عیراق

پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە مانگی نیسانی ئەمساڵ، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆن بکات، لێپرسراوانی باڵای ئەمریکاش سەردانەکەیان پەیوەست کردووە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە کۆڕبەندی داڤۆس، بە سودانی راگەیاندووە، دەبێت سەردانەکەی بۆ واشنتۆن رەنگدانەوەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ھەرێم بن.

بەپێی ئەلمۆنیتەر، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و ھەرێم بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناودەبات و لەوچوارچێوەیەشدا، تادێت فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر سودانی زیاتر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی  نێوان عێراق و ھەرێم، لەنێویشیاندا ھەمواری یاسای بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و ھەناردەی نەوت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە لیژنەکەیان میوانداری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکات و لەبارەی مووچە و بودجەی ھەرێم داوای رونکردنەوەی لێدەکەن.

وتیشی، تەوەرێکی دیکەش تایبەت بە پرسی دەروازە سنورییەکان و باج و لەوبارەیەشەوە ئەندامانی لیژنەی دارایی داوای رونکردنەوە لە وەزیری دارایی دەکەن.

پێشتر وەزیری دارایی رایگەیاندبوو تا فەرمانبەرانی ھەرێم ھەژماری بانکیان بۆ نەکرێتەوە مووچە مانگی ئازار رەوانە ناکات، لەم بارەیەوەشەوە لیژنەی دارایی داوای رونکردنەوە لە ھەنگاوەکانی وەزارەتی دارایی دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، بەتۆمەتی پێشێلکاریکردن لەگرێبەستی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک بە بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە و بەپشتبەستن بە ماددەی ٣٤٠ی یاسای سزادان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ وەزیری پێشووتری گواستنەوەی عێراق دەرچووە. 

دەشڵێت، وەزیری پێشوتروی گواستنەوە پێشێلکاری کردووە لە پێدانی مۆڵەتی وەبەرھێنان لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی کەرکوک، لە رێگەی وەزارەتەکەوە کە گرێبەستێک ئیمزاکراوە کە بڕگەکانی یاسای وەبەرھێنان پێشێل دەکات لەبەرئەوە فەرمانیی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە پێشێلکاریکردووە لە پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیای کارگێڕی فڕۆکەخانەکە و کۆمپانیای بنیادنان و بازرگانی گشتی، لەکاتێکدا بەپێی یاسای وەبەرھێنان دەسەڵاتی گرێبەستکردن لە دەستی دەستەی فڕۆکەوانی شارستانییە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە ھێزە ئەمنییەکانی پارێزگای کەربەلا راگەیاند، بە پشتبەستن بە زانیاری ھەواڵگری و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست و دوای چەند رۆژێک چاودێریکردنی، لەیەکێک لە گەڕەکەکانی کەربەلا یەکێک لەو تۆمەتبارانەی بەشداربووە لە کوشتنی عەمید عەزیز شەلال بەڕێوەبەری ھەواڵگری دژە تیرۆری عێراق لە پارێزگای زیقار دەستگیرکراوە.

شەوی سێ لەسەر چواری ئەم مانگە بەھۆی دروستبوونی شەڕ لە نێوان ھەردوو ھۆزی ئال رومێز و ئال عومەر لە قەزای ئیسڵاح سەر بەپارێزگای زیقار کە چەکی قورسیشی تێدا بەکارھێنرا، عەمید عەزیز شەلال بەڕێوەبەری ھەواڵگری دژە تیرۆری عێراق لە پارێزگای زیقار کە بۆ ھێورکردنەوەی رەوشەکە گەیشتبووە ناوچەکە کوژرا و شەش ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان و حەوت کەسی تریش لە ھەردوو ھۆزەکە برینداربوون و چەند ماڵێکیش سوتێنراون.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ریاز موسەوی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی چاودێری بازرگانیی و دارایی لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو سەبەتەی خۆراكەی بڕیاری لەسەر دراوە و چوار ماددەشی بۆ زیادكراوە، لە وادەی دیاریكراودا و هەر لەم مانگەدا بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.

وتیشی، دەروازەكانی عێراق كراوەن بەرووی هاوردەكردنی گۆشتی سور كە لەسەر شێوازی ئیسلامی سەربڕوان كە بە گرتەی ڤیدیۆیی تۆماركراوە بۆئەوەی گومانی لەسەر نەمێنێت و نرخی یەك كیلۆ گۆشتی بەرخیش لەو گۆشتەی هاوردە دەكرێت 12 هەزار دینارە و یەك كیلۆ گۆشتی مانگاش 10 هەزار دینارە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ئەلین ئەندریزی پاشکۆی دادوەری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبوونەوە و بەردەوامیدان بۆ ھاوکاریکردنی عێراقیان لە سێ بواردا تاوتوێ کرد، لە نێویاندا روبەڕوبوونەوەی سپی کردنەوەی پارە.
 
راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە لە شاری بەغداد بەڕێوەچووە و ھەردوولا باسیان لە ھەماھەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لە بوارە یاساییەکان کردووە، ھەروەھا بەردەوامیدان بە پشتیوانی تیمە تایبەتمەندەکان لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و تاوانە ئابورییەکان و سپی کردنەوەی پارە جەختی لەسەر کراوەتەوە. 
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نازم شەبلی ئەندامی سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاند، حکومەتی فیدراڵی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی بە شێوەی پێشینە دەدا و بەردەوامە لەسەر ئەو پرسە، چونکە کێشەکە تا ئێستا لە ریشەوە چارەسەر نەکراوە، بە تایبەت کە ھەرێمی کوردستان ھیچ بڕە پارەیەکی لە داھاتی نەوت و دەروازەکان رادەستی عێراق نەکردووە. 

وتیشی، بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، دەبێت ھەرێمی کوردستان داھاتی ھەناردەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت و داھاتەکانی دیکە رادەستی عێراق بکات، بەڵام ئەوە رووینەداوە، بۆیە حکومەتی عێراق بەشێوەی قەرز مووچەی ھەرێمی دەنارد. 

نازم شەبلی ئاماژەی بەوەشدا، دۆسیە گەورەکە و پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا فەرمانبەرانی ھەرێم کێن؟، ئایا ئەو بڕە پارەیە بۆ فەرمانبەرانە؟، چونکە ناڕوونی لە زانیارییەکان ھەیە و گومان دروست دەکات و مووچەی فەرمانبەران خەرجی بەکاربردن زیاد دەکات، بەڵام ئەگەر ژمارەکان راستەقینە بن ئەوا ئەرکی حکومەتە مووچە دابین بکات. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەون زیاب عەبدوڵا، وەزیری کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لەڕێی شەش بەنداوەوە یەدەگی ئاوی عێراق زیادیکردووە و تەنھا ئاوی بەنداوی موسڵ کە سەرچاوەی سەرەکی رووباری دیجلەیە، بە بڕی ٧ مەتر زیادیکردووە.

ھەروەھا لە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان و حەمرین و عوزێمیش ئاستی ئاو تێیاندا زیادیکردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو لە رەوشێکی باشتردان.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دامەزراوەی موستەقبەلی عێراق بۆ شیکاری ئابوری لە دوایین راپۆرتی خۆیدا دەڵێت، لەمکاتەدا عێراق نزیکەی ١١٠ ترلیۆن دینار قەرزدارە و لەو بڕەش ٧٠ ترلیۆن دیناری قەرزی ناوخۆییە، ساڵی ٢٠٠٣ قەرزە ناوخۆییەکان بەڕێژەی ١.٥%  زیادیکردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، زۆرینەی ئەو قەرزانەی وەرگیراون بۆ مەبەستی بەکارخستن خەرجکراون نەک وەبەرھێنان و ئەوەش مانای وایە لەرێگەی پڕۆژەی وەبەرھێنانەوە ناتواندرێت بگەڕێندرێنەوە، بەڵکو دەبێت دەوڵەت خۆی قەرزەکانی بداتەوە.

دامەرزاوەکە پێشنیازیش دەکات حکومەتی عێراق پلانێک دابڕێژێت و سەرنج بخاتەسەر قەرزی بەرھەمدار (قەرز بە مەبەستی بەرھەمھێنان) و قەرزەکانی پێشووش بداتەوە بەو مەرجەی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بەکاربھێندرێنەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوێنەری عێراق لە کەمپی ھۆلی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ٦٢٠ ھاووڵاتی عێراقی کە بریتی بوون لە ١٥٠ خێزان بۆ کەمپی جەدعە لە موسڵ گەڕێندراونەتەوە.

ئەوەشی خستوەتەڕو، پێشتریش بە ١١ قۆناغ ھەزاران ژن و منداڵی چەکدارانی داعش کە بەرەگەز عێراقین، بۆ وڵات گەڕێندراونەتەوە و لەمکاتەشدا بەشێکیان دوای شیاندنەوەیان، تێکەڵ بە کۆمەڵگا کراونەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، کۆمیسیۆنی دەستپاکی عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان دەکات، رەشنووسی رێککەوتنێکیش بۆ ھەماھەنگیکردنی کاری ھاوبەش ئامادەکراوە و دەستەکەیان وەک دەزگایەکی فیدراڵی سەرپەرشتی سەرجەم پارێزگارەکان دەکات.

وتیشی، ئاشکراکردنی سامانی بەرپرسان ھەموو بەرپرسانی عێراقی دەگرێتەوە، داواشی لە دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان کرد، ھاوکار و ھەماھەنگ  بێت لەجێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و ئاشکراکردنی دارایی بۆ بەرپرسان، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بتوانێت وەک ھەموو بەرپرسان وردبینییان لێبکات.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق باسی لەوەشکرد، رۆژی یەکشەممە گەڕاندنەوەی زیاتر لە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار و نزیکەی یەک ملیار دینار رادەگەیەنن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس لە ھەوڵی ئەوەدان رێککەوتنی خۆبەخشانەی کەمکردنەوەی بەرھەمێنانی نەوت کە تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی داھاتوو بەردەوام دەبێت، تا کۆتایی ئەمساڵ درێژ بکەنەوە لەپێناو زیاتر سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت و نرخەکەی لەسەر ئاستی جیھان.

بەشێکی تری راپۆرتەکە تایبەتە بە ئاستی پابەندبوونی ئەندامانی ئۆپیک بە رێککەوتنەکە کە تێیدا و ئاماژە بەوە کراوە، جگە لە عێراق و کازاخستان سەرجەم ئەندامانی تری رێکخراوەکە لەمانگی رابردوودا پەباندی رێککەوتنەکە بوون، بەشێوەیەک عێراق کە رۆژانە بەرھەمھێنان چوار ملیۆن بەرمیلی بۆ دیاریکرابوو، بەڵام ٤.٢٧ ملیۆن بەرمیلی بەرھەمھێناوە و کازاخستانیش کە رۆژانە بەرھەمێنانی ١.٤٦ ملیۆن بەرمیلی بۆ دیاریکرابوو، بەڵام ١.٥٦ ملیۆن بەرمیلی بەرھەمھێناوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد جەواد عەسکەری، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، بەھۆی کێشە لە یاسادانانی ناوخۆی ئێراندا، کە تیایدا کەرتی تایبەت پشتگوێخراوە و باج لەسەر ھەناردەکاران زیادکراوە، خواست لەسەر بەرھەمەکانی وڵاتەکەی لە وڵاتانی دەرەوە کەمبووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا بە ئاسانی جێگەی ئێرانی لە بازاڕەکانی عێراقدا گرتووەوە و ھاوکات خواست لەسەر بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی سعودییەش لە عێراق بەرزبووەتەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ لەدەستنەدانی تەواوەتی بازاڕەکانی وڵاتانی دراوسێ و کاردەکەن بۆ گونجاندنی ھەلومەرجی ناوخۆیی وڵاتەکەیان لەگەڵ بازاڕەکانی جیھان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەکالەت رایگەیاند، بەمەبەستی دەرچواندنی چەند یاسایەک کە ھاووڵاتیان چاوەڕێی دەکەن، گرنگە لایەنە پەیوەندیدارەکان پەلە بکەن لە یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بەردەوامی بدرێت بە پێکەوەکارکردنی بەھێزی نێوان حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران، چونکە کاریگەری باشی ھەبووە لەسەر خێرا تێپەڕاندنی یاساکان و بەھێزکردنی ئەرکی چاودێری لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وزاح صەدید سەرۆکی ھاوپەیمانی ھێزە نیشتمانییەکان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، وەرگرتنی ھەر پۆستێکی سیادی لە عێراق بە دەستی شیعەکانە، سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بەپێی مەرج و قبوڵکردنی لەلایەن پێکھاتەی شیعەوە دەبێت. 

وتیشی، سەرکردایەتی راستەقینە لە پێکھاتەی سوننی بوونی نییە و ئەوەشی ھەیە دروشم و بانگەشەی ھەڵبژاردنە. 

 سەرۆکی ھاوپەیمانی ھێزە نیشتمانییەکان ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر ئوسامە نوجەیفی باشترین کەس بووە کە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھەبووە و لە کاتی ئەودا پەرلەمان و عێراق کاریگەرتر بوون، پێشیوایە ئەمریکا ھۆکارە بۆ ھەموو ئەو رووداوانەی لەعێراق روو دەدەن، چونکە بە ھەموو شێوەیەک دەیانەوێت گرەنتی مانەوەی خۆیان بکەن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە نوێنەرایەتی سەرۆککۆمار، بەڕێز د.کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و پیرۆزبایی و سڵاوی سەرۆککۆماری بەبۆنەی رۆژی جیھانییەوە، بە ژنانی عێراق راگەیاند.


سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی  کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، رۆڵی ژنانی عێراق لە مێژووی شارستانییەتدا شتێکی دەگمەن بووە و بەردەوامیشە، بەوپێیەی روبەڕوی توندترین ھێرشی تیرۆریستی دەبنەوە لە مێژووی ھاوچەرخدا، وەک چۆن بەرگەی کارە دڕندەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان گرت، کە دەیانویست ژنان بکاتە کۆیلە بۆئەوەی لە بازاڕە قێزەونەکانی کۆیلەدا بکڕدرێن و بفرۆشرێن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمڕۆ لە قۆناغێکی نوێداین، کە پێویستی بەوەیە دەستی یەکبگرین و ھاوکاربین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی شارستانی مۆدێرن، دوور لە نەخۆشییەکانی سەردەم، کۆمەڵگەیەکی بەھێز کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاری نامۆی دیکەی ھەبێت، بە ھەموو پتەویییەکەوە بوەستین دژی نەخۆشیەکانی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکان لەناو گەنجەکانماندا بۆ لەناوبردنی داھاتوویان و نەھێشتنی ھیواکانیان.

سەرۆکی دیوان جەختی لەوەکردەوە، کە رۆڵی پێشەنگانەی ژنانی عێراق وای لێدەکات جارێکی دیکە خێزان و کۆمەڵگاکەی بپارێزێت، ھەروەک داوای کرد کچان و کوڕان لە خوێندنی دروست بەردەوام بن و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی وێرانکەر و توندوتیژی خێزانی و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بکەن و کار بکەن بە ھەموو ھێز و ئیرادەیەکەوە بۆ بەھێزکردنی ماڵ و خێزان کە بەڕاستی شایەنی ئەم ئەرکە گەورەیەن.

لەبەشێکی دیکەی ئاھەنگەکەدا، ھەنا ئیمانوێل گۆرگیس بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری ژنان لە سەرۆکایەتی کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و جەختیکردەوە لەسەر رۆڵی کارا و پێشەنگی ژنانی عێراق لەپای بەدواداچوونی جددییان بۆ مافەکانیان و پێداگرییان لەسەر بەشداریکردن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگا و بەشداریکردن لە زۆر بواردا بە ھەموو لێھاتوویی و توانایانەوە.

ھەنا گۆرگیس رونیکردەوە، کە ژنانی عێراق لە زۆر بواردا ھاتونەتە پێشەوەو بە دڵسۆزی و سەرکەوتنەوە ئەو رۆڵەی پێیانسپێردراوە جێبەجێیانکردوە، جێپەنجەی خۆیان لە سیاسەت و راگەیاندن و تەندروستی و ھونەر و رۆشنبیری و ئەدەبدا بەجێھێشتووە، ھاوکات زامنی یەکگرتوویی پەیوەندییە خێزانییەکانن. ھەروەک لەنێوان شکۆمەندی و قوربانیدان، لەنێوان جوانی و داھێنان، لەنێوان پەروەردە و خەمخۆری، لەنێوان ئیرادە و ھۆشیاری، لەنێوان بیرکردنەوە و وردبینیدا سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە.

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری ژنان ئاماژەی بە ھەوڵەکانی سەرۆکایەتی کۆمار کرد بۆ دەستەبەرکردنی رێگاکانی پشتیوانی لە ژنانی عێراق بۆئەوەی رۆڵی راستەقینە و خوازراویان لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی وڵاتەکەماندا ببینن، روینیشیکردەوە، فەرمانگەی کاروباری ژنان پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی ھەیە تا بتوانێت لە کارەکانی بەردەوام بێت لەپێناو پێشخستنی پێگەی ژنانی عێراقدا.

ھەروەھا خاتوو نەورەس ئەلعیسا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران  باسی لە واقیعی ژنانی عێراق و ئەو بارودۆخ و سەختییانەی کرد کە روبەڕویان دەبێتەوە. جەختی لەوەشکردەوە، کە بەھێزکردنی توانای ژنان و پتەوکردنی رۆڵی کۆمەڵایەتییان پێویستی بە پلانی راستەقینە ھەیە بەپێی قۆناغ و کاتی دیاریکراو بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانیان.

پاشان چالاکیی ھونەری و شیعری لەئاھەنگەکەدا پێشکەشکران، کە ستایشی رۆڵی ژنان و ئەو بەشدارییە بەردەوامەی کرد، کە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا پێشکەشی دەکەن، ھەروەھا یەکێک لە کچە خاوەن ئیرادەکان لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری ژنانەوە رێزی لێنرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...130131132133134...431