەی بۆی دیاریكراوە، ناونانە لە سیستمێك/ پرۆگرامێك، كە لە كەمكردنەوەی رۆتینات و بەرگرتن لە گەندەڵی، لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبێت، ئەم پێناسەیەش، دەبێتە بەشێك لە دەروازەی فەرهەنگی Lexical Entry  و ئاوەزدارێتیی ئاخێوەری كورد، كە كرۆكەواتای وشەكە پێكدەهێێت و لە داهاتوودا بەم كرۆكەواتایەوە لە فەرهەنگی زماندا تۆماردەبێت.

ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بكرێت و ترۆپكی بیرۆكەی وتارەكەیە، مانەوەی كاریگەیی وشەكەیە لای هاووڵاتیان، كە لەئێستادا ئەرێنییەو پێشبینی كاردانەوەو هەڵوێستی دۆستانەی لێدەكرێت، چونكە یەكێك لە حەوت جۆرەكەی واتا لای لیچ، واتای كاریگەرییە Effective Meaning ، ئەم جۆرە لە واتا باس لەو كاریگەرییە دەكات، كە بەهۆی وشەوە لەسەر سایكۆلۆجیی تاك دروستدەبێت، بەمپێیە ئەم جۆرە واتایە لە چوارچێوەی خود Personality دایەو پەیوەستە بە هەستی تاكەكەسەوە، بەو واتایەی مەرج نییە، هەموو ئاخێوەرێك وەكیەك هەڵگری ئەم هەستە بن، بۆیە گرنگە نەووشەی (یەكپەنجەرە) لەڕووی مامەڵەو رەفتارەوە، پێناسەكە لەخۆبگرێت و وەهابكرێت ئەو كاریگەرییە ئەرێنییەی، ئێستا بۆ دەروونی هاووڵاتیان دەیگوێزێتەوە، بەردەوامی، هەبێت، بەتایبەت ئەو هاووڵاتییانەی كە بەهۆی رانەپەڕاندنی كاروبارەكانیانەوە دووچاری بێئومێدی بوون، لە ئێستادا بیستنی ئەم وشەیە (یەك-پەنجەرە)، ئومێد و هیواو ژیانیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، بۆیە گەر بە هەر هۆكارێك (یەكپەنجەرە)، ئەو پێناسەیە (لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان)دا ببەزێنێت، ئەوا كاریگەرییەكە بە سانایی لە ئەرێنییەوە بۆ نەرێنی دەگۆڕێت و بەهۆیشییەوە كاردانەوەی نەخوازراوی هاووڵاتیان دروستدەبێت، ئەمەش چەشنێكە لە وابەستەبوونی زمان و بیرو رەفتار.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سیستمی کلاسیکی مامەڵەی کاغەزی نزیکەی چارەکە سەدەیەکە لە زۆرینەی وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا ھیچ ئاسەوارێکی نەماوە و بووەتە بەشێک لە مێژووی پرۆسەی بەڕێوەبردن و کارگێڕی بۆ قۆناغی پێش گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و سیستمی دیجیتاڵی، مێژووی مامەڵەی کاغەزی سەرباری گرفت و پڕ سەرئێشەیی دەیان سەدە مرۆڤایەتی دەست و پەنجەیان لەگەڵدا نەرم کردووە و بۆ سەردەمی خۆی تاکە ئامراز و رێگە بووە بۆ رایکردنی کارو باری رۆژانە و ئاڵوگۆڕ و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان، لەم ساڵانەی دوایی ھاوشێوەی کۆی سیستمە کلاسیکییەکانی دیکە لە زۆرینەی وڵاتانی دونیا سیستمی کاغەزی بارگەو بنەی پێچاوەتەوە و سیستمی پێشکەوتووی دیجیتاڵی شوێنی گرتووەتەوە.

ھەرچەندە بۆ دونیای  پێشکەوتوو گەشەسەندووی ئەمڕۆی بواری تەکەنەلۆژیا سیستمی دیجیتاڵی یان ئەلکترۆنی کارێکی نوێ نییە، بەڵام بۆ ھەرێمی کوردستان لەنێو ئەم ھەموو گرفت و قەیرانەدا و چەقبەستووی بەڕێوەبردن بەدڵنیاییەوە ھەنگاوێکی نوێ و جێ بایەخە، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەم رۆژانەدا جارێکی دیکە سیستمی "یەکپەنجەرەیی" بە ئەلکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکان چەند ھەنگاوێکی دیکەی ناوە و وا دەردەکەوێت زۆر نەبات لە ساڵانی ئایندەدا ھەرێم ببێتە خاوەنی سیستمێکی پێشکەوتووی دیجیتاڵی، کە ئەمە تاڕادەیەکی زۆر گرنگییەکی گەورەی ھەیە بۆ کارئاسانی رایکردنی مامەڵەی ھاوڵاتیان و تاداشینی بەشێک لەو قەیران و بەھەدەردان و رۆتینە زۆرەی کە ھێز و تینی لە دامەزراوە حکومییەکان بڕیووە . 

