ناوەندی ھەماھەنگی گەڕان و رزگارکردنی قوبروس رایگەیاندووە، لە کەناراوەکانی کابو گریکۆ ٤٥ کۆچبەری نایاسایی رزگارکراون کە ٢٩ پیاو و ١١ منداڵ و ٥ ژن بوون.
ھاوکات پۆلیسی قوبروس ئاماژەی بەوەکردووە، کۆچبەرەکان بە سەلامەتی گەیەنراونەتە ناوەندێکی کۆچبەران لە دەوروبەری بیقۆسیای پایتەخت.
راشگەیاندووە، کۆچی نایاسایی لە رێگەی بەلەمەوە لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەراود بە ھەمان وادە لە ساڵی رابردوودا لە ٦٠% زیادیکردووە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست دەزگا ھەواڵگیرییەکانی ئۆکراین کەوتووە، روسیا پلانی ھەیە ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا ئەنجامبدات.
ئەوەشی خستەڕوو، روسیا ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ ھێرشەکە کردووە و لەئێستاشدا ھەڵسەنگاندن بۆ سیناریۆی ھێرشەکە دەکات.
سەرۆکی ئۆکراین وتیشی، نابێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رێگەبدرێت رووداوێکی دیکەی ھاوشێوەی تەقاندنەوەی بەنداوی کاخۆڤکا رووبداتەوە.
ھاوکات، لەبەرامبەردا سکرتێری رۆژنامەوانی سەرۆکی روسیا دیمیتری پێسکۆڤ ئەو بانگەشەی سەرۆکی ئۆکراینی رەتکردەوە و سەرجەمیانی بەبێ بنەما ناوبرد.
حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لەمیانەی سەردانە دوو رۆژییەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو، کە رێکەوتی ٢٠ی حوزەیران ئەنجامیدا، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە گفتوگۆیان سەبارەت بە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، گەشتوگوزار، کلتور و زانست و تەکنەلۆجیا کردووە و لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو ھەڵدراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ ھەریەک لە وڵاتانی کەنداو بەشێوەیەکی جددی کار لەسەر پەیوەندییەکانیان دەکەن و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا ھەواڵی خۆشیان بۆ گەلی ئێران و گەلی وڵاتانی کەنداو دەبێت.
سلڤاکیر میاردیت، سەرۆکی باشوری سودان رایگەیاند، بڕیاریداوە سنورەکان دابخرێن تا رەوشی سودان کاریگەریی زیاتر نەکات سەر وڵاتەکەیان، ئەوەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەو لێشاوی کۆچە دەبێت کە سوودانییەکان روو لە باشووری سودان دەکەن.
لە لایەکی ترەوە، دانیشتوانی شاری کادوگلی باشووری خۆرئاوای سودان، دەستیان بە ھەڵھاتن کردووە و مەترسی لەسەر چۆڵبوونی شارەکە ھەیە.
ھاوکات لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکانیان لەگەڵ سودان بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگ راگرتووە، چونکە بەو شێوازەی ئێستا ھیچ ھەوڵێکیان سەرکەوتوو نابێت.
لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵەوە، شەڕ و پێکدان لەنێوان سوپا و ھێزی وەڵامدانەوەی خێرا لە سودان دەستیپێکردەوە، کە بەھۆیەوە تائێستا زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس ئاوارەبوون و تا دێت ئەو ژمارەیەش زیاتر دەبێت.
ئۆڵاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە وتارێکیدا ئاماژەی بەوەدا، داوای لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە، ئەندامێتی سوید لە ھاوپەیمانی ناتۆ پەسەندبکات، بەڵام سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بەردەوامە لە رەتکردنەوەی ئەو وڵاتە لە ھاوپەیمانێتییەکە.
وتیشی، پێویستە تورکیا و ھەنگاریا دژایەتیکردنی ئەندامێتی سوید لە ھاوپەیمانی ناتۆ کۆتایی پێبھێنن و پێش کۆبوونەوەی ڤیلنیوسی لیتوانیا، سوید وەک ئەندامی ھاوپەیمانی ناتۆ پەسەندبکرێت.
بڕیارە رۆژانی ١١ و ١٢ی مانگی تەممووز، کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە ڤیلنیوسی لیتوانیا ئەنجام بدرێت و ژمارەیەکی زۆریش لە وڵاتانی ناو ھاوپەیمانێتییەکە فشارەکانیان بۆ سەر تورکیا چڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی پێش کۆبوونەوەکە ئەندامێتی سوید لە ھاوپەیمانی ناتۆ پەسەندبکات.
بنیامین نتنیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئیسرائیل ترسی لەو ھاوکارییە سەربازییانە ھەیە، کە لە وڵاتانی رۆژئاواوە رەوانەی ئۆکراین دەکرێن، لە داھاتوودا بگاتە دەستی ئێران و لە دژی ئیسرائیل بەکاربھێندرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێکی زۆر لە ھاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا گەیەندراوەتە ئۆکراین، لەنێویاندا دژە تانکەکان لەسەر سنوری ئیسرائیل لەلایەن فڕۆکە سەربازییەکانەوە بیندراون و ئەوەش مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە دروستکردووە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی رۆژنامەوانی فەڕەنسی بڵاویکردووەتەوە، ئەندامانی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا، جۆبایدن تۆمەتبار دەکەن بە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و کەمتەرخەمی لە کارەکانیدا و ھەروەھا بە بەرپرسیاری دەزانن بەرامبەر بە لەشکرکێشی بۆ سنورەکانی نێوان ئەمریکا و مەکسیک بە کاریگەریی سیاسەتی کۆچ کە بەو پێیە ئاسایشی ئەمریکای خستووەتە مەترسییەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەئێستادا کۆمارییەکان لە کۆنگرێس لێکۆڵینەوەیان لەسەر دۆسیەکە دەستپێکردووە کە بە دوور نازانرێت بایدنی لەسەر دوور بخرێتەوە.
بە پێی دەستووری ئەمریکا، کۆنگرێس دەتوانێت سەرۆک گۆشەگیربکات، ئەگەر تۆمەتی ناپاکی و گەندەڵی و تاوانی گەورەی روبەرو بکرێتەوە.
یەڤگینی بریگوجین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر لە پەیامێکی دەنگیدا لە تیلیگرام رایگەیاند، سوپای روسیا بنکەی ھێزەکانیانی مووشەکبارانکردووەو ژمارەیەکی زۆری چەکداری کوژراون.
وتیشی، ھێرشەکە بە فەرمانی سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری ئەنجامدراوەو دەبێت رابگیرێت ،داواشی لە سوپای روسیا کرد بەرەنگاری ھێزەکانی نەبنەوە.
فەرماندەی گروپی ڤاگنەر راشیگەیاندوە، ژمارەی چەکدارانی گروپەکەی دەگاتە ٢٥٠ ھەزار کەس و داوای لە ھاووڵاتیانی روسیاکرد پەیوەندی بە ریزەکانیانەوەبکەن، ھاوکات رەتیکردەوە پلانی ئەنجامدانی کودەتای ھەبێت.
لەبەرامبەریشدا وەزارەتی بەرگری روسیا تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
ھەروەھا ئاژانسی تاسی روسی بڵاویکردەوە، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر بانگەشە بۆ یاخیبون دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی لەدژی فەرماندەی گروپی واگنەر کردەوەو داوای لێکرد رەفتارە نایاساییەکانی رابگرێت.
ھاوکات کۆشکی کرملین بڵاویکردەوە، رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و پوتن ئاگاداری پێشھاتەکانە سەبارەت بە گروپی واگنەر.
گروپی واگنەر سیستمێکی روسیی نیچمە سەربازییەو لەلایەن حکومەتی روسیاوە لە ململانێ سەربازییەکاندا بەکاردەھێنرێت، واگنەر رۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی ئۆکراین ھەیە و زۆرینەی ئەو پێشڕەوییانەی روسیا لە خاکی ئۆکرایندا کردوویەتی لە لایەن گروپی ڤاگنەرەوە بووە.
بانکی ناوەندی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانج لەبەرزکردنەوەی نرخی سود توندکردنی سیاسەتی نەختینەیە لە پێناو دابەزاندنی قەبارەی ھەڵئاوسان بەزووترین کات.
دوای بڕیارەکەش بەھای لیرە دابەزینێکی مێژوویی تۆمارکردوو بەرێژەی ٢.٥٪ لەبەرامبەر دۆلار پاشەکشەی کرد، بەھای دۆلارێکی ئەمریکی ٢٤ لیرەی تورکیی تێپەڕاند.
بڕیارە چاوەڕواننەکراوەکەی بانکی ناوەندی تورکیا بێ ھیوایی لای وەبەرھێنەران دروستکردووە، ئەوان بەھیوابوون حکومەتی نوێ کار بۆ دابەزاندنی رێژەی سود بکات نەک بەرزتری بکاتەوە.
دادگای شاری کۆبلێنز لە خۆرئاوای ئەڵمانیا، ژنێکی ئەڵمانی تۆمەتبارکرد بە کۆیلەکردنی ژنێکی ئێزدی، ئەو کاتەی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سوریا کاری کردووە، بەوەش سزای زیندانی نۆ ساڵ و سێ مانگی بەسەردا سەپێندرا.
دادگاکە رایگەیاندووە، ئەو ژنە ئەڵمانییە تەمەنی ٣٧ ساڵە و بۆ ماوەی سێ ساڵ بە خراپی لەگەڵ ئەو ژنە ئێزدییە عێراقییە مامەڵەی کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە رفێندرابوو، رێگەی بە مێردەکەشی داوە دەستدرێژی بکاتە سەری، بەبێ ئەوەی رێگری لێبکات.
ئەو ژنە ئەڵمانیە ساڵی ٢٠١٤ چووەتە پاڵ ھاوسەرەکەی و پەیوەندیکردووە بە ریزی تیرۆریستانی داعشەوە لە سوریا، ساڵی دواتریش چووەتە شاری موسڵ لە عێراق و دواتر ئەو ژنە لە کەمپێکی باکوری خۆرھەڵاتی سوریا دەستگیرکرا و لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢ گەڕێندراوەتەوە ئەڵمانیا.
ئەنتۆنیو گوتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی کۆنسەی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەھۆی ئەو قەیرانانەی لە جیھاندا سەریانھەڵداوە کە دیارترینیان قەیرانی ئاسایشی خۆراک و برسێتییە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەرانسەری جیھان پێویستیان بە ھاوکاری مرۆییە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی ٣٠٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٦٠ ملیۆن کەس.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھۆکاری بەشێکی زۆری ئەو قەیرانانەی لە جیھاندا دێنە ئاراوە، لێکەوتەی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە تاکو ئێستا چارەسەرنەکراون، بە تایبەتی ئەو قەیرانانەی بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەنگی روسیا و ئۆکراین دروستبوون.
سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی، دروستبوونی بەردەوامی قەیرانی نوێ لە جیھاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھەوڵێکی جددی ھاوبەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نییە بۆ چارەسەرکردن و بنەبڕکردنی قەیرانەکانی پێشتر سەریانھەڵداوە.
پێگەی ئکسیۆس_ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەم ھەفتەیە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگ لەسەر دوو بڕیار دەدات، یەکەمیان بۆ گۆشەگیرکردنی بایدن، دووەمیش بۆ دانانی چاودێرییە لەسەر ئادەم شێف ئەندامی دیموکراتەکان.
ئەو پێگەیە ئەوەشی روونکردووەتەوە، لورین بویبرت ئەندامی کۆمارییەکان داواکاری پێشکەشکردووە بۆ دەنگدان لەسەر گۆشەگیرکردنی بایدن، تۆمەتباریکردووە بە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و کەمتەرخەمی لە کارەکانیدا، بە تایبەت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ قەیرانی سنوری نێوان ئەمریکا و مەکسیک.
"بایدن" لە ئاھەنگێکی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ دیموکراتەکان ،"شی جین پینگ" سەرۆکی چینی بە دیکتاتۆر وەسف کرد. وتیشی، رووداوی خستنەخوارەوەی باڵۆنەکەی چین لە مانگی شوباتی رابردوودا، بۆ سیخوڕی بووە و ئەوەش چینی توڕەکردووە، کە دوو سندوقی پڕ لە کەلوپەلی تایبەت بە سیخوڕیی تێدا بووە.
"بایدن" لە مەترسی و ھەڕەشەکانی چینی کەمکردەوە و رایگەیاند، ئەو وڵاتە روبەڕوی ئاستەنگی ئابوری راستەقینە بووەتەوە.
ئەو قسانەی "بایدن" یەک رۆژ دوای کۆتاییھاتنی سەردانەکەی "ئەنتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پەکین دێت، لەپێناو کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و چین.
ئاژانسی رەسمی یۆنان "ئامنا" بڵاویکردەوە، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان تەرمی کۆچبەرێکی دیکەیان لە دووری ٤٧ میلەوە دۆزیوەتەوە، بەوەش کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەی لە بەلەمەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بۆ ٨٢ کەس بەرزبووەوە. تائێستاش ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی رزگارکراون، لە ١٠٤ کەس جێگیربووە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بەلەمێکی ماسیگرتن بە ٧٥٠ کۆچبەری نایاساییەوە لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت، بەڵام لە نزیک دوورگەی مورا لە یۆنان ژێرئاوکەوت.
کۆچبەرەرزگاربووەکانیش پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان تۆمەتباردەکەن بەو کارەساتە و دەڵێن بەجێیانھێشتوون.
دیمیتری پیسکۆف وتەبێژی کۆشکی کریملن، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا پابەندی رێککەوتنی دانەوێڵە نین، کە بە نێوەندگیری تورکیا و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ھاوردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین لە رێگەی دەریای رەشەوە لەنێوان روسیا و ئۆکراین ئەنجامدراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی پابەندنەبوونی وڵاتانی ڕۆژئاواوە، لەئێستادا روسیا کار لەسەر کشانەوەی لە ڕێککەوتنەکە دەکات، ئەوەش قوڵبوونەوەی قەیرانی خۆراکی لە جیھان لێدەکەوێتەوە.
یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ناو پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، لەگەڵ عێراق سنوورێکی دورودرێژمان ھەیە و پێویستە ھێزەکانی پاسەوانی سنوری ھەردوولا زیاتر چاوکراوەبن بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ھەردوو وڵات، رێگە نەدەن لە خاکی ھیچ وڵاتێکیانەوە مەترسی لەسەر وڵاتەکەی تر دروست ببێت.
وتیشی، لە ئێستادا پەیوەندی و ھەماھەنگی تەواویان لەگەڵ حکومەتی عێراق ھەیە بە مەبەستی زیاتر پاراستنی سنورەکانی نێوانیان و ئاسایش، ئارامی یەکتر و ھەردوولاش مافێکی یاسایی خۆیانە رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببنەوە کە ھەڕەشە لە وڵاتەکانیان دەکەن.