وتاروتار

بەرلەوەی ٢٠/٥/٢٠١٣ کە لەلایەن ئەنجومەنی ئەوسای سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە رۆژی ٢١/١١ وەک رۆژی شەھیدانی یەکێتی پەسەند بکرێت، پرسی گەڵاڵەکردنی رێسایەکی تایبەت بە رۆژی شەھیدان لە ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی و دەزگای شەھیدان و مەکتەبی رێکخستن تاوتوێکرا و کۆدەنگیەک لەسەر دیاریکردنی رۆژێک بۆ شەھیدانی یەکێتی ھەبوو، دواجار لە ئەنجومەنی ناوەندی رەشنووسی رێسایەک پێشکەش بە مەکتەبی سیاسی کرا.

ھۆکاری سەرەکی بۆ دیاریکردنی رۆژی شەھیدانیەکێتێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەرکی جێبەجێکردنی مەراسیمی تایبەت و شایستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ (٢٦) ھەزار شەھیدی نەمر لەلایەن ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی یەکێتییەوە ئاسان نەبوو، چونکە رۆژانە لە دێھات، شارۆچکە، شارە جیاوازەکان چەندین مەراسیمی تایبەت بە یادی شەھیدان ئەنجام دەدران. ھەندێ مەراسیم بەپێی نزیکی جوگرافی لە ئۆرگانە باڵاکان وەکو مەکتەبی سیاسی، یان ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکران، ھەندێ مەراسیمی دیکە بەھۆی دوری سنوری جوگرافی لە ئۆرگانی باڵا، لەلایەن ئۆرگانەکانی خوارەوە دەکران وەکو مەڵبەند و کۆمیتەکان.

ھەندێ جاریش بەبێ ئاگاداری ئۆرگانە حزبییە کان، مەراسیمی یادی ھەندێ شەھیدی نەمر  تەنھا لەلایەن کەس و کاری شەھیدانەوە سازدەکران، ئەمەش رەخنەو گازندەی بەدوای خۆیدا دەھێنا و پرسیاری ئەوە دروست دەبوو، بۆچی ھەندێ مەراسیم لەسەر ئاستی باڵا و ھەندێ مەراسیمی دیکە لەسەر ئاستی خوارەوە و ھەندێ مەراسیمی تریش لەلایەن کەس و کاری شەھیدانەوە ئەنجامدەدرێن؟ لەلایەکی دیکەوە، روماڵکردنی مەراسیمەکان لەلایەن راگەیاندنی (ی.ن.ک) وە رەخنەی لێدەگیرا، چونکە لە توانای راگەیاندنەکەدا نەبوو کە بتوانێت ھەموو مەراسیمەکان راستەوخۆ پەخش بکات، ھۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەگەر (٢٦) ھەزار دابەشی رۆژەکانی ساڵ بکەین، دەبوایە رۆژانە مەراسیم بۆ یادی زیاتر لە (٧٠) شەھیدی نەمر بکرێت.

ھەندێجار راپۆرتێک لەسەر مەراسیمەکە بڵاودەکرایەوە، ھەندێ جاریش تەنھا بە ھەواڵێک باس لە یادەکە دەکرا، جاری واش ھەبوو کە بەھۆی زۆری یادەکان و نەبوونی ھەماھەنگی پێویست لەنێوان ئۆرگانە حزبییەکان و راگەیاندن و نەبوونی تیمی پێویست ھەموو مەراسیمەکان روماڵ نەدەکران، ئەمەش دیسانەوە نیگەرانی کەس و کاری شەھیدانی لێ دەکەوتەوە یان نیگەرانی مەڵبەند و کۆمیتەکانی ئەو سنورەی لێ دەکەوتەوە و پرسیاری ئەوەیان دەکرد، بۆچی بۆ ھەندێ مەراسیم بەرپرسە باڵاکان بەشداری تیادا دەکەن، بۆ ھەندێکی دیکە لە ئاستی پلە خوار بەشداری دەکەن؟ بۆچی ھەندێ مەراسیم راستەوخۆ پەخش دەکرێت، ھەندێ مەراسیم تەنھا راپۆرتێک یان ھەواڵێک لەسەری بڵاودەکرێتەوە؟ لەبەر ئەم ھۆکارانە و ھەندێ ھۆکاری دیکە، بیر لەوەکرایەوە کە رۆژێکی تایبەت بە یادی ھەموو شەھیدانی (ی.ن.ک) دیاری بکرێت بۆ ئەوەی ھەموو خانەوادە سەربەرزەکانی شەھیدان ھەست بە یەکسانی بکەن و بە بێ جیاوازی ئۆرگان و پلە و سنوری جوگرافی بەشداری لە مەراسیمی یادکردنەوەی کەس و کاری خۆیاندا بکەن و ھەموو ئۆرگانەکان و ھەڤاڵانی یەکێتیش لەو رۆژەدا بەبێ جیاوازی ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵێنی وەفاداری بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەرببڕن.

ئەگەرنا ھەموو رۆژێکی ساڵ بۆ یەکێتییەکان ھەر رۆژی شەھیدانە، چونکە ھیچ رۆژێک تێپەڕ نابێت، کە لەو رۆژەدا ھەڤاڵێک یان چەندین ھەڤاڵ، ھەندێ رۆژیش دەیان ھەڤاڵی نەمر، بە گیانی خۆیان شاباشی رزگاری یان نەدابێت.

ھیچ گوندێک، شاخێک، لوتکەیەک، ئەشکەوتێک، پێدەشتی گەرمیان و کوێستانێکی ئەم وڵاتە نییە قارەمانە نەمرەکانی یەکێتی پەیامی شەھیدستانیان پێنەگەیاندبێت.

ھیچ گەرەک و شەقام و کۆڵانێکی شارەکانی ئەم وڵاتە نەماوە قارەمانەکانی یەکێتی دەیانجار بە خوێنی خۆیان ئاویان نەدابێت.
ھیچ زیندانێکی سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو نەمابوو نیشتمانپەروەرەکانی یەکێتی لەبەردەم پەتی سێدارە پەیامی (کەم ژیان و کەڵ ژیان) یان بە گوێچکەی جەلادەکانی ئەو سەردەمە نەگەیاندبێت.

بۆیە ھەموو رۆژێکی ساڵا بۆ یەکێتییەکان و بۆ گەلەکەمان رۆژی شەھیدانە.

رۆژی ٢١/١١ یش رۆژی دەربڕینی وەفاو بەڵێن تازەکردنەوەیە بۆ گیانی پاکی شەھیدان کە درێژە بە رێبازە پیرۆزەکەیان بدەین.
٢٠/١١/٢٠٢٣

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەورەشار یان مێترۆپۆلیس ( Metroplis) ناوێکە کە بۆ شارە گەورە و پڕ دانیشتووەکان بە کار دێت. گەورە شارەکان لە شارێکی ناوەندی و چەند شاری بچووکتری دەوەرووبەریان پێک ھاتوون. گەورە شارەکان گرینگی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و کلتووری زۆریان ھەیە و وەکوو ناوچەی گرینگی بازرگانی ھەر وڵاتێک ھەژمار دەکرێن، ھەروەھا گەورە شارەکان ناوەندی وەرزشی، کلتووری، فێرکاری و گەشتیاری زۆریان تێدایە و بەو ھۆیەشەوە میوان و گەشتیار لە زۆری شار و وڵاتانی تر ڕووی لێ دەکەن .


شاری کەلار لەئێستادا شارێکی گەورەیە لە ھەرێمی کوردستان جوگرافیای شارەکە لەسەر کەناری ڕووباری سیروان ھەڵکەوتووە، شارێکی نوێی یە، تا سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو گوزارشت بوو لە دێیەک بەناوی کەلاری کۆن کە ئێستا یەکێکە لەگەڕەکانی شارەکە، ھەرچەندە لەسەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردو مەرکەزی ناحیەی قەڵای شێروانە بووە،شاری کەلار، کە سەنتەری قەزای کەلارە و ئێستا بە ناوەندی ئیدارەی گەرمیان  دەناسرێت، لە ماوەیەکی کورتدا گەشەکردنێکی زۆر و خێرای بەخۆیەوە دیوە، بەتایبەت لەماوەی ساڵانی ١٩٧٧ ھەتا ١٩٨٧ کە بەرزترین ڕێژەی گەشەکردنی ساڵانەی دانیشتووانی تۆمارکردووە، 

بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان لەئێستادا ژمارەی دانیشتووانی شاری کەلار بە زیاتر لە۳۰۰٠٠٠ سێ سەد ھەزار کەس دەخەمڵێندرێت.


کەلار خاوەن باشترین شوێنی ستراتیژیە لەکوردستان و عێراق چونکە باکور و باشور و ڕۆژئاوا پێکەوە دەبەستێتەوە .
شاری کەلار بەدووری ١٤٠ کم دەکەوێتە باشووری شاری سلێمانیەوە .بەدووری ٩٠کم باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری کەرکوکە، ١٨٠ کم دوورە لەباکووری شاری بەغدادی پایتەختی عێراق ٣٥ کم

ھاوکات سنوری وڵاتی ئێرانە و  لە  سنووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان دوورە و لەو دیوە لەگەڵ قەسری شیرین ھاوسنوورە.

ئەوەی دەبینین لە ئێستادا لە شاری کەلار ڕوودەدات وەکو زۆربوونی پرۆژەی نیشتەجێ بوون و بازرگانی و گەشتیاری .... ھتد ، شاری کەلار زۆر زیاتر پێویستی بەوە ھەیە خزمەت بکرێت و پرۆژەی زیاتری تێیدا ئەنجام بدرێت چونکە دانیشتوانی شاری کەلار تینووی ئەوەن شارەکە پەرەبسنێت و گەورەتر بێت .


ناوچەکە لەچەندین لایەنەوە خاوەن پێشکەوتنە لەڕووی وەرزشیەوە سەیربکەین خاوەن یانەیەکی وەرزشیە بەناوی یانەی شێروانە و چەندین یاریگا و یاریزانی ئاست بەرز و لەھەمانکاتدا بەوەناسراوە ناوچەیەکی تایبەتەلەڕووی ھاندەری وەرزشیەوە کە خاوەن ھەزاران ھاندەری زۆری وەرزشیە و بەتایبەت لەتۆپی پێدا.

لە ڕووی وەبەرھێنانەوە بەتایبەت پرۆژەکانی نیشتەجێ بوونەوە بەردەوام لەزیادبوندایە لەئێستادا زیاتر لە چواردە پرۆژەی نیشتەجێ بوون لە جێ بەجێ کردندایە لەھەمان کاتدا بەردەوام خواستی زیاتر ھەیە لەسەر پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون بۆیە ئەم شارە لە گەورەبوندایە بەپێ خواستی یەکەکانی نیشتەجێ بوون .

لەڕووی بازرگانیەوە بەھەمان شێوەی پرۆژەی نیشتەجێ بوون لە زۆربوندایە پرۆژە بازرگانیەکان  وەک و کارگە و ناوچە پیشەسازیەکانەوە بەڵام ھێشتا بەپێی خواست و پێداویستیەکانی ھاوڵاتیانی شاری کەلار نیە بۆیە دەکرێت چەندین مۆڵی گەورەتری بازرگانی لەشارەکە بکرێتەوە .

بەتایبەتی بەھۆی نزیکی مەرزی پەروێزخان لەشاری کەلار وای کردووە کەلار ببێتە سەنتەرێکی گەورەی بازرگانی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ووڵاتی ئێران و ووڵاتی عێراق .

وە ھەروەھا بەنمونە ئەگەر سەیری  ڤیستیڤاڵی بازاڕ بکەین  لەم چەند ڕۆژەی دوایی  دەبینین خەڵکێکی زۆر تامەزرۆی ئەوەن سەردانی بکەن بەجۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لەکەلار و گەرمیان و تەنانەت ناوچەکانی دیالە وشارەکانی ترەوە پێشوازی لێ دەکەن کە ئەمەش وادەکات کەلار دەبێت زیاتر پەرەبسێنێت و گەورەتربێت .

بۆیە ئەمانە دەرخەری ئەوەن  شاری کەلار دەخوازێت ببێتە گەورە شار و دوای چەند ساڵێکی تر دەبێتە گەورەترین شاری ئابوری و گەشتیاری لەھەرێمی کوردستان و ووڵاتی عێراق .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دنیای شێواو و پڕ پێکدادانی ئەمڕۆدا، بونی روناکی بە ئەستەم ھەستی پێدەکرێت، بەڵام لە کۆتایی تونێلە تاریکەکەدا تروسکاییەک ھەر دەبینرێت، کە دەبێت بە دیپلۆماسیەت و ئامرازەکانی پەیوەندی، کار لەسەر فراوانکردن و بەھێزکردنی تیشکەکەی بکرێت، ئەو سیاسەتە سەرۆک کۆماری عیراق کاری لەسەردەکات و لەگەڵ قەداسەتی پاپای ڤاتیکان ھەنگاوێکی گەورەی بۆ دەنێت.

رۆژی ھەینییە و ١٧-١١-٢٠٢٣یە، د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار و خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق بەرەو ڤاتیکان کەوتنەڕێ، دوو غەمی گەورەیان لەنێو جانتای دیپلۆماسییەت ھەڵگرتبو، ھەردووکی دۆسیەی گرنگی رۆژن، خۆرھەڵات و خۆرئاوا، باکور و باشوری زەوی سەرقاڵکردوە، ھەردووکی پەیوەندیان بە ژیانی مرۆڤایەتییەوە ھەیە. شەڕ و ماڵوێرانییەکەی، ئاشتی و پێکەوەژیان.

پاش گەیشتنی سەرۆک و خانمی یەکەم و ستافی یاوەریان بە ئیتاڵیا و پشویەکی کورت، دوا ئامادەکاری بۆ دیداری لوتکە ئەنجامدرا، دیدارێک لە ترۆپکی دیپلۆماسییەت و پەیوەندی نێودەوڵەتی، کە سەردەمانێکی دورودرێژە بۆتە کاری لەپێشینەی سەرۆک کۆمار و لەنێو رێڕەوە پێچاوپێچەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بیرۆکە و تێڕوانینەکانی دەخاتەڕو.
پاش شەوێک لە پشودان، رۆژی دواتر "شەممە" وادەی دیدار ھاتەپێشەوە، سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم لەنێو کۆشکی پاپادا دیداریان لەگەڵ پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان دەستیپێکرد.
لەم دیدارەدا وێنە گشتییەکە پتەوکردنی پەیوەندی عیراق "خاکی ئایینە ئیبراھیمییەکان" و ڤاتیکان "ناوەندی باڵای ئایینی مەسیحییەت" بوو، چەسپاندنی زیاتری رایەڵەکانی دیپلۆماسییەت و پێکەوەکارکردن بوو.

لە وردکردنەوەی وێنەکەدا، بایەخدان بە مرۆڤ، ھەوڵدان بۆ دورخستنەوەی جەنگ و پشێوی، سنوردانان بۆ نەھامەتییەکان، گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ ئەوانەی بێئومێدبون، دەبینرێت.

سەرۆک کۆمار بۆ پاپای دوپاتکردەوە، کە سەرۆکایەتی کۆمار کۆکەرەوەی ھەموو عیراقییەکانە، پارێزەری ھەموو ئایین و پێکھاتە و نەتەوە جیاوازەکانە، رەنگدانەوەی فرەیی کۆمەڵگەیە. سیاسەتی سەرۆکایەتیکردنی وڵات، وێناکردنی ئەسڵ و بنەمای مرۆڤایەتیی عیراقییەکانە، ئەو نەھجەش بەردەوام دەبێت بەو ئومێدەی چیتر نەھامەتی و کارەساتەکانی رابردو، روو لە نیشتمانەکەمان نەکاتەوە.

سەرۆک کۆمار تەنھا غەمی عیراقییەکانی بە پاپا نەگەیاند، بەڵکو ھاواری ھەموو ئەو منداڵ و ژن و کەسە بە تەمەنانەی پێگەیاند، کە بەھۆی جەنگ و شەڕ و ئاشوبەوە، بە تایبەت لە فەڵەستین، ژیانیان سەرتاپا بوە بە کارەسات و ماڵوێرانی.

جگە لەو دیدارە لوتکەیە، سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم چاویان بە پیترۆ پاولین سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان کەوت.

لە پاش گەشتێکی دیپلۆماسیی ٢٤ سەعاتی، سەرۆک کۆمار گەڕایەوە بۆ وڵات، خۆ ئەوە تەنھا ٢٤ سەعاتی کارکردنی سەرۆک نییە، بەڵکو بە درێژایی زۆربەی سەعاتەکانی رۆژ و شەو، لە راییکردنی ئەرکەکانی بەردەوامە، لە ناوەوە و دەرەوە لە پەیوەندی و دیدار و کۆبونەوەدایە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"تێڕوانین و ھەڵوێست" لە نوسینی د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عێراق بە ھەرسێ بەرگی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، پاش ھەوڵ و ماندوبونێکی زۆر ئێستا ساز و ئامادەیە و لەبەردەم خوێنەرانیدایە.

ئەم کتێبە کۆمەڵێک پرس لەخۆدەگرێت: کات و شوێنی روداوی سیاسی، ئابوری، حزبی و پرسی کارگێڕی.

لە ھەموو ئەم پرسانەدا، تێڕوانین و ھەڵوێست لەچوارچێوەی وتار و نامە و ناوەڕۆکی کۆبونەوەدا خراونەتەڕوو، جەختیش لە کارکردنی پێکەوەیی کراوەتەوە، بۆ سەرکەوتن بەسەر ھەر قەیران و گرفتێک کە دێنەپێش.

ئەم کتێبە وەک نوسەر جەختی لەسەردەکاتەوە، تەنھا لەبەر خواست و ویستی بڵاوکردنەوە و بوونی کتێبێک نییە، بەڵکو دەیەوێت ببێتە سەرچاوەیەک بۆ ئەو توێژەر و خوێندکارانەشی، کە لە بواری ئەکادیمیدا توێژینەوە دەکەن، بێگومان سەرچاوەیەکی پڕبایەخیش دەبێت بۆ تێگەیشتن لەو رووداوانەی پەیوەستن بە دۆخی سیاسی، ئابوری، حزبی و ئیداری جیاواز لەماوەی کارکردنی بێ وچانی نوسەردا و رووداوەکانی بە ئەمانەتەوە باسکردووە.

بەڕێز د.لەتیف جەمال رەشید لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا بڕیاردەدات لە کارکردن بەردەوام بێت، دەستدەکات بە کۆکردنەوە و پێداچوونەوە و پۆلێنکردنی ئەم ئارشیفە، کە بە چەند نمونەیەکی کەم لە بڕێکی زۆر بابەت وەسفی دەکات، ئومێدەواریشە لە کتێبەکانی داھاتوودا وەک ئەم کتێبە کۆیانبکاتەوە و بە ھەمانشێوە بیانخاتەوە خزمەت خوێنەران و توێژەران و خوێندکاران.

لەبارەی دۆسێی نەوت و غازی کوردستان و دەرھاویشتەکانی بەوردی تێڕوانین و ھەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەم دۆسیە ھەستیارە خستۆتەڕوو.

لە بەرگە کوردییەکەی کتێبەکەدا، سەرۆک کۆماری عێراق باس لە خەونی گەلی کوردستان دەکات بەتایبەت لەدوای روخانی رژێمی بەعس، کە چۆن خواستی ئەوەی ھەبوو لە عێراقێکی فیدرالی دیموکراتی ئازاددا ژیانێکی شایستە بژی، بەڵام رووداوەکانی دوای ئەو مێژووە، رێڕەوی خەونەکەی گۆڕیوە و نەھامەتی گەلی کوردستان لەڕووی بژێوی و دابینکردنی ژیان و قوتی رۆژانەیەوە زەحمەتتر بووە.

ھەروەھا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە ئەرک و بەرپرسیارێتی حزبی داوە، بەتایبەت لەنێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.

بەشێکی دیکەی کتێبەکەی تەرخانکردوە بۆ پرسی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، لەوێدا بەشێک لەو بابەتانە بڵاوکراونەتەوە، کە لەو چوارچێوەیەدا ھەبوون.
بەشێکی دیکەی کتێبەکە، گەڕانەوەیە بۆ دۆسیە گرنگەکانی ھەڵبژاردن، دەرئەنجامەکانی، چۆنێتی کارکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی.
ھەروەھا ئەو بابەت و وتار و دیدارە رۆژنامەوانیانەی لە ساڵانی رابردودا لە رۆژنامە و گۆڤاردا بڵاویکردونەتەوە، نمونەی لە کتێبەکەدا بڵاوکردۆتەوە و نێوەڕۆک و پرسی گرنگی رۆژگاری لەخۆگرتوە.

