میدیای رەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی وڵاتەکە سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی مووشەکێکی بالیستی کیشوەربڕی کردووە، لە جۆری ھواسونگ ١٨، ئەوەش لە چوارچێوەی مەشق و راھێنانەکانە بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر رووداوێکی نەخوازراو و دەرخستنی تواناکانیان، کە مووشەکەکە توانای ھەیە بگاتە وشکانییەکانی ئەمریکا.
میدیای رەسمی کۆریای باکور لە زاری کیم جۆنگ ئونەوە بڵاویکردەوە، ئەو تاقیکردنەوەیە ئاماژەیەکی روونە بۆ وڵاتە دوژمنەکان کە ھێزی کۆریای باکور وێنەی نییە.
کۆریای باشوریش رایگەیاند، ئەو مووشەکەی پیۆنگ یانگ تاقیکردووەتەوە کیشوەربڕە و بە سوتەمەنی رەق ئیش دەکات، لەگەڵ وڵاتانی ژاپۆن و ئەمریکاش ئیدانەی ئەو تاقیکردنەوەیان کرد.
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا، پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە بەشداری ١٠ وڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور لەژێر ناوی "دەستپێشخەریی ئاسایشی فرەنەتەوەیی" ڕاگەیاند، کە لەنێویاندا وڵاتێکی عەرەبی ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو وڵاتانەی کە ئازادی کەشتیوانیان دەوێت دەبێت بچنە ناو ھاوپەیمانیەکەوە و رووبەرووی ئەو ئاڵنگاریانە بیبنەوە کە حوسیەکان لەو ناوچەیە دروستیانکردووە.
ئۆستین راشیگەیاند، ئەو وڵاتانەی بەشداری ئەو ھاوپەیمانیەی کردوە بریتین لە بەریتانیا، بەحرەین، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ھۆڵەندا، نەرویژ، سیشێل و ئیسپانیا.
دەستەی بومەلەرزەزانی ئەمریکی بڵاویکردەوە، شەوی دووشەممە بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پلە بە پێوەری رێختەر ھەرێمی "غانسو"ی لە باکوری رۆژئاوای چین ھەژاند، بەھۆیەوە زۆرێک لە خانووەکان رووخاون و ھاووڵاتیان بەرەو شەقامەکان رایانکرد، ھەروەھا ئاو و کارەبا لە چەند گوندێکیش بڕاوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لێپرسراوانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردووەتەوە، زیاتر لە ١١٦ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی تریش برینداربوون و بێسەروشوێنن.
شی جین پینگ سەرۆکی چین داوای کردووە ھەوڵی جدی بدرێت بۆ دۆزینەوەی کەسانی بێسەروشوێن و بەھاناوەچوونی ھاووڵاتیان.
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا راپۆرتی زیانەکانی ئەمڕۆی سوپای ئۆکراینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە ئاڕاستە کۆبیانسک بەرپەرچی ١٠ ھێرشی ئۆکراینیان داوەتەوە و ٦٠ سەربازیان کوشتووە، لەگەڵ تێکشکاندنی دوو تانکی جۆری لیۆپارد و سێ زرێپۆش.
راشیگەیاند، بە ئاڕاستەی کرانسۆلیمان سوپای ڕوسیا لە باشووری رۆژھەڵاتی کۆزمینۆ ٢٢٠ سەربازی ئۆکراینی کوژراون، لە ناوچەی دۆنێسکیش سوپای ڕوسیا ١٣ ھێرشی سوپای ئۆکراینی بەرپەرچداوەتەوە و بەھۆیەوە ٢٨٠ سەربازیان کوشتووە، لەلایەکی ترەوە سوپای روسیا بە ئاڕاستەت زاپۆرۆژیا دوو ھێرشی سوپای ئۆکراینیان تێکشکاندووە و بەھۆیەوە ٧٠ سەربازیان کوشتووە.
ڕێکخراوەکە کە بارەگای لە نیویۆرکە لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت، حکومەتی ئیسرائیل برسیکردنی خەڵکی مەدەنی وەک تاکتیکێکی نوێی شەڕ لە کەرتی غەززە بەکاردەھێنێت کە ئەوەش تاوانە جەنگە.
ئاماژە بەوەش دەکات، سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست ڕێگە لە گەیشتنی ئاو و خۆراک و سوتەمەنی و ھاوکارییە مرۆییەکان دەگرێت بۆ غەززە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچە کشتووکاڵیەکان وشک دەکات.
عومەر شاکر، بەڕێوەبەری کاروباری ئیسرائیل – فەلەستین لە ڕێکخراوەکە دەڵێت، زیاتر لە دوو مانگە ئیسرائیل دانیشتوانی غەززەی بێبەش کردووە لە ئاو و خۆراک و کەرەستەی پێویست بۆ مانەوەی خۆیان لە ژیان.
ئەو بەرپرسە پێیوایە کە دەبێت سەرکردەکانی جیھان دەنگیان بەرز بکەن دژی ئەم تاوانە جەنگییە قێزەونە، کە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر خەڵکی غەززە ھەیە.
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل وڵاتێکی بچوکە، بەڵام لەلایەن حەماسەوە ھێرشێکی دڕندانەی کراوەتەسەر و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی ئیسرائیل و بیر لە باشترین رێگا دەکەنەوە بۆ ئاسایشی ئەو وڵاتە و واشنتۆن یارمەتی تەل ئەبیب دەدات بۆ دۆزینەوە و ئازادکردنی بارمتەکان.
ئۆستن راشیگەیاند، پێویستە ھاوکاری مرۆیی زیاتر رەوانەی غەززە بکرێت کە نزیکەی دوو ملیۆن کەس ئاوارەبوون و پێویستیان بە یارمەتی خێرایە.
ھاوکات بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل شەڕی ئێران و ئەو گروپانە دەکات کە لە خۆیەوە نزیکن، بەتایبەت ئەو ھەڕەشانەی کە لە دەریای سووردا ھەیە چونکە ھەڕەشەیە بۆسەر ئازادی گەشتکردن لە جیھاندا.
جەواد عوجی، وەزیری نەوتی ئێران ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە کە تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی بەنزینخانەکانی سەرانسەری ئێران ھۆکارەکەی ھێرشێکی ئەلیکترۆنی بووە.
ئەو گروپە ھاکەرە توانیویانە ٧٠٪ی بەنزینخانەکانی ئێران لەکاربخەن، ھاوکات دەسەڵاتدارانی ئێران کارەکانی گروپەکەی خستە پاڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.
گروپە ھاکەرەکە لە ڕابردووشدا بەرپرسیارێتی ھێرشە ئەلیکترۆنییەکانییان دژی بەنزینخانەکانی ئێران و تۆڕەکانی ھێڵی شەمەندەفەر و کارگەکانی پۆڵا ڕاگەیاندبوو.
ساڵی ٢٠٢١ گروپەکە ھێرشێکی گەورەی ئەلیکترۆنی لە وێستگەکانی سووتەمەنی ئەنجامدا و بووە ھۆی ئەوەی خەڵک لە سەرانسەری ئێراندا بۆ وەرگرتنی بەنزین ڕیز بگرن.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، بەلەمەکە ٨٦ کەسی ھەڵگرتوە و لە شاری زوارەی لیبیاوە بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا ڕێکەوتوون، بەڵام دواتر بەلەمەکەیان گرفتی بۆ دروست بووە و نقوم بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، توانراوە تەنیا ٢٥ کەس رزگار بکرێن و ٦١ کۆچبەریان خنکاون کە خەڵکی نێجیریا و گامبیا و چەند وڵاتێکی تری ئەفریقین و ئەوانەشی رزگارکران دۆخی تەندروستییان زۆر باشە.
فلاڤیۆ دی جیاکۆمۆ، وتەبێژی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لەمساڵدا زیاتر لە دوو ھەزار و ٢٥٠ کۆچبەر لە دەریای سپی ناوەڕاست خنکاون و نیگەرانن لە زیادبونی ژمارەی خنکانی کۆچبەران.
نوسینگەی رۆژنامەوانیی حکومیی لە کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی لە حەوتی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بەھۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون، بۆ ٩٢ رۆژنامەنووس بەرزبووەتەوە.
لە رۆژی حەوتی تشرینی یەکەمەوە، ئیسرائیل لە کاردانەوەی ھێرشێکی بزووتنەوەی حەماسدا، لە ئاسمان و زەوییەوە دەستی بە ھێرشێکی چڕ بۆ سەر کەرتی غەززە کردووە و بەھۆیەوە زیاتر لە ١٩ ھەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون.
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەردانی ھەریەکە لە ئیسرائیل و بەحرەین و قەتەر دەکات، بۆ جەختکردنەوە لە پابەندبوونی ئەمریکا بە ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمایەتی، ھەروەھا بۆ کارکردن لەگەڵ ھاوبەش و ھاوپەیمانانەکانیان بۆ بەھێزکردنی توانا بەرگرییەکانیان.
سەردانەکەی لوید ئۆستن، دووەمین سەردانیەتی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەدوای رووداوەکانی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل.
پێگەی رەسمی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە باس لەوە دەکات گەورەترین تۆنیلی چەکدارانی حەماس بووە و لەو تونێلەوە سەدان ھێرشیان بۆسەر سوپای ئیسرائیل ئەنجامداوە و درێژی تونێلەکەش زیاتر لە چوار کیلۆمەترە و نزیکەی ٥٠ مەتریش لە ژێر زوەی دروستکراوە و ھێندە گەورەشە کە ئۆتۆمبێل لەناویدا ھاتووچۆی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەروازەی سەرەکی تونێلەکە تەنھا ٤٠٠ مەتر لە دەروازەی ئیریزەوە دوورە کە رۆژانە دانیشتووانی کەرتی غەززە بۆ چوونە ناو ئیسرائیل بەکاریانھێناوە بە مەبەستی کارکردن و وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل و سیستمی کارەبا و ھەواگۆڕێشی تێدا بنیاتنراوە و چەند دەرگایەکیشی بۆمبڕێژکرابوو بۆئەوەی ببێتە رێگر لە بەردەم پێشڕەوییەکانی سوپای ئیسرائیل.
ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کۆبوەوە و ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر وەستاندنی کۆچی نایاسایی لە رێگەی بەلەمەوە بۆ وڵاتەکانیان ئەوەش لە رێگەی پرۆژەیەکەوە بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران.
راشیگەیاند، پابەندین بە بەشداریکردن لە پرۆژەی پاڵپشتی دارایی و ھاوکاری پەنابەران و دیپۆرتکردنەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان، یاخود ئەو وڵاتەی لێوەی ھاتوون و نزیکەی ساڵێکیشە لەگەڵ ئەلبانیا رێککەونتیان کردوە بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران لەرێگەی بەلەمەوە بۆ بەریتانیا.
وتیشی، ھاتنی کۆچبەران لە ئەلبانیاوە بۆ بەریتانیا بەرێگەی ٩٠% کەمیکردوە و ھەوڵدەدەن لەگەڵ وڵاتانی تریش رێککەوتن لەو بارەیەوە بکەن.
ناوەندی جیھانی ژن لە کەنەدا، ئاشنا عەلی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ستراتیژی و گەشەسەندن لە کۆمپانیای (ئەنتی ھیرۆیین میدیا) وەک یەکێک لە ٢٠ ژنە سەرکردەو کاریگەرەکان دەستنیشان کرد.
ئاشنا ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ رێکخراوەکان و کۆمپانیاکاندا ھەیە لەبواری ڕاوێژکردندا، کۆمپانیاکەشی تایبەتە بە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەی کە گۆڕانی کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیاندا دەھێنن.
ئاشنا شارەزاییەکی زۆری لە بوارەکانی پەیوەندی ستراتیژی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان و سەرکردایەتی و بیرکردنەوەی ڕێکخراوەیی ھەیە و پلانی ستراتیژیی بۆ کۆمەڵێک ھەڵمەتی دیجیتاڵی لە جیھاندا داڕشتووە کە زیاتر جەختی لە ڕۆڵی ژنان کردووەتەوە تیایاندا.
ساڵی ٢٠٢٢ لە فێستیڤاڵی تۆرێنتۆدا کورتە فیلمێک لە بارەی ئاشنا نمایشکرا کە تیایدا وەک کارەکتەرێکی بەتوانا لە بوارەکەی خۆی دەرکەوت، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام داوایکردووە ژنان بەشدارییەکی چالاکانەیان لە بزووتنەوە ئاشتیخوازەکاندا ھەبێت.
یەحیا سەریع وتەبێژی حوسیەکان ئاماژەی بەوە کردووە، ھێرشەکە لە شاری ئیلاتی باکوری فەلەستین ئەنجامدراوە.
لەلایەکی ترەوە ھێزی بەرگری ئاسمانی میسر بڵاویکردەوە، درۆنێکی لە کەناراوەکانی دەریای سور لە نزیک شاری دەھب لە کەناراوی رۆژھەڵاتی سینا تێکشکاندووە کە لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە ڕەوانە کراوە.
لە ھەمان کاتدا، سەرچاوەیەکی ئەمنی میسر ئەوەی ئاشکرا کردووە، پاشماوەی درۆنێکی تریان لە ناوچە شاخاوییەکان دۆزیوەتەوە کە تێکشکێنراوە.
لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی رابردووش، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسیەکان دوو ناوچەی تری ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلیان لە دەریای سور کردە ئامانج.
سەرکردایەتی ناوەندی ئەمریکا _ سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە ھێرشە موشەکیەکەی سەر کەشتییە بارھەڵگرەکەی گەرووی بابولمەندەبی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور، ھیچ زیانێکی بەدواوە نەبووە.
دەشڵێت بەردەوامن لە چاودێریکردنی وردی دۆخی ناوچەکە.
لەلایەکی ترەوە وتەبێژی کۆمپانیای مێرسک بۆ گواستنەوەی دەریایی دەڵێت، کەشتییەکەیان ھیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە، لەکاتێکدا حوسیەکان باسیان لەوە کردووە کەشتییەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.
رۆژی سێشەممەی رابردووش حوسیەکان بە موشەک کەشتیەکی نەوتی نەورویژیان لە دەریای سوور کردە ئامانج کە بەرەو ئیسرائیل دەچوو.
دووبارەبونەوەی ھێرشەکان بۆ سەر کەشتیە بارھەڵگرەکان، ھەندێک لە کۆمپانیاکانی ناچار کردووە ڕێڕەوی گەشتەکانیان لە ئیسرائیلەوە بگۆڕن بۆ رەئس رجا ساڵح بەرەو ئەفریقاو ئاوەکانی دەریای ئەتڵەتیکی باکور، ئەوەش بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی و زیان گەیاندن بە ئابووری ئیسرائیل.
جۆن کێربی، وتەبێژکی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە گفتوگۆکانی جەیک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی کە رۆژی پێنج شەمە بەڕێوەچووە، باس لە کەمکردنەوەی ھێرشەکانی ئیسرائیل کراوە بۆسەر کەرتی غەززە.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەزاری کێربییەوە بڵاویکردووەتەوە، رەنگە ھێرشەکان بۆسەر غەززە لەدوای سەردانەکەی سۆلیڤانەوە کەم ببنەوە، بەڵام ھێشتا کاتێکی دیاریکراوە بۆ ئەو مەبەستە دانەنراوە.
کێربی ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی ھیوادارە بە زووترینکات شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بوەستێت، ئەمەش دوای ئەوەھات، کە یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ھۆشداریدا لەوەی ململانێکان بۆ ماوەیەکی زیاتر لە چەند مانگێک بەردەوام دەبن.