گۆڤاری "پۆلیتیکۆ"ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، نیگەرانە لە پلانەکەی ئیسرائیل بۆ ھێرشکردنە سەر ناوچەی رەفەحی غەززە و بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت، ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل مەرجداربکات بە کشانەوەی ئەو وڵاتە لەو ھێرشە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بایدن زیادبوونی قوربانییە مەدەنییەکانی غەززە بە ھێڵی سوور ناودەبات و  پێیوایە، ئەمریکا دەتوانێت بە ھاوکارییە سەربازییەکانی فشار بۆ سەر ئیسرائیل دروستبکات، لە ھێرشکردنە سەر رەفەح پاشگەزببێتەوە.


ھاوکات، ئۆلیڤیا داڵتۆن، جێگری سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا مەرجدارکردنی ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل بە رێگەیەکی کاریگەر دەبینێت بۆ پاراستنی رەفەح لە ھێرشی ئیسرائیل و جگەلەوەش چەندین رێگەی دیپلۆماسی بۆ ئەو مەبەستە تاقیکردووەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئیسرائیل بە نیازە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی فراوان بۆ سەر ناوچەی رەفەحی غەززە دەستپێبکات، کە زیاتر لە ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاوارەی شەڕی غەززەی تیادا نیشتەجێیە.