کەناڵی حورەی ئەمریکی لەزاری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە گواستییەوە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا ھیچ جموجۆڵێکی سەربازی لە عێراق ئەنجامنەداوە و ئەو دەنگۆیانەشی لەوبارەیەوە بڵاودەکرێنەوە دوورن لە راستییەوە.
جەختیشیکردەوە، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە لەبارەی کاروانی ھێزەکانی ئەمریکا، ھیچ پەیوەندییەکی بە ھێزەکانی ئەمریکاوە نییە و ھیچ جوڵەیەکی سەربازی بە ئاڕاستەی عێراق و بە پێچەوانەشەوە ئەنجام نەدراوە.
ماوەی چەند رۆژێکە میدیا عێراقییەکان دەنگۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق جموجۆڵی سەربازییان دەستپێکردووە.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنەوە وەزارەتی پەروەردە مانگانە دەرماڵە دەداتە خوێندکارانی قۆناغەکانی سەرەتایی، بنەڕەتی و ئامادەیی، بەشێوەیەک خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی مانگانە ٣٠ ھەزار دینار و خوێندکارانی دوو قۆناغەکەی دیکە ٥٠ ھەزاریان پێدەدرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیارەکە تەنھا ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە خێزانەکانیان لە بەرنامەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون و تەمەنیان لە نێوان شەش بۆ ١٨ ساڵدایە.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ماددەی ٢٥ی یاسای بوودجەدایە و لەئێستادا لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە گفتوگۆدان بۆ پۆلێنکردنی ئەو خوێندکارانەی شایستە دەرماڵەکەن.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک بۆ ماوەی پێنج رۆژ و بەوپێیەش پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە کەرکوک تاکو ٢٠ی ئاب بەردەوام دەبێت.
ھاوکات جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی رایگەیاند، تاکو رۆژی ١٣ی ئاب، کە بڕیاربوو کۆتا رۆژی تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتییەکان بێت بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ٦١ ھاوپەیمانێتی لە کۆمسیۆن تۆمارکرابوو، بەڵام دواتر دەستەی کۆمسیاران بڕیاریدا ماوەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتییەکان بۆ رۆژی ٢٠ی شوبات درێژبکاتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێ دوایین ئاماری کۆمسیۆن، تاکو رۆژی یەکشەممەی رابردوو ١٦١ ھاوپەیمانێتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمارکراوە.
وەعد قەدۆ ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا بە نیازە نزیکەی سێ ھەزار سەرباز لەسەر سنووری نێوان عێراق و سوریا جێگیربکات و چەندین کەشتی سەربازی و ژێردەریاییش رەوانەی سنوورەکە بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا دەیەوێت کۆنترۆڵی سنووری نێوان عێراق و سوریا بکات و لەلایەکی دیکەشەوە دەیەوێت ھاوکارییەکان بۆ سوریا و لوبنان رابگرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پێیوایە لەلایەن وەزیری بەرگری عێراقەوە رەزامەندی دراوە، لە رێکەوتی ٢٧ی ئاب ھێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنووری نێوان عێراق و سوریا بڵاوەیان پێبکرێت و دەشڵێت، بڵاوەپێکردنی ئەو سەربازانە پەیامێکە بۆ عێراق بۆ دانووستان و کۆبوونەوە و ھەروەھا بۆ ئەوەی نەبێتە رێڕەوێک بۆ شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا.
سکاڵای یەکەم تایبەتە بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و تیایدا داواکراوە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری ژمارە ٦١ـی ساڵی ٢٠٢٠ ی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، بە نادەستوری لە قەڵەم بدات، کە تیایدا بڕیاری پاشکەوتی مووچە دراوە و مافی فەرمانبەرانیش گەرەنتی بکرێت.
لە سکاڵای دووەمیشدا داواکراوە بڕیاری ژمارە ٥٦ـی ساڵی ٢٠١٥ی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم ( بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم) بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت، چونکە بەھۆیەوە مافی فەرمانبەران پێشێلکراوە.
سکاڵای سێیەم لەلایەن نێردەی یارمەتیی نێودەوڵەتی لە عێراق لەسەر وەزیری دارایی ھەرێم، بەڕێوەبەری گومرگ، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغداد تۆمارکراوە، سکاڵاکار دەڵێت، ئەو چوار بەرپرسەی ھەرێم بە نایاسایی رێگریان لە دامەزراوە خێرخوازییەکەیان کردووە کەلوپەلی پزیشکی ھاوردەی عێراق بکەن و لێخۆشبوونی گومرگییان بۆ نەکراوە.
لێپرسراوانی دەروازەی حاجی ئۆمەران رایانگەیاندووە، ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حسێن تەواوبووە، پێشبینیدەکەن ژمارەیان بگاتە ٥٠٠ ھەزار زیارەتکار کە لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی شاری کەربەلا بکەن، سەرەتاش دێنە ھەولێر و دواتر بە پاسی تایبەت بۆ بەغداد دەگوازرێنەوە، کە پێدەچێت زۆرینەیان لە پارێزگاکانی باکوری ئێرانەوە بن.
ھاوکات عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەو پلانە ئەمنییەی بۆ پاراستنی گیانی زیارەتکاران ئامادەکراوە، لە ١٩ی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتیشی، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتی شیعە مەزھەب بۆ یادکردنەوەی چلەی ئیمام حسێن سەردانی شاری کەربەلا دەکەن و بۆ ئەمساڵیش پێشبینیدەکەن سێ تا پێنج ملیۆن زیارەتکار لە وڵاتانی عەرەبی و ئێرانەوە لە دەروازە سنورییەکانی زرباتییە و شەلامجە و مونزرییە و سەفوان و شیب، سەردانی عێراق بکەن.
بە پێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغداد کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، بڕیارێکی دەرکردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم موڵک و ماڵی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری پێشووی نەوتی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھۆکاری دەرکردنی بڕیارەکە تێوەگلانی وەزیری پێشووی نەوتە لە خراپ بەکارھێنانی پۆستەکەی بۆ وەرگرتنی بەرتیل لە ژمارەیەک لە وەبەرھێنەران بە تایبەتیش ئەوانەی گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ھەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە ھۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی عێراق گرنگییەکی زۆر بە روبەڕوبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و دەستگیرکردنی بەکارھێنەران و بازرگانانی ماددە ھۆشبەرەکان دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش ھەماھەنگی ھەیە و چەندین لێکتێگەیشتن و رێککەوتنیشیان بۆ رێگرتن لە گواستنەوەی ماددە ھۆشبەرەکان ئیمزاکردووە.
وتیشی، لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ١٧٠ بەکارھێنەر و بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون و دەستیشبەسەر ٦٠ کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەردا گیراوە کە زۆربەیان کریستاڵ و حەشیش و ئەفیون بوون.
کاکەرەش سدیق، سەرۆکی ئۆفیسی کەرکوکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی ھادی عامری سەرۆکی لیژنەکە دەبێت و چەندین پرسی پەیوەست بە ماددەی ١٤٠ تاوتوێ دەکرێت، وەک ھەوڵدان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دوو بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەعسی ھەڵوەشاوە سەبارەت بە تەعریب لە قەزای خانەقین. ھەروەھا دەرئەنجامی سەردانی ھادی عامری بۆ کەرکوک و دیداری لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان تاوتوێ دەکرێت.
"کاکەرەش سدیق" وتیشی، رێگرییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری کشتوکاڵی لە کەرکوک تەوەرێکی دیکە دەبێت.
دوێنێش، بە ئامادەبوونی ھادی عامری، لیژنەی پەرلەمانی ماددەی ١٤٠ کۆبووەوە و دۆسێی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و تەرخانکردنی پارەی پێویست لە یاسای بودجەدا بۆ ئەو مەبەستە تاوتوێ کراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەربازیی عێراق کۆبووەتەوە کە بەشدارییان لە پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەوا لە دەستی تیرۆرستانی داعش کردبوو جەختیکردووەتەوە لەوەی، وڵاتەکەی پێویستی بە ھێزی شەڕکەری بیانی نەماوە و گەیشتوونەتە ئاستێکی پێشکەوتووی گفتوگۆ و ھاوکاری لە داھاتوودا لەبارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
سوودانی ئاماژەی بەوەشداوە، ھەموو جیھان قەرزاری قوربانیدانی عێراقییەکانن لە شەڕی دژی داعش، وتیشی، داعش تەنیا عێراقی بەئامانج نەگرتووە، بەڵکو ھەموو جیھانی کردە ئامانج.
ھاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، پارێزگاریکردن لە ئاشتی و سەقامگیری بچوکترین مافی ھاووڵاتیانەوە و دەبێت ئەوان بۆیان دابین بکەن.
سکاڵاکە لەلایەن غالب محەمەد ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دژی وەزیری نەوتی عێراق تۆمارکراوە، کە تێیدا داواکراوە دادگا بڕیار و رێوشوێنەکانی وەزیری نەوت رەتبکاتەوە بۆ جیاوازیکردن لەنێوان ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق تایبەت بە دابینکردن و نرخی بەرھەمە نەوتییەکان.
غالب محەمەد لە سکاڵاکەدا داوایکردووە، ئەو جیاوازییە نەھێلرێت و رێوشوێنی یاسایی بگیرێتەبەر بۆ ھاوتاکردنەوەی نرخەکان و دابینکردنی سوتەمەنی بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێم ھاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ٢٩٦ لایەنی سیاسی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمارکردووە، بەڵام تائێستا ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشی کۆمیسیۆن نەکردووە.
وتیشی، ٣٧ کەس وەک کاندیدی سەربەخۆ خۆیان بۆ ھەڵبژاردنەکە تۆمارکردووە، بەڵام ھیچ پارت و ھاوپەیمانییەکان ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشنەکردووە، بۆیە ناوی تۆمارکردنی کاندیدەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە تا ٢٠ی ئەم مانگە درێژکرایەوە.
ئەو درێژکردنەوەیە دوای ئەوەدێت کە رۆژی یەکشەممە تۆمارکردنی ناوی کاندیدە سەربەخۆکان کۆتاییھات، لەئێستاشدا تەنھا ناوی کاندیدانی پارت و ھاوپەیمانییەکان تۆماردەکرێت، کە ئەوەش تا ٢٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لایەنەکان کێبڕکێ لەسەر بەدەستھێنانی ٢٥٨ کورسی دەکەن، کە ٢٠٠یان بۆ پیاو و ٧٥ بۆ ژنان و ١٠ش بۆ پێکھاتەکان تەرخانکراوە.
عیماد جەمیل، رەتیشیکردەوە ھیچ ھەوڵێک ھەبێت بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکە، کە بڕیارە لە ١٨ی کانوونی یەکەمی داھاتوو، بەڕێوەبچێت.
لما موسەوی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک، لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە مانگەکانی رابردوودا بە سەرکەوتوویی شەش بەشەخۆراکیان لە ئارد بەسەر ھاووڵاتیان دابەشکردووە، ئەوەش دوای گەیشتن بە ئاستی خودبژێوی لە گەنم.
دڵنیایشیدا کە تاکو وەرزی داھاتووی بەبازاڕکردنی گەنم، بڕی گەنمی پێویستیان ھەیە، راشیگەیاند، ئەم ھەفتەیە دەست بە دابەشکردنی حەوتەم بەشەخۆراکی مانگانە دەکرێت.
داواشی لەو ھاووڵاتیان کرد، کە لە پارێزگای دھۆک و کەرکوک و بەغداد و موسەننا و نەجەفن و فۆڕمی ئەلیکترۆنیان وەرگرتووە سەردانی ناوەندەکان بکەن.
مەزھەر محەمەد ساڵح بە میدیای رەسمی حکومەتی عێراقی راگەیاند، بەدووری دەزانن بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٣ رووبەڕووی کورتھێنان ببنەوە، ئەوەش بەھۆی بوونی زیادەیەکی دارایی بە بڕی نزیکەی ٢٣ ترلیۆن دینار، ھەروەھا بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان.
دەشڵێت، ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستا تاکو کۆتایی ساڵی دارایی ٢٠٢٣ بەردەوامبن، ئەوا ئاماژەی بەرز بۆ سەقامگیریی ئابووری دەبێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، ئاماژە ئەمنییەکان و کارتی دەنگدان بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو، زیاتر توندوتۆڵ دەکرێن و پڕۆگرامی وردیان بۆ دابیندەکرێت.
وتیشی، کارتی دەنگدان ناچێتە ناو سندوقی دەنگدان، ئەگەر سندوقەکە بارکۆدەکە بە ھاوشێوە نەخوێنێتەوە، دەنگەکە بە پووچەڵ دادەنرێت.
وتیشی، کۆمیسیۆن راھێنانی بە فەرمانبەرەکانی کردووە، تاکو لە رۆژی دەنگدان ھەڵەکردن کەمبکرێتەوە، ھەروەھا کارمەندی بەرپرس لە رۆژی دەنگدان روونکردنەوە بە دەنگدەر دەدات، چونکە میکانیزمی دەنگدان بۆ ئەم ھەڵبژاردن جیاوازە و دەنگدەر دەنگ بە لیست یان کاندیدی یاخود لیست یان کاندیدی سەربەخۆ دەدات.
بڕیاروایە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ١٥ پارێزگا (جگەلە ھەرێمی کوردستان)، بەڕێوەبچێت.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، حکومەتی عێراق لەسەر بینا و باڵەخانەکانی دامەزراوە حکومییەکان لە بەغداد چەندین جۆر چەک و سیستمی دژە مووشەکی زەمینی جێگیرکردووە.
لای خۆیەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش وتویەتی ئەو ھەنگاوەی گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناو بەغداد، پارێزگاریکردنە لە دامەزراوە حکومییەکان کە ناوبەناو دەکرێنە ئامانج و لەلایەن گرووپە نەناسراوەکانەوە مووشەکیان ئاراستە دەکرێت.