دیمەنەکان دەری دەخەن کە ئەو سێ کەسە خۆیان بە تایەی یەکێک لە فرۆکەکانی فرۆکەخانەی کابوڵەوە ھەڵواسیوە، بەڵام لە دوای بەرزبونەوەی فرۆکەکە کەوتونەتە خوارەوە .
ئاژانسی ھەواڵی ئاسواکا لە زاری شایەتحاڵانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسانە بەسەر ماڵەکاندا بەربونەتەوە و روداوەکە دڵەراوکێ و شڵەژانێکی زۆری لە نێو دانیشتوانی کابولدا دروستکردوە .
لە بەردەوامی ئەو شڵەژاوی و ئالۆزییەی لە دوای کۆنترۆڵکردنی کابول لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە لە فرۆکەخانەی کابول دروستبوە ، سەر لە بەیانی ئەمرۆش ٥ کەس لەناو فرۆکەخانەکەدا کوژران ، ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند شایەتحاڵێکەوە بڵاویکردۆتەوە ، ھۆکاری کوژرانی ئەو کەسانە بەھۆی تەقەکردنی ھێزەکانی ئەمریکاوە بووە کە بۆ دورخستنەوەی ھاوڵاتیە ئەفغانیەکان لە فرۆکەکان تەقەیان کردوە ، بەڵام چەند شایەتحاڵێکی تر باس لەوە دەکەن کە ئەو ٥ کەسە لەکاتی ھەوڵدانیان بۆ سەرکەوتن بۆ فرۆکەکە بەھۆی پاڵنانەوە بەربونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە .
تا ئێستاش ھەزاران کەس لە دانیشتوانی کابول لە نێو فرۆکەخانەدا ماونەتەوە و دەیانەوێت لەگەڵ بیانییەکاندا وڵاتەکە جێبھێڵن
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغداد رایگەیاند، دوای پێکھێنانی کابینەی حکومەتەکەی ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئەو وڵاتە، بڕیار لەبارەی بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعودیە دەدرێت.
ئاشکراشیکرد، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆڵی سەرەکی ھەبووە لە ئەنجامدانی گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی تاران و ریاز لە بەغداد.
لە مانگی ئازاری ئەمساڵ و بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، کۆبوونەوەی نھێنی بەرپرسانی ئێران و سعودیە بە نێوەندگیری بەغداد دەستیپێکردووە و تائێستا چەند گەڕێکی دانوستانەکان بەڕێوەچووە، بەڵام بە کۆتایی ھاتنی سەرۆکایەتی حەسەن رۆحانی، دانوستانەکانیش راگیران.
دوای چەند سەعاتێک لەوەی چەکدارانی تاڵیبان چوونەناو کابولی پایتەختی ئەفغانستان، ئاڵای ئەمریکا لەسەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە کابوڵ ھێنرایە خوارەوە، وەک دواین ھەنگاو بۆ چوڵکردنی باڵیۆزخانەکە، زۆربەی وڵاتانیش باڵیۆزخانەکانیان چۆڵکرد و کارمەندەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی کابول گواستەوە.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش داوای لە وڵاتان کرد، بزوتنەوەی تاڵیبان وەک حکومەت نەناسن، راشیگەیاند، پێویستە وڵاتان ھەڵویستێکی یەکگرتوو و گشتگیریان بەرامبەر رەوشی ئەفغانستان ھەبێت، بۆئەوەی رێگە نەدەن ئەو وڵاتە ببێتە ناوەندێک بۆ سەرھەڵدانی تیرۆر، بڕیاریشە سبەینێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر رەوشی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
چەکدارانی تاڵیبان چوونەناو کابولەوە و دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت و محەمەد ئەشرەف غەنیش سەرۆک کۆماری ئەفغانستان وڵاتەکەی جێھێشت.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیری بەریتانیاش دوای کۆبوونەوەی بە پەلەی حکومەتەکەی ڕایگەیاند، ڕێگەی سەربازیی چارەسەری پرسی ئەفغانستان ناکات و وڵاتەکەشی شانازی بەو کارانەوە دەکات لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە ئەفغانستان کردوونی و لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا دیپلۆماتکار و ھاوکارە ئەفغانییەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەی
سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی دۆخە لەناکاوەکانی تورکیا ڕایگەیاند، دوای دۆزینەوەی تەرمی ٩ کەسی تر، ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی لافاوی شارەکانی باکور گیانیان لە دەستداوە بۆ ٤٠ کەس بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ناوی ١٠٠ کەس تۆمار کراوە کە چارەنووسیان نادیارە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان زۆر بەرزتر ببێتەوە.
ماوەی سێ ڕۆژە بارانێکی بە خوڕ شارەکانی کاستامۆنۆ و سینۆپ و بارتنی تورکیای گرتووەتەوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش ھەر سێ شارەکەی بە ناوچەی کارەساتبار ڕاگەیاند.
سەرۆکایەتی تونس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەفدێکی ئەمریکی سەردانی قەیس سەعید، سەرۆکی تونسیان کردووە و نامەیەکی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکایان پێداوە، لە نامەکەدا بایدن داوای لە سەعید کردووە بە زوترین کات دیموکراسیەتی پەرلەمانی بگەڕێنێتەوە بۆ تونس.
وەفدەکەی ئەمریکا داوایان لە سەرۆکی تونس کردووە بە پەلە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری بکات بۆ ئەوەی حکومەتێکی نوێ بۆ تونس پێکبھێنرێت و قەیرانە ئابووری و تەندروستییەکەی ئەو وڵاتە تێبپەڕێنێت.
سەرۆکی تونس لە ٢٥ی تەموزی ڕابردوو پەرلەمانی وڵاتەکەی سڕ کرد و ھیشام مەشیشی لە پۆستی سەرۆک وەزیران دوورخستەوە و بزوتنەوەی نەھزەش ڕێکارەکانی بە کودەتا ناو برد.
پێگەی سی ئێن ئێن تورک بڵاویکردەوە، لە دارستانەکانی شارۆچکەی چەشمە سەر بە پارێزگای ئیزمیر ئاگر کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە وشکانی و ئاسمانەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن و بۆ خێرا کوژانەوەی ئاگرەکەش سێ ھەلیکۆپتەر ڕەوانەی ناوچەکە کراون، بای بەھێزی ناوچەکەش کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی سەختکردووە.
کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو تورکیا کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئاگری دارستانەکانی باشوری وڵاتەکەی ڕاگەیاند، کە زۆرترین زیان بەر دارستانەکانی پارێزگاکانی ئەنتاڵیا و موغڵا کەوت.
بە پێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا، ٢٩ ھەزار و ٧٠٠ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمار کراوە، ٤٦٦ تووشبووش گیانیان لە دەستداوە.
ھەر بە پێی ئامارەکە کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە، ٤ ملیۆن و ٣٨٩ ھەزار و ٨٥ کەس، تا ئێستاش ٩٧ ھەزار و ٢٠٨ کەس گیانیان لە دەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی ئێرانیش ڕێوشوێنی پێویستی بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتووەتەبەر، و قەدەغەی ھاتووچۆی نیمچەیی لە بەشێکی زۆری شارە گەورەکان ڕاگەیاندووە.
کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، سنورەکانی نێوان لیتوانیا-بیلاروسیا، بووەتە ناوەندی پەڕینەوەی کۆچبەران بە شێوەی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ٣٧ وڵاتەوە کۆچبەر بە نایاسایی خۆیان دەگەیەننە سنورەکانی لیتوانیا کە ٦٠٪یان عێراقین.
دەشڵێت، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەروازە سنورییەکانی یەکێتی ئەوروپایان بەزاندووە، لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتووەتە سەرو ٨٢ ھەزار.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی عەفرین بڵاویکردەوە، لە ١٠ مانگی ئاب لە گوندی جەلەمە سەر بە ناوچەی جندێرێس سەر بە عەفرین چوار ھاوڵاتی مەدەنی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە رفێنراون، لە گوندی قورتقولاقی سەر بە شاروچکەی شەرا لە عەفرین ١٥ ھاوڵاتی سیڤیل رەفێنراون و ٢٠ خانوی ھاوڵاتیانی ھەمان گوند لەلایەن چەکدارەکانەوە روخێنراون، لە ناوچەی عەزازیش دوو ھاوڵاتی خەڵکی عەفرین لەلایەن چەکدارانەوە رفێندراون.
بە پێی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی عەفرین، چەکدارانی سەر بە تورکیا لە گرێ سپی دوو ژن و منداڵێکی ساوایان لە ١١ی ئەم مانگەوە رفاندوووە و بەرەو شوێنێکی نەدیار براون و بۆ ئازادکرنیشیان داوای فیدیە لە کەسوکاریان دەکەن.
فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا رایگەیاند، لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا زیاتر لە ٣٧ ھەزار کۆچبەری نایاسایی لە ٢٢ شاری ئەو وڵاتە دەستگیرکراون و دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆچبەرانەی دیپۆرتکراونەتەوە زۆرینەیان، ئەفغانین و لە نێویشیاندا ژمارەیەک کۆچبەری پاکستانی و وڵاتانی دراوسێی تێدایە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش رایگەیاندووە، وڵاتەکەیان پێشوازی لە کۆچبەرانی ئەفغانی ناکات.