دوای چەند ڕۆژێک لە سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بۆ ڕووسیا، وێندی شێرمن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، چەندین جار داوایان لە تورکیا کردووە، سیستمی بەرگری موشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیا نەکڕێت و خۆی لە کڕینی کەلوپەلی سەربازیی لە مۆسکۆ بە دوور بگرێت.
جەختیشیکردەوە، بەردەوامبوونی تورکیا لە کڕینی کەلوپەلی سەربازیی لە ڕووسیا زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە دەگەیەنێت و دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ھۆشداری دایە تورکیا و ڕایگەیاند، ئەگەر سیستمی بەرگری موشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیا بکڕێت، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
بۆب مێنێندێز سیناتۆری دیموکرات و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کۆنگرێسی ئەمریکا ڕەخنەی لە سیاسەتی ئیدارەی جۆو بایدن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی گرت و ڕایگەیاند، ئێران لە پابەندبوون بە بەندەکانی ناو ڕێککەوتنەکە زۆر دوور کەوتووەتەوە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتەش پێویستیان بە ستراتیژییەکی گشتگیر ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاران بە ئاشکرا پیشانی داوە کە نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بۆیە دەبێت بە ھاوکاری و ھەوڵی ھاوپەیمانەکانیان، لەلایەک گەمارۆی زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنن و لە لایەکی دیکەشەوە ڕووبەڕووی بەرنامە موشەکییەکەی ببنەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پرسی کورد کە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان و لایەنەکانی دیکەوە باس دەکرێت، بە ھەموو ڕەھەندەکانییەوە لە تورکیا چارەسەرکراون.
وتیشی، ئەوانەی دەیانەوێت جیاببنەوە جگە لە تورکیا، نیشتمان و دەوڵەت و داھاتوویەکی تریان نییە، ئەوانەشی دەیانەوێت جیاببنەوە دەبێت بزانن کە بچووک دەبنەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەستووری نوێی تورکیا ئەگەر بکرێت بە ڕێککەوتنی ھەموو لایەک پەسەند بکرێت، باشترین دیارییە کە دەتوانن لە ساڵی ٢٠٢٣ بیدەن بە گەلی تورکیا.
ھاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سیستمی بەرگری موشەکی سعودیە درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن چەکدارە حوسییەکانەوە ئاڕاستەی ناوچەی جیزان کراوە.
ھەفتەی ڕابردووش، سیستمی بەرگری موشەکی سعودیە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی حوسییەکانی خستەخوارەوە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرای کردووە، وەفدەکەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی (ئیلھام ئەحمەد) بۆ واشنتۆن، و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە ئیدارەکەی (جۆو بایدن) کردووە، یاسای قەیسەر کە سەپێندراوە بەسەر حکومەتی دیمەشقدا، لەسەر ناوچەکانی باکوری خۆرھەڵاتی سوریا سوک بکات، تا ئەو وادەیەی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ دیمەشق دەستپێدەکات.
(ئیلھام ئەحمەد) ڕایگەیاندووە، یاسای قەیسەر لێکەوتەی لەسەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاڤای کوردستان ھەیە، داواشی لە کۆنگرێس کردووە جارێکی تر چاو بە سەپاندنی یاساکەدا بخشێنرێتەوە.
ئەمڕۆ ھاوڵاتیانی قەتەر بۆ ھەڵبژاردنی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی شورا، چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەنجومەنی شواری قەتەر لە ٤٥ ئەندام پێکدێت کە ٣٠ کەسیان بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک و ١٥شیان لەلایەن میری قەتەرەوە دیاری دەکرێن.
ئەنجومەنی شورای قەتەر سەربەخۆیە لە یاساداناندا و سیاسەتە گشتییەکانی حکومەت و بودجەی وڵات دیاری دەکات.
بۆ ئەم خولەی ھەڵبژاردنیش، ١٨٣ کەس خۆیان بۆ نوێنەرایەتی ئەنجومەنی شورای قەتەر کاندید کردووە کە ١٨یان ژنن.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێز ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٧٦مین کوبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتان کردووە داعش و خێزانەکانیان لە کامپی ھۆڵ وەربگرنەوە، عەبدولکەریم عومەر ھاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری ئەو دەستپێشخەریەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە ئەرێنی وەسفکرد.
ڕۆژی ١٧ی ئەیلول لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە دادگای تورکیا کرد تا کۆتایی مانگی ئەیلول، سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات، بە پێچەوانەوە بە پێی یاساکانی دادگای ئەوروپا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تورکیا دەگرنە بەر.
سەڵاحەددین دەمیرتاش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر و بە چەند تۆمەتێک لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە لە زیندانی ئەدیرنە زیندانیکراوە.ش
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا داوا لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا دەکات ئیتر بەرامبەر ئەمریکا ساویلکە نەبن و وریاتر مامەڵەی لەگەڵ بکەن. دەشڵێت، ئەمریکا ھەموو سەرنجی خۆی خستووەتە سەر دژایەتیکردنی چین و تەنھا بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتەوە.
ئەم وتانەی ماکرۆن لە کاتێکدایە بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی پاریس بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باس لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی پاریس و واشنتن بکات.
مانگی ڕابردوو بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کڕینی ژێر دەریاییە فەڕەنسییەکان لەلایەن ئوسترالیا و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا، پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ ئوسترالیا و ئەمریکا و بەریتانیا گرژی تێکەوت.
رێکخراوی تەندروستی جیھانیی رایگەیاند، ھەفتەی رابردوو لە جیھاندا سێ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار حاڵەتی توشبون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە ٥٥ ھەزار توشبوش گیانیان لەدەستداوە، ئەو ئامارانەش بەراورد بە ھەفتەی رابردوو بەرێژەی لە سەدا ١٠ کەمیکردوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کەمبونەوەی ئامارەکانیش زیاتر لە خۆرھەڵاتی ناوەراست و خۆرئاوای زەریای ھێمن و ھەردوو ئەمریکا بوە ، بەڵام لە ئەوروپا و ئەفریقا ئامارەکانی توشبون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا وەک خۆی ماوەتەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی ھۆشداریشی داوە لەوەی لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستاندا لە بەشی باکوری گۆی زەوی ئامارەکانی کۆرۆنا دوبارە بەرز بێتەوە .