گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، بە پێی بەڵگەیەکی نھێنی کە لە دەزگای ھەواڵگری ناو سوپای روسیاوە دزەی پێکراوە و بڵاوکراوەتەوە، سوپای چین پلانی ھەبووە لە پایزی داھاتوودا ھێرش بکاتە سەر تایوان و داگیری بکات کە ھەمیشە بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی زانیووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، پلانەکە لە لایەن سەرۆکی چینەوە ئیمزا و پەسەند کراوە و ھەموو ئامادەکارییەکیشی بۆ کراوە و روسیاش ئامادە بووە ھاوکاری چین بکات، بەڵام بەھۆی دەستپێکردنی ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، چین ئەو پلانەی راگرتووە.
بە پێی دواین راپرسیی، ماکرۆن چانسی سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی زۆرە و بە رێژەی لەسەدا ٥٨ لە پێش رکابەرە سەرەکییەکەی مارین لوپێن سەرکردەی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانییە.
دامەزراوەی ھاریس ئینتەر ئەکتیڤ لە راپرسییەکدا ئاشکرایکردووە، ماکرۆن لە خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٣٠٪ی دەنگەکان بەدەست دەھێنێت، مارین لوپێن ١٩.٥٪ و جون لوک میلینشۆن ١٣.٥ی دەنگەکان بەدەستدەھێنن.
لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا ١٢ کاندید رکابەری یەکتر دەکەن، بەڵام ئەوەی وایکردووە ماکرۆن لە ھەموویان زیاتر دەربکەوێت، ھەوڵەکانییەتی بۆ راگرتنی جەنگی ئۆکراین، کە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک گوشاری خستووەتە سەر ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕی ئۆکراین.
بە بڕوای پسپۆڕانی تایبەتمەند لە کاروباری نێودەوڵەتی، ھەوڵەکانی فەڕەنسا و خودی ماکرۆن بۆ ھێورکردنەوەی رەوشەکە پاڵنەری مێژوویی سیاسی ھەیە و لە ٢٠٠٨ لە ھێرشی روسیا بۆ سەر جۆرجیا و داگیرکردنی نیمچە دوورگەی کریما لە ٢٠١٤ ھەمان رۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ھەوڵانە بێ مەترسی نین، بەتایبەتی ئەگەر سەرۆکی روسیا لەسەر داوای فەڕەنسا چەند سازشێک بکات و سەرۆکی ئۆکراین قبوڵی نەکات، ئەوکات فەڕەنسا ناچار دەبێت گوشار بخاتە سەر ئۆکراین، ئەوەش دەرئەنجامێکی باشی لێناکەوێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا گرنگینەدانی ماکرۆن بە کەمپینەکانی ھەڵبژاردن و روننەکردنەوەی بەرنامەی ھەڵبژاردنی بۆ ٥ ساڵی داھاتوو لەلایەن رکابەرەکانی لە ئۆپۆزسیۆن کراوەتە دەرفەتێک بۆئەوەی رەخنەی لێ بگرن.
ماکرۆن لە ساڵی ٢٠١٧ وەک کاندیدی سەربەخۆ گەیشتە کۆشکی ئیلیزێ و لە ویلایەتی یەکەمی سەرۆکایەتیدا روبەڕوی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەوە بەتایبەتی دوای بەرزکردنەوەی باجی سەر سوتەمەنی کە ئەوەش خۆپیشاندانی ھێلەک زەردەکانی لێکەوتەوە، لێکەوتە ئابورییەکانی کۆرۆناش یەکێکی تر بوو لە ئاستەنگەکانی بەردەم دەسەڵاتی ماکرۆن کە بەھۆیەوە تا ئێستا ١٤٠ ھەزار فەڕەنسی گیانیان لەدەستداوە.
جەیک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیدانەی ھێرشە موشەکییەکەی ھەفتەی ڕابردووی سەر شاری ھەولێری دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد واشنتۆن پشتیوانی بەغداد و حکومەتەکانی دیکەی ناوچەکە دەکات لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی تاران.
پێشتریش کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، پشتیوانی لە حکومەتی عێراق و ھەموو ھاوبەش و ھاوپەیمانەکانیان دەکەن لە سەرانسەری خۆرھەڵاتی ناوەراست، لە بەرامبەر ھەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە.
ھەفتەی ڕابردوو میدیاکانی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویانکردەوە، بە موشەکی بالیستی ھێرشیان کردوەتە سەر بنکەیەکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل لە شاری ھەولێر خاپوریان کردووە.
دوێنێش بە ھەمان شێوە جارێکی تر سوپای پاسداران ھەڕەشەی کردەوە، کە ئەگەر حکومەتی عێراق بارەگاکانی دیکەی مۆساد دانەخات، ھێرشی دیکە دەکەنەوە و بە ھیچ شێوەیەک سازش لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان، ناکەن.
وتیشی، لە پێناو پاراستنی سوپاکەیان ئەو ھاوکارییە سەربازییانە ئاشکرا ناکەن کە ئەمریکا پێی بەخشیون.
سەرۆکی شارەوانی لڤیڤ ئاشکرایکرد، چەند موشەکێک بنکەی چاککردنەوەی فرۆکەکانیان لە شارەکەدا خاپوور کردوە، ئاماژەی کردوە بەوەی کە روسیا لە رێگەی ژێر دەریاییەکانییەوە لە دەریای رەشەوە شەش موشەکی کروزی ئاراستەی شارەکە کردوە و دەوروبەری فرۆکەخانەی لڤیڤی کردووەتە ئامانج، بەڵام زیان بە فرۆکەخانەکە نەگەیشتوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، ھەر بەو ھۆیەوە بنکەی چاککردنەوەی فرۆکە لە شارەکە خاپور کراوە، لە لایەکەوە رووسیا ناوچەی دژەفڕینی لە ھەرێمی دونباس سەپاند.
لە کاردانەوەیەکیشدا وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە دونباس بە واتای چوونە ناوەوەیانە بۆ رووبەربوونەوە لەگەڵ رووسیا .
عەبدولھادی نەجرانی ڕێکخەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە واشنتۆن ڕایگەیاند، بەھۆی کێشەی داراییەوە، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە واشنتۆن و کونسوڵخانەکەشی لە نیویۆرک داخستووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم بەڵگەنامە و ئەرشیفی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتەکەی ڕادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردووە، تا ئەو کاتەی حکومەتێکی ھەمەلایەنە لە ئەفغانستان پێکدەھێنرێت، کە نوێنەرایەتی ھەموو ئەفغانییەکان بکات، ئەو کاتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانی پێ دەنێت و دەتوانێت دیپلۆماتکارەکانی ڕەوانە بکات.
ھاوڵاتیانی ئەفغانی نیشتەجێی ئەمریکا دەڵێن، داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئەوان، چونکە ناتوانن پاسپۆرت یان کارتی ئەلکترۆنی وڵاتەکەیان وەربگرن.
چۆن فریزەر وەزیری کۆچی کەنەدا ڕایگەیاند، داخوازی وەرگرتنی مۆڵەتی گەشتی بە پەلە لە نێوان کەنەدا وئۆکراین کراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئاوارەی وڵاتەکە دەتوانن لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە مۆری پەنجە و زانیاری بایۆمەتری خۆیان ڕەوانە بکەن، بۆ وەرگرتنی مانەوەی کاتی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاوارە ئۆکرانییەکان دەتوانن مۆڵەتی کار و خوێندنیش بەدەست بھێنن لە کەنەدا.
بە گوێرەی سەرژمێرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوەی ھێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراین دەستی پێکردووە، زیاتر لە سێ ملیۆن ئۆکراینی ئاوارە بوون، نیوەی ئەو ژمارەیە چوونەتە ناو خاکی پۆڵەنداوە.
ئەوە یەکەمین پەیوەندی تەلەفۆنییە لە نێوان سەرۆکانی ئەمریکا و چین، لە دوای دەستپێکردنی ھێرشی سەربازیی ڕووسیا دژی ئۆکراین.
پێشتریش ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ڕێکاری توند بەرامبەر چین دەگرنەبەر، ئەگەر ئەو وڵاتە پشتیووانی لە ھێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین بکات.
ڕاشیگەیاند، چین بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانەدا دەڕوات، ئەوەش بە ئیدانە نەکردنی ھێرشە دوژمنکارانەکەی ڕووسیا، بە بیانووی ئەوەی کە ھەوڵ دەدات بێلایەن بێت.
لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە سەرۆکایەتیی تورکیا ڕایگەیاند، ئەردۆغان ئامادەیی تورکیای بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکانی ڕووسیا و ئۆکراین، لە ئەنقەرە یاخود ئیستانبوڵ دەربڕیووە و داوای لە پوتن کردووە، ڕەچاوی ڕەوشی مرۆیی لە ئۆکراین بکات و ڕێڕەوە مرۆییەکان چالاک بکات.
ئەردۆغان ڕاشیگەیاندووە، کە ئاگربەستێکی ھەمیشەیی لە ئۆکراین، ڕەنگە ببێتە چارەسەرێکی درێژخایەن، لە بەرامبەردا ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، تاکو داماڵینی ئۆکراین لە چەک ھێرشە سەربازییەکانیان ڕاناگرن.
ھاوکات ئیبراھیم کاڵن، گەورە ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەردۆغان و پوتن دوو بەش بووە و ھەندێک داواکاریی پوتن قورس نین، کە ئەوەن ئۆکراین بێلایەن بێت و نەبێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام پوتن داوای چەکدانان لە ئۆکراین دەکات و پێدەچێت ڕووسیا داوای دەستبەرداربوونی ئۆکراین لە ھەرێمی دۆنباس و داننان بە نیمچە دوورگەی کریمیا وەک بەشێک لە خاکی ڕووسیا، لە ئۆکراین بکات.
ڕۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی ھەینیەوە ھیچ دیپلۆماتکار و بەرپرسێکی حکوومەتی ڕووسیا و بێلاروس، بۆیان نییە سەردانی پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری برۆکسل بکەن.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا ڕایگەیاند، ١٠ دیپلۆماتکاری باڵیۆزخانەی ڕووسیایان ئاگادارکردووەتەوە، لە ماوەی ٧٢ سەعاتدا خاکی بولگاریا بەجێبھێڵن، ھەر یەکە لە وڵاتانی لیتوانیا و لاتیڤیا و ئیستۆنیاش، ١٠ دیپلۆماتکاری باڵیۆزخانەی ڕووسیایان لە وڵاتەکانیان دەرکرد، ھۆکارەکەشیان بۆ چالاکی دژ بە بنەماکانی دیپلۆماسی لە لایەن ئەو دیپلۆماتکارانەوە گەڕاندەوە.
لە کاردانەوەی دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانی لە وڵاتانی ئەوروپا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، دەرکردنی دیپلۆماتکارانی ڕووسیا ھەنگاوێکی دوژمنکارانەیە و مۆسکۆ وەڵامی بۆ ئەو ھەنگاوە دەبێت.
بایدن لە کۆشکی سپی لە وەڵامی رۆژنامەنوسێکدا دەڵێت، بەڵێ پێم وایە پوتن تاوانباری جەنگە، جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپیش وتی، بایدن لە دڵەوە قسەکەی کردووە چونکە پوتن ھێرشی زۆر دڕندانە ئەنجام دەدات.
ھاوکات، دیمتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین ئیدانەی ئەو لێدوانەی "بایدن"ی کرد و رایگەیاند، قبوڵی ناکەن و لێی خۆش نابن.
چاودێرانیش دەڵێن، ئەو لێدوانەی بایدن بەرامبەر پوتن، پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و ئەمریکا و خودی ئەو دوو سەرۆکە خراپتر دەکات.
دادگای دادی نێودەوڵەتی رایگەیاندوە ، روسیا ھیچ بەڵگەیەکی نیە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئۆکراینی دەکات سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە ھەردوو ویلایەتی لوھانسک و دونیتسک ، و راشیگەیاندوە ، مۆسکۆ ئەو تۆمەتانەی کردۆتە بیانویەک بۆ داگیرکردنی ئۆکراین
دادگای دادی نێودەوڵەتی داواشی لە روسیا و ئەو ھێزانەش کردوە کە ھاوکاری دەکەن یاخود لە ژێر دەسەڵاتی مۆسکۆدان ، بە زوترین کات داگیرکارییەکانیان بۆ سەر ئۆکراین کۆتایی پێبێن .
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری"جەھەپە"یاداشتی ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ٨ پەرلەمانتاری ھەدەپە داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا و داوای کردووە لیژنەی ھاوبەشی داد و دەستوری ھەمیشەیی بەتۆمەتی ھاوکاریکردنی رێکخراوی قەدەغەکراو پارێزبەندی لەسەر ئەو ھەشت پەرلەمانتارە ھەڵبگرێت.
بەپێ زانیارییەکان ئەو پەرلەمانتارانەی بڕیارە پارێزبەندییان لەسەر ھەڵبگیرێت پێکھاتوون لە"ئایشە ئاجار باشاران"وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی ھەدەپە، "فەلەکناس ئوجا"جێگری ھاوسەرۆکانی گشتیی ھەدەپە و پەرلەمانتاران "حسێن کاچماز و رەمزیە تۆسون و عومەر فاروق گەرگەری ئۆغڵو و سەزایی تەمەللی و نوسرەدین ماچین و ئالیجان ئۆنلو"
سەردانەکەی چاوش ئۆغلۆ بۆ شاری لڤیڤ رۆژێک دوای سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ دێت، کە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبووەوە و رایگەیاند، ھەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە جەنگی ئۆکراین و روسیا یاسایی و ھاوسەنگە، بەوپێیەشی پەیوەندی باشی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا ھەیە، ھەوڵیداوە رۆڵی نێوەندگیر ببینێت لەنێوانیاندا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھیواشی خواست ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین کۆببنەوە و ئاشتی بەدیبھێنن.
بەرپرسانی خارکیڤیش ئاشکرایان کردووە لە بۆردوومانێکی سوپای ڕووسیا لە شارەکەدا لانی کەم ٢١ کەس گیانیان لە دەستداوە.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینیش دەڵێت، تا ئێستا بەھۆی بۆردوومانەکانی ڕووسیاوە ١٠٨ منداڵی ئۆکراینی گیانیان لە دەستداوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش لە زاری سەرچاوەیەکی دەزگای ھەواڵگری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، لە سێ ھەفتەی ڕابردوودا حەوت ھەزار سەربازی ڕووسی لە جەنگی ئۆکرایندا کوژراون، بەم جۆرەش ژمارەی کوژراوەکانی سوپای ڕووسیا لە ئۆکرین زیاترە لە ژمارەی کوژراوەکانی سوپای ئەمریکا لە جەنگی ٢٠ ساڵەی عێراق و ئەفغانستان.
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی سەپاندنی ناوچەی دژە فڕینی لە ئۆکراین ڕەتکردەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئەو سیستمە بەرگرییانەی بە سوپای ئۆکراینیان داوە چالاکن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ھێزەکانی ڕووسیا.
دوای سەردانەکەی مەولود چاوشئۆغڵو بۆ شاری لڤیڤی ئۆکراین و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆک ڕووسیا ئەنجامدا و داوای لێکرد لە تورکیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین کۆببنەوە و بە ڕێگەی دیپلۆماسیی کێشەکانیان چارەسەر بکەن.