کۆشکی کرملین قسەکانی بۆریس جۆنسن لە بارەی ھەڕەشەی ھێرشی مووشەکی رەتدەکاتەوە
ڕێبوار
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قسەکانی بۆریس جۆنسن یان درۆیەکی ھۆشیارانەیە کە پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکرێت یاخود درۆیەکی ناھۆشیارانەیە و تێنەگەیشتووە پوتن چی وتووە.
وتیشی، ئاگای لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی پوتن و جۆنسن بووە و ھیچ ھەڕەشەیەکی تێدا نەبووە و پوتن لە قسەکاندا لەبارەی مەترسییەکانی سەر روسیا وتوویەتی لە حاڵەتی بە ئەندامبوونی ئۆکراین لە ناتۆ ئەگەری ئەوە ھەیە ناتۆ و ئەمریکا مووشەک لەسەر سنورەکانیان جێگیربکەن ئەوەش واتای ئەوەیە لەچەند خولەکێکدا مووشەک دەگاتە مۆسکۆ.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لە فیلمێکی بەڵگەنامەیەدا باسی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی خۆی و پوتن کرد پێش جەنگی ئۆکراین و رایگەیاند، پوتن ھەڕەشەی ھێرشی مووشەکی بۆ سەر بەریتانیا لێکردووە.



