وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵا گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و پرسی ئاسایشی سنورەکان و ھەواڵگری نێون ھەردوو وڵات و پرسی ئاو تاوتوێ دەکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵا گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و بڕیارە لەگەڵ ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆببێتەوە.
سەردانەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەمنییە ناوچەکانی سنوری تورکیا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق، ھەروەھا چارەسەرکردنی پرسی بەرنەدانەوەی ئاو لەلایەن تورکیا و چەند پرسێکی دیکە.
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند، ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران پەیوەستە بە گەیشتن بە کۆدەنگی نێوان ھێزە سیاسییەکان لەسەر کاندیدی ئەو پۆستە بەتایبەتی لەنێو لایەنە سیاسییە سوننەکاندا، وتیشی لە ئێستادا ھیچ ڕێککەوتنێک نییە .
راشیگەیاند، ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە کاتێکی زیاترە، وتیشی باوەری نییە ئەو بابەتە لە ماوەی ھەفتەی داھاتوودا یەکلایی بکرێتەوە، ڕەنگە ئەو کۆبونەوەیە دوابخرێت بۆ سەرەتایی خولی نوێی یاسادانان.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ئەنجامی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە دەنگدانی گشتی و تایبەت، ھاوتای ئەنجامە ئەلکترۆنییەکە بووە.
وتیشی، کۆمیسیۆن چاوەڕێی گەیشتنی میمۆری ئەنجامەکانە بۆ راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکان لە سەعات پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئەنجامەی ئەمڕۆ رادەگەیەندرێت، ئەو سندوق و وێستگانە ناگرێتەوە کە کێشەیان تیا بووە و ئەنجامەکانیان بە شێوەی ئەلکترۆنی نەناردووە، کە ژمارەیان زۆر کەمە، راگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییش دوای جیاکردنەوەی دەنگی ئەو وێستگانەش لە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ سەعاتی داھاتوو دەبێت.
وتیشی، ھیچ سکاڵایەک بە رەنگی سوور تۆمارنەکراوە، کە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان ھەبێت، وەک ساختەکردنی وەرەقەی دەنگدان و گۆڕینی تۆماری دەنگدەران.
بە پێی پێوەرێکی جیھانی، کە ریزبەندی بۆ مەترسیدارترین وڵاتانی جیھان کردووە بۆ ئەمساڵ، لە کۆی ١٩٣ وڵات، عێراق لە پلەی ٥٩یەمدایە و یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتان.
مەترسیداری ئەو وڵاتانە لەسەر زیاتر لە ١٠٠ ھۆکار بڕیاری لەسەر دەدرێت، کە پەیوەندی بە توانای روبەڕبوونەوە و ئەگەری دووچاربوونی وڵاتان بە مەترسی و کارەساتە سروشتییەکانەوە ھەیە.
ھەر بەپێی ئەو ریزبەندییە، فلیپین و ئیندۆنیزیا و ھندستان لەو وڵاتانەن کە زۆرترین جار روبەڕووی مەترسی دەبنەوە لەسەر ئاستی جیھان.
ھاوپەیمانی تۆڕ و رێکخراوە نیشتمانییەکانی چاودێریکردنی ھەڵبژاردن لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە ژمارەی روداوەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان و دابەشکردنی پۆستەر و ریکلام لە ١٠٠ مەتر لە نزیک بنکەکانی دەنگدان ١٥٨ رووداو تۆمارکراون، ٢٠ بریکاری کاندیدەکان لە ناوەندەکانی دەنگدان دەرکراون و ٤٢ رووداوی لەکارکەوتنی ئامێرەکان و ١٠ رووداوی وەستانی کاروباری ناوەندەکانی دەنگدان تۆمارکراوە، ٢٢ روداوی بونی کەسانی قەدەغەکراو لە ناوەندەکانی دەنگدان تۆمارکراوە.
ھاوپەیمانێتییەکە راشیگەیاندووە، ٧٢٦ راپۆرت سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکە گەیشتوەتە ژووری کاروبارەکانی ھاوپەیمانێتییەکە، ٩٢٩ رووداویش لەلایەن چاودێرانی ھاوپەیمانێتیەکە تۆمارکراون.
بەپێی میدیاکانی عێراق شەوی رابردوو دوای تەواوبوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە گوندی حاج عەلی لە سنووری ناحیەی گەیارەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، بەھۆی سەرکەوتنی کاندیدێک تەقەی خۆشی کراوە، لە ئەنجامدا پێنج ھاووڵاتی برینداربوون.
ھەروەھا لە شاری بەسرەش، بەھۆی ئەنجامدانی تەقەی خۆشی ھاووڵاتیەک برینداربووە، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
وەزارەتی بەرگری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ڕاگەیاند، ھێلیکۆپتەرەکە بەھۆی کێشەی تەکنیکی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا و لە ئۆپەراسیۆنی پاڵپشتی و پاڵپشتیکردنی پلانی ئەمنی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کەوتووەتەخوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا تەرمی ئەو ئەفسەرەی گیانی لەدەستدا و بریندارەکەش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی خورماتوو.
لەبروسکەکەدا سەرۆککۆمار گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک سیسی کردوە و ھیوای سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتری بۆ خۆی و گەلی میسری برا دوپاتکردوەتەوە.
ھەروەھا سەرۆککۆمار جەختی لە پەرۆشیی بەردەوامی عیراق کردوەتەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بەشێوەیەک، کە خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەردوو گەلی برا بکات.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی کامپەکان گەڕێنراونەتەوە و چەند کامپێکیش داخراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەر خێزانێکی ئاوارە بڕی ٥ ھەزار دۆلاری پێدەدرێت، بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ بەشێکی زۆری ئاوارەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
راشیگەیاندووە، لە کۆی ١٧٠ کامپی ئاوارەکان لە عێراق، تەنھا ٢٦ کامپ ماوەتەوە، لە ھەرێمی کوردستان ٣٦ ھەزار خێزانی ئاوارە ماونەتەوە، بڕیارە تا کۆتای ساڵ ئەوانیش بگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
سودانی دوای دەنگدانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەڵبژاردن مافێکی دەستورییە و داوای لە ھاووڵاتیان کرد بەشداری بکەن.
وتیشی، ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکان زۆر گرنگە و ھاوکاری حکومەتی عێراق دەبن، حکومەتیش ھەموو تونای خستەگەڕ بۆ پشتیوانیکردنی کۆمیسیۆن و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و دادپەروەر.
نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و عەمما حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەھل حەق دەنگیاندا و رایانگەیاند، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کاریگەری ئەرێنی لەسەر زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و قوڵکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی دەبێت.
ئاماژەیان بەوەشکرد، شانازی دەکەن کە سەرەڕای ئاستەنگییەکان توانراوە ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بەڕێوەچوونی ئەم ھەڵبژاردنەش بە سەرکەوتنی حکومەتی عێراق و جێبەجێکردنی یەکێک لە بەڵێنەکانی دادەندرێت.
ئەو سەرکردانەی عێراق ئاماژەیان دەشڵێن، ھەڵبژاردن بنەمای سەرەکی دیموکراسیی و پێشکەوتنی گەلانە، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن بەشێوەیەکی کارا بەشداری پرۆسەکە بکەن.
عەبدولئەمیر شمەری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی لە پڕۆسەی دەنگدانی گشنی لە پارێزگا و قەزا و ناحیەکان تۆمارنەکراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، رێکارەکانی کۆمیسیۆن سەبارەت بە ئامێرەکان باشن و وەستان رووینەداوە، تەنھا کێشە لە چەند ئامێرێکی زۆر کەمدا ھەبووە و ئەوەش چارەسەرکراوە.
لای خۆشیەوە، قەیس محەمەداوی سەرۆکی لیژنەی ئەمنی باڵا رایگەیاند، میمۆری ئەنجامی دەنگدان، لەڕێی فڕۆکەوە لە پارێزگاکان دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی سەرەکی، ھەماھەنگییەکانیشیان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەردەوامە، بۆ گەیاندنی دوایین راستی و راپۆرتەکان سەبارەت بە پڕۆسەکە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی، بەپێی یاسای ھەڵبژاردن، ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ماوەی ٢٤ سەعاتی دوای کۆتایی ھاتنی پرۆسەی ھەڵبژاردن رادەگەیەندرێت، بەو پێیەش سبەینێ سێشەممە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن رادەگەیەندرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆمیسیۆن ژمارەی وێستگەکان و میکانیزمەکانی ژماردنەوەی دەستی و ڕیزکردن لە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ دوای پرۆسەی دەنگدان ڕادەگەیەنێت.
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان وتیشی، ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردن دوای پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامی ئەو وێستگانە ڕادەگەیەنرێت کە کێشەی تەکنیکییان ھەبووە و سکاڵای لەسەر کراوە.
نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەچوو و شانازی بە رۆڵی عێراقییەکانەوە دەکات کە بە ویستی پتەویان بەڵێنەکانیان بۆ کاندیدەکانیان بەجێگەیاند، کاندیدە براوەکانیش پێویستە رۆڵی دەستووری خۆیان بە ڕاستگۆیی بگێڕن بۆ بنیادنانی عێراق و دابینکردنی خزمەتگوزاری و بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتنی ھەڵبژاردن بە سووربوونی دەنگدەران و ھەوڵی کۆمیسیۆنەوە بەدەستھێنرا و بەبێ رۆڵی ھێزە ئەمنییەکانیش تەواو نەدەبوو.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق دەکات کە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامدرا و راشیگەیاند، ھەڵبژاردن مافێکی دەستووری گرنگە لە سیستمی دیموکراسی و ئیدارەداندا، سودانی سوپاسی ھێزە سیاسیەکانیش دەکات کە سوربوون لەسەر رکابەری لە سنوری یاساییدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان گوزارشتە لە بەڵێنی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی و ھەنگاوێکە بۆ لامەرکەزیەتی ئیداری کە رێگایەکە بۆ سەقامگیری و بەدیھێنانی ئیرادەیەک لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دواکەوتووە. راشیگەیاند، دیارترین وێنەی سەرکەوتنی ھەڵبژاردن لە کەرکوک بوو کە لە ٢٠٠٥ەوە ئەنجام نەدراوە و گرفتی بۆ دروستبوو.
ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنەکانی عێراق رێککەوتوون بۆ ھەموارکردنەوەی یاسایی بودجە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای یەکلایکردنەوەی بابەتەکە، لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆ دەکەن بۆ دەنگدان بە ھەموارکردنەوەی یاسایی بودجە، بەوەش کێشە داراییەکانی ھەرێم چارەسەر دەبێت.