سەباح نوعمان وتەبێژی دەزگای روبەروبوونەوەی تیرۆری عێراق رایگەیاندووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢١٦ ئۆپراسیۆنی ئەمنی دژی تیرۆریستان بەڕێوەچوون و لەو ئۆپراسیۆنانەدا ١٠٥ تیرۆریست دەستگیرکراون و ٥٣ تیرۆریستیش کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ماوەیەدا ١١٦ مۆڵگەی تیرۆریستان لەناوبراوە.
ھەروەھا وتەبێژەکەی دەزگای روبەروبوونەوەی عێراق ئاشکراشیکردووە، زۆرینەی ئۆپراسیۆنەکان لە پارێزگاکانی دیالە و باشوری کەرکوک و موسڵ ئەنجامدراون.
بزووتنەوەی ئیمتیداد لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ناکەن، ھۆکاری بەشدارینەکردنیان بۆ پێشێلکردنی ماوە دەستوورییەکان گەڕاندنەوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیشیان تۆمەتبارکرد، بە پێشێلکردنی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران و شکستھێنان لە بەڕێوەبەردنی کۆبوونەوەکان.
ھاوکات ١١ پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە راگەیاندراوێکدا بەشدارینەکردنیان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران راگەیاند و ئاماژەیان بەوەکرد، لەگەڵ گۆڕانکاری و بنیادنانی وڵاتێکی دامەزراوەیی و دوور لە بەرنامەیەکی دووبارەن و بەرنامەی تەواوفووق و پشکپشکێنە رەتدەکەنەوە و بەشێک نابن لە ململانێکانی ئێستا.
"ئیحسان عەبدولجەبار" لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نادەستوریی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان دادپەروەرانە بووە، بەڵام بڕیارەکەیان سەبارەت بە ھەڵوەشانەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، پیشەسازی نەوتی لە وڵاتەکە تێکدا.
وتیشی، داوایانکردووە وردبینی بۆ گرێبەستەکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ھەرێم بە دەم ئەو داواکارییەوە نەھاتوون و دوو دڵن، دەشڵێت، جیاوازی گەورە ھەیە لە گرێبەست و بڕی دەرھێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم.
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکرد، تێچووی بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق لە "بای حەسەن" بە پێنج دۆلار و نیو دەگاتە سەر بارھەڵگرەکانی فرۆشتن، بەڵام تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم دەگاتە ٤٠ دۆلار.
"ئیحسان عەبدولجەبار" سەبارەت بەو سکاڵایانەش کە دژی تورکیا تۆمارکراون لە دادگا نێودەوڵەتییەکان وتی، ئەگەر سکاڵاکان ببەنەوە، بە بڕی ٣٠ ملیار دۆلار لەلایەن تورکیاوە قەرەبوو دەکرێنەوە.
فراکسیۆنی بزووتنەوەی بابلیوون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەیان، بڕیاریاندا لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەران، دەنگ بە دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نەدەن و پابەندن بە مانەوەی حەلبوسی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
بڕیاروایە رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ خستنە دەنگدانی دەست لەکار کێشانەوەی محەمەد حەلبوسی لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە، تائێستاش بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لەناویاندا ھاوپەیمانیی سەروەریی سووننەکان رەتیدەکەنەوە دەنگ بەدەست لەکارکێشانەوەی حەلبوسی بدەن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە شەوی رابردووەوە رێکارە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ناوچەی سەوز توندتر کراونەتەوە و ئەو دەروازەیەی ناوچەی سەوز کە دەکەوێتە نزیک باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزارەتی پلاندانان داخراوە و بەربەستی کۆنکرێتی لەبەردەم دەروازەکان دانراون، رێکاری ھاوشێوەش لە نزیک "پردی ھەڵواسراو" دەگیرێتەبەر.
توندکردنەوەی رێکارە ئەمنییەکان لەدەوروبەری ناوچەی سەوز، بۆ پاراستنی ئەمنیەتی کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بە تایبەت کە تشرینییەکان لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لەسێیەم ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانیان، ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان دەکەن و چاوەڕواندەکرێت لە رۆژی یەکی مانگی داھاتوو دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکان بەشێک لەو ھێزانەی پشتیووانی لە خۆپیشاندانی تشرینییەکان دەکەن داوای بەشداریکردنی رەوتی سەدر لە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای مانگی داھاتوو دەکەن، بەڵام سەرچاوەیەک لە رەوتی سەدر رایگەیاندووە، سەرکردە و لایەنگرانی رەوتی سەدر، چاوەڕوانی دواین ھەڵوێستی موقتەدا سەدرن بۆ بەشداریکردن یان نەکردن لە خۆپیشاندانی تشرینییەکان.
عەممار حەکیم لە دووەمین رۆژی دیداری رافیدەین لە بەغداد رایگەیاند، لەکۆبوونەوەی رۆژی چوار شەممەی پەرلەمانی عێراقدا دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان قبوڵکراو نابێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک لایەنەکانی دیکە تێبینیان لەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھەیە و نایانەوێت چیتر ھەڵبژاردنەکان ببێتە ھۆی ناسەقامگیری زیاتر لە وڵاتدا.
حەکیم وتیشی، ئێستا ھیچ گفتوگۆیەک لەنێوان چوارچێوە و سەدرییەکاندا نییە و ھێشتا ھەڵوێستی سەدریان بۆ روون نەبووەتەوە و نازانن چی دەوێت.
مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە دیداری رافیدەین بۆ دیالۆگ رایگەیاند، کار لەسەر تەواوکردنی شێوەی دراوێکی نوێ دەکەن کە دراوی ٢٠ ھەزار دینارییە و ئامانجیش لەو ھەنگاوە یەکخستنی دراوی عێراقییە، وتیشی، لابردنی سفرەکانی سەر دیناری عێراقی پێویستی بە دەرکردنی یاسایە.
ھاوکات لەبارەی بەھای دۆلارەوە رایگەیاند، بانکی ناوەندی ھیچ نیازێکی بۆ گۆڕانکاریکردن لە بەھای دۆلار نییە و بەھای دۆلارە جێگیرە، دەشڵێت، لەو کاتەوەی گۆڕانکارییان لە بەھای دۆلار کردووە، نزیکەی ٣٠ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار بۆ داھاتی حکومەت و داھاتی نەوت زیادیکردووە.
"جاسم محەمەد عەبود" سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، ھیچ پێشنیازێکیان پێشکەشنەکردووە سەبارەت بە فراوانکردنی دەسەڵاتەکانیان، جەختیشیکردەوە لەوەی ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەکان بەپێی دەستور کار بکەن.
سەرۆکی دادگای فیدراڵی باسی لەوەشکرد، چەندین سکاڵا سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کوتلەی سەدر ماوە و پێداچوونەوەیان پێدا دەکەن.
سەبارەت بە نەوتی ھەرێمیش وتی، داوایان لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەپێی بەرژەوەندی عێراق جێبەجێبکەن.
ئاماژەی بەوەشدا کە دەستەی چاودێری تائێستا نەیتوانیوە سنورێک بۆ گەندەڵی لە عێراق دابنێت، دانانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و راسپاردنی "ئیحسان عەبدولجەبار"یش بۆ سەرۆکایەتی کردنی بە نایاسایی ناوبرد.
ماڵپەڕەکە ڕاشیگەیاند، لەناو ھاوپەیمانێتیەکەدا جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی سەروەری و عەزم و بزوتنەی بابلیون بەشدارن".
وتەبێژی یەکێتی ڕاشیگەیاندوە، یەکێتی ئامادەیە بۆ قۆناغێکی نوێی گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکانی عێراق، و لەگەڵ پارتیش ئیمزایان لەسەر کارنامەی ھاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت کردووە".
سەبارەت بە پێکھاتەو ناوەڕۆکی ھاوپەیمانێتییە نوێیەکە وتەبێژی یەکێتیی ڕایگەیاندووە، ژمارەیەک خاڵ و داواکاری لایەنەکانی شیعە و سوننە و کوردیشی تێدا جێکراوەتەوە.
لە بارەی پرسی سەرۆک کۆمارەوە وتەبێژی یەکێتیی ڕایگەیاندوە، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی و کوردە و بۆ یەکێتی دەبێت و یەکێتی کاندیدی خۆی نەگۆڕیوە.
بە پێی راگەیەنراوێکی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، کۆبونەوەکەی حەنانە لە نێوان موقتەدا سەدر و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیاربوو لەم چەند رۆژەدا بە بەشداری (ھادی عامری) یەکێک لەسەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەڕێوەبچێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
(محەمەد سەیھود) سەرکردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا کە بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، تائێستا چوارچێوەی ھەماھەنگی ھیوای ھەیە لەگەڵ موقتەدا سەدر بگاتە رێکەوتن و بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ھەوڵێک دەدات، چونکە بە پێویستی دەزانن بە ھاوبەشی حکومەتی نوێ پێکبھێنن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بڵاویانکردوەتەوە، شەوی رابردوو ھاوپەیمانییەکی نوێ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەناوی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێکھێنراوە کە دەرگاشیان بەرووی رەوتی سەدردا کردووەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لەو ھاوپەیمانییە نوێیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ھاوپەیمانییە نوێیە، لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەردوو ھاوپەیمانی عەزم و سیادەی سوننەکان و بزوتنەوەی بابلیونی مەسیحی لە خۆدەگرێت.
بە وتەی سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی پێکھێنانی ئەو ھاوپەیمانیەتییە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراقە.
محەمەد سەیھود سەرکردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بەپێی ئەو کارنامە و بەرنامەیەی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان دایڕشتووە، حکومەتی نوێی عێراق لە ٢٢ وەزارەت پێکدێت و ١٢یان بۆ لایەنە شیعەکانە و لەناویشیاندا شەش وەزارەت بۆ رەوتی سەدر دیاریکراوە، لەگەڵ شەش وەزارەت بۆ سوننەکان و چوار وەزارەتیش بۆ کورد تەرخانکراوە.
راشیگەیاندووە، پێکھێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق بەبێ رەوتی سەدر، ئەستەمە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، بۆیە پێویستە بە ھەر رێگەیەک بووە چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ رەوتی سەدر بگاتە رێککەوتن بە مەبەستی کۆتاییھێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و پێکھێنانی حکومەتی نوێ بە ھاوبەشی.
"عومەر سامەرائی" ئەندامی رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی "عەمار حەکیم" بڵاویکردەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی ئامادەیە "محەمەد شیاع سودانی" لاببات وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و بەردەوام نەرمی دەنوێنێت.
وتیشی، وڵات بەھۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە پەکی کەوتووە و تەنھا گفتوگۆ چارەسەرە بۆ قەیرانی ئێستا.
ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەشکرد، چوارچێوە کێشەی نییە لەسەر داواکاری ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ھێشتا میکانیزمی ھەڵوەشانەوەکە ناکۆکی لەسەرە. جەختیشیکردەوە لەسەر گرنگی پێکھێنانی حکومەتی نوێ کە ئامادەکاری بکات بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان.
لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ھیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق نییە و ئەگەر یاسای بودجە بۆ ساڵی داھاتووش پەسەندنەکرێت، ھیچ مەترسییەک لەسەر مووچە دروستنابێت و ئەو دەنگۆیانەشی لەسەر ئەو بابەتە بڵاودەکرێنەوە دوورن لە راستییەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمساڵ بەرەو کۆتایی دەچێت و تائێستا یاسای بودجە پەسەندنەکراوە بەھۆی کێشە سیاسییەکانەوە ئەستەمیشە پەسەندبکرێت، جەختیشیکردووەتەوە بۆ ساڵی داھاتووش ئەگەر یاسای بودجە نەبێت، حکومەتی عێراق دەتوانێت یەک لەسەر ١٢ی بودجە خەرجبکات و بەوەش کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروستنابێت.
جومعە عیناد وەزیری بەرگری عێراق لە رێوڕەسمی خستنەکاری سیستمێکی راداری پێشکەوتوو رایگەیاند، دوای ماوەیەک لە گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ کۆمپانیای تالیسی فەڕەنسی، گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی سیستمێکی راداری پێشکەوتوو کە لەئێستادا لە عێراق خراوەتە کار و کاریگەری و رۆڵێکی گەورەی دەبێت بۆ زیاتر بەھێزکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی عێراق، چونکە تایبەتمەندنی ئەو سیستمە رادارە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەھەر مەترسییەک کە لە ئاسمانی عێراق ھەبێت.
وتیشی، تائێستا حکومەتی عێراق لە کۆی چوار سیستمی رادار لە جۆری (جی ئێم٤٠٣) کە ساڵی ٢٠١٥ گرێبەستیان بۆ کراوە، دوو سیستم وەرگیراون و ھەردووکیشیان خراونەتە کار و بڕیاریشە دوو سیستمەکەی دیکە یەکێکیان لە کۆتایی ئەم مانگە بگاتە عێراق و چوارەمیش لەسەرەتای ساڵی داھاتوو فەڕەنسا رادەستی عێراقی بکات.
بەپێی کارنامەی کۆبونەوەکە ، رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر دەستەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەدات کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە ، ھاوکات جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنەکە ھەڵدەبژێردێت.
کۆبونەوەکە دوای ئەوە دێت کە لە رۆژی ٨ ی حوزەیرانەوە دوای ئەوەی بە ناکۆکییەکی زۆر دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک درا ، ھیچ کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەنەچووە.