جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ئەنجامی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە دەنگدانی گشتی و تایبەت، ھاوتای ئەنجامە ئەلکترۆنییەکە بووە.
وتیشی، کۆمیسیۆن چاوەڕێی گەیشتنی میمۆری ئەنجامەکانە بۆ راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکان لە سەعات پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئەنجامەی ئەمڕۆ رادەگەیەندرێت، ئەو سندوق و وێستگانە ناگرێتەوە کە کێشەیان تیا بووە و ئەنجامەکانیان بە شێوەی ئەلکترۆنی نەناردووە، کە ژمارەیان زۆر کەمە، راگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییش دوای جیاکردنەوەی دەنگی ئەو وێستگانەش لە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ سەعاتی داھاتوو دەبێت.
وتیشی، ھیچ سکاڵایەک بە رەنگی سوور تۆمارنەکراوە، کە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان ھەبێت، وەک ساختەکردنی وەرەقەی دەنگدان و گۆڕینی تۆماری دەنگدەران.
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند، ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران پەیوەستە بە گەیشتن بە کۆدەنگی نێوان ھێزە سیاسییەکان لەسەر کاندیدی ئەو پۆستە بەتایبەتی لەنێو لایەنە سیاسییە سوننەکاندا، وتیشی لە ئێستادا ھیچ ڕێککەوتنێک نییە .
راشیگەیاند، ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە کاتێکی زیاترە، وتیشی باوەری نییە ئەو بابەتە لە ماوەی ھەفتەی داھاتوودا یەکلایی بکرێتەوە، ڕەنگە ئەو کۆبونەوەیە دوابخرێت بۆ سەرەتایی خولی نوێی یاسادانان.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، مانگی ڕابردوو ٣٨ فەرمانی دەستگیر کردن و لێکۆڵینەوە بۆ بەرپرسە باڵاکان دەرچووە و دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگا کراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەکە، لەناو فەرمانەکاندا ٣٤یان ئاڕاستەی بەرپرسانی باڵا کراون کە دوو وەزیری پێشوو، سێ پارێزگار، ١٠ بەڕێوەبەری گشتی ئێستا و ١٦ بەرپرسی پێشوو، ھەروەھا ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەن و ژمارەیەک بەرپرسی پێشووی تر بوونیان ھەیە.ئیلینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا پیرۆزبایی لە گەل و حکومەتی عێراق کردووە کە پڕۆسەیەکی ھەڵبژاردنیان بەسەلامەتی و ئاشتیانە بەڕێوەبردووە.
ھەروەھا دەڵێت، ھەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە پێویستە بۆ کۆمەڵگایەکی دیموکراسی بۆ دیاریکردنی داھاتووی.
رۆمانسکی پێیوایە، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نیشانەی پابەندبوونی عێراقییەکان بە دیموکراسیەت دەردەخات.
باڵیۆزی ئەمریکا ڕاشیگەیاندووە، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردن لەگەڵ سەرکردە ناوخۆییە تازە ھەڵبژێردراوەکان دەکەن بۆ بەھێزکردنی ھاوبەشی ئەمریکا وعێراق لەسەرانسەری وڵات.
دەقی پیرۆزباییەکە...
پیرۆزبایی لە ھێزە سیاسییە نیشتمانییەکان و ئەو کاندیدانە دەکەم کە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کاندید بوون، بەتایبەتی ئەوانەی کە سەرکەوتن و متمانەی دەنگدەرانیان بەدەست ھێنا، ئەم ئامانەت و بەرپرسیارێتییە ھیوادارم بەخێرایی بگۆڕدرێت بۆ واقیعێکی خزمەتگوزاری بەرچاو و حکومەتە خۆجێییەکان کارابن لەگەڵ پلانەکانماندا لە گەشەپێدان و بنیاتنانەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، ھەروەھا ڕۆڵی یاسایی و دەستووری خۆیان بگێڕن و ئێمە پشتگیریان دەبین لە پێشکەشکردنی ھەموو ھاوکاری و پاڵپشتییەک بۆ بەدیھێنانی خواستەکانی عێراقییەکان.
بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پارێزگاکان، ھاوپەیمانی نەبنی کە سەرجەم ھێز و گروپەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی تێدابوو و ھادی عامری سەرۆکایەتی دەکرد لە ھەموو عێراق ٦٣٨ ھەزار دەنگی بەدەستھێنا و لە پارێزگاکانی زیقار، میسان، بابل، دیوانییە و نەجەف پلەی یەکەمی بەدەستھێنا، بەڵام لە بەغداد و بەسڕە لە بەرامبەر رکابەرەکانیدا توشی شکست ھات.
ئەنجامەکان بۆ نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش دڵخۆشکەر نییە، چونکە ھەرچەندە لە ھەڵبژاردنەکەدا ٥٣٠ ھەزار دەنگی بەدەستھێناوە، بەڵام تەنھا لە پارێزگای موسەننا پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە و لە بەغداد و بەسڕەش لە پلەکانی سێیەم و دواتردا دێت.
بەگوێرەی ئەنجامەکان چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەغداد و شەش پارێزگای عێراق پلەی یەکەمیان بەدەستھێناوە و لە پارێزگانی دیکەشدا دەنگەکانی بۆ پێکھێنانی ئیدارەی پارێزگاکان کاریگەر دەبێت.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی دورخراوەی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی حزبی تەقەدوومی سوننەکان، سوپڕایزی ئەم ھەڵبژاردنە بوو و جگە لە بەدەستھێنانی نزیکەی نیو ملیۆن دەنگ،، لە بەغدادی پایتەخت و پارێزگای ئەنباریش بەسەر ھەموو رکابەرەکانیدا سەرکەوت و پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە، ھاوکات لە دیالە پلەی دووەم و لە سەڵاحەدینیش پلەی سێیەمی بەدەستھێناوە.
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی کۆتاییھاتنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنەکە لە ھاووڵاتییان کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەو ھەڵبژاردنە پێداویستییەکی ئیداری گرنگە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان.
سەرۆککۆماری عێراق ستاشی لایەنە بەشدارەکانی ھەڵبژاردن کرد و وتی، ھەڵبژاردنەکە بژاردەیەکی ئاشتییانە و دیموکراسییە بۆ ھاووڵاتییان.
سودانی دوای دەنگدانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەڵبژاردن مافێکی دەستورییە و داوای لە ھاووڵاتیان کرد بەشداری بکەن.
وتیشی، ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکان زۆر گرنگە و ھاوکاری حکومەتی عێراق دەبن، حکومەتیش ھەموو تونای خستەگەڕ بۆ پشتیوانیکردنی کۆمیسیۆن و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و دادپەروەر.
نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و عەمما حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەھل حەق دەنگیاندا و رایانگەیاند، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کاریگەری ئەرێنی لەسەر زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و قوڵکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی دەبێت.
ئاماژەیان بەوەشکرد، شانازی دەکەن کە سەرەڕای ئاستەنگییەکان توانراوە ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بەڕێوەچوونی ئەم ھەڵبژاردنەش بە سەرکەوتنی حکومەتی عێراق و جێبەجێکردنی یەکێک لە بەڵێنەکانی دادەندرێت.
ئەو سەرکردانەی عێراق ئاماژەیان دەشڵێن، ھەڵبژاردن بنەمای سەرەکی دیموکراسیی و پێشکەوتنی گەلانە، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن بەشێوەیەکی کارا بەشداری پرۆسەکە بکەن.
عەبدولئەمیر شمەری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی لە پڕۆسەی دەنگدانی گشنی لە پارێزگا و قەزا و ناحیەکان تۆمارنەکراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، رێکارەکانی کۆمیسیۆن سەبارەت بە ئامێرەکان باشن و وەستان رووینەداوە، تەنھا کێشە لە چەند ئامێرێکی زۆر کەمدا ھەبووە و ئەوەش چارەسەرکراوە.
لای خۆشیەوە، قەیس محەمەداوی سەرۆکی لیژنەی ئەمنی باڵا رایگەیاند، میمۆری ئەنجامی دەنگدان، لەڕێی فڕۆکەوە لە پارێزگاکان دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی سەرەکی، ھەماھەنگییەکانیشیان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەردەوامە، بۆ گەیاندنی دوایین راستی و راپۆرتەکان سەبارەت بە پڕۆسەکە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی، بەپێی یاسای ھەڵبژاردن، ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ماوەی ٢٤ سەعاتی دوای کۆتایی ھاتنی پرۆسەی ھەڵبژاردن رادەگەیەندرێت، بەو پێیەش سبەینێ سێشەممە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن رادەگەیەندرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆمیسیۆن ژمارەی وێستگەکان و میکانیزمەکانی ژماردنەوەی دەستی و ڕیزکردن لە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ دوای پرۆسەی دەنگدان ڕادەگەیەنێت.
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان وتیشی، ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردن دوای پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامی ئەو وێستگانە ڕادەگەیەنرێت کە کێشەی تەکنیکییان ھەبووە و سکاڵای لەسەر کراوە.
نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەچوو و شانازی بە رۆڵی عێراقییەکانەوە دەکات کە بە ویستی پتەویان بەڵێنەکانیان بۆ کاندیدەکانیان بەجێگەیاند، کاندیدە براوەکانیش پێویستە رۆڵی دەستووری خۆیان بە ڕاستگۆیی بگێڕن بۆ بنیادنانی عێراق و دابینکردنی خزمەتگوزاری و بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتنی ھەڵبژاردن بە سووربوونی دەنگدەران و ھەوڵی کۆمیسیۆنەوە بەدەستھێنرا و بەبێ رۆڵی ھێزە ئەمنییەکانیش تەواو نەدەبوو.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی کامپەکان گەڕێنراونەتەوە و چەند کامپێکیش داخراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەر خێزانێکی ئاوارە بڕی ٥ ھەزار دۆلاری پێدەدرێت، بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ بەشێکی زۆری ئاوارەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
راشیگەیاندووە، لە کۆی ١٧٠ کامپی ئاوارەکان لە عێراق، تەنھا ٢٦ کامپ ماوەتەوە، لە ھەرێمی کوردستان ٣٦ ھەزار خێزانی ئاوارە ماونەتەوە، بڕیارە تا کۆتای ساڵ ئەوانیش بگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنەکانی عێراق رێککەوتوون بۆ ھەموارکردنەوەی یاسایی بودجە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای یەکلایکردنەوەی بابەتەکە، لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆ دەکەن بۆ دەنگدان بە ھەموارکردنەوەی یاسایی بودجە، بەوەش کێشە داراییەکانی ھەرێم چارەسەر دەبێت.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق دەکات کە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامدرا و راشیگەیاند، ھەڵبژاردن مافێکی دەستووری گرنگە لە سیستمی دیموکراسی و ئیدارەداندا، سودانی سوپاسی ھێزە سیاسیەکانیش دەکات کە سوربوون لەسەر رکابەری لە سنوری یاساییدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان گوزارشتە لە بەڵێنی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی و ھەنگاوێکە بۆ لامەرکەزیەتی ئیداری کە رێگایەکە بۆ سەقامگیری و بەدیھێنانی ئیرادەیەک لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دواکەوتووە. راشیگەیاند، دیارترین وێنەی سەرکەوتنی ھەڵبژاردن لە کەرکوک بوو کە لە ٢٠٠٥ەوە ئەنجام نەدراوە و گرفتی بۆ دروستبوو.