پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان دەم پارتی لە ڕێگەی دەنگدانی ناوخۆیی کاندیدەکانی بۆ ھەڵبژاردنی خۆجێیی شارەوانییەکانی تورکیا دەستنیشان دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆسەی ھەڵبژاردنی ناوخۆیی دەست پێکردووە.
لە ئێستادا کاندیدەکانی دەم پارتی لە ٤٨ ناوەند یەکلایی کرانەوە کە رێژەیەکی بەرچاو کاندیدی ژنیشیان لەناودایە، لە بەشێک لە ناوەندەکان بەھۆی ئەوەی لە خولی یەکەمدا کاندیدەکان دەنگی پێویستیان بەدەست نەھێناوە، لە خولی دووەمدا ناوی کاندیدەکان یەکلایی کراونەتەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمرۆ لە ناوچەکانی ئەردەخا، پەیاس، فارقین و بسملی ئامەد و جزیری شڕنەخ، پرۆسەکە بەڕێوەچووەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە لە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوەبچێت.
پۆلیسی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ھێرشبەرێک کە دانیشتووی شارۆچکەی خەلیلە لە کەناری رۆژئاوای فەڵەستین، لە رێگەی ئۆتۆمبێل و چەقۆوە لە شاری رەعنانای باکوری تەلئەبیب ھێرشێکی ئەنجامداوە.
دەشڵێت، ھێرشبەرەکە بە ئۆتۆمبێل ١٣ کەسی شێلاوە و ھەڵاتووە، دواتر لە ناوچەیەکی تر بە چەقۆ ھێرشی کردووەتەسەر ژنێک و کوشتوویەتی، ژمارەیەک ھاووڵاتی دیکەشی بریندارکردووە.
بە وتەی پۆلیسی ئیسرائیل، ھێرشبەرەکە سێ ئۆتۆمبێلی گۆڕیوە بۆ ئەنجامدانی ھێرشەکان و دواتر دەستگیر کراوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا ، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین و سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر داوایان کرد بە زووترین کات شەڕ لە کەرتی غەززە رابگیرێت و کۆتایی بە توندوتیژی و کوشتار بھێنرێت، داواشیان کرد بەپێی بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ دۆسیەی فەڵەستین بکرێت و کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ھەمیشەیی بۆ ئەو دۆسیەیە ببەسترێت.
بڕیارە لە دوای کۆتاییھاتنی سەردانەکەی بۆ میسر، وەزیری دەرەوەی چین بۆ تاوتوێکردنی ئاڵۆزییەکانی کەرتی غەززە، سەردانی چەند وڵاتێکی تری ناوچەکە بکات.
بلینکن ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە کۆی ٢٥٠ ئیسرائیلی کە لە غەززە لەلایەن بز,وتنەوەی حەماسەوە وەک بارمتە دەستگیرکراون، تا ئێستا زیاتر لە ١٣٠ یان ئازاد نەکراون و لەو ژمارەیەش ٦ یان بە رەگەز ئەمریکین.
بلینکن ئاماژەی بۆ ئەوە ئەوەشکردووە، لە نزیکەوە چاوی بە خێزانی بارمتەکان کەوتووە و بۆی دووپاتکردوونەتەوە کە ئەمریکا پشتگیریان دەکات، ئارامیش ناگرن تا سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن و دووبارە لەگەڵ خێزانەکانیان شاد دەکرێنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆشکی سپیش، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، فراوانکردنی ھەوڵەکانی بووە بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان .
بە بەشداری راوێژکاری ئاسایش و ئاسایشی نەتەوەیی ٨٣ وڵات کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا بەڕێوەدەچێت کە تیایدا تاوتوێی چەند پێشنیازێکی سەرۆکی ئۆکراین دەکەن بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و پاڵپشتی ئۆکراین.
ئیگنازیۆ کاسیس، وەزیری دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، ٨٣ وڵاتە ئامادەن لە داڤۆس بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاشتی ئۆکراین و پێویستە رێگاچارەیەک بدۆزنەوە بۆ بانگھێشتکردنی روسیا و بەبێ مۆسکۆ ئەو بابەتە ئەستەم دەبێت. ھەروەھا رەوشی غەززە و چەندین بابەتی دیکەی جیھانی تاوتوێ دەکرێن.
کۆڕبەندی داڤۆس لە رۆژھەڵاتی سویسرا بەڕێوەدەچێت و ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت و کەسایەتی سیاسی و ئابورییەکانی جیھان کۆدەکاتەوە و بۆ ئەمساڵیش چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئۆکراین بەشداری کۆڕبەندەکە بکات. ھاوکات محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشدار دەبێت.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە دووبارە جوڵە بکات دژی حوسییەکانی یەمەن ئەگەر بێتو بەردەوام بن لەو ھێرشانەی لە دەریای سوردا دژی کەشتیە سەربازی و بازرگانییەکان ئەنجامی دەدەن، چونکە بە ھەر رێگایەک بێت بەریتانیا دەیەوێت سنورێک بۆ ھێرشی حوسییەکان دابنێت و ھەموو ھەڵوێستەکانیشیان رەتدەکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا راشیگەیاندووە ، ئێران لە ھێرشەکانی دەریای سوردا رۆڵی زۆر خراپی گێراوە.
بە وتەی کامیرۆن، بەردەوامیدان بە کرانەوەی رێرەوە دەریاییەکان بەرژوەندییەکی نیشتمانییە ئەگەرچی کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکانیش دروست بکات لە بەریتانیا و وڵاتانی تری جیھاندا .
فەرماندەی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، کەشتییەکی فڕۆکە ھەڵگری ئەمریکا لە باشوری دەریای سور بە مووشەکی کروز کراوەتە ئامانج کە لەنزیک شاری حەدەیبیەوە لەلایەن حوسییەکانەوە ئاڕاستە کرابوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، توانراوە رێگری لە موشەکەکە بکرێت و لە نزیک کەشتییەکە بخرێتە خوارەوە، ھێرشەکەش زیانی گیانی و ماددی بە داوەوە نەبووە.
رۆژی ١٤ی ئەم مانگە حوسییەکان رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە نزیک ئاسمانی یەمەندا تێپەڕیون و چاودێری کەناراوەکانی ئەو وڵاتەیان کردووە.
محەمەد عەبدولسەلام، وتەبێژی حوسیەکان جوڵەکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای لە دەوروبەری یەمەندا بە پێشێلکاری سەروەری ئەو وڵاتەی ناوبردبوو.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، مەتینا و خواکوڕک و قەندیل و چیای گارا و ئاسۆسیان لەگەڵ چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کردووە.
دەشڵێت، ئامانج لە بۆردوومانەکە کەمکردنەوەی ھەڕەشەیە دژی ھێزەکانی تورکیا لە چوارچێوەی بەرگری کردن لە خۆیان بەپێی ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان.
بەرگری تورکیا راشیگەیاند، حەشارگە و ئەشکەوت و کۆگای چەک و لۆجستیک و چەند شوێنێکی گرنگی پەکەکەیان بۆردوومان کردووە و بەردەوام دەبن لە بۆردوومان کردن.
ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، گەلی فەڵەستین بڕیاریداوە بەرامبەر زوڵم و ستەمەکانی ئیسرائیل بوەستێتەوە و ئێرانیش پشتیوانی تەواوی ئەو بڕیارەی گەلی فەڵەستین دەکات، پێویستیشە تەواوی جیھانی پشتگیری لەو بڕیارەی ئەو گەلە ستەملێکراوە بکەن بۆ بەرگریکردن لە خاک و نەتەوەی خۆیان.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا پشتیوانی ماددی و سەربازی ئیسرائیل دەکات بۆ شەڕی غەززە، لەبەرامبەریشدا ئێران پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین و گروپە چەکدارەکانی بەرەی بەرخۆدان دەکات لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن بۆ بەرپەرچدانەوەی وێرانکارییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
لێپرسراوانی کۆڵۆمبیا رایانگەیاند، لەناوچەی "چوکۆ" کە رووی لە زەریای ھێمنە ، بەھۆی باران بارینی بەخوڕەوە رۆچونی زەوی روویداوە و بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان تا ئێستا ٣٤ کەس گیانیانلەدەستداوە کە زۆرینەیان منداڵن، ھەڵمەتەکانی رزگارکردن و بەھاناوەچوونیش بەردەوامن . ھەروەھا جگە لە زیانە گیانیانییەکان، رووداوەکە زیانی ماددی زۆریشی لێکەوتۆتەوە .
بە وتەی گۆستاڤۆ پێترۆ سەرۆکی کۆڵۆمبیا، ھەموو ھاوکارییەک بۆ زیان لێکەوتووان دابین دەکەن .
رەشنووی پرۆژەیاسای بودجەی ئیسرائیل، کاریگەرییە داراییەکانی شەڕی غەززە لە سەر ئیسرائیل گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلار و ئەوەش بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی کورتھێنان بە رێژەی ٦.٦٪ داکشانی گەشەی ئابووری بەرێژەی ١.١٪.
لەلایەکی تریشەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیدا کە لە کەناری خۆرئاوا ئەنجامیانداوە، ٢٥ کەس دەستگیرکراون کە ٢٣یان چەکداری حەماسن و دوانیشیان برای ساڵح عاروری جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسن کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەھۆی بۆردومانێکی ئیسرائیلەوە لە ناوچەیەکی باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنان کوژرا.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی ١١ی ئەم مانگە ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود دەسترێژی گوللـەیان لە کاروانێکی کۆڵبەر کردووە لە ئاکامدا سێ کۆچبەر برینداربوون، کە خەڵکی شاری ڕوانسەرن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھەر ھەمان رۆژ دەسترێژی گوللـە لە کاروانێکی دیکەی کۆڵبەران کراوە و بەھۆیەوە چوار کۆڵبەر برینداربوون، کە خەڵکی گوندی " تین" سنووری شاری پاوەن.
رێکخراوی ھەنگاو ڕاشیگەیاندووە، بریندارەکان دەستبەجێ گواستراونەتەوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکانی شاری پاوە و لەئێستادا چارەسەری پێویستییان بۆ دەکرێت.
مارتن گریفیس بریکاری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەگەر ھەنگاوی پێویست نەنرێت کارەساتی مرۆیی لە کەرتی غەززە روودەدات و ھیچ شوێنێکی سەلامەت لەو شارە بوونی نییە و داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد بڕیاری بەپەلە بدات بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە.
وتیشی، ھەست بە نیگەرانی دەکات کە دوو وەزیری ئیسرائیل داوای گواستنەوەی فەڵەستنییەکان دەکەن بۆ وڵاتێکی تر.
لیندا گریفلاند باڵیۆزی ئەمریکاش لە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، ھێرشی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حوسییەکان دژیەک نین لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەلاماردانی کەشتییەکان لە دەریای سور کەمدەکاتەوە و ئەو دوو وڵاتە بەردەوام دەبن لە ھەوڵە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ بەرگریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەیامێکی تایبەتی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە، سەبارەت بە ھێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، جەختیلەوەشکردەوە، ئەمریکا ئامادەیە بۆ گرتنەبەری ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ ھەر پێشھاتێک.
ماوەی دوو رۆژە ئەمریکا و بەریتانیا ھێرشی ئاسمانی دەکەنە سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن، حوسییەکانیش ڕایانگەیاند، وەڵامی توند و کاریگەریان دەبێت بۆ بۆردومانەکان.
بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە مانگی ئازاری ئەمساڵ لە تورکیاو باکوری کوردستان بەڕێوەبچێت، دەم پارتی بڕیاریداوە شێوازی دیاریکردنی کاندیدەکانی بۆ سەرۆکی شارەوانیی و ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی شارۆچکەکان بگۆڕێت.
بۆ ئەو مەبەستەش لە گەورە شارەکانی وان و مێردین و شرناخ و دەیان شارۆچکەی دیکە سندوقی دەنگدانی داناوە و ھاووڵاتیانی ئەو پارێزگایانە دەتوانن کەسێک بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکە لەژێرناوی دەمپارتدا کاندید بکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە بەھۆی کوژرانی نۆ سەربازی تورکیا لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە لە ٢٤ سەعاتی رابردودا، پارتەکانی تورکیا بڕیاریاندا ئاشکراکردنی ناوی کاندیدەکانیان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان دوابخەن.
چاوەڕوان دەکرێت، دادگای نێودەوڵەتی لاھای دوای گوێگرتن لە تەواوی سکاڵاکە، بڕیارێک دەربکات بۆ راگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
دوێنێ یەکەم دانیشتنی ئەو دادگایە بۆ گوێگرتن لە سکاڵاکەی ئەفریقای باشور بەڕێوەچوو، کە لە ٨٤ پەڕە پێکھاتووە. ئەو دادگاییکردنەش بە پێشھاتێکی مێژویی دادەنرێت، کە ھاوشێوەی نەبووە.
سەرۆکی تیمی پارێزەرانی نێودەوڵەتیش رایگەیاند، ھێرشەکەی ئیسرائیل لە کەرتی غەزەە ھاووڵاتی بێتاوانی کوشتووە و کەرتی غەززە بووەتە زیندانییەکی داخراو کە ئیسرائیل کۆمەڵکوژی تێدا ئەنجام دەدات و سەرجەم رێککەوتنەکان پێشێل دەکات.
ھەر دوێنێ لە بەردەم دادگاکە، خۆپیشاندانی پشتیوانی بۆ فەڵەستینییەکان و پشتیوانی سکاڵاکەی ئەفریقای باشور دژی ئیسرائیل رێکخرا.
بەشێکی دیکەش لە ھاووڵاتیان لەبەردەم دادگاکە کۆبوونەوە بۆ پشتیوانی ئیسرائیل و چەندین دروشمیان بەرزکردبووەوە، ئیسرائیلیش بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە دانیشتنەکان ئامادەیە.