بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی شارەزایان، نزیکەی ٦٠ ھەزار ناوەندی دەنگدان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بە رووی ھاووڵاتییاندا کراوەتەوە و تیایدا ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایان بە دەنگی ڕاستەوخۆ و شاراوەی ھاووڵاتییان ھەڵدەبژێرێن.

بۆ ھەڵبژاردنی خولی ١٢ھەمینی پەرلەمانی ئێران، نزیکەی ١٥ ھەزار و ٢٠٠ کاندید کێبڕکێی بەدەستھێنانی ٢٩٠ کورسی پەرلەمان دەکەن و کەمە ئاینییەکانیش لە پەرلەمان پێنج کورسییان ھەیە، ھەروەھا بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایان، ١٤٤ کاندید کێبڕکێی بەدەستھێنانی ٨٨ کورسی ئەو ئەنجومەنە دەکەن، کە بەرپرسە لە دیاریکردنی رابەری باڵا.

بەگشتی لە ھەڵبژاردنەکەدا، ژنان بەشدارییەکی کەمیان ھەیە و نزیکەی نیوەی دەنگدەران دەبن، ھاوکات، تەنھا ١٢٪ی کاندیدەکان پێکدەھێنن. 

ھەروەھا، بۆ ھەڵبژاردنەکە لە پارێزگاکانی رۆژھەڵاتی کوردستان زیاتر لە شەش ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە و نزیکەی ٦٠٠ کاندید کێبڕکێی بەدەستھێنانی ٢٩ کورسی پەرلەمان و ھەشت کورسی ئەنجومەنی شارەزایان دەکەن.