ئابووری

بڕیارە رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بکرێت و تێیدا پرسی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ بکرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند،"تا ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد نەگاتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری ناتوانرێت خشتەی دابەشکردنی مووچە رابگەیەندرێت."

ئەوەشی دووپاتکردەوە، پاش رێککەوتنی عێراق و ھەرێم دابینکردنی مووچە لەئەستۆی حکومەتەکەی سودانیدایە.

رونیشکردەوە، چاوەڕواندەکرێت لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە ١٠ی ئایار ئەنجامبدرێت بڕیار لەسەر راگەیاندنی خشتەی مووچە بدرێت، کە رەنگە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دەستپێبکات.

لەھەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و ٢٥١ ھەزار مووچەخۆر ھەیەو مانگانە ٩١٠ ملیار دیناری پێویستە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی ئاماری تورکیا بڵاویکردەوە، قەبارەی ھەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٢.٧ ملیار دۆلار بووە، کە زیاتر لە ٨٦٦ ملیۆن دۆلار بۆ مانگی کانونی یەکەم بووە و زیاتر لە ٧٣١ ملیۆنیش بۆ مانگی شوبات و زیاتر لە یەک ملیار دۆلاریش بۆ مانگی ئادار بووە. 

بەڵام تێکڕای ھەناردەکە بەڕێژەی ١٢.٣% بە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو دابەزیوە، ئەو ھەناردانەی تورکیاش بۆ عێراق، ٤.٤%ی تێکڕای ھەناردەکانی تورکیا بۆ جیھان پێکدەھێنێت. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمیر غوڵام ئالیان فەرماندەی سوپای پاسداران لە ناوچەی باشووری خۆرھەڵاتی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل بەھیچ شێوەیەک بوێری ئەوەی نییە بژاردەی سەربازیی لە دژی ئێران بەکاربھێنێت، چونکە زۆر بە باشی شارەزایی لە بارەی توانا سەربازییەکانی ئێران ھەیە و ھیچ کاتێکیش ئێران ھەڕەشەکانی ئیسرائیلی بە گرنگ نەزانیووە، چونکە ھەر لە بنەڕەتدا دانیان بە بوونی ئیسرائیلدا نەناوە.

وتیشی، سیاسەتی سەربازیی ئێران لە قۆناغی ھێرشبردندایە نەک بەرگری، ھەر وڵاتێکیش رێگە بە بوونی بنکە و بارەگای سەربازیی ئیسرائیل بدات لە وڵاتەکەی، لەلایەن ئێرانەوە سزا دەدرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا نرخی نەوت و زێڕ دابەزی و نرخی بەرملێک نەوتی خاوی برینت گەیشتە ٨٤ دۆلار و ٥٥ سەنت و بەرمیلێک نەوتی تەکساسیش گەیشتە ٨٠ دۆلار و ٥٠ سەنت، ھەروەھا ھەر ئۆنسێک زێڕیش بە ٢٠٠٣ دۆلارە.

ھۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلارە بەرامبەر بە دراوەکانی جیھان. 

ھەروەھا نرخی نەوتیش بەھۆی ئەگەری بەرزکردنەوەی سودی بانکی لەلایەن ئەمریکا دابەزیوە، ھۆکاری دیکەی دابەزینی نرخی نەوتیش بۆ کەمبوونەوەی خواستە لە ھەندێک وڵاتدا ئەوەش بووە ھۆی دابەزینی نرخەکەی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ بەردەوامی حاڵەتی نادڵنیایی لەبەرامبەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار کە پێدەچێت بۆ یەکەمجار لەدوای ٢٠ ساڵ گۆڕانکاری سیاسی لەو وڵاتە رووبدات، رەوشی دراوی ئەو وڵاتەش لە پاشەکشەدایە و بەھای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی گەیشتە ١٩٦٠ لیرە، ئەوەش نزمترین بەھای لیرەیە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢١ بەھای لیرە بەھۆی ھەڵئاوسان و چوونەدەرەوەی سەرمایە، بەشێوەیەکی خێرا رووی لەدابەزین کردووە و رێکارەکانی حکومەتیش نەیانتوانیوە رێگری لە دابەزینی بەھای لیرە بگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکرد، داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ راگرتنی بەقاچاغ بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراق پەیوەستبوو بە راگرتنی سپیکردنەوەی پارە و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، لەئێستاشدا حەواڵەکردنی دراو بۆ دەرەوە بەشێوەیەکی باش رێکخراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ناوەندی ھەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار جێگیربکرێت، جەختیشدەکاتەوە کە لەناوخۆی عێراقدا ھیچ قەیرانێکی دارایی بوونی نییە، بەڵکو بەرزبوونەوەی دۆلار پەیوەست بوووە بە گۆڕینی رێکارەکانی تایبەت بە حەواڵەکردنی دراو بۆ دەرەوە لە رێگەی پەنجەرەی ئەلیکترۆنییەوە.

پارێزگاری بانکی ناوەندی دەشڵێت، بەغداد و واشتنۆن رێککەوتوون کەناڵەکانی حەواڵەکردنی دراو بۆ دەرەوە فراوانتر بکرێن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنتۆنیۆ ڤیتورینۆ، بەڕێوەبەری گشتی کۆچبەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان لە دەریای ناوەڕاست تۆمارکراوە کە بەرزترینە لە ساڵی ٢٠١٧_ەوە، بەشێوەیەک لەو سێ مانگەدا ٤٤١ کۆچبەری نایاسایی لەرێگەدا بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە دەریای ناوەڕاست، گیانیان لەدەستداوە.

وتیشی، قەیرانی مرۆیی لە دەریای ناوەڕاست بەردەوامی ھەیە و ترسیان ھەیە لەوەی مردنی کۆچبەران لەو رێگەیە ببێتە بابەتێکی ئاسایی. 

بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تائێستا، زیاتر لە ٢٠ ھەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان لەو رێگەیە تۆمارکراوە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بانکی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا پێشبینی خۆی بۆ گەشەی وڵاتانی عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٤  بڵاوکردەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکەش وڵاتی جیپۆتی پێشبینیدەکرێت زۆرترین گەشەی ئابوری بەخۆیەوە ببینێت کە دەگاتە ٥.٤%ـی کۆی داھاتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە.

عێراق پلەی دووەمی ریزبەندییەکەی بانکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و پێشبینیدەکرێت ساڵی ٢٠٢٤  ئابورییەکەی ٢.٨% گەشە بکات، بەوپێیەش پێش قەتەر و ئیمارات کەوتووە کە پێشبینییەکان بۆ گەشەی ئابوری ئەو دوو وڵاتە ٢.٩% و ٣.٤%ــن.

ھەرچەندە پێشبینی گەشەی ئابوری لە وڵاتاندا دەرفەتی ھەلی کار و سامانی گشتی زیاتر دەکات، بەڵام بەھۆی ئەوەی تێکڕای گەشەی نیشتمانی وڵاتان بە پێوەری ماددی ھەژمار دەکرێت، ناتوانرێت لەرێگەیەوە بزانرێت ژیان، ئاسودەیی، ئاسایش خەڵکی وڵاتەکەش باشتربووە یاخود گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە.

 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت نزیکەی ٦.٨% بەرزبوونەوەی تۆمار کرد و بە ٨٥ دۆلار و ٤٠ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوتی تەکساسش بە ٨٠ دۆلار و ٦٧ سەنت مامەڵەی پێوەکرا و زیاتر لە پێنج دۆلار بەرزبووەوە. 

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوەھات کە ھەریەک لە وڵاتانی عێراق و سعودیە و جەزائیر و کوەیت و ئیمارات و عومان بڕیاریاندا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن و ١٦٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکەنەوە، ئەوەش وەک ھەوڵێک بۆ بوژانەوەی نرخی نەوت، ئەو کەمکردنەوەیەش لە مانگی ئایارەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی ئەمساڵ. 

ھاوکات بانکی گۆلدمان ساکس، پێشبینییەکانی سەبارەت بە نرخی نەوت بەرزکردووەتەوە و دەڵێت، رەنگە بگاتە ٩٥ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی داھاتووەوە تاکو کۆتایی ساڵ بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە رۆژانە ٢١١ ھەزار بەرمیل ھەناردەی نەوت کەمدەکاتەوە بە ئامانجی گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی بۆ رووبەرووبونەوەی ئاڵنگارییەکانی بازاڕی نەوت و بەدیھێنانی ھاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوو.

ھاوکات سعودیە بڕیاریدا ٥٠٠ ھەزار بەرمیل و روسیا ٥٠٠ ھەزارو کوەیت ١٢٨ ھەزار و عومان ٤٠ ھەزارو جەزائیریش ٤٨ ھەزار بەرمیل تا کۆتایی ساڵ کەمبکەنەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان دابەزینێکی کەمی تۆمارکرد، بەشێوەیەک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیھان ٣٧ سەنت دابەزی و بە ٧٧ دۆلار و ٩١ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوتی تەکساسیش ٢٨ سەنت دابەزینی تۆمارکرد و بە ٧٢ دۆلار و ٦٩ سەنت مامەڵەی پێوەکراوە. 

ھۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار دەگەڕێتەوە، لەھەمانکاتدا وەبەرھێنەران چاویان لەسەر دوایین پێشھاتەکانە سەبارەت بە بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، کە بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، لە رۆژی شەممەی رابردووەوە، راگیراوە. 

ھاوکات شارەزایان لە سیتی بانک کە یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، کاریگەری راگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بازاڕی نەوت زووتر نەما وەک لەوەی پێشبینی دەکرا، چاوەڕوانیش دەکرێت بەھۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەناوخۆی عێراق، رێککەوتنێکی سیاسی ھەمیشەیی بە زووترین کات لێبکەوێتەوە، کە ھاوکار دەبێت لەوەی قەبارەی ھەناردەی رۆژانەی نەوت لە بۆرییەکانەوە بە بڕی ٢٠٠ ھەزار بەرمیل بەرزببێتەوە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عاسم جیھاد بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، بڕیاری دادگای نێودەڵەتی ناوبژیوانی لە پاریس سەبارەت بە نەوتی ھەرێمی کورستان روونە و دەبێت ھەمووان پابەندی بن و دەبێت کۆمپانیای سۆمۆ نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات و ئەمە ئەولەویەتی کارەکانە، بۆیە پێویستە تورکیا و ھەرێمیش پابەندی بن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت ئامادەکاریان کردووە بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی ھەرێم بەپێی ڕێوشوێنە تازەکان، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ھەرێمدایە، بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر ڕێوشوێنەکانی کۆمپانیای نەوتی عێراق، بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی ھەرێم تا پارەی نەوت بچێتە داھاتی نیشتیمانیەوە، دۆخەکەش لەسەر ڕەزامەندی ھەرێم وەستاوە تا وەزارەتی نەوتی عێراق، نەوتەکە ھەناردە بکات.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند، سەبارەت بە کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان و ھەناردەکردنی نەوت لەگەڵ ھەرێم لە گفتوگۆدان، جەختیشدەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە بەغداد دەیەوێت ئەو قەیرانە بە کەمترین زیان بۆ وڵات چارەسەربکات.

لە رۆژی ٢٥ی ئەم مانگەوە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لەرێگەی بەندەری جەیھانەوە راگیراوە، دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس تورکیای ئاگادارکردەوە کە بەبێ رەزامەندی بەغدا نابێت نەوتی کوردستان ھەناردە بکات، لەو کاتەشەوە دووجار شاندی ھەرێم چونەتە بەغدا و بەبێ لێکتێگەیشتن گەڕاونەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیھاندا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت زیاتر لە ١٦ سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە ٧٩ دۆلار و ٧ سەنت، نرخی نەوتی تەکساسیش ٣٥ سەنت بەرزبووەوە بە ٧٣ دۆلار و ٧٤ سەنتەوە بۆ ھەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەم ھەفتەیەدا، بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوەیە دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس لە بەرژەوەندی تورکیا و عێراق.

ھاوکات عەمبارەکانی ئەمریکا لە نەوت بە نزیکەی ٦.١ ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە، ئەوەش ھۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیھاندا ٣٨ سەنت دابەزینی تۆمارکرد و گەیشتە ٧٧ دۆلار و ٧٣ سەنت. نرخی نەوتی تەکساسیش ١٢ سەنت دابەزی و بە ٧٢ دۆلار و ٦٢ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی نرخی نەوت، لەکاتێکدایە کە لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانەو، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبووەوە، لە ئەگەری دەستپێنەکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمیش، پێشبینیدەکرێت نرخی نەوت جارێکی دیکە روو لە بەرزبوونەوە بکات. 

ھەر بە پێی پێشبینییەکان، ناجێگیری نرخی نەوت بەردەوام دەبێت، چونکە چاوەڕواندەکرێت ھاوردەی چین لە نەوت بەڕێژەی ٦.٢% لەمساڵدا بەرزببێتەوە، چاودێرانیش پێیانوایە بوژانەوەی چین رۆڵی دەبێت لە گۆڕانی نرخی نەوت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە مانگی شوباتی رابردوودا ٩٢ ملیۆن و ٢٥٥ ھەزار و ٦١٠ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، کە تێکڕای رۆژانە لە مانگی رابردوودا دەکاتە سێ ملیۆن و ٢٩٥ ھەزار بەرمیل و ھەر بەرمیلێک نەوتیش بە ٧٦ دۆلار و ٥٥ سەنت فرۆشراوە و کۆی داھاتی نەوتیش لەمانگی شوباتی رابردوودا حەوت ملیار و ٦٢ ملیۆن ٧٠٤ ھەزار دۆلار بووە.

راشیگەیاندووە، مانگی رابردوو لە کێڵەگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ٨٩ ملیۆن و ١٤٠ ھەزار و ٤٤٨ بەرمیل نەوت ھەناردە کراوە و لە کێڵەگە نەوتییەکانی کەرکوکیشەوە لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە دوو ملیۆن و ٨٣٤ ھەزار و ٣٩٣ بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە کراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی خشتەی پەنجەرەی فرۆشتنی دراو، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی لە کاتی زیادکردنی ئاشکرا، ٢٦١ ملیۆن و ٦٦٠ ھەزار دۆلاری فرۆشتووە، کە لەو بڕە ١٩٨ ملیۆن و ٨٦٠ ھەزاری بە حەواڵە بووە و ٦٢ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزاریشی بە کاش بووە.

رۆژی چوارشەممەش عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی بە میدیاکانی وتووە، ڕێکارەکانی بانکی ناوەندیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار لەبازاڕەکانی عێراق بەردەوامە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەھای دینار دۆلار بەرزدەبێتەوە.

بەڵام سەرەڕای رێکارەکان، بەڵام ھێشتا لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بەراورد بەو نرخەی بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە، نزیکەی ٢٥ ھەزار دینار جیاوازی ھەیە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...1516171819...26