بە بۆنەی 38 هەمین ساڵیادی ئەنفال شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ دیسان بەرەو یادی ئەو تاوانە رەشە ئەڕۆین کە رژێمە کوردکوژ و مرۆڤکوژەکەی بەعس لە کوردستان ئەنجامی دا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرپابونی جەنگ رێگری کرد، ئەمساڵیش روفاتی پیرۆزی 153 ژن و منداڵی تر بگەڕێنینەوە و لە زێدی خۆیان بە خاکیان بسپێرین.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختیکردوەتەوە و کە سورن لەسەر بەڵێنی خۆیان و بە دڵنیاییەوە لە کاتێکی گونجاوتردا دەست دەکەنەوە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی تر تا دوا کاروانی شەهیدانی غوربەت دێنەوە وڵات
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانییانی تاوانی ئەنفال..
دیسان بەرەو یادی ئەو تاوانە رەشە ئەڕۆین کە رژێمە کوردکوژ و مرۆڤکوژەکەی بەعس لە کوردستان ئەنجامی دا. دەیان و دەیان هەزار کەسی لە ئازیزانی ئێمەی لە بیابانە دوورەکانی باشوری عێراق گۆڕغەریب کرد.
سوپاس بۆ خوا بە پشتیوانی و هاوکاری دۆستان و خەمخۆران لە ساڵانی رابردوو توانیمان روفاتی پیرۆزی بەشێک لە ئازیزانی ئەنفالکراومان لە غەریبی بگەڕێنینەوە بۆ کوردستان و تا ئەبەد بە سەربەرزی و شکۆوە بە خاکی پیرۆزی نیشتمانیان بسپێرین.
ئەمساڵیش لە هەوڵی ئەوەدا بووین روفاتی پیرۆزی 153 ژن و منداڵی تر بگەڕێنینەوە و لە زێدی خۆیان بە خاکیان بسپێرین، بەڵام بەداخەوە بە هۆی بەرپابوونی شەڕ لە ناوچەکە و ئەو دۆخە دژوارەی رووی لە عێراق و هەرێم کرد نەمانتوانی لە کاتی خۆیدا ئەو ئەرکە کوردانەیە راپەڕێنین.
هەڵبەت ئێمە سورین لەسەر بەڵێنی خۆمان و بە دڵنیاییەوە لە کاتێکی گونجاوتردا دەست ئەکەینەوە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی تر تا دوا کاروانی شەهیدانی غوربەت دێنەوە وڵات.
جارێکی تر هەزاران سڵاو بۆ رۆحی نەمری شەهیدانی ئەنفالکراو و هەزاران سڵاویش بۆ کەسوکاری سەربەرزیان ئەنێرم.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد