د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لەسەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییە عەرەبی و بیانییە باوەڕپێکراوەکان لە عێراق کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی باڵیۆزانی میوانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو سەقامگیرییەی عیراق لە ئاستی ئەمنی و سیاسی و ئابووریدا بەدیهاتوە، یارمەتیدەر بوو لەئاراستەکردنی هەوڵەکان بەرەو ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری، هەروەها دەستەبەرکردنی ئاسانکاری و پاڵپشتی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا.
سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە، کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، هەروەها سەرۆکایەتی کۆماریش لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و بەڕێزیان روونی کردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار ، لە چالاکییەکانیدا هانی بەشداری فراوانی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەدات و ئاماژەی بەوەشکرد کە عیراق شانازی بەو ئەزموونە دیموکراسییە دەکات کە لە ساڵی 2003ەوە گەلەکەمان پیادەی دەکات لە پرۆسەی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتدا، هاوکات سەرۆک کۆمار باسی لە رۆڵی سەرۆکایەتی کرد لە ئازادکردنی زیاتر لە (23) هەزار دەستگیرکراو کە سزاکانیان تەواو بووە، هەروەها بەدواداچوون بۆ کارەکانی ئەو لیژنانەی بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی.
سەرۆک کۆمار، جەختی لە پابەندبوونی عیراق کردەوە لە بنیاتنانی پەیوەندیی ئەرێنی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و سەروەری نیشتمانی بپارێزێت و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵی باڵیۆزەکان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان عیراق و وڵاتەکانیان دەربڕی کە هاوکاربوون لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
لە دیدارەکەدا، کۆمەڵێک بابەتی نێودەوڵەتی جێی بایەخی هاوبەش و دیارترینیان پرسی فەڵەستین تاوتوێ کران، سەرۆک کۆمار پشتیوانیی پتەوی عیراقی بۆ گەلی فەلەستین و رەتکردنەوەی تەواوی دەستدرێژی دژیان دووپاتکردەوە و جەختیشی لە پێویستی هەڵوێستێکی پتەوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە کە کۆتایی بە هەموو پێشێلکارییەکان بەرامبەر فەلەستینییەکان بهێنێت و مافی تەواویان دەستەبەربکرێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.
لە بەرانبەردا، سەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییە عەرەبی و بیانییەکان ستایشی ئەم جۆرە دیدارە گرنگانەیان کرد، لە رونکردنەوەی دیدگای عیراق لەسەر کۆمەڵێک بابەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ عیراق خواست لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئەزموونی دیموکراسی و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عیراق، هەروەها باڵوێزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار لە پابەندبوونی بە پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری هاوبەش دەربڕی.
وەفدێكی باڵای هەرێم و وەفدی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێم دەچنە بەغداد و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی نەوتی عیراق دەستپێدەكەن.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بڕیارە رۆژی چوار شەممە وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكدێن لە نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا نەوتییەكان، سەردانی بەغداد بكەن و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ كۆببنەوە، بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەکرد، وەفدی تەكنیكی حكومەتی هەرێمیش پێكدێن لە نوێنەرانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی و لە بەغداد لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق و دیوانی چاودێری دارایی و ژوری یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆدەبنەوە و باس لە گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دەكەن لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی 9ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لەدکتۆر ساڵح ئەلحەسناوی وەزیری تەندروستی عیراق کرد.
لەمیانەی دیدارەکەدا رەوشی کەرتی تەندروستی و رێگەکانی باشترکردنیان تاوتوێ کرا، سەرۆک کۆمار جەختی لەپێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی وەزارەت کردەوە کە پێشکەشی هاووڵاتیانی دەکات و ئاماژەی بە گرنگی هۆشیاری تەندروستی کۆمەڵگە و پێویستی هەوڵی زیاتری کارمەندانی پزیشکی کرد، بە هاوکاری دەزگاکانی راگەیاندن و چالاکیە کۆمەڵایەتی جۆراوجۆرەکان، بۆ بەشداریکردن لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان.
لەلای خۆیەوە وەزیری تەندروستی ستایشی گرنگیدانی سەرۆک کۆماری کرد بۆ پەرەپێدانی رەوشی تەندروستی عیراق و جەختی لە هەوڵەکانی وەزارەت کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزایی کارمەندانی تەندروستی و پزیشکی و کاراکردنی پەیوەندی و هاوکاری پزیشکی لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکانی تایبەتمەند لەم کەرتە گرنگەدا.
ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ خۆتۆماركردن لە فۆرمی ئەلیكترۆنی خۆراك، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانیش دەڵێت لە قۆناغی دوەمدا بەشی خزمەتگوزاری دەكرێتەوە.
ئاراس محەمەد بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ، ئەمڕۆ دوا وادەی خۆتۆماركردنە لە سیستمی فۆرمی ئەلیكترۆنی خۆراك و سەعات 12 شەو خۆتۆماركردن كۆتایی دێت، وتیشی تا ئێستا هیچ بریارێك نییە لە وەزارەتی بازرگانی عیراقەوە بۆ درێژكردنەوەی ئەو وادەیە.
راشیگەیاند، بڕیارە دواتر خۆتۆماركردن لە سیستمی فۆرمی ئەلیكترۆنی خۆراك ببێتە پارە بەڵام تا ئێستا كاتەكەی دیارینەكراوە.
روونیشیكردەوە، لە دوای 1/9/2025 بەشی خزمەگوزاری لە ئەپڵیكەشنی تایبەت بە فۆرمی ئەلیكترۆنی خۆراك دەكرێتەوە، بۆ تۆماركردنی ناوی منداڵ و گۆڕینی شوێنی پسوڵەی خۆراك و سڕینیە و تۆماركردنی خێزانی نوێ و سەرجەم رێكارەكانی دیكە، لەبەرامبەر ئەو كارانەشدا بری 11 هەزار دینار لەرێی هەژمای بانكییەوە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی بازرگانی هەرێم، رێژەی خۆ تۆماركردن لە فۆرمی ئەلیكترۆنی خۆراك لە هەولێر لە 88% بووەو لە سلێمانی لە 87% بووە لە دهۆك لە 83% بووە لە هەڵەبجەش 89% بووە.
ئاستی ئاوی كۆگاكراو لە عیراق بۆ كەمتر لە هەشت ملیار مەتر سێجا دابەزیووە و پێدەچێت تا وەرزی زستان بەشی پێداویستیی رۆژانە بكات.
غەزوان سەهلان یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی دەستەی خستنەگەڕی پرۆژەكانی ئاودێری لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق رایگەیاند، ئاستی ئاوی كۆگاكراو لە عیراقدا بەردەوامە لە دابەزین و گەیشتووەتە كەمتر لە هەشت ملیار مەتر سێجا.
وتیشی، پێشبینی دەكرێت ئەو بڕە ئاوەی كۆگاكراوە تا وەرزی زستانی داهاتوو بەشی پێداویستییەكانی بكات، ئەویش تەنها بۆ خواردنەوە و باخداریی نەك بۆ كشتوكاڵكردن.
دەشڵێت، ئاستی بەردانەوەی ئاو لەلایەن توركیاوە بۆ عیراق لە رێگەی روباری فوراتەوە دەگاتە 200 مەتر سێجا لە چركەیەكدا و ئەوەش كەمە و لە ئاست پێداویستییەكانی عیراقدا نییە، بەو هۆیەشەوە رۆژانە 850 بۆ 900 مەتر سێجا لە ئاوی كۆگراوی بەنداوەكانی حەدیسە و موسڵ و دوكان و دەربەندیخان و دەریاچەی سەرسار بۆ پێداویستی دەردەهێنرێت.
سەرۆك وەزیرانی عیراق و سەرۆكی فەرەنسا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، سودانی هۆشداری لە سەرهەڵدانی شەڕێكی نوێ لە ناوچەكە دەدات.
بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەكەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا پەیوەندیەكی تەلەفونییان ئەنجامداوە، باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاكانی بەرزكردنەوەی هاوبەشی و هاریكاری لە بوارە جیاجیاكان تاوتوێ كراون، هەروەها پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان وبەرژەوەندی هاوبەش باسیان لێوەكراوە.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، سودانی هۆشداری داوە لە مەترسییەكانی سەرهەڵدانی شەڕێكی نوێ كە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە دەكات، ئاماژەی بەوەشكردوە، عیراق هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات بۆ ئەوەی كێشەی ناوچەكە لە رێگای دیلۆگ و بنەما نێودەوڵەتیەكانەوە چارەسەر بكرێت.
لای خۆیەوە سەرۆكی فەرەنساش ئاستی ئاسایش و سەقامگیری عیراق و هەوڵەكانی حكومەتی بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵاتەكەی بەرز نرخاندوە.
هاوكات سودانی و ماكرۆن باسیان لەو سەردانەش كرد، كە بڕیارە سەرۆكی فەرەنسا بۆ عیراق ئەنجامی بدات، بەوەش دەبێتە دووەم سەردانی ئەو سەرۆكەی فەرەنسا بۆ عیراق.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازی لە حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای موخابەراتی عیراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئامادەیبوون، دۆخی ئەمنیی عیراق و ناوچەکە گفتوگۆی لەسەر کرا. هەروەها جەخت لە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکارییە هەواڵگرییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق کرایەوە، بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا.
سەرۆک بافڵ گرنگیی پەیوەندی سەرجەم دەزگا هەواڵگریی و ئەمنییەکانی دووپاتکردەوە و وتی، دابینکردنی ژیانێکی ئارام و دوور لە تیرۆر بۆ خەڵک کاری لەپێشینەیانە. هەروەها رایگەیاند بە کاری پێکەوەیی دەتوانن باشتر رووبەڕووی مەترسییە ئەمنییەکان ببنەوە و هیچ دەرفەتێکیش بۆ تیرۆریستان نەهێڵنەوە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیشی کردەوە کە هەرکەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، یاساشکێنی بکات و ژیان و سەقامگیریی خەڵک بخاتە مەترسییەوە، دەبێت یاسای بەسەردا بچەسپێنرێت و یاسا سەروەر بێت.
سبەینێ دوا وادەی پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراكە و لە دوای ئەو كاتەشەوە ئەوانەی پڕیان نەكردووەتەوە پارەیان لێوەردەگیرێت بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە.
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، تائێستا 37 ملیۆن هاووڵاتی عیراقی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕكردوەتەوە و سبەینێش وەك دوا وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە و پێویستە ئەوانەی پڕیان نەكردوەتەوە پەلە بكەن، لە دوای ئەو كاتەوە ئەوانەی دەیانەوێت پڕی بكەنەوە بڕە پارەیەكیان لێوەردەگیرێت.
لە بارەی هەرێمی كوردستانیشەوە وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عیراق وتی، 85%ی هاووڵاتیان فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە، بە جۆرێك لە هەڵەبجە 89%، لە هەولێر 87%، لە سلێمانی 86% و لە دهۆكیش 82%ی هاووڵاتیان فۆڕمی ئەلیكترۆنییان پڕكردووەتەوە و بە گشتیش زیاتر لە چوار ملیۆن و 601 هەزار هاووڵاتی ناویان لەو فۆڕمە ئەلیكترۆنییە تۆماركردووە، وتیشی، دوای وردبینیكردن دوو ملیۆن و 750 هەزار ناو نادیارن یان بە هۆكاری جیاواز راگیراون.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق پێشبینی دەكات، ژمارەیەكی زیاتری كاندید لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دووربخرێنەوە.
حەسەن قەباس ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، كۆمیسیۆن تائێستاش سەرقاڵی وردبینیكردنە لە دۆسێی كاندیدەكان و هەوڵدەدات بە زووترین تەواو بكرێت كە ژمارەیان زۆرە و دەگاتە زیاتر لە حەوت هەزار و 700 كاندید، كە وردبینی لە دۆسێكانیاندا دەكرێت.
روونیشیكردەوە، بەپێی ئەو یاسایانەی بۆ كاندیدبوون دانراوە، پێشبنی دەكرێت لیستی تریش هەبێت بۆ دوورخستنەوەی چەندین كاندید كە تائێستا 627 كاندید بە هۆكاری جیاجیا دورخراونەتەوە.
هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلئولا، تیشکی خستە سەر چەندین بابەتی گرنگی پەیوەندیدار بە رەوشی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەرەوەی عیراق، لەوانە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، کێشەی نەوت و غاز، دابینکردنی موچە، پرۆسەی هەڵبژاردن، رەوشی زیندانییەکان، قەیرانی ئاو، پێشنیازە یاساییەکان و پرسی پەکەکە و غەززە.
پەیوەندییەکانی بەغداد و هەولێر و کێشەی نەوت و غاز:
سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە "پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا باشە، ناکۆکییەکان لە بنەڕەتدا لە نێوان پارێزگاکان و حکومەتی فیدراڵدایە و هاوبەشییەکان لە ناکۆکییەکان زیاترن."
سەبارەت بە یاسای نەوت و غاز، ئاماژەی بە "پێویستییەکی بەپەلە بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز و وردەکارییە یاساییەکان لەبارەی دابەشکردنی داهاتەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا" کرد. بەداخەوە پەرلەمان سەرکەوتوو نەبووە لە دەرکردنی ئەم یاسایە گرنگە.
کێشەی موچە و گۆڕانکارییەکانی بودجە:
د. لەتیف رەشید رایگەیاند، "ئەرکی حکومەتە موچەی سەرجەم فەرمانبەران دابین بکات". لە هەمان کاتدا روونی کردەوە؛ کێشەیەکی گەورەمان هەیە لەڕوی خەرجیەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی موچە، کە دەکاتە 80%ی داهاتی دەوڵەت، لە کاتێکدا لە وڵاتانی پێشکەوتووی دیکەدا، لە 6% تێناپەڕێت، پێویستە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین."
هەڵبژاردنەکان و پاراستنی متمانە:
سەرۆک کۆمار داوای کرد، "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوودا هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە مسۆگەر بکەین و رێگری بکەین لە بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ مەبەستی هەڵبژاردن". هەروەها رەتی کردەوە "بانگەشەی دواخستنی هەڵبژاردن یان پێکهێنانی حکومەتی فریاگوزاری بە هیچ جۆرێک راست نییە."
رەوشی زیندانییەکان و یاسای لێبوردن:
د. لەتیف رەشید روونیکردەوە، "سەرۆکایەتی کۆمار، لە رێگەی لیژنە هاوبەشە وەزارییەکانەوە، چارەنووسی 23 هەزار دەستبەسەرکراو کە سزا نەدراون و حوکمەکانیان تەواو کردبوو و بە هۆکاری جۆراوجۆر هێشتا لە زیندان بوون، یەکلایی کردەوە." بەپێی یاسای لێبوردن 55 هەزار زیندانی ئازاد کراون.
قەیرانی ئاو و پێشنیازە یاساییەکان:
سەبارەت بە قەیرانی ئاو، سەرۆک کۆمار وتی "جیهان لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوادا رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئاو بووەتەوە، بە عیراقیشەوە." داوای کرد "پشکێکی دادپەروەرانەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ وەربگرین و بە فیڕۆدانی ئاو بوەستێنین."
ئاشکراشی کرد کە سەرۆکایەتی کۆمار "چەندین رەشنووسی یاسای پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، لەوانە پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای ئاو و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان."
پرسی پەکەکە و غەززە:
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر پرسی لەناوبردنی چەکی پەکەکە و وتی "لەناوبردنی چەکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری."
سەبارەت بە غەززەش، جەختی کردەوە "دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆ سەر غەززە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە. هەڵوێستی ئێمە لە عیراق روونە و نوێ نییە، ئێمە پشتیوانی لە گەلی فەلەستینی بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانی تەواوی خۆی دەکەین و ئێستا دەبێت دەستدرێژییەکان رابگیرێت و هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێت."
ئهمڕۆ پێنجشهممه، وهزارهتی كۆچ و كۆچبهرانی عیراق گهڕانهوهی (230) خێزانی عیراقی كه ژمارهیان دهگاته (839) كهس، له كهمپی هۆلۆوه بۆ ناو عیراق راگهیاند.
كهریم نووری، بریكاری وهزارهتی كۆچ و كۆچبهران، رایگهیاند: " (230) خێزانی عیراقی كه ژمارهیان دهگاته (839) كهس، كهمپی هۆلیان جێهێشتووه و بهرهو عیراق گهڕاونهتهوه."
وتیشی: "ئهمه (29)همین وهجبهی ئهو خێزانانهیه كه له كهمپی هۆلەوە دهگهڕێنهوه و ئێستا له رێگادان بۆ گهیشتنهوه به وڵات."
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی 8ـی 2025، پێشوازی لە وەفدێکی فەلەستینی بە سەرۆکایەتی محەمەد ئەشتیە سەرۆک وەزیرانی پێشوو کرد، ئەوەش لە پەراوێزی کۆنگرەی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکراتی لە جیهانی عەرەبیدا کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد، و لە دیدارێکدا بارودۆخی دڵتەزێن و کارەساتباری گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە و لە فەلەستین بە گشتی تاوتوێ کرا.
سەرۆک کۆمار جەختی لە هاوپشتی و پشتیوانی عیراق، حکومەت و گەل، بۆ گەلی فەلەستین کردەوە، و پێویستی یەکخستنی هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان و گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی بەرامبەر بە دەستدرێژی و سیاسەتی کوشتن و برسی کردن دژی هاوڵاتیانی سڤیل و ژنان و منداڵان و پیر و پیاوان دووپاتکردەوە، هەروەها کاریش لەسەر گەیاندنی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکی و خۆراکییەکان بە هاوڵاتیان بکات بە شێوەیەک کە پێداویستییەکانیان دابین بکات.
لای خۆیەوە، محەمەد ئەشتیە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ فەخامەتی سەرۆک کۆمار دەربڕی و ستایشی هەوڵەکانی فەخامەتی و هەڵوێستی عیراقی کرد لە پشتیوانیکردنی فەلەستین و مافە ڕەواکانی گەلەکەی.
وەفدەکە قەڵغانی فەلەستینیان بەخشییە فەخامەتی سەرۆک کۆمار بۆ هەڵوێستە دیارەکانی لە پشتیوانی و پشتگیریکردنی دۆزی ڕەوای گەلی فەلەستین.
`
کۆنفرانسی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و سەرۆک کۆماری عیراق تێیدا وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت هاوسەنگی لە نێوان وڵاتاندا بمێنێتەوەو كێشەكان چارەسەربكرێن.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە وتارەکەیدا رایگەیاند، وڵاتە گەورەکان مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن و دەبێت کۆمەڵکوژییەکان بوەستێنرێن.
وتیشی، دەبێت ئەو دڕەندەیەی لە غەززە هەیە رابگیرێت، هاوکات گەلی عیراق هاوسۆزی فەلەستینەکانە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکانی ئەم سەردەمە کەمی ئاو و نەبوونی وزەیە، دەبێت هەموان پێکەوە کاربکەین بۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
د. لەتیف رەشید داواشی لە میوانەکانی بەشداربووی کۆنفڕانسەکە کرد سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بکەن، تا بۆیان دەرکەوێت رژێمی بەعس چ تاوانێکی بەرانبەر بە گەلی کورد و ئەو شارە ئەنجامداوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی نیشاندا بۆ خەرکردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم بەو مەرجەی حکومەتی هەرێم 120 ملیار دینارەکە رادەست بکات.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەن، بڕیاردرا موچەی مانگی شەشی فەرمانبەران خەربکرێت، بەڵام بە مەرجێک هەرێم 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنە هاوبەشەکان راسپێردراون بەردەوامبن لە کارەکانیان، هاوکات تیمێکی یاسایی پێکهێنرێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە داهاتە نانەوتییەکان بەپێی یاسا. چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم درا.
هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگەی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆتا بڕگەری کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تاوتوێی پرسی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراو و لە ئەنجامی لە ئەنجامدا محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا دەستبکرێت بە خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ پێداچوونەوە بە خاڵەناکۆکەکانی نێوان عیراق وهەرێم چارەسەردکردنی و رێککەوتن لەبارەیەوە، ئەگەریش ئەو خاڵە ناکۆکانە چارەسەرنەکرا، پەنادەبرێتە بەر دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ یەکلایکردەنەوەی ئەو نوسراوە یاساییانەی کە شیکردنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.
هەڵۆ عەسکەری راشیگەیاند، لەنێو کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بەشێوەیەکی ئەرێنی و بەپەرۆشیەوە باس لە چارەسەری کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کراوە.