لەنێو ئەم قەیران و گرفتە کەڵەکەبوانەی کە ساڵانێکە سیستمی بەڕێوەبەردنی وڵات تێی کەوتووە لە دایکبوونی سیستمێکی ھاوچەرخ ھەناسەو تەوژمێکی نوێیە بۆ خستنەسەر رێی پرۆسەی چاکسازی لە سیستمی بەڕێوەبردن و کارگێڕی دامەزراوەکاندا ,ئەوەی روونە سیستمی یەکپەنجەرە سەرەتاکەی بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر و بۆ بیرۆکەو ھەوڵێکی  زۆر و بێ ووچانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم قوباد تاڵەبانی دەگەڕێتەوە و کۆڵی نەدا تا ئەوەی پرۆژەکەی خستە سەر پێ و لە چەند فەرمانگەیەک جێبەجێی کرد ، ئەم کارەی جێگری سەرۆکی حکومەت لە زۆر رووەوە و لەبەر دەیان ھۆکار ھەنگاوێکی یەکجار گرنگ و پێویستە بۆ ھەرێمی کوردستان و بەتەواوی جێگەی ستایش و بەرز نرخاندنە، لەو روانگەیەوەی ساڵانێکە دامەزراوە حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان گیرۆدەی سیستمێکی دواکەوتووی بەڕێوەبردنە کە ئەویش سیستمی کۆنی کاغەزییە کە جگە لە وڵاتانی دواکەوتوو لە ھیچ وڵاتێکی گەشەسەندو باوی نەماوە،  ساڵانێکی زۆرە فەرمانگەو دامەزراوەکانی ھەرێم بەھۆی ئەم سیستمە کلاسیکیەوە رووبەڕووی گرفتی گەورە بوونەتەوەو ئاستەنگی گەورە لەبەردەم مامەڵەو ئیش و کاری رۆژەنەی خەڵک دروست بووە ، ئەمە جگە لەوەی ھەزاران دەرگای بەرووی گەندەڵی و رۆتین و کاری ناڕەواو بەرتیل کردووەتەوە, لەوانەش خراپتر خنکاندنی توانا مرۆییەکانی نێو فەرمانگەکانە تا ئاستی پەکخستنی توانای کارامەیی و نەھێشتنی دەرفەتی گەشەسەندن و پێشکەوتن و پەل ھاویشتن. 

ئێستا کە بەھەوڵی جێگری سەرۆکی حکومەت ھەنگاوی گەورەو بنیاتنەر نراوە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی بە ئەلکترۆنیکردنی دامەزراوە حکومییەکان ، ئەم پرۆژەیە بۆ ھەرێمی کوردستان دەرفەتێکی گەورەیە بە ئاراستەی کۆتایی ھێنان بە سیستمی کۆنی کاغەزیی و کەمکردنەوەی رۆتین و گەندەڵی و پێشکەشکردنی کارئاسانی بۆ ھاوڵاتیان و گەڕانەوەی کاتێکی زۆری بە فیڕۆچوو، پاڵ ئەوەشدا بەخاکسپاردنی دەیان گرفت و سەرئێشە کە ھاوڵاتیان ساڵانێکە لەکاتی رایکردنی مامەڵەکانیان گیرۆدەی بوون ، بۆ لەمەودوا دەتوانن لەرێگەی سیستمی یەکپەنجەرەیی لە ماوەیەکی کەمداو بەبێ راکەڕاک و ژوراو ژورو سەرئێشەو بێنەو بەردەو ماندوبونێکی زۆرو لەسەرو ھەموشیانەوە بەبێ دەست ماچ کردن و پاڕانەوە مامەڵەکانیان تەواو دەبێت و دەدرێتەوە دەستیان بێ ئەوەی چەندین جار مامەڵەکانیان وونبێت و دوای ماندوبونێکی زۆر دیسانەوە لە سەرەتاوە ناچاربن دەست پێ بکەنەوە! ئەمانە بەشێکی بچوکن لەو گرفت و ئاستەنگە زۆرەی کە رۆژانە ھاوڵاتیانی کورد لە فەرمانگەکان دووچاریان دەبێت , بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێستا دۆخەکە جیاوازە لەو فەرمانگانەی کە سیستمی یەکپەنجەرەییان تێدا جێبەجێ کراوە  و ئەو کەسانەی کە رێیان دەکەوێتە ئەو فەرمانگانە مەگەر ئێستا بزانن لە رابردوودا چیان بەسەرداھاتووە کاتێک رێیان کەوتووەتە فەرمانگەکان .

بۆ ئێستا ھەرچەندە ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستمی یەکپەنجەرە لە چەند فەرمانگەیەکی کەم لە پارێزگای سلێمانی چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و وەک ھەنگاوی یەکەم و سەرەتا پرۆسەکە سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە , پاش ئەم ھەنگاوە ستراتیژییە کاتی ئەوە ھاتووە پرۆسەکە لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و بۆ ئەمەش ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە شان بداتە بەر ئەم بەرپرسیارێتیەو بودجەی پێویستی بۆ دابین بکات و بیکاتە یەکێکە لە پێشینەی کارەکانی داھاتووی بۆ ئەوەی سەرجەم ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە پرۆژەی سیستمی یەکپەنجەرە سودمەندبن , بەدڵنیاییەوە پرۆژەکەش لەنێو ئەم ژینگە شێواوەی کە زۆرینەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی نێوەراستی تێدایە بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێتە شانازییەکی گەورەو ھەروەک ھەنگاوێک کورد لە بەرەوپێشچوونەکانی دونیا نزیک دەکاتەوە . 

ئەوەی روونە سیستمی یەکپەنجەرە ئامانجێکی گەورەو بیرکردنەوەو تێڕوانینێکی فراوانی لە پشتەوەیە کە ئەویش ئەوەیە ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی سیستمێکی ئەلکترۆنی پێشکەوتوو بۆ بەڕێوەبردنی مامەڵە و کاروبارەکانی حکومەت لەسەرجەم فەرمانگەکاندا, ئەگەر بە بیر و تێڕوانینێکی گەورەی نیشتمانی بنیاتنەرانە کار لەسەر ئەم پرۆژەیە بکرێت بەدڵنیاییەوە ئەنجامێکی گەورەی دەبێت و رەنگە زۆر نەبات ھەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی نزیکی داھاتوودا بەیەکجاری ماڵئاوایی لە سیستمی کۆنی کاغەزی بکات و وەک وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا ببێت بە بەشێک لەمێژوو , ئەگەر ئەمە کرا گومانی تێدا نیە شانازییە گەورەکە بەر قوباد تاڵەبانی دەکەوێت چونکە ئەو تەنیا لێپرسراوی باڵایە کە بەکردەیی ھەنگاوی بۆ پرۆژەکە ناوە و لە بیرۆکەوە کردییە راستیەکی بەرجەستەکراو, ئەگەر ئەوەش نەکراو پڕۆژەکە لەم چوارچێوە سنوردارەی ئێستادا مایەوە بەدڵنیاییەوە چیرۆکە تەواو نەکراوەکانی نێو فەرمانگەکانی ھەرێمی کوردستان بە قەبارەیەکی گەورەترەوە بەردەوام دەبێت .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە شێوەیەکی گشتی  چەمکی بازرگانی تاک پەنجەرە، بەکاردێت بە مەبەستی ئاسانکاری تەواوی ڕێوشوێنی بازرگانی و گواستنەوە و لۆجستی بەجۆرێک کە ھەموو دەروازە سنوورییەکان و ھەموو جۆرەکانی بارکردنی بار لە کۆتاییدا دەخرێنە ناو سیستەمی تاکە پەنجەرە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی ھەموو بەڵگەنامە بازرگانییە سەرەکییەکان، مۆڵەتەکان وپارەدان ....لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت لە ڕێگەی یەک خاڵی دەستڕاگەیشتن بە شێوەیەکی مەرکەزی.

جێبەجێکردنی سیستەمی تاکە پەنجەرە کارێکی ئاسان نییە، ھەرچەندە دەزگا جیاوازەکان بەشدارن لە پرۆسەی پاککردنەوەی کاڵاکان و ڕێکخستنی ڕەوتی بازرگانی. بەم شێوەیە لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جۆری تاکە پەنجەرە دەرکەوتوون کە ھەریەکەیان ئەرک و کارمەندی جیاوازیان ھەیە.

