غەریب عەسکەر، تورکمانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئیمزای زیاتر لە ٢٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیان وەرگرتووە، بۆئەوەی پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی ھەردوو قەزای تەلەعفەر و دووزخورماتوو، بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ھاوکات حسێن عامری، ئەندامی فراکسیۆنی حقووق لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، رێککەوتن ھەیە بۆئەوەی پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی قەزای تەلەعفەر بخرێتە ناو کارنامەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.
قەزای تەلەعفەر دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا و قەزای دووزخورماتووش دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین، ھەردوو قەزاکەش دەکەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و بە ناوچەی کێشەلەسەر دادەنرێن.
راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی کرد بۆ ھەردوو پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجە و پڕۆژەیاسای (سەرژمێری و رێکخستنی زانیاری جوگرافی) و ئاڕاستەی لیژنە پەیوەندیدارەکانی کرد.
لەکۆبوونەوەکەدا ١٧٠ پەرلەمانتار ئامادەبوون، ھاوپەیمانی سەروەری سوننەکانیش کە خاوەنی ٧٠ کورسین بەھۆی ناڕەزاییان لەبەرامبەر کەمی پشکی پارێزگاکانیان لە پڕۆژەیاسای بودجە و پەسەندنەکردنی یاسای لێبوردنی گشتی، بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.
بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دیاریکردنی سنوری پارێزگا و یەکە کارگێڕییەکانی ھەیە و بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵیی نابێت، بەپەسەندکردنی یاساکەش ھەڵەبجە دەبێتە یەکەمین پارێزگا کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دەھێنرێتە کایەوە.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەکەیان بە ئامادەبوونی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی ئەو وەزارەتە، یەکەم کۆبوونەوەی تایبەت بە گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ دەکات و خاڵی سەرەکیش چۆنێتی کەمکردنەوەی ئەو کورتھێنانە دەبێت کە لە بودجەدا دەگاتە ٦٤ ترلیۆن دینار و وەزیر و لێپرسراوانی وەزارەتی داراییش روونکردنەوەی تەواو لەسەر کۆی پرۆژەیاساکە دەدەن.
لە کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنەکە رایگەیاند، لەکۆبوونەوەی داھاتوویاندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەکرێت، بەڵام وادەی کۆبوونەوەکەی دیاری نەکرد.
محەمەد شیاع، سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، دۆسێی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی دەستەی گشتی باجەکان کە بە دزیی سەدە ناسراوە، بابەتێکی ھەستیار و پڕ لە لێکۆڵینەوەیە، چونکە ھەوڵدرابوو دۆسییەکە بە بەرگێکی حکومی دابپۆشرێت، راشیگەیاند، داداگانی عێراق دەڵێن تۆڕێکی ناو و لێپرسراوانی گەورەی حکومەتی پێشوو دەستیان لەو دۆسێیەدا ھەیە و ئاسانکارییان کردووە بۆ ئەو کەسانەی دزییەکەیان ئەنجامداوە.
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەو پارەیەی لە دزیی سەدەدا براوە نەگەڕێنرێتەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ ھەموو تۆمەتباران نەکرێت، چیتر قسەکردن لەسەر روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لەعێراق پێکەنیناوییە و تەنھا بۆ چەواشەکردنی ھاوڵاتیانی عێراقە.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دەنگۆی ھەمواری موچەی فەرمانبەران لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ھیچ بنەمایەکی نییە، ئەو بابەتە پڕۆژەیەکی جیاوازە و لەئێستادا حکومەتی عێراق گفتوگۆی لەسەر دەکات.
ئەوەشی خستوەتەڕو، پڕۆژەیاسای ھەمواری موچەی فەرمانبەران رێکارێکی حکومەتی فیدڕاڵە بۆ باشترکردنی رەشی فەرمانبەران و بەدیھێنانی دادپەروەری لە نێوان موچەی فەرمانبەراندا، بۆیە بە وردی چاودێری پرۆسەکە دەکەن و ئومێدەوارن لە زوترین کاتدا پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
سەرۆکی لیژنەی دارایی دەڵێت، وەک ئەنجومەنی نوێنەران پشتیوانی لەو پڕۆژەیاسایە دەکەن چونکە دەتوانێت دادپەروەری لە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتدا دروست بکات، ئەویش لەرێگەی ھەمواری موچەی بنەڕەتییان کە دەبێتەھۆی ئەوەی ژیانێکی باشتریان بۆ فەراھەم بکرێت.
لەیلا سەرحان، بەڕێوەبەری ھەرێمی کۆمپانیای ڤیزای جیھانی بە رۆژنامەی "سەباح"ی عێراقی رایگەیاند، مامەڵەی عێراقییەکان لەگەڵ بانکەکاندا کەمبووەتەوە و ٨١٪ی دانیشتووانی عێراق ئەژماری بانکییان نییە، ھۆکارەکەشی بۆ نەبوونی رۆشنبیری دارایی گەڕاندەوە.
راشیگەیاند، کۆبوونەوەی تیمەکانی کۆمپانیاکەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندی لەپێناو پێشخستنی مامەڵەی ئەلکترۆنییە لەناو بازاڕەکانی عێراق، پێشوازیشی لە ھەوڵەکانی حکومەت کرد بۆ بە ئەلکترۆنی کردنی مامەڵە بانکییەکان.
زیاب عەبدوڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاند، وەزارەتەکەی کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی راگرتووە بەھۆ ئەوەی بەرنامەی پڕۆژەکان لەئاستی پێویستدا نەبوون بەشێکی دیکەشیان گۆڕانکاری لە تێچوو و کاتی تەواوبوونیان کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەنداوی مەکحول پێویستی بەوەیە زەوی بەنداوەکە دووبارە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، چونکە بەم شێوەیەی ئێستا بەنداوەکە تەنھا بەمەبەستی بەکاربردن سودی لێوەردەگیرێت و ناتوانرێت ئاویدا تێدا گلبدرێتەوە، ئەوە جگەلەوەی پێکھاتەی ئەو زەویەی بەنداوەکەشی لەسەر دروست دەکرێت مەترسی ئەوەی ھەیە بۆ ھەڵگرتنی ئاو زیانی ھەبێت.
بە تەواوبوونی بەنداوی مەکحول دەبێتە یەکێکە لە گەورەترین بەنداوەکانی عێراق و توانای گلدانەوەی ٣,٣ ملیار مەتر سێجا ئاوی ھەیە، ھەروەھا بەنداوەکە توانای بەرھەمھێنانی ٢٥٠ مێگاوات کارەبای ھەیە و لەبوارەکانی کشتوکاڵ و ئابوریشدا سودێکی زۆری بۆ پارێزگای سەڵاحەدین دەبێت.
بەپێی نوسراوێکی رەسمی، کە ئیمزای مەزھەر تورکی جێگری سەرۆکی دەستەی نەزاھەی عێراقی لەسەرە، دۆسیەی ناسر حسین شبلی و فەرحان موحسین پەیوەسەت بە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی ئەویش لە رێگەی گۆڕینی ئەو کۆمپانیایەی کە بڕیاربووە پڕۆژەی بەندەرەکە جێبەجێ بکات.
بەپێی نوسراوەکە، پڕۆژەکە رەوانەی کۆمپانیایەکی کۆری کراوە، کە لەسەر ئاستی جیھاندا لە پلەی ٩٤دایە، لەکاتێکدا کە دەبوو بدرێت بە کۆمپانیایەکی چینی کە لەسەر ئاستی جیھان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ئاستی سێیەمدایە و کارەکانی باشترە، بەڵام ئەو کارەیان نەکردووە.
د. لەتیف ڕەشید، لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کۆبووەوە و ھەردوولا باسیان لە چۆنیەتی پاڵپشتیکردنی بەرنامەی حکومەت کرد کە ئامانج لێی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییە بە ھاووڵاتیان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
لەکۆبوونەوەکەدا ھەردوولا جەختیان لە گرنگی پەلەکردن لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە کردەوە، چونکە کاریگەریی لەسەر ژیان و بژێوی خەڵک دەبێت.