دیپلۆماسیەت و کارکردنی نێودەوڵەتی، وێستگەیەکی گرنگی ژیانی سیاسی و کاری رێکخراوەیی سەرۆک کۆمارە.
د.لەتیف جەمال رەشید لە جیھانی کارکردنی نێودەوڵەتی و وێستگە جیاجیاکاندا، ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاوازی لەئەستۆدا بووە، لە بەھێزکردنی پردی پەیوەندی و بنیاتنان و دروستکردنی کۆدەنگی بۆ دۆزی رەوای کورد لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دواتریش لە گەشەپێدانی عیراقدا، ھەوڵ و تێکۆشانی زۆری دیپلۆماسی ھەبوە، ئێستاش لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماردا درێژەی پێدەدات.

ھەروەھا لە خاڵە گرنگ و جەوھەرییەکانی دیکەی کارکردنی سەرۆک کۆمار، پرسی ئاو، پاراستنی سروشت، ژینگە، دابینکردنی خۆراک، وزەی پاک و ئابورییە لە عیراقدا ھەر لە زاخۆوە تا فاو.

لەم پرسە گرنگانەی پەیوەست بە تاک بە تاکی ھاووڵاتیان، سەرۆک کۆمار لە ھەموو گۆشەیەکەوە قەیران و کێشە و گرفتەکانی خستۆتەڕوو، شیکردنەوەی بۆ کردون، ھۆکارەکانی دەستنیشانکردوە، لەگەڵ ئەوەشدا رێگاچارەی دیاری کردوە.

ئەم بابەتانە بۆ ئێستا و ئایندەی وڵات، پرسی جددین، بۆ بەردەوام بوونی ژیانیش لە ژینگەیەکی تەندروست و گونجاودا، دەبێت کارکردن لەسەریان و ھەنگاونان بە ئاراستەی زوو چارەسەرکردنیان، لەئێستاوە دەستپێبکرێت و نەخرێنە سبەینێ.

لە بەشی کۆتایی بەرگە کوردییەکەشدا، بەڕێز سەرۆک کۆمار، وێنە و دۆکیومێنتی لەبارەی کار و چالاکییەکانی و کارکردنی لە وێستگە و قۆناغە جیاوازەکاندا بڵاوکردۆتەوە.

لە کۆتاییشدا وەک ئەوەی نوسەر و رۆژنامەنوس ئیسماعیل زایەر دەڵێت: دکتۆر عەبدوللەتیف رەشید، ھاووڵاتییەکی جیھانییە بە تامی کوردستانی عیراق.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەرئەنجام خاپور بوون و کاولکارییەکی زۆر لەو ناوچانەدا کە جەنگی لێ ڕوودەدات بەجێ دەمێنێت، ئەمەش وادەکات ئاوارە و پەنابەرێکی زۆر ڕوو لەو ناوچانە بکەن کە کاریگەرییەکانیان کەمتر پێوە دیارە یاخود دەستی جەنگیان نەگەیشتوەتێ.
جگە لەوەی ئەو ناوچانەی خاپور دەبن پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە دەبێت و ئەوەش پێویستی بە توانایەکی لەڕادەبەدەری مادی و کارکردنێکی دەیان هێندەی توانای بەکار هاتووە بۆ خاپورکردنیان، دەبێت.

جگە لەمانە و لە نێو ڕزگاربووان لەدەستی جەنگ و کاولکاری بە دەیان جۆری جیاواز کەمئەندامبوونی جەستەیی و تراوما و ترسی نەبڕاوەی چەندین وەچەی دوای خۆیان دەناڵێنن(بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەنی دەرونی، ئەو کەسانەی لە جەنگ ڕزگاریان دەبێت، وەچەکانیان هەڵگری هەمان جۆرەکانی کێشەی دەرونین کە جەنگ بۆی دروست کردوون بە ڕێژەی جیاواز)، لەنێو ئەمانیشدا زەرەرمەندی سەرەکی ژنان و منداڵانن، بە کوشتن یاخود کەمئەندامبوون یاخود بەکارهێنانیان وەک جەستەیەکی ڕووت یان بێ گیان و لەسەر شانی کەسانێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جیهان و پشتگیری کردن بۆ لایەنێکی دیاریکراو.

لە چەند کاتژمێری ڕابردودا ئەمەمان بە ڕوونی لە پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەلایەک و بۆردومانەکانی ڕۆژئاوا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەلایەکی دیکەوە بینی و پێشهاتەکان پێمان دەڵێن زیاتریش دەبینین.

ژنان وەک جەستە
بەکارهێنانی ژنان وەک کەرەستەیەک لە جەنگدا مێژویەکی دێرینی هەیە، گەر بڵێین لەسەرەتای مرۆڤایەتیەوە بەردەوامە تاکوو ئێستا حاشاهەڵنەگرە، ئەم بەکارهێنانە دەیان جۆر و ناوی هەبووە، ئەوەی بە زاکیرەی ئێمە ئاشنایە و نوێترینە غەنیمە و سەبایا و بە کۆیلەکردن و بە دیل گرتنە، بەڵام دەستدرێژی سێکسی لە دیارترین ئاکارەکانە کە لە کاتی جەنگەکان و دوای جەنگەکان بەسەر جەستەی ژندا دەهێنرێت بە زیندوێتی بێت یان مردوێتی.

دەیان نمونەمان بۆ ئەم ئاکارە هەیە، وەک: ژنانی چێژ لە یابان(کە ژنانێکی بە کۆیلە کراو بوون و وەک لەشفرۆش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا و بەدرێژایی جەنگی جیهانیی دووەم)، دەستدرێژی بەکۆمەڵ لە بۆسنە (کە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدرا بۆ لەناوبردنی ڕەچەڵەکێکی دیاریکراو)، کەوتنی نازییەت و ڕزگارکردنی ئەڵمانیا، نزیکترینیان بە سەبایا کردنی کچانی ئێزیدی بوو لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش.

بە کەرەستەکردنی ژنان لەوێدا ناوەستێت کە جەستەی بێ ڕۆحیان ڕۆژانە نیشانمان بردێتەوە بەڵکوو درێژە دەکێشێت بۆ ساڵانێکی زۆر دوای تەواوبوونی جەنگەکان و بۆ ڕەوایەتی دان بە کۆمەڵێک ئاکار کە لە جەنگەکاندا پەیڕەو کراون یان گیراونەتە بەر.
بەشێک لەم ئاکارە پەیوەندیدارە بەوەی کە دەستدرێژی سێکسی لە جەنگەکاندا بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێت(ئەویش دوای لێکۆڵینەوەی دەیان ساڵە و لە زۆربەی کاتەکاندا ناتوانرێت بسەلمێنرێت، یاخود پرۆسێسی دادگاییکردنەکان نزیکن لە بەکۆتا نەگەیشتن تا بەکۆتا گەیشتن و سزادانی تاوانباران).

بەڵام لە بەشی زۆری کاتەکاندا بەکاردێن بۆ دروستکردنی پاڵپشتی و ڕاکێشانی سۆز و سەرنجی دونیا لە بەرژەوەندی لایەکی دیاریکراو.

هەموو ئەم هەوڵانە گەر لە پێناوی وەستاندنی جەنگ و بەرقەرارکردنی ئاشتی بێت(گەر کاتیشبێت) هێشتا دەکرێت قبوڵکراوبێت، بەڵام گرفت کاتێکە کە کارەکان هیچکات نەگەیشتونەتە ئاستی ئەوەی کە ئەم جۆرە ئاکارانە و دەیان جۆری ئاکاری دیکە دوبارە نەبنەوە(لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی کەمبونەوەی ڕێژەکان کەم تا زۆر).

لە دەیان قۆناغی دیکەدا ژنان دەبنە زەرەرمەندی یەکەم، بە نمونە لەکاتی ئاوارە بوون و نەهامەتییەکانی دوای جەنگ یەکەم شت کە لەناو دەچێت گرنگیدانە بە لایەنە تەندروستییەکانی ژنان کە خۆی لە بچوکترین خزمەتگوزاری و سادەترینیان دەبینێتەوە تا گەورەترینیان، وەک دەستڕاگەیشتن بە سانتی یان دەرمانی ئازارشکێن لە سوڕی مانگانەدا یان پێداویستی پاک ڕاگرتنی جەستە و چارەسەری ئەو جۆرە نەخۆشیانەی ژنان ڕوبەڕویان دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دەیان جۆر نەخۆشی و دەردەداری کە لە کۆتاییدا و دوای تێپەڕاندنی هەموو دۆخەکان تەنیا ژنانن کە بەدەست ئەو ئازارانەوە دەناڵێنن کە ئێستاکە بۆمان شتێکی زۆر بچوک و شایەنی باسیش نییە، بەڵام کاتێک ژنان ناتوانن و کەرەستەی پێویستیان لەبەردەست نییە لە کاتی سوڕی مانگانەدا، ڕوبەڕوی دەیان جۆری جیاواز لە بەکتریا و ڤایرۆسەکان دەبنەوە کە دۆخی خراپ و نەبوونی کەرەستەی سەرەتایی بۆ لەناوبردنیان وادەکات لە کاتێکی زۆر کەمدا گەشەیەکی زۆر خێرا و سەیر بکەن و ببنە نەخۆشییەکی درێژخایەن و تاهەتایە لە کۆڵی ئەو ژنانە نەبنەوە و سەر بکێشن بۆ نەخۆشی دیکە کە بەشێکیان جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدانە.

یەکێکی دیکە لە دیاردە دزێوەکانی ناو کەمپەکان لە دوای جەنگەکان ڕوودەدەن بەکارهێنانی دەستی کاری ژنانە کە دانیشتوی کەمپەکانن بە کرێیەکی کەمتر لەوەی شایستەیانە بۆ ئەو کارە ناوخۆییانەی نزیکی کامپەکانن، بۆ ئەمەش دەیان جۆر نمونەی دیار و جیهانیمان هەیە لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەکارهێنانی ناشایستەی دەستی کاری ئاوارەکان لە سەرتاسەری جیگاندا، بەتایبەت ژنانێک کە منداڵیان هەیە و تەنیا ماونەتەوە و پێویستیەکانیان زۆر زیاترە لەوەی کە دەتوانرێت لە ڕێی ڕێکخراوەکانەوە بۆیان دابین بکرێت.

ئەم ژن و کچانە بەکار دێن لەو هەلیکارانەی کە دەکەونە نزیک کامپەکان، وەک بیناسازی و کشتوکاڵ و چەند جۆرێکی دیکەی کار، کاری قورس و شایستەیەکی کەم کە هەندێک کات ڕۆژێکی تەواو کار دەکەن تەنیا بە بەرامبەری ٥ دۆلار.
بەکارهێنانی توانای ژنان لە بونیادنانەوە و دروستکردنەوەی شارە خاپورەکان یەکێکی دیکەیە لەو ئەرکە قورسانەی دەکەوێتە ئەستۆی ژنان، کاتێک ژنانێک دەبینین دوای جەنگەکان تەنیا خۆیان و منداڵەکانیان لە ژیاندا ماون بەڵام پرۆژەی بچوکی وەبەرهێنان دروست دەکەن و هەلی کار بۆ خۆیان کەسانێکی دیکە دروست دەکەن بەڵام ڕوبەڕووی دەیان جۆر ڕێگری و بەربەست دەبنەوە بەهۆی ڕوانینی باوی کۆمەڵگای دوای جەنگەکان یاخود بەکارهێنانەوەی ئەو یاسایانەی کە کورتبینانە لە کاتی خۆیدا نوسراونەتەوە و ئێستا دوبارە کاریان پێ دەکرێت، بە نمونە وەک خاوەن کار ڕەنگە نەتوانن خۆیان بناسێنن لە ترسی بەکارهێنانەوەیان وەک کەرەستە و ئیستغلالکردنیان، بۆیە پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی ناوی پیاوێک کە زۆرینەی جارەکان ئەم کارە بەشێک لە داهاتیان لەدەست دەدات و وادەکات خاوەنداریەتی تەواوی کارەکەیان نەکەن.

مرۆڤایەتی هەمیشە و لەگەڵ دۆخە جیاوازەکاندا پێویستی بە پێداچونەوە هەیە بەو بابەتانەی باوەڕی پێیان هێناوە و وەک پرەنسیپ کاریان لەسەر دەکات، کە ئەمە بەشێکە لە کاری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەمیشە پرۆتۆکۆلی نویی هەیە بۆ پاکێجی مافی مرۆڤ و کار لەسەر نوێکردنەوەی باوەڕی گشتی دەکات و ڕێگەی نوێ هەڵدەبژێرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دیاردەکان، ڕەنگە لە داهاتوودا و دوبارە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێویستی بە پێداچونەوە هەبێ بە بیر و باوەڕەکانیدا دەربارەی شەڕ و جەنگەکان. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

‎واجبی ئەوانە پاداشتێکی بچوکی ھەڵەبجە بدەنەوە.

‎نەک تەنھا عیراق، ئەرکی کۆمەڵی نێودەوڵەتیشە چاویان لە ھەڵەبجەو خەڵکی قوربانی شارەزوور بێت، چونکە تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر خەڵکەکە ئەنجامدرا بەبەرچاوی ئەوانەوە.

‎ھێشتا بریندارەکانی کیمیاباران چارەسەر نەکراون، ھێشتا ونبوەکان نەدۆزراونەتەوە، ھێشتا ناسنامەی سەدان کەسی کیمیابارانی ھەڵەبجە ونە.

‎بە پارێزگابونی ھەڵەبجە ئەرکەو لە ئەستۆی پەرلەمان و حکومەتی عیراقە، دوای ئەوەش پرسی قەرەبوکردنەوەی خەڵکەکە دۆسیەیەکە دەبێت حکومەتی کوردستان بیکاتە بابەتی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عیراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەورەترین ئاواتی میللی گەلەکەمان تەبایی و یەکێتیی ناوخۆییە کە بۆتە خەونی شاعیرانە تەنھا لە دێرەکاندا باس دەکرێت؛ یان وەک سلۆگان ماوەتەوەو لە بواری کرداریدا بێ ووزەیە و ئیشی پێناکرێت. دۆخی ھەرێمی کوردستان، دوای سەدەیەک لە دابەشکاری لەبەردەم غەرەندێکی گەورە ھەنگاو دەنێت.

ئاڵەنگاری گەورە ئێخەی ئەم ھەرێمەی گرتووە؛ بە ھۆکاری ناتەبایی زیاتر بوار بۆ دوژمنانی میللەتەکەمان دروستبووە کە ھێدی.. ھێدی بەڕەکە لەژێر پێی ئەم ئەزموونە خۆبەرێوبەرییەدا دەربکەن.

لەئاستی ھەرێمی کورد ھەرمەترسییە لەسەر پێگەو سەنگی وڵاتانی ناوچە؛ تا ئەم سەردەمەش دۆستەکانی کورد دۆستی رۆژن و کاتین؛ وەک ئەو کابرایە دێنە بەرچاو کە گەرەنتی پەرینەوەت لەرووبار پێدەداو لە ناوەراستی رێ چاوی بۆ خنکانت حازرە؛ وڵاتانی ناوچە چاوەرێی پەرینەوە نین و دەیانەوێ کورد و ئەزموونەکەی جگەلە لاوازی نەمێنێت!

لەگەڵ دۆخ و رۆژگاری بەرژەوەندی مامەڵە ئەکەن. بەشی زۆر نەگبەتی و بەڵای سەر سەرمان دردۆنگی، سپڵەیی و ناتەبایی ناوخۆییە کە لەمێژەوە بۆتە عورفی ناوخۆییان تەنانەت دوژمنەکانمان بە ناتەبا باسمان دەکەن.

 دۆخی ناوخۆیی جگەلە درز، شەبەقی تێکەوتووە. لەئێستادا جگەلەوەی تەنگەژەی ئابوری ئێخەی ئەم ئەزموونەی گرتووەو بارگرانی بۆ ژیانی خەڵکی دروستکردووە؛ بەڵام ئاراستەکردنی ھەڵە لە سیاسەتی ئابوری و حکومرانی و تاک رەویی و دەستگۆرینی سیاسی؛ کارێکی کردووە کە مەترسی جدی لەسەر ئەم ئەزموونە دروستبێت. ئەگەر ھەروا بروات و کێشەکان لە بنەچەوە چارەنەکرێن ئەوا بێشک دەردی دوو فاقی کێشەکانی ھەریم و ناوەند دەباتە قۆناغێکی مەترسیدارو ئیرادەی فەرزکردن بەسەر چارەنوسدا زاڵدەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سلێمانی شاری میرنشینی بابان، مەڵبەندی نالی و سالم و کوردی، حیزبی بەعسی شۆڤێنی زۆر هەوڵیدا لە ناوت بەرێت، تۆ خۆ ڕاگربوویت و هەر نەکەوتیت.

لە ئاستی ڕوی دەریاوە پێگەی شاری سلێمانی بەرزە و دیمەنی سروشتی جوان و دڵڕفێنی هەیە، شەوی فێنکە و ڕۆژی تاڕادەیەک مام ناوەندە، زستانی سارد و بەفراوییە و هاوینی گەرمە.

خەڵکەکەی ڕۆشنبیرن و تێگەیشتوون، بەمانای کەلیمە کوردن و خاوەنی هەڵوێستن، هەر بۆیە سەرۆک مام جەلال هەمیشە بە سلێمانی دەوت شارە حەیاتەکە و بەشاری هەڵمەت و قوربانی وەسفی دەکرد.

چەندین کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و بازرگان و ئەکادیمی لەم شارەدا سەریانهەڵداوە، بۆ نموونە کەسانی وەک گەورە سیاسەتمەدار و ڕۆماننووسی کورد مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و پیرەمێردی فەیلەسوف و شاعیر چەندین کەڵەپیاوی تر، هەڵکەوتوی ئەم شارە حەیاتەن، ڕەفیق حیلمی و مێژوونوسی کورد ئەمین زەکی بەگ، لێرە چاویان بە دونیا هەڵهێناوە.
حەپسەخانی نەقیب و چەندین شێرەژنی بێهاوتا لەم شارەدا ژیاون و پەروەردەبوون و ئەرکیان کێشاوە، جێگەی دەستیان لە فەرهەنگ و باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوری شاردا دیارە و کاریگەریان تا دواڕۆژ بەردەوامە.

مەنزڵگەی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ مارفی نۆدێ و پیرمەسوورە، چەندین خانەقا و تەکیە و قوتابخانەی ئاینی تێدایە، لەم شارەدا گردی سەیوان بووە بە ڕەمزی شەهیدانی ڕزگاری کوردو کوردستان، سلێمانی خاوەنی گەورەترین و باشترین زانکۆکانی کوردستان و عیراقە و بەبێ خوێندن و پێگەیاندن نایکرێت.

سەرەڕای بێوێنەیی سلێمانی، کام شاری کوردستان هەیە جوان نەبێت، کام گوند و دۆند و زێد هەیە، دڵگیر نەبێت.
سلێمانی لە شەودا جوانە و لە ڕۆژدا زەریفە، زۆری گەشتیاران و سەردانکەران بۆ کوردستان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن کە ئەم وڵاتە بەهەشتە، خەڵکەکەی دۆستە، خواردنی بەتامە، مەنزەری بە چێژە، ئاسایشی دڵنییاییە، هەوای پاک و بێگەردە و دانیشتوانی بە بەزەیی و  میهرەبانن.

بۆیە لەسەر ڕۆشنایی تەبیعەتی شار، دەتوانین بڵێین کورد دۆستی شار و لادێیە، کورد ڕۆشنبیر و تێگەیشتووە، کورد شۆڕشگێڕە، کورد بەوەفایە بۆ هەموان، کورد ناژی بە بێ کوردستان.

ئەگەر بەرنامە هەبێت، ئەگەر ماستەر پلان هەبێت ئەم شارە ناوبانگی زیاتر دەردەکات و خۆشتر دەبێت، ئەگەر ڕێگاو بانی تازە و جادەی سەد مەتری تێدا دروست بکرێت ئەوا بێزاری هاووڵاتیان و قەرەباڵغی ترافیک نامێنێت و هاتوچۆ ئاساندەبێت.
دڵنیاین شار زیندووە و لانکەی شۆڕشگێڕانە و ئەم شارە دڵسۆزی زۆرە و کەسانێکی تێدایە بێ بەرامبەر بە خۆبەخش ئیش دەکەن و بە دڵ هۆگری ئەم شارەن و ناژین بە بێ سلێمانی.

دڵنیاین کۆمەڵە کاسانێک هەن لەدایکبووی ئەم شارەن و لەم شارەدا گەورەبوون و هێرۆخان ئاسا، دایم لە مەیداندان و دانەبڕاون لە سلێمانی، دڵنیاین خەڵکێک هەیە تا ئێستاش ئامادەن، ژیان و گیانی خۆیان بۆ شار بکەن بە قوربانی.

ئەگەر هەموو هەوڵەکان یەکبخەین و تەبابین، ئەگەر هەموو چین و توێژەکان بەشداربن و هاوڕابین، پیرەمێرد ئاسا لە گردی مامە یارەوە ئاهەنگەکان دەستپێبکەینەوە، ئەوا شار ئاشتدەکەینەوە و ئاوەدانی زیاتر بەدەستدێنین، ماڵ و خانوو و جادە و ڕێگاوبان و سەوزایی زیاتر دروست دەکەین، هەلی کار دەڕەخسێنین، کێشەی مووچە چارەسەردەکەین، ئەوسا هاووڵاتی هاندەدەین تا زیاتر دڵسۆزبن و زیاتر دڵخۆشبن و لە ناو ئەم شارە جوانەدا بمێننەوە و ژیانی شایستە بەسەربەرن.

ئەگەر شار و لادێ پێکەوە گرێبدەینەوە و پرۆژەی نوێ بکەینەوە، ویژدان ئاسودەدەبێت، خەمخۆری و پابەندبوون وەلا بۆ نیشتمان دروستدەبێتەوە، جوامێرەکانی شار یەکدەگرنەوە، هەستی کوردایەتیش بەهێزتردەبێت و مولازم موحسینەکان زاتی ئەوەناکەن بمانخەنەوە ژێر ڕکێفی خۆیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کورد لەناو خۆیدا برایەتی نازانێ و ئەم پارچەو ناوچە برای ئەو ناوچەو پارچە نیە و ئەو خێل برای ئەم خێڵ نیە!
کورد نەتەوەیەکی بێ برایە.

لە نێوان کورد و عەرەب دا بەو مێژووە خوێناوییەی ھەیە، برایەتی و یەکتر قبوڵ کردن ئەستەمە.

وشەی التآخی و برایەتی تەنھا لە شعر و ھەندێک وتاری سیاسی دا بوونی ھەیە لە سەر زەوی واقع بوونی نیە.

تەنھا چارەسەر بۆ کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان رێکەوتنی سیاسی نێوان وڵاتان و حزبە سیاسیەکانە.

کەرکوک تەنھا کێشەی نێوان کورد و عەرەب نیە، بەڵکو کێشەی نێوان وڵاتانی زلھێزی جیھانی و وڵاتانی ئقلیمیە. کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان تەنھا کێشەی خاک نیە، بەڵکو کێشەی بەرژەوەندی ئابوری  دراوو، ئابوری وزەیە.

ھیوادارم ھیچ کەسێک، بەبێ بوونی پرۆژەیەکی نیشتمانی ستراتیژی فکری خۆی بە شەھید کردن نەدات.

تەنیا چارەسەر بۆ مەسەلەی کەرکوک دیدی مام جەلالە، دیدگای ھاوبەشی و رێکەوتن و خوێن نەڕشتن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی مامی گەورەمان زۆرترین شەھید و ھەزاران برینداری سەنگەری ھەیە و تاقە حزبە کە دەیان سەرکردەی لە مەیدانی خەبات و شۆڕشدا شەھید بوون. ی.ن.ک باشترین دۆست و لایەنگر و جەماوری ھەیە، یەکێتیی نشتمانیی کوردستان باشترین پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرینی ھەیە، یەکێتیی نشتمانیی کوردستان باشترین ئەندام وکادری بە وەفا و دڵسۆزی ھەیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ھەزاران پێشمەرگە و دژە تیرۆری دڵسۆز و فیداکاری ھەیە. ی.ن.ک پاکترین مێژووی لەناو بزووتنەوەی کوردایەتیدا ھەیە.

ی.ن.ک باشترین ناو و ناوبانگی لە ناوەوە و دەرەرە ھەیە و دەستی یارمەتی بۆ ھەموو بەشەکانی کوردستان درێژ کردووە و لە رۆژانی تەنگانەدا فریایان کەوتووە.

بۆیە ئەرکی ئێوەی ئەندامانی کۆنگرەیە  کە سەرکردایەتییەک ھەڵبژێرن شایستەی ئەم حزبە بێت و درێژە بدات بە رێبازی مامی گەورە و شەھیدانی کورد و کوردستان و ھەر بژین و بە ھیوای سەرکەوتن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کاتێک خیانەت و ناپاکی لەفەرهەنگی گروپێك یان تاقم و دەستەیەك یاخود پارتێکی سیاسیدا دەبێتە کلتوورو بە لق و پۆپ و ڕەگ و بنەچەیدا بڵاودەبێتەوە، ئیدی هیچ پاڵنەرێكی نەتەوەیی و نیشتمانی نامێنیت، كە بەربەست بێت لەبەردەم ناپاکی و خاکفرۆشی و چاوساغی و پەلەکێشکرنی هێزی بێگانە، سەرەڕای ئەوەش ڕاگەیاندن و دەزگا چەواشەكارەكانیان پارەی نەوت و سامانی وڵات دەخەنە خزمەتی پەردەپۆش كردن و شاردنەوەی ڕاستیەكان و بەشانازییەوە لەشاشەكانەوە باس لەشەڕی براكوژی و دیل كوشتن و ڕشتنی خوێنی شوڕشگێڕ و قارەمانەكانی نیشتمان ئەكەن و قەتماغەی برینەكان هەڵئەكەنن و خوێ لەبرینی كەس و كاری شەهیدان و تێكۆشەرانی ئەم وڵاتە دەكەن.
ئەگەر تەماشای رۆژمێری ڕووداوە سیاسیەكانی کوردستان بکەین بەدرێژایی پەنجا ساڵی ڕابردوو لەپاڵ دەیان داستان و قارەمانێتی و تێکۆشانی گەورەدا و لەگەڵ چەندین مەرگەسات و تراژیدیای وەكو (ئەنفال و كیماباران و كۆرەو, هتد...) ئەوا وێنەگەلێكیش دەبینین،كە شایەنی وەبیرهێنانەوەو تەماشاكردن نین و ئەوەندە شەرمهێنەرن نموونەیان كەم و دەگمەنە لەهەموو دنیادا.
بەداخەوە بەتایبەتی لە دوای خیانەتی ئاشبەتاڵ و هەرەسی شۆڕش، زنجیرەیەكی درێژ لەخیانەتی گەورە لەلایەن هێزێكی سیاسیەوە ئەنجامدراون، هەر لەکارەساتی هەکاریەوە تا دەگاتە شەڕی براکوژی و خیانەتی "31"ی ئاب و هێنانی زرێـپـۆش و هێزی رژێمی دیکتاتۆری بەعس بۆ نێو حەرەمی پەرلەمانی کوردستان و دواتر رادەستکردنی شەنگال و داخستنی سنوور لە پارچەكانی تری كوردستان و لێدانی خەندەق و پێشڕەوایەتی کردنی هێزی بێگانە بۆ نیو خاکی كوردستان و دژایەتی هێزە خەباتگێڕەکانی هەرچوار پارچەی كوردستان ئەوە بە ڕونی دیدگاو ئەدەبیاتی ئەوانەمان بۆ دەردەخات کە بە شیعاری قەبەو موزەیەفی نیشتمانیەوە چ کارەساتێکیان بەسەر گەلەکەماندا هێناوە.
ئەو خیانەتانەش  سەلماندوویەتی، کە لەوەتەی خەباتی سیاسی و جوڵانەوەی شۆڕشی کوردی لەپێناو ئامانجی ڕەوای نەتەوەییماندا دروست بووە بۆداکۆکی لە گەلێکی بەش بەشکراوی دەستی بێگانە، هەمیشە ئەو پارتە سیاسیە بۆ لەباربردنی ئەو ئامانجە ڕەوایەو بەرهەڵستکاری مافی گەلەکەی ئەوەی پێی کرابێت لەخیانەت و ناپاکی سڵی لەهیچ نەکردووەتەوەو  چۆن بۆی کرابێت بێ گوێدانە هیچ مۆڕاڵ و بەهایەکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقێکی نیشتمانی بۆتە چاوساغ و کەواسووری بەر لەشەکری بێگانە بۆ لەناوبردنی قەزیەی میللەتەکەی، ئــەم فـۆرمەش لــەفیکری رەشی سیاسی ئەوەمان پێ دەڵێت کاتێک  خیانەت‌ وەکوو تیۆر و پراکتیک و فەلسەفەیش دەبێتە کلتور لەنێو فەرهەنگی هەر پارتێکی سیاسیدا ئەوە بێگومان دەبێت تەنها چاوەڕوانی کارەساتی وای لێبکرێت.
ئێستاش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چارەکە سەدەیەك بەسەر خیانەتی (31)ی ئابدا، هێشتا كاریگەرییە نەرێنیەكانی لەگۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستاندا بەجێماوەو تاكو ئێستاش بكەرانی ئەو ڕووداوە بەهەمان نەفەس كاردەكەن و ئاگری شەڕی براكوژی و دووئیدارەیی خۆش دەكەن، كە دەبێت چیتر ڕێگەیان پێ نەدرێت بەری ڕەنجی خەڵكی كوردستان و شەهیدان و تێكۆشەرانی ئەم نیشتمانە بخەنە بەردەم ئەگەرەكانی لێكترازان و شەڕی ناوخۆ و ئاشبەتالێكی تر.
لەكۆتایشدا دەڵێن ڕێگە چارەی ڕێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی ئەم كارەسات و ڕووداوە دزێوانە لەرێگەی بەدامەزراوەیی كردنی دام و دەزگاو موئەسەساتەكانی كوردستان و هەبوونی دەستورو دادگاو هێزی نیشتمانیەوە دەبێت، کە ئەوەش ئەقڵیەتی دەوڵەتداری و میتۆدی نیشتمانی و بیری پاکی کوردایەتی و هیمەت و بازووی دڵسۆزەکانی خاک و وڵاتی دەوێت، چونكە ئەم ئەم هەرێمە بچوكەو ئەم دەستكەوتە كەمەی خەڵكی باشووری كوردستان بەدەستی هێناوە بەرهەمی ڕەنج و خوێن و ئازاری سەد ساڵی میللەتێكە, حەیفە قەدەرو چارەنوسی لەدەستی كەسانێك بێت، كە ئیفتیخار بە خیانەت و  نۆکەرایەتی بۆ بێگانە بکەن و بەدەستکەوت و شانازی گەورە لەقەڵەمی بــدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
تەیرو باڵندەی ناوچەکە ھەموو مردار بوونەوە. لەسەر کانیەکەش پێنج کەس لە خێزانێک بەھۆی کیمیاییەوە مردبوون.
ئەمە وتەی یەکێک لە شاھید حاڵەكانی  قۆناغی ھەشتەمی ئەنفال بوو، ئەنفالی دەڤەری بادینان. 
دانیشتنەکانی دادگایی ئەنفال لە رۆژی ٢٠٠٦/١١/٨  لەبەغدا دەستی پێکردەوە. دوای ئەوەی سەدام بەر لە سێ رۆژ لەھەمان ھۆڵ و لەدۆسیەی دوجەیلدا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، لەم دانیشتنە سەدام حسێن ئامادەبوو. یەکەم دانیشتنی دوای ھەبوونی سزایەکی ئیعدام لەسەری.
دادوەر وەک دانیشتنەکانی تر بانگی سکاڵاکارو شایەتحاڵی یەکەمی کرد ناوبراو دانیشتووی گوندی برجنێی سەر بە ناحیەی زاویتەی پارێزگای دھۆک بوو. بەناوی ئەیوب عەبدوڵا.
باسی ئەوەی کرد رۆژی ١٩٨٨/٨/٢٥ ھەشت فڕۆکەی جەنگی ھاتونەتە سەر گوندەکەمان و دەستیان کردوە بە بۆمباران. لەو کاتەدا ھەستمان کرد دەنگی بۆمبەکان نزم یا کەم بوون. پاشان دوکەڵێکی سپی زەرد باو بەرز بوەوە. بۆنێکی خۆشی وەک میوەی لێ دەھات. دواتر من تەنگەنەفس بووم خەڵکی گوندەکەمان ھەموو ئاگادار کردەوە کە ئەوە چەکی کیمیاییەو پێشتر لە رێگەی رادیۆوە خەبەرمان بیستبوو کە ناوچەکانی گەرمیان و قەرەداغ و سلێمانی کیمیاباران کراون. ھەڵەبجەش بەتەواوی کیمیاباران کراوە.
داوامان کرد ھەر کەسەو پەڕۆی تەڕ بخاتە سەر دەم و لوتی بۆ ئەوەی کیمیاویەکە کاریگەری  نەکاتە سەریان. لەو کاتەدا چاومان سور سور بوەوە ئاوی پیا ئەھاتە خوارەوە. 
تەیرو باڵندەی ناوچەکە ھەموو مردار بونەوە. بۆ ماوەی ٣٥ دەقیقە فڕۆکەکان بەو جۆرە بۆردومانیان کردین. دواتر رومان کردە بەرزاییەکان. ئینجا دوکەڵەکە نزم بوەوە.
بەشێک لەخەڵکەکە بەرەو کانی گوندەکە رایانکرد. ئێمەش بەشێک لە بریندارەکانمان بەرەو لای کانیەکە برد بۆ دەست و دەم و چاو شتن. کاتێ چووینە سەر کانیەکە پێنج کەس لە خێزانێک لەسەر کانیەکە مردبوون. بەناوەکان ( حەسەن ساڵح، کوردی حەسەن، حەکیم حەسەن، دژوار حامید، نالیە محەمەد عەلی). ئەو تەرمانەمان داپۆشی. روومانکردە سنورەکانی تورکیا لەو کاتەدا منیش بریندار بووم. ئەو کاتەی بە رێگاوە بووین بەرەو سنور چەند گوندمان بینی چۆڵکرابوون. یەکێک لەو گوندانە گوندی کیکە بوو. ٢٥ تەرممان بینی تێیدا. ھەروەھا گوندەکانی تریش بەھۆی بۆمبارانی کیمیایی خەڵکی تیا مردبوو. تەرمێکم لە رێگا ناسیەوە ناوی ئیسماعیل بوو خەڵکی زاخۆ بوو. پاشان لەسەر سنوری تورکیا دوو رۆژ ماینەوە. دواتر گەڕامەوە گوندەکەی خۆمان. بینیم گوندەکەمان کاول و وێران کراوەو ھیچی تیا نەماوە. کاتێ بە رێگاوە بووین کچەکەم عایشە ئەیوب مرد. ھەژار محەمەد کە خزممە ئەویش مرد. غەزاڵ محەمەد کە کچی ئامۆزام بوو ئەویش کیمیاوی کوشتی.ھەروەھا حاجی ئەمینی مامم ئەویش بەکیمیاوی مرد. 
شکایەتکار لیستێکی پێشکەشی دادگا کرد کە ناوی چەندین کەسی تێدا بوو کەلە گوندەکەیان بەھۆی چەکی کیمیاویەوە گیانیان لەدەست دابوو. داواکاری گشتی لێی پرسی گوندەکانی دەوروبەرتان ھەموو کورد بوون وتی بەڵێ کوردو موسڵمان بوون. 
لێیان پرسی تۆ پێشمەرگەبویت وتی بەڵێ بەڵام خەڵکی گوندەکە مەدەنی و ھاوڵاتی بوون. وڵامی ئەوەشی دایەوە کە ناوچەکە ئێرانی لێ نەبوە. سابر دوری پێی وت ئەی بارەگای ئێرانی لەناوچەکە ھەبوو، وتی بارەگای ھیچ وڵاتێکی لێ نەبوە. وتی ئەو کاتە شەڕی ئێران عیراقیش کۆتایی ھاتبوو. 
شەڕی ئێران عیراق بەفەرمی لە ١٩٨٨/٨/٨ کۆتایی ھات. 
" بەشێک لە کتێبی دۆسیەی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکان کە لە ئایندەدا بڵاو دەبێتەوە"
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەرمترین رۆژی گەرمترین مانگ.
سپلێت، موبەریدە، پانکە و باوەشێن چاری گەرمای تاقەت  پروکێنی ئەم رۆژە ناکات ، بەڵام ئەم رۆژە گەرمەی کە بە کەشو ھەوای خەریکە یەکبینە ھەوا قووت دەدا و ھەناسە بڕ دەکات ، ناگاتە گەرمی دوارۆژی ئاب  و ناکاتە رۆژە دژوارەکەی ساڵە گەرمەکەی ١٩٩٦. 

ئەو رۆژە لولەی دەبابەکانی سەددام چاوی نیشتمانی  دەردێنا و چاوی کزی بێ لایەنەکان و بێ باکەکانی خێل و کوێر دەکرد.ئەو رۆژە  شەش ساڵ بوو بەعس لە کوردستان دەرکرابوو ، شەش ساڵ بوو بە دونیامان دەگوت ئێمە ئازادیخوازین  و لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرە ھەڵناکەین و سەنگەری سیاسیی خۆمان لێ جیاکردۆتەوە. گوایە ئێمە کورد و ئەو داگیرکەر، ئێمە میللەتی زوڵملێکراوی دەستی ستەم و ئەویش ستەمکاری نەیار و بێگانە. چیرۆکێکمان ھۆنیبۆوە کە ئەوی کەیفیشی بە کوردبوونمان نەدەھات ھیچ نەبێ کەیفی بە ھەنجەتی خۆگیفکردنەوەمان بەرامبەر بەعس و سەددام و دەبابەکانی دەھات: دیموکراسی و ئازادی .

لەناکاو ، لەو گەرمای ئابی ئەو ساڵەدا ، دەفتەر و ئەلبومی ئەو شانازییەیان دڕی و سەنگەرەکان و کاغەزەکانیان وا تێکەڵکرد  کەس نەیدەزانی چی لەم شەمزان و شێوانە بکەین؟

خەڵکی تر، گروپی تر  ناپاکییەکەیان کرد ، کەچی ھەموو  کورد خەمبار وشەرمەزاری  بەردەم دونیابوون . ئاخر حیکایەتەکەمان دەلەسە دەرچوو و ، دونیا لە سەرۆک کلنتۆن تا  عەوامی خەڵکی ئاگا ، پێمان پێکەنین؛ کوردی چی و نەتەوەی چی ؟ 

یموکراسیی کوا و ئازادیخوازی لە کوێ کە ئێوە خۆتان دیکتاتۆر و ستەمکاری ھەڵەبجە و ئەنفال بانگ دەکەنەوە؟
قرچەی  گەرما بوو کە ھەموو شتێک درزی تێکەوت و ھەموو دڵێکی رۆمانسیی دوای راپەرینی بەھاری  ١٩٩١  کونکون کرا وەک کونکونی چوپی بەلەمی قاچاخ  کە ھەزاران گەنجی لەگەڵ خۆی راپێچ کرد و وەک یەکەم گەشتی یەکەم کاروانی بەردەوامی کۆچ ، ئیتر سەرھەڵگرتنی کوردی کردە گەورەترین دیاردەی سەردەم.

سەیری ئەو پەژارە گەورەیە کە گەرمای ھاوین و قرچەی  ئابی ساڵی ١٩٩٦   زۆرانبازی لەبەھاری ١٩٩١ بردەوە؟

ھاوین چۆن بەھار دەبەزێنێ ، ئەگەر خیانەتی سروشت و خیانەتی نیشتمان نەبێت؟!

بەو ھەموو زامەوە میللەتەکەمان نیعمەتی خودایی کە مەیلی فەرامۆشی و لەبیر کردنەوەیە دەکاتە کەرەستەی ژیانسازی و   ئایندەدۆستی و لەگەڵ دونیا تێھەڵدەچێتەوە و بەعس و دەبابەکانی لە پرۆسەی رزگاری ٢٠٠٣ ئاو دیوی مێژوو دەکات  کەچی ئەوی ئەم خیانەتەی کردووە و ئەم زامەی خستە دڵی ھیواکانەوە ھێشتا میللەت  و شەھیدەکانی کوردستان   قەرزاربار دەکات و ھێشتا  یەکێتیی خەتابار دەنوێنێ. 

پیرەمێرد وتەنی؛ 

ھەم یار باقی و ھەم سوعبەت باقی .
تا ئەژنۆیان غەرقی خۆێنی لاوەکانی وڵاتن  کەچی ھێشتا ناوە ناوە خولی نیشتمانپەروەری دەکەنەوە و  گەرەکیانە  بەناوی پڕوپوچی ١٦ ی ئوکتۆبەرەوە خۆیان وانەی ئەوەڵینی تیا بڵێنەوە.

خەڵکی چاوی لە ژیانی باشتر و گوزەرانی شایانتر و ئاوەدانی بەرچاوترە، وا  ئەمانە خەریکی ئەلبوم و دەفتەرە دڕاوەکەن ، دەچن مۆنتاجی رووداوەکان دەکەن و لە ئاوێنەوە ، بە روخسەتی حاجی، لە عەکسی خۆیان  ڕادەمێنن!

گەرمایە لە سێی ئابی جینۆسایدی شەنگالەوە تا گەرمای ئەمرۆ ، تا گەرمای  خیانەتی ٣١-ی ئاب.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە وێستگەی ٢٨ ی تەمووزی ٢٠٠٨یشدا  ھەروا خوێنی داوەو بەکردار و ھیممەت و گیانبازی  ئەم ویستە ئازادیخوازەی بۆ خۆشەویستی بێ مەسڵەحەت و بێ ئەندازەی کەرکوکی دووپات کردۆتەوە.

ئەم وێستگەیە بۆیە دەنگی دایەوە و رەنگی ھەیە چونکە بەھۆی میدیای گەشەکردووی جیھان  و بە بەرچاوی ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتییەوە،  یانی وەکو فلکلۆری کوردی دەیڵێ ( عالەم پێی زانی )، کۆشش و ئیرادە خۆی نمایان کرد . دەنا دەیان ساڵ بوو خوێن و خەبات ناونیشانی چیرۆکی کوردو کەرکوک بوو و گش لێی بێ خەبەر بوو .

مورافەعەکەی مام لە گۆڕەپانی مەجلسی حوکم کە خوێنی مەرەکەب و قەڵەم و نەبەردی خەریتە و بەڵگە و زمانی مێژووبوو، رێگایەکی ئاوەدانی بۆ تێکۆشانی مەدەنی و دیموکراسیی و سیاسەت و پێ سەلماندن و پێک سەلماندن کردەوە.لەقوڵایی رۆژگارانیشدا مورافەعەی خوێن و  خەم وپەژارە لە مێژە ھەبوو ، لە شەھیدانی کرێکارانی گاورباغی ، لە شەھادەتی شەھید مارف بەرزنجی لەبەردەم ستەمی داگیرکەر و پیلانگێڕی کۆمپانیاکانی نەوت  و ئوێنی تەورانی و دڕندەیی حەرەس قەومی تا  وێستگەی شەھید مامە ریشە و ھاورێ شەھیدەکانی لە نەبەردی حەمک ، بۆ زەماوەندی یانزە سوارەکەی قازان بە پێشڕەوی کاک ئەنوەر ، بۆ وێستگەی بڵێسەی گۆڕستان و جووت قاوە لە خۆپیشاندانی سالی ١٩٨٢ .بۆ  شەھادەتی سەرکردەکان عەلی عەسکەری و سیروان تاڵەبانی و حەمە غەفور ئاغجەلەری و ئینجا ئازاد ھەورامی تا قەڵغانی خوێنینی راپەڕین لە جێپەنجەی  شەھیدی سەرکردە عەبدولرەزاق و  بۆ ھەڵمەتی شەھید حاجی ھەڵمەت. ئەمانە ناونیشانن بۆ پشوودرێژی کورد و کۆڵنەدانی لە داستانی کەرکوکدا.

لە گۆڕەپانی ٢٨ی تەمووزدا کورد رێگا بوژاوە راستەکەی ھەڵبژارد ، رێگای نوێی ئاشتی و دەربڕین و بانگەوازی لافیتە و دروشمی مەدەنی بۆ داکۆکی لە ھەقی دیموکراسیی و لە بنەمای دەستوور و لە نەخشەرێی ١٤٠ و لە پێویستی سپاردنی ئەرکی سیاسیی بە ھەڵبژاردنێکی  بێگەردی بێ قاچووقوچ . ئەوانی تر رێگای فەرھەنگی خۆسەپاندن و ناعەدالەتی و نا دادییان ھەڵبژارد کاریان راست نەبێ.

کورد لەم ھەڵوێستانەدا بۆیە تا ئێستا کۆڵی نەداوە و ئیرادەی کول نابێ و ژەنگ ھەڵناھێنێ چونکە لەسەر ھەقە ، کورد بۆیە ئیرادەی ھەیە و سەردەکەوێ چونکە ویستە ئازادیخوازەکەی لەگەڵ دیموکراسیی و راستی مێژوو و مافداریدا یەک دەگرێتەوە.

تەنانەت لە سەردەمی ھەڵبژاردن و دیموکراسیشدا کە بە حیساب دەبێ سەردەمی پەنجەمۆر و دەنگدان و دەنگکردن بێت وا دەبینین خوێن دەدا ئەگەر ململانێ رەوا و دادپەروەرەکە  ئیجابی کرد. ئەگەر بۆ بەرەنگگاری داعش و فەراغی ئەمنیش بێت دیسان ئاڵای بڵندکراوی شەھیدان لیوا شێرکۆ و  لیوا حسێن مەنسووری ھەس . کورد لە ھاواری کپکراوی مێژووەوە خاوەندارێتی لەم دۆسێیە دەکا و لەسەری دێتە جواب، لێ نەیار ھێزی دەوڵەت و عەسکەر و تەعریبی کۆن و نوێ  و کەینوبەینی کۆمپانیاکانی نەوت دەخاتەگەڕ و ھەر رۆژەو بە لەونێ خۆی دەنوێنێ. فەقەت کورد دەیناسێتەوە و لەناو ھەزار داو و تەپکەدا بە موکێشی راستی دەریدێنێ و پێی ئێژێ ،پێیان بڵێ : لێرە نارۆم. ئیشم ماوە و ئەرکم ھەیە.

ئەم رۆژە رۆژێکە لە دەیان رۆژی بەرەنگاری ، رۆژی تریش ماون. لەکۆتایی ٢٠٢٣ یش جەولەیەکی ترمان ھەیە.       
وھێشتا زووە مێژوو دوا قسەی خۆی بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکەم

ویستی یەک لیستی لە ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی ھەرێم بژاردە و ئیرادەی مەخمەلی و لوتبەرزی نییە، یەک لیستی و یەک ریزی کوردستانی لە ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی ھەرێم قەدەر و ناچاری و پێویستییە، کورد ئەگەر ئەمە نەکا زیانی سەد دەلەسەد دەکات، دەرسودەوری ناوێ تا تێبگات کێشەی کەرکوک و شریتی تەعریب لە ناوچە دابڕاوەکان ئاڵۆز تر دەبێت و پاشەکشێی ھەرزان دەبێتە رێگای ھەڵدێری بێ ئەملاولا.

راستییەکەی باسی کەرکوک ھەر ناونیشان نییە بۆ ناوچە دابڕاوەکان و رەمزی مەسەلەی کورد لە عیراقدا، بەڵکو ئێستا باسی کەرکوک تایبەتی دیموکراسی لۆکاڵی کەرکوکیشە، چونکە لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە پارێزگای کەرکوک نەکراوە.

دووەم

جا خۆی پرۆسەی دیموکراسی لە عیراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستیپێکردوە لەوەتەی رژێمەکەی سەددام روخاوە، کەچی ھەڵبژاردنی لۆکاڵی وا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە کەرکوک پەکی کەوتووە. چونکە ھەرچۆنێک بێت ھەڵبژاردنی پارێزگاکان لە ناوچە کوردستانیەکانی موسڵ و لە خانەقین و دووز پەکی نەکەوتوبوو، ئەوانە بەشێک بوون لە پارێزگاکانی تر، بەڵام کەرکوک لەو ساڵەوە ئیدارەیەکی کۆنی بێ ئەبدەیتکردنەوە حوکمی دەکرد تا لەکەین و بەینەکانی خۆپیشاندانەکانی عیراق، لە دەورانی کابینەی عەبدولمەھدی و کازمی دا، ئەنجومەنی پارێزگاکان داخران و ئیدارە و حکومڕانی کەرکوکیش کەوتنە دەست نەھەنگی حوکمی عەسکەر و فەرمانی پارێزگاری شۆڤێنی بێ کەفالەتەوە، واتا تەونی دیموکراسی عیراقی (٢٠) ساڵەو ئەو دیموکراسییە (`١٧) ساڵە لە کەرکوک بە شەلەشەل ئیدارەی خۆی دەدات و ئەوی ھەیە و نییە دیاریکردنی نوێنەرەکانی لیواکەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران. 

حوکمی لۆکالی کە راستەوخۆ پەیوەستی ژیانی ناوخۆیی پێکھاتەکان و خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە، لە شوێنی خۆی ڕاوەستاوە و لە دوای ریفراندۆمیشەوە ژیانی سیاسی مەیووە ئەگەر نەڵێم گەنیووە، لە کاتێکدا تاکە دەرفەت بۆ ئەوەی پێکھاتەکان پێکەوە بژین و سیاسەت بکەن، پێکەوە تەکبیر بکەن و ناکۆک بن، ھەر ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارەی رەسمی و ھەمەڕەنگی شارەکەیە کە بەداخەوە لە دوای گەڕانەوەی بێ ھەق و حیسابی عەسکەر، بە سوپای رەسمی و میلشیاکانەوە، قەدەغەکرنی حزوری پێشمەرگەش لەو ناوچە دابڕاوەی کە بەپێی دەستور دەبێ ئیدارەی ھاوبەشی ھەبێ، کەچی پارێزگارێکی گەندەڵی بێ پەرواو بێ بنکەی جەماوەری حوکمی دەکا و ھەموو کردەوەکانی تەعریبی نوێ لە بن باڵ و بە ئاگاداری ئەو و بەموبارەکەی دەسەڵاتی عەسکەر جێبەجێ دەکرێت.

