پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، وەزارتی دارایی عێراق بڕی یەک ملیار و ٥٠٣ ملیۆن دیناری تری خستە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی ھەرێم، ئەوەش بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانەبرانی ھەرێمە.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر لە ١١ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی عێراق بە چوار لیست بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٨ ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی شوبات خستە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی ھەرێم، بەڵام تائێستا بە بیانووی کورتھێنان، مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی ھەرێم دابەش نەکراوە.
وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی وەزیری بازرگانی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک لە بەغداد و پارێزگاکانی تر ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و ماددە خۆراکیەکانیان رادەستی کۆگاکان کردووە و بریکارەکانیش پشکەکانیان وەرگرتووە.
وەزارەتی بازرگانی عێراق داوای لە ھاووڵاتییان کردوە سەردانی بریکارەکانیان بکەن لە ناوچەکانیان بەمەبەستی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەیان.
دەشڵێت، ھێڵی گەرمی فەرمانگەی چاودێری و کاروباری ھاووڵاتییان چالاک کراوە لە کاتی بوونی ھەر سکاڵایەک و سەرپێچیەک ھاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن.
ھاوکات، ریاز موسەوی، بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی چاودێری بازرگانی و دارایی لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، شەوی رابردوو رێکاری پێویستیان گرتوەتەبەر بۆ پاراستنی کۆگاکان لە باران و لافاو.
نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وزاری عێراقی بۆ کاروباری ئابوری رایگەیاند، ئەنجومەنەکە بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی و بە ئامادەبوونی وەزیری پلاندانانی عێراق و وەزیری دارایی و وەزیری کشتوکاڵ و چەند لایەنێکی دیکەی حکومەتی عێراق کۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجوومەنی وزاری بڕیاریداوە نرخی ھەر تۆنێک گەنم تەنھا بۆ ئەمساڵ بە بڕی ٨٥٠ ھەزار دینار لە جوتیاران وەربگیرێت.
جەختیشی کردوەتەوە ، لەسەر بنەمای تێچوونەکان و نرخی جیھانی گەنم و چەند پێوەرێکی دیکە نرخی گەنمیان بەو بڕە دیاریکردووە.
ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڕیاریدا، کە رۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئادار پشووی رەسمی بێت لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا بەبۆنەی ھاتنی نەورۆزەوە.
ھاوکات، ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدینیش راگەیاند، رۆژی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە پشووی رەسمی دەبێت لە فەرمانگەکانی حکومەت و خوێندنگەکانی دووزخورماتوو بەبۆنەی ھاتنی نەورۆز و ئامادەکاری کوردەکان لەو ناوچەیەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پشووە فەرمانگە خزمەتگوزاری و ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کردووە تایبەت بە گفتوگۆ لەبارەی خشتەی بودجەی ئەمساڵ بەشێوەیەک گرنگی تەواو بدرێت بە دابینکردنی پارە و پشتیوانیکردنی پرۆژە خزمەتگوزاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ستراتیژییەکان و دابینکردنی زۆرترین ھەلی کار لە چوارچێوەی بودجەی سێ ساڵی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥).
ئاماژە بەوەشکراوە، سودانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە لەبارەی پێویستی بەردەوام بوون لەسەر ئەو سەرکەوتنەی لە جێبەجێکردنی بودجەی ٢٠٢٣دا بەدەستیانھێناوە بەتایبەتیش ئەو پرۆژە ئابوورییانەی تائێستا تەواو نەکراون.
مەنار عوبەیدی، بەڕێوەبەری ناوەندی ئابووری عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ھەناردەی زێر و سەوزە و میوەی تورکیا بۆ عێراق بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەشێوەیەک ھەناردەی زێر بە رێژەی ٩٧٪ و سەوزە و میوەش بە رێژەی ٩٠٪ زیادیکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، تەنھا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، عێراق بە بەھای ٩٧٠ ملیۆن دۆلار کاڵای لە تورکیاوە ھاوردەکردووە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بە بەھای ٧٥٠ ملیۆن دۆلار کاڵای ھاوردەکردبوو.
بەڕێوەبەری ناوەندی ئابووری عێراق ئاماژەی بەوەشدا، ناچارکردنی بازرگانان بە بەکارھێنانی سەکۆی ئەلیکترۆنی پارەدان بۆ کاروبارە بازرگانییەکان رۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە، لە ئاشکراکردنی بەھای راستەقینەی ئەو کاڵایانەی لە تورکیاوە بۆ عێراق ھاوردەدەکرێت.
مەھدی سەھر جبوری بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، حکومەت چەند رێکارێکی گرتەبەر بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی و ماددە خۆراکییەکان لە مانگی رەمەزاندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە گرنگترین رێکارەکان رێگەدان بوو بە ھاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ سەربڕین و بەخێوکردن، ھەروەھا ھاوردەکردنی گۆشتی سوور و دابەزاندنی رەسمی گومرگی بە رێژەی ٥٠٪ بۆ ھاوردەکردنی ئاژەڵ لە دەرەوەی وڵاتەوە.
دەشڵێت، رێکارەکانی دابەزاندنی نرخی گۆشت تەنیا بۆ مانگی رەمەزان نابێت، لە مانگەکانی تریش بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بارگرانی سەر شانی ھاوڵاتییان کەمببێتەوە.
بەپێی خشتەی کۆبونەوەکانی دادگای فیدراڵی، سبەینێ یەکشەممە ١٧ی ئادار دادگاکە لەسەر سکاڵای نۆ فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان کە لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کۆدەبێتەوە، کە تایبەتە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان.
لە سکاڵاکەدا، داواکراوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٨، بەتایبەت ماددەکانی ٦، ٧، ٨ ،٩ و پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە کە ماوەی زیاتر لە ٨ ساڵە راگیراوە.
٢٥ی مانگی رابردوو دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو پرسە دواخرا و چاوەڕوان دەکرێت سبەی بڕیار لەسەر سکاڵاکە بدات.
حسێن عەلاوی- راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بەکەناڵی رەسمی عێراقییەی راگەیاند، دوای سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغداد کە بڕیارە دوای جەژنی رەمەزان ئەنجامبدرێت، عێراق و تورکیا لێکتێگەیشتن لە چەندین بواری جیاوازدا ئیمزا دەکەن کە دەبێتە بنەمایەک بۆ رێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەکی ستراتیژی ھاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا.

وەفدی باڵای ئەمنی تورکیا و عێراق دوای کۆبوونەوەیان لە بەغداد لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، دەسەڵاتدارانی ھەردوو وڵات بڕیاریانداوە لەسەر دامەزراندنی لیژنەی ھەمیشەیی ھاوبەش بۆ کارکردن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ھەماھەنگی لە بوارەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ، وزە، ئاو، تەندروستی و گواستنەوە.
دەشڵێن ھەموو ھەوڵەکان دەخەنەگەڕ بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق لە دوای مانگی رەمەزان.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پەکەکە مەترسی ئەمنیی بۆ تورکیا و عێراق دروست کردووە و بوونی ئەم ڕێکخراوە لە خاکی عێراقدا بە واتای پێشێلکردنی دەستووری عێراقە.
باس لەوەش کراوە تورکیا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق دەکات لە بارەی ئەوەی پەکەکە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراوە لە عێراقدا.
حەیدەر حەنون سەرۆکی دەسپاکی عێراق رایگەیاند، دۆسیەی نور زوھەیر و ٣٠ کەسی تر کە تۆمەتباری دزی سەدەن لەلای دادوەرە و بەشێکیان راگیراون و بەشێکیان ھەڵاتون و بەشێکیشیان زیندانی کراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگای لێکۆڵینەوە کاردەکات بۆ تەواوکردنی دۆسیەکان و دواتر دادگایی دەکرێن و بەمزووانە بڕیارێکی دادپەروەرانە دەدرێت دژی ئەوانەی سامانی گشتی بەھەدەر دەدەن.
سەرۆکی دەسپاکی عێراق دەشڵێت، کەیسی دزی سەدە تەنھا پەیوەست نییە بە کەسێکەوە و زۆرێک لە حیزب و سەرکردەکانی ناو حکومەتی پێشوو ئاسانکارییان کردووە و پلانیان بۆ داناوە.
وتیشی، لێکۆڵینەوەکان لەسەر کەیسەکە بەردەوامن و فەرمانی دەستگیرکردنی نوێ لە دژی دوو کەسایەتی حکومەت دەرکراوە، کە یەکێکیان بە روونی تۆمەتبارە و زۆر نزیکن لە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان.
حسێن تالب بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتیەکان رایگەیاند، وەزارەتی نەوت پلانێکی داناوە کە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو کۆتایی بە ھاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی وڵات بھێنێت، بەو پێیەش ساڵانە بڕی چوار ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای کارپێکردنی پاڵاوگەی کەربەلا ھاوردەکردنی بەنزین بە رێژەی ٥٠٪ دابەزی کە پێشتر ١٤ ملیۆن لیتر بەنزین ھاوردە دەکرا بەڵام ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن لیتر ھاوردە دەکرێت.
وتیشی، دوای ئەوەی لە بەرھەمھێنانی رۆنی ئۆتۆمبێل و نەوتی سپی پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەگەنە ئاستی خۆبژێوی کۆتایی بە ھاوردەکردنی ئەو دوو بەرھەمەش دێت.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و گۆڕانکاری لە ژمارەیەک مادەیی یاسایی و شایستە داراییەکان، کۆتاییان بە تۆمارکردنی داتا و زانیارییەکان بۆ ھەمواری یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤ ھێناوە.
ئەوەشی خستەڕوو، یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤یان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ پەسەندکردنی، دوای ئەوەش یاساکە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران و دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.
یەکێک لەو ماددانەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤، کە بڕیارە ھەمواربکرێتەوە، پەیوەستە بە چارەسەرکردنی گرفتەکانی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و جیاکردنەوەیەتی لە خەرجی کرداری.
ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی سەباحدا بڵاویکردووەتەوە، ئەوەشی خستوەتەڕو، لە دوو دەیەی رابردوودا ئەمریکا بە بەھای ١١ ملیار دۆلار ھاوکاری تایبەت بە گەشەپێدانی کۆمەڵگەیی و بە بەھای ٣.٥ ملیار دۆلاریش ھاوکاری بۆ بەھێزکردنی توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق خەرجکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتۆن خواستی ئەوەی ھەیە حکومەتی عێراق بتوانێت لێپرسراویەتی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی سەروەری و بەرگریکردن لە خاکەکەی جێبەجێبکات و رۆڵیشی ھەبێت لە ئاسایشی ناوچەکەدا.
جەختیشدەکاتەوە پێویستە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و بەغداد تەنھا لە بواری ئەمنیدا نەبێت و بوارەکانی ئابوری، کلتوری و زانستیش بگرێتەوە.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبونەوە بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتەکانی کاش و سیستمی بانکی لە عێراقدا و بەرزکردنەوەی بەھای دینار لە بەرامبەر دۆلاردا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، باس لە گرنگی بەدواداچوونی دۆسیەی ئابووری وڵات و سیاسەتی کاشی دۆلار کرا لە رێگەی چاودێریکردن و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بەربەستانەی کە رووبەڕووی کارەکانی بانکی ناوەندی دەبنەوە.
دەشڵێت، لیژنەی دارایی خواستی خۆی دەربڕی بۆ ھەماھەنگیکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی بۆ زیادکردنی بەھای دیناری عێراقی و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ بەمەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ھاوڵاتیان.
نوسینگەی رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردودا لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە، گوایە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە نھێنی ھەوڵی گەڕانەوەی رێبەری رەوتی سەدر دەدەن، بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و بێ بنەمان.
ئەوەشی خستەڕوو، ھیچ پەیامێکی نھێنی و پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لە نێوان سەدر و سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی سەبارەت بە گەڕانەوەی ناوبراو بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەران نەبووە و لەلایەن خودی سەدرەوە تەواوی پەیوەندییەکان بە چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە راگیراون.