ھاوکات سەرۆککۆمار باسی لە ئەنجامی بەشداریی عێراق کرد لە کۆنفرانسی ئاو کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە نیویۆرک ڕێکخرابوو، ئەو ئەنجامەی کە کاری لەسەر کر ابو بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاوی جیھان کە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی بەشداربوو پشتیوانی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ ھەوڵەکانی عێراق لە روبەڕوبوونەوەی کەمی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق، بەھۆی کەمتەرخەمی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان، بەڕێوبەری گرتووخانەی حللەی ناوەندیی و یاریدەدەرەکانی و بەڕێوبەری بەشی کاروباری ناوخۆیی گرتووخانەکەی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری دوورخستنەوەیان دوای سەردانێکی لەناکاوی وەزیری دادی عێراق ھات بۆ گرتووخانەکە، کە بەدواداچوونی بۆ کێشە و گرفتی بەندکراوەکان کرد و گوێی بۆ ساکاڵاکانیان گرت، بڕیاریدا کە چیتر کەمترخەمییەکان لە گرتووخانەکە قبوڵنەکرێت و پەلەبکرێت لە ڕێوشوێنەکانی ئازادکردنی ئەو کەسانەی ماوەی سزاکانیان تەواوکردووە.
لە سەردانەکەیدا خالید شوانی، بەشێک لە کارمەندانی فەرمانگەی پلاندانانی دادی، یاوەری بوون بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی خزمەتگوزاری و تەندروستی و توندوتۆڵی ژێرخانەکانی گرتووخانەکە و لە وتەیەکیشدا دووپاتیکردەوە، کاردەکات بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە گرتووخانەکاندا.
حەیدەرعەبادی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی دیجلەی عێراقی رایگەیاند، ئێستا بەھۆی جۆرێک لە رێککەوتنی سیاسی دەرفەتێک ھاتووەتە پێشەوە، بەڵام ئەو رێککەوتنە ھەستیارە، چونکە رەوتی سەدری تێدا نییە و ئەو رەوتە لە ئەنجومەنی نوێنەران و پڕۆسەی سیاسی کشاوەتەوە و کەس نازانێت ئەو رەوشە چۆن دەڕوات، ھەربۆیە پێویستی بەوەیە کاری لەسەر بکرێت.
عەبادی دەشڵێت، رەوتی سەدر بەشێکی گرنگە و جەماوەرێکی زۆر و گوێڕایەڵی ھەیە، ھەروەھا موقتەدا سەدر رێبەری رەوتەکەش بە برا و ھاوڕێی خۆی و بە کاریزما ناودەبات.
دەشڵیت، پێویستیان بە چاکسازی ھەیە و چاکسازیی راستەقینەش دابەشکردنی سەروەت و سامانە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.
ھەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی راگەیاندنی عێراقی راگەیاند، لەماوەی رابردودا بەھۆی ناکۆکی زۆری سیاسی و گرفتی ھونەری و کارگێڕییەوە، پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی بۆ نەکراوە، بەڵام لەئێستادا رێککەوتنێکی سیاسی ھەیە بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەکە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لیژنەکەیان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز چەند ھەنگاوێکی ناوە و سەردانی سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەکەن، بەمەبەستی پەلەکردن لە دەرچواندنی یاساکە و وەرگرتنی بۆچوونی لایەنەکان لەبارەیەوە.
سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، بوونی یاسای نەوت و گاز خزمەت بە ھەموو ھاوڵاتیانی عێراق دەکات، چونکە وەبەرھێنانی زیاتر لە کەرتی نەوت دەکات کە سامانی گەلانی عێراقە، سودمەندی سەرەکیش تیایدا ھاوڵاتیان دەبن.
وەزارەتی نەوتی عێراق روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە نەوتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوەو سوربوونی لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە راگەیاند .
ئاماژەی بەوەشکردووە، نەرمی پێویستی نواندووە لە پێناو دەستپێکردنەوەی نەوت بە پێی دەرئەنجامەکانی دوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی و دواتر گفتوگۆکردن سەبارەت کێشە ھونەرییە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند.
وەزارەتی نەوت جەختیشی کردۆتەوە لەسەر گرنگی داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بودجەی فیدراڵی بە پێی بڕی رێککەوتن لەسەر کراو ھیوای خواستوە لە سایەی کەشی ئەرێنی و لێکتێگەیشتنی دوو قۆلی بەمنزیکانە رێکبکەون لەسەر ھەناردەی نەوت. لە کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایش بەپێی لێکتێگەیشتنە نوێکان لە کاتی خۆیدا بڵاویدەکەنەوە.
راشیگەیاند، ھەرکاتێک گەیشتن بە رێککەوتن ئەوا جارێکی تر دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەکرێتەوە، کە پێدەچێت لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەو پرسە یەکلایی ببێتەوە.
(باسم عەوادی) وتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لەکاتێکدا ئەنجومەنی نوێنەران خۆی ئامادە دەکات بۆتاوتوێکردنی پرۆژە یاسای بودجە ، حکومەت متمانەی خۆی بە پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دووپاتدەکاتەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی وڵات پێویستی لە رادەبەدەری بەوەیە پەلە بودجە پەسەند بکرێت تاکو رێچکەی جێبەجێکرتن بگرێتەبەر و بەزووترین کات حکومەت بە پێی توانا کار بکات بۆ بەدیھێنانی کارە لە پێشینەکانی.
راشیگەیاندوە، بودجە پرۆژەی گەشەپێدان و دۆسیەی گەورە و بنەڕەتییە کە قوڵایی ستراتیژییان ھەیە لەخۆ دەگرێت لەبەرئەوە حکومەت داوا لە پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە سیاسییەکان دەکات ھەوڵەکان یەکبخەن بۆ یەکلاکردنەوەی.
وتەبێژی حکومەتی عێراق دووپاتیشیی دەکاتەوە، سەرۆک وەزیران ئامادەیە بچێتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ وەڵامدانەوەی تێبینی و پرسیاری پەرلەمانتاران سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجە.
لە رێورەسمێکدا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵیۆزی روسیا و بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ ھەڵگرتنی ڤیزای سەردانی ھەردوو وڵات لەسەر ئەو کەسانەی خاوەنی پاسپۆرتی دیبلۆماسی و تایبەت و خزمەتگوزارین.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی تێڕوانیینەکانی بەرنامەی حکومەتەکە بۆ بەھێزکردنی پێگەی پاسپۆرتی عێراقی لە جیھاندا.
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نرخی دیاریکراوی نەوت و بەھای دۆلار لە پرۆژە یاسای بودجەدا نیگەرانی دروستکردووەو پەرلەمانتاران ترسیان ھەیە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا قەبارەی کورتھێنان لە بودجەدا زیاتر بکات.
زوھرە بیجاری، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، دیاریکردنی ٧٠ دۆلار بۆ نرخی بەرمیلێک نەوت لە پرۆژە یاسای بودجەدا زۆرێک لە پەرلەمانتارانی نیگەران کردووە و ھیچ گەرەنتییەک نیە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا نەیەتە خوار ئەو نرخەی لە بودجەدا دیاریکراوە، لەبەرئەوە پێویستە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە بەھای دۆلاریش لە بودجەدا کە سەد دۆلار بە ١٣٢ ھەزار دینار دیاریکراوە لە ئێستادا جیاوازە لە بەھاکەی لە بازاڕدا ئەوەش جێی نیگەرانییە و پێویستە ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و چارەسەر بکرێت.
زوھرە بیجاری، ئاماژەی بە نیگەرانییەکی تر لە پرۆژە یاسای بودجەدا و رایگەیاند، پەرلەمانتاران دژی ئامادەکردنی بودجەن بۆ ماوەی سێ ساڵ و دەپرسێت چۆن بودجە بۆ سێ ساڵ تێپەڕێنن لەکاتێکدا بەھای نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەردەوام لە گۆڕانکاریداو پێویستە ئەو تێگەیشتنە دابڕێژنەوە و پاشان ھەنگاو بنێن بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە.