ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە کۆڕبەندی ڤاڵدای کە لە شاری سوچی بەڕێوەچوو رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و مۆسکۆ ستراتیژین و چەندین بەرژوەندی ھاوبەشیان ھەیە، لەسەرووی ھەمووشیانەوە کەرتی وزە و ئابووری، روسیاش ھەموو کاتێک کاری بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق کردووە، چونکە ئەو وڵاتە بە ھاوبەشێکی سەرەکی روسیا دەزانن.
وتیشی، لەچەند رۆژی داھاتوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دێتە روسیا و خۆشحاڵن بەو سەردانە و پێشوازی لێدەکەن و دەیانەوێت ھەردوولا گفوگۆ لەسەر زیاتر گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیان بکەن.
ئەوەش لەکاتێدا کە بڕیارە رۆژی ١٠ی ئەم مانگە سودانی سەردانی روسیا بکات و ماوەی دوو رۆژ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و لەگەڵ پوتنیش کۆدەبێتەوە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، شەھین ئەحمەدی دایکی ئارمیتا لە نەخۆشخانەی فەجری تاران لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
سەرچاوەیەک بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە، بە بەکارھێنانی توندوتیژی شەھین ئەحمەدی دەستگیرکراوە و تائێستا ھیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی مانەوەی نییە، بنەماڵەکەشی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە ھەڕەشەی لێکراوە کە خۆیان بەدووربگرن لە بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە.
رۆژی یەکشەممە، ھێزەکانی پۆلیسی رەوشت لە میترۆی شەھۆدا لە تاران ھێرشیانکردەسەر کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی ئارمیتا گەڕاوەند، کە خەڵکی کرماشانە و دانیشتووی تارانە بە بیانووی ئەوەی پابەندی باڵاپۆشی ، بە شێوەیەکی دڕندانە لێیاندا و لە ئێستادا لە ھۆش خۆی چووە و لە نەخۆشخانەی فەجر لە کۆمادایە، میدیاکانی سەر بەحکومەتیش ئەو ھەوڵانە بە درۆدەخەنەوە و دەڵێن پەستانی خوێنی دابەزیووە.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوز رایگەیاند، رازییە بەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی وەربگرێت و کاردەکات لەسەر یەکخستنی پارتی کۆمارییەکان کە لە ئێستادا دابەشبوون، تا ئەوکاتەی بڕیار دەدەن کێ ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
ترەمپ راشیگەیاند، ئەگەر بێتو کۆمارییەکان رێکنەکەون لەسەر کەسێک بۆ شوێنگرەوەی مکارتی، ئەوا لەوانەیە بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ یاخود ٦٠ بۆ ٩٠ رۆژ ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
رۆژی سێشەممە، کێڤن مکارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەدەنگی ئەندامانی پارتەکەی لە کۆمارییەکان، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەوەش یەکەمینجار بوو لە مێژووی ئەمریکا کە سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە لەسەر پۆستەکەی لاببرێت.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێک بڵاویکردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممە لە رێگەی ھێرشە ئاسمانییەکانەوە ٣٠ شوێنی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەلیان لە ناوچەکانی تەل رەفعەت و جیزری و دێریک لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج.
ھاوکات ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژائاوای کوردستانیش لە راگەیەندراوێک ئاشکرایکردووە، تورکیا لە حەسەکە و تەلتەمر و کۆبانێ و شەھبا و قامیشلو ٢١ ھێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە کە ١٠ پرۆژەی ژێرخان و ھەشت ناوچەی نیشتەجێبوونی کردووەتە ئامانج.
راشیگەیاند، بەھۆی ھێرشەکاتی تورکیاوە، ١١ کەس گیانیانلەدەستداوە کە پێنجیان ھاووڵاتی مەدەنی بوون و شەشیان ئەندامی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، ١٠ کەسی دیکەش برینداربوون کە ھەشت ھاووڵاتی مەدەنی و دوو ئەندامی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن.
چڕبوونەوەی ھێرش و بۆردومانەکانی تورکیا بە تایبەت بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، دوای لێدوانەکەی رۆژی چوارشەممەی ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دێن، کە رایگەیاند، لەمەودوا سەرجەم دامەزراوەکانی سەر بە پەکەکە لە عێراق و سوریا دەکەنە ئامانج.
لیۆنید تیمتشنکو، جێگری وەزیری ناوخۆی ئۆکراین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان ئۆکراین و روسیاوە لە وڵاتەکەدا، زیاتر لە ٢٦ ھەزار ئۆکراینی بێسەروشوێنبوون.
لای خۆشیەوە، ماریانا ریڤا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراین رایگەیاند، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووانی جەنگ دەستیپێکردوو، چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەی بێسەروشوێنبووان زیاتر بەرزببێتەوە.
ئاژانسی روسیا تودەی بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە نووسراوێک داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە، ئەرکی سوپای تورکیا لە ھەریەکە لە عێراق و سوریا بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژبکاتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی سێشەممەی داھاتوو پەرلەمانی تورکیا لەسەر داواکارییەکی سەرۆکایەتی کۆمار کۆدەبێتەوە و بڕیاری لەبارەوە دەدات.
کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ پەرلەمانی تورکیا لەسەر داوای ئەردۆغان بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سوریا درێژکردەوە.
چالاکییەکانی سوپای تورکیا لەم دواییانەدا لە سوریا و عێراق بە تایبەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و رۆژانە فڕۆکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، بە پاساوی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکە، ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بۆردوماندەکەن.
پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، واشنتن چەندینجار ھۆشداری داوە بە تورکیا کە لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە سوریا، ھەماھەنگییان لەگەڵدا بکات و بەبێ ھەماھەنگی ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانەدا ئەنجام نەدات کە ھێزەکانی ئەمریکای تێدایە.
باسی لەوەشکرد، کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە ھێزەکانیان لە سوریا نزیک بووەتەوە، بڕیاری خستنەخوارەوەی دراوە.
وتەبێژی پنتاگۆن وتیشی، سەبارەت بەو روداوەکەش وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ ھاوتە تورکییەکەی قسەی کردووە، دڵنیاشن کە تورکیا مەبەستی نەبووە ھێزەکانی ئەمریکا بکاتە ئامانج، لە ئەنجامی روداوەکانی چەند سەعاتی رابردوش ھیچ سەربازێکی ئەمریکی زیانی پێنەگەیشتووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، درۆنی تورکی سێ وێستگەی کارەبا، بەنداوێک و پێنج کڵێگەی نەوتی لە ھەرێمی جەزیرە بۆردومان کردووە، لە ئەنجامیشدا زیانێکی زۆر بە ژێرخانی شارەکان گەیشتووە.
راشیگەیاند، جگە لە کردنە ئامانجی پڕۆژەکانی ژێرخان، ژمارەیەک بنکەی مەدەنی و سەربازی سەر بە حکومەتی سوریاش لە حەسەکە بۆردومانکراون، ھەروەھا سێ گوندی ناحیەی شیراوەی سەربە عەفرین کراونەتە ئامانج.
دژی ھێرشەکانی تورکیاش لە شارەکانی حەسەکە، قامیشلۆ، دێرک و عامودا ھاوڵاتیان خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوایانکرد ھێرشەکان رابگیرێن و ناوچەی دژەفڕین بۆ رۆژئاوای کوردستان دروست بکرێت.
ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بە میدیای نزیک لە حیزبەکەی راگەیاندووە، ئامانجی بۆردومانەکانی تورکیا لەناوبردنی ژێرخانی رۆژئاوای کوردستانە و بەشێکە لە پیلانی جینۆسایدی گەلی کورد، جەختیش دەکاتەوە کە ئەوەی لە ئەنقەرە روویداوە، ھیچ پەیوەندییەکی بە رۆژئاوای کوردستانەوە نییە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی تورکیا لە باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدات تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و کاتی ئەوەیە ھاوپەیمانان لەسەری بێنەدەنگ، لە یەکەم ھەنگاویشدا پێویستە ناوچەی دژەفڕین لە رۆژئاوای کوردستان رابگەیەنن.
ھاوسەرۆکی پەیەدە دەڵێت، ئەو شێوازە بیرکردنەوەی دەوڵەتی تورکیا بۆ چارەسەری کێشەکان مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر ھەموو ناوچەکە.
وەزارەتی بەرگری کۆریای باکور بڵاویکردەوە، ئەمریکا گەورەترین ھەڕەشەیە بەھۆی ئەگەری بەکارھێنانی چەکی کۆکوژ لە جیھاندا، بە بەردەوامیش کاردەکەن بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو ھەڕەشەیە.
وتیشی، ئەمریکا ھەندێک وڵاتی بە ھەڕەشە ناوبردووە، بەڵام ئەو وەسفە بۆ خۆی گونجاوە، چونکە چەکی کۆکوژی ھەیە و پێشینەی ھەیە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی.
وەزارەتی بەرگری کۆریای باکور ئاماژەی بەوەشکرد، ھەڵوێستەکانی ئەمریکا قبوڵکراو نین، چونکە چەکی ستراتیژی دەنێرێتە نیمچە دوورگەی کۆریا لەنێویاندا ژێر دەریایی ئەتۆمی، بەوەش دەیەوێت ناوچەکە بکات بە خۆڵ.
وتیشی، ئەمریکا ھەمیشە ھەڕەشەی لەناوبردنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی کۆریا دەکات بۆ ئەوەی ھەژموونی خۆی بەسەر جیھاندا بسەپێنێت، ئەوەش پێویستی بە وەڵامدانەوەیە.
"مات گیتس" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆمارییەکان داواکارییەکی خستە دەنگدانەوە بۆ دوورخستنەوەی "کیڤن مکارتی" سەرۆکی ئەنجومەنەکە.
بەپێی دەنگدانەکە، ٢١٦ ئەندام دەنگیاندا بە دوورخستنەوەی "مکارتی" و ٢١٠ ئەندامی ئەنجومەنەکەش بە نەخێر بۆ دوورخستنەوەی دەنگیاندا.
دوای دەنگدانەکە دروستبوونی بۆشایی لەو پۆستەدا راگەیەندرا و "پاتریک ماکھنری" لە کۆمارییەکان وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی دیاریکرا.
دوورخستنەوەی مکارتی دوای ئەوەھات کە رۆژی شەممەی رابردوو کۆنگرێسی ئەمریکا بودجەیەکی کاتی بۆ بەردەوامبوونی خەرجییەکانی ئەمریکا و رێگریکردن لە داخستنی حکومەتی فیدراڵی پەسەندکرد بۆ ماوەی ٤٥ رۆژ، لەکاتێکدا زۆرێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان دژی ئەو ھەنگاوە بوون.
مکارتی سەربە پارتی کۆمارییەکانە و دوای دوورخستنەوەی رایگەیاند، ھەوڵەکانی مات گیتس بۆ دوورخستنەوەی بە ھۆکاری تایبەتی بووە و پەشیمان نییە لەسەر ھیچ بڕیارێک کە داوێتی، وتیشی بۆ ئەوە دروستبووە کە کێشەکان چارەسەربکات نەک کێشە دروستبکات و بە شانازییەوە پۆستەکەی بەجێدەھێڵێت.
"جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، ھەموو کات لەگەڵ کۆماری و دیموکراتەکان بە نیازپاکییەوە کاردەکات و گەلی ئەمریکاش پێویستی بە کەسێکە کە ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە ژیانیانەوە ھەیە بیکاتە لەپێشینە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیکردووە لە ئالینا رۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا پەیامێکی جۆ بایدنی، ئاڕاستەی د. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق کردووە و تیایدا پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی عێراق کردووە بە بۆنەی یادی ٩١ ساڵەی سەربەخۆیی عێراق.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، جۆ بایدن جەختیکردووەتەوە لەسەر کارکردنی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات و پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق و بەھێزکردنی دامەزراوەکان بۆ پشتیوانیکردنی گەلی عێراق.
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاندووە،ھەمیشە دەڕوانێتە پتەوکردنی کاری ھاوبەشی نێوان واشنتن و بەغداد و لە پێشینەی کارەکانیەتی، وتیشی، بۆ بەدیھێنانی جیھانێکی سەقامگیر و ئارام، پێویستە شەڕی دژی تیرۆرستان بەردەوامی ھەبێت.
ھاوکات، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەردەومدەبن لە بەھێزکردنی ئەو رێککەوتنە ھاوبەشەی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە، کاردەکەن بۆ ئەوەی پێکەوە روبەڕوی ئەو ئاستەنگیانە ببنەوە کە لە جیھاندا ھەیە.
ئاژانسی ھەواڵی سانای سەر بە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، درەنگانێکی شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکەکانی سوپای سوریایان لە دێرەزور بۆردومان کرد کە لە ئەنجامدا دوو سەربازی سوری بە سەختی برینداربوون و زیانی مادیش بە بنکە سەربازییەکان گەیشتووە.
بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی حکومەتی سوریا لە نزیک سنورەکانی ھەردوو وڵات و دیمەش بەردەوامی ھەیە و ئیسرائیل باوەڕیوایە ئەو بنکە سەربازیانەی بۆردومان دەکرێن، گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێرانی تێدایە و ھەوڵدەدەن ئاسایشی وڵاتەکەی تێکبدەن.
عەلی یەرلیکایان وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بە بەشداری ١٣ ھەزار و ٤٤٠ ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان، ٤٦٦ ئۆپراسیۆنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" لە سەرانسەری تورکیا جێبەجێکردووە.
لەلایەکی ترەوە ئاژانسی ئەنادۆڵی سەر بە حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئۆپراسیۆنەکە لە ١٨ پارێزگا بەڕێوەچووە و ناوەندی ئۆپراسیۆنەکەش شاری رۆھا بووە، تاکو ئەم بەیانییەش ٩٠ کەس بە تۆمەتی ئەندامیەتی پەکەکە دەستگیرکراون.
دەستپێکردنی ئەو ھەڵمەتەی ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی ئەم ھەفتەیە تەقینەوەیەک لە نزیک وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنقەرە روویدا و پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، سوپای ئێران بەیانیی ئەمڕۆ مانۆڕێکی تایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ناوچەی کەنداو و بەشێکی زۆر لە خاکی ئێران دەستپێکردووە و بڕیاروایە دوو رۆژ بخایەنێت.
دەشڵێت، لە مانۆڕەکەدا ژمارەیەکی زۆر و جۆری جیاوازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپا و بەکارھێنانیان لە رەوشی سەختدا تاقیدەکرێتەوە، ھەروەھا ھەڵسەنگاندن بۆ پڕۆسەی چاودێریکردن و دەستنیشانکردن و جەنگی ئەلیکترۆنی و ئەرکی جەنگیی دەکرێت.
بەپێی میدیای ئێران، لە میانی مانۆڕەکەدا سوپای ئێران جۆرێکی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نمایشکردووە، کە ناوی لێنراوە، "کەمان ١٩"، کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لە میانی ئەو مانۆڕەدا بە سەرکەوتوویی توانیوێتی جەنگی ئەلیکترۆنی بەڕێوەببات و کێشە لە سیستمی راداری بەرامبەر دروستبکات.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، رەزامەندیی لەسەر پێشنیازێکی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەربڕیووە کە داوایکردووە بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) و ئیمام جەعفەر سادق، بڕیاری لێبوردنی گشتی و سووککردنی سزا بۆ دوو ھەزار زیندانی دەربکرێت.
راشیگەیاند، بڕیارەکە دوو ھەزار و ٢٨٤ زیندانی دەگرێتەوە، کە ھەزار و ١٧ زیندانی ئازاددەکرێن و ھەزار و ٢٦٧ زیندانی تریش سزاکانیان سووک دەکرێت، ھەروەھا ٥٢ کەسیش سزای لەسێدارەدانیان ھەڵدەوەشێتەوە و سزاکەیان بۆ زیندانیکردن دەگۆڕێت.