سێیەم

یەک کەوتنی ئیدارەی لۆکاڵی کەرکوک ھەر زیانی بۆ دیموکراسی و خزمەتگوزاری نەبووە لەو شارە، بەڵکو زیانی بۆ پێکەوە ژیان و پێکەوە ھەڵکردن و پێکەوە تێکەڵبوونی نەتەوەکانیش ھەبووە، غیابی ئیدارەی پارێزگا ئەم شتە خراپانەی لێ کەوتووەتەوە ئەوانیش ئەمانەن... 

*پێکھاتەکان شوێنێکی رەسمییان نییە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و ئاڵوگۆڕی سیاسی و کەینوبەینی رێککەوتن و پێک سەلماندن و بۆ یەک سەلماندن.

*پێکھاتەکان لەیەک رەنجاون و لێک دوودڵن وەک سەردەمی پێشووی ڕژێمی دیکتاتۆری، جا ئەگەر جاران حوجە ھەبووە کە دەگوترا بۆیە پێکەوە خراپن چونکە دیکتاتۆری رێگرە لە پەیوەندی و حوکمی بەعس ھەموویانی بێ ئیرادە کردووە، ئێستا وا لە سایەی حوکمێکی بەحیساب دیموکراسی عیراقدا کە ھەمووان لە بەغدا بەشدارن و ھەموویان نوێنەرایەتیان ھەیە. کەچی وا لێک دوورن و لێک دوودڵ و دردۆنگن کە خێسە لەیەکتری دەکەن.

*پێکھاتەکان ھیچییان ھیچ بەرپرسیارێتی چارەسەر و تەگبیر ناخەنە ئەستۆی خۆیان و خیتابێکی دژوار و گرژ لەگەڵ یەک پەیڕەو دەکەن.

*لە غیابی کەنالیزەکردنی پەیوەندییەکان و نەمانی ئیرادەی نوێنەرایەتی لە کەرکوک کە (ئیدارە) نوێنەرایەتی (ئیرادە)ی شارەکە ناکات، ھەموو ئەمانە رێگای بۆ جەمسەرگیری دەرەوەی کەرکوک و بگرە جەمسەرگیری ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیش، بەکراوەیی، ھێشتووەتەوە، لەو شارەی کە ھەستیارە و تەماحی ھەمەجۆری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر ھەیە.

چوارەم

ھەر لەو ھەلومەرجەش کە دۆخی ئەمنی شارەکە تاکە لایەنە دەبرێ بەڕێوە و دەڤەری بۆشایی ئەمنی دروستبووە و پێکھاتەی عەرەبی و تورکمان ھەستیارن بەرامبەر بەشداری ھێزی پێشمەرگە و ھێزی کوردستان لە ئیدارەی دۆسێ ھاوبەشەکاندا، ئەمانە کارێکیان کردووە کە داعش و تیرۆرستانی مانەندی داعش ھەر وەختێک بیانەوێ چالاکی تیرۆرستی بکەن و پڕۆسەی سیاسیی کەرکوک و عیراقیش بخەنە ژێر ھەڕەشە و مەترسییەوە، دەتوانن بیکەن.

لەبەرئەمانە ھەموو کارکردنی دەستەجەمعی سیاسەتی کوردستانی بۆ گۆڕانکاری دیموکراسیی لە کەرکوک، پێویستییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی و دیموکراسیشە، بۆیە ھەر پاکانەیەک بۆ خۆدزینەوە لەو ئەرکە نیشتمانییە، بەھەر بیانویەکەوە، بێت ئەچێتە ئاشی دوژمنانی کورد و دیموکراسی و بگرە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکانیشەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتاری سەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی، لە دەستگای چاتم ھاوس، بێ پێشینەی بوو. کاریگەری چ دەبێ لەسەر پارتی و دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم؟

سەرۆکی یەکێتی لە بەردی بناغەی چەند پایەیەکی دا، پارتی ساڵەھایە بینایان دەکات. ھێشتا نازانرێ کاریگەری چ دەبێ، بەڵام پرتی شڵەژاوە، تا ئێستا ھەڵوێستی نییە، تەنیا کاردانەوەیە.

ئەو پایانە چین کە سەرۆکی یەکێتی روخاندی؟

پارتی گفتوگۆی لەگەڵ ناکرێ، رێکەوتن لەگەڵی ئەستەمە. کتومت بە پێچەوانی لافی پارتییەوەیە، ھەمیشە دەیەوێ پیشانی بدات، ئەم نوێنەری بۆچوون و حزب و گرووپی جیاوازی ھەموو کوردستانە. ئەوەتا گەورەترین حزبی ھاوپەیمانی پارتی بۆچوونی پێچەوانەیە.

تاڵەبانی ئەم کەمتەرخەمییەی پارتی دەبەستێتەوە بە ھەمە پۆڵی بڕیاردان لەنێو حزبدا و نموونەش دەھێنێتەوە. ئەمجار دەڵێ، "دەستی چەپ نازانێ دەستی راست چی دەکات". ئەمیش کتومت پێچەوانی لافی پارتییە، کە ھەمیشە دەیەوێ پیشانی بدات بڕیاردان لەنێو پارتیدا، لە نێوەنددایە و پارتی گرووپ و باڵی نییە وەک یەکێتی. تاڵەبانی ئەمجار یەکێتی لە ژێر سەرکردایەتی خۆیدا وەک حزبێکی یەکگرتوو دەناسێنێ و دەیکاتە ھۆکاری ئەوەی کە پارتی ناتوانێ و نایەوێ لەگەڵ یەکێتییەکی یەکگرتوودا رێکبکەوێ.

پارتی دەیان ساڵە کوردستانی ناوناوە عیراقێکی دیکە و لافی ئەوە لێدەدات کوردستان لە عیراق پێشکەوتووترە. تاڵەبانی ئەمیشی پووچ دەکاتەوە و باسی کارابوونی دەستگای وەک پەڕلەمان و دەسەڵاتی دادوەری دەکات، ھەموو لە کوردستان ھەڵوەشاوەنەتەوە و لە عیراقدا کاران. 

لێرەدا ناوەستێ! تاڵەبانی فراکسیۆنی پارتی تاوانبار دەکات بە بەکارھێنانی پەڕلەمان بۆ سیاسەتی حزب. نموونەش دێنێتەوە. لە لەکۆبوونەوەی ٢٢ی مایسی ٢٠٢٣دا فراکسیۆنی پارتی بەبێ رەزامەندیی یەکێتی، حزبی ھاوپەیمان، کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنیان لە پەرلەماندا کارا کردەوە. دواتر، بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق دژ بە درێژکردنەوە وەستا، بڕیارەکەی پووچکردەوە. دیارە ئەمەش تێکشکان بوو بۆ پەڕلەمان، کە یەکێتی سەرۆکایەتی دەکرد. تاڵەبانی پارتی تاوانبار دەکات بە بەکارھێنانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ بڕیاری سیاسی، وەک بڕیاری دژ بە ئەفسەرانی دژەتیرۆر و بڕیاری بە ھاوسەرۆک ناساندنی لاھور شێخ جەنگی.
تاڵەبانی دەڵێ، پارتی نیەتی چاکسازی و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی نییە و دەڵێ ئەو ٢٠ملیۆن دۆلاری ساڵانە ئەمەریکا دەیدا بە ھێزی پێشمەرگە، کارا نەبووە. 

تاڵەبانی دەڵێ، لە ھەرێمی کوردستاندا مافی مرۆڤ، ژن و کەمینە لە پاشەکشەدایە. ھەروەک دەڵێ، ئازادیی رادەڕبڕین لە دۆخێکی خراپدایە. ھەروەک بۆ پەرەپێدانی ئازادی رادەربڕین، تاڵەبانی بە گاڵتەجاڕیەوە دەڵێ: "ئەوە حکومەتە پێویستی بە راھێنانە، نەک رۆژنامەنووس".

کاتی سەردانی تاڵەبانی گرنگ بوو. سەرۆکی حکومەت بە ھاوکاری وەزیری یەکێتی و گۆڕان کەوتووەتە رکلام بۆ سەرکەوتنی کاری حکومەتی. تاڵەبانی لە بونیادی ئەم رکلامەی دا، پیشانی دا حکومەتی ھەرێم شکستە. ھەڵبەت ئەمە رەنگە گرفتێکی گەورە نەبێ بۆ حکومەت. ئەوی بڕبڕەی پشتی پارتی، حکومەتی ھەرێم دەشکێنی ھێشتا بەڕێوەیە.

تاڵەبانی، وەک سەرۆکی حزبێکی ھاوپەیمان و بڕیاردەری کوردستان و عیراق، باوەڕی وایە حکومەتی ھەرێم دەستگایەکی بێکەڵکە و پارتی تاکلایەن بەڕێوەی دەبات. بە وشەیەک، یەکێتی بەشێک نییە لە حکومەتی ھەرێم و پابەند نییە بە بڕیاریەوە. ھەرچەند بەو زمانە نایڵێ، بەڵام تاڵەبانی باوەڕی وایە حکومەت ھەڵوەشاوەتەوە و دەسەڵاتێکە بۆ سزادانی سلێمانی و لێدانی یەکێتی. تەنانەت دەڵێ، دەسەڵاتی دادوەری و پەڕلەمان بەکاردێ دژی یەکێتی.

ئەم بۆچوونە راشکاوە پارتی و حکومەتی ھەرێم، ھەردووک لاواز دەکات. ئیدی پارتی گەر سازشی چارەنووسساز نەکات بۆ یەکێتی، ناتوانێ لە عیراق، ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، خۆی وەک نوێنەری دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان یان حکومەتی ھەرێمی کوردستان بناسێنی. لە دوای ئەو وتارەوە پارتی ئێستا حزبە، نەک حکومەت، نوێنەری خۆیەتی، نەک خەڵکی کوردستان. ئەم دۆخە نوێیە سازشی زەبەلاح بە پارتی دەکات لە ھەموو رێکەوتنێکی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بازرگانی و سیاسیدا.

کەڵکم لە راپۆرتی ڕێزدار رێنوار نەجم وەرگرتووە لەسەر کۆبوونەوەکە. سوپاسی دەکەم.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...1011121314...20