دادوەر حیدەر حەنون سەرۆکی دەستپاکی عێراق رایگەیاندووە، گەندەڵی و زیانگەیاندن بە سەروەت و سامانی دەوڵەت و گشتی، ھەرکەسێک بیکات لەھەر ئاست و پلە و پێگەیەک بێت پێویستە بە یەکسانی یاسایان بەسەردا جێبەجێ بکرێت و بەپێی تاوانەکانیان سزا بدرێن.
وتیشی، بێویژدانییەکی گەورەیە ئەو فەرمانبەرە ئاساییانەی گەندەڵی دەکەن و موڵک و سەروەت و سامانی دەوڵەت بەھەدەر دەدەن، لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێن، بەڵام لێپرسراوان و ئەوانەی کەسانی باڵا و لایەنە سیاسییەکان لە پشتیانەوەن، پشتگوێ بخرێن و تاوانەکانیان بۆ داپۆشرێت.
د.لەتیف رەشید لە بەغداد ئامادەی سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا بوو و لە وتارێکدا باسی لەوەکرد، پێویستە عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بە دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئاو بگاتە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە.
دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمار...
وەزیرە بەڕێزەکان
خوشکان برایان ، ئامادەبووانی بەڕێز
سڵاوی خوداتان لێبێت
لە سەرەتاوە خۆشحاڵم کە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرۆکایەتی و ستافی زانکۆی بەناوبانگی بەغدا و پەیمانگای عێراقی بۆ دیالۆگ بکەم کە بانگھێشتیان کردین بۆ بەشداریکردن لەم کۆنفرانسە گرنگەدا، ھەروەھا دەمەوێت ستایشی تیشک خستە سەر ئەو بابەتە زۆر گرنگتان بکەم کە لەڕاستیدا مەترسیەکی راستەقینەیە بۆ جیھانەکەمان، کە گۆڕانی کەشوھەوا و کاریگەرییە ڕاستەوخۆو ناراستەوخۆکانیەتی لەسەرمان .
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە و بەدەست نادادپەروەری ڕژێمە تۆتالیتارییەکانەوە دەناڵێنێت کە نوقمی شەڕە ناوچەییەکان و گەمارۆ و داگیرکارییەکی نێودەوڵەتی و دواجاریش سەرھەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆتەوە کە بە خوێنی شەھیدەکانمان و قوربانیدانی گەلەکەمان ویەکڕیزیمان شکستمان پێھێنا.
ئەمڕۆ کۆدەبینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاڵنگاریەکی دیکە کە ھەڕەشە لە جیھان و مرۆڤایەتی بە گشتی دەکات، ئەویش گۆڕانی کەشوھەوایە، کە لە ئەنجامی چالاکیی ئابووریی جیھانی مۆدێرن و پشتبەستنی بێسنووری بە سووتەمەنی کانزایی، کە دەبێتە ھۆی زیادبوونی دەردانی گازە گەرمکەرەکان - گرنگترینیان دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە.
دەردانی بێ سنووری گازی گەرمکەر کاریگەری لەسەر کەشوھەوای جیھان دروستکردوە، لە ئەنجامە ڕاستەوخۆکانیان، لافاو، ئاگرکەوتنەوە، شەپۆلی گەرمای لەڕادەبەدەر لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان، زریانی تۆز و کەمی باران کە ناوچەکەمان لەم ساڵانەی دواییدا تووشی بووە، بەتایبەت عێراق. ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بەردەوام بێت، مەترسییەکە کاریگەری لەسەر ھەموو لایەنەکانی ژیانمان دەبێت، لە خۆراک و ئاسایش و تەندروستی و ژینگە و ئابووریدا، ئەمەش پێویستی بە کارکردنی ھەموان ھەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگاریە ڕاستەقینەیە.
تا ئەم دواییانە عێراق وڵاتێکی خۆبژێو بوو لە ڕووی خۆراکەوە، و وەزارەتەکانی سەرچاوە ئاوییەکان و کشتوکاڵ پێکەوە کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستی جووتیاران لە ئاو و ئامێر و کەرەستەکانی ئاودێری.
بەڵام دۆخەکە بەھۆی کەمی ئاوەوە دەستی بە گۆڕانکاری کردوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی سیاسەتی وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاو و کەمی باران و خراپی بەڕێوەبردن رۆڵیان ھەبوو لەم بوارەدا.
عێراق بە تایبەتی کاریگەری گۆڕانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کەشوھەوای لەسەرە. ئێمە بەدەست پلەی گەرمی بەرز و کەمی باران و بە بیابانبوون و وشکەساڵی و زریانی تۆزوخۆڵەوە دەناڵێنین. ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری وێرانکەریان دەبێت، بەو پێیەی دەبێتە ھۆی تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و نەمانی زۆنگاوەکان و کەمبوونەوەی بەرھەمی خۆراک و زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، ھەروەھا زیادبوونی کۆچ بۆ شارەکان و ناسەقامگیری .
عێراق، وەک وڵاتێکی بەرھەمھێنەری نەوت، ڕووبەڕووی کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکان دەبێتەوە کە گرنگییەکی کەمتریان نییە لەو مەترسیەی کاتێک ئابووری جیھانی پشتبەستنی بە سووتەمەنی بەردینی کەم بکاتەوە.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەوانەی باسکران، بە پێویستی دەبینین کاربکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری ھاووڵاتیان و بڵاوکردنەوەی کەلتوری گرنگیدانی ژینگەیی و ھوشیارکردنەوە لە پرۆسەی خوێندندا کە ھەموو ئاستەکانی خوێندن لەخۆبگرێت، لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستپێبکات و کارکردن چڕبکرێتەوە بۆ سنووردارکردن یان کەمکردنەوەی ھەر کاریگەرییەکی نەرێنی کە عێراق ڕەنگە دوچاری ببێتەوە.
ئێمە وەک وڵاتێکی بەرھەمھێنەری نەوتی بەرپرسیارانە دەبێت کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمکەر لە عێراقەوە (واتە ئەوەی پێی دەوترێت کەمکردنەوەی کرداریی کەشوھەوا) ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە لە بەڵگەنامە نیشتمانییەکەماندا کە لە چوارچێوەی بەرنامەکانی وەزارەتی نەوت و لقەکانیدا تۆمارکراوە و ئاماژەمان پێکردووە، بە وەستاندنی سووتاندنی گازی میتان، و سوودی لێ وەربگرن بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبایی.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی وەزارەتی کارەبا بکەین لە ئەنجامدانی گرێبەستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی پاک وەک وزەی خۆر.
خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوھەوا پێویستییەکی ڕەھایە. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە بە میکانیزمی چالاکییە سەرەتاییەکانماندا بچینەوە، وەک ئاودێری و کشتوکاڵ، ھەروەھا دەبێت کاربکەین بۆ ھەمەچەشنکردنی چالاکییە ئابوورییەکانمان. جیھان پشتبەستنی بە سووتەمەنی بەردینی کەمدەکاتەوە. بۆ نموونە یەکێتیی ئەورووپا بەر لە کۆتایی ئەم دەیە کۆتایی بە بەرھەمھێنانی ھەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەھێنێت کە پشت بە سووتەمەنی بەردینی دەبەستن.
مرۆڤ بۆ یەکەمجار لە کەناری دیجلە و فورات و لقەکانیان لە میزۆپۆتامیا کشتوکاڵی کرد و عێراق یەکەم سەرچاوەی یاساکانە. کۆنترین بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرسی ئاو، پەیمانی ئاشتی ھەمیشەیی "میسلیم"ە کە زیاتر لە ٤٥ سەدە لەمەوبەر لە نێوان دوو شاری سۆمەری کە کەوتبوونە کەناری دیجلە، ئەوانیش لەکش و ئوما ئەنجامدرا. ئامانجی ئەم پەیماننامەیە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە لەمێژینەی نێوان ھەردوو شارەکە بوو لەسەر بەکارھێنانی ئاوەکانی ڕووباری دیجلە. پەیماننامەکە کۆمەڵێک ڕێسای بۆ ھاوبەشکردنی ئاوەکانی ڕووبارەکە دامەزراند، ھەروەھا لایەنەکانی پەیماننامەکەی لە دروستکردنی بەنداو یان پێکھاتەی دیکە قەدەغە کرد کە دەستوەردان لە ڕۆیشتنی ڕووبارەکە بکات و ئاو لە وڵاتی خوارەوەی ڕووبارەکە ڕابگرێت.
ئەمڕۆ دەبێ بە ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ - ئێران، تورکیا، و سوریا - وڵاتانی دۆست کە لەگەڵیاندا بەرژەوەندی ھاوبەشی ئایینی، کولتووری و جەماوەری ، ھەروەھا بەرژەوەندی ھاوبەشی ئەمنی و ئابووری ھاوبەشمان ھەیە، دەبێت ھەوڵبدەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە ڕێگەی پەیماننامەوە کە زامنی مافی گەلەکانمان بکەین، کەبەدەستھێنانی ئاوە . لەڕاستییدا عێراق تاکە وڵات نییە کە خۆی لەم دۆخە سەختەدا ببینێتەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھیچ ڕێککەوتنێکی بەرفراوانی ڕەوا ھاوشێوەی پەیمانی لەکش و ئومما نییە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەی سەرەوە، پێویستە خۆمان بگونجێنین و میکانیزمە کشتوکاڵییەکانمان مۆدێرن بکەین بۆ ئەوەی بە کەمترین سەرچاوەی ئاو کاربکەین و بەکارھێنانی تەکنیکەکانی سیستمی کشتوکاڵی مۆدێرن گشتگیر بکەین کە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەدەستھێنانی ئاسایشی خۆراک. جێگای خۆشحاڵییە کە وەزارەتی کشتوکاڵ دەستپێشخەری کردوە بۆ گۆڕینی ئەو میکانیزمانە، بە ھاوکاری لەگەڵ دامەزراوە کارامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک ڕێکخراوی جیھانی خۆراک و کشتوکاڵ و بەرنامەی خۆراکی جیھانی.
گۆڕانی کەشوھەوا پرسێکی نێودەوڵەتییە و لەدوای لوتکەی زەویەوە کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆی بەرازیل بەڕێوەچوو، جیھان دەستیکردووە بە گرنگیدان پێی. زۆرینەی ڕەھای وڵاتانی جیھان ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەیان واژۆ کردووە کە ھەوڵی چارەسەرکردنی پرسی گۆڕانی کەشوھەوا دەدات و ناوە تەواوەکەی کۆنفرانسی چوارچێوەی "نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوھەوا" یە. عێراق لەم لوتکەیەدا لە ھەردوولا، نێودەوڵەتی و عێراقی ئامادەبوو.
کارکردن لەم بوارەدا لەگەڵ وڵاتانی پیشەسازی و گەشەسەندوو لە دانوستانەکاندا، کە ئەنجامەکانی بۆ جیھان گرنگ دەبێت. دانوستان ئاسان نییە، بەرژەوەندی ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی پیشەسازی (بە بەرپرسیارێتی مێژوویی سەبارەت بە دەردانی گازی ژەھراوی) و وڵاتانی تازەپێگەیشتو کە پێداگری لەسەر مافی خۆیان دەکەن بۆ گەرەنتیکردنی ژیانێکی شایستە، و ھەموو ئەو شتانەی کە ئەمە لە ڕووی بەکارھێنانی وزەی بەردینەوە پێویستی پێیەتی. بە سەرنجدانی گرنگی دەرئەنجامەکان، گرنگی ئەو وڵاتانە دەبینین کە بەشداری لەم دانوستانانەدا بکەن لەگەڵ شاندە فراوان و بەرپرسیار و کاراکان. بەتایبەت کە ئەم دانوستانانە پێویستی بە ھاوکاری ژمارەیەک لایەن ھەیە لە کۆنفرانسی ساڵانەی داھاتووی لایەنەکانی ئەم ڕێککەوتنە (بیست و ھەشتەم Cop ) لە مانگی داھاتوو لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
چاوەڕوانین کە نوێنەرایەتی عێراق بکەین لەم کۆنفرانسەدا بە ھاوکاری وەزیرە پەیوەندیدارەکان، گومانی تێدا نییە کە دەرئەنجامی کۆنفرانسەکەمان بەشدارییەکی ئەرێنی لە کارەکانی شاندی عێراقی و بەھێزکردنی ھەڵوێستەکانیدا دەبێت. بۆیە سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ زانکۆی بەغدا و پەیمانگەی عێراقی بۆ دیالۆگ دووپات دەکەمەوە کە ئەم کۆنفرانسەیان سازکرد، ھەروەھا سوپاسی ئامادەبووانی بەڕێز دەکەم کە لەگەڵ ئێمە بەشداریان کرد.
دوبارە سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت
دادگای فیدراڵی عێراق دانیشتنێکی سەبارەت بە سکاڵایەکی قەشە لویس رافائیل ساکۆ پاتریاکی کلدانییەکان لە عێراق و جیھان ئەنجامدا، کە دژی د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق تۆماریکردبوو.
لە سکاڵاکەدا، لویس ساکۆ داوایکردووە رێکاری دەرچوواندنی مەرسومی کۆماری ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ کشانەوەی مەرسومی کۆماری ژمارە ١٤٧ی ساڵی ٢٠١٣، کە تایبەتە بە دانانی کاردینال لویس رافائیل ساکۆ، بە ناڕاست و نا دروست لە قەڵەم بدات.
بەڵام دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ھیچ رێکارێکی ناڕاست و ناتەندروست لە مەرسومی کۆماری ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠٢٣دا نییە و سکاڵاکەی رەتکردەوە.
مانگی تەممووزی رابردووی ئەمساڵ، وتەبێژی سەرۆکایەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کشانەوەی ئەو مەرسومە زیان بە پێگەی ئاینی و یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیەنێت و رێز و پێزانینی لە سەرۆکایەتی کۆمار ھەیە، بەوپێیەی پاتریاکی کلدانییە لە عێراق و جیھان. ئاماژە بەوەشدرابوو، سەرۆککۆمار ھەمیشە رێزی لە مەسیحییەکانی عێراق گرتووە و بەرگری لە مافەکانیان کردووە و ھەڕەشە و لێدوانی توند دژی کڵێسا و ھەر مەزھەبێکی دیکە لە وڵاتەکە رەتدەکاتەوە.
عاسم جیھاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی وت، دوای گفتوگۆ لەگەڵ وەفدی حکومەتی ھەرێم، وەزارەتەکەیان یاسای نەوت و غازی ئامادەکردووە و پێشکەشی حکومەتی کردووە، حکومەتیش لە کارنامەی وەزاری خۆیدا بەڵێنی دەرچوواندنی یاساکەی داوە. وتیشی، لەئێستادا پڕۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی وەزیرانە و بە رێککەوتن دەنگی لەسەر دەدرێت، دواتریش لە ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە سازانی سیاسی دەبێت بۆ تێپەڕاندنی.
بەڵام ئاسۆ فەرەیدون ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەران بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، پڕۆژەیاساکە بابەتێکی سیاسی و یاسایی و تەکنییە و پێویستی بە کاری زۆر ھەیە، ھەروەھا رەشنوسی جیاواز لەبارەی ئەو یاسایەوە ھەیە، بەڵام ھەرێمی کوردستان بەو رەشنوسە رازی نەبووە کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە پێشنیازکرابوو، بە دووریشی زانی لەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەراندا، یاسای نەوت و غاز دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەندبکرێت.
لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ١٦ ملیۆن و ١٥٨ ھەزار و ٧٨٨ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە و تیایدا ١٩٨ حزب و ٣٩ ھاوپەیمانێتی و ٥٩١٥ کاندید کێبڕکێ لەسەر ٢٨٥ کورسی دەکەن.
لە ھەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ١٥ ملیۆن و ١٠٨ ھەزار و ١٣٥ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، حەوت ھەزار و ١٦٦ دەنگدان و ٣٥ ھەزار و ٥٥٣ بنکەی دەنگدان تەرخان دەکرێن.
ھەروەھا، لە ھەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجومەنی پارێزگاکان، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، بۆ ھەڵبژاردنی تایبەتەکەش ٥٦٥ ناوەندی دەنگدان و دوو ھەزار و ٣٠٦ بنکەی دەنگدان تەرخان دەکرێن، ھەروەھا بۆ ئاوارە عێراقییەکانی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیان ٤٨ ھەزار و ٢٦٠ دەنگدەر، لە پارێزگاکانی ھەرێم ٣٥ ناوەندی دەنگدان و ١٢٠ بنکەی دەنگدانیان بۆ تەرخان دەکرێت.
لە ھەڵبژاردنەکەدا، لایەنە کوردییەکان لەنێویاندا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە چوار پارێزگا بەشداری دەکەن، ئەوانیش کەرکوک، سەڵاحەدین و نەینەوا و دیالە.
ژمارەی لیست و ھاوپەیمانێتییەکان لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ژمارەوە ١٠٠ دەستپێدەکات، بەڵام ژمارە ١٥٦ بۆ ھیچ لیستێک دیارینەکراوە، بەھۆی ئەوەی ماددەی ١٥٦ لە یاسای سزادان تایبەتە بە ساختەکاری و فێڵکردن.
عاسم جیھاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی وت، دوای گفتوگۆ لەگەڵ شاندی حکومەتی ھەرێم، وەزارەتەکەیان یاسای نەوت و غازی ئامادەکردووە و پێشکەشی حکومەتی کردوە، حکومەتیش لە کارنامەی وەزاری خۆیدا بەڵێنی دەرچواندنی یاساکەی داوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزارەتی نەوت پێداگرە لەسەر دەرچواندنی یاساکە چونکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی نیشتیمانی و وەبەرھێنان لەو کەرتەدا، یاساکەش بەشێوەیەک داڕێژراوە کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات.
پەیوەست بە وادەی پەسەندکردنی یاساکەش لە ئەنجومەنی نوێنەران، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق وتی، لەئێستادا پڕۆژەیاسای نەوت لە ئەنجومەنی وەزیرانە و بە رێککەوتن دەنگی لەسەر دەدرێت، دواتریش لە ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە سازانی سیاسی دەبێت بۆ تێپەڕاندنی.
نوسینکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی و جۆرجیا میلۆنی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی بەغداد و رۆما و دوایین پێشھاتەکانی شەڕی ئیسرائیل کردووە و سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە کۆتاییھێنان بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، لە رێگەی دانوستانی دەستبەجێ کردووەتەوە.
راشیگەیاند، ئەوەی لە ٧ی تشرینی یەکەمدا ڕوویدا، دەرئەنجامی ساڵانێکە لە نادادپەروەری، کوشتن، ڕێزنەگرتن لە پەیمان و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و بێبەشکردنی خەڵکی فەلەستین بووە لە سەرەتاییترین مافەکانیان بۆ ژیان بە سەلامەتی.
سودانی جەختیکردووەتەوە، لەسەر پێویستی کردنەوەی ڕێڕەوی سەلامەت بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکییەکان بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن فەڵەستینی کە لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
لای خۆیەوە، جۆرجیا میلۆنی نیگەرانیی وڵاتەکەی لە رووداوەکانی غەززە دەربڕی و پشتوانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ھەوڵەکانی کەمکردنەوەی پەرەسەندنی شەڕی غەززە ئاشکراکرد.
ھاوکات ستایشی ھەوڵەکانی دەزگا ئەمنییەکانی عێراقی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، ئاماژەی بە ھاوبەشی ستراتیژی نێوان عێراق و ئیتاڵیا کرد، ھەروەھا بە رەسمی بانگھێشتی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد بۆ سەردانی رۆما، سودانیش بەڵێنی بە زووترین کات سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
گروپی چەکداری "مقاوەمەی ئیسلامی" لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە جارێکی دیکە بنکەی سەربازی " عەین ئەسەد"ی ھێزەکانی ئەمریکایان لە ئەنبار کردووەتە ئامانج.
ھاوکات، پات رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاند، لە ماوەی ١٧ تا ٣٠ی تشرینی یەکەم، ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لانیکەم ١٤ جار لە عێراق و نۆ جار لە سوریا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرشیانکراوەتە سەر، وتیشی لە ھێرشەکاندا ٢١ سەربازی ئەمریکی برینداربوون و کەسێکیش کە وەبەرھێنەری بیانی بووە کوژراوە.
وتەبێژی پنتاگۆن راشیگەیاند، سوپای ئەمریکا زۆرێک لەو ھێرشانەی کە کراونەتە سەریان پووچەڵکردووەتەوە و نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان.
لە دوای ھێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ھەڵگیرساندنی شەڕ، ھێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە تایبەتیش مقاوەمەی ئیسلامی بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا چڕتربوونەتەوە.
ئەنجومەنی وەزیران عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و لەبارەی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد، لە بڕیاری یەکەمیدا دەڵێت، پێویستە فەرمانگە حکومییەکان باجێک کە رێژەکەی زیاتر لە ٥٪ نەبێت بیخەنەسەر پارەی خزمەتگوزارییەکان ئەگەر ھاوڵاتی پارەکەی بە نەختینەییدا بەڵام ئەگەر پارەکەی بە ئەلیکترۆنیدا ئەو بڕە زیادەیەی لێوەرناگیرێت، ئەوەش وەک ھاندانێکە تا ھاوڵاتیان ببنە بەشێک لە سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنیی، بڕیارەکەش لە کانونی یەکەمی ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، پێویستە بانکی ناوەندیش رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ئاسان جێبەجێکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی و لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەمی.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردوە، لەم قۆناغەدا تاوتوێی ئەوە دەکرێت ھەژماری بانکی بێبەرامبەر یان بە نرخێکی کەم بۆ ھاووڵاتییان بکرێتەوە و ھاوڵاتیش بتوانێت لەرێگەی مۆبایلەکەوە پارەی خزمەتگوزارییەکان بدات وەک ھەنگاوی یەکەم بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە.
بەپێی بڕیارێک کە میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، وەزارەتی بەرگری عێراق بڕیاریداوە بە گۆڕانکاری لەچەند پۆستێکی ھەستیاری ئەمنی و ھەواڵگری کە دیارترینیان پۆستەکانی سەرۆکی دەستەی ھەواڵگری فەرماندەیی ھێزە وشکانییەکان، ئەمینداری نھێنی ھەواڵگری سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای عێراق و ئەمینداری نھێنی فەرمانگەی ئۆپراسیۆنەکان
ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرمانەکە لەلایەن وەزیری بەرگرییەوە دەرکراوە و بە مەبەستی باشتر بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی تایبەت بە ھەواڵگری و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و باشترکردنی توانای ھێزە ئەمنییەکان.
عەوادی لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە بەھای دۆلار و دینار رایگەیاند، ئەو قەیرانە کاریگەری گەورەی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل و خانووبەرە و پێداویستییەکانی بیناسازی کردووە، بەڵام حکومەتی عێراق توانیوێتی نرخی خۆراک بە جێگری بھێڵێتەوە، کە ئەوەش کارێکی گرنگە.
وتیشی، عێراق لەگەڵ چین بە "یەن" بازرگانی دەکات و بازرگانییەکانیشی لەگەڵ ئێران و ئیمارات بە تمەن و درھەم دەبێت.
بە وتەی عەوادی، ئەگەر قەیرانی دۆلار بەو شێوەیە بەردەوام بێت، رەنگە حکومەت ناچار بێت راستەوخۆ دۆلار بە نرخی رەسمی بە ھاووڵاتیان بفرۆشێت.
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی ھەڵاوسان لە عێراق بەڕێژەی ٤٪ دابەزیوە.
محەمەد عەبدولوەھاب فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی سنور، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە چەندین رێکاریان بەجێگەیاندووە بۆ پاراستنی سنورەکانی نێوان سوریا و عێراق و لەئێستادا ٩٥٪ی ئەو سنورە لەڕووی ئەمنییەتەوە بە تەواوەتی پارێزراون.
وتیشی، دیواری کۆنکرێتی بە درێژایی سنورەکان لەگەڵ سوریا ١٣٠ کیلۆمەتری بڕیووە، کە کۆی گشتی دەگاتە زیاتر لە ١١ ھەزار کیلۆمەتر.
مانگی رابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ١٥ ملیار و ١٤٠ ملیۆن دیناری تەرخانکرد بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بۆ دروستکردنی ئەو دیوارە کۆنکرێتییە لەنێوان عێراق و سوریا.
لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ٣٢ پەرلەمانتار ئیمزایان کۆکردووەتەوە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەیان کردووە و تیایدا داوایانکردووە ئەلینا رۆمانوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد دەربکرێت و باڵیۆزخانەکەش دابخرێت.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، داواکارییەکەیان بەھۆی ھاوکارییەکانی ئەمریکاوەیە بۆ ئیسرائیل کە خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە کۆمەڵکوژ دەکات.
لای خۆیەوە ھادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بچنەدەرەوە چونکە ھیچ پاساو و پێویستییەک بۆ مانەوەیان نەماوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی گەڕاندنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بۆ بنکەی ھەریر و عەین ئەسەد، کاردانەوەیەکی سروشتییە کە گروپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە بەرامبەری لایەنگریی واشنتن بۆ ئیسرائیل، بنکەکانی ئەو وڵاتە بە ئامانج بگرن.
لەسەکۆ ئەلکترۆنیە جیاوازەکان چەندین پەیج و ئەکاونت بەناوی بانکی بازرگانی عێراق تی بی ئای کراونەتەوە و بانگەشەی پێدانی دۆلار بەبەھای بانکی ناوەندی دەکەن بە ھاووڵاتیان، بەوھۆیەوە چەندین ھاووڵاتیش زەرەرمەندبوون.
دوای بەدواداچونی کوردسات نیوز سەرچاوەیەک لەبانکی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بێجگە لەپێگەی رەسمی ھاووڵاتیان متمانە بەھیچ پەیج و ئەکاونتێکی تر نەکەن، بەتایبەت بەو پێگانەی ژمارەی مۆبایل بەکاردەھێنن.
وتیشی، لەئێستادا ھاووڵاتیان دەتوانن لە لقە سەرەکیەکانی تی بی ئای مامەڵەی وەرگرتنی دۆلاری گەشتیاری بکەن و لە فرۆکەخانەی بەغداد دۆلار وەربگرن.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی کۆمیسیاراندا بە کۆی دەنگ بڕیاری دوورخستنەوەی کاندیدە دوورخاوەکان پەسەندکرا، بەڵام ئەگەر ئەو کاندیدانە تانەکانیان پەسەندکرا و بە بەڵگە بێتاوانییان سەلماند، وەک کاندید ھەژمار دەکرێن و دەتوانن بەشداری ھەڵبژاردن بکەن.
راشیگەیاندووە، بڕیاردراوە لە رۆژی یەکی مانگی داھاتووەوە بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستپێبکات، ٢٤ سەعات پێش وادەی دەنگدانی تایبەت کۆتایی دێت کە دەکاتە ١٥ی کانوونی یەکەم، چونکە ١٦ی کانوونی یەکەم دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی لە بارەی دواکەوتن و نە ناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێمەوە ئەنجامدا سکاڵاکەش لە لایەن مەحمود حسێن عەگیلی سکرتێری گشتی پارتی ئوممەی عێراق ، دژی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمارکراوە.
دادگای فیدراڵی لە دانیشتنەکەدا بڕیاریدا بە دواخستنی ئەو سکاڵایە بۆ ٢٨ مانگی داھاتوو.