دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەو دەنگۆیانەی باسیان لەوە دەکرد لە کۆتایی ھەفتەی داھاتوودا شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین کە دەوترێت بارانی ساڵێک لە سێ رۆژدا دەبارێت و شەپۆلەکەش زۆربەی ناوچەکانی عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەگرێتەوە، بۆیان دەرکەوتووە سەرجەم ئەو زانیارییانە دوورن لەراستییەوە و دروستکراون و ھیچ بنەمایەکی زانستییان نییە.
راشیگەیاندووە، بەپێی پێشبینییەکانیان ھەفتەی داھاتوو ئاسمانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ساماڵ و نیمچەھەور دەبێت و بەھیچ جۆرێک بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە پێشبینییەکاندا نییە.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە دانیشتنی شەوی چوارشەممەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کراوە لە کۆبوونەوەکەشدا ٢٣٥ پەرلەمانتار ئامادە بوون، لە پڕۆژەیاساکەدا نرخی نەوت بە ٧٠ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک خەمڵندراوە و، نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە ١٣٠ ھەزار دینار دیاریکراوە.
بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجە پێویستە عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکات لەو بڕە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل رۆژانە لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردە دەکرێت.
قەبارەی بودجە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆدەکرێت ١٩٩ ترلیۆن و ٢٢ ملیار دینارە، کۆی داھاتی عێراقیش بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە ١٣٤ ترلیۆن و ٥٥٢ ملیار دینار خەمڵندراوە، بەوەش کورتھێنان لە پڕۆژەیاسای بودجە دەگاتە ٦٤ ترلیۆن و ٤٦٩ ملیار دینار.
دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کرا، پڕۆژەیاساکە دەدرێت بە لیژنە پەیوەندیدارەکان، دواتر خوێندنەوەی دووەمی بۆدەکرێت و گفتوگۆی چڕ وپڕی لەسەر دەکرێت، دوای خوێندنەوەی دووەم پڕۆژەیاساکە ماددە بە ماددە دەخرێتە دەنگدانەوە و پەسەند دەکرێت.
حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ساڵی رابردوودا تۆمەتی گەندەڵی دراوەتەپاڵ ھەزار و ٨٨ فەرمانبەر، کە ٣٤یان پلەکانیان بەڕێوەبەری گشتی و باڵاترن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، تۆمەتەکان جیاوازن، ٤٢یان تۆمەتی بەرتیلدان و ١٠٤یان تۆمەتی دزی و ٧٠٨یان تۆمەتی تێپەڕاندنی دەسەڵاتەکانیان وەک فەرمانبەر دراوەتەپاڵ، ھەروەھا ٤٤یان تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ساختەکاری و ١٦٣ کەسیشیان تۆمەتی گەندەڵی داراییان دراوەتەپاڵ.
ھاوکات ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی سەر بە وەزارەتی دارایین و تۆمەتبارکراون، ١٠٧ کەسە، کە چواریان بەڕێوەبەری گشتین و ١٥٨ تۆمەتباریش فەرمانبەری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنن، لە وەزارەتی تەندروستیش ١٢٦ تۆمەتبار ھەیە و ٩٢یان لە وەزارەتی نەوت و ٨٨یشیان لە وەزارەتی دادن.
عەلا محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی خانەنشینی بەتۆڕی راگەیاندنی عێراقی راگەیاند، دوای ئەو چاکسازیانەی سەرۆک وەزیران بۆ خانەنشینان رایگەیاندن، لەئێستادا دەستەکەیان رۆژانە کار لەسەر ئەو چاکسازیانە دەکات لەوانەش تەواوکردنی مامەڵەی فەرمانبەران مانگێک پێش خانەنشین بوونیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا فەرمانبەر لە رۆژی دەستلەکارھەڵگرتنی راستەوخۆ ناسنامەی خانەنشینی پێدەدرێت، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانیش خانەنشینانی دڵخۆشکردووە.
سەبارەت بە زیادکردنی موچەی خانەنشینانیش، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی خانەنشینی دەڵێت، بەگوێرەی یاسا لەکاتی ھەڵاوساندا کە نرخی پێداویستییەکان بەرزدەبێتەوە، موچەی خانەنشینان زیاد دەکرێت، لەم کاتەشدا حکومەت خواستی زیادکردنی موچەی خانەنشینانی ھەیە ئەگەر دۆخی دارایی وڵات ھاوکاربێت.
مەھدی سەھر، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەی بۆ رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سور ژمارەیەک رێوشوێنی گرتووەتەبەر، لەوانە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی ئاژەڵی بچوک و گەورە لەنێوان ھەرێم و پارێزگاکان و رێگەدان بە ھاوردەکردنی گۆشتی سور لەسەرجەم وڵاتانی جیھانەوە جگە لەو وڵاتانەی قەدەغەکراون.
وتیشی، رێوشوێنەکان لەماوەی داھاتوودا رۆڵیان دەبێت لە دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەکاندا.
سەبارەت بە گۆشتی مریشکیش بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی مریشک لەسەرجەم پارێزگاکاندا، بەڵام وەزارەتەکەی رێگە بەھاوردەکردنی گۆشتی سپی دەدات، وتیشی، ھاوسەنگی لەنێوان ھاوردەکردن و بەرھەمی ناوخۆییدا ھەیە.
موقتەدا سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی لە بەشێک لە شارەکانی ئیسرائیل خۆپیشاندان دژی سیاسەتەکانیان بەڕێوەچوون، ناتانیاھۆ لە قودس و مزگەوتی ئەقسا ئاڵۆزی دروستکرد بۆ دەربازبوون لە نەیارەکانی.
سەدر دەشڵێت، پێویستە سنورێک بۆ زنجیرە )پێشێلکارییە تیرۆریستییەکان(ی ئیسرائیل دژی پیرۆزییە ئایینییەکان لە فەڵەستین دابنرێت و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، وەک چارەسەری یەکەم بەپەلە باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە وڵاتەکانیان دابخەن.
کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنھا یەک تەوەر لەخۆدەگرێت، ئەویش خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی عێراق، کۆبوونەوەکەش سەعات ٩ی شەو بەڕێوەدەچێت.
زیاتر لە دوو ھەفتەیە پڕۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە و رۆژی دووشەممە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی رادەستی لیژنەی دارایی کرد. بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، بودجەکە کەموکورتی زۆری تێدایە و لایەنە سونەکانیش ھەڕەشەی کشانەوە دەکەن لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە بودجە گەر مەرجەکانیان بەھەند وەرنەگیرێت.
مالیکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، حکومەت بەجدی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی دۆلاردا دەکات و لە ماوەی دوو ھەفتەدا کۆنترۆڵی بەھای دۆلار دەکرێت.
ئاماژەی بەوەکرد، نزیکبوونەوەی سعودیە و ئێران ململانێکانی ھەردوو وڵاتی سڕکردووە و ناوچەکە پێویستە بە ئاشتەوایی لەو جۆرە ھەیە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکاش، نوری مالیکی راشیگەیاند، عێراق دەیەوێت بەپێی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا بکات.
سادق عەبدوڵا، سەرکردەی ھاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ژمارەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی عێراق زۆر گەورەیە و پێویستی بەوەیە پێداچوونەوە بە دۆخەکەدا بکرێت کە لەوانەیە لەچەند ساڵی داھاتوودا بەھۆی گەورەیی خەرجییەکەی ببێتە مەترسییەکی راستەقینە.
راشیگەیاند ، زیاتر لە ٤ ملیۆن فەرمانبەری شارستانی و زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار کارمەند لە دەزگا ئەمنییە جیاوازەکان ھەیە، کۆی مووچەکەشیان لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای بودجە دەگاتە زیاتر لە ٩٠ ترلیۆن دینارە.
کۆمپانیای تۆتاڵ رایگەیاندووە، لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کۆمپانیای نەوتی بەسرە بەرێژەی ٣٠%ی بەشداری لە پرۆژەی تەواوکاری پەرەپێدانی غاز بکات.
ھەروەھا بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق تۆتاڵ داوا لە کۆمپانیای قەتەر بۆ ووزە دەکات بەرێژەی ٢٥% بەشداری لە پرۆژەکەدا بکات.
بەپێی گرێبەستەکە، کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی و ھاوبەشەکانی بەبەھای ١٠ ملیار دۆلار وەبەرھێنان لە غازی سێ کێلگەی نەوتی دەکەن بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا و دامەزراندنی پاڵاوتگەی چارەسەری ئاو بە ئامانجی ھێشتنەوەی فشار لەسەر کێلگە نەوتییەکان و زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆیی.
کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە، لایەنێکی تری گرێبەستەکە بریتییە لە دروستکردنی وێستگەیەکی گەورەی بەرھەمھێنانی کارەبا بە وزەی خۆر کە توانای ھەیە یەک گیگاوات کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای بەسرە بەرھەمبھێنێت بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە کۆمپانیای ئەکواپاوەری سعودی کراوە بەشداری لە پرۆژەکەدا بکات.
عەلی بەنداوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەگشتی کێشە و ناکۆکییەکی ئەوتۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە نییە و پێشبینی دەکرێت بە زوترین کات تێبپەڕێنرێت، بەڵام تەنھا خاڵی ناکۆک ئەوەیە کە پەرلەمانتاران یەک خاڵی ناکۆکیان ھەیە و بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەشێکیان داوا دەکەن پرۆژەیاساکە کە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ە، بەیەک پاکێج دەنگی لەسەر بدرێت، بەشێکی تریشیان داوا دەکەن بودجەی ھەر یەکێک لەو سێ ساڵە بە جیا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
بەپێی بەڵگەیەکیش کە میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، حەسەنەین قاسم خەفاجی، سەرۆکی لیژنەی وەبەرھێنان و گەشەپێدان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لە لیژنەی دارایی کردووە بڕگەیەک بۆ پرۆژەیاسای بودجە زیاد بکرێت کە تایبەت بێت بە تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بە دروستکردنی فڕۆکەخانەیەکی نوێی نێودەوڵەتی لە بەغداد.
سوپای ئیسرائیل بەبیانوی روبەڕوبوونەوەی ئاژاوەگێڕان، ھێرشیکردەسەر مزگەوتی ئەقسا و بەھۆیەشەوە شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو و لانیکەم ١٤ کەس برینداربوون و پۆلیسی ئیسرائیلیش زیاتر لە ٣٥٠ کەسی دەستگیرکرد و ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە لە کەرتی غەززەوە نۆ موشەک ئاراستەی شارەکانی باشوری ئیسرائیل کراون.
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە سنوورێک بۆ ھێرش و پەلامارەکانی ئیسرئیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی فەڵەستین و دەستگیرکردنی خەڵک دابنێن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، ھەڵکوتانە سەر مەزگەوت لەلایەن ئیسرائیلەوە کارێکی خراپە و نابێت شوێنە ئاینییەکان بکرێنە شوێنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان و پێویستە بەزوترین کات ئەو رەوشە ھێور بکرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی روسیاش ئاماژەی بەوەکردوە، ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتێک مایەی نیگەرانییە و پێویستە بە زوترین کات کێشەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بەپێی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکلابکرێنەوە.
بە پێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ھەرێمی کوردستان و بەغداد لەسەر پرسی نەوت و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە گەیشتوون بە رێککەوتن و ئەمڕۆش رێککەوتنەکە لە بەغداد ئیمزا دەکرێت.
نزیکەی دوو ھەفتەیە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق، بەڵام بڕیاروایە دوای ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنەی ھەرێم و بەغداد، ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێبکاتەوە.
پێشتر بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، بڕیارە دروستەکە ئەوەیە کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی ھەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داھاتی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بچێتە یەک خەزێنەوە، وتیشی، پشکی ھەرێم لە بودجە و داھاتی عێراق دیاری بکرێت و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی ھەرێم گەرەنتی بکرێت.
ھەروەھا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، داوای مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ کرد و رایگەیاند، گرنگ نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، گرنگ ئەوەیە داھاتی نەوت بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێت.
خالید شمال، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنقەرە دەستیکردووە بە بەردانەوەی زیاتری ئاو بۆ رووباری دیجلە، لە چرکەیەکدا ١٥٠٠ مەتر سێجا ئاو بەردەداتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی نێوان ئەنقەرە و بەغداد کە لەکاتی سەردانەکەی "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا ئەنجامدرا.
خالید شمال راشیگەیاند، ئەو رێککەوتنە بۆ ماوەی مانگێکە و قابیلی درێژکردنەوەیە، چونکە گفتوگۆ و دانوستانەکان لەنێوان بەغداد و ئەنقەرە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ئاو بە یەکجاری و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پابەندبوونی تورکیا بەو رێککەوتنە، ھاوکار دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە و سەرخستنی پلانی کشتوکاڵی و بوژانەوەی ئەھوارەکان و زیادکردنی کۆگاکانی ئاوی عێراق.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی رەسمی عێراقی راگەیاند، خاڵی یەکەمی رێککەوتنەکە ھەناردەکردنی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی ھەرێمە لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە لەگەڵ دیاریکردنی نوێنەرێکی ھەرێم لە سۆمۆ کە ئەوەش یەکەمجارە رودەدات و پێشنیازیشکراوە نوێنەرەکەی ھەرێم پۆستەکەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بێت.
وتیشی، بڕگەی دووەم تایبەتە بە پێکھێنانی لیژنەیەکی چوار کەسی کە دوانیان لە وەزارەتی نەوتی عێراق و دوانەکەی تریش لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم دەبن و لیژنەکە سەرپەرشتی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم لە بازاڕەکانی جیھان دەکات تا پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە یان رێککەوتن لەسەر دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، کە ئەم بڕگەیە کاتییە.
وتەبێژی حکومەتی عێراق راشیگەیاند، خاڵی سێیەم پەیوەندی بە رێککەتنەکانی ھەرێمەوە ھەیە لەگەڵ چوار کۆمپانیای جیھانیدا کە بەشێکی زۆری بڕگەکانی ئەو رێککەوتنانە خاڵی یاسایی پابەندبوونیان تێدایە و ھەرێم بەپێی رێککەوتنەکەی نوێیەکەی لەگەڵ بەغداد داوای ھاوکاری شارەزایانی وەزارەتی نەوتی عێراقی کردوە بۆ ئەنجام گەیاندنی دانوستان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بە ئامانجی جێبەجێکردنی رێککەوتنە نوێیەکە.
بەوتەی عەوادی، خاڵی چوارەم کردنەوەی ھەژمارێکی بانکییە بەسەرپەرشتی حکومەتی عێراق و بەغدادیش داوای کردووە ھەژمارەکە لە بانکی ناوەندی عێراق بکرێتەوە، بەڵام ئەو خاڵە بەو شێوەیە ھەموارکرا کە ھەژمارەکە لە بانکی ناوەندی یان بانکێکی جێی متمانەی بانکی ناوەندی بکرێتەوە و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمیش دەسەڵاتی خەرجکردنی لەو ھەژمارە دەبێت بە چاودێری دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئەوەش تەنھا پەیوەست بە بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣."
جەختیشیکردوەتەوە، ئیمزاکردنی کۆنوسی رێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی ھەردوو سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و عێراق گەرەنتییە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
نووسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بڵاویکردوەتەوە، ئەعرەجی بە بەشداری فەرماندە سەربازییەکان بە ڤیدیۆ کۆنفرانس لەگەڵ توماس کوفیر سکرتێری گشتی یاریدەدەر بۆ ئۆپراسیۆنەکانی رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) کۆبووەتەوە و داوایکردووە ناتۆ ھاوکاری عێراق بکات لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ھاوکارییە سەربازییەکانیشی بۆ سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق زیاتر بکات تایبەتیش لە بواری مەشق و راھێناندا.
بە پێی راگەیەندراوەکە ئەو لێپرسراوە باڵایەی ناتۆ داوای لە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کردووە سەردانی برۆکسل بکات بۆئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و ناتۆ لەھەموو بوارەکاندا زیاتر بکەن، جەختیشیکردووەتەوە، لە سەر ھاوکاریکردنی عێراق و مەشق و راھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی بەردەوام دەبن.