بەڵام سیستەمی تاکە پەنجەرە، وەک بەشێکی سەرەکی لە ئاسانکاری و کارایی بازرگانی ناسێنراوە. ئەمەش لە خستنەڕووی پەنجەرەی تاکە وەک پێکھاتەیەک لە ڕێککەوتنە جۆراوجۆرەکانی ئاسانکاری بازرگانی نێودەوڵەتیدا دەردەکەوێت، بەتایبەتی ڕێککەوتنی ئاسانکاری بازرگانی کە لەلایەن ڕێکخراوی بازرگانی جیھانییەوە لە ساڵی٢٠١٥.

لە ئێستادا تێمی یەکێتی بە سەرۆکایەتی جەنابی کاک قوباد، کار لەسەر پراکتیزەکردنی ئەم سیستمە دەکەن بۆ بەئەلکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر بۆ ھاوڵاتیان و راییکردنی مامەڵەی ھاوڵاتییان لە فەرمانگەکان بەئاسانترین شێوە و بەنەھێشتنی رۆتین و رێگرتن لە گەندەڵی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زمان چیدی نییە جگەلە شوناسی کەسێتیی نەتەوەییمان، ھەر ئەمەیە وەھادەکات زمان بە سەرەکیترین توخمی فەرھەنگی و کەلتووریی ھەر نەتەوەیەک پێناسبکرێت، پێچەوانەی ئەم دیدەش ئەوەیە کە زمان خۆی دەبێتە ھۆکاری لەناوچوون و توانەوەی شوناسەکە، بۆ نموونە لە مێژوودا ھەرکات خواستی توانەوەی نەتەوەیەک لە ئارادابووبێت، ئەوا لە رێگەی زمانەکەیەوە نەخشەی توانەوەی بۆ داڕێژراوە، گەلی کوردیش وەک ھەر نەتەوەیەکی دی کەوتووەتە بەر لێشاوی ھەڕەشەی دوژمنانی، بەڵام خۆشبەختانە ھەوڵی کورد بۆ پاراستنی زمانەکەی تا ھەنوکە نەگۆڕو بەردەوامبووە و بەھۆیەوە شوناسی میللەتەکەمان پارێزراو بووە.

ئاشکرایە؛ گرنگی شوناسی نەتەوەیی وایکردووە لە چەندین رووەوە لە زمان بکۆڵرێتەوەو ئەو ئەنجامە ھەڵبھێنجرێت کە زمان لەڕووی سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتی و دەرووناسیی کۆمەڵایەتییەوە چ کاریگەرییەک لەسەر مرۆڤ دروستدەکات، ھەروەک توێژەرەکان زانستیانە سەلماندوویانە منداڵێک کە بە زمانی دایکی دەرفەتی خوێندن و تێگەییشتن لە دەوروبەری ھەبێت، لە داھاتوودا تێگەیشتنێکی تەندروستانەی بۆ جیھان دەبێت، ئەم بنەما زانستییە وەھایکردووە ئەمرۆ لە دونیادا گرنگی تەواو، تەنانەت لەنێو زمانە باڵاکانی وەک ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەرەنسی، بە زمانی کەمینەکانیش بدرێت، ھەموو دەوڵەتە مۆدێڕنەکانی جیھانیش لەو راستییە زانستیە تێگەییشتوون، کە بێبەشکردنی ھاووڵاتی لەم مافە مرۆییە، مرۆڤ دووچاری کێشەی ناسینی دەروونی دەکاتەوە و سەرئەنجام مرۆڤی نەخۆش و ناتەندروستی لێدەکەوێتەوە، ھەربۆیە توێژەرە رۆژئاواییەکان وەک ئەنجامێکی زانستی، بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە زمان مافێکی گرنگی مرۆییە.

ھەڵبەت لەڕووی سیاسیشەوە رۆژئاوا بەر لە رۆژھەڵات دانیان بەم مافەدا ناوەو قسەکردن و خوێندن بە مافی زمانی دایک دەزانن، لێرەدا گەر بڕوانینە وڵاتێکی وەک بەریتانیا زمانی نەتەوەکەی ئینگلیزییە و زمانی دەربڕینی زانستە، قسەکەرێکی وێڵزیی ھەم بە ئینگلیزی دەنووسێت، ھەمیش بە وێڵزی، لە کەنەدا و بەلجیکا و تەنانەت فەرانسا‌ش بەھەمان شێوە، بۆ نموونە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا فەرەنسییەکان، زمانی برۆتۆنی و کەمینەکانی دیکەیان بە کەمزانیوە، کەچی ئێستا لە دوورگەی کۆرس سیاسییەکانیان بە زمانی خۆیان دەدوێن و گوتارەکانیان پێشکەشدەکەن، ھەروەھا لە ھەندێ شوێنی رۆژھەڵاتیش بەھەمانشێوە مافی قسەکردن و نووسین و بیرکردنەوە بە زمانی دایک بە ھاووڵاتیانیان دراوە، بەمپێیە زمان شوناسی تاکەو روانگەکانی تاک لەڕووی بیرو ئەزموونەوە بۆ ناو کۆمەڵگە دەگوێزێتەوەو دەبێتە بنەمایەک بۆ خوێندنەوەیەکی ھاوبەشی مێژوو، پەروەردە، زانست، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، ھەروەک بێرگێر و لۆکمانیش ئەوەیان سەلماندووە کە زمان بەھۆی توانای بڕینی کات و شوێنەوە دەتوانێت ئێستاو مێژووی مرۆڤەکان پێکەوە ببەستێتەوەو ببێتە بنەمایەکی پێکھاتنی شوناسی نەتەوەیی.

پەیوەست بەم راستییە زانستییە، زمان بۆ زانست و پەروەردەو کەلتوور و کۆمەڵگە گرنگ و پڕ بایەخە و مرۆڤ لە رێگای زمانی دایکییەوە توانای دەربڕینی ھەست و بیروبۆچون و توانای فرەپەیوەندی ھەیەو دەبێت، ھەروەک فرۆید دەڵێت " مرۆڤ دەتوانێت لە رێگای زمانی دایکەوە بۆچوون و ھەستی راستەقینەی خۆی ھەمبەر بە جیھان دەرببڕێت"، لە جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤیشدا خوێندن بە زمانی دایک لە (ماددەی ٢) دا، بە مافیکی مرۆیی جەختیلێکراوەتەوە، ھەروەھا لە دەستوری ھەمیشەیی عێراق لەساڵی ٢٠٠٥ زمانی کوردی بە زمانی فەرمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەکلاییکراوەتەوە، بەمپێیە ئەگەر لەڕووی یاساییەوە ئاستەنگێکمان نەبێت، ئەوا لەڕووی کردارییەوە پێویستە پتر بایەخ بە زمانەکەمان بدەین و بیناسێنین، کە ئەمەش بەرلە ھەرشت لەڕێگەی بایەخدان بە زمانی دایک لەلایەن ھەردوو وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەبێت، ھەروەک گرنگیدان بە دانانی فەرھەنگ، خوێندنی زمانی کوردی لە خوێندنگەو پەیمانگاو زانکۆکان و بایەخدان بە وەرگێڕان و ھاندان بۆ خوێندنەوەو نووسینی کوردی فەراھەمدەبێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خاتوو پلاسخارت زووتریش وەک دۆستێکی دڵسۆزی گەلی کوردستان و بەرپرسیاریەتیە نێودەوڵەتیەکەشی چەند جارێکی تر ھۆشداری دابوە لایەنە کوردستانیەکان، بەڵام کاتێک کە راسپاردە و ئامۆژگارییەکانی دادنادەن، بەو شێوەیە و لەسەر بڵندترین سەکۆی سیاسەتی جیھانی ڕەخنە لە ھەرێم و ھەردوو ھێزە دەسەڵاتدارەکە دەگرێ. 

دیارە ئەگەر ئەو رەخنەگرتنەشی سودی نەبێ و بەخۆداچوونەیەوەکی سەرلەبەر نەکرێ، ئەگەری لە گرێژنە چوونی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە گوینە.

ئێستا کاتی تومەت بەخشینەوە و ئۆباڵ خستنە پاڵ یەکتری نییە و لەھەمان کاتیشدا ھێشتا دەرفەت ماوە و نابێ لە دەست بدرێ، بەڵام ئەگەر پرسیار لە بەندە بکرێ کێ ھۆکاری دروستبوونی ئەو بارودۆخەیە؟

لە وەڵامدا کەمترین شت کە دەبێ بیلێم: ھەژموون و جومگەکانی دەسەڵات لای کام ھێزن ئۆباڵی سەرەکی و ئەرکی چارەسەرکردنیشی بە پلەی یەکەم ھەر لە ئەستۆی ئەون. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ھەموو لایەنەکان ھەر یەکەو بەپێی راددەی بەرپرسیاریەتیەکەی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و بەھێز کردنەوەی قەوارە و پێگەی حکومەتی ھەرێم بێنەوە مەیدان.

ئەوەی پلاسخارت گوتی زەنگێکی مەترسیدارە و زۆر لایەنی ھەرێمی و نێودەوڵەتیش چارەی کوردستانیان ناوێ، بۆیە ھۆشیاربونەوە و ئاگاداربوون ئەرکن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...1213141516...20