بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
نوسینگەی سەرۆک وەزیران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمسیۆن ووردەکاری ئامادەکارییەکانی بۆ ھەڵبژاردن روونکردووەتەوەو سەرۆک وەزیرانیش دووپاتیکردووەتەوە، حکومەت پابەندە بە ئەنجامدانی پرۆسەکە لەوادەی خۆیدا و ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ پرۆسەکە.
ھاوکات ھێزە سیاسییە نیشتمانییەکان کۆکبوون لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.
لە راگەیەنراوەکە باس لەوەکراوە، کازمی و ھێزە سیاسییەکان لە بانگەوازێکدا داوایان لەو لایەنانە کردوە کە بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردووە لە بڕیارەکەیان پاشگەزببنەوە. جگەلەوەش کازمی پێشنیاری کردوە لایەنە سیاسییەکان لیژنەیەک پێبکھێنن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانە و رازییان بکەن لە بڕیارەکەیان پاشگەزببنەوە لەپێناو یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ قۆناغی داھاتوو.
لێپرسراوی یەکەی کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل ڕایگەیاند، لەسەر چەند ئاستێک پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ھەیە و لە ھەوڵی بەھێزکردنیشیدان.
وتیشی، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە تەلئەبیب دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا بەھێز بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، لوبنان و یەمەن و سوریا، لە دەرەوەی ئەو وڵاتە عەرەبیانەن کە تەلئەبیب دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵیاندا ئاسایی بکاتەوە.
لێپرسراوی یەکەی کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل ڕاشیگەیاند، وڵاتانی عەرەبی درکیان بەوە کردووە، بەھێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی تەلئەبیب، دەبێتە بنەمای پەیوەندییەکی متمانە پێکراو لەگەڵ ئەمریکا.
بە نوسراوێکی ڕەسمی نوسینگەی (موقتەدا سەدر) سەرۆکی ڕەوتی سەدر، داوای لە شوێنکەوتووانی ڕەوتەکەی کردووە، بە ڕەچاوکردنی ڕەوشی تەندروستی وڵات و زۆربوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا، ئەمڕۆ لە تەواوی پارێزگاکان بەشداری لە نوێژی بە کۆمەڵی ھەینی نەکەن، تا کاتێکی نادیاریش ئەو داوایە دەبێت جێبەجێ بکرێت.
ماوەی ھەفتەیەکە ئامارەکانی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش لە ھەڵکشاندایە.
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و ئابووری عێراق ڕایگەیاند، لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتوودا نرخی نەوت بە ٥٠ دۆلار جێگیر دەکرێت.
وتیشی، ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان، مانگانە نابێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری وەک پێشینە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان کردووە.
پێشتر ئەڵماس فازڵ ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ھەندێک کوتلە لە ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ ڕاگرتنی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێمی کوردستان، بە پاساوی ئەوەی ھەرێم پابەند نەبووە بە ڕادەستکردنی داھاتەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
لیوا عومەر عەدنان ئەلوائلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، ھەردوو حکومەتی بەغداد و تاران، لیژنەیەکی ھاوبەشیان پێکھێناوە بۆ کردنەوەی دەروازە سنورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، بەڕووی گەشتیاران لەسەرەتای مانگی حوزەیرانەوە بەھۆی ھەڵکشانی ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لەلایەن ئێرانەوە داخراون.
وتیشی، ئەگەر ھەیە دوای سەردانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران، دەروازە سنورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات جارێکی تر بە روی گەشتیاراندا بکرێنەوە.
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، زیاتر لە چوار ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەتەوە، داواشی لە لایەنە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە، رۆڵیان ھەبێت لە ھۆشیارکردنەوەی دەنگدەران بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، و رێگریکردن لە ئەنجامدانی ساختەکاری و یاریکردن بە ئەنجامەکان.
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق باسی لەوەکردووە، لەگەڵ ئەوەی لە عێراق زیاتر لە ٢٥ ملیۆن ھاوڵاتی مافی دەنگدانیان ھەیە، بەڵام تائێستا ١٧ ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە، لەو ژمارەیەش کەمتر لە ١٣ ملیۆنیان کارتەکەیان وەرگرتووەتەوە.
دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت کەمترین رێژەی بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردن لە بەغدادی پایتەخت و پارێزگاکانی نەینەوا و بەسرە تۆمار بکرێت.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٨٧ توشبوی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەراورد بە رۆژی پێنج شەممە ٢٠ حاڵەتی مردن زیاتر بووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ١١ ھەزار و ٤٣٥ توشبوی تری کۆرۆنا تۆمارکراون و بەم جۆرەش کۆی توشبوون بە کۆرۆنا گەیشتە ملیۆنێک و ٦٩٦ ھەزار و ٣٩٠ توشبوو، ژمارەی ئەوانەشی تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٩ ھەزار و ٨٧ کەس بەرزبووەوە.
وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، نەخۆشخانەکان پڕبوون لە توشبوان و ترس ھەیە کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا لەدەستبدەن.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لەبارەی ڤاکسینیشەوە رایگەیاندووە، تا ئێستا ٢ ملیۆن و ١٠٢ ھەزار و ٥٥٠ ژەمە ڤاکسین لە ھاوڵاتیان دراوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بەپێی زانیاری وردی ھەواڵگری، بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگری سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق لە ناوچەی ترکەڵان و قەرەتەپە لە کەرکوک سێ تیرۆرستی داواکراوی داعشیان لەکاتی ھەوڵدان بۆ چوونە ناو پارێزگای کەرکوک دەستگیرکردوە.
ھەواڵگری سەربازیی عێراق پێنج کەسی بە رەگەز سوریشی لە گوندی شەعلان سەر بە قەزای رەبیعە لە خۆرئاوای نەینەوا دەستگیرکرد بە نایاسایی پەرژینی نێوان سوریا و عێراقیان تێپەڕاند بوو و ھاتبوونە ناو خاکی عێراق، بۆ گرتنەبەری رێکاری یاساییش رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کران.
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ھەموو ساڵێک حکومەتی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتوو رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکات.
وتیشی، ھەرچەند تائێستا کار بە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق نەکراوە، بەڵام بەھۆی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و پێکھێنانی حکومەتی نوێ، یاسای بودجەی ٢٠٢٢ دوادەکەوێت و لەو حاڵەتەشدا بەپێی یاسا، لە ساڵی ٢٠٢٢ کار بە ١ لەسەر ١٢ی بوجەی ٢٠٢١ دەکرێت، تا ناردن و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بوجەی ٢٠٢٢ لە ئەنجومەنی نوێنەران.
وەفدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی خالید شوانی ، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسڕ کۆبووەوە و پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەخت و پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکان تاوتوێ کرد، عەبادی لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ھەردوولا جەختیانکردووەتەوە لەسەر دروستکردنی کەشێکی گونجاو و لەبار بۆ سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، کە گوزارشت لە خواستی عێراقییەکان بکات بەسەرجەم پێکھاتەکانییەوە.
راشگەیاندوە، لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ھەماھەنگی تەواویان دەبێت بۆ تێپەراندنی ئاستەنگەکان و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ بونیاد نانەوەی عێراق.
بەشێک لە ھێزەکانی شیعەکان ، داوایان لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کردووە،جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق بگۆڕێت، ئەوەش بەھۆی ئەو ناکۆکیەی ماوەی سێ ھەفتەیە لە نێوان سەرکردە باڵاکانی شیعە و پلاسخارت ھاتووەتە ئاراوە.
لایەنەکانی شیعە،پلاسخارتیان تۆمەتبار کردووە بەدەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و ھەڵبژاردنی پێشوەخت و رایانگەیاندووە" جینین پلاسخارت دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە و یاری بە کارتە سیاسییەکان دەکات، بۆ جێبەجێکردنی ئەجندای دەرەکی.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق بڕیاریداوە بە ھەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ مینسکی پایتەختی بیلاروسیا تا کاتێکی نادیار، ھەڵپەساردنی گەشتەکان لەگەڵ مینسک، لە ژێر فشاری نێودەوڵەتی بووە بۆ رێگرتنی لە لێشاوی کۆچی نایاسایی عێراقییەکان بۆ ئەو وڵاتە.
یەکێتی ئەوروپاش رایگەیاند، لەگەڵ بەغداد گەیشتونەتە لێکتێگەیشتن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو عێراقیانەی لە لیتوانیاوە دیپۆرت دەکرێنەوە.
بەپێی ئامارێکی ھێڵی ئاسمانی عێراقیش ھەفتانە دوو بۆ سێ گەشتی بلاروسیا رێکخراوە.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، داوای لە ھێزەئەمنییەکان و دەزگای ھەواڵگری کردووە، چاو کراوەتربن بۆ شکستپێھێنانی پیلانی تیرۆریستانی داعش، بۆ بەئامانجگرتنی بنکەکانی دەنگدن لە رۆژی ھەڵبژاردن.
کازمی داوای لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان کردووە رەوشی ئەمنی پێش وادەی بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەخت گەرەنتی بکەن، بە دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی بۆ پاراستنی ھاوڵاتیان لەو رۆژەدا.
کۆمپانیای گشتی گواستنەوەی وزەی کارەبای باکور سەر بە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، جەنگی بە ئامانجکردنی ھێڵەکانی کارەبا لە عێراق فراوان بووە و لە ٤٨ سەعاتی رابردوودا ١٣ تاوەری کارەبا لە ھەر سێ پارێزگای کەرکوک و نەینەوا و سەڵاحەدین کراونەتە ئامانج و سەرجەم ھێرشەکانیش لە رێی بۆمبی چێندراوەوە ئەنجامدراون.
وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندوە، تیرۆریستان لە رێگەی کردنە ئامانجی تاوەرەکانی کارەبا دەیانەوێت پرۆژەکانی کارەبا رابگرن و سیستەمی نیشتمانی بکوژێننەوەو پارێزگاکان لەیەکتر داببڕن، ئەوەش پیلانێکی ئاشکرایە و بەتوندی بەرپەرچی دەدەنەوە و کەمتەرخەمی لەبەرامبەر تێکدەران ناکەن.
د. بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسایی بودجەی عێراق نوسراوی رەسمییان بۆ حکومەتی فیدراڵی کردوە، پەلە بکات لە جێبەجێکردنی یاساکە، چونکە لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاسایی بودجە خەڵک زەرەرمەند دەبێت و پڕۆژەکانیش دوادەکەون.
سەبارەت بە ناردنی بڕی ٢٠٠ ملیار دیناریش بۆ ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو لیژنە ھونەرییانەی لە نێوان بەغداد و ھەرێمی کوردستان دەست بەکاربوون بۆ ووردبینیکردن لە داھاتە نانەوتییەکان، بەڵام تائێستا کارەکانیان تەواو نەکراوە، حکومەتیش بڕیاریداوە تا کارەکانی ئەو لیژنەیە تەواو دەبێت مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار وەک پێشینە رەوانەی ھەرێم بکات.
ڕیاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندووە، بەھۆی ئەوەی لەلایەن ڕێکخراوی تەندورستی جیھانی ڕێنمایی دەرنەچووە بۆ ئەوەی منداڵان بە ڤاکسین بکوترێن ھەر بۆیە ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە عێراق لە ناو منداڵاندا زیادیکردووە.
وتیشی، ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لەناو منداڵانی عێراق لە ٦٪ بۆ ٧٪ بەرزبووەتەوە.