تۆماس وایت، بەڕێوبەری دەزگای فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین رایگەیاند، کەرتی غەززە بەدەست برسێتی کارەساتبارەوە دەناڵێنن و ٤٠% دانیشتوانی غەززە مەترسی برسێتییان لەسەرە، ئاماژەی بەوەشکردووە، خەڵکی غەززە بۆ مانەوە رۆژانە دەجەنگن.
راشیگەیاند، دانیشتوانی کەرتی غەززە دەچنە مانگی سێیەمی شەڕەوە، کاولکاری زیاتر چاوەڕێیان دەکات لە ئێستادا نزیکەی ٧٠%ی باڵەخانەکانی غەززە زیانیان بەرکەوتووە یان بە تەواوی وێران بوون.
بنیامین ناتانیاھۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ جەنگێکی ئاڵۆز و پێویستیان بە کاتە بۆ بەدەستھێنانی ئامانجەکانیان، ھەروەھا بەڵێنیشیدا، سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان لە دەستی حەماس رزگار بکات.
ناتانیاھۆ وتیشی، جەنگەکە بۆ چەندین مانگی تر درێژە دەکێشێت، تاکو سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکەن و حەماس لەناودەبەن و سەرکردەکانیان دەکوژن.
ھاوکات شەوی رابردوو، ھەزاران کەس لە شاری تەلئەبیب کە بەشێکیان کەسوکاری بارمتەکان بوون، چوونە بەردەم ماڵەکەی بنیامین ناتانیاھۆ و داوایان کرد، لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووربخرێتەوە و داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختەشیان کرد.
رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە راپۆرتێکدا دەڵێت، بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیران لەدوایین ساتەکانی شەوی پێنجشەممەدا کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزاری جەنگی وڵاتەکەی ھەڵپەساردووە، چونکە ناوبراو نایەوێت رۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە حکومڕانی غەززەی دوای تەواوبوونی شەڕ، ئاشکرا بکرێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ناتانیاھۆ دەیەوێت ئەو پرسە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئەمنیدا تاوتوێ بکرێت، لەم بارەیەشەوە واشنتۆن داوای لە ئیسرائیل کردووە بە خێرایی یەکلایی بکاتەوە، کە دوای جەنگ بەڕێوەبردنی غەززە بە کێ دەسپێرێت.
شەوی رابردوو جارێکی دیکە بە درۆن و موشەک ھێرشکرایەسەر بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لە شارۆچکەی رمێلانی رۆژئاوای کوردستان، دوای ھێرشەکەش واشنتۆن کەرەستەی سەربازی زیاتری رەوانەی بنکەکە کرد و وەڵامی ھێرشەکانی دایەوە.
روانگەی سوری دەڵێت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا نۆ پێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە شارۆچکەی بوکەمالی نزیک سنوری عێراق و سوریا بۆردومانکردووە، بەشێک لەو پێگانەشی بۆردومانکراون لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەکارھێندراون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ئەنجامی ھێرشەکانیشدا لانیکەم چوار چەکدار کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریش برینداربوون.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ھێرشە مووشەکییەکەی روسیا لە بەرەبەیانی رۆژی ھەینی بۆسەر چەند شارێکی ئۆکراین بە کیێڤی پایتەختیشەوە کە بەھۆیەوە زیاتر لە ٣٠ کەس کوژران و زیاتر لە ١٦٠ کەسی تریش برینداربوون، نیشانە و ئاماژەیەکە بۆئەوەی کە روسیا دەیەوێت ئۆکراین بە تەواوی لەناوببات و بیسڕێتەوە.
وتیشی، تائێستا ئەنجومەنی پیران داواکارییەکەی کۆشکی سپی پەسەند نەکردووە بۆ ھاوکاریکردنی بە پەلەی ئۆکراین بە بەھای ١٠٦ ملیار دۆلار و ئەگەر کۆنگرێسیش رێکاری بە پەلە نەگرێتەبەر بۆ تێپەڕاندنی جیاوازی و ناکۆکییەکان، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ناتوانن ھاوکارییە سەربازییەکانیان بگەیەننە ئۆکراین بۆ بەرگریکردن لەگەلی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر ھێرشەکانی روسیا، بایدن داواشی لە کۆنگرێس کرد بە زوترین کات لەسەر ئەو بابەتە بڕیار بدات و بۆئەوەی بتوانن ھاوکاری ئۆکراین بکەن.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) ئاماری کۆی ئۆپەراسیۆنەکانی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بڵاوکردەوە و ئەوەشی خستەڕوو، لەو ساڵەدا بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ٧٣ ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەنجامداوە کە سێ ئۆپەراسیۆنیان فراوانبوون و لە دەرئەنجامیشدا ٣٥٢ چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە.
باسی لەوەشکردووە، لەو ماوەیەدا ١٢ ئەندامی رێکخراوەکەش کوژراون کە چواریان سەرکردەی مەترسیداری داعش بوون.
ئیسماعیل قائانی رەفتارەکانی ئەمریکا لە عێراق بە ناعەقڵانی ناودەبات و دەڵێت ئەگەر ئەمریکا لەو رەفتارانەی بەردەوام بێت، مقاوەمەی عێراقی بەشێوەیەکی جیاوازتر وەڵامی دەداتەوە.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە ساڵیادی کوژرانی یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکرد، ئێران دەستینەبووە لە ھێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس بۆسەر ئیسرائیل و ئەو ھێرشە بڕیاری خودی فەڵەستینییەکان بووە، جەختیش دەکاتەوە کە ھەوڵەکانی ئیسرئیل بۆ تێوەگلاندانی تاران لەو شەڕەدا بێ ئەنجامدەبن.
وتیشی، ئەگەر ئەمریکا لە رەفتارە "ناعەقڵانییەکانی لە عێراق بەردەوام بێت"، مقاوەمەی عێراقی تێبینیەکان وەلا دەنێت و بەڕێگەیەکی جیاوازتر وەڵامی واشنتۆن دەداتەوە.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەکی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ھەسەدە ھیچ پەیوەندییەکی بە ھێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر تورکیا نییە و ھیچ پەیوەندییەکی رێکخراویش لەنێوان ھەسەدە و پەکەکەدا نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە رێگری بکرێت لە فڕۆشتنی فڕۆکەی ئێف ١٦ بە تورکیا، چونکە ئەو وڵاتە لە دژی خەڵکی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا بەکاری دێنێتەوە، داواش لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەکات، رێگربێت لەوەی تورکیا فڕۆکەی ئێف ١٦ی ئەمریکی بەدەستبھێنێت.
فەرماندەی گشتی ھێزەکانی ھەسەدە جەختی لەوەشکردەوە، بەردەوام دەبن لە ئیدانەکردنی فرۆشتنی فرۆکەی ئێف ١٦ بە تورکیا، تاکو ئەوکاتەی گەرەنتییان نەدرێتێ ئەو فڕۆکانە دژی ئەوان بەکارناھێنرێن.
ناوەندیی رۆژنامەوانیی ھەسەدە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە تۆڵەی ھێرشەکانی تورکیا و گروپەکانی نزیک لە ئەنقەرە، چەند ئۆپراسیۆنێکیان لە چەند ناوچەیەکی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا دژی پێگەکانی تورکیا و گروپەکانی نزیک لێی ئەنجامداوە.
راشیگەیاند، لە میانی ئەو ئۆپراسیۆنانەدا دژی سەرباز و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، لە رۆژی ٢٧ی ئەم مانگەوە تا ٣٠ی مانگ، ١٤ سەرباز و ئەندامی ئەو گروپانە کوژراون، ١٠ ئەندامی تریش برینداربوون.
ھەفتەی رابردوو تورکیا ھێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چڕکردەوە و دەیان ناوچەی مەدەنی و شوێنی خزمەتگوزاریی بۆردومانکرد، بەھۆیانەوە ژمارەیەک مەدەنی گیانیانلەدەستدا، زیانی گەورەش بەر کەرتی پەروەردەو تەندروستی و ژێرخانی ئابووری رۆژئاوای کوردستان کەوتن.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویکردەوە، لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا ئیسرائیل ھێرشەکانی بۆسەر کەرتی غەززە چڕکردەوە و چەندین کەمپی ئاوارەکان و گەڕەک و ناوچەی بۆردومانکردووە کە بەھۆیانەوە ١٦٥ کەس کوژراون،٢٥٠ کەسی تریش برینداربوون.
راشیگەیاند، لە حەوتی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە کە ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە دەستیان پێکردووە، ٢١ ھەزار و ٦٧٢ کەس کوژران، ٥٦ ھەزار و ١٦٥ کەسیش برینداربوون، لەناو کوژراوەکانیش ٣١٢ کەسیان ئەندامی تیمە پزیشکییەکانن، ھەروەھا ٩٩ کادری پزیشکی ھێشتا لەلای ئیسرائیل دەستبەسەرن.
کەناڵی ١٢ ئیسرائیل رایگەیاند، بەپێی راپۆرتێکی نھێنی لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بە تۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس، حکومەت دەیەوێت بە سێ ھەنگاو رێکخراوی ئونرا لە غەززە دەربکات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێک لە ھەنگاوەکان کەمکردنەوەی چالاکیەکانی رێکخراوەکە دەبێت لە غەززە و دۆزینەوەی رێکخراوێکی ترە بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری بە ئاوارەکان و گواستنەوەی کارەکانی بۆ دەرەوەی غەززە.
پێشتر رێکخراوەکە رایگەیاندبوو، ھاوکارییان پێشکەشی پێنج ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار ئاوارەی فەڵەستینی کردووە.
یەکێک لە ئەرکەکانی رێکخراوەکە بڵاوکردنەوەی ژمارەی کوژرا و بریندارەکان و زیانە ماددەیەکانە لە غەززە.
لە ماوەی رابردوودا وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ئیسرائیل ڤیزای نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان نوێ ناکاتەوە بەھۆی ئەوەی پاڵپشتی لە فەڵەستینیەکان دەکەن.
جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەرەتای ساڵی داھاتووەوە ئەرکی مامۆستا ئاینییە بیانییەکانی، کە لە جەزائیر و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە ھاتوونەتە فەڕەنسا کۆتایی پێدەھێنرێت و مامۆستایانی ئاینی ناوخۆی فەڕەنسا جێگەیان دەگرنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی داھاتووەوە، ھاتنی مامۆستایانی ئاینی وڵاتانی دیکە بۆ فەڕەنسا دەوەستێندرێت، ھەروەھا لە مانگی نیسانی ساڵی داھاتووەوە، ناونیشانی مامۆستای ئاینیی ئەو مامۆستا ئاینییە بیانیانەشی لە خاکی فەڕەنسادا دەمێننەوە دەگۆڕێت بۆ ناونیشانێکی دیکە.
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارەکە جەختکردنەوەیە لە یاسا و بنەماکانی فەڕەنسا بۆ پشتبەستن بە مامۆستایانی ئاینیی ناوخۆ و بەرەوپێشبردنیان لە بوارەکانی خۆیاندا.
سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکان لە تورکیا ناسراو بە ئافاد، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، سەعات ٤:٢٦ خولەکی ئێوارەی رۆژی شەممە لە شاری خارپێت بومەلەرزەیەک روویداوە.
راشیگەیاند، بوومەلەرزەکە لە قوڵایی ٩.٣٦ کیلۆمەتری زەوی روویداوە، لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکەش عومەر تورامان پارێزگاری خارپێت رایگەیاند، زیانی نەبووەو ھیچ دۆخێکی نائاساییان پێنەگەیشتووە.
میدیاکانی کەرتی غەززە بڵاویانکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپا و تۆپخانەکانی ئیسرائیل کەمپی نەسیرات تایبەت بە ئاوارەکانیان لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە بە چڕی بۆردومانکردووە، بەپێی زانیارییەکانیش تائێستا زیاتر لە ٢٠ ھاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ٤٠ کەسی تریش برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەھۆی بۆردومانەکەی ئیسرائیلەوە چەند خانوویەکیش رووخاون و ژمارەیەک خەڵکی مەدەنیش تائێستا بێسەروشوێنن و کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی خانووە روخاوەکانەوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی رەوشی بارمتەکان کە لە لایەن بزوتنەوەی حەماسەوە لە کەرتی غەززە دەستبەسەرکراون رایگەیاند، وەک چۆن لەسەرەتاوە بەڵێنیان بە کەسوکار و خانەوادەی بارمتەکان داوە بۆ ئازادکردنیان، ئێستاش جارێکی تر بەڵێنەکەیان دووپاتدەکەنەوە کە لەھەواڵدان و لە کارکردن بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی سەرجەم بارمتەکان لە ژێر دەستی حەماس رزگار دەکەن.
وتیشی، لە ماوەی رابردوودا ھاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی (زوج وینشتاین) کە کەسێکی بەساڵاچوو بوو و وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکرابوو و وا بڵاوکرایەوە کە بە شێوەیەکی ئاسایی گیانیلەدەستداوە، بەڵام ئەمریکا بڕوا بەوە ناکات و پێی وایە ئەو ھاووڵاتییە ئەمریکییە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە کوژراوە.
ئاژانسی رەسمی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی ھەواڵگری وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا گرووپێک بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ھەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) دەستگیرکران و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیشدا دانیان بە تاوانەکەیاندا نا، لەلایەن دادگاوە بە سزای لەسێدارەدان حوکمدران.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان چوار ئەندامی ئەو گرووپە سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە و لەسێدارەدراون، کە پیلانیان ھەبووە چەندین کردەوە لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەنجامبدەن.