د. نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق میوانی پانۆرامایە و باس لە نوێترین زانیاری دەکات سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.
د.نەرمین مەعروف دەڵێت، ماددەی 29ی یاسای ئیدارەدانی عیراق کۆنکریتی نیە.
رایگەیاند، لەئێستادا پرسی موچەی هەرێم زیاتر وابەستەی داهاتی نانەوتییە, هەروەها گرنگە هەرێم پاپەندی ئەرکەکانی بێت بەرانبەر عیراق.
دەشڵێت، حکومەتی فیدراڵی عیراق دەیەوێت هەرێم بەشداربێت لە داهاتی عیراق، هەروەها تەیف سامی وەزیری دارای عیراق دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن و نایەوێت یاسا پیشێل بکات.
وتیشی، سەرۆک بافڵ نوێنەری هەرێم بوو لە رێککەوتنی 17ی تەمموز.
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند: کەمێك بەر لە ئێستا کۆبونەوەیەکی گرنگ و فراوان لە نێوان سێ وەزیری کورد لە حکومەتی عیراق و بەرپرسێکی باڵا لە نێو ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لەگەڵ وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردوە و بڕیاردراوە لە چەند رۆژی داهاتوود، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و نەوتەکە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات.
بەپێی زانیارییەکان، وەفدی حکومەتی هەرێم پێکهاتبوون لە دکتۆ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی حکومەت و کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان و پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و عەبدولحەکیم خەسرەو بەرپرسی هەماهەنگی و بەدواداچون لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی:ئەمڕۆ مۆڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان لە پێناو دەستپێکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆتاییهات، حکومەتی هەرێم بە کۆمپانیا نەوتییەکانی وتوە کە بڕی ئێستای نەوتی بەرهەمهێنراو رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، بە گلدانەوەی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم، بەو مەرجەی حکومەتی عیراق گرفت بۆ داهاتی نانەوتی دروست نەکات و راستەوخۆ لە مووچەی مانگی حەوتەوە، تەمویلی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
محەمەد عەبدولرەحمان وتیشی: وەفدی هەرێم رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە بەرپرسە کوردەکان گەیاندوە بۆ رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عیراق، کە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیشی لەسەرە.
بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریداوە رێبوار هادی کە سەرۆکی لیژنەی یاساییە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت، سەبارەت بە دەرکردنی روونکردنەوەیەك لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە تایبەت بە داهاتە نانەوتییەکان.
رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەی ناکۆییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکان کۆدەبێتەوە، هاوکات بڕیاردراوە دوو راوێژکار لە وەزارەتی دارایی و دادی هەرێم بانگهێشتی کۆبوونەوەکە بکرێت.
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیاریدا بانگهێشتی دوو راوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و دادی هەرێم بكات، بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو لە رۆژی سێشەممە، لەکۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی دوو راوێژکارە یاساییەکەی هەرێم گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەكرێت.
دەشڵێت: ئەنجومەنی دەوڵەت هەوڵدەدات رۆژی سێشەممە پێش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رونكردنەوەی خۆی بخاتەڕوو .
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، ئەگەر ئەنجومەنی دەوڵەت پێش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نەیتوانی راپۆرتی خۆی پێشكەش بكات ئەوا رۆژی چوار شەممەی جارێكی تر كۆدەبێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی عیراق دەڵێت، ئامادەکاریمان کردووە بۆ پێشخستنی ئابوری عیراق لە قۆناغی داهاتوودا، هاوکات لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئاستی وەبەرهێنانی دەرەکی و عەرەبییەکان گەیشتووە 100 ملیار دۆلار.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، لەئاهەنگی رۆژی هاوبەشییەکانی نێوان دامەزراوەیی دارایی نێودەوڵەتی و حکومەتی عیراق رایگەیاند، حکومەت بڕوای بە داڕشتنەوەی ئابوری عیراق هەیە و کاریان کردووە بۆ پێشخستنی کەرتی ئابوری لە داهاتوودا.
وتیشی، پیرۆزبایی لە عیراقییەکان دەکەن بەبۆنەی ئیمزاکردنی گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای دارایی نێودەوڵەتی، کە مێژووی پەیوەندی و پڕۆژەیان لەگەڵیاندا هەیە، دەشڵێت، پشتیوانی حکومەت بۆ کەرتی تایبەت بەردەوامە.
سودانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان پێیان وایە کەرتی تایبەت هاوبەشێکی کاریگەرە لە رەخساندنی هەلی کار، هەروەها توانیویانە سەرمایەی بیانی رابکێشین و هانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بدەن.
سەرۆک وەزیرانی عیراق راشیگەیاندووە، قەبارەی وەبەرهێنانە دەرەکی و عەرەبییەکان گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار، رونیشیکردەوە، کەرتی تایبەت هاوبەش و پشتیوانە لە گەیشتن بە دیدگاکەیان بۆ داڕشتنەوەی ئابوری.
نرخی زێر بەردەوامە لە تۆمارکردنی ئاستی پێوانەیی و نرخی ئۆنسەیەک لەو کانزا زەردە سێ هەزار و 654 دۆلاری تێپەراند.
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زێر بە سێ هەزار و 654 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، کە بەراورد بە چەند رۆژی رابردوودا بەرێژەیەکی بەرچاو روی لە بەرزبوونەوە کردووە.
هاوکات نرخی زێر لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە.....
زێڕی عەیار 21 به 733 هەزار دینار
زێڕی عەیار 18 به 629 هەزار دینار
زێڕی عەیار 22 به 769 هەزار دینار
زێڕی عەیار 24 به 837 هەزار دینار
لیژنەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی مانگی هەشتیان بڵاوکردەوە و تەنها پێنج شوێنکار داخراون.
قائیمقامییەتی سلێمانی راگەیەندراوێکی سەبارەت بە کار و چالاکییەکی مانگی هەشت بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "مانگی رابردوو لە سلێمانی نزیکی 36 تۆن خۆراک و کەرەستەی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەناوبراوەو پێنج شوێنی کارکردنیش داخراون."
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "شەش هەزارو 149 سەردانیان لە سنوری شاری سلێمانی بۆ بازاڕ و شوێنە گشتیەکانی ئەنجامیانداوە و پسوڵەی سەرپێچیان بۆ 390 شوێنکار کردووە، هاوکات 216 حاڵەتی ئاگادارکردنەوە هەبووە".
"لەم مانگەدا شەش حاڵەتی دادگا تۆمارکراوەو هەشت شوێنکار بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون، ئەو شوێنانەشی کە رووبەڕووی داخستن بوونەتەوە بەهۆی دووبارە ئەنجامدانی سەرپێچی و پابەندنەبوونیان بووە، بەو رێنمایانەی کە پێشتر لە لایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە پێیان درابوون، هەروەها هەر لە مانگی رابردوودا 50 ملیۆن دینار سزای دارایی ئەو شوێنکارانە دراوە کە پابەندی رێنماییەکانی نەبوون"، قائیمقامییەتی سلێمانی وادەڵێت.
رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت، نرخی خۆراك لەسەر ئاستی جیهان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی دوو ساڵی رابردووی، بە دیاریكراویش نرخی گۆشت و شەكر و زەیتە سروشتییەكان.
رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی نەتەوەیەكگرووەكان " فاو" بڵاویكردەوە، نرخی خۆراك لەسەر ئاستی جیهان بەرزترین ئاستی دوو ساڵی رابردووی تۆماركردووە، بەجۆرێك نرخی سەبەتەی خۆراك لە بازاڕەكانی جیهاندا لەمساڵدا بە رێژەی 6.9%زیادیكردووە .
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەدیارترین ئەو خۆراكانەی نرخەكانیان بەرزبووەتەوە بریتین گۆشتی سوور و زەیتە سروشتییەكانە، ئەویش بەهۆی زۆری خواست لەسەریان بە تایبەتی لە ئەمریكا و چین.
فاو پێشبینیشیكردووە، ئاستی بەرهەمی خۆراكی و كشتوكاڵی یەكێتی ئەوروپا بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا و وشكەساڵی روو لە كەمبوونەوە بكات، ئەوەش جارێكی تر نرخی خۆراك لەسەر ئاستی جیهان بەرزتربكاتەوە.
نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و لە مێژوودا ئاستی پێوانەیی تۆماردەکات.
ماوەی چەند رۆژێکە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و نرخی یەک ئۆنسە سێ هەزار 532 دۆلاری تێپەڕاند.
هاوکات نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیارە 22 بە 743 هەزار دینارە و مسقاڵێکی عەیارە 21ـیش بەرانبەرە بە 709 هەزار دینارە.
هەروەها مسقاڵێک زێڕی عەیارە 18 بە 608 هەزار دینارە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 3,489 دۆلار، بەمەش بەرزترین ئاستی لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا تۆمارکرد.
بەرزبوونەوەکە وایکردووە نرخی ئەو کانزایە زۆر نزیک بێتەوە لە تۆمارکردنی بەرزترین نرخی مێژوویی خۆی. هاوکات، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 698 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هەروەها، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 گەیشتە 600 هەزار دینار.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەرچەندە چاوەڕێن ئەمڕۆ بەغداد موچەی مانگی شەشی هەرێم رەوانە بكات، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ بڕە پارەیەك نەخراوەتە سەر هەژماری دارایی هەرێم.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، هەرچەندە چاوەڕێن ئەمڕۆ بەغداد موچەی مانگی شەشی هەرێم رەوانە بكات، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ بڕە پارەیەك لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی نەخراوەتە سەر هەژماری دارایی هەرێم.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغدادیش رایگەیاند، هەموو رێكارەكانی ناردنی موچە بۆ هەرێم لە بەغداد تەواو كراوە، بەڵام هێشتا ئیمزای كۆتایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقی ماوە بۆ خەرجكردنی.
بڕیارە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد بكات و لەدوای رادەستكردنەكەش راستەوخۆ وەزارەتی دارایی عیراق پارەی موچەی مانگی شەش بۆ هەرێم دەنێرێت.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز، رادەستكردنی 120 ملیاری داهاتی نەوتی و نیوەی داهاتی نانەوتی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە بەغداد تەنها رێكارە كارگێڕییەكانی ماوە و بەر لە تەواوبوونی دەوام لەمڕۆدا، پارەكە رادەستی بەغداد دەكرێت، راستەوخۆ لەدوای رادەستكردنی پارەكەش وەزارەتی دارایی عیراق دەست بە خەرجكردنی پارەی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم دەكات.
باسی لەوەشكرد، ئەگەر سبەینێ پارەی موچە بگاتە بانكەكانی هەرێم، ئەوا رۆژی هەینی دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی شەش دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لیستی موچە هاوشێوەی مانگەكانی رابردوو دەبێت و لەماوەی سێ رۆژدا موچەی سەرجەم دەستە و وەزارەتەكان دابەشدەكرێت.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هاوردەکردنی زێڕی ئەمریکا باجی زیادەی لەسەر نابێت، هاوکات شەڕی گومرگیی لەگەڵ چین تاسەرەتای مانگی 11 درێژکردەوە.
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، گومرگی ئەمریکا رایگەیاند، هاوردەکردنی هەندێک کەلوپەلی نوێ باجی نوێیان لەسەر دەبێت، بەڵام ترەمپ لە تروس سۆشیال وتی، "هیچ باجێک لەسەر زێڕ داناندرێت" بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
ئەم ڕاگەیاندنەی ترامپ دوای ئەوە هات کە گومرگی ئەمریکا نامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا تیشکی خستە سەر نرخی زێڕ بە بڕی (2.8 کیلۆگرام) باجی دەخرێتە سەر، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی لە هەینی رابردوودا لە بازاڕی ئەمریکا.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێک کە کەناڵی سی ئێن بی سی بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بە نادڵنیایی چارەنووسی ئاگربەستی گومرگیی نێوان ئەمریکا و چین هێناوە، لە دوای ئیمزاکردنی فەرمانێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی 90 رۆژی دیکە تایبەت بە زیادکردنی رێژەی باج لەسەر کاڵاکان.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە کە تا سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر بەردەوام دەبێت، بوارێکی زیاتر دەدات بە هەردوولا بۆ دانوستان و هاوکاتە لەگەڵ وەرزی هاوردەکردنی پێش جەژنی سەری ساڵ.
بڕیار بوو باجەکانی ئەمریکا لەسەر کاڵای چینی بۆ لەسەدا 145 بەرزببێتەوە، هاوکات بڕیار بوو باجی چینی لەسەر کاڵای ئەمریکی بۆ لەسەدا 125 بەرزببێتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کاڵاکانیان دروستکردبوو.
لە ئێستادا هەناردەکردنی کاڵای چین بۆ ئەمریکا باجی لەسەدا 30ی لەسەرە، کە لەسەدا 10ی باجی بنەڕەتی و لەسەدا 20ی باجی فێنتانیڵە کە لەلایەن واشنتۆنەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیادکراوە.
بەهۆی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان ئەمریكا و روسیا لەبارەی جەنگی ئۆكراین، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی.
ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازارەكاندا، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی لە 0.5 %دابەزی و هەر بەرمیلێك بە 66 دۆلار و 26 سەنت مامەڵەی پێوە كرا، كە بەراورد بە رۆژی یەكشەممە 33 سەنت دابەزیوە، هەروەها نرخی نەوتی تەكساس بە رێژەی لە 0.6% دابەزی و هەر بەرمیلێك بە 63 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، كە بەراورد بە رۆژی رابردوو 39 سەنت دابەزیوە.
شارەزایانیش هۆكارەكەی بۆ ئەو دانوستانە چاوەڕوانكراوە دەگەڕێننەوە، كە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو لەنێوان روسیا و ئەمریكا لەبارەی جەنگی ئۆكراینەوە بەڕێوەبچێت.
وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، بە بەهای چوار ملیار دۆلار یەدەگی نەوت لە باكوری كوردستان دۆزراوەتەوە .
ئاڵپارسلان بایراكتار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا رایگەیاندوە لە چوارچێوەی گەڕانەكانی ئەمساڵ بۆ نەوت لە ناوچەكانی ئامەد، گابار و ئیلح ئەنجاممان ، 57ملیۆن بەرمیل نەوت دۆزراوەتەوە كە بەهای ئابورییەكەی دەگاتە نزیكەی چوار ملیار دۆلار.
وەزیری وزەی توركیا ئاماژەی بەوە كردوە كە گەڕان لە ناوچەكانی باكوری كوردستان بۆ دۆزینەوەی نەوت بەردەوام دەبێت .
بە وتەی بایراكتار هاوكات كە لەگەڵ دۆزینەوەی نەوت لە باكوری كوردستان 75ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لە گۆكتەپە و لە دەریای ڕەش دۆزراوەتەوە كە پێداویستی ساڵ و نیوێكی توركیا بۆ غاز دابین دەكات. وەزیری وزەی توركیا ئاماژەی بەوە كردوە كە ئەو بڕە غازەی كە دۆزراوەتەوە بەها ئابورییەكەی دەگاتە 30 ملیار دۆلار.
وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە و بەپێی لیستەکە موچەی سەرجەم دەستە و وەزارەتەکان لەماوەی سێ رۆژدا دابەشدەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لیستی موچەی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە و لیستەکە هاوشێوەی مانگی نیسانە، هەر بە هەمانشێوەی مانگی نیسانیش لەماوەی سێ رۆژدا موچەی تەواوی دەستە و وەزارەتەکان دابەشدەکرێت.
لیستەکە بەم جۆرەیە:
سبەینێ هەینی 25ی ئایار: خانەنشینی شارستانی، خاوەنپێداویستی تایبەت، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
رۆژی شەممە 26ی ئایار: کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، خانەنشینی پێشمەرگە، دارایی و ئابوری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەریی، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار.
رۆژی یەکشەممە 27ی ئایار: کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خوێندنی باڵا، سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم، پێشمەرگە، دیوان و لیواکان، یەکەی ٧٠ و ٨٠، ب. پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەیی بەرگریی فریاکەوتن.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند، بەغداد پارەی موچەی مانگی پێنجی خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم و سبەینێ دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەغداد بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دیناری وەک شایستەی دارایی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئایار خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ هەینی، 25ی تەمموز، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری موچەخۆران دەکەن.
لیستی موچە
ئەگەر لیستی موچە هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو بێت، ئەوا سبەینێ خانەنشینی شارستانی، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان موچە وەردەگرن.
کۆتا موچە دوای تێپەڕینی 50 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ئازار، لە رۆژی 14ی ئایار دەست بە دابەشکردنی کرا و لەماوەی سێ رۆژدا موچەی سەرجەم موچەخۆران دابەشکرا، کە لیستی موچە بەم جۆرە بوو:
14ی ئایار: خانەنشینی شارستانی، خاوەنپێداویستی تایبەت، زیندانییە سیاسییەکان، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
15ی ئایار: کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، خانەنشینی پێشمەرگە، دارایی و ئابوری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەریی، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار.
18ی ئایار: کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی هەرێم، پێشمەرگە 'دیوان، لیواکان'، یەکەی 70 و 80، ب. پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەیی بەرگریی فریاکەوتن.
لەبارەی خانەنشینانی نوێ:
رۆژی 26ی ئایار، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لەبارەی موچەی خانەنشینانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کرد، لەسەر بنەمای فۆڕمی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە رەوانە بکەن کە تەمەنی یاساییان لە خزمەت تەواو بووە و بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق رەوانەی خانەنشینی دەکرێن.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتبوو، لە دوو مانگی رابردوو توانراوە پێنج هەزار و 261 خانەنشینی نوێ بۆ لیستی موچەی مانگی ئایار زیاد بکرێن و ناوەکانیان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە، تا بەپێی ئەو تەرخانەی لە ساڵی 2025 بۆیان جێگیر کراوە، لەگەڵ موچەی مانگی ئایار موچەی مانگەکانی رابردووشیان بۆ خەرج بکرێتەوە.