بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ لە شاری دێلۆڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام، خەڵکێکی زۆر لەبەردەم بینای قائیمقامیەت گردبوونەوە و داوای ئازادیی بێمەرجی چوار بەندکراوی ئەو شارەیان بە ناوەکانی عەزیم یادگاری، حسێن باپیروەند، فەرشاد و سەعدوڵا ئایینی کردووە کە لە زیندانی ئیلام مانیان لەخواردن گرتووە.
ئەو چوار کەسە بە تۆمەتی بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردوو دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستگیرکراون و دوو رۆژ لەمەوبەر بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژی پشتگوێخستنی دۆسیەکەیان و درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنیان بۆ دوو مانگی دیکە لە زیندانی ئیلام، مانیان لەخواردن گرت.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردووە، بەرەبەیانی رۆژی ١٧ـی نیسان عەبدولھادی حاج عەلی، یەکێک لە سەرکردەکانی داعش لە سوریا و پلاندانەری ھێرشەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپای رێکخراوەکە، لە ھێرشێکی ئاسمانی ھێزەکانیاندا کوژراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئەو سەرکردەیەی داعش لە ھێرشێکدا لە باکوری سوریا کراوەتە ئامانج و دوو چەکداری دیکەی رێکخراوەکەش کوژراون.
لای خۆیەوە کۆلۆنێل جوپۆتشینۆ وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، داعش ھەموو کاتێک ھەوڵدەدات سنوری ھێرشەکانی بۆ دەرەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکات، بۆیە پابەند دەبەن بە لەناوبردنی ھەمیشەیی رێکخراوەکە.
ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە وتارێکدا و لە رۆژی بەرزڕاگرتنی یادی سوپای وڵاتەکەی رایگەیاند، سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ئێران رۆڵی بەرچاویان لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بینیوە و پەیامیان ئەوەیە کە ھێزە دەرەکییەکان و بەتایبەتیش ھێزەکانی ئەمریکا، بەزووترین کات ناوچەکە جێبھێڵن، چونکە ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی خۆیشیان و ئاسایشی ناوچەکەدایە.
رەئیسی ھۆشداریشیدایە ئیسرائیل و رایگەیاند، ئەگەر دوژمنانیان و بەتایبەتیش ئیسرائیل بچوکترین ھەڵە بەرامبەر ئێران ئەنجام بدەن، بەتوندترین شێوە لەلایەن ھێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە وەڵام دەدرێنەوە و دەبێتەھۆی لەناوچوونی حەیفا و تەلئەبیب.
بەپێی پڕۆژەکەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا، قەیرانی سوریا دوای بزوتنەوەی جەماوەری شۆڕشگیڕی ساڵی ٢٠١١ لە ئەنجامی کەڵەکەبوون و دوورخستنەوە و پەراوێزخستن دەستیپێکرد، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوانزە ساڵ ھێشتا بەردەوامە و تا ئێستا ھیچ چارەسەرێکی کردەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو کێشانەی کە سوریا تووشی دەبێت، تەنیا لە چوارچێوەی یەکگرتوویی وڵاتدا چارەسەر دەکرێن، لە پێناو گەیشتن بە چارەسەریش ئامادەیی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی سوریا و دیالۆگ لەگەڵ ھەموو لایەنەکانی سوریا بۆ خستنەڕووی دەستپێشخەرییەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا.
خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا دەشڵێت، نەبوونی سیاسەتی دیموکراسی و کۆمەڵایەتی و دانپێدانەنان بە تایبەتمەندی پێکھاتەکانی سوریا و مافەکانیان بنەمای قەیرانی سوریایە و پێویستە چارەسەرێکی دیموکراسی بۆ بدۆزرێتەوە کە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا تێیدا بەشداربن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لەبارەی ھەڕەشەکەی چین بۆ دەستبەرداربوون لە مامەڵەکردن بە دۆلار ھۆشداریدا و رایگەیاند، دۆلاری ئەمریکی دراوێکی سەرەکی یەدەگی جیھانییە و لە سەرتاسەری وڵاتانی جیھانیش بەکاردەھێنرێت، بەڵام سیاسەتی ئێستای ئیدارەی کۆشکی سپی دەبێتە ھۆی ئەوەی لە داھاتوویەکی نزیکدا دۆلاری ئەمریکی پێگە جیھانییەکەی لە دەستبدات.
وتیشی، ھەڕەشەکەی چین سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، دەستبەرداربوونی چین لە دۆلار وەک ئەوەیە ئەمریکا جەنگێکی جیھانی بدۆڕێنێت.بۆئەوەی دەستبەرداری مامەڵەکردن بە دۆلار دەبێت و دراوی تر لە مامەڵە و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانیدا بەکاردەھێنێت، کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئابوری ئەمریکا و وەک ئەوەیە ئەمریکا جەنگێکی گەورەی جیھانی بدۆڕێنێت.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا، داوا لە ھەموو لایەنەکانی سودان دەکات دەستبەجێ شەڕ و پێکدادانەکان رابگرن و بەردەوام بن لە ھەوڵەکانیان بۆ گێڕانەوەی وڵات بۆ سەر رێڕەوی دیموکراسی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دۆخی مرۆیی لە سودان بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار دەڕوات و نیگەرانی ئەوەیە کارەساتی مرۆیی بەھۆی بەردەوامی گرژییەکان دروستببێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە راگەیەنراوێکی ھاوبەشدا داوای راگرتنی پێکدادانەکان لە ھەردوو لایەنی ناکۆکی سودان و دەستپێکردنەوەی دانوستان دەکەن.
ھەردوولا ئاماژەیان بەوەشکردووە، گەلی سودان دەیەوێت سوپا بگەڕێتەوە سەربازگەکان و دیموکراسییەت و حکومەتێکی مەدەنی وڵات بەڕێوەبەرێت، بۆیە دەبێت سودان بۆ ئەو قۆناغە بگەڕێتەوە.
پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە" رایگەیاند، ھەڵبژاردنی ١٤ی ئایار کە بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمارە، دەبێتە گۆڕانکاری و وەرچەرخان بۆ سەرەتایەکی نوێ بۆ داھاتووی تورکیا.
وتیشی، ھەڵبژاردن لەنێوان دیموکراسی و شەڕ و ئاشتی و دادپەروەری و نادادییە، ٢١ ساڵە ھەموو جۆرە نادادییەک ئەنجامدەدرێت، گرتووخانەکان پڕن لە سیاسەتمەدار و ئاشتیخواز و ئەکادیمییەکان، زیندانەکان پڕن لە ھاوسەرۆکانی شارەوانییەکان، لە ١٤ی ئایار لێپێجینەوە لە ھەموو ئەوانە دەکەن.
راشیگەیاند، لە ھەڵبژاردن بێجگە لە پارتی چەپ دەنگ بە ھەر لایەنێکی دیکە بدرێت سود بە ئاکەپە دەبەخشێت.
میدیاکانی ئەوروپا بڵاویانکردەوە، ھەرچەندە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریداوە بە رەسمی سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام تائێستا ھیچ وڵاتێکی ئەوروپا نایەوێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات و داواش دەکەن دادگا نێودەوڵەتییەکان بە بەڵگەی رەسمی بڕیاری لەو جۆرە بدەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای نامەکەی ١٣٠ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ جۆ بایدن سەرۆکی وڵاتەکەیان، لەبارەی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران، واشنتۆن فشارێکی زۆری لەسەر وڵاتانی ئەوروپا دروستکردووە بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بخەنە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام تائێستا وڵاتانی ئەوروپا ملکەچی ئەو فشارانەی ئەمریکا نەبوون.
بەپێی روانگەی فەلەکی بەریتانیا، لە کۆتایی ئەم ھەفتەدا دیاردەی خۆرگیران روودەدات، بەڵام خۆرگیرانی ئەمجارە جیاوازتر دەردەکەوێت، لەو کاتەی کە مانگ خۆر دادەپۆشێت سێبەری مانگەکە لەگەڵ جوڵەی زەویدا شێوەی خۆی دەگۆرێت، بۆیە لە ھەندێک شوێن بە دیاردەی خۆرگیرانی تەواوەتی و لە ھەندێک شوێنی تر بە دیاردەی خۆرگیرانی نیمچەیی دەردەکەوێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دیاردەیە لەو وڵاتانە دەبینرێت کە کەوتونەتە سەر ھێڵی ئیستوا و نیوەی باشوری گۆی زەوی واتە لە ناوچەکانی باشوری رۆژھەڵاتی ئاسیا و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئەوروپی. ئەو دیاردە جیاوازە لە ١٠ ساڵ جارێکدا روودەدات لە ساڵی ٢٠١٣ رویداوە و ئەمسالێش روودەدات و تا ساڵی ٢٠٣١ رووناداتەوە.
بەپێی ئاژانسەکانی ھەواڵ، پێکدادانەکان لە نزیک بنکەیەکی سەربازی لە باشوری خەرتووم و نزیک فڕۆکەخانە و باکوری شارەکە روویانداوە.
ھێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، سوپای سودان بەچەکی قورس و سوک ھێرشی کردووەتە سەریان.
لەگەڵ بەردەوامی شەڕ و پێکدادان، سەرجەم پردەکانی خەرتوم داخران و ھێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەی پێکراوە، ھەروەھا تانک و زرێپۆش بەرەو شوێنی پێکدادانەکان جوڵێنران.
سوپا ھەروەھا بە تانک و زرێپۆش ڕێگاکانی بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی لە ناوەڕاستی خەرتوم داخست.
ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ماکرۆن یاسای چاکسازی لە سیستمی خانەنشیندا ئیمزا کردووە، کە تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٤ ساڵ زیاد کراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تا بەر لە ھەموراکردنەکە تەمەنی خانەشینی لەو وڵاتەدا ٦٢ ساڵ بووە.
بڕیاری گۆرانکاری لە سیستمی خانەنشینی، شەپۆلێکی فراوانی نارەزایی جەماوەری لەو وڵاتەدا بەدوای خۆیدا ھێنا و زیاتر لە یەک ملیۆن ھاووڵاتی رژانە سەر شەقامەکان و رووبەرووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزەکانی پۆلیسدا روویدا.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، لە زاری فەرمانگەی گەشتوگوزاری وڵاتەکەیەوە بڵاویکردووەتەوە، جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی ناو رێککەوتنەی نێوان تاران و ریاز دەستیپێکردووە و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی نێوان حەسەن زرنگار ئیبرقویی سەرۆکی وەفدی باڵای ئێران و عەبدولمەجید بن راشد بریکاری وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، باسیان لە کردنەوەی نوێنەرایەتییەکانی ھەردوو وڵات لە ئێران و سعودیە کردووە.
ئاماژە بەوەشکردووە، بەپێی رێکارەکان و زیاترکردنی کارئاسانییەکان، بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا نوێنەرانیەتییەکانی ئێران و سعودیە لە ھەردوو وڵات بکرێنەوە و راستەوخۆش دوای ئەو ھەنگاوە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەسپێدەکاتەوە.
فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەمانگی سێی رابردوودا لە ئەنجامی دوو ھێرشدا کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە لە سوریا ئەنجامدران، ٢٣ سەربازی ئەمریکا تووشی شڵەقانی مێشک بوون، لەئێستاشدا دوای پشکنین و لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ١١ سەربازی تریش تووشی ھەمان حاڵەت بوون.
لە ساڵی ٢٠٢٠یش بەھۆی ھێرشێکی مووشەکیی ئێرانەوە کە کرایە سەربنکەیەکی سەربازیی ھێزەکانی ئەمریکا، زیاتر لە ١٠٠ سەربازی ئەمریکا تووشی شڵەقانی مێشک بوون.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، دەزانن ئەو ھێرشەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی کرایەسەر ئەوان و یاوەرە ئەمریکییەکانیان، لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە، چونکە تورکیا چەندینجار ھەڕەشەی لێکردووە و ھەوڵی تیرۆرکردنیانداوە، لە ئێستاشدا ھەسەدە و ئەمریکا و عێراق لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکە دەکەن و دوای تەواوبوونی ئەنجامەکانی بۆ رای گشتی بڵاو دەکەنەوە.
لەبارەی تورکیاوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو وڵاتە خاکی رۆژئاوای کوردستانی داگیرکردووە و خەڵکی عەفرین و سەرێ کانێ و گرێ سپی ناچار کردووە ناوچەکانیان جێبھێڵن، بەڵام ئەگەر کۆتایی بە داگیرکارییەکانی و گۆڕینی دیمۆگرافیا بھێنێت و ھێرشەکانی رابگرێت، ئامادەن دانوستانی لەگەڵدا بکەن.
مەزڵوم کۆبانێ لەبارەی داعشەوە وتی، مەترسییەکانی ئەو گرووپە ھێشتا بەردەوامە و چالاکیی زۆرە و لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریا و ناوچەکانی تر بە ئاسانی جموجوڵیان ھەیە.
ئۆپیک ئاماژەی بەوەداوە، لە مانگی ئاداردا بەرھەمی نەوت تێکڕا رۆژانە ٨٦ ھەزار بەرمیل کەمیکردوە و دابەزیوە بۆ ٢٨ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار بەرمیل.
رونیشیکردووەتەوە، ئەگەر پێشبینییەکانی مانگی شوبات بۆ گەشەی خواستی جیھانی لەسەر نەوت بۆ ساڵی ٢٠٢٣ گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت رۆژانە خواست لەسەر نەوت دوو ملیۆن و ٣٢٠ ھەزار بەرمیل زیاد دەکات.
وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت کە بە ئۆپیک پڵەس ناسراوە، لە دووی نیساندا بە شێوەیەکی لەناکاو بڕیاریاندا بڕی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ مانگی ئایار کەمبکەنەوە، ئەوەش نرخی نەوتی لە بازاڕەکانی جیھاندا لە ٨٠ دۆلارەوە بۆ ٨٧ دۆلار بەرزکردەوە.
سەبارەت بە پێشبینییەکانیش بۆ ھاوینی داھاتوو، رێکخراوی ئۆپیک رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی ئاسایی خواستی وەرزی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوانەیە بکەوێتە ژێر کاریگەری ھەر لاوازییەکی ئابوری بەھۆی بەرزکردنەوەی سودی بانکی ، بەڵام داواکاری چین لەسەر نەوتی خاو دوای کەمکردنەوەی بەرھەمیش رانەوەستاوە.
جەنگیز چاندار، لەسەردەمی تورکۆت ئۆزال راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بووە، پشتگیری لە دۆزی کورد کردووە، رۆڵی سەرەکی ھەبووە لە ناساندنی پرسی کورد لە تورکیا، ھەروەھا حەسەن جەمال زیاتر لە ٥٠ ساڵە ڕۆژنامەنووسە کتێبێکی بەناوبانگی لەسەر کوردەکانی باکور نوسیوە بەناوی لە ئامانەتی ئاشتیدابن.