فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داوای زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنەکە بووە، تایبەت بوو بەو پێشێلکاریانەی کە کراونەتەسەر سەروەری عێرق و تیایدا جەخت کرایەوە ھێرشەکان لەلایەن ھەر لایەنێکەوە بێت رەتکراوەن.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەنجومەنی نوێنەران بەتوندی سەرکۆنەی ھێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سەرکردەکانی دەکات و داواش لە حکومەت دەکات رێگربکات لە بەردەمی پێشێلکارییەکان و رێگە نەدات وڵات ببێتە گۆڕەپانی ململانێی و وڵاتانیش پابەندبکات بە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان بەبێ ئەوەی شیکاری جیاواز بۆ بڕگە و ماددەکانی بکەن.
دانیشتنی ئەنجومەن نوێنەران دوای بۆردومانێکی ھێزەکانی ئەمریکا ھات بۆ سەر بەغداد لە شەوی ٧ی ئەم مانگە کە تیایدا ئەبو باقی ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی فەرماندەی حزبوڵای عێراقی کوژران.
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەکالەت یاداشتی ١٠٠ پەرلەمانتاری لەبارەی دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاڕاستەی ھەردوو لیژنەی یاسایی و ئاسایش و بەرگری کرد و رایگەیاند، داوا لە حکومەت دەکات بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران جێبەجێبکات کە تایبەتە بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتدا.
دانیشتنی ئەنجومەن نوێنەران دوای بۆردومانێکی ھێزەکانی ئەمریکا دێت بۆ سەر بەغداد لە شەوی حەوتی ئەم مانگە کە ئەبو باقی ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی فەرماندەی حزبوڵای عێراقی کوژران.
دوای بۆردومانەکەش زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئیمزایان کۆکردەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە و دەرکردنی یاسایەک بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان لە عێراق.
لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارێکی دەرکرد، کە تێیدا حکومەتی عێراق ناچاردەکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەماھەنگی ئەمنی لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان و کۆتایی ھێنان بە ئەرکەکانیان لە عێراق.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئاڵۆزییەی ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێران ھەیە، گەیشتوەتە ئاستێکی زۆر بەرز، ھیواشی خواست ئەو دوو وڵاتە کێشەکانیان لەسەر خاکی عێراق چارەسەر نەکەن و پەلاماری یەکتری نەدەن.
وتیشی گروپە چەکدارەکان پەیامێکیان پێگەیشتووە، ئەگەر لە ھێرشەکانیان بەردەوام بن عێراق رادەکشنە ناو شەڕێکەوە کە شەڕی ئەوان نییە و پەیامەکە گەیشتووەتە ئێرانیش.

ساموێل وربێرگ وتەبیژی ھەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئەو سێ سەربازەی ئەمریکا کە لە ھێرشەکەی ئوردن کوژران بەھۆی ھێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، ھەر وا بەئاسانی کۆتایی نایەت و وەڵامەکانیان زۆر قورس و توند دەبێت و ئەو ھێرشانەی لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا کردوویانەتە سەر ئەو گرووپانەی نزیک لە ئێران لە عێراق، کۆتایی نییە و ھێرشی تریش ئەنجام دەدەن و لێپرسینەوە لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا دەکەن کە ھێرشدەکەنە سەر ھێزەکانی ئەمریکا.
ھاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش (پنتاگۆن) ئاماژەی بەوە کردووە، ھەر راستەوخۆ دوای ھێرشەکانیان حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە، پەیامەکەشیان بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سوریا زۆر روونە و ئەگەر ھێرشەکانیان لە دژی ئەمریکا رانەگرن، زۆر بەوردی ھێرشیان دەکرێتەسەر و راستەوخۆش سەرکردە باڵاکانیان دەکرێنە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر راسپاردە و فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستان لە چوارچێوەی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان ھەردوو وڵات بە مەبەستی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات.
راشیگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی نێوان ھەردوولا، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو کە دەکاتە ١١ی ئەم مانگە گفتوگۆ و دانوستانەکان دەستپێبکاتەوە لەکاتێکدا رۆژی ٢٧ی مانگی رابردووش کۆبوونەوەیەکی دیکەی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق ئەمریکا لە بەغداد بەڕێوەچووە.
پێشتریش لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داھاتوو لیژنەی باڵای سەربازی ھەردوولا کۆدەبنەوە و کۆتاییھێنانی ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق تاوتوێ دەکەن.
بەپێی ئەو کارنامەی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکە تەنھا یەک تەوەر لەخۆدەگرێت کە تایبەتە بە تاوتوێکردنی دەستدرێژی و ھێرشکردنەسەر سەروەری خاکی عێراق، بڕیاریشە کۆبوونەوەکە سەعات پێنجی ئێوارە دەستپێبکات.
دوێنێش لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی نوێنەران کرابوو، ژماریەک پەرلەمانتار داوایانکردبوو کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێکبخرێت و تێیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای کردنەدەرەوەی ھێزە بیانییەکان بکرێت.
ھەر لەگەڵ ئەو نوسراوەدا ناوی ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوکراوەتەوە، کە ئیمزایان کۆکردووەتەوە بۆ کردنەدەرەوەی ھێزە بیانییەکان دەکەن لە خاکی عێراق.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ھێرشەکەی شەوی دوو لەسەر سێی ئەم مانگە، زۆر بەوردی لەناو خاکی عێراق و سوریا لەماوەی تەنھا نیو سەعاتدا زیاتر لە ٨٥ پێگەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بە زیاتر لە ١٢٥ مووشەک کرانە ئامانج بەبێ ئەوەی ھیچ زیانێک بە خەڵکی مەدەنی و ھیچ شوێن و دامەزراوەیەکی دیکەی ئەو دوو وڵاتە بگەیەنن.
راشیگەیاندووە، بەپێی بەڵگە و زانیارییەکانیان لەو ھێرشەدا زیاتر لە ٤٠ چەکداری گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سوریا کوژراون و سەرجەم ئەو زانیارییانەش کە باس لە کوژرانی خەڵکی مەدەنی دەکەن لەو دوو وڵاتە، دوورن لە راستییەوە و ھەموو ئەوانەی کوژراون چەکداری سەر بە ئێران بوون.
سەرۆککۆمار لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا، کە د.ئەحمەد ئەلموبەرقەع وەزیری لاوان و وەرزش، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، حسێن عیساوی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف و کەسایەتی رۆشنبیریی ھەرێمی کوردستان ئامادەیبون، وتەیەکی پێشکەشکرد و دوپاتیکردەوە، کردنەوەی پێشانگاکە گرنگییەکی ناوازەی ھەیە، بەوپێیەی نەجەف شاری زانست و ئەدەب و زمان و فیقھە، ھەروەھا شوێنی لە ئامێزگرتنی حەوزە ئایینییەکانە.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد، عێراقییەکان لە سەختترین ھەلومەرج و لەژێر حوکمی ستەمکارترین و دڕندەترین دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا، دەستبەرداری خوێندنەوە نەبوون و پشتیان لە کتێب نەکردوە، ئەمڕۆش نەجەف گەواھیدەری ھەستانەوەیەکی زانستی و ھزری و جوڵانەوەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، کە پێشەنگی رۆشنگەریە و ھەموومان دڵخۆش دەکات.
ئەمەش دەقی وتەکەی سەرۆک کۆمارە؛
خوشکان و برایانی ئامادەبوی بەڕێز ..
سڵاوی خوداتان لێبێت ..
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵتاندام بۆ کردنەوەی کارەکانی سێیەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە نەجەف، ئەگەر چالاکییە رۆشنبیرییەکان لە ژیانی نەتەوە و گەلاندا گرنگییەکی زۆری ھەبێت، ئەوا گرنگییەکەی لە پارێزگای نەجەفی پیرۆزدا ناوازەترە، لەبەرئەوەی نەجەف شاری زانست و ئەدەب و زمان و فیقھە، ھەروەھا شوێنی لە ئامێزگرتنی حەوزە ئایینییەکانە.
