قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژان کریستۆف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە بەغداد باسی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و پاریس لەبواری سەربازی و روبەڕوبونەوەی قەیران و ئاستەنگییەکان کرد.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، عێراق ئامانجی ئەوەیە و داواش دەکات کە کەمپی ھۆلی سوریا دابخرێت، چونکە مانەوەی دەیان ھەزار منداڵ و ژنی چەکدارانی داعش لەو کەمپەدا، مانای پێگەیشتنی نەوەیەکی نوێی داعشە لە داھاتووداو ئەوەش مەترسییە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە.
محەمەد بەلداوی سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، چوارچێوەکەیان لە دوو رۆژی رابردوودا دوو کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و بڕیاریانداوە بە پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و حکومەتە خۆجێییەکان.
وتیشی، لیژنەکە لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی پێکھاتووە و دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، دەست بەکارەکانیان دەکەن، ھەروەھا دوای پێکھێنانی فراکسیۆنی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ئەنجومەنی پارێزگاکان، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییە براوەکان دەکەن و کار بۆ پێکھێنانی حکومەتە خۆجێییەکان دەکەن.
پارتەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، لە ھەڵبژلردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە کۆی گشتی ١٠١ کورسییان بەدەستھێناوە.
جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی یەکگرتووەکان لە عێراق لە دوایین پەیامی ساڵدا دەڵێت، لەگەڵ سەقامگیری سیاسی، عێراق دەرفەتێکی نایابی بۆ رەخساوە بۆ پێشکەوتنی خێراو گەشەسەندنی بەردەوامی خۆی.
دەشڵێت، دوای ساڵێک چەند ھەنگاوێکی گرنگ و دەستپێشخەرییەکی ئومێدبەخش لە عێراق سەریان ھەڵداوە، لە کاتێکدا وڵاتەکە لە دۆخێکی باشدایە بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە زۆرانەی کە لەبەردەستیدایە، بەڵام ھێشتا ئەوە کارێکی ئاسان نابێت.
دوپاتیدەکاتەوە نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە بە پاڵپشتیکردنی عێراق بۆ چەسپاندنی دامەزراوە دیموکراسیەکان و پێشخستنی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام و مافی مرۆڤ بۆ ھەموو عێراقییەکان.
نبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، لە کۆی ئەو ١٥ پارێزگایەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان تێدا بەڕێوەچوو، پڕۆسەی ژماردنی لە ١٠ پارێزگایان کۆتایی ھاتووە و ئاستی ھاوتایی ئەنجامەکان ١٠٠٪ە.
وتیشی، تیمەکانیان بەردەوام کار لەسەر تەواوکردن و ژماردنی دەستی بۆ دەنگەکانی ئەو پێنج پارێزگای تر دەکەن کە ھێشتا دەنگەکانیان بە دەستیی جیانەکراونەتەوە، کە یەکێکیان لە پارێزگاکان بەغدادە بە ھەردوو بەشی کەرخ و رەسافەوە.
عەلی عەلاق بە میدیای رەسمیی حکومەتی عێراقی رایگەیاند، بانکی ناوەندیی ژمارەیەک رێکاری بۆ کۆکردنەوەی خواستەکان لەسەر دۆلار لە چوارچێوەی کەناڵە شیاو و بنەڕەتییەکان پەیڕەو کردووە، لەگەڵ راکێشانی بازرگانان و ھاوردەکاران و ئەوانەی پێویستیان بە گواستنەوەی دەرەکی ھەیە لە چوارچێوەی ئەو کەناڵانەدا.
وتیشی، تاکو قەبارەی ئەو کەناڵانە و ژمارەی بەشداربووەکانیان زۆرتر ببێت، کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕ و سەقامگیریی دینار دەبێت، ھەروەھا بەردەوام دەبن لە پارەدارکردنی جوڵە بازرگانییە دەرەکییەکان بە چەند دراوێکی بیانی جگەلە دۆلار.
عەلی عەلاق ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی گەنجینە و بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا پێشوازیان لەو ھەنگاوانەی بانکی ناوەندیی کردووە.
دەستەی خانەنشینی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم بەش و لقەکانی دەستەکە کردووە تیایدا ھاتووە، ئەنجومەنی ئیدارەی بانکی رافدەین رەزامەندە لەسەر پێدانی قەرز بە فەرمانبەرانی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە مەرج.
لە نوسراوەکدا ھاتووە، فەرمانبەران دەتوانن ٢٠٠ مووچەی مانگانە بەسەریەکەوە بەشێوەی قەرز وەربگرن، بە مەرجێ کۆی قەرزەکە ١٥٠ ملیۆن دینار تێنەپەڕێنێت، ئەو قەرزەش سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە لەرێگەی بانکی رافیدەینەوە مووچە وەردەگرن.
عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، سیاسەتی تورکیا لە بارەی ئاو زۆر خراپە سەرەرای ئەو رێکەوتنەی ھەیە کە دەبێت لە چرکەیەکدا ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو بەربداتەوە بۆ رووباری فورات.
وتیشی، بەھۆی ئەو سیاسەتەی تورکیاوە رەوشی پارێزگاکانی باشوری عێراق رووی لە سەختی کردوە، لە کاتێکدا ئاوەکە لە بەنداوەکانی تورکیا رۆژانە دەبێتە ھەڵم بەڵام ئەو وڵاتە ئامادەنییە بەریبداتەوە بۆ ناو رووباری فورات.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق جەختیکردەوە، وەزارەت لە ھەوڵەکانی بەردەوامە و لەرێگای دانوستان و گفتۆگۆکانەوە دەیەوێت لایەنی تورکی پابەندبکات بەو رێککەوتنەی کەھەیە.
ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان لە راگەیەنراوێکدا روونیکردەوە، ئەو داواکراوانە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە فەرمانی دەستگیرکردنییان بۆ دەرکراوە، دوای ئەوەی بۆ دەرەوەی وڵات ھەڵھاتبوون.
دەشڵێت، یەکێک لەو داواکراوانە دەستی ھەبووە لە کۆمەڵکوژی سپایکەر و بەشداری لە کوشتنی سەدان ھاوڵاتی عێراقی کردووە و لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ لە ژێر ناوی ساختەدا خۆی حەشاردابوو.
مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، فەرماندەییەکە ھەواڵی دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی سەدان خوێندکاری سەربازی لە کۆمەڵکوژیی "سپایکەر" لە شاری تکریت راگەیاند.
رێکخراوی داعش لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، لەناو بنکەیەکی سەربازی ناسراو بە "سپایکەر" لە پارێزگای سەڵاحەدین، نزیکەی دوو ھەزار کەسی کوشت، کە خوێندکاری کۆلێژی فڕۆکەوانی و کارمەندانی ئەمنی بوون.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، نزیکەی سەعات ٧:٣٠ خولەکی بەیانی بە کاتی عێراق بە مووشەکێکی ١٢٢ ملیم بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق کراوەتە ئامانج.
وتیشی، لە ئەنجامی ھێرشەکە ھیچ زیانێکی ماددی و مرۆیی لێنەکەوتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزەکانیان شوێنی ھەڵدانی ئەو مووشەکەیان دیاریکردووە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.
راشیگەیاند، ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەستیان بەسەر بارھەڵگرێکدا گرتووە کە دەستکاری کراوە بۆ ھەڵدانی پێنج مووشەک.
کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک لە بەغداد کە سەر بە وەزارەتی بازرگانییە لە چەند پارێزگاکایەک ھەڵمەتی فرۆشتنی ئەو ماددە خۆراکیە سەرەکیانەی بە نرخی ھەرزان راگەیاند، جەختیشی لەوەکردەوە کە ئەو ھەڵمەتانە رۆژانە بەردەوام دەبن.
باسی لەوەشکردووە وەزارەتی بازرگانی لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەیەوە شوێنی کۆگاکان و نرخی خواردەمەنیەکان بڵاودەکاتەوە.
ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، پزیشکانی عێراق بە ھاوکاری ستافێکی پزیشکی ئەڵمانی لە نەخۆشخانەی دڵ لە شاری ناسریە، توانیویانە یەکەمین نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز و دەگمەن بۆ نەخۆشێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بکەن کە بەدەست سستبوونی دڵییەوە گرفتار بوو بوو، بۆیە دڵێکی دەستکردیان بە سەرکەوتوویی بۆ چاندووە.
بەوتەی حەسناوی، نەشتەرگەرییەکە نەک تەنھا لە عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش دەگمەنە، لەگەڵ ئەوەشدا نەشتەرگەرییەکە ماوەی پێنج کاتژمێری خایاندووە، لە ئێستاشدا نەخۆشەکە باری تەندروستی جێگیرەو دوای ئەو ماوەیەی کە بۆی دانراوە، مەترسییەکانی تێپەڕاندووە.
دوابەدوای سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکەش کە چەند مانگێکە ئامادەکاری بۆ کراوە، کارمەند و پزیشک و پەرستارانی نەخۆشخانەکە ئاھەنگی سەرکەوتنیان گێڕاو بەرپرسانی باڵای عێراقیش وەک دەستکەوتێکی گەورەو مێژوویی لای خۆیانەوە بڵاویان کردەوە.
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، کەشتییەکی پڕ لە گازیان کە بڕەکەی ١٠ ملیۆن لیتر بووە، لەڕێی بەندەری سیناوە ڕەوانەی غەززە کردووە.
دەشڵێت، ئەو بڕە سوتەمەنییە بۆ خەڵکی غەززە نێردراوە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆی توندیان خراوەتەسەر و جەختی لەوەشکردەوە بەردەوام دەبن لە گەیاندنی ھاوکاری زیاتر.
بەوتەی یەحیا رەسوڵ، ناردنی ئەو کەشتییە گازە بە ھەماھەنگی تەواو بووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای میسر و مانگی سور و ھەواڵگری و وەزارەتی بازرگانی عێراق.
نوسینگەی رۆژنامەوانیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی پێشوازی لە مەجید میر ئەحمەدی بریکاری وەزیری ناوخۆی ئێران و وەفدێکی یاوەری کردووە و باسیان لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران و زیادکردنی ھاوکارییە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و رێگریکردن لە قاچاخچێتی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان کردووە.
باسی لەوەشکردووە، ھەردولا جەختیان کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنە ئەمنییە ھاوبەشەکەی نێوانیان، ھەروەھا ئەعرەجی پابەندبوونی حکومەتەکەی سودانیی بەو رێککەوتنەوە دووپات کردووەتەوە.
ئەعرەجی راشیگەیاندووە، عێراق ھیچ پێشێلکارییەکی لە سنوورە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ئێران تۆمار نەکردووە، جەختیشیکردەوە لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتدایە ھاوکاربن بۆ رێگریکردن لە ھەر کارێک کە مەترسی لەسەر سنوورە ھاوبەشەکان دروست بکات.
ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ھەماھەنگییەکانی نێوان کارگێڕیی کەمپی ھۆل و نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی ھەرێمی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا، لەگەڵ لیژنەکانی ئاسایش و کۆچ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کاروانێکی نوێی خێزانە عێراقییەکانی نیشتەجێی کەمپی ھۆل، کەمپەکەیان بەرەو کەمپی جەدعە لە پارێزگای موسڵ بەجێھێشتووە.
راشیگەیاند، ژمارەی خێزانەکان ١٧٣ خێزانە، کە ژمارەی ئەندامەکانیان ٦٥٩ کەسە و لە ژن و پیاو و منداڵ پێکھاتوون.
کەمپی ھۆل دەیان ھەزار کەس لە ژن و منداڵەکانی داعشیان تێدایە، کە زۆرینەیان عێراقیین، حکومەتی عێراقیش تائێستا چەندین ھەزاری لەو کەسانە گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتەکەی.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە کۆنفرانسێکی وەزارەتی داراییدا ھۆشداریدا لە کەمبوونەوەی داھاتی نانەوتی و رایگەیاند، حکومەت ناتوانێت داھات لە چوارچێوەی ئامرازەکانی ئێستادا دابەش بکاتەوە.
عەلاق لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بابەتێکی دیکە کرد و وتی، بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بووەتە پێویست، تا بتوانێت رۆتینات و گەندەڵی لە دامەزراوەکاندا کەم بکاتەوە.
بە وتەی عەلی عەلاق، لە چوارچێوەی ھاندانی پارەدانی ئەلیکترۆنیدا، بانکی ناوەندیی زۆرترین سوود لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن وەردەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا ڕووبەڕووی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار دەبنەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ زیاتر دڵنیابوونەوە لە ئەنجامی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە ١٨ی ئەم بەڕێوەچوو، رۆژی پێنج شەممە لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لەسەرجەم ئەو پارێزگایانەی ھەڵبژاردنیان تێدا کراوە ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگەکان دەکرێت.
راشیگەیاندووە، لایەنە سیاسییەکان و بریکارانی ھاوپەیمانییەکان و میدیاکان ھەموو ئەوانەی دەیانەوێت چاودێری پرۆسەکە بکەن، دەتوانن ئامادە بن بۆ بینینی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.