حەیدەر لامی سەرکردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالکی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و بوونی بارەگا سەربازییەکانیان لە عێراق بوونەتە بەڵایەکی گەورە و بەرمیلە باروت، چونکە بەھەر شێوەیەک مامەڵە و ھەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت ھەر زیانی ھەیە، بەشێوەیەک مانەوەیان مایەی نیگەرانی ھەندێک وڵاتە لە بەرامبەر عێراق و دەرکردن یان ھێرشکردنیشە سەریان دەبێتە ھۆی سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر عێراقدا.
وتیشی، ئەمریکا سەرجەم رێککەوتنەکانی لەگەڵ عێراق پێشێلکردووە و بەڵێنەکانیشی نەبردووەتەسەر و لە ئێستادا بنکە و بارەگا سەربازییەکانی لە عێراق بۆ ھاوکاریکردنی ئیسرائیل بەکاردەھێنێت، بەوەش خاکی عێراق لە ململانێکیان تێوەبگلێنێت.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی وڵات و میکانیزمی ھەماھەنگی نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتی کۆمار لە پێشکەشکردن و پەسەندکردنی یاسا گرنگەکان تاوتوێ کرا.
ھەر لە دیدارەکەدا باس لە پێشھاتەکانی دۆخی کەرتی غەززە و گرنگی ھەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان کرا بۆ راگرتنی دەستدرێژی و بەردەوامی بۆردومانکردنی خەڵکی سڤیل، ھەروەھا ھەڵوێستی نەگۆڕی میللی و رەسمی عێراقیان لە رەتکردنەوەی ھەر ھەوڵێک بۆ ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان و مافی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کە قودسی پیرۆز پایتەختیەتی دووپاتکردەوە.
نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، محەمەد شیاع سودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشتووە و باسیان لە دواین پێشھاتەکانی غەززە و رەوشی مرۆیی گەلی فەڵەستین کردووە و جەختیانکردووەتەوە لە گرنگیی ھەماھەنگیکردن بۆ گەرەنتیکردنی گەیشتن و ئاسایشی خۆراک و ئاو و چاودێریی تەندروستی.
سودانی و بلینکن جەختیان لە پێویستیی ھەوڵی ھاوبەش کردەوە، بۆ گەرەنتیکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و دروستنەبوونی گۆڕەپانی ململانێ، ھەروەھا پابەندبوونی بەغداد و واشنتۆنیان بۆ بەھێزکردنی ھاوبەشییەکانیان لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی دووپاتکردەوە.
سودانی ھاوکات پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەنجامدا و باسیان لە بوونی راوێژکارە سەربازییەکان و تیمی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و ھاریکاریکردنی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بە راوێژ و راھێنان و گرنگی بەردەوامبوون لەسەر سەرکەوتن بەسەر داعش، ھەروەھا جەختیانکردەوە لە پابەندبوونی عێراق بە پاراستنی راوێژکارە سەربازییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق.
پەیوەندیی تەلەفۆنی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە ناوبەناو بە درۆن ھێرشدەکرێتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ناو کەرتی غەززە لەنێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل، ھێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق چڕبوونەتەوە.
ھاوکات، بەھۆی ھەڕەشەی ئەمنییەوە داوا لە ھاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات گەشت بۆ عێراق نەکەن و داواش لە کارمەندانی باڵوێزخانەو کونسوڵخانەکانی ئەمریکا لە عێراق و ھەولێر دەکات گەر مانەوەیان زۆر پێویست نییە ئەوا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان عێراق بەجێبھێڵن بۆ گەشتەکانیشیان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بەکارنەھێنن.
ماوەی چەند رۆژێکە چەند جارێک بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عەین عەسەد بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کراونەتە ئامانج و گروپی " مقاومەی ئیسلامی" بەرپرسایرێتی خۆی لە چەند ھێرشێکیان راگەیاندووە.
نوسینگەی راگەیاندنی ناوەندەکە بڵاویکردەوە، سەعات ٢ی شەوی رابردوو ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ لە پارێزگای نەجەف بە بۆمبی بۆمبڕێژکراو کراوەتە ئامانج و زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
راشیگەیاند، ئەوە چوارەمین جارە کە ئەو ناوەندە بە ھێرشی تیرۆریستی و رێکخراو بە ئامانج دەگیرێت لەلایەن چەند لایەنێکەوە کە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوەیە و ھەوڵێکە بۆ ناسەقامگیرکردنی ئەمنییەتی وڵات و رێگری لە ھەوڵە زانستی و نیشتمانییەکانی ناوەندەکە.
ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ گرنگی بە دیالۆگی سیاسی و ئابوری و کلتوری دەدات و ساڵانە کۆڕبەند رێکدەخات.
"موزر کروی" ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ویستێکی زۆر ھەیە بۆ کڕینی دۆلار بەھۆی گەشتی ھەزاران ھاووڵاتی و کاروبارەکانی کۆمپانیاکانەوە، بەڵام بانکی ناوەندی عێراق دەستیکردووە بە گرتنەبەری پێنج رێکار بۆ ھاوسەنگ کردنی بازاڕی دراو، لەوانە کەمکردنەوەی بەکارھێنانی دۆلار لە بەشێک لە مامەڵەکاندا.
وتیشی، لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ ئیدارەی بانکی ناوەندی چەندین ئاماژەی نەرێنی و ئەرێنی ھەبووە و دەبێت چارەسەر بکرێن، چونکە بەرزکردنەوەی بەھای دینار زۆر گرنگە و ھەر نزمبوونەوەیەک کاریگەری لەسەر نرخەکان دروست دەکات و فشار لەسەر بازاڕ و ھاووڵاتیان دروست دەکات.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن رایگەیاند، زیاتر لە ٣٠٠ کاندید بێبەش کراون لەبەشداریکردن لەپرۆسەی ھەڵبژاردنەکان، کۆمیسیۆن لە ھەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی دووەمدا پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان ڕادەگەیەنێت، بۆ ئەوەی لە ھەمان ھەفتەدا بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستپێبکات.
راشیگەیاند، لە ھەڵبژاردنەکانی کۆتای ئەمساڵدا زیاتر لە ١٦ ملیۆن کەس مافی بەشداریکردنیان ھەیە، ژمارەی ناوەندەکانی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتی ٣٥ ھەزار و ٥٥٣ بنکەدەبێت، ھاوکات ژمارەی ناوەندەکانی دەنگدانی تایبەت ٥٦٥ بنکەیە.
سەبارەت بە دەنگدانی ئاوارەکان ریگەیاند ژمارەی دەنگدەرانی ئاوارەکان لە ١٢٠ ھەزارەوە بۆ ٤٨ ھەزار کەمیکردووە بەھۆی گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان، ٢١٤ ھەزار و ٥٩٥ کارمەندیش ئامادەکراون بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان.
رۆژنامەی "مەدا"ی عێراقی لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە گواستییەوە، رەوشەکە زۆر ھەستیارە بە تایبەت دوای ئەوەی گروپە چەکدارەکان دەستیان کردووە بە بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق. ھەندێک لایەنیش ترسیان ھەیە لەوەی بەھۆی ئەو ھێرشانەوە ئەمریکا سزای عێراق بدات.
سەرچاوەکە راشیگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت ئەو ھێرشانە فراوانتر بن و باڵیۆزخانەی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی وڵاتانی دیکە لە عێراق بگرێتەوە.
حکومەتی عێراق ماوەی ھەفتەیە رێکارە ئەمنییەکانی لە نزیک و دەوروبەری باڵیۆزخانەکان لە بەغداد چڕکردووەتەوە.
"عامر فایز" یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکانیش دەڵێت، گروپە چەکدارەکان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نین و ئەگەر بیانەوێت ھێرشەکانیان فراوان بکەن ئەوا حکومەتی عێراق لە دۆخی شەرمەزاریدا دەبێت.
لە ماوەی سێ رۆژدا، گروپە چەکدارەکان چوار ھێرشیان بۆ سەر سێ پێگەکانی ئەمریکا لەڕێی پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامداوە، کە یەکێکیان لە ناو بەغدادەوە بووە بە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شارەکە.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سودانی بۆ بەشداریکردنی لە کۆنگرەی قاھیرە بۆ ئاشتی ٢٠٢٣، کە تایبەت بە تاوتوێکردنی رەوشی ئێستای فەڵەستین و رووداوەکانی غەززە گەیشتوەتە میسر.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆنگرەکەدا سودانی ھەڵوێست و پرەنسیپی عێراق سەبارەت بەو رووداوانەی لە غەززە ڕوودەدەن، لەگەڵ کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی و گەیاندنی ئەو ھاوکارییانەی خەڵکی کەرتی غەززە پێویستیانە دەخاتەڕوو.
دوو ھەفتە لەمەوبەر بەرەبەیانی رۆژی شەممە بزوتنەوەی حەماس بە ٥ ھەزار مووشەک ھێرشی کردە سەر ئیسرائیل، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، کۆنگرەی لە ئێستاشدا بڕیارە لە کۆنگرەی قاھیرە بۆ ئاشتی ٢٠٢٣، چارەسەری پێویست بۆ رەوشی فەڵەستینییەکان بدۆزرێتەوە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیی نەوتی عێراق رایگەیاند، لەئێستادا وەزارەتەکەی لە قۆناغی گەشەپێدان و نوێکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پاڵاوگەکانی بەرھەمێنانی سوتەمەنیدایە لەناوەڕاست و باشووری عێراق، لەناویشیاندا پاڵاوگەی کەربەلا کە بە تەواوبوونی دەبێتە پێشکەوتووترین پاڵاوگە لەناوچەکەدا و بڕێکی زۆری سوتەمەنی بەرھەم دەھێنێت لە ناویشیاندا بەنزین، بەشێوەیەک رۆژانە بەرھەمێنانی بەنزین تیایدا دەگاتە ھەشت ھەزار مەترسێجا بە ئۆکتانی بەرز.
وتیشی، بە کۆتایی ھاتنی کارکردن لە پاڵاوگەکان، کەپێشبینی دەکەن بگاتە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو، لەو کاتەوە عێراق لە بواری بەنزیندا دەگاتە ئاستای خودبژێوی و پێویستی بەوە نامێنێت لە وڵاتانی دەرەوە بەنزین ھاوردە بکات.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڵاویکردەوە، بەھاوکاری رێکخراوی یونسێفی نەتەوە یەکگرتووەکان کار لەسەر راگەیاندنی ھەڵمەتێکی گەورە دەکەن بۆ روبەڕوبوونەوەی دیاردەی وازھێنانی خوێندکاران لە پارێزگاکانی باشوری وڵات.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەئێستاشدا بەرنامەی "گەڕانەوە بۆ خوێندن" لە پارێزگای میسان جێبەجێدەکەن بۆ سنودارکردنی وازھێنانی خوێندکاران و گەڕاندنەوەی ئەوانەشی بەھەر ھۆکارێک وازیان لە خوێندن ھێناوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی یونسێف ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵی عێراقی بەھۆی نائارامی دۆخی ئەمنی و ئابوری و نەبوونی ژێرخانێکی پێشکەوتووی پەروەردەییەوە، وازیان لە خوێندن ھێناوە.
سەباح نەعمان، وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، لەئێستادا ئەرکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بەدواداچوون و دەستگیرکردنی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشە لە سەرتاسەری عێراق.
وتیشی، لەمساڵدا دەزگای دژەتیرۆری عێراق ٢٥٠ ئۆپراسیۆنی بە تاکتیکی جیاواز ئەنجامداوە، کە زۆرینەکانی لە رۆژھەڵاتی پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و سەڵاحەدین بوون، ھاوکات ئۆپراسیۆنەکانیان بە ئاڕاستەی رۆژئاوای ئەنبار فراوانتر کردووە.
وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق راشیگەیاند، لە مساڵدا ٤٥ تیرۆریست کوژراوە و ١١٠ تیرۆریستی دیکەش دەستگیرکراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، زۆرینەی ئۆپراسیۆنەکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی ئەنجامداوە و ھەماھەنگییەکانیان لە زیادبووندایە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنی عێراقەوە بڵاویکردەوە، لە ھێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد کە ھێزەکانی ئەمریکای تێدایە، دوو درۆن بنکەکەیان بە ئامانج گرتووە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، درۆنی یەکەم تێکشکێندراوە و درۆنی دوومیش بەھۆی کێشەی تەکنیکییەوە لەناو بنکەی عەین ئەسەد کەوتووەتەخوارەوە، ھێرشەکەش ھیچ زیانێکی نەبووە.
لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە پێنجار ھێرشکراوەتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار، بنکەی ھەریر لە ھەولێر و بنکەی سەربازی ھاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد، گروپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراقیش بەرپرسیاریەتی خۆی لە ھێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد راگەیاندووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ چەند مووشەکێک لە بنکەی ڤیکتۆریا لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کەوتووەتە خوارەوە، ھێزەکانی ئەمریکاش لە رێگەی سیستمی سیرامەوە وەڵامی ھێرشەکەیان داوەتەوە.
وتیشی، تائێستا ھیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەکە رانەگەیاندوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە شەوی رابردوو، بە چەند موشەکێک ھێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.
ھێزە ئەمنییەکانی عێراقیش رایانگەیاند، لەنزیک بنکەی عەین ئەسەد دەستیان بەسەر سەکۆیەکی ھەڵدانی موشەکدا گرتووە، دوو موشەکیشیان پوچەڵکردوەتەوە کە ئامادەکرابوون بۆئەوەی ئاڕاستەی بنکەکە بکرێن.
پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد دەکەن.
لای خۆشیەوە گروپی جیھاد ئیسلامیش لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەکە راگەیاند.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٠٠ کاندید بە ھۆی نەبوونی تەواوی مەرجەکان تیایاندا لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوورخراونەتەوە.
وتیشی، کۆمیسیۆن ھەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی دووەم ناوی کاندیدە جێگرەوەکان دیاری دەکات و ھەر ئەو ھەفتەیە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستپێدەکات.
عیماد جەمیل ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی بنکەکانی ھەڵبژاردن لە دەنگدانی گشتی حەوت ھەزار و ١٦٦ بنکە دەبێت و زیاتر لە ٣٥ ھەزار وێستگە دابین کراوە. لە دەنگدانی تایبەتیشدا ٥٦٥ بنکە و زیاتر لە دوو ھەزار وێستگە دابین کراوە، کە ھێزە ئەمنییەکان و دەستەی حەشدی شەعبی و دەستەکانی دیکە دەگرێتەوە.
وتیشی، ژمارەی ئەو ئاوارانەی دەنگدەدەن لە ١٢٠ ھەزارەوە بۆ ٤٨ ھەزار ئاوارە کەمبووەتەوە، بەھۆی ئەوەی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
دوای بڵاوبوونەوەی چەند بەڵگەیەک لەبارەی گرێبەستێک لە نێوان محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و کۆمپانیای (پی جی ئاڕ) کە خاوەندارییەکەی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە، نیھال شەمەری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە حزبی تەقەدوم کە حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات سەرجەم ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ھەموو ئەو زانیاری و بەڵگانەی لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکراونەتەوە ساختەن و دوورن لە راستییەوە و ھیچ بنەمایەکیان نییە.
لەبارەی دەنگۆی داواکارییەکانیش بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حزبی تەقەدوم و رێگرتن لە بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، ئەو پەرلەمانتارەی حزبەکەی حەلبوسی وتی، تائێستا ھیچ جۆرە داواکارییەکی لەو جۆرە پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە و ئەو دەنگۆیانەشی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە.