جیهانجیهان

ئەردۆغان دوای سەردانی تورکمانستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پێشنیازی بۆ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا کردووە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان تورکیا و روسیا و سوریا ئەنجامبدرێن بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا.

وتیشی، دەتوانن لە رێگەی داڕشتنی میکانیزمێکی سێ قۆڵی گفتوگۆکان دەستپێبکەن و سەرەتا دەزگاکانی ھەواڵگری و دواتر وەزیرانی بەرگری و پاشان وەزیرانی دەرەوەی ھەرسێ وڵات کۆببنەوە، دوای کۆبوونەوەکانیش دەکرێت ئەوان وەک سەرکردە کۆببنەوە. 

بەوتەی ئەردۆغان ،پوتن دیدێکی ئەرێنی بۆ پێشنیازەکە ھەبووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژی چوارشەممە دادگای تاوانەکانی تورکیا بەتۆمەتی سوکایەتی بە کەسایەتی گشتی لە ساڵی ٢٠١٩ سزای زیاتر لە دوو ساڵ زیندانی و قەدەغەی کاری سیاسی بۆ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەرکرد.

 بڕیارەکەی دادگا ناڕەزایی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی لێکەوتۆتەوەو بە ھەوڵێک بۆ رێگری لە بەشداریکردنی  ئیمام ئۆغلو لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی داھاتووی تورکیا ناوزەندی دەکەن، بەو پێَیەی چاوەڕوان دەکرا ببێتە رکابەری سەرەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ھەڵبژاردنەکەدا.

ئیمام ئۆغلو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن قسەی بۆ لایەنگرانی کرد و رایگەیاند، ھەرگیز لەو حوکمە ناشەرعییە ناترسێت و ھیچ دادگایەکیش نیە بیپارێزێت، بەڵام ١٦ ملیۆن ھاووڵاتی ئیستەنبوڵ و نەتەوەکەی پشتیوانی دەکەن.

بە پێی راپرسییەکان پێدەچێت بڕیارەکەی دادگا لە دژی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەنجامی پێچەوانەی بۆ ئەردۆغان ھەبێت بەو پێیەی زۆرینەی لایەنگرانی پارتی دادوگەشەپێدان کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات پێیان وایە دۆسیەکەی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ پاڵنەرێکی سیاسی لە پشتە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی روسیا بە ڤیدیۆکۆنفرانس، بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گەشەپێدانی ستراتیژی و پڕۆژە نیشتمانییەکان کرد و رایگەیاند،  وڵاتانی رۆژئاوا شەڕێکی بێ پێشینەیان لە دژی روسیا دەستپێکردووە و ئامانجیان ئەوەیە لە کاتێکی کەمدا و بە دزینی یەدەگی ئاڵوگۆڕی دراوە بیانییەکان و ھەرەسھێنان بە دراوی رۆبڵ ئابووریی روسیا تێکبشکێنن.

پێشتر جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە لەسەر پاکێجی نۆیەمی سزاکانی سەر روسیا رێکنەکەوتوون، کە دەبوو نزیکەی ٢٠٠ کەس و دامەزراوەی روسی بخرێنە ناو پاکێجی نۆیەمی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەرستارانی نەخۆشخانە حکومییەکانی لەندەن لەبەردەم نەخۆشخانەکانیان مانگرتنیان راگەیاند ، ئەوەش جاری یەکەمە لە مێژووی ١٠٦ساڵەی کۆلێژی شاھانەی پەرستاری مانگرتن بەو جۆرە فراوانە لە کەرتی تەندروستی وڵاتەکەدا رووبدات.

پەرستاران داوایانکرد، مووچەکانیان بۆ زیادبکرێت تاکو بتوانن پێداویستییەکانی ژیانیان دەستەبەر بکەن.

بەریتانیا رووبەری قەیرانی گرانی نرخی کاڵاو ھەڵئاوسانی خێرا بۆتەوە فەرمانبەرانی کەرتە جیاوازەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

(پاتریک رایدەر) وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ٩ی کانونی یەکەمەوە ھێزەکانیان لە باکوری سوریا بە تەواوەتی گەڕانەکانیان لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێکردووەتەوە و کارکردنیان لەگەڵ ھاوبەشە ناوچەییەکان خۆی دەبینێتەوە لە رێگری دووبارە خۆرێکخستنەوەی گروپی تیرۆریستی داعش.

لە دوای ئۆپراسیۆنی چنگ- شمشێری تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا لە ٢٠ی تشرینی دووەمی رابردوو، ھێزەکانی سوریای دیموکرات ئۆپراسیۆنەکانی بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش راگرت و ھێزەکانی ئەمریکاش گەڕانەکانیان کەمکردەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی چاودێری رەوشی رۆژنامەنووسانی دەستگیرکراوی سەربە سەندیکای رۆژنامەنووسانی ئێران رایگەیاند، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە لە ١٦ی ئەیلولی رابردوو، بە پشتبەستن بە  راپۆرتە رەسمی و ناڕەسمییەکان، دەستگیرکردنی ٧٠ رۆژنامەنووس لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران تۆمارکراوە، کە نیوەیان بە دانانی بارمتە ئازادکراون.

 ئاماژەی بەوەشداوە، جگە لە دەستگیرکردن، دەیان رۆژنامەنووسی تر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ لێپرسینەوە بانگھێشتکراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێش چوونی بۆ لوتکەی "ئاوازا" کە وابڕیارە لە تورکمانستان بەڕێوەبچێت سەبارەت بە ھەنگاوەکانی ڕێوشوێنی گواستنەوەی غازی تورکمانستان بۆ بازاڕەکانی جیھان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەوان دەیانەوێت ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا دروستبکەن.

وتیشی، لە بارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سوریا، داوای ھاوکارییان لە روسیا کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندجارێک  تورکیا ھەڕەشەی ھێرشی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کردووە، بەڵام ئەمەریکا و روسیا دژایەتی خۆیان بۆ ئەو ھێرشە دەربڕیوە و ھۆشدارییان داوە بە تورکیا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤیتاڵی کلیچکۆ سەرۆکی شارەوانی کیێڤ رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی لە جۆری شاھد خستووەتە خوارەوە.

لە لایەکی ترەوە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، تائێستا روبەری ١٧٤ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی ئۆکراین بە مین و پاشماوە تەقەمەنییەکانی تر پیس بووە، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ھاوکاری وڵاتەکەی بکەن لە پاککردنەوەی ئەو ناوچانە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران دژایەتی خۆیان بۆ ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و بە ھۆکارێک بۆ دووبارە چالاکبوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش ناویانبرد، لەوبارەیەوە، ئەڤین ئیجیر پەرلەمانتاری سوید و بە ڕەچەڵەک خەڵکی باکوری کوردستان لە وتەیەکدا پێشنیازیکرد یەکێتی ئەوروپا ناوچەی دژە فڕین لە رۆژئاوای کوردستان دروستبکات و ھەنگاوی جدی بنێت بۆ کۆتاییھێنان بە ھێرشەکانی تورکیا.

ھەروەھا، ھێلینا دالی ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەبێتە مایەی چالاکبوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش و نەھامەتییەکانی گەلی کورد و پێکھاتەکانی تر زیاتر دەکات.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی ئەمریکا لە زاری لێپرسراوانی ئیدارەی جۆ بایدن ئاشکرایانکرد، دوای ماوەیەکی زۆر لە دوودڵی لەئێستادا ئەمریکا ئامادەیە داواکاری ئۆکراین بۆ پێدانی سیستمی مووشەکی پاتریۆت بە سوپای ئەو وڵاتە جێبەجێبکات.

چاوەڕێشدەکرێت لەم ھەفتەیەدا (لوید ئۆستن) وەزیری بەرگری ئەمریکا ئیمزا لەسەر داواکارییەکە بکات و رەوانەی کۆشکی سپی بکات بۆ وەرگرتنی دوا رەزامەندی و ناردنی سیستمەکە بۆ ئۆکراین.

لەدوای تەقاندنەوەی پردی بەستنەوەی روسیا و نیمچە دوورگەی کریما لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، روسیا ستراتیژی جەنگی لە ئۆکراین گۆڕیووە و بۆردومانکردنی ژێرخانی ووزەی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینیش بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشە مووشەکییەکانی روسیا داوای سیستمی بەرگری مووشەکی لە وڵاتان دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرەبەیانی ئەمرۆ زیاتر لە سێ بەلەمی کۆچبەران لە فەرەنساوە و لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە بەرێکەوتوون بەرەو بەریتانیا، بەڵام یەکێک لە بەلەمەکان ژێرئاوکەوتووە و یەکێکی تر لە بەلەمەکانیش کە ٥٥ کۆچبەری تێدایە لە مەترسیدایە و داوای بەھاناچوونەوە دەکەن.

ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە،  سێ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە کە بە رەگەز ئەفریقین و تیمەکانی فریاکەوتن بە بەشداری ھێلیکۆپتەر و بەلەمی رزگارکردنی پڕۆسەی گەڕانیان دەستپێکردووە و ترسی ئەوە ھەیە بەھۆی بەستنی ئاوەکە و دابەزینی پلەکانی گەرما ژمارەیەکی زۆرتر گیان لەدەستبدەن. 

لە بارەی رووداوەکەشەوە، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، ئاگاداری رووداوەکانی کەناڵی ئینگلیزین و تیمەکانیان سەرقاڵی رزگارکردنیان، ھەروەھا وڵاتی فەرەنساش ئامادەی خۆی پیشانداوە بۆ ھاوکاریکردنی ئەو کۆچبەران و چەندین تیمی ھێزی دەریاو ھێلکۆپتەریان رەوانەی کەناڵی ئینگلیز کردووە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە، دوای چەند دانیشنێک، دادگای باڵای تورکیا بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، سزای زیندانیکردنی دوو ساڵ و حەوت مانگی بەسەر ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵدا سەپاند کە بە یەکێک لە دیارترین رکابەرەکانی ئەردۆغان دادەنرێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە بڕیارە لەمانگی شەشی ساڵی داھاتوودا بەڕێوەبچێت.

بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای تورکیا، چیتر ئیمام ئۆغڵو بەھیچ شێوەیەک بۆی نییە کاری سیاسی بکات کە سەر بەپارتی گەلی کۆمارییە و  یەکێکە لە رکەبەرەکانی پارتی داد و گەشەپێدان بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان.

لەبەرانبەردا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو رایگەیاند، سبەی سەرکردەی شەش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکە لەو بارەیەوە کۆدەبنەوە و ئەو بڕیارە زوڵمێکە کە بەرانبەریان دەکرێت.

ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، توانی پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ بەدەستبھێنێت کە ٢٥ ساڵ بوو ئەو پۆستە لەلایەن پارتەکەی ئەردۆغانەوە بەڕێوەدەبرا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد رەزا ئاشتیانی وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، ھەماھەنگییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و روسیا بۆ ماوەیەکی درێژ دەگەڕێتەوە، بەڵام مۆسکۆ سودی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی لە ئۆکراین وەرنەگرتووە.

وتیشی، پسپۆڕانی ئێرانی و ئۆکراینی لەبارەی بابەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کۆبوونەتەوە، بەڵام لایەنی ئۆکراینی ھیچ بەڵگەیەکیان لەبارەی بەکارھێنانی ئەو درۆنانە لەلایەن روسیاوە پێشکەش نەکردووە.

لە ماوەی رابردوودا ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، ئێرانیان بە فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە روسیا تۆمەتبار کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، روسیا ئەو درۆنانەی لە جەنگی ئۆکراین بەکارھێناوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"نید پرایس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سزای لەسێدارەدان زۆر توندە و مەبەست لێی ترساندنی گەلی ئێران و بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆنە. 

ھاوکات "ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس" سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لێپرسراوانی ئێران کرد جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە زووترین کات رابگرن.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش داوای لە رێکخراوە جیھانییەکان کرد، رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ فشارخستنە سەر لێپرسراوانی ئێران، بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدان ھەڵبوەشێننەوە.

دوێنێ دووەم خۆپیشاندەر بە ناوی "مەجید رەزا رەھنوەرد" لە شاری مەشھەد لەسێدارەدرا، بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران. رۆژی پێنج شەممەی رابردووش، "موحسین شکاری" تەمەن ٢٣ ساڵ وەک یەکەم خۆپیشاندەر بەتۆمەتی ھێرشکردنە سەر ھێزە ئەمنییەکان لەسێدارەدرا.

 

 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکدا، ٢٠  لێپرسراو و دەزگای ئێرانییان خستنە لیستی سزاکانەوە، کە لەنێویاندا دامەزراوەی تەلەفزیۆنی ھەیە.

یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکیشدا بڵاویکردەوە، ئەو سزا نوێیانە بەھۆی ئەو توندوتیژییانەیە کە لێپرسراوانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامی دەدەن.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ٥ دامەزراوە و ١٠ کەسایەتی یەکێتی ئەوروپا خرانە لیستی سزاکانەوە. 

راشیگەیاند، ئەو لایەنانە پشتیوانی ئاژاوە و خۆپیشاندانەکان دەکەن، سزاکانیش رێگریکردن لە چوونی ئەو کەسانە بۆ ئێران و سەروەت و سامانەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران و پێنەدانی ڤیزا پێیان، دەگرێتەوە.

پێشتریش یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر ٤٠ کەسایەتی و ٧ دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاندبوو، بەھۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە دەربڕینی ناڕەزایی و داواکردنی مافەکانیان. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمریکا بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، واشنتۆن پشتیوانی ژێرخانی وزەی ئۆکراین دەکات بە تایبەت کارەبا، ئەو کاروانی ھاوکارییەش پێداویستی و ئامێرەکانی تایبەت بە بواری وزە لە خۆدەگرێت، کە بەھاکەی نزیکەی ١٣ ملیۆن دۆلارە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، دوو فڕۆکەی تری ھاوکاری بۆ ئۆکراین ئامادەن، کە ھەر لەم ھەفتەیەدا ئەمریکا بەرەو ئەو وڵاتە بەجێدەھێڵن. 

چەندین ھەفتەیە روسیا ژێرخانی وزەی ئۆکراین بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکاتە ئامانج و وێرانکاری زۆری لێکەوتووەتەوە و ملیۆنان ئۆکراینیش بێکارەبا بوون، ھاوکارییەکەی ئەمریکاش لەکاتێکدایە کە ئۆکراین رایگەیاندبوو پێویستیان بە مۆلیدەی کارەبایی و سیستمی بەرگری ئاسمانییە.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...418419420421422...641