لەمێژە ئەو وتە بەناوبانگە لەناو خەڵکدا بڵاوبوەتەوە کە؛ قاھیرە دەنوسێت، بەیروت چاپ دەکات، بەغداش دەخوێنێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ رادەی تەشەنەکردنی رۆشنبیری و زۆری ژمارەی رۆشنبیران لە دەیەکانی رابردودا لە عێراق.
ئەمڕۆ مافی خۆمانە بە خۆنەویستییەکی زۆرەوە بانگەشەی ئەوە بکەین، کە عێراقییەکان لە سەختترین ھەلومەرج و لەژێر حوکمی ستەمکارترین و دڕندەترین دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا، دەستبەرداری خوێندنەوە نەبوون و پشتیان لە کتێب نەکردوە، کتێب بەشێوەیەکی نھێنی لە نێوانیاندا دەستاودەستی کردوە دوای ئەوەی رژێمە تۆتالیتارییەکان سانسۆری خۆیان بەسەر مافی دەربڕین و نوسین و بڵاوکردنەوە و تەنانەت خوێندنەوەدا، سەپاندبو.
نەجەفی پیرۆز ھەر لە سەرەتاوە و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق، بزوتنەوەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی لەخۆگرتبوو، یەکەم چاپخانەی ھەڵمی زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر لێرە لە نەجەف، دامەزرێندرا.
نەجەف لە سەردەمی رژێمی پێشوودا دوور نەبوو لە جوڵانەوەی چاپ و بڵاوکردنەوە، سەرەڕای ئەوەی وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەوتبوە ژێر سانسۆرێکی توندەوە و لەو سەردەمەشدا مانایەکی راستەقینەیان بۆ بزوتنەوەی بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری نەھێشتبووەوە دوای ئەوەی دیکتاتۆر و دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆنترۆڵی چالاکی نوسین و نوسەرانیان کردبو.
ئەمڕۆ نەجەف گەواھیدەری ھەستانەوەیەکی زانستی و ھزری و جوڵانەوەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، کەمترین شت دەربارەی بگوترێت ئەوەیە کە پێشەنگی رۆشنگەریە و ھەموومان دڵخۆش دەکات، رابون و رێنیسانسێکی مەعریفی یان کلتورێکی واقیعی نییە - بە بڕوای من- تەنھا لەڕێگەی کتێب و کتێبخانەوە نەبێت.
ھیوای سەرکەوتن بۆ رێکخەران و سەرپەرشتیارانی پێشانگاکە دەخوازین، پێشکەوتنی زیاتری زانستی و رابونی مەعریفی بۆ شاری زانست و زانایان.
دوبارە سڵاوی خوداتان لێبێت
دواتر سەرۆک کۆمار بەشەکانی پێشانگاکەی بەسەرکردەوە، کە بەرھەمی ژمارەیەکی زۆر خانەی چاپی ناوخۆیی و عەرەبی تێدا نمایشکراوە، ھەروەک تەماشای نوێترین چاپکراوەکانی بواری سیاسی، ئابوری، رۆشنبیری، فیکر و زانستی کرد.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆک کۆمار گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەن ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە پێشانگاکانی کتێب ھاوکارن لە دەوڵەمەندکردنی ژینگەی رۆشنبیری و بواری بڵاوکردنەوە و بەھێزکردنی دەستکەوتی داھێنەرانەی عێراقی و ئاسۆی فراوان بۆ رۆشنبیران و ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە و خوێنەران دەکاتەوە، سەرەڕای بەدیھێنانی لێکنزیکبونەوە و دیالۆگ و کرانەوە لەنێوان گەلان و نەتەوەکان.
ھەر لە میانی چالاکییەکانی پێشانگاکەدا، سەرۆک کۆمار ئامادەی دانیشتنێکی دیالۆگ بوو لەبارەی چەسپاندنی بەھاکانی ھاووڵاتیبون و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی عەرەبی-کوردی، کە تێیدا توێژەر عەبدولئەمیر زاھید باسی لە تیۆری تێکەڵبون و پێکەوەیی نێوان نەتەوەکان لە کۆمەڵگەی عێراقیدا کرد، ھەر لە سەردەمی پادشایەتییەوە تا ئێستا.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێز ھاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار باسی ھاوبەشیی فیکری نێوان عەرەب و کورد کرد.
لەلایەن خۆیەوە توێژەر دانا ئەحمەد ئەزمونی کەسایەتییەکانی کوردی لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و کولتوری ھاوبەشدا خستەڕوو.
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق رایگەیاند، بەردەوامی ھێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراقیەکان و پێشێلکاری وڵات بەڵگەیە لەسەر سوکایەتیکردنی ئەمریکا بە حکومەت و گەلی عێراق.
دەشڵێت، روون و ئاشکرایە بە بەردەوامی ھێرشدەکرێتە سەر عێراق، ھەرچەندە حکومەت چەند ھەنگاوێکی ناوە بۆ وەستاندنی ئەو ھێرشانە و مقاوەمەی ئیسلامیش پابەندن بە ئاگربەست و ھێرشنەکردن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گرنگە عێراق بە رەسمی داواکاری پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات و داوای کشانەوەی بەپەلەی ھێزە بیانیەکان بکات و عێراق دەست بەچەند رێکارێک بکات و توانای بەرگریکردنی بەرەوپێش بەرێت بۆ وەڵامدانەوەی دژی ھەر ھێرشێک دەکرێتەسەری.
خەزعەلی وتیشی، بەم ھەنگاوە زامنی گەلی عێراق و سەروەری ئاسمانی و زەمینی دەکرێت و دۆخی ئابوری بەرەوپێش دەچێت.
لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی نابەرپرسانە ھەموو ئەو کارانە دووبارە دەکەنەوە کە دەبنە ھۆی تێکدانی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھێرشەکە پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و ھەڕەشە لەسەر سەقامگیری و گەلی عێراق دروستدەکات و بەم جۆرە ھێرشانە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تەواوی لەو ھۆکار و مەبەستانە دوردەکەوێتەوە کە بەھۆیانەوە ھاتبووە ناو خاکی عێراق.
ھەروەھا یەحیا رەسوڵ راشیگەیاند، ئەم ئاراستەیە وادەکات حکومەتی عێراق لە ھەموو کات زیاتر ھەوڵ بدات بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کە بووەتە ھۆکاری ناسەقامگیری لە وڵاتەکەدا و ھەڕەشەی ئەوە دروستدەکات کە عێراق بەرەو بازنەی ململانێکانی ناوچەکە رابکێشێت.
چوارچێوەی ھەماھەنگی لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئیدانی ھێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا دەکەن و بە پێشێلی سەروەری وڵات دادەنێن.
دەشڵێت، ھێرشەکە ھێڵی سوری بەزاندووە کە بۆردومانی ھێزێکی رەسمی کردووە و ئەو کەسانەی کوژراون جێپەنجەیان لە شەڕی دژی داعشدا ھەبووە و وڵاتیان لە تیرۆر پاککردووەتەوە.
چوارچێوەی ھەماھەنگی راشیگەیاندووە، کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی لەگەڵ ئەرکەکانی ھاوپەیمان یەکناگرێتەوە و بەردەوامبوونی ئەو ھێرشانە دەرگای کۆتایی نەھاتنی ھێرش دەکاتەوە و گرنگە حکومەت ھەوڵەکانی چڕبکاتەوە بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکەکانی ھاوپەیمانان بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی ھاووڵاتییان.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سودانی لەگەڵ مارگرێتا روبلیس، وەزیری بەرگری و وەفدێكی باڵای سەربازی ئیسپانیا كۆبووەتەوە و گفتوگۆی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولایان كردووە.
سودانی راشیگەیاندووە، عێراق سورە لەسەر كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمان لە عێراق، لەكاتێكدا لەئێستادا هێزە ئەمنییەكانیان توانای بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆرستیەكانیان هەیە و داعش هەڕەشە نییە بۆ سەر دەوڵەت.
لەلای خۆشیەوە، وەزیری بەرگری ئیسپانیا رایگەیاند، وڵاتەكەی پابەندە بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق و رێز لە بڕیاری عێراق دەگرن بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان و لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق لە هەوڵدان بۆ تەواوكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتن كە هاریكاری سەربازی و ئاسایش و پیشەسازی جەنگ لە خۆیدەگرێت.
لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە ئەوەخراوەتەڕوو، دوای ھێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ھێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی لە بەغداد و ئەنبار، داوادەکەن کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێکبخرێت و تێیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای کردنەدەرەوەی ھێزە بیانییەکان بکرێت.
ھەروەھا لەگەڵ ئەو نوسراوەدا ناوی ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوکراوەتەوە، کە ئیمزایان کۆکردووەتەوە بۆ کردنەدەرەوەی ھێزە بیانییەکان دەکەن لە خاکی عێراق.
عامر ئەلفایز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، شەڕی غەززە ململانێی نێوان وڵاتانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروستکردووە و عێراقیش بەدەر نییە لە ملمانێکانی ناوچەکە، بە تایبەتی دوای ئەو ھێرشە ئاسمانییانەی لەم دواییەدا کرانە سەر خاکەکەی.
ئەوەشی خستەڕوو، بەغداد دەستیکردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنە دیپلۆماسییەکان بۆ دووخستنەوەی عێراق لە ملمانێ ھەرێمییەکان، لەوانەش گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، وەفدێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەروازە سنووریەکان کۆبووەتەوە، ھەردوولا ڕێککەوتنێکی ١١ خاڵی ھاوبەشیان لەسەر میکانیزمی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ھاتنە ناوەوەی گەشتیاران ئەنجامداوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئەو دەروازە ناڕەسمییانەی کە بۆ کاری قاچاخچیەتی بەدرێژایی سنووری ھەردوو وڵات بەکاردەھێنرێن، پێویستە دابخرێن، ھەروەھا دابینکردنی ساڵنامەی کشتوکاڵی بۆ بازرگانانی ئێرانی بۆ پابەندبوون و ڕێگریکردن لە ھەناردەکردنی ئەو کاڵایانە کە بەپێی ئەم ساڵنامەیە قەدەغەکراون بە مەبەستی پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی.
ھەروەھا چڕکردنەوەی پشکنینی گەشتیاران و کەلوپەل، بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی چەک یان مادەی ھۆشبەر و دامەزراندنی کەناڵی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان دەروازە سنوورییەکانی ھەردوو وڵات و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ھاوبەش بەشێوەیەکی بەردەوام و رێگریکردن لەھەر جۆرە باجێک، کە لەسەر بنەمای یاسا کارپێکراوەکان نەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسەی کردووە و ھێرشەکانی واشنتۆنی لەناو خاکی عێراقدا رەتکردووەتەوە، داواشی لە ئەمریکا کردووە بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی گفتوگۆ لەرێگەی لیژنەی باڵای ھەماھەنگی سەربازییەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھەردوو وەزیر جەختیانکردوەتەوە لە گرنگی پێکەوە کارکردن و ھاوبەشی ستراتیژی و بەردەوامی پێکەوەکارکردن بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو ئاستەنگییانەی کە ناوچەکە روبەڕوی دەبێتەوە، واشنتۆنیش جارێکی دیکە پشتیوانی خۆی بۆ بەھێزکردنی کەرتی ئابوری عێراق دوپاتکردووەتەوە.
پەیوەست بە سزادانی بانکەکانیش لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای روونکردنەوەی رەسمی لە واشنتۆن کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو بانکانە بەشێکی گرنگن لە راییکردنی کاروبار و دابینکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان.