ماوەی پێنج رۆژە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی فراوان لە باشور و خۆرئاوای کەرکوک بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە دەستیپێکردووە و شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق و فەرماندەی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوکیش رایانگەیاند، تاکو ئێستا ١٤ داواکراو دەستگیرکراون کە چوار لە دەستگیرکراوەکان مادەی تیرۆریان لەسەرە.
بەپێی لێدوانی فەرماندەی ژووری ئۆپراسیۆنەکانیش ئۆپراسیۆنەکە بەردەوامیی دەبێت.
کۆمسیۆنی ھەلبژاردنەکان ئاشکرایکردووە، ئامادەکردنی کارتی دەنگدان لە کۆتا قۆناغیدایە و سەرەتای ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی کارتی دەنگدانی بایۆمەتری دەکرێت .
لە چوارچێوەی ئەو پلانە ستراتیژیەش کە بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن دانراوە ، کۆمسیۆن رایگەیاندوە ، تا ئێستا ٢ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار کارتی بابۆمەتریان وەرگرتۆتەوە بۆ نوێکردنەوەیان کە لە نێویاندا لە دایکبوانی ٢٠٠١ و ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣ ھەن.
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لەبارەی رەوشی سیاسی و بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبونەوە، نوسینگەی سەرۆکوەزیرانیش رایگەیاندوە، سەرۆکایەتییەکان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە کۆکبوون ھەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت، داوا لەو لایەنانەش کراوە لە ھەڵبژاردن کشاونەتەوە، بەشداری بکەن و پێکەوە پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق سەربخەن.
لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی دەرەنجامی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا رایگەیاند، بەپێی ئەو خشتە زەمەنییەی لەسەری رێککەوتون، لەکۆتایی ئەمساڵدا ئەمریکا ھەموو ھێزە شەڕکەرەکانی لەعێراق دەکشێنێتەوە.
(مەحمود مەشهەدانی) سەركردەی باڵا لە هاوپەیمانی عەزم ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە بەم نزیكانە (ڕەوتی حیكمە و هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و ڕەوتی سەدڕ)، نەخشەی هاوپەیمانییەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت گەڵاڵە بكەن، دەشڵێت، بڕیارەكەی موقتەدا سەدر بۆ كشانەوەی لە هەڵبژاردن لە ژێر فشاری شەقام و دوای ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی ناسریە بووە.
(مەحمود مەشهەدانی) ڕاشیگەیاند، هەر پێشنیازێك بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردن، نییەتە بۆ پەكخستنی هەڵبژاردن، (نوری مالكی) سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش لە نوێترین پەیامیدا، داوا دەكات كێبڕكێكان لەسەر بنەمایەكی شەریفانە بێت.
(واین مارۆتۆ) وتەبیژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، بە بڕی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار ھاوکاری ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کراوە.
وتیشی، ئەو ھاوکاریانە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی حکومەتی بەغداد و لەسەر سندوقی پشتیوانی ئەمریکا بووە بۆ جەنگی داعش.
وتەبێژەکەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پشتیوانی ھاوپەیمانان بۆ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە داھاتووشدا بەردەوام دەبێت، لە دۆخێکیشدا ئەگەر ئەمریکا ھێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، بەردەوامی ھاوکاری و پشتیوانییەکان بەجێدەھێڵرێت بۆ بڕیاری حکومەتی عێراق و ئەمریکا.ا
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم بەنداوەکان سەلامەتن و تەنانەت ئەگەر بارانێکی زۆریش ببارێت مەترسی ڕووخانیان لەسەر نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە پێی ھەڵسەنگاندنەکانیان لە حاڵەتی بارانبارینێکی زۆریش وەک ئەوەی لە ئەوروپا ڕوویدا، سەرجەم بەنداوە گەورە و بچوکەکانی عێراق توانای خۆڕاگرییان ھەیە و ناڕوخێن و ھیچ جۆرە مەترسییەکیان لەسەر دروست نابێت.
(فوئاد حسێن) وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا وەفدێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی (بەرھەم ساڵح) سەرۆک کۆمار سەردانی تاران دەکات.
وتیشی، گفتوگۆیەکی رون لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدەن، بە تایبەتی لە بارەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر گروپ و ھێزەکانی دەرەوەی حکومەت، بڕیاری سەربەخۆ بدەن، کێشە و پرسەکان لە عێراق دەگاتە قۆناغێکی مەترسیدار.
د. بەرھەم ساڵەح سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لە کۆبونەوەکەدا ئەنجامی سەردانە فەرمییەکەی کازمی بۆ ئەمریکا و دەرئەنجامەکانی دیالۆگی ستراتیژی تاوتوێکرا، ھاوکات ھەردوولا جەختییان کردەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و دابینکردنی گشت پێداویستییەکان تاوەکو ھەڵبژاردنەکان دوور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ بەڕێوەبچێت.
لەلایەکی ترەوە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داھاتودا وەفدێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی د.بەرھەم ساڵح سەردانی تاران دەکات و گفتوگۆیەکی روون لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدەن، بە تایبەت لەبارەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق، مەبەست لێی کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکایە.
محەمەد شیاع سودانی پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند، بە پێی داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆ کۆی داھاتی نەوت لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی تەمووز گەیشتووەتە ٤٠ ملیار دۆلار، لەکاتێکدا لە بودجەدا داھاتی خەمڵێنراو بۆ حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٢٨.٦ ملیار دۆلار دیاریکراوە.
وتیشی، تا ئێستا زیادەی داھاتی نەوت گەیشتووەتە زیاتر لە ١١ ملیار دۆلار و پێشبینیش دەکرێت بەھۆی بوژانەوەی ئابوری جیھان و سەقامگیربوونی نرخی نەوت، زیادەی داھاتی نەوتی عێراق بگاتە ٢٠ ملیار دۆلار، ئەوەش ھەمان بڕی ئەو کورتھێنانەیە کەلە بودجەی ئەمساڵدا دیاریکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ھەلیکۆپتەرەکە لە جۆی می ١٧ بووە و لە ئەرکێکی سەربازیدا بووە.
کازمی کۆتایی بە گەشتەکەی لە ئەمریکا ھێناو بەرەو بەغداد گەڕایەوە، لە تویتێکیشدا رایگەیاند، لە سەردانەکەی بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوەی لەگەڵ بایدن، لێکتێگەیشتن لە بواری سیاسی و ئابوری و رۆشنبیری کراوە و دەرەنجامەکانی لە بەرژەوەندی گەلی عێراق دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، جەختیکردووەتەوە لەوەی عێراق ھەوڵیداوە ھاوسەنگی و ئارامی سیاسی لەناوچەکە بپارێزێت، ھەوڵەکانیشی خستوەتەگەڕ بۆ سەرخستنی چاکسازی و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و بەھێزکردنی ئاسایشی ناوخۆی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرھێنەران.
نوری مالکی لەتویتەر نوسیویەتی، رێز لە بڕیاری ئەو ھێز و لایەنانە دەگرن بایکۆتی پرۆسەی ھەڵبژاردنیان کردووە، بەڵام ئەوە رای زۆرینەی ھێزە عێراقییەکان نییە و ھەمووان پابەند ناکات.
نوری مالکی جەختیکردۆتەوە لەسەر ئەوەی پرۆسەکە لەوادەی خۆیدا بەرێوەدەچێت.
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا باسی لەوەکردووە، پرسی بەشداری یان کشانەوە پرسێکی ناوخۆیی حزب و لایەنەکانە، بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەخت داوای مەرجەعی باڵا و گەلی عێراقە، ئەرکی حکومەتیشی کەشێکی گونجاوی ئەمنی بۆسەر خستنی پرۆسەکە دابینبکات.
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغداد بە دوو مووشەکی کاتیۆشا، کراوەتە ئامانج و سیستمی دژە مووشەکی "سی رام"یش شکستی ھێناوە لە پەرپەرچدانەوەی مووشەکان و پارچەکان بەر چەندین ئۆتۆمبێلی ھاوڵاتیان و ماڵەکانی ناوچەی مەنسور کەوتوون.
ئەوەش یەکەمین ھێرشی مووشەکییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە دوای کۆتاییھاتنی خولی چوارەمی دانوستانی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و بەغداد و سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا.
لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە، نزیکەی ٥٠ ھێرش کراوەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و ھەولێر و چەندین کاروانی لۆجستی ھاوپەیمانان کراونەتە ئامانج.