نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و باسیان لە پێشھاتەکانی رەوشی فەڵەستین و رەوشی مرۆیی کەرتی غەززە کردووە.
لە پەیوەندییەکەدا سودانی و رەئیسی جەختیانکردەوە، لە گرنگی جوڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەو پێشێلکارییە مەترسیدارانەی رووبەڕووی مەدەنییەکانی فەڵەستین دەبێتەوە، ھەروەھا جەختیانکردەوە لە لابردنی گەمارۆی سەر شاری غەززە و دابینکردنی رێڕەوی سەلامەت بۆ مەدەنییەکان و گەیاندنی ھاوکاریی بەپەلەی مرۆییەی بە دانیشتووانی فەڵەستین.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە ١٥ی تشرینی یەکەمدا، دەنگ لەسەر ھەردوو پڕۆژەیاسای دەستەی نیشتیمانی بۆ چاودێری ئەتۆمی، کیمیایی، بایۆلۆجی و پڕۆژەیاسای دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەدرێت.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چوار پڕۆژەیاسای دیکەش دەکات کە یەکێکیان پڕۆژەیاسای دەزگای ھەواڵگری نیشتیمانییە.
وتیشی، بەپێی دیدگای پلانی گشتگیری گەشەپێدانی شار و دروستکردنی شاری نوێ لە دەرەوەی سنوورەکانی پایتەخت، رووبەڕووی زیادبوونی دانیشتووانی بەغداد دەبنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر دروستکردنی چوار شاری نیشتەجێبوونی نوێ، کە یەکێکیانی شاری جەواھیرییە لەناو سنوورەکانی بەغداد، ھەروەھا کارەکان بۆ دروستکردنی شاری عەلی وەردی بەردەوامن، دیزاینی قۆناغی یەکەمی شاری سەدریش پەسەندکراوە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی شاری بەغداد لە کۆتایی ئەمساڵ نۆ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، ئەوەش واتا ٢١٪ی دانیشتووانی عێراق لە بەغداد دەژین، بەڵام ژمارەکە لەو ئاستەدا ناوەستێت و بەردەوام لە زیادبووندایە.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی رۆژنامەوانیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە ئەنجومەنی نوێنەران، گفتوگۆ لەبارەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کراوە و شەش بڕیاریان دەرکردووە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پاڵپشتی خۆی بۆ ھەر رێکارێکی حکومەت بۆ پشتیووانیکردن لە گەلی فەڵەستین و گەیاندنی ھاوکاریی بۆ کەرتی غەززە دەربڕی.
ھاوکات داوایکرد پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەغداد بکەن و ھەڵوێستی گوونجاویان ھەبێت، ھەروەھا داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، دەستبەجێ دەروازە بۆ گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە بکاتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سیاسیەتی ھەندێک وڵاتی بۆ کۆچپێکردنی گەلی فەڵەستین رەتکردەوە و داواشی کرد، وڵاتانی جیھان کار بکەن بۆ راگرتنی جەنگ و توندوتیژییەکان لە کەرتی غەززە.
لە خۆپیشاندانەکەی بەغداد بۆ پشتیوانی لە کەرتی غەززە، موھەند موسەوی، بە نوێنەرایەتیی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، وتاری نوێژی "ھەینیی یەکگرتوویی" پێشکەشکرد و رایگەیاند، خۆپیشاندانە ملیۆنییەکەی ئەمڕۆی گۆڕەپانی تەحریر بۆ پشتیووانیکردنە لە کەرتی غەززە.
ھاوکات بە نوێنەرایەتیی سەدر، داوای داخستنی سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیلی لە وڵاتانی ئیسلامی کرد و وتیشی، پێویستە وڵاتانی ئیسلامی بە ھەماھەنگی سوریا و میسر، ھاوکاریی مرۆیی و ئاو بگەیەنن بە کەرتی غەززە.
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەک بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی ھاوڵاتییانی عێراق بە قوربانییانی کەرتی غەززە پێکھێندراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لیژنە ھاوکارییەی پێکھێندراوە، لە بارەگای فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی لە بەغداد لە نزیک گۆڕەپانی عەباس بن فیرناس ھاوکارییەکان لە ھاوڵاتییان وەردەگرێت.
ماوەی حەوت رۆژە شەڕ و پێکدادان لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززەی ئیسرائیل بەردەوامە و بەپێی نوێترین ئاماری کوژرا و بریندارانی شەڕەکەش، زیاتر لە ١٥٠٠ ھاوڵاتی فەڵەستینی کوژراوە و نزیکەی شەش ھەزار و ٦٠٠ کەسی دیکەش بریندارە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستوەتەڕوو، ھەندێک پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە مەرامیان چەواشەکردنی رای گشتی و شێواندنی راستییەکانە، ھەواڵێکی سەرلەبەر نادروستیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە سەرۆکایەتی کۆمار پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامێکی لە ناوچەی سەوزی بەغداد بە بڕی ٤٥٠ ملیۆن دیناری عێراقی جێبەجێکردووە.
باسی لەوەشکردووە، سەرۆکایەتی کۆمار ھیچ پەیوەندییەکی بەو بابەتەوە نییە و ئەو شەقامەی نۆژەننەکردووەتەوە و تەنانەت ھیچ نۆژەنکردنەوەیەکیشی لە کۆشکی بەغداد نەکردووە لە ناوچەی سەوز، ئەو شەقامەیش کە بەرەو کۆشکی سەلام دەڕوات لەلایەن ئەمانەی بەغدادوە نۆژەنکراوەتەوە، سەرۆکایەتی کۆمار سکاڵاش لەسەر ئەوانە تۆماردەکات کە دەنگۆکەیان بڵاوکردووەتەوە و لەم بارەیەوە لەرونکردنەوەکەدا ھاتووە، رێکاری یاسایی پێویست دەگرنەبەر بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەی کە زیانی مەعنەویان بە پێگەی سەرۆکایەتی کۆمار گەیاندووە، چونکە ھەوڵیانداوە متمانە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەرۆکایەتییەکانی لاواز بکەن.
بۆ خۆپیشاندانەکەی سبەینێی لایەنگرانی سەدر، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بڕیاریدا رێوشوێنی ئەمنی توندبگرێتەبەر بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتانەی کە ھەڵوێستی نەرێنیان بەرامبەر کەرتی غەزەی فەڵەستین ھەیە و پشتیوانی ھێرشەکانی ئیسرائیلن، بۆیە ھێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ھاوکات بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانیش رایگەیاند، پێویستە ھێزی ئەمنی زیاتر بۆ پاراستنی ناوەندی کلتوری تورکی، باڵیۆزخانەکانی ئۆکراین و بەحرەین و فەڕەنسا دابینبکرێت، فیرقەیەکی تایبەتیش ئاسایشی ھەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بەریتانیا دابیندەکات.
ئەم ڕێوشوێنانەش لەکاتێکدایە کە لەسەر داوای موقتەدا سەدر، بڕیارە سبەینێ نوێژی ھەینی ملیۆنی لە بەغداد ئەنجامبدرێت و تیایدا پشتیوانی عێراقییەکان بۆ فەڵەستین دژی ئیسرائیل دووپاتبکرێتەوە.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی و حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران باسیان لە پەیوەندییەکانی بەغداد و تاران و دۆخی ناوچەکە کردووە بە تایبەت پێشھاتەکانی فەڵەستین و ئەو گەمارۆیەی ئیسرائیل بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاندوویەتی کە بەھۆیەوە دۆخێکی سەختی مرۆیی دروستکردووە.
سودانی بە وەزیری دەرەوەی ئێرانی راگەیاندووە، ھەڵوێستی عێراق نەگۆڕە بەرامبەر بە مافی گەلی فەڵەستین بۆ ژیانی ئازاد و دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر خاکی مێژویی خۆی، بۆیە گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاڕاستەی رزرگارکردنی یەکجاری فەڵەستینییەکان بجوڵێت و کاربکات.
ھاوکات قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش لە بەغداد پێشوازی لە حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان، کرد و ھەردوولا باسیان لە دۆسیەی فەڵەستین و سنوری ھەردوولا کرد، لەم بارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی ھەوڵ و ھەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی کردووە کە لە دۆسییەی سنوردا گرتویەتییەبەر.
عەبدولزەھرا ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان راگەیاند، پێشبینی دەکەین ڕێژەی دانیشتوانی عێراق لە ٤٣ ملیۆن کەس زیاتر بێت و زۆرترینشیان بەسەر سێ پارێزگادا دابەشبوون کە بەغداد و نەینەوا و بەسرەیە.
راشیگەیاند، لە ئێستادا رێژەی نێرو مێ جیاوازیەکی کەمیان لە نێواندا ھەیە، رێژەی نێر ٥٠.٥ و رێژەی مێ ٤٩.٥ یە.
دووپاتیشی کردەوە، وەزارەتەکەیان ئامادەکارییەکانی بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دەستپێکردووە، کە وردەکاریی دەداتێ سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوان و دۆخی ژیانیان لە عێراقدا.
سەرۆککۆمار پێشوازیکرد لە عەبدولعەزیز شەممەری باڵیۆزی سعودیە لە عێراق کە نامەیەکی دەستنوسی پاشای سعودیەوە گەیاندە بەڕێزیان .
ناوەڕۆکی نامەکە بریتی بوو لە خواستی شانشینی عەرەبستانی سعودی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی برا بکەن، ھەروەھا گرنگی ھەماھەنگی ھەڵوێستەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار، جەختی کردەوە لە پێویستی چەسپاندنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعودیە و فراوانکردنی ئاسۆی ھاوکاریی بونیادنەر کە خزمەتی بەرژەوەندی ھەردوو وڵات بکات.
لەلای خۆیەوە باڵیۆز ئەلشەمەری جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی تێیدا، ھاوکات ستایشی پێشھاتە ئەرێنیەکانی عێراقی لە بوارە جیاجیا کاندا کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، فوئاد حسێن و سێرگی لاڤرۆڤ کۆبوونەتەوە و باسیان لە بابەتە دوو قۆڵییەکانی بەغداد و مۆسکۆ و رێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیا روسیانە کرد کە لە عێراق کاردەکەن.
ھاوکات باسیان لە پرسی گرژییەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کرد و جەختیان لە چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین کردەوە.
ئەبو حسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتی کەتایبی حزبوڵای عێراق لە راگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی لە فەڵەستینییەکان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنەی دژی ئیسرائیل بەدەستیانھێناوە.
راشیگەیاند، مووشەک و درۆن و ھێزە تایبەتەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەئامانجگرتنی ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکانیان و پەکخستنی بەرژەوەندییەکانیان، ئەگەر بێتو دەستوەردان لەو جەنگەدا بکەن.
حەمیداوی پشتیوانی بۆ ئەو خۆپیشاندانەش دەربڕی کە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوایکردووە بۆ پاڵپشتی فەڵەستین، کە بڕیارە رۆژی ھەینی دوای نوێژ لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکەی عێراق رێکبخرێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا ساڵانە ١٠ ملیار دۆلار لە داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق دەداتە بەغداد، بەڵام حکومەتی ئەمریکا داوایەکی عێراقی بۆ بەدەستھێنانی یەک ملیار دۆلار لە داھاتی فرۆشی نەوتی بەشێوەی نەختینە لە بانکی فیدراڵی یەدەگی ئەمریکاوە رەتکردووەتەوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی دۆلار بووەتە سەرچاوەیەکی داھات بۆ عێراق و بە نایاسایی رەوانەی ئەو وڵاتانەی دەکات کە لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان، وەک ئێران.
لێپرسراوێکی باڵای بانکی ناوەندی عێراقیش رایگەیاندووە، بانکی ناوەندی کاردەکات لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی یاسا و رێنماییە نێودەوڵەتییەکان لە بەکارھێنانی دۆلاردا، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزێتەوە و ھاوسەنگی لە بەھای دینار و دۆلار بکات و ھەڕەشە لەسەر بەھای دینار دروستنەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی ھەینی رابردوو، بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە، ئەمریکا ناردنی دۆلاری بۆ عێراق کەمکردبێتەوە و دەڵێت، بەبێ کێشە لە بانکی فیدراڵی ئەمریکاوە دۆلاریان وەرگرتووە.
سەرۆککۆمار جەختی لە گرنگی پێویستی ھاوکاری و ھەماھەنگی ھاوبەش کرد لە بارەی دۆسێ و پرسە ھاوبەشەکان بۆ بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و بەرجەستەکردنی چانسی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بە گرنگی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ھەردوو وڵات کرد لە پتەوکردنی ئاسایشی سنوورە ھاوبەشەکاندا و راشیگەیاند کەڕێککەوتنەکە ھەڵوێستی عێراق دووپاتدەکاتەوە لە ڕەتکردنەوەی بەکارھێنانی خاکی وەک سەرچاوەیەک بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی ڕەچاوکردنی مافی عێراق لە پاراستنی ئاسایش و سەروەری وڵات لە پێشێلکارییەکان کە کاریگەری لەسەر شارەکانی عێراق بەتایبەتی و ھەرێمی کوردستان ھەیە.
لای خۆیەوە، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختی لە خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی ھاریکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکان و پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری گەلی عێراق کردەوە.
سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالکی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، وەک بڕیاری لەسەردراوە، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت کە مانگی ١٢ی ئەمساڵە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانیش ھەموو ئامادەکارییەکانیان تەواوکردووە و حکومەتیش ھەموو پێداویستییەکانی دابینکردووە بەتایبەتیش بودجەی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی ئەو ھەڵبژاردنە.
وتیشی، ھەندێک جار بەشێک لە کوتلە و لایەنە سیاسییەکان دەنگۆی دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بڵاودەکەنەوە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و ھیچ بنەمایەکیان نییە، چونکی ئەو ھەڵبژاردنە لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوەدەچێت.