کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەمانگی ئەیلولی رابردوودا کۆی ھەناردەکردنی نەوت بۆ ئوردن زیاتر لە ٤٤٩ ھەزار و ٤٢٣ بەرمیل بووە و تێکڕا رۆژانەش ١٥ ھەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوە بۆ ئوردن ھەناردەکراوە و کۆی داھاتەکەشی لەو مانگەدا گەیشتووەتە نزیکەی ٣٥ ملیۆن دۆلار.
راشیگەیاندووە، لەمانگی رابردوودا ھەر بەرمیلێک نەوت بە کەمتر لە ١٤.٥ دۆلار بەراورد بە نرخی بازاڕی جیھانی بە ئوردن فرۆشراوە بە شێوەیەک ھەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە ٧٨ دۆلار بە ئوردن فرۆشراوە لەکاتێکدا لە بازاڕەکانی جیھان نرخی یەک بەرمیل نەوتی عێراق ٩٢.٥ دۆلار بووە.
بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی داد، خالید شوانی وەزیری دادی عێراق وەفدێکی بەسەرۆکایەتی زیاد تەمیمی بریکاری وەزارەتی داد و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی ئەنجومەنی وەزیرانی دادی عەرەب رەوانەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کردووە بە مەبەستی تەواوکردن و ھەماھەنگی تایبەت بە رێکارەکانی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای گەیشتنی بۆ قاھیرە، وەفدەکەی وەزارەتی دادی عێراق لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غێت ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کۆبووەتەوە و ئامادەکارییەکانییان بۆ خولی ٣٩ھەمینی کۆنگرەی ئەنجومەنی وەزیرانی دادی عەرەب تاوتوێکردووە کە رۆژانی ١٥ و ١٦ی ئەم مانگە لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لە رژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، لەم رۆژەدا پێویستە ھەمووان بەرەنگاری ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی ببنەوە و ئەوانەشی تائێستا بڕوایان بە توندوتیژی ھەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەبێت لەوە تێبگەن کە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە ھیچ ئەنجامێکی نابێت و ھیچ کەس و لایەنێکیش بە ئەنجامدانی توندوتیژی ئامانج و بەرژوەندییەکانی بەدەستنەھێناوە.
وتیشی، پێویستە سەرجەم چالاکییە ئاینی و سیاسییەکان و راگەیاندنەکانیش رۆڵیان ھەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی توندروتیژی و بیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە بڕوای بە گفتوگۆ ھەبێت، داواشی لەلایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە یەکتر شکاندن رابگرن و بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
ناسڕ کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە لیژنەیەک نێردراوەتە ھەرێمی کوردستان و دڵنیایی دراوە لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە.
وتیشی ئێران سورە لە جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی ئەو رێکەوتنەو نەرمی لەو بارەیەوە نانوێنێت.
دوێنێ یەکشەممە، وەفدێکی ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لە تاران لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەکە کرد، کە دوورخستنەوەی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی ئێران و چەک داماڵینیان لەخۆدەگرێت.
ئێران جەخت لەجێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنی چەکداماڵێنی حزبەکانی رۆژھەڵات دەکاتەوە، عێراقیش دەڵێت لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ١٢ خاڵی سنوورییان لەگەڵ ئێران داناوە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا ئاماری گیانلەدەستدانی ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەی حەمدانیەی خستە ڕوو، بەپێی ئامارەکە ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەدا گیانیانلەدەستداوە بەرز بووەتەوە بۆ ١١٣ کەس، کە ٤١ کەسیان تا ئێستا ناسنامەیان دیار نییە.
لە ئامارەکەشدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی باس لە ژمارەی بریندارەکان کراوە کە تا ئێستا ١٢یان نێردراونەتە دەرەوە بۆ چارەسەر و ٢٠ بریندار لە نەخۆشخانەکاندا ماون، کە ٣ کەسیان لە نەخۆشخانەی کۆمارین لە موسڵ، ١١ برینداریان لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای ھەولێرن، ٦ی تریش لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای دھۆکن.
تەندروستی نەینەوا دەشڵێت، بڕیارە ٨ برینداری دیکە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دەرەوە بکرێن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
لای خۆیەوە، مار بندتۆس یۆنان حەنۆ سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشییەی موسڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەی حەمدانییە رەتدەکەنەوە و دەرفەتێک دەدەن بە بەرپرسان بۆ پێداچوونەوە بە کەیسەکەدا و لەدوای ناشتنی تەواوی تەرمەکانی رووداوەکە ھەڵوێستی کۆتایی خۆیان رادەگەیەنن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی یەکشەممە دوای پێنج رۆژ لە لێکۆڵینەوە ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانیەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئاگرەکە بەھۆی یاریی ئاگرینەوە دروستبووە، قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی و چەند بەرپرسێکی دیکەش بەھۆی کەمتەرخەمییەوە لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و رەوانەی دادگا دەکرێن.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان لە نوسراوێکدا کە ئاراستەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی کردووە بڕیاریداوە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی پاسەوانەکان و کەمکردنەوەی دەرکەوتنە چەکدارییەکانی کاروانی بەرپرسان.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ڕێنماییە بەشێک لە پاسەوانەکان ناگرێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی قەبارە و جۆری ھێزەکان ھەروەھا وەرگرتنی ڕەزامەندییە یاساییەکان بۆ جووڵە پێکردنی ھێزەکان.
سودانی جەختیکردووەتەوە، ئەرکی دەسەڵاتی چاودێرییە کە چاودێری سەرپێچیکاران بکات و بیانخاتە بەردەم دادگا بۆ بۆ بڕیاردان لەبارەیانەوە.
کەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رایگەیاند، ئەمڕۆ بەبەشداری زیاتر لە ١٣ ملیۆن خوێندکار ، ساڵی خوێدنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، لە کەرکوک و ١٤ پارێزگای تری عێراق دەستیپێکرد.
وتیشی، وەزارەتی پەروەردە کاری لەسەر قۆناغی یەکەمی چاپەکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن کرد و کاریش لەسەر دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی چاپکردنی پڕۆگرامەکان دەکات و بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ، پڕۆگرامەکان بەسەر خوێندنگەکان دابەش دەکات.
ھاوکات د.ئیبراھیم نامس جبوری وەزیری پەروەردەی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا، بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندن، پیرۆزبایی لە خوێندکاران و مامۆستایان کرد، راشیگەیاند، ساڵی رابردوو رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بوونەوە، بەڵام بە ھەوڵی خوێندکاران و مامۆستایان ئەو ئاستەنگانەیان تێپەڕاند.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی ئەمنی، سەردانی تاران دەکات.
راشیگەیاند، وەفدەکە بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران، سەردانی تاران دەکات.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێم و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەمنی ھەرێم ئەندامی ئەو وەفدەی عێراقن کە سەردانی ئێران دەکەن.
مانگی نیسانی ئەمساڵ، عێراق و ئێران رێککەوتنێکی ئەمنییان ئیمزا کرد، کە بەشێکی تایبەتە بە چەکداماڵین و دروستکردنی کەمپ بۆ ئەو حزبانەی رۆژھەڵاتی کوردستان، کە لە ھەرێمی کوردستانن، ئێران ١٩ مانگی رابردووی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دیاریکرد، ھەفتەی رابردووش وەفدێکی ئەمنیی ئێران بۆ ھەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد.
لە ١ی ١٠ی ساڵی ٢٠١٩، خۆپیشاندان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و زۆربوونی رێژەی بێکاری و دژی دەسەڵاتداران و پڕۆسەی سیاسی لە بەغداد و شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەستیپێکرد و فراوانتر بوو.
خۆپیشاندانەکان توندوتیژی لێکەوتەوە و نزیکەی ٨٠٠ خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ٢٥ ھەزاریش برینداربوون، تا ئێستاش ھیچ کەس و لایەنێک لەسەر کوشتنی خۆپیشاندەران سزا نەدراوە.
"ھادی سەلامی" ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای چوار ساڵ لەو خۆپیشاندانە، ھیچ گۆڕانکارییەک لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و کێبڕکێی لایەنەکان بۆ ھەژموونی دەسەڵات نەگۆڕاوە.
وتیشی، حزبە گەورەکان ترسی زۆریان ھەیە لە سەرھەڵدانەوەی ناڕەزاییەکان و بۆ ئەو مەبەستەش ترس بڵاودەکەنەوە، ھەروەھا لێپێچینەوە لەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانە دەکەن کە دژ بە حکومەت و وەزارەت و ئەنجومەنی نوێنەران قسە دەکەن.
بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، پێدانی موچەی خانەنشینی ١١ وەزیری پێشوی عێراق رادەگیرێت، چونکە موچەی ئەو وەزیرانە پێشێلکاریە لە یاسای خانەنشینی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ساڵی ٢٠١٥.
سکاڵاکە ماوەی ساڵێکە لە لایەن "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق تۆمارکراوە رایانگەیاندوە بە پێی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە خانەنیشان دەبێت ئەو کەسانەی خانەنشین دەکرێت و پلەی تایبەت وەردەگرێت دەبێت ١٥ ساڵ خزمەتیان ھەبێت و تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ کەمتر نەبێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکەی ئەسیر غرێری وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاندووە، لە بەرنامەی کاری حکومەتدا گرنگییەکی زۆر بە ھاندانی ھەناردەکردن دەدات و دەیەوێت ھەماھەنگییەکی و پەیوەندییەکی تەواو لەنێوان کەرتی حکومی و یەکێتییە پیشەسازی و بازرگانییەکان ھەبێت لە پێناو زیاتر پشتیوانیکردنی بەرھەم و بەروبوومی نیشتیمانی و ھەناردەکردنیان بۆ وڵاتانی دەرەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزیری بازرگانی عێراق باسی لەوە کردووە تیمێکی وزاری پێکدەھێنێت بۆئەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەن، لە پێناوی یەکخستنی شێواز و میکانیزمەکانی ھاوردە و ھەناردەکردن لە نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستاندا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، "عەبدولقادر ئورال ئوغلو" وەزیری گواستنەوەی تورکیا سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ سودانی کۆبووەتەوە.
سودانیش جەختی کردووەتەوە لەوەی، رێگەی گەشەپێدان یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان و جێبەجێکردنی پەیوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پتەو دەکات. راشیگەیاند، ئەو پڕۆژەیە باشترین و کورتترین رێڕەو دەبێت لەڕووی گواستنەوەو ترانزێت و بەستنەوەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بە کیشوەری ئەوروپاوە.
وەزیری گواستنەوەی تورکیاش رایگەیاند، وڵاتەکەی جدییە بۆ بەشداریکردنی کارا لەو پڕۆژەیە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردووە بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت لەبارەی بەدواداچوونی پلان و پرۆژەکانی تایبەت بە گەشەپێدانی زیاتری کەرتی نەوت لە عێراق و گفتوگۆ لەسەر ھەموو پرۆژانە کراوە کە تایبەتن بە وەبەرھێنان لە بواری نەوت، غاز، گەشەپێدانی زیاتری پاڵاوگەکان و سیستمی ھەناردەکردن لەگەڵ زیادکردنی ئاستی بەرھەمێنان لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا داوای کردووە ئەوەی پێویستە بۆ گەشەپێدانی کەرتی نەوت جێبەجێ بکرێت و سەرجەم ئەو پرۆژانەشی کارکردن تیایاندا بەردەوامە بۆ فراوانکردن و چاککردنەوەی بەندەرەکانی نەوت لە عێراق بەکەمترین ماوە تەواو بکرێن.
"ئیخڵاس دلێمی" ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ بانگھێشتی سەرجەم پارێزگارەکانیان کردووە و تا ئێستا پارێزگاکان ھیچ پارەیەکیان لە بودجەوە وەرنەگرتووە، چونکە پڕۆژەکان بە قۆناغی ئاڵۆزدا تێدەپەڕن و دەبێت بچنە وەزارەتی پلاندانان و پەسەند بکرێن و پاشان رەوانەی دەستەی ھەماھەنگی پارێزگاکان بکرێت.
وتیشی، تا ئێستا بودجە جێبەجێنەکراوە ئەگەرچی لە مانگی حوزەیرانەوە دەنگی لەسەردرا، ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و داراییش بەرپرسن لە پارەدارکردنی پڕۆژەکان.
"ئیخڵاس دلیمی" وتیشی، سبەینێ لیژنەی دارایی بانگھێشتی وەزیری پلاندانان و وەزیری دارایی دەکات، بۆ زانینی ھۆکارەکانی دواکەوتنی جێبەجێکردنی بودجە و پارەدارکردنی پڕۆژەی پارێزگاکان.
"غەزنفەر بەتیخ" ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، گۆڕانکارییە وزارییەکان لە ئەولەویاتی کارەکانی "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراقن.
وتیشی، بەر لە کۆتایی ئەمساڵ سێ وەزیر دەگۆڕدرێن چونکە ھەڵسەنگاندنەکان بۆ کارەکانیان باش نەبووە و لە نێویشیاندا "ھیام یاسری" وەزیری پەیوەندییەکان ھەیە، گۆڕانکارییەکانی دیکەش دەخرێنە قۆناغی دووەمەوە.
"غەزنفەر بەتیخ" راشیگەیاند، وەزارەتەکانی سەرچاوە ئاوییەکان و پیشەسازی ھیچ کار و چالاکییەکان نەبووە، بەڵام وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و خوێندنی باڵا و تەندروستی کاری باشیان ئەنجامداوە.
جەختیشی کردەوە لەوەی، گۆڕانکاری لە وەزارەتە سەرەکییەکان ناکرێن، بەڵام رەنگە لە قۆناغی داھاتوودا گۆڕانکاری بیانگرێتەوە، چونکە چەندین تێبینی لەسەر وەزارەتی نەوت ھەیە و پێویستە کارەکانی باشتر بکات.