"تاتیانا موسکالکۆڤا" کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، مۆسکۆ ناوی ٥٠٠ سەربازی ئۆکرانی ناردووە بۆ لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی کە بارمتەن لای ڕووسیا.
ڕاشیگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە ئەو سەربازە ئۆکرانیانە ئاڵوگۆر بکات لەگەڵ ئەو سەربازە ڕووسیانەی لە چوار ھەفتەی ڕابردوودا لای ئۆکراین وەک بارمتە دەستبەسەر کراون.
ھەروەھا ئاشکرایکردووە، ھەر سەربازێکی ئۆکرانی لای ڕووسیا وەک بارمتە دەستبەسەر دەکرێت، بە دەستوخەتی خۆی لەسەر کارتێکی تایبەت دەنوسێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات لەوەی کە لە ژیاندا ماوە و دواتر کارتەکە ڕەوانەی خاچی سوور دەکرێت.
ھەواڵگری ئەمریکا ئەوەی ئاشکراکردوە ئەو مووشەکانەی ڕووسیا ئاراستەی ئۆکراینی دەکات سیستەمی بەرگری ئۆکراین بە ھەڵەدا دەبەن. ھەر یەکێک لەم موشەکە ساختانە چەند پرۆگرامێک لە خۆ دەگرن بۆ تێکدان و وەستاندنی ئەو ڕادارانەی کە دەیانەوێت موشەکی ئیسکەندەر بدۆزنەوە و سەرچاوەیەکی گەرمییان تێدایە کە سیستەمی بەرگری ئۆکراین بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن. پاش گەیشتن و سەرقاڵکردنی سیستەمی بەرگری ئۆکراین بە موشەکە ساختەکانەوە، موشەکە ڕاستەقینەکان دەگەنە ئامانجی خۆیان.
بە گوێرەی ھەواڵگری ئەمریکا ئەم موشەکە ساختانە نزیکەی نیو مەتر درێژن و کلکێکی پرتەقاڵیان ھەیە. ئەم موشەکانە لەگەڵ موشەکی ئیسکەندەر-ئێمدا بەردەبنەوە و سیستەمی بەرگری ئۆکراین سەقاڵ دەکەن و بەم شێوەیەش موشەکە ڕاستەقینەکان دەگەنە ئامانجی خۆیان.
ھەرچەندە ڕووسیا ئەم جۆرە چەکە نوێیانە لە ئۆکراین بەکار دەھێنێت و ھێزێکی زەبەلاحی ئاسمانی لە بەرامبەر ھێزە ئاسمانیە بچوکەی ئۆکرانیادا ھەیە بەڵام تا ئێستا سوپای ڕووسیا نەیتوانیوە ئاسمانی ئۆکراین کۆنترۆڵ بکات. بەمەش ڕوسیا نەیتوانیوە ھیچ ناوچەیەکیتری ئۆکراین داگیر بکات و بەرەو پێشەوە بچێت.
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی ھەینی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا سەردانی پۆڵەندا بکات و لەگەڵ ئەندژی دودا سەرۆکی ئەو وڵاتە سەبارەت بە ھاوکارییە مرۆییەکانی ئۆکراین گفتوگۆ دەکات.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا و بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا و گروپی حەوت، رۆژی چوارشەممە جۆ بایدن سەردانی برۆکسێڵ دەکات.
کۆشکی سپی راشیگەیاندووە، تا ئێستا جۆ بایدن ھیچ پلانێکی بۆ سەردانیکردنی ئۆکراین نییە.
پێگەی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی گوترێسی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەدا ھاتووە "نەورۆز ۳۰۰ ملیۆن کەس لە نەوەی جیاواز و لەودیوی سنوورەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە."
ھەر لە پەیامەکەدا ھاتووە " نەورۆز ڕەنگدانەوەی بەھاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ئاشتی و مافی مرۆڤ و شکۆمەندی. گرنگیی بە ئاشتەوایی و ھاوسێتی باش دەدات."
گوترێس پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەکات و دەڵێت، دەبێت نەورۆز بکەینە ھۆکارێک بۆ تەبایی و ئاشتەوایی و لە یەکتری تێبگەین و ئاشنای کەلتورە جیاوازەکان بین.
ئەمڕۆ، ٢١ی ئازار یەکەم ڕۆژی نەورۆز و دەستپێکی وەرزی بەھارە، لە کوردستان بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە ھاوڵاتیان سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن.
میدیاکانی چین بڵاویان کردەوە کە فڕۆکەکە لە جۆری بۆوینگ-٧٣٧ بووە و لە ھەرێمی گوانگی لە باشووری چین کەوتووەتە خوارەوە و بەتەواوەتی تێکشکاوە.
تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانییەکان نەزانراوە، پێشتریش میدیاکانی چین ڕایانگەیاند، کە ئەمڕۆ فڕۆکەیەک کە بەڕێگەوە بووە بەرەو ھەرێمی گوانژۆ دیار نەماوە.
فڕۆکەکە لە ڕێگە و دوای گەیشتن بە شاری وژۆ پەیوەندی لەگەڵ ھێڵی ئاسمانی رۆژھەڵاتی چین لەدەستداوە، ژمارەی سەرنشینەکانی فڕۆکەکە ١٢٣کەس بوون لەگەڵ نۆ کەس لە تیمی فرۆکەوانی.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەک، کە ناویانی بڵاونەکردووەتەوە، ڕایگەیاند بەرپرسانی ئەمریکا مانگی ڕابردوو پێشنیازیان کردووە بۆ تورکیا سیستەمە موشەکییەکە بدات بە ئۆکراین، بەڵام داواکارییەکە فەرمی نەبووە.
ھەروەھا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وێندی شیرمان لە سەردانێکیدا بۆ تورکیا ھەمان داواکاری لە تورکیا کردووە و باسی ئەو ھاوکارییانەی کردووە کە واشنتن بە نیازە پێشکەشی ئۆکراینی بکات.
ئیدارەی بایدن پێشتریش داوای لە بەشێک لە ھاوپەیمانەکانی کردووە سیستمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی و ئێس ٣٠٠ بدەن بە ئۆکراین، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ لێدوانێک لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە نەدراوە لە بارەی ئەم داواکارییەی ئەمریکا.
لە ساڵی ٢٠١٩ واشنتن داوای لە تورکیا کرد سیستەمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیا نەکڕێت، بەڵام ئەنقەرە ڕەتیکردەوە و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەردا سەپاند.
"زیلینسکی" ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ڕووسیا ئاسان و دڵخۆشکەر نەبوون، بەڵام گرنگن و ئۆکراین ھەمیشە لەگەڵ ڕێگەچارەی ئاشتییانەدایە.
وتیشی تا ئێستا زیاتر لە ١٤ ھەزار سەربازی ڕووسی کوژراون و گەمارۆی ڕووسیا بۆ سەر شاری "ماریۆپوڵ" تاوانی جەنگە و لە مێژوودا دەمێنێتەوە.
فیبیپۆ گرەندی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە سەرەتای ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین، شەش ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەس لەناوخۆی ئەو وڵاتە ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی جێھێشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، تائێستا ٩٠٢ مەدەنی لە ئۆکراین گیانیان لەدەستداوە.
پێشتریش رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردبوو، بەھۆی ھێرشەکانی روسیا، نزیکەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار ئۆکراینی وڵاتەکەیان جێھێشتووە کە ٩٠٪یان ژن و منداڵن.
عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ئەمریکییەکان چەندین جار دانیان بەوەداناوە، لە فشار خستنەسەر ئێران شکستیان ھێناوە و ئەوەش لە ئەنجامی خۆڕاگری گەلی ئێران بەدەستھاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی ئێران لە رێچکەیەکی دروستدا ھەنگاو دەنێت، بۆیە سەرکەوتن لەو رێگەیە مسۆگەرە.
ئەو لێدوانەی عەلی خامنەیی لەکاتێکدایە، خولی ھەشتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامە و وڵاتانی خۆرئاواش فشارەکانیان بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە بۆئەوەی لەم خولەدا بگەنە رێککەوتن و چیدی دانوستانەکان درێژە نەکێشێت.
رۆژی ھەینی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا سەردانی ئیماراتی کرد و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە، ئەوەش بۆ یەکەمجارە سەرۆکی سوریا دوای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆیی وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠١١، سەردانی وڵاتێکی عەرەبی دەکات.
وەک کاردانەوەیەکیش بۆ ئەو سەردانە، نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، شەرعیەتدان بە بەشار ئەسەد کە بەرپرسیارێتی بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە ١٥٠ ھەزار کەس و ئاوارەبوونی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەی لە ئەستۆیە، مایەی نیگەرانییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵەکان بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و سوریا ئیدانە دەکەن.
ژەنەڕاڵ کێنز مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێران بە بەرەوپێشبردنی بەرنامەی موشەکیی و پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکان، ھەوڵ بۆ لاوازکردنی حکومەتە ناوچەییەکان و بەھێزکردنی دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکە دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەش مانگی رابردوودا ئێران چەندین جار ھێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەڵام بە وریایی فەرماندە سەربازییەکانیان رێگە لەوە گیراوە ھێرشەکان زیانیان لێبکەوێتەوە.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا وتیشی، ھێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر مەترسی بۆ سەر ھێزەکانی وڵاتەکەی دروست دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ھێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێر زیانی بە ھێزەکانی ئەمریکا بگەیاندایە، بە دڵنیاییەوە ئێستا رەوشەکە جیاواز دەبوو.
لیز تراس وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو ھێرش و کارە دڕندانەیەی سوپای روسیا بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ئەو وڵاتە لە ئۆکراین ئەنجامی دەدات، مایەی قبوڵ کردن نییە و شایەنی ھەموو جۆرە سزایەکیشە.
وتیشی، بەدڵنیاییەوە ھەموو سیاسییەکانی روسیا و ژمارەیەکی زۆر لە سەرمایەدارەکانی ئەو وڵاتەش پشتیوانی پوتنیان کردووە لە ھێرشکردنە سەر ئۆکراین، بۆیە شایەنی سزادانن و مەحاڵیشە ئەو سزایانەی لەلایەن بەریتانیاوە بەسەریاندا سەپێنراون، ھەڵبوەشێنرێنەوە.
ئاژانسی بلۆمبێرگ لە چەند سەرچاوەیەکی یەکێتی ئەوروپاوە بڵاویکردووەتەوە، کەسایەتییە سیاسییەکانی ناو یەکێتی ئەوروپا سەرقاڵی تاوتوێکردنی بابەتێکن بۆ زیاتر ھاوکاریکردنی ئۆکراین، ئەویش تەرخانکردنی پارەی ئەو سەرمایەدار و سیاسییانەی روسیایە کە لە بانکەکانی ئەوروپا بلۆککراون.
راشیگەیاندووە، ئەو بابەتە لەسەرەتای تاوتوێکردنیدایە و تائێستا نەبووەتە بڕیاری رەسمی، بەڵام پێدەچێت لە چەند رۆژی داھاتوو گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت.
بە پێی ئامارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەھۆی بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین، تائێستا زیاتر لە سێ ملیۆن ھاوڵاتی ئۆکراینی وڵاتەکەیان بەجێھیشتووە و روویان لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کردووە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێک لەو ئاوارانە تائێستا شەڕ نەگەیشتووەتە شار و ناوچەکانیان، بەڵام بەھۆی زۆری مەترسییەکانەوە وڵاتەکەیان بەجێھێشتووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاندووە، لە ئەنجامی شەڕ و بۆردومانەکان، تائێستا نزیکەی ھەزار ھاوڵاتی مەدەنی ئۆکراین کوژراون و زیاتر لە ھەزار و ٣٠٠ مەدەنی دیکەش برینداربوون.