"عەلی دیفاعی" وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، چوونی وەفدێکی کورد و سنە و "ھادی عامری" سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح بۆ شاری حەنانە لە "نەجەف"، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ "موقتەدا سەدر" رێبەری رەوتی سەدر راست نییە، کە مەبەست لێی تاوتوێکردنی رەوشی سیاسی و گەیشتن بە رێککەوتن بووە.
وتیشی، نیمچە رێککەوتنێک لەنێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و سونە و کورد کراوە و چاوەڕێدەکەن "مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لە نیویۆرک بگەڕێتەوە.
سەبارەت بە کاندیدبوونی "محەمەد شیاع سودانی"ش بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی وتی، سەدر ھێشتا رەزامەندی دەرنەبڕیوە.
رەتکردنەوەی کۆبوونەوەی حەنانە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، دوای ئەوە دێت کە میدیاکان لە زاری ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراقەوە بڵاویانکردەوە، ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە حەنانە بەڕێوەدەچێت، کە "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و "محەمەد حەلبوسی" سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە بەشداری "ھادی عامری" سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لەخۆدەگرێت.
"شیروان دووبردانی" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، نزیکەی ١٥٠ خێزانی عێراقی لە کەمپی ھۆلی سوریاوە دەگوازرێنەوە کەمپی جەدعە لە باشوری موسڵ، تائێستاش زیاتر لە ٦٠٠ خێزان لە کەمپی ھۆڵەوە وەرگیراونەتەوە.
وتیشی، بەھۆی زیادبوونی پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش حکومەتی عێراق بەردەوامی دەدات بە گەڕانەوەی خێزانەکان لە کەمپی ھۆڵ و ئەو کاروانە نوێیەش رۆژی ٥شەممە دەگەنە کەمپی جەدعە.
ھەفتەی رابردوو، "قاسم ئەعرەجی" راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاندبوو، رەوشی کەمپی ھۆل جێی نیگەرانییە بۆ عێراق و ترس ھەیە لەوەی نەوەیەکی تازە لە تیرۆریستانی داعش لەو کەمپەوە پەروەردە بن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، زیاتر لە ٧٠ ھەزار کەس کە کەسوکاری داعشن لە کەمپی ھۆڵن، کە ٩٠%یان ژن و منداڵن و زۆرترینیان عێراقین.
ئەندامەکەی رەوتی حیکمە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ھەوڵدەدات لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیراندا رەوتی سەدر رازی بکات، بەڵام ھەر کەسێک کاندیدبکات، ناتوانێت رەزامەندی موقتەدا سەدر بەدەستبھێنێت و کاندیدەکەیان لەلایەن سەدرەوە رەتدەکرێتەوە.
ھەروەھا رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی چوارچێوەی ھەماھەنگی زۆر گرنگ بووە و ھەنگاوێکی باش دەبێت بۆ ھەنگاونان بەرەو پێکھێنانی حکومەت.
ئەندامەکەی رەوتی حیکمە ئاشکرایکردووە، لایەنە کوردییەکان بە تەواوەتی رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە بەیەک کاندیدی ھاوبەشەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن کە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەرێوەدەچێت.
سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، سەردانەکەی قائانی لە شاری کەربەلا و دواتر سامەرا و پاشان بەغداد دەستیپێکردووە.
ئەندامێکی باڵای ھاوپەیمانی "فەتح"یش کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە بە میدیاکانی راگەیاندووە، ئەم جموجوڵەی ئێستای "قائانی" لەدوای کۆتاییھاتنی چلەی ئیمام حسێنە و ئامانجی ئەوەیە ئاڵۆزی و ناکۆکی گەورە لەنێوان رەوتی سەدر و ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی روونەداتەوە و پشێوی لەسەر شەقام دروستنەبێت.
سەرچاوەیەکی نزیکیش لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاساوە دەڵێت، ئێران ھەوڵدەدات سەقامگیری سیاسی لەعێراق بەدیبھێنێت و دەیەوێت بەزووترین کات حکومەت پێکبێت.
میدیاکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، سەردانەکەی "قائانی" لەکاتێکدایە کە "محەمەد کەوسەرانی"یش فەرماندە لە حزبوڵای لوبنانی لە عێراقە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، کازمی بەیانی ئەمڕۆ گەیشتووەتە نیویۆرک و بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە کازمی وتاری دەبێت و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەشدا لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتان و سکرتیری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە سەرۆکی رێکخراوە نێودەوڵەتی و ھەرێمییەکان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵات و رێکخراوانە دەکات لەبوارە جیاجیاکاندا.
جگە لەوەش قەیرانە ئابوریی و سیاسییەکان کە روبەروی عێراق و ناوچەکە دەبنەوە تاوتوێ دەکرێن .
"محەمەد سەھیود" رایگەیاند، دەرگای لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت چوارچێوەی ھەماھەنگی بەڕووی رەوتی سەدر کراوەیە، پێشبینیشی کرد پڕۆسەی پێکھێنانی حکومەتی نوێ زیاتر لە دوو مانگ بخایەنێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشدا، رەنگە لەچەند رۆژی داھاتوودا یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامبدرێت، بۆ رێکخستنی پڕۆسەی سیاسی و ھەنگاونان بەرەو پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ.
لای خۆشیەوە، "عسام حسێن" ئەندامی رەوتی سەدر دەڵێت، گەڕانەوەی رەوتەکەیان و پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ئەستەمە، چونکە موقتەدا سەدر نایەوێت بەشداربێت لە دروستکردنی ژمارەیەک گەندەڵکاری دیکە کە عێراقییەکان بەھۆیانەوە دەبنە قوربانی.
عەلا یاسری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بە ئاژانسی فەرمی عێراقی رایگەیاندووە، بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، بە کۆمپانیا نەوتییەکانی جیھانیان راگەیاندووە کە چیتر ناتوانن نەوتی خاوی ھەرێم بکڕن و سەرجەم ئەو رێککەوتنانەش کە لەگەڵ ھەرێم کراو بۆ کڕینی نەوت چیتر کاریان پێناکرێت بەھۆی ئەوەی ھەرێم ناچارە بریاری دادگای فیدراڵی جێبەجێبکات.
راشیگەیاندووە، لەئێستادا ئامادەکاریکراوە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ گواستنەوەی دۆسییەی کڕین و فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، بەڵام تائێستا حکومەت رەزامەندی بۆ ئەو کارە پیشاننەداوە، بۆیە وەزارەتی نەوت ناچارە رێکاری یاسایی بگرێتەبەر.
بەوتەی بەڕێوەبەری سۆمۆ، ساڵی رابردوو ھەرێم رۆژانە ٤٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتوو، بەڵام لەئێستادا ئەو رێژەیە کەمیکردووە بۆ ٣٥٥ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای فیدراڵی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستانی بە نادەستووری لە قەڵەمدا، لەبەرامبەریشدا حکومەتی ھەرێم ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی رەتکردەوە.
سەرۆکایەتیی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی رەسافەی بەغداد، ئاماری سکاڵاکانی لەبارەی توندوتیژیی خێزانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە دادگاکانیان ھەزار و ٧٣٣ سکاڵا تۆمارکراون.
راشیگەیاند، ٢٥٧ سکاڵا لەبارەی توندوتیژیی بەرامبەر بەساڵاچووان و ھەزار و ٤٠٨ سکاڵاش لەبارەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان و ٦٨ سکاڵاش لەبارەی توندوتیژیی بەرامبەر منداڵان بوون.
بەپێی ئامارێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، ساڵی ٢٠٢١ پێنج ھەزار حاڵەتی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان لە بەغداد و سەرجەم پارێزگاکانی تر تۆمار کراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی (بەغداد الیوم)ی راگەیاندووە، (سەدر) رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەوەی پێشوازی لەو وەفدە سێ قۆڵییە بکات کە بە نیازن سەردانی بکەن، وەفدەکە لە ھەریەک لە (ھادی عامری) سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح و (محەمەد حەلبوسی) سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێکدێن.
ئاشکراشیکرد، تائێستا وادەی ئەنجامدانی سەردانەکە دیار نییە، بەڵام رەزامەندییەکەی سەدر پێشھاتێکی ئەرێنییە بۆ کۆتاییھێنان بە چەقبەستویی سیاسی و ھەنگاونان بەرەو پێکھێنانی حکومەتی نوێ.
(ئەحمەد موسەوی) ئەندامی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، لە دوای ھەڵبژاردنی رابردۆوە تائێستا ھەڵوێستی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی حکومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتی (مستەفا کازمی) روون و ئاشکرابووە کە بەھیچ شێوەیەک رازی نییە بە درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتی کازمی.
ھاوکات (مەحمود روبەیعی) وتەبێژی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی (سادیقون)یش رایگەیاند، درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتی حکومەتی ئێستا کە (مستەفا کازمی) سەرۆکایەتی دەکات، جگە لە قوڵکردنەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکان ھیچی تر نییە، بۆیە وەک بزوتنەوەی سادیقون رازی نابن ماوەی دەسەڵاتی مستەفا کازمی درێژ بکرێتەوە.
(عەلی ترکی جەمال) ئەندامی ھاوپەیمانی (فەتح ) رەخنەی لە دەستپێنەکردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرتو وتی، (محەمەد حەلبوسی) بە مەبەست و بە ھۆکاری سیاسی و تەکنیکی دانیشتنەکانی ھەڵپەساردووە.
وتیشی، زۆرێک لە پەرلەمانتارانی عێراق داوای دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکان دەکەن بۆ تاوتوێکردنی چەندین پڕۆژە یاسا و رەوشی سیاسی وڵات ، ژمارەی ئەو ئیمزایانەشی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بۆ ئەو مەبەستە کۆکراوەتەوە گەیشتووەتە ١٨٨ ئیمزا، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
کازمی لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ نیویۆرک بە مەبەستی بەشداریکردن لە ٧٧مین خولی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا کاریان کردووە بۆ بونیادنانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانی عێراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتی، ئاستی بەشداری عێراقیان لە وێستگە نێودەوڵەتییەکاندا بەرزکردۆتەوەو ھەماھەنگی و ھاوبەشییان لەگەڵ ھەموان بەھێز کردوە، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی ھەبوە لەسەر بەرژەوەندییەکانی گەلەکەیان لە ھەموو ئاستێکدا.
رونیشی کردوەتەوە، ئەزمونی حکومەتەکەیان دووپاتی کردەوە، عێراق دەتوانێت رۆڵی گرنگ بگێڕێت لە چەسپاندنی سەقامگیری ناوچەکە و ببێتە گۆڕەپانی نزیککردنەوەی تێڕوانینی ھەموان.
وەزارەتی بارزگانی عێراق رایگەیاند، بەپێی یاسای ئاسایشی خۆراک تا ٣١/١٢/٢٠٢٢ سەبەتەی خۆراکی ھاووڵاتیانی عێراق دابین کراوە، بۆ ماوەی سێ مانگی ساڵی داھاتوش ئەمبارکردنی فریاگوزاری دابین کراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، میکانیزمێکیش ئامادە کراوە بۆ راگرتنی بەشەخۆراکی خێزانە دەوڵەمەندەکان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، راگرتنەکەش بە پێی داھاتی مانگانەی ھاووڵاتی دیاری دەکرێت، بە ئامادەکردنی کارتی ئەلیکترۆنی کە سوودی دەبێت بۆ باشترکردنی و زیادکردنی کەرەستەی تر بۆ سەبەتەی خۆراک.
"عەلی فەتلاوی" رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی کاندیدی نێو ماڵی شیعەیە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، وتیشی پێکھاتەی شیعە دەستوەردانی نەکردووە لە بژاردی سونە و کورد سەبارەت بە کاندیدەکان بۆ سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە نابێت ئەوانیش دەستوەردان بکەن و چاوەڕێی ھەڵوێستی ئەرێنی ئەوانن.
"فەتلاوی" باسی لەوەش کرد، ئەگەر ھەیە لە چەند رۆژی داھاتوودا رەوشی سیاسی بەرەوپێشچوون بە خۆیەوە ببینێت بۆ تەواوکردنی دەستکەوتە دەستورییەکان و پێکھێنانی حکومەتی نوێ.
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، زانیاری ورد و بەڵگەی تەواویان لە بەردەستدایە کە ھەندێک لایەن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھانی ھاوڵاتیان دەدەن بۆئەوەی لە دوای کۆتایی ھاتنی چلەی ئیمام حسێن، جارێکی تر دەست بەخۆپیشاندان و توندوتیژی بکەنەوە، جەختیشیکردوەتەوە، دڵنیان لەوەی رەوتی سەدر و خودی موقتەدا سەدریش لەو ھەوڵانە بەدوورن و ھیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە.
چوارچێوەی ھەماھەنگی راشیگەیاندوە، ھەموو ھەوڵەکان بەو ئاراستەیەن لەدوای کۆتایی ھاتنی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبکاتەوە و حکومەتی نوێ پێکبھێنرێت، ھەر لایەنێکیش کار بۆ نانەوەی ئاژاوە بکات و ھەوڵی تێکدانی رەوشی عێراق بدات، بە قورسی باجەکەی